ئەدەب و کەلتور

چەند نموونه‌یەکی جێگه‌ى سه‌رنجى خێزانى كورده‌وارى!

محەممەد عەلی قەرەداغی

له‌مێژوودا گه‌لێ داستان‌و به‌سه‌رهاتى ئه‌وینداریى به‌سۆز هه‌یه‌ كه‌ به‌سه‌رهاتى دوو ئه‌وینداریان تێدایه،‌ ئه‌نجام – له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بووه‌ – به‌یه‌ك نه‌گه‌یشتوون‌و تراجیدیایه‌كى سه‌خت‌و دڵته‌زێن‌و هه‌میشه‌ زیندوو له‌ئه‌نجامى ئه‌و به‌ یه‌كنه‌گه‌یشتنانه‌دا روویداوه ‌و چیناوچین‌و ده‌ماوده‌م ده‌گێڕرێته‌وه‌.

به‌ڵام سۆزى دوو ئه‌ویندارى به‌یه‌كگه‌یشتوو كه‌تا دوا دوایى ژیانیان ئه‌و خۆشه‌ویستى‌و ئه‌ویندارییه‌ هه‌ر مابێته‌وه‌و مانه‌وه‌كه‌شى له‌دیمه‌نێكى سه‌رسوڕهێنه‌ردا، ده‌كرێ به‌جۆرێكى دى له‌تراجیدیاى ئه‌وین ناو ببرێت.

مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دى نه‌زیرى بۆى گێڕامه‌وه‌:

له‌ناوچه‌ى ژاوه‌رۆ گوندێك هه‌یه‌ به‌ناوى (چه‌شمیده‌ر) له‌م گونده‌دا ژن‌و مێردێك هه‌بوو كه بە دڵ و‌ دڵخوازیى به‌یه‌ك گه‌یشتوون، به‌ڵام چ دڵ و دڵخوازییه‌ك؟

پیاوه‌كه‌ ناوى خه‌لیفه‌ محه‌مه‌د بووه‌، ژنه‌كه‌ى ناوى (خه‌جیجه‌ خانم)، ئه‌وینى ئه‌م دووانه‌ نه‌ سه‌ختیى ژیان‌و نه‌ بوونى منداڵ ‌و په‌روه‌رده‌كردنیان كارى تێنه‌كردووه‌و، ئه‌و ئه‌وینه‌ به‌سۆزو كوڵه‌ له‌ دیمه‌نێكدا ماوه‌ته‌وه‌، جێگه‌ى سه‌رسوڕمانى ئه‌وانه‌ بووه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگایان لێیان بووه‌.

ئه‌م پیاوه‌ زه‌وى‌و زارێكى بووه‌ لای خوارووى ئاواییه‌وه‌، كه‌ بچى بۆ مه‌زراكه‌ى به‌ره‌وخوار دوو سه‌عات رێگه‌ بووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڕانه‌وه‌دا به‌هۆى ئه‌وه‌وه‌ به‌ره‌و ژووركه‌یه‌كى سه‌خت بووه‌ به‌دوو سه‌عات‌و نیو ئه‌و رێگه‌یه‌ بڕدراوه‌.

خه‌لیفه‌ گێڕاویه‌تییه‌وه‌ وتوویه‌تى: هێشتا ماڵمان نه‌چوو بووه‌ ناو مه‌زراو باخ كه ‌ده‌چووم بۆ ئیشكردن، كاتى وا هه‌بوو له‌پڕ بیرى خه‌خیجه‌خانم ده‌كرده‌وه‌ وه‌ختبوو شێت بم، به‌و رێگه‌ى سه‌خته‌دا هه‌ڵده‌زنام‌و سه‌رده‌كه‌وتم تا ده‌گه‌یشتمه‌ لاى ماڵه‌كه‌مان ده‌مبینى خه‌جیجه‌ له‌سه‌ر بانیجه‌كه‌ مه‌شكه‌ده‌ژه‌نێ، له‌وێوه‌ ئیتر ته‌ماشام ده‌كردو به‌ڕێگه‌ى خۆمدا ده‌گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ ناو باخه‌كه‌.

وه‌ك جارى وا هه‌بووه‌ كه‌ من خه‌ریكى ئیشى باخ بووم خه‌جیجه‌ بیرى منى كردووه‌ته‌وه‌ ئه‌ویش خۆى پێ نه‌گیراوه‌ بوه‌ستێ تا ئێواره‌ دێت‌و ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌، له‌ ماڵه‌وه‌ هاتووه‌ بۆ لاى من‌و كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ سه‌ر باسكه‌كه‌ ئیتر ته‌ماشاى كردووم‌و به‌ڕێگه‌ى خۆیدا به‌ره‌وژوور گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌.

مامۆستا شێخ محه‌مه‌دى (مازى بنى)- خوالێى خۆشبێت ،گێڕاویه‌تییه‌وه‌: كاتێ هاوین ماڵى خه‌لیفه‌ له‌كه‌وێڵدا بووه‌و له‌سه‌ر كه‌پر له‌گه‌ڵ خێزانیدا به‌یه‌كه‌وه‌ له‌سه‌ر كه‌پر خه‌وتوون، پیشه‌یان وا بووه‌ شه‌وانه‌ پێش خه‌وتن سه‌عاتێ تا سه‌عات‌و نیوێك له‌سه‌ر جێگه‌ قسه‌یان كردووه‌ ئه‌وسا خه‌وتوون.

مامۆستا فه‌رموویه‌تى: كاتى وا هه‌بووه‌ من‌و شێخى دوو ڕووه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بێده‌نگ چووینه‌ته‌ ژێر كه‌وێڵ‌و كه‌پره‌كه‌ى خه‌لیفه‌و خه‌لیفه‌ ژن‌و گوێمان له‌و قسه‌و چپه‌ به‌سۆزه‌ى سه‌ر جێگه‌یان گرتووه‌و، ئه‌وه‌نده‌ سه‌رسام بووین من ده‌موت: خۆزگا خادمى مزگه‌وته‌كه‌ بووبام نه‌ كوڕى شێخ حه‌مه‌سه‌عید، به‌ڵام به‌شێك له‌و سۆزو ئه‌وینه‌م هه‌بوایه‌، شێخیش ده‌یفه‌رموو: خۆزگه‌ من خاوه‌نى ئه‌و ئه‌وینه‌ بوایه‌م‌و ئاشه‌وانى ئاشه‌كه‌ى ئێوه‌ بوایه‌م!.

خه‌لیفه‌ هه‌شتاو هه‌شت ساڵ ژیاوه‌و خه‌جیجه‌ خانمیش (80) ساڵ ژیاوه‌، خه‌لیفه‌و خه‌لیفه‌ ژن به‌یه‌كه‌وه‌ ساڵى (1348ك) كۆچى دواییان كردووه‌، به‌ڵام چۆن كۆچكردنێك؟ ئه‌و پیاوو ژنه‌ دوعایان كردووه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بمرن، كه‌ خه‌لیفه‌ كۆچى دوایى كردووه‌، خه‌جیجه‌خانمیش نه‌خۆش كه‌وتووه‌و له‌یه‌ك هه‌فته‌دا هه‌ردووكیان كۆچى دواییان كردووه‌، دواى ئه‌وه‌ى (64) ساڵ ژیان به‌و شێوه‌ به‌و سۆزو ئه‌وینه‌ به‌كوڵه‌وه‌ چوونه‌ته‌وه‌ به‌ر باره‌گاى خوداى په‌روه‌ردگار.

هه‌روه‌ها مامۆستاى نه‌زیرى بۆى گێڕامه‌وه‌:

مامۆستا سه‌ید محه‌مه‌دى مامۆستاى دێى (چه‌شمه‌ نه‌نته‌ش) گێڕایه‌وه‌ فه‌رمووى له‌گوندى ناوبراو سه‌یدێك كۆچى دوایى كرد، كاتى به‌شكردنى میراته‌كه‌ى خێزانه‌كه‌ى بانگى كردمه‌ لاوه‌، وتى: مامۆستا من ساڵه‌ها له‌گەڵ ئه‌م پیاوه‌دا به‌یه‌كه‌وه‌ ژیاوین‌و تا ئێستا من هه‌ر كچم‌و له‌خۆم‌و خۆى به‌ولاوه‌ ته‌نها خودا به‌م باسه‌ى زانیوه‌، ته‌نانه‌ت دایكیشم نه‌یزانیوه‌، (53) ساڵ له‌گەڵ ئه‌و خوالێخۆشبووه‌دا به‌و شێوه‌یه‌ ژیاوم.

جا پێموایه‌ له‌شه‌رعدا جیاوازى له‌نێوانى ژنێكدا كه‌ مێرد نه‌چووبێته‌ لاى له‌ته‌ك ژنێكدا هه‌یه‌ كه‌مێرد چووبێته‌ لاى!

***

Hikmat Maaroof

حیکمەت مەعروف، بەڕێوەبەری سایتی ناوەندی کەلتوری کۆچ. 07705028030

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button