ئەدەب و کەلتورسڵاید

نالی هەر لە لوتکەدایە ..

وێنەیەكی كەرنەڤاڵی لە چامەكەی حەزرەتی نالیدا

حەبیب محەممەد دەروێش

حەزرەتی نالی یەكێكە لەو شاعیرە گەورانەی كورد، كە بەردەوام خوێندنەوەی نوێی بۆ دەكرێ‌ و دەكرێت چەند بارە شیعرەكانی بخوێندرێتەوە بە پێی تێڕوانینی جیاواز و زەمەنی جیاواز و دابڕاو لە زەمەنی لە دایكبووی تێكستە شیعرەكە، ئەڵبەتە قەسیدە مەزنەكەی نالی (قوربانی تۆزی ڕێگەتم، ئەی بادی خۆش مرور) دەكرێت بە شاكارێكی بێ‌ هاوتا ناوزەند بكرێت، چونكە نمونەیەكی بێ‌ وێنەیە لە تێكستی شیعری كلاسیكیدا، كە خوێندنەوەی بەردەوامی جیاواز هەڵدەگرێت و سەرچاوەیەكی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە هەندێ‌ لایەنی بنەمای ئەو دەمەی كۆمەڵی كوردەواری.

نالی لەم شاكارەدا یادەوەرییەكانی دەبەستێتەوە بە یەكەوە و هەموو دیمەنە جوانەكانی شاری سلێمانی و دەوروپشتی لەگەڵ خۆشی و شادی و یاری و شایی خەڵكەكەی كەرنەڤاڵێك بەر جەستە دەكات و ئەم دیمەنانە بە(با)دا دەنێرێ‌، بۆ ئەوەی بزانی وەكو خۆی ماوەتەوە یان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و قوربانی (تۆز)ی (با) دەبێت، چونكە (با) بە گەورەتر و باڵادەست و بێ‌ بەڵا تەماشا دەكات و قوربانی ناوێت، بەڵكو قوربانی ئەو تۆزە دەبێت كە لە جووڵەی باوە هەڵدەستێت بۆ ئەوەی پرسیارەكانی نالی هەڵگرێت و هەموو وڵاتی پێ‌ تەی بكات و یەك بە یەكی ئەو شوێنانە بگەڕێ‌ و بزانێ‌ ئەو دیمەن و وێنانەی لای نالی لە زەمەنی پێش غائیبی لە نیشتمان و لە سەردەمی حوكمڕانی خۆماڵیدا هەروەكو خۆی ماوەتەوە یان گۆڕانی بەسەر داهاتووە .

ئەو گۆڕانەی نالی پیشبینی كردووە لەم قەسیدەدا گۆڕانە بەرەو خراپ، چونكە هەواڵی ئەوەی زانیوە دەسەڵاتی بێگانە باڵی كێشاوە بەسەر نیشتمانەكەیدا و كۆتایی هێنراوە بەدەسەڵاتدارییەتی كوردی، لەم گەڕانەوەیدا بۆ (نیشتمان) لە هەرشوێنێكدا كە دەكرێت بە ویستگەیەكی (با) ناوی لێنێین كە نالی بۆی دیاریكردووە، هەڵوێستەیەك دەكات و پرسیار لەو مەنزڵگایە دەكات و جوانی ئەو شوێنە و جووڵەی ئەوانەی تیایدابوون بەسەردەكاتەوە، هەر لە شیوە سوورەوە بەرەو هەیوانی خانەقا و پاشان تاق و ژووری حوجرەكەی خۆی و بیرەوەرییەكانی لە یاری و سێبازی فەقێكان لە فەزای دەشتی فەقێكاندا. لێرەدا نالی دەگەڕێتەوە بۆ یادەوەرییەكانی خۆی و وێنەیەكی بیرەوەرییەكانی خۆی لە زەینی ئێمەشدا دروست دەكات، لە عەینیسەرچناردا جیهانێكی پڕ لە چنار و گوڵ و چنوور وەك دەڵێ‌ :

ئەمجا مەوەستە تا دەگەیتە عەینی (سەرچنار)

ئاوێكە پڕ لە نار و چنار و گوڵ و چنوور

پاشان وەسیەت بە (با) دەكات كە داخڵ نەبێ‌ بە عەنبەری سارایی (خاكوخۆڵ) هەتا بە (سولەیمانیدا) نەكا عوبور،  بۆ تەماشای نەو بەهاری كاكۆڵی كوڕە لاو و زوڵفی حۆری نازدارەكان، كە خۆیان لەم ساتەوەختی كەرنەڤاڵەدا رازاندووەتەوە:

یەعنی ریازی رەوزە كە تێدا بە چەن دەمێ‌

موشكین دەبێ‌ بە كاكۆڵی غیلمان و زولفی حور

دواتر بزانە مەكانی (كانی ئاسكان) وەك جارانە ئاسكەكان خۆیان تیادا نمایش دەكەن:

ئێستەش مەكانی ئاسكەیە (كانی ئاسكان)

یاخۆ بووە بە مەلعەبی گورگ و لوورە لوور

تا دەگاتە هەواڵپرسینی لە كەناری حەوشەكە و فەزای دەشتی فەقێكان كە بزانێ‌ وەك جاران یارییە كوردەوارییەكان (بازوكەوشەكی) تێدا دەكرێت:

ئێستەش كەناری حەوشەكە جێی باز و كەوشەكە

یاری تیایە، یا بووەتە مەعرەزی نوفوور

تخوا فەزای دەشتی فەقێكان ئەمێستاكەش

مەحشەر میسالە یابووە تە (چۆڵی سەلم و توور)

ئەوەی ئاماژەمان پێدا بەشێكە لەو وێنانەی نالی كە نیشتمانەكەی پیشان دەدات و شانازی بەو ڕۆژە خۆشانەوە دەكات، كە لە كەرنەڤاڵێكی بەهاری نیشتمانی دەكات بە هاونیشتمانەكانەوە لە ژێر سایەی دەسەڵاتدارێتی خۆماڵیدا و دووری خۆی لە نیشتمانەوە و گۆڕانی حوكمڕانێتی كوردی هەموو خۆشی و شادیەكی نەهێشتووە و نالی توشی تێكشكاندن كردووە و وای لێكردووە گومان لە بوونی خۆی پەیدا بكات كاتێك دەڵێ:

زارم وەكو هیلال و نەحیفم وەكو خەیاڵ

ئایا دەكەومە سەر زار و بە دڵدا دەكەم خوتوور

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو سیفەتانەی نالی وەسفی (با) ی پێدەكات، كە كۆمەڵە سیفەتێكی جوان و دڵخۆشكەر و میزاج خۆش و لوتف خەفی و سروەی بەشارەت، دەردەكەوێت نالی دەیەوێت بیرەوەرییەكانی زیاتر بە كەرنەڤاڵ بكات و داوای لێدەكات تۆ خاوەنی ئەم سیفەتانەی هەڵسە و بكەوەرە جووڵە، چونكە نالی سووتا رەواقی خانەی سەبری بڕۆ بۆ نیشتمان و بە پرسش و تەفتیش و گەڕان و خوار و ژوور، هەواڵی شاری شارەزوورم بۆبهێنە، بزانە هەر كەرنەڤاڵی شادی جاران لە مەملەكەتی بابان ماوە یان وڵات بووە بەلانەی غەم و گورگ و مارومور، لێرەدا دەردەكەوێت كە نالی لەو كەش و هەوای كەرنەڤاڵی نیشتمانەوە دوورە و ئازاد نییە، لە غوربەتەوە دەیەوێت بفڕێت و هەناسەیەك بدات بە یادكردنەوەی بیرەوەرییە خۆشەكانی و عەوداڵی زەمان و مەكانی پیرۆزە، نالی لە نێو بیرەوەرییەكانیدا دەتوێتەوە و دەیەوێت بەهۆی هێزی خەیاڵەوە لە دایكبوونەوەی خۆی دووبارە بكاتەوە لە وڵاتێكدا كە گۆڕەپانی كەڵەکەبوونی ئەزموونی نالییە، لێرەوە نالی و نیشتمان و نیشتمان و نالی دوو هاوكێشەن خودی مرۆڤی كورد پێكدەهێنن.

ماوەتەوە بڵێین حەزرەتی نالی هەموو خۆشی و شادی و شایی وڵات و ئەو وێنە كەرنەڤاڵییەی كە لە قسیدەكەیدا بەرجەستە دەكات، دەیبەستێتەوە بە دەسەڵاتی نیشتمانی و دەسەڵاتدارێتی كورد، چونكە بە نەمانی ئەم دەسەڵاتە كوردییە كە ئەوكات دەسەڵاتی بابانەكان بووە، پەژارە و تێكشكانی دەروونی لە گەڵیدا دێت و هەموو دیمەن و سیما جوانەكانی نیشتمان لەگەڵیدا نەمێنێ‌ و هیچ پانتاییەك لە نیشتمان نامێنێت كەرنەڤاڵی شادی تێدا بگێڕدرێت، چونكە دەسەڵاتی بێگانە مەترسی راستەوخۆیە بۆ لەنێوبردنی ناسنامەی نیشتمان و تێكشكاندنی دەروونی مرۆڤی كورد، بۆیە (نالی) یش بێ‌ ئومێد دەكات لە گەڕانەوە .

***

Hikmat Maaroof

حیکمەت مەعروف، بەڕێوەبەری سایتی ناوەندی کەلتوری کۆچ. 07705028030

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button