رۆشنبیریسڵاید

شێخ زەینوڵڵا ڕەسووڵۆڤ، دوا شێخی گەورەی نەقشبەندی لە هەرێمی ڤۆڵگا – ئووڕاڵی ڕووسیادا ..

بەشی یەکەم

نووسینی: پرۆفیسۆر حامید ئاڵگەر – ئەمریکا، کالیفۆرنیا

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

سۆفیزم مێژوویەکی کۆنی هەیە لە ناو موسڵمانەکانی هەرێمی ڤۆڵگا – ئووراڵدا (لە ڕووسیا – و). لە ڕاستیدا شێخە سۆفییەکان لە سەردەمی خانەکانی بوڵگاردا خۆیان دەرخستووە و دەگوترێت ژمارەیەکیان کە لە سەد کەس کەمتر نەبووە لە سەردەمی حوکمی یادگار خاندا چالاک بوون١. لە دەیەی هەشتی کۆچی/ چواردەی زاینیدا، تۆماری کەسێکی دیاریکراو هەیە بە ناوی حوسەین بەگەوە و خەلیفەی ئەحمەد یەسەویی ناودار بووە و ئیسلامی بڵاوکردووەتەوە نەک هەر تەنها بە درێژایی دانووب، بەڵکو لە ئووراڵیشدا و بەتایبەتی لە ناو باشکیرەکاندا. مەزارەکەی لە نزیک شاری ئوفایە و لە سەدەی نۆزدەوە تا ئێستا خەڵکی زیارەتی دەکەن٢. هەروەها سۆفییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان بینیوە لە بەئیسلام کردنی خێڵی گۆڵدن هۆرددا Golden Horde . بەرکەخانی چوارەم حوکمڕانی گۆڵدن هۆرد، یان ئیسلام بووە یان پەیڕەویی ڕاهێنان و ئەرکانەکانی کردووە لە سەر دەستی شێخێکی تەریقەتی کوبرەویدا لە بوخارا، کە ناوی سەیفەدین باخەرزی بووە٣ و ئوزبەک خان، کە لە سایەی حوکمیدا ئیسلام زیاتر ڕەگی داکوتا لەم لقەی خەتی چنگیسیددا، پەیوەست بوو بە شێخێکی یەسەوییەوە بە ناوی سەید عەتا٤.

تەریقەتی کوبرەوی لە ناوچەی ڤۆڵگا – ئووراڵدا بەتەواوی نەما و یەسەوییە کەوتە پەراوێزەوە هەرچەندە ماوەیەکی زۆری خایاند. هەڵبەت ئەوە ڕێباز یان تەریقەتی نەقشبەندی بوو کە قەدەر وایکرد باڵادەستی بەدەستبێنێت لە ناو تەتار و باشکیرەکاندا، بە هەمان شێوەی تا ڕادەیەک گشتگیر لە ناو گەلە تورکی زمانەکاندا. یەکەم کەس کە پابەندی تەریقەتی نەقشبەدی بوو لە ناوچەی ڤۆڵگا – ئووراڵدا لەوانەیە خواجە محەممەد ئەمینی بوڵغار بووبێت، کە خەلیفەیەکی خواجە عوبەیدوڵڵای ئەحراری گەورە ڕابەری نەقشبەندی بوو. ئەم خواجە محەممەد ئەمینی بوڵغارە لە ساڵی ٩٠٢/ ١٤٩٦ لە تەبرێز کوچی دوایی کردووە و پێناچێت چالاک بووبێت لە بڵاوکردنەوەی تەریقەتی نەقشبەندی لە زێد و نیشتمانی خۆیدا٥.

ناوی ئەوانەی کە بەرپرس بوون لە زەمانەتکردنی یەکەم چاندنی نەقشبەندی لە هەرێمی ڤۆڵگا – ئووراڵ هێشتا لە بەردەستدا نین بۆ لێکۆڵینەوە، بەڵام دەکرێ وا دابنرێن لە بوخاراوە هاتبێتن، کەوا – پێکەوە لەگەڵ سەمەرقەند – لە یەک کاتدا مەڵبەندی سەرەکیی ڕێبازی نەقشبەندی بووبێت لە ئاسیای ناوەڕاست و خاڵێکی سەرچاوەی دەسەڵاتی هەموو کاروبارە ئاینییەکانی موسڵمانانی هەرێمی ڤۆڵگا – ئووراڵ بووە. پەرەسەندنی ڕێباز یان تەریقەتەکە لە بوخارا و مەڵبەندەکانی تری ئاسیای ناوەڕاستدا لە هەموو کاتەکاندا بەخێرایی لە ناو ئەواندا ڕەنگیداوەتەوە. بەو پێیە کاتێ لقی موجەددیدیی نەقشبەندی، لە لایەن شێخ ئەحمەدی سه‌رهندییەوە لە هندستان دامەزرا، دەستباڵایی و هەژموونی ڕۆحیی خۆی بەرەو باکوور درێژە پێدا بۆ ئاسیای ناوەڕاست و هەر زوو کاریگەریی موجەددیدی بە دێهات و شارەکانی حەوزی ڤۆڵگادا بڵاوبووەوە. بۆ نموونە، ئێمە تۆماری عەبدولکەریم بن باڵتای دەدۆزینەوە (کە لە ١١٧١/ ١٧٥٧ – ١٧٥٨دا مردووە)، کەوا خەلیفەیەکی تەتاری شێخ موحەممەد حەبیبوڵڵای بەڵخی بووە، کەوا جێگرەوەیەکی خەڵکی بوخارای خواجە موحەممەد مەعسوومی کوڕی سه‌رهندی بووە و ڕەوتی نەقشبەندیی -موجەددیدی لە شارۆچکەی سەعد (قەرگالی) بڵاوکردووەتەوە٦.

بێگومان لە سایەی ئەو چالاکییە ئەدەبییە چڕەوە کە لە سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستدا لە ناو تەتار و باشکیرەکاندا بڵاوبووەوە و بوو بە هۆی دانان و هاتنە کایەی ژمارەیەک قامووسی ژیاننامە یان بایۆگرافییەوە، زانیارییەکی زۆر لە بەردەستدایە سەبارەت بەو نەقشبەندییە ناودار و دەرکەوتووانەی لە ناوچەکەدا برەویان سەندبوو لە دوادوایی سەدەی هەژدە و سەدەی نۆزدەدا. بەو پێیە لە ڕاستیدا چەندین شت کە ئێمە بتوانین ئەنجامگیرییان تێدا بکەین ئەوەیە کەوا نەقشبەندی بەتەواوی هەژموونی خۆی پەیداکردبوو بە سەر ژیانی ئاینی و فەرهەنگیی ئەو ماوەیەی کە مەبەستی باسەکەیە.

لێرەدا دەکرێ دوو گرووپی نەقشبەندی جیابکەینەوە و بەتایبەتی ناویان بێنین. یەکەمیان لەو تەتارانە پێکهاتبوون کەوا گەشتی ئەودیوی بوخارایان کردبوو بۆ کابوڵ و لەوێ بووبوونە موریدی شێخێکی موجەددیدی بە ناوی فایز خان٧. ڕەنگە ئێمە ڕاهاتبین وا بیر لە کابوڵ بکەینەوە کە لە ڕووی فەرهەنگی و ڕۆشنبیرییەوە شوێنێکی چەپەک و کەمبایەخ بووبێت، بەڵام سەیفەدین شینکاری، کە یەکێک بووە لە موریدە تەتارەکانی فایز خان، وا ستایشی مەدرەسەکانی دەکات کە لە چاکی و باڵادەستیدا شانیان لە شانی ئەوانەی بوخارا داوە و خوێندنیان لە بوارەکانی فەلسەفە و لۆجیک و پزیشکیدا ڕەخساندووە بێجگە لە زانستە ئاینییەکانیش٨. بەگشتی ئەم باشە و نایابییەی کابوڵ دەبێت فاکتەرێک بووبێت بۆ کێشکردنی تەتارەکان، تاوەکوو ئەوەی لەوێ بخوێنن و لە هەمان کاتیشدا ببنە مورید و شوێنکەوتووی فایز خانی موجەددیدی.

لەوانەیە ناسراوترین شوێنکەوتووە تەتارەکانی فایز خان، ئەگەر زاناترین کەسیشیان نەبێت، موحەممەد جان بن ئەلحوسەین بوو بێت، کە لە ساڵی ١٧٨٩دا بە یەکەم سەرۆکی دوخۆڤنۆی سۆبرانی دانراوە، کەوا ئیدارەیەکی ئاینی بووە و بۆ تەتارەکانی ژێر ڕکێفی ڕووسیا دامەزراوە. وەک باس دەکرێت، موحەممەد جان لووتبەرز و گومڕا و فێڵباز بووە و بەتایبەتی کەسێکی نەخوێندەوار بووە و بە شێوەیەکی بەربڵاو بێمتمانە بووە لەبەر ملکەچیی لەڕادەبەدەری بۆ ڕووسەکان٩. هەمان لۆمە و سەرکۆنە بەرەوڕووی هەموو جێگرانی ناکرێتەوە، بەڵام بەگشتی گەلێ لەوان لەگەڵی بوون لە پەیوەستبوون بە نەقشبەندییەوە. کاریگەریی نەقشبەندی لە سەر دەزگا و دامەزراوە ئاینییە فەرمییەکان، بەرەو ئەملا تا شۆڕشی بەلشەڤیک و دوای ئەوەش، لە هەموو کاتێکدا گرنگ و بەرچاو بووە١٠.

دووەم گرووپی بایەخداری تەتارە نەقشبەندییەکان لە شوێنکەوتووانی شێخێکی بوخاری پێکدەهاتن، کە نیازقولی خانی تورکمان بوو، کەوا کەسایەتییەک بوو پێگە و شکۆی لە بوخارادا بە جۆرێک بوو کە ئەمیر حەیدەری حوکمڕانیش – کە خۆی مەراقی دەرکەوتن و شۆرەتی ئاینیی هەبوو – و بەشداری کۆڕ و کۆبوونەوەکان دەبوو. پێش هەموو شتێک لە ناو موریدە تەتارەکانی نیازقولی خاندا ئەبولنەسر ئەلکورساڤی ناوی دەرکردبوو (کە بە کورساڤی دەناسرا و ساڵی ١٨١٢ مردووە)، پێدەچێت گەورەترین زانای ئیسلامی بووبێت لە مێژووی تەتارەکاندا. ئەو بە شێوەیەکی گشتی لێکۆڵەرێکی ئەقڵانی بوو لە سەر دۆگمای ئاینی، ئەوی کە نووسینەکانی ڕێگە خۆشدەکات بۆ دەرکەوتنی بیری سێکولار لە ناو تەتارەکاندا لە وەرچەرخانی سەدەدا١١. کارەکانی لە بەشی زۆریدا جێی داخە کە دەستیان پێنەگەیشتووە، بەڵام بە پشتبەستن بە سەرچاوە لاوەکییە متمانەپێکراوەکان (بەتایبەتی کتێبی ئاساری ڕیزائەدین بن فەخرەدین)، وەسفکردنی کاراکتەرەکانی ئەلکورساڤی وەک لایەنگری نوێگەری ڕەنگە بدرێتە دواوە. بەپێچەوانەوە، بایەخی ئەو ڕەتکردنەوەی پەنابردنە بەر ڕەتکردنەوەی ئەو بیرە ئەقڵانییە بوو کەوا لە “کەلامی” ئەشعەریدا درکی پێکردبوو کە هێشتا هەر باڵادەست بوو لە بوخارادا و وایدادەنا کە فۆرمێک بێت لە فەلسەفە بە شاراوەیی و بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە سەر ئەوەی بە بنەمای باوەڕی یەکەم نەوەی موسڵمانان. ڕەتکردنەوەی ئەم بۆ ڕاستیی ئەقنوومی ناوەکانی خواوەند بە شێوەیەکی تایبەتی مشتومڕی بەرپاکرد لە بوخارادا و حوکمێکی ناڕەوای درا بەسەردا وەک موعتەزیلەیەکی نوێ١٢.

ئەلکورساڤی بە هەزار حاڵ خۆی ڕزگار کرد لە بوخارا١٣ و تەنانەت لە زێد و وڵاتی خۆیشیدا ڕووی نەدرایە و لە ساڵی ١٨١٢دا لە ئەستەمبووڵ مرد، لە کاتێکدا کە بەڕێوە بووە بۆ تاراوگە لە حیجاز. هەرچەندە زۆرێک لە نەیارانی ئەلکورساڤیش لە سەر ڕێبازی نەقشبەندی بوون، بەڵام شوناسە نەقشبەندییەکەی ئەم گرنگ و بەرچاو بوو، چونکە بیر و بۆچوونی بوو بە سەرچاوەیەکی ئیلهامبەخشی بۆ هەموو نوێنەرە دەرکەوتووەکانی تەریقەتەکە لە هەرێمی ڤۆڵگا – ئووراڵدا بەرەو ئەملاوە تا سەرەتای سەدەی بیستەم١٤.

پەیوەندییەکانی پشتبەستنی تەتار بە بوخارا لە سەرەتای نیوەی سەدەی هەژدەوە کەوتە خاوبوونەوە و بچڕان لە کاتێکدا کە ئەو پەیوەندییە لەگەڵ ناوەندە ئیسلامییەکانی خوێندندا دامەزرابوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەم پرۆسەیە لە سەدەی نۆزدەهەمدا خێراییەکی بەخۆوە بینی، کاتێ کەوا تەتارەکان و باشکیرەکان، بە ژمارەی بەرچاو، دەستیان کرد بە خوێندن لە ئەستەمبووڵ و قاهیرە و حیجاز. یەک لە ئەنجامەکانی ئەم نزیکە گۆڕینی ئاڕاستەیە کە پابەندبوونی نەقشبەندی لە ناوەندەکانی تەریقەتەکەوە بەدەستدەهات پێدەچێت کاراییەکی ڕۆشنبیری و ڕێکخراوەیی زیاتر لە بوخارای ڕەخساندبێت. بۆ نموونە، ژمارەیەکی زۆری تەتارەکان کێشکران بۆ ئەڵقە جۆراوجۆرەکانی پەرستش و لە دەوری شێخەکانی لقێکی خەتی موجەددیدی کۆبوونەوە کەوا لە شاه غوڵام عەلیی دەلهییەوە (یان دەهلەویی – و) سەرچاوەی گرتبوو و لە مەدینە خۆی ڕاگەیاندبوو. ئەوجا کاتێ کە ئەم تەتارانە گەڕانەوە بۆ زێد و وڵاتی خۆیان بۆ ئەوەی وەک ئیمام و مامۆستا کار بکەن، لێرەش دیسانەوە کەوتنە بڵاوکردنەوەی ئەو لقەی نەقشبەندی کە پابەندی بوون. بەو پێیە شارۆچکەکانی وەک ئوفا، تاشبیلگە، بیرجان و سێمیپاڵتینسک بوون بە خاڵە ناوەندییەکانی تۆڕێکی نەقشبەندی کە دیسان لە حیجازەوە بە سەر ئۆقیانووسی هندیدا پەلی کوتا بۆ سۆمەترە و جاوا١٥.

خەلیفە تەتارەکانی شێخە موجەددیدییەکانی مەدینە بەتەواوی کەوتبوونە ژێر ڕکێفی شێخەکانی لقی خالیدیی نەقشبەندییەوە، کەوا لە خۆیدا پوازێکی نەریت و ترادیسیۆنی موجەددیدی بوو و ڕەنگە چالاکترین و کاریگەرترینی هەموو گرووپە سۆفییەکان بووبێت لە سەدەی نۆزدەدا. چاندنی خالیدی یەکەمجار لە ناو تەتارەکاندا لە لایەن خەلیفەیەکی عەبدوڵڵا مەککییەوە بوو، کەوا نوێنەری مەککەی مەولانا خالیدی بەغدادی بوو. ئەم خەلیفەیەش فەتحوڵڵا بن سەفەرعەلی ئەلمەنزیلاوی بوو، کە لە تەمەنی هەشتا ساڵیدا کۆچی دوایی کرد لە گوندێکی نزیک کازاندا١٦. بانگەشەکارێکی چالاکی تری خالیدی، شێخ موحەممەد زاکیر ئەفەندیی چیستاوی بوو، کەوا لەبارەیەوە دەگوترێت “هیچ شوێنێک نییە لە خاکی کازاندا کە عولەماکانی لە ژێر ڕکێفی ئەمدا نەبن”١٧.

بەهەرحاڵ، ڕابەری بێ ڕکابەر لە ناو هەموو شێخە خالیدییەکانی ناوچەکەدا، شێخ زەینوڵڵا ڕەسووڵۆڤی باشکیر بوو. لە کاتی مردنیدا گۆڤاری “وەقت Vakt” کە دوو هەفتە جارێک لە شاری ئۆرێنبورگ دەردەچوو بەم جۆرە ستایشی کردووە کە “پاشای ڕۆحیی خەڵکەکەی خۆی بوو”١٨، بەڵام ڕەسووڵۆڤ بە ناڕەوا پشتگوێخرا لە لایەن مێژوونووسانی سەدەی نۆزدەهەمەوە و ڕۆشنبیرانی ڕابوونی تەتار بەردەوام سەرسامیی خۆیان بەو کاراکتەرانە دەردەبڕی کە وەک بانگەشەکاری سێکولار بوونی ئەقڵانی پێناسە دەکران. بەڵام ڕەسووڵۆڤ لە سیاقی قووڵیی کاریگەریدا زاڵ بوو بەسەر گەلێ لە کاراکتەرانەدا و ئەرک و پیشەکەی شایەتی بەردەوامی پێدانی ناوەندێتیی ڕێبازی نەقشبەندی بوو لە ناو تەتار و باشکیرەکاندا بەملاوە تا بەرپابوونی شۆڕشی بەلشەڤیک. زەینوڵڵای کوڕی حەبیبوڵڵای کوڕی ڕەسووڵ – کە دواتر بە شێخ زەینوڵڵای خالیدی، زەینوڵڵا ئیشان و زەینوڵڵا ڕەسووڵۆڤ ناسرا – لە ڕۆژێکی ئەوپەڕی خۆشی جەژن و ئاهەنگی قوربانیدا لەدایکبوو، لە ساڵی ١٢٥٠ (٩ی نیسانی ١٨٣٥) لە شەریف کە ئەوڵێکی باشکیر بوو لە ناوچەی زڵاتۆستی ویلایەتی ئۆرێنبورگ. لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا چووە بەر خوێندن لە گوندی مویناق لە سەردەستی پیاوێکدا بە ناوی داموللا موحەممەد بوخاری. کاتێ کە ئەم مامۆستا بوخارییە کۆچی دوایی کرد، زەینوڵڵا دوو ساڵی تر لە مویناق خوێندی لە سەر دەستی یەعقووب بن ئەحمەد ئەلئاخوندی پێش ئەوەی لە ساڵی ١٨٥١دا ئیجازە وەربگرێت و ئیتر بگوێزێتەوە بۆ ترۆیتسک بۆ سوود وەرگرتن لەو سەرچاوە زۆرانەی لەوێ لەبەردەستدا بوون. لە ترۆیتسک موحەممەد شاه بن میراسی ئیمامی دووەم مزگەوتی بەردین یەکێک بوو لە مامۆستا و ڕابەرەکانی، کە زۆر ڕەچاوی توانا و زیرەکیی دەکرد لە قورئان خوێندندا و لە قاهیرە خوێندنی تەواو کردبوو١٩. بەڵام مامۆستای سەرەکیی لە ترۆیتسک ئەحمەد بن خالید المینکاری بوو، کە ئیمامی یەکەم مزگەوتی بەردین بوو و لە مەدرەسەی کۆکەڵتاشی بەناوبانگ لە بوخارا خوێندنی تەواوکردبوو و وەک مامۆستایەکی توند پێداگر بوو لە سەر قوتابییەکانی کەوا هەر پێنج فەرزە لە پشتیەوە نوێژی بەکۆمەڵ بکەن. زەینوڵڵا بەئاشکرا بوو بە پەسەندترین قوتابیی ئەم مامۆستایە و وا وەسف دەکرا کە “باشترین و خوێندەوارترین جێگرەوەی ئەحمەد بن خالیدە و بێسنوورە لە خوێندن و فێربووندا”٢٠. لە ڕاستیدا وا دیارە خوێندنی فەرمیی لە سەر دەستی ئەحمەد بن خالیددا تەواو کردووە، هەرچەندە ماوەیەکیشی بەسەربردووە لە خوێندنی ڕێزمانی عەرەبیدا لە سەر دەستی حەسەنەدین بن شەمسەدین ناوێکدا لە گوندی ئیستەرلیباش٢١.

لە پاش حەوت ساڵی خوێندن لە ترۆیتسک، زەینوڵڵا لە گوندی ئاقخۆجەی ناوچەی ڤێرخنیوراڵسک بە ئیمام دامەزرا و لەوێ مەدرەسەیەکی بۆ خۆی کردەوە و دەستیکرد بە وانە وتنەوە یان تەدریس تێیدا. هاوشێوە لەگەڵ شێوازی کلاسیکیی تێکەڵبوون لەگەڵ ڕاهێنان و پەیڕەوی سۆفیگەریدا بەرەو چاندنی زانستە ئاینییەکان – کە ئەمەش نموونەیەکی تا ڕادەیەکی گشتگیر پەیڕەویکراو بوو لە هەرێمی ڤۆڵگا- ئووراڵدا، زەینوڵڵا لە ساڵی ١٨٥٩دا سەفەری کرد بۆ چەرداکلی، کە گوندێکی نزیک چێلیابینسکە، بۆ تەمەسوک کردن بە تەریقەتی نەقشبەندییەوە لە سەر دەستی عەبدولحەکیم بن قوربان عەلی چەرداکلی (کە ساڵێ ١٨٧٢ مردووە)٢٢. عەبدولحەکیم میراتگری سەرەکیی شەرەفەدین بن زەینەدین ئیسترلیتانماکی بوو (ساڵی ١٨٤٦ مردووە)، کە بە ڕۆڵی خۆی بوو بە یەکێک لە خەلیفە تەتار و باشکیرەکانی نیازقولیخانی تورکمانی. سیلسیلەی (واتە ڕەچەڵەکی بنەماڵە ‘یان تەریقەت لێرەدا- و’) نیازقولیخان دەچێتەوە سەر شێخ ئەحمەدی سرهندی و بەو پێیە دەگەڕێتەوە بۆ لقی موجەددیدی تەریقەتەکە. زەینوڵڵا بە ڕەهایی تاقە موریدی دەرکەوتووی عەبدولحەکیم بوو، کەوا بە لای کەمەوە پێنج خەلیفەی داناوە، کەوا هەندێکیان بوون بە مامۆستا و ڕابەری گرنگ لە هەرێمی ڤۆڵگا – ئووراڵدا٢٣.

زەینوڵڵا، لە ساڵی ١٨٧٠دا و نزیکەی دە ساڵ دوای پابەند بوونی بە تەریقەتەوە لە لایەن عەبدولحەکیم چەرداکلییەوە، سەفەری بەجێهێنانی ئەرکی حەجی کرد و لە ڕێگەی ئەم سەفەرەیدا لە ئەستەمبووڵ لایدا بۆ بینینی دیمەنەکانی ئەم پایتەختە ئیسلامییە مەزنە و سەردانی پیاوە خوێندەوارەکانی، کە بووبوو بە نەریتی ئەو حاجییانەی لە ڕووسیا و ناوەڕاستی ئاسیاوە دەهاتن. لە ناو ئەو عولەمایانەی کە ئەم چاوی پێیانکەوت شێخ ئەحمەد زیائودین گویمویشخانەڤی بوو (ساڵی ١٨٩٣ مردووە)، کەوا بەناوبانگترین شێخی نەقشبەندی بوو لە ئەستەمبووڵدا و پەیوەست بوو بە لقی خالیدیی تەریقەتەکەوە. گویمویشخانەڤی بە جۆرێک کاریگەریی بەجێهێشت لە سەر زەینوڵڵا کە داوای مۆڵەت پێدانی لێکرد بۆ گواستنەوەی حەدیس – کە بابەتێکە جێی بایەخپێدانێکی تایبەتی گویمویشخانەڤی بوو – بەڵام ئەمە بوو بە بوو بە دووەم پابەند بوون بە نەقشبەندییەوە، کە ئەمەیان پابەندبوونی پێشتری بە چەرداکلیی هەڵوەشاندەوە. ئەوجا پێش ئەوەی بەرەو حیجاز بەڕێبکەوێت بۆ ماوەی چل ڕۆژ لەگەڵ گویمویشخانەڤیدا خەڵوەتی کێشا، بێگومان بۆ بەهێزکردنی پابەندبوونی بە ڕابەرە نوێکەیەوە بۆ قاڵبوون و ڕاهاتنی تەواو لە سەر هونەری ڕەوتی نەقشبەندیی خالیدی٢٤.

هەڵبەت خالیدی لە ناوەرۆکدا جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبوو لەگەڵ لقی موجەددیدیی نەقشبەندیدا کە ئەمیش هەر لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو و جەختی لە تۆکمەیی و هاوسەنگی و شوناسی خۆ دەرنەخستن دەکردەوە لە ڕاهێنانی ڕۆحی و ملکەچی و پابەندبوون بە شەریعەتەوە. ئەوەی کە تێیدا نوێ بوو ئەو هێز و چالاکییە بوو کە مەولانا خالیدی بەغدادی ڕەوتەکەی پێ بڵاودەکردەوە، هاوشان لەگەڵ هەوڵدانێکدا بۆ دامەزراندنی ڕێبازێکی ناوەندی و بەدیسپلین کەوا لە شەخسی خۆیدا چڕببێتەوە. ڕابەرێتیی یەکگرتووی ڕەوتی خالیدی وەک خۆی نەمایەوە لە پاش مەرگی دامەزرێنەرەکەی لە ساڵی ١٨٢٧دا، بەڵام زۆر بەخێرایی بڵاوبووەوە لە سەرنسەری ئەنەدۆڵ، کوردستان، وڵاتانی بەڵکان، سووریا، عێراق، داغستان و جیهانی مەلایۆ – ئیندۆنیسیدا بە چاندنی پەیامی توندی لایەنگریی شەریعەتدا تا ڕادەیەک لە هەموو شوێنێک کە پێیگەیشتووە.

زیائودین گویمویشخانەڤی لە ساڵی ١٨٤٧دا پابەندی خالیدییە بووە لە لایەن شێخ ئەحمەد بن سولەیمان ئەلئەروادییەوە، کە بووبوو بە خەلیفەی مەولانا خالید لە تەرابلوس (سووریا، ‘کە ئەمڕۆ لە لوبناندایە – و’) پێش ئەوەی بێت بۆ تەدریس لە ئایا سۆفیادا لە ئەستەمبووڵ. گویمویشخانەڤی، لە پاش پابەندبوون بە تەریقەتەوە مورید و شوێنکەوتوویەکی جێگیر و بەرفراوانی بۆ پەیدابوو و بە ڕابەریی ئەو کۆڕ و کۆمەڵیان لە مزگەوتی فاتمە سوڵتاندا بوو لە گەڕەکی جەغاڵئۆغڵووی ئەستەمبووڵدا. ژمارەیەکی زۆری ئەندامانی چینی بیرۆکراسیی عوسمانی بوون بە موریدی و ئەو تەکێیەی (ماڵ یان خانەی ئاینی) کە لە ساڵی ١٨٧٥دا دایمەزراندبوو چەندین جار سوڵتان عەبدولمەجیدی دووەم سەردانی کردووە. سەرەڕای ئەو چالاکییە عادەتییانەی گرێدراوی شێخە سۆفییەکان بوو، گویمویشخانەڤی جێی سەرنج بوو لەوەدا کە لەگەڵ موریدەکانیدا خۆی ناونووس کردبوو بۆ شەڕکردن لە بەرەی ڕۆژهەڵاتی جەنگی ڕووسیا – عوسمانیی ساڵی ١٨٧٧دا، هەروەها بۆ دامەزراندنی دەزگایەکی چاپکردن بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ئەو کار و بەرهەمانەی لە لایەن خۆی و کەسانی ترەوە دەنووسران و بە هەمان شێوەش بۆ دامەزراندنی کتێبخانەی گشتی لە تەرابزۆن و ڕیزە و ئۆف٢٥.

گویمویشخانەڤی ئیجازەی “خەلیفەی تەواو” یان دەسەڵاتی ڕەهای بەخشییە زەینوڵڵا بۆ پێدانی پەیوەستبوون بە ڕەوتی نەقشبەندیی خالیدییەوە. بەو پێیە زەینوڵڵا لە گەڕانەوەیدا بۆ ئاقخۆجە دەستیکرد بە کۆکردنەوەی موریدان بە خێرایی و سەرکەوتنێکەوە کەوا هەندێ لە شێخە ناودار و ناسراوەکانی تر و شوێنکەوتووانیانی نیگەران کرد. لەو سۆنگەیەوە واتەواتی دوژمنکارانە کەوتە گەڕ و بڵاو بووەوە و لەوانەش یەکێکی کاریگەریان کەوا مێتۆدی بەجێهێنانی زیکر لە لایەن زەینوڵڵا و لایەگرانیەوە بە دەنگی بەرزە و ئەمەش پێشێل کردنی نەریت و ئادابی نەقشبەندییە. لە تۆمارێکی مەرگنامەدا کە لە ساڵی ١٩١٧دا نووسراوە، بارتۆڵد باسی لەم واتەواتانە کردووە بە وەسفکردنی زەینوڵڵا وەک “یەکەم کەس کەوا زیکری بە دەنگی بەرز بەجێهێناوە لە باشکیریادا”٢٦. ئەگەری زۆر دووری هەیە کەوا زەینوڵڵا لە ڕاستیدا زیکری بەرزی بەجێهینابێت. مەولانا خالید جەختیکردووەتەوە لەم لقەی تەریقەتەکەی لەبارەی سووربوون لە سەر ترادیسیۆنی زیکری بێدەنگ و خودی زەینوڵڵا خۆی لە “الفوائد المهمه‌”دا باسی کردووە، کە نامیلکەیەکە ئەو نووسیوێتی و هێڵە بنەڕەتییەکانی ڕاهێنانی نەقشبەندیی باسکردووە٢٧. بەهەرحاڵ، موحەممەد موراد مەنزیلاویی هاونیشتمانیی زەینوڵڵا دەنووسێت کەوا “لە کۆڕی زیکری زەینوڵڵادا، دەکرێ گوێت لە دەنگی هاوار بێت. ئێمە پێشتر لەو شوێنەدا کەس پێی نەزانیوە، هاوارێک کە خاسییەتی ڕەوتی خالیدییە و لەو زیکرەوە بەرز دەبێتەوە کە لە مەڵبەندی دڵەوە بەجێهێنراوە”٢٨. ئەو هاوارە بیستراوەی کە لە بەجێهێنانی زیکری بێدەنگەوە بەرز دەبێتەوە ڕەنگە ئەو بۆچوونە دروست بکات کەوا زیکری بەرز بەڕێوەدەچێت.

خاسییەتە ڕکابەرەکانی زیکری بێدەنگ و بەرز بەردەوام مشتومڕی بەرپا کردووە لە مێژووی نەقشبەندیدا٢٩. نەقشبەندییەکان پێشتر خۆیان جیادەکردەوە لە ڕەگ و بنەچەی ڕێبازی یەسەوی لە ڕێگەی پێداگرتنەوە لە سەر زیکری بێدەنگی نەقشبەندییەکان. بۆ نموونە، ئێمە دەبینین کەوا لە ساڵی ١٨٦١دا دەروێشێک لە کۆکەندەوە هاتووە بۆ گوندێکی نزیک ساراتۆڤ و کەوتووەتە برەودان بە زیکری دەنگی لە ناو دانیشتووانەکەیدا و هەر یەکسەر وەک ئابڕووچوونێک گەیەنرایە بەڕێوەبەرێتیی ڕۆحانی لە ئۆرێنبوورگ٣٠.

هەرچۆنێک بێت، تۆمەتبار کردن دژ بە زەینوڵڵا لە مەسەلەی سادەی زیکر ئەولاتر ڕۆیشت. مەنزیلاوی بە شێوەیەکی خەیاڵی دەنووسێت کەوا دوژمنەکانی “ئەوە دەدەنە پاڵی کە نەدەبوو بدرێتە پاڵ هیچ موسڵمانێک و بە نەشاز و وەحشیگەرایی تۆمەتبار کراوە”٣١. بارتۆڵد باس لەوە دەکات کە زەینوڵڵا دیسان تۆمەتبار کراوە بەوەی کە ئەو حەجی بەجێهێناوە بێ دەستەبەرکردنی مۆڵەت پێدان و لەگەڵ خۆیدا نوێگەری و بیدعەی دیارینەکراوی جۆراوجۆری هێناوەتەوە٣٢. ئەمەی دواییان وا دەگەیەنێت کە زەینوڵڵا بە شێوەیەک لە شێوەکان دوژمنایەتیی کۆڕ و بازنە نەریتییەکانی ورووژاندووە کە ملکەچ و دڵسۆز بوون بۆ مۆدێلە ئاینی و خوێندنەکانی بوخارا و بە گومان بوون بۆ ئەو کاریگەرییانەی لە تورکیا و حیجازەوە سەرچاوەیان گرتووە. موسڵمانەکانی هەرێمی ڤۆلگا – ئووراڵ بەگشتی وا دیارە خەڵکیکی پڕ مشتومڕ بوون لە مەسەلە ئاینییەکاندا، بە هەستی ئوسووڵییانەوە کە بە ئاسانی تووڕەبوونی بەرپاکردووە، بە لای کەمەوە لە سەدەکانی هەژدە و نۆزدەدا و ڕیزائەدین بن فەخرەدین لە کتێبی ئاسارەکەیدا گەلێ سەرکۆنە کردنی گوایە لادانی تۆمار کردووە کەوا بەرز کراوەتەوە بۆ بەڕێوەبەریتیی ڕۆحانییەت. دەکرێ ئەوەشی بخەینەسەر کەوا خودی مەولانا خالیدیش بەرەوڕووی دوژمنایەتییەکی بەرچاو بووەوە لە سلێمانی و بەغدا، هەروەها نوێنەرەکانیشی لە ئەستەمبووڵ تووشی دوودڵی و گومانی قووڵ بوونەوە لە لایەن شێخە ناودارەکانەوە و پێدەچێت هێز و خولیای بە شێوەیەکی گشتگیر تووشی هەڕە هاتبێت.

زەینوڵڵا هەرگیز بە فەرمی نکووڵی نەکردووە لە پابەندبوونی بە عەبدولحەکیم چەرداکلییەوە و تەنانەت لە پێش پابەندبوونی خالیدیشدا باسیکردووە لە “الفوائد المهمه‌”دا٣٣ و دوو پابەندبوون تەنانەت لە ناو یەک تاکە تەریقەتیشدا، بە ڕەهایی دەگمەنە لە سۆفیگەریدا. بەڵام ئەوە ڕێکوڕەوان لە بازنەی مورید و شوێنکەوتووانی عەبدولحەکیمدا بوو کەوا تۆمەتبار کردن دژ بە زەینوڵڵا لەوانەیە بۆ یەکەمجار سەریهەڵدابێت٣٤. لێپرسینەوەیەکی سەرەتایی بۆ زەینوڵڵا ئەنجامدرا لە ماڵی ئەسکەندەر بن حەبیبولڕەحمان ناوێک لە گوندی ئێڵمەت، کە تێیدا چەندین کەس لە عولەما بەشدارییان کرد، لەناویاندا ئیشنیاز بن شێرنیاز، کە زانایەکی خەڵکی ئورگێنچ بوو کە وا باسدەکرێت لەوێوە هەندێک فەتوای جێی مشتومڕی دەرکردبێت٣٥. وا دیارە کۆبوونەوەکە نەیتوانیوە قەناعەت بە ڕەخنەگرانی زەینوڵڵا بکات، بۆیە لە ساڵی ١٨٧٢دا، ژمارەیەک عولەما لە ئیستەرلیباش کۆبوونەوە، سەرکۆنەی زەینوڵڵایان کرد و بەڕێوەبەرێتیی ڕۆحانیی ئۆرێنبورگیان لێئاگادار کردەوە سەبارەت بە “کوفر و شێواندنی ئیسلام”٣٦. ئەوجا زەینوڵڵا برایە بەردەمی دادگایی کردنی بەڕێوەبەرێتییەکە و جارێکی تر لێپرسینەوەی لەگەڵ کرا لەبارەی ڕا و بۆچوونەکانیەوە و بە گوێرەی بارتۆڵد بەڵێننامەیەکی پێ پڕکرایەوە بە ناوەرۆکی دیارینەکراو، کەوا بێگوناه دەرچوو لەو تۆمەتانەی بەرەوڕووی کرابووەوە٣٧.

بەهەرحاڵ، دەسەڵاتدارانی ڕووسیا بڕیاریاندا دەستوەربدەنە مەسەلەکەوە و زەینوڵڵا لە کاتی گەڕانەوەیدا لە ئۆرێنبورگەوە بۆ ئاقخۆجا گیرا. ئەو یەکەم زیندانی بوو لە زڵاتۆستدا بۆ ماوەی هەشت مانگ، پاشان وەزیری کاروباری ناوخۆ بڕیارێکی ئیدانەی بۆ دەرکرد لەگەڵ ماوەیەک دوورخستنەوەی بۆ نیکۆڵسک [نۆکۆڵەیسکیی گۆرۆدۆک] لە ویلایەتی ڤۆڵۆگدا. وەک مەنزیلاوی ئیشارەتی پێدەدا، ئەمە مامەڵەیەکی بەتایبەت زبر و سەخت بوو و باس لەوە دەکات کە ڤۆڵۆگدا ناوچەیەک بوو کە “تاقە ڕۆحێکی موسڵمانیشی لێ نەدەژیا”٣٨. هەرچۆنێک بێت، لە کاتی گواستنەوەیدا بۆ نیکۆڵسک، زەینوڵڵا شەوێکیان بووبوو بە هاودەمی کەسێک بە ناوی عەبدولڕەحیم بن عوسمان، کە لە ڕێگەی دوورخستنەوەیدا بووە بۆ سیبیریا و زەینوڵڵاش سوودی لەو دەرفەتە بینیوە و کابرای هێناوەتە سەر ڕێبازی خالیدی٣٩. ئەوجا لە پاش مانەوەی لە نیکۆڵسک، گوێزرایەوە بۆ قەڵای کۆسترۆما و پێنج ساڵی دواتریش بۆ گوندێکی تەتاری نزیکی ئەو ناوە. لە ساڵی ١٨٨١، بۆ دواجار قەدەغەی لە سەر هەڵگیرا و ڕێگەی پێدرا بگەڕێتەوە بۆ ئاقخۆجە.

Hikmat Maaroof

حیکمەت مەعروف، بەڕێوەبەری سایتی ناوەندی کەلتوری کۆچ. 07705028030

بابەتی پەیوەندیدار

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button