رۆشنبیری

ئیسلامی میللی‌و ناسیۆنالیزمی کوردی‌و شۆڕشی دێهات: شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران (١٩٢)

توێژینەوەی پرۆفیسۆر: مارتن ڤان بروونەسن – هۆڵەندا –  زانکۆی ئوتریخت 

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

لە مانگەکانی شوبات و ئازاری ١٩٢٥دا، کۆمارە نوێکەی تورکیا کەوتە لەرزین بە هۆی شۆڕشێکی جووتیارانی کوردەوە کە بە خێرایی لە بەشێکی  گەورە و بەربڵاوی ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵاتیدا تەشەنەی کرد [بروونەسن ١٩٧٨؛ بڕوانە فیرات، ١٩٧٠؛ جەمال، ١٩٥٥؛ تۆکەر، ١٩٦٨؛ ئۆڵسن و تەکەر ١٩٧٨]. تاقم تاقم جووتیاران کە چەکی سەرەتاییان پێبوو، بە سەرکردایەتیی ڕابەرە    ئاینی و سەرۆکە خێڵەکییەکانیان، شار لە دوای شاریان داگیرکرد و کارگێڕیی سەرەتایی خۆیانیان تێیاندا دامەزراند و هەموو کاربەدەستە مەدەنی و سەربازییەکانیان تێدا دەرپەڕاند کە بە دڵسۆزی مابوونەوە بۆ حکوومەتی ناوەندی. جووڵانەوەی یاخیبووان لەلایەن شێخ سەعیدەوە ڕێکدەخرا، کە ڕابەرێکی میللیی تەریقەتێکی دەروێشی بوو، لە کاتێکدا کە شێخەکانی تری سەر بە هەمان ڕێباز یان تەریقەت بە هەمان شێوە پێگەی سەرکردایەتییان وەرگرتبوو لە شۆڕشەکەدا. ئامانجی ڕووکەشی شۆڕشەکە وەستاندنی چاکسازییە سێکولارەکان بوو کە حکوومەتی تورکیا دەستیپێکردبوو. بەڵام دواتر سەرکردەکانی بە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ تۆمەتبار کران. دامرکاندنەوەی شۆڕشەکە بۆ حکوومەت دوو مانگی خایاند لەگەڵ بەکارهێنانی ‌هێزی ئاسمانی و ٣٥ هەزار سەربازی هێزی پیادە و خوێنڕشتنێکی زۆر. هەروەها پرۆسەکە بەشێکی گەورەی دیموکراسیی لەرزۆکیشی کردە قوربانی.

شۆڕشەکە هەل و دەرفەتی ڕەخساند بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دکتاتۆریی مستەفا کەمال (ئەتاتورک) و عیسمەت (ئینۆنو). پاشان حکوومەتی تا    ڕادەیەک لیبراڵی فەتحی بەگ (ئۆکیار) بە کوودەتایەک لە حیزبی حوکمڕاندا ناچاری دەست لەکارکێشانەوە کرا و عیسمەت، کە بەتوندی ڕقی لە ئۆپۆزسیۆنی “لیبراڵ” و موحافزەکار بوو، وەک سەرۆک وەزیران گەڕایەوە. دوو هەفتە دوای گەیشتنی دەنگوباسی شۆڕشەکە بۆ ئەنقەرە ئەم کابینەی حکوومەتەکەی پێکهێنا. بۆ ڕۆژی دواتر ئەنجومەنی نیشتمانیی تورکیا یاسایەکی دەرکرد لەبارەی گێڕانەوەی نیزام، کە لە واقیعدا دەسەڵاتێکی بێسنووری دا بە حکوومەت. ئەو دادگا تایبەتانەی کەوا بە پێی ئەم یاسایە دامەزران دەبوو دادگایی سەرکردەکانی شۆڕشە کوردییەکە بکەن و دەسەڵاتی تا ئاستی سەپاندنی سزای مەرگیان هەبوو بەسەریاندا و بە هەمان شێوە بۆ بەرهەڵستکارە سیاسییەکانی تریش. بە هۆی دەسەڵاتە دکتاتۆرییەکانی حکوومەتەوە، دەکرا ڕیفۆرمە کەمالییەکان بە شێوەیەکی ڕوو لە زیاد جێبەجێ بکرێن بە ڕەچاوکردنێکی کەمی ئۆپۆزسیۆن. یەکێک لەم ئیجرائاتانەی ڕیفۆرم، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە شۆڕشەکەوە هەبوو، سەرکوتکردنی هەموو ڕێباز و تەریقەتەکانی دەروێشی بوو، کەوا لانکەی ئیسلامی میللی بوون. ئەنجام و لێکەوتەکەی تریشی سیاسەتی بە زۆرەملێ تواندنەوەی کورد و بێبەشکردنیان بوو لە مافە کولتوورییەکانیان.

ئەم دواین سیاسەتەی حکوومەت، سەرەڕای پەیڕەویکردنی بۆ ماوەی چەندین دەیە. شکستیهێنا لە بەدیهێنانی ئامانجە ڕوون و ئاشکراکەیدا سەبارەت بە ڕیشەکێش کردنی جوداخوازیی کوردی. لە ماوەی ساڵانی ١٩٧٠کاندا، ناسیۆنالیزمی کوردیی ڕوو لە هەڵکشان پێدەچێت بنکەیەکی میللیی فراوانی دەستەبەر کردبێت لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی تورکیادا. هەرچەندە زۆرێک لە براندە ناسیۆنالیستەکانی ئەمڕۆی کورد یاخیبوونەکەی شێخ سەعید بە کۆنەپەرست لەقەڵەم دەدەن، بەڵام یادەوەرییەکەی هێشتا هەر زیندووە و زۆرێکی تریان بە شکۆ و شانازییەوە باسی دەکەن. هەروەها زۆرێک لە   ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان وتار و بابەتی دوور و درێژی بۆ تەرخان دەکەن و ئەم شۆڕشە بووە بە هێما و سیمبۆڵ بۆ هەردوک نەتەوەخوازە کوردەکان و نەیارەکانیشیان.

پاشخان:

ڕوونترین هۆکاری شۆڕشەکە ئەو بەرنامە سێکولار کردنە بوو کە حکوومەتی کۆماری دەستیدایە جێبەجێ کردنی. هەڵوەشانەوەی سەڵتەنەت لە ساڵی ١٩٢٣دا هەڵوەشانەوەی خەلافەتی بەداوادا هات لە پاش ساڵێک، کە پەستی و تووڕەییەکی زۆری بەرپاکرد لای ناوەندە موحافزکارەکانی ناوەوە و دەرەوە. بەتایبەتی لە ناو کوردەکاندا خەلافەت ڕێز و پیرۆزییەکی بەرزی هەبوو. لە دەسپێکی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، کاتێ کەوا سوڵتان وەک  خەلیفە و ڕابەری باڵای تەواوی موسڵمانە ئوسووڵییەکان “جیهاد” یان (جەنگی پیرۆزی) ڕاگەیاند، زۆربەی کوردەکان کەوتنە جۆش و خورۆش و چوون بە دەم ئەو بانگەوازەوە. ئەو بڕە پارە هێجگار زۆرەی کە ڕووسەکان خەرجیان کرد لە هەوڵداندا بۆ کڕینی لایەنگری و دڵسۆزیی هەندێ لە سەرۆکە کوردەکان هیچ سوودیکی نەبوو، بە هەمان شێوەش بانگەشە پڕ سۆز و جۆشەکەی نەتەوەییە کوردەکانیش نەبووە ڕکابەری گوتاری خەلیفە. چونکە بۆ زۆرێک لەوان خەلافەت بەرجەستەی تەواوی ئیسلام بوو و هەڵوەشاندەوەشی وا وێناکرا کە لێدان بێت لە خودی ئیسلام خۆی. بە هەمان شێوەش چاکسازییە یەکەمجارەکانی خوێندن وا دیاربوو کە لێدانە لە ئاین، چونکە ناوەندە ئاینییەکانی خوێندنی نەریتی (مەدرەسە) هەڵوەشێنرانەوە و قوتابخانەی نوێی شێوازی ڕۆژئاوایی جێیگرتنەوە. ڕاستەوخۆ لە پێش شۆڕشەکەدا شێخ سەعید چەندین وتاری دا و تێیاندا بە وردی ئەم    کار و کردەوانەی سەرکۆنە کرد. دواتریش لە دادگایی کردنەکەیدا، شێخ سەعید ئەم کورتەیەی خوارەوەی یەک لە وتارەکانی پێشکەش کرد، کە لە پیران دابووی، ئەو شوینەی کەوا پێشوەخت شۆڕشەکەی تێدا هەڵگیرسا:

“مەدرەسەکان داخران، وەزارەتی ئاین و دەزگا و دامەزراوەکانی خواپەرستی هەڵوەشێنرانەوە. لە ڕۆژنامەکاندا لێشاوێک لە نووسەرانی دژەئاین   بێشەرمانە و بێپەردە سووکایەتی بە ئاین دەکەن و ناوی پێغەمبەری مەزنمان لەکەدار دەکەن. من ئەگەر بتوانم هەر لە ئەمڕۆوە دەست بە تێکۆسان دەکەم و دەبمە یەکێک لەوانەی بەشداری دەکەن لە ڕزگارکردنی ئایندا [جەمال، ١٩٥٥: ٢٤؛ تۆکەر ١٩٦٨: ٣٨]”.

هەر لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشدا، ئەو بەردەوام ئەم ئارگومێنتانەی بەکاردەهێنا بۆ دەستەبەر کردنی پاڵپشتیی زیاتر. بەو پێیە بەرهەڵستیکردن و دژایەتی کردنی بەرنامە سیکولارەکەی کەمالییەکان یەکێک بوو لە لایەنە گرنگەکانی شۆڕشەکە. لەگەڵ ئەوەشدا یەکەم ئامادەکارییەکان بۆ شۆڕش لە لایەن ڕێکخراوێکی نهێنیی کوردە خوێندەوارەکانەوە ڕاییکرا، کە ئامانجەکانیان بە هیچ شێوەیەک ئاینی نەبوو بەڵکو بەتەواوی نەتەوەیی بوو. ئەمانە پەیوەندییان بە شێخ سەعید و شێخەکانی ترەوە کرد، چونکە شێخ سەعید دەسەڵات و کاریگەرییەکی وای هەبوو کە ئەم ناسیۆنالیستانە هێشتا نەیانبوو. پێش ئەوەی لە ڕۆڵی ئەمان قووڵ ببینەوە پێویستە قسەیەکی کورت بکرێت لەبارەی بەشدارانی ڕاستەقینەی شۆڕشەکەوە و بۆچی شێخەکان ئەو   کاریگەری و دەسەڵاتە گەورەیەیان هەبوو لەناویاندا.

بارودۆخی کۆمەڵایەتیی ئابووریی ناوچەی شۆڕشەکە:

چەقی ناوچەی شۆڕشەکە – واتە ئەو ناوچەیەی تێیدا بەرپاکرا و زۆربەی جووتیارانی لەخۆدەگرت – ناوچە شاخاوییەکانی باکووری دیاربەکر بوو. هەروەها کاری توندوتیژی لە شوێنی جیاجیای دوورتریش بەرپاکرا و لە دەرەوەش خەڵک هاتبوون بۆ ئەوەی بدەنە پاڵ شۆڕش. بەڵام تەنها لەم ناوچەیەدا بەشدارییەکە زۆر زۆر بوو.  زۆربەی ئەو کوردانەی لەم ناوچەیەدا دەژین زازا زمانن، کە پەیوەندیداری زمانێکی ئێرانییە و لەگەڵ کوردیی ئاسایی یان کرمانجیدا لێکتر تێناگەن. هەندێ لە خێڵەکانی زازایی زمان و بەتایبەتی خێڵەکانی ناوچەی دەرسیم سەر بە تایفەی عەلەویی جیاوازن لەوانیتر و هەندێکی تریان موسڵمانی سوننەی ئوسووڵین و تەنها ئەمانەیان بەشداریی شۆڕشەکەیان کرد.

ئابووریی گوندەکانی زازا و بە ئاستێکی گەورە تا ئێستاش داخراوە و لێرە هەر گوندنشینێک نزیکەی پارچە زەوییەکی بچووک و هەندێ ئاژەڵ و ماڵاتی هەیە کە تەنها بەشی ژیانێکی هاکەزاییان دەکات. ئەوەشی کە خۆی بەرهەمی نەهێنایە زیاتر حەزی بەوە دەکرد کە بە ئاڵوگۆڕ دەستیبکەوێت لەجیاتیی کڕین و فرۆشتن بە پارە. بەڵام تووتن لەم مەسەلەیەدا ڕیزپەڕ بوو کە لە هەندێک گونددا دەیانچاند و حکوومەت مۆنۆپۆڵی کردبوو و بە نرخێکی هەرزان لێیدەکڕین. هەڵبەت بە هۆی کەمی و بەرتەسکیی زەویوزارەوە بەردەوام گەنجەکانی زازا گوندەکانی خۆیان بەجێدەهێشت بۆ شارەکانی ناوچەکە یان یەکێک لە شارە گەورەکان و ژمارەیەکی زۆری کۆچبەرانی ئەم گوندانە لە دیاربەکر و ئێلازیغ و ئیستانبووڵ گیرسابوونەوە و ئەمەش سەلماندی کە فاکتەرێکی گرنگ بوو لە ماوەی شۆڕشدا. زۆربەی زازاکان کشتیاری جێگیر بوون، بێ مێژوویەکی نوێی کۆچەرێتی و گوندەکانیان ڕێکخستنێکی خێڵەکیی بەهێزی تێدایە. هەر خێڵ یان عەشیرەتێک لە عەشیرەتە بچووکەکانیان لە گوندێک یان چەند گوندێک پێکدێت و کەسێک سەرۆکایەتییان دەکات کە چەردەیەک دەوڵەمەندترە لە خەڵکە ئاساییەکە. ئەو بڕیارانەی دەدرێن سەبارەت بەو مەسەلانەی کە پەیوەندییان بە هەموو عەشیرەتەکەوە هەیە، وەک بەرگری کردن لە زەویوزاری خێڵەکە، ناکۆکی و دوژمنایەتی، یان بڕیاردانیش لەبارەی ئەم شۆڕشەی ئێستاوە، بە گفتوگۆ دەکرێت لە ئەنجومەنێکدا کە لە ئاغا و کوێخا (موختار) و ڕیشسپییانی گوند پێکدێت و بەعادەت ئەندامانی عەشیرەتەکە بێ هیچ دوودڵی و گومانێک ملکەچی ئەم بڕیارانە دەبن.

بەشی باکووری ناوچە یاخییەکە، بە چیا بەرزەکانی و پاکژ و پاوانی دەوڵەمەندیەوە، جێنشینی عەشیرەتی گەورەی کرمانجی زمانی جبران بوو. ئەمانیش وەک هەردوو خێڵی حەسەنان و حەیدەرانی دەراوسێیان چەند بەشێکیان دەبوو بەشداریی شۆڕشەکە بکەن. ئەم خێڵە پێشتر کۆچەر بوون، بەڵام لە ساڵی ١٩٢٥وە تا ڕادەیەکی باش نیشتەجێ بوون. ڕەشەخەڵکەکە هەردوک کشتوکاڵی سادە و شوانکارەیی مامناوەندیان پێکەوە دەکرد. بەڵام بنەماڵە گەورەکانی کەوا لقوپۆیان لە کارلیۆڤا و ڤارتۆ و بوڵانیک دەژیان و دەسەڵاتدار بوون تێیاندا خاوەنی ڕانە ئاژەڵی گەورە گەورە بوون. شێخ سەعیدیش هەمان شتی دەکرد، کە لە هیچکام لەم خێڵانەدا لەدایک نەبووبوو، بەڵام ژنی لە بنەماڵەیەکی سەرۆکی خێڵی جبران خواست. پاشان لە پاڵووی زێدی ڕەسەنی خۆی باریکرد و چوو بۆ خنس بۆ بەخێوکردن و تاقەتکردنی مێگەل و ماڵاتەکەی لە پاوان و لەوەڕگای باشتردا و لە هەمان کاتیشدا زیاد کردن و تەشەنە پێکردنی دەسەڵات و کاریگەریی ڕۆحی و سیاسیی خۆی لە ناو کرمانجی زمانەکاندا. شێخ و کوڕەکانی خەریکی بازرگانیی ئاژەڵی زیندوو بوون بە کۆ و ئەمەش وایهێنابووە پێشەوە کە شێخ بەردەوام بڕوات بۆ شارە گەورەکانی وەک ئیستانبووڵ و حەڵەب. بێجگە لەمەش بازرگانییەکی وا زۆر لە ناوچەکەدا نەبوو، چونکە شارە بچووکەکانی ئەو ناوە زیاتر مەڵبەندی ئیداری بوون نەک بازرگانی.

زۆربەی گوندنشینانی چیاکان جووتیاری سەربەخۆ بوون و بەرهەمیان تەنها بەشی خۆیانی دەکرد و نەدەکرد، بەپێچەوانەی ئەوانەی پێدەشتەکانی دەوروبەری دیاربەکر و فارقین (سیلڤان)، کە ناوچەگەلی بەرفراوانی گەنم چاندن بوون و کەسانێک ڕووبەری بەرفراوان زەویوزاریان بەدەستەوە بوو، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆربەی گوندنشینان جووتیار یان کرێگرتەی هەژار بوون و ڕێکخستنی خێڵەکییان تێدا نەبوو، بەڵکو پشتیان بە مڵکدار و خاوەن زەوییەکان دەبەست کە لەوێش نەبوون. ئەم جۆرە گوندنشینانە پێناچێت ڕۆڵێکی چالاکیان بووبێت لە شۆڕشەکەدا.

شێخەکان:

سەرکردە باڵاکانی شۆڕشەکە سەرۆک خێڵ یان عەشیرەتەکان نەبوون بەڵکو شێخ و ڕابەرە ئاینییەکان بوون. ئەمانەش سەرۆک تەریقەتی سۆفی یان دەروێشی بوون و لەم حاڵەتەشدا بەتایبەتی ڕێبازی نەقشبەندی جەماوەرییەکی زۆر گەورەی هەبوو لە کوردستاندا [بڕوانە ئاڵگەر، ١٩٧٦؛ حۆرانی، ١٩٧٢؛ بروونەسن، ١٩٧٨]. هەڵبەت ئەوە تەریقەتەکانی دەروێشی بوون، نەک ئاینی فەرمیی مزگەوت، کەوا پێداویستیی سۆز و خواپەرستیی گوندنشینەکانیان تێر دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، بەپێچەوانەی بارودۆخەکانی ترەوە، جیاکردنەوەیەکی ڕوون نەبوو لە نێوان ئاینی فەرمی و ئاینی میللیدا، چونکە هەر یەکەیان ئەویتری تەواو دەکرد و وا تەماشا ناکرێن کە دوو نەریت و ترادیسیۆنی ڕکابەرن بەڵکو وا تەماشا دەکرێن کە بەشێکن لە هەمان دەزگا و دامەزراوە. نەقشبەندی لە ڕێباز و تەریقەتەکانی تر زیاتر هانی هاتوچۆی مزگەوت و بەجێهێنانی توندوتۆڵی ئەرکە ئاینییەکانی دەدا. لەولاشەوە مەلا و تەواوی کارڕانانی مزگەوت ڕێزێکی گەورەیان دەردەبڕی بۆ زۆربەی شێخە نەقشبەندییەکان. لەگەڵ ئەوەشدا، بارێکی تەواو ئاڵۆز ئاڵابوو لە باوەڕی ئاینیی غەیرە نەریتی و پیادەکردنی ڕاهێنان و پەرستشی ئەم ڕێبازە.  بۆ گەلێک لە شوێنکەوتووانی ئەم ڕێبازە شێخەکان تەنها هەر سۆفیی خواپەرست نەبوون بەڵکو کەسی پیرۆزی ئەوتۆ بوون کەوا کەرامات و پەرجوویان لێدەردەکەوت و ئەو دۆعا و نووشتانەی دەستخەتی ئەوان مەترسی و کاریگەریی شەڕ و بەڵایان دووردەخستەوە و تەنانەت تفیشیان دەرمانی بێوێنەی دەردان بووە. ئەوان بە هۆی کاری ناسرووشتییانەوە دەیانتوانی یارمەتیی مورید و شوێنکەوتووانیان بدەن کاتێ دەکەوتنە تەنگانەوە و بگرە هەندێکیشیان ئیددیعای ئەوەیان دەکرد کەوا لە ڕۆژی قیامەتدا دەستی شوێنکەوتووانیان دەگرن و لە پردی سیرات دەیانپەڕێننەوە بۆ ماڵی ئاسوودەیی و بەهەشتی ئەبەدی.

لە بەشێکی زۆری کوردستاندا، باوەڕ وابوو کە پێویستە کەسی باوەڕدار خۆی ببەستێ بە شێخێکەوە لای کەمەکەی با بە ناویش بێت. مرۆڤ هێشتا لە کەسە بەساڵداچووەکان گوێی لەم وتەیە دەبێت “ئەگەر تۆ شێخێکت نەبێت ئەوە شەیتان جێی دەگرێتەوە و دەبێتە شێخت”. بەهەرحاڵ، “بوونی شێخێک” مەسەلەی جۆراوجۆر دەگرێتەوە بۆ خەڵکی جیاجیا. زۆربەی شوێنکەوتووانی هەر شێخێک تەنها بە ناو شوێکەوتن بووە و ئەوان ساڵی جارێک یان دووان  سەردانیان کردووە و دەستیان ماچ کردووە و دەست و دیارییان بۆ هێناوە و ئەویش دۆعای خێری بۆ کردوون و بەرەکەتی پێبەخشیون و هەندێ جاریش تەوبەی پێکردوون، بەتایبەتی ئەوانەی تازە دەهاتنە ناو تەریقەتەوە. سەرەڕای ئەمەش، ئەوان بۆ کێشە و گرفتی جۆراوجۆر دەچوون بۆ لای شێخ وەک نەخۆشی یان نەزۆکیی ژن یان شەڕ و ئاژاوەی خێزانی یان ناکۆکی و دوژمنایەتی یان پرسیارگەلی ئاین و باوەڕ یان بۆ دۆعا و نووشتە یان بۆ پرس و ڕاوێژ پێکردنی لە کاروباری تایبەتی یان گشتیدا. ئەوجا تا ناو و ناوبانگی شێخیش زیاتر بووایە سەبارەت بە موبارەکی و هێز و توانای کەرامات و موعجیزە نواندن یان چەند زیرەکانە و لێزانانە ناکۆکی و کێشەکانی تری خەڵک چارەسەر دەکات ئەوەندە سەر ژمارەی مورید و شوێنکەوتووانی زیادی دەکرد. هەروەها شێخە گەورەکان گەشتی ساڵانەیان دەکرد بە ناو شوێنکەوتووانیاندا بۆ ئەوەی دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنن کەوا گوێ لە وەعز و ئیرشادیان بگرن لە لایەک و بۆ خۆیشیان دیاریی گەورە و بچووک کۆبکەنەوە.

شوێنکەوتووانی توندڕەوتر لە کۆڕ و کۆبوونەوەی زیکر و تێڕامانی هەفتانە یان چەندبارەدا بەشدارییان دەکرد بە سەرۆکایەتیی شێخ یان جێگرێکی (خەلیفەیەکی). هەر ڕێباز یان تەریقەتێکیش شێوازی پەیڕەویکردنی ڕاهێنانی ڕۆحیی تایبەتی خۆی هەیە کە پێویست بێت هانی مورید و شوێنکەوتووی قاڵبوو بدات بۆ دۆخی جەزبە و حاڵ لێهاتن کەوا سەر دەکێشێتەوە بۆ پەیوەستبوونی ڕاستەوخۆ لەگەڵ زاتی خواوەنددا. ئەم چەشنە زیکر و ڕاهێنانە بە شێوەیەکی ئاسایی بەکۆمەڵ ئەنجام دەدرێت. ئامادەگیی جەستەیی یان ڕۆحیی شێخ پێویستە بۆ سەرکەوتنی ئەم جۆرە کۆڕ و ڕاهێنانە، بەتایبەتی لە تەریقەتی نەقشبەندیدا، چونکە لە ڕێگەی نێوەندگیریی شێخەوە پەیوەستبوون بە خواوەندەوە چێ دەبێت. بەو پێیە مورید و شوێنکەوتووە ڕاهێنراو و قاڵبووەکانی شێخ پەرە بە دڵسۆزی و پەیوەستبوونی هێجگار بەهێز دەدەن بۆی. ئەوان توندترین پاڵپشت و بانگەشەکارن بۆی و کەرامات و کارە ڕۆحییەکانی بە هەموو لایەکدا پەخش و بڵاو دەکەنەوە. بە دەگمەن ڕێکدەکەوێت کە شێخێک زیاد لە سەد کەس لەو قوتابی و موریدانەی ببێت. بەپێچەوانەی ڕێباز و تەریقەتەکانی ترەوە، کە بەگشتی پەیوەندییان لەگەڵ چینە نەریتییەکانی ناوەڕاستدا هەیە، زۆرێک لە مورید و دەروێشان لە کوردستاندا گوندنشینن و بەزۆریش هەژارن. دوو جۆری تایبەتی مورید و شوێنکەوتوو هەن کە بەعادەت پیاوانی گەورەساڵ و بەتەمەنن و وازیان لە ژیانی دنیایی هێناوە بۆ دیسپلینێکی ڕۆحی لە کایە و جوغزی ڕاستەوخۆی شێخدا و لە دۆخ و سیاقی  هەنووکەییشیاندا بوون بە خوڵام و بەردەستەی شێخ و ئەمانەش پیاوانێکی چەکدارن و وەک پاسەوانی شەخسی کاردەکەن و لە هەندێ حاڵەتیشدا وەک جێبەجێکاری یاسا ڕەفتار دەکەن. بوونیشیان بەستراوە بەو ڕۆڵە سیاسی و ئابوورییانەوە کە شێخەکان دەیگێڕن لە گەلێ شوێنی کوردستاندا.

 لە زۆربەی حاڵەتەکاندا شێخەکان لە ناوچە و شوێنی دایکزادیاندا ناژین و وایشیان بە لاوە باشە کە سەر بە هیچ خێڵێکی ناوخۆیی نەبن. ئەمە بێجگە لە گریمانەی پیرۆزییان، دەیانکاتە نێوەندگیر و ناوبژیوانی نموونەیی لە مەسەلەی شەڕ و ناکۆکیی خێڵەکیدا، کە ئەمەش سامان و کاریگەرییەکی سیاسیی گەورە و بەرچاو دەداتە شێخی دەستپێشخەر و لێزان. هەڵبەت دەسەڵاتدارترینی شێخەکان بەزۆری لەو شوێنانەدا دەژین کە سەرۆک خێڵی هێند گەورە و بەهێزی تێدا نەبێت بۆ چارەسەری کێشە و ململانێکان، چەشنی ناوچەکانی زازا کە لێرەدا مەبەستی ئێمەن و ڕکابەری و ناکۆکیی بەردەوام لە نێوان گەلێ لە سەرۆکە بچووکەکاندا بەرپا دەبوو. لێرە شێخ سەعیدی پاڵوو و شێخ شەریفی گوێکدەرە و ژمارەیەک لە شێخەکانی تر، هەر یەکەیان توانیبووی بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێزتر بێت لە هەرکام لە سەرۆک خێڵە ناوخۆییەکانی زازا. ئەم شێخانە تەنها کەسایەتیی داخراو (إنطوائی) و لەسەرێکی ترەوە دنیاییش بوون، وەک هەندێک لە شێخە نەقشبەندییەکانی شوێنانی تر بوون. ئەوان بە هەمان ئەندازەی قامەت دابەستن لەسەر بەرماڵی نوێژ کردن پەڕینە سەر کۆڵی زین و بە ئەزموون و لێزانی مامەڵەیان لەگەڵ تفەنگدا کرد چون مامەڵە کردن لەگەڵ تەزبیحدا. ناوبانگی ئەوان لە پیرۆزیدا هاوشان بوو لەگەڵ توانای جەستەیی و بوێرییاندا. یەک لەوانە کە شێخ شەریف بوو، فەرماندەی فەوجێکی غەیرە نیزامی کوردەکانی زازا بوو لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا. هەموو خێڵەکان قایل نەدەبوون بە دەسەڵاتی شێخەکان و لەم ناوچەیەی جێمەبەستی ئێمە ژمارەیەک لە خێڵەکان هەبوون کەوا چووبوونە سەر باوەڕی شیعەی (عەلەویی) تایبەتی غەیرە نەریتی (هێتەرۆدۆکس). عەلەوییەکان و سوننییەکان ڕقیانە لە باوەڕ و پەیڕەوی و بەجێهێنانی ئاینی و مەزهەبیی یەکترە و ئەم فاکتەرە ئایدیۆلۆجییە بووە بە هۆی ئەوەی کەوا ململانێی نێوان خێڵە سوننی و شیعەکان ئەوپەڕی توند و سەخت بێت (هەڵبەت نەقشبەندییەکان موسڵمانی سوننیی و بە شێوەیەکی تایبەت توند و دڵسۆزن). لە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی سوننە مەزهەبدا دەوڵەت و خێڵە سونییەکان هاوکار و لەسەرپێ بوون بۆ سەپاندنی چەوساندنەوە و سەرکوتکردنی سیاسی بەسەر عەلەوییەکاندا. ئەوجا لێرەوە تێدەگەین کەوا کاردانەوەیان بۆ هەوڵی بەسێکولار کردنی مستەفا کەمال بەگشتی ئەرێنی بووە و هەر لەم سۆنگەیەشەوە بووە کەوا زۆرێک لە خێڵە عەلەوییەکانی ناوخۆ دەبوو دژ بە شۆڕشەکەی شێخ سەعید بوەستنەوە و چالاکانە شەڕیشی بکەن، یان بابڵێین شەڕی دوژمنە نەریتییەکانی خۆیان بکەن. بەڵام کە نەچوونە پاڵ شۆڕشەکە دژایەتیشیان نەدەکرد.

نەتەوەییەکان (ناسیۆنالیستەکان):

ئەو شۆڕشەی کە لە واقیعدا شێخ سەعید سەرکردایەتیی کرد لە بنەڕەتدا بیرۆکەی ئەو نەبوو بەڵکو هی ڕێکخراوی نەتەوەیی ئازادیی نهێنیی بوو، کە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی بۆ کوردستان دەدا. هەرچەندە ئازادی یەکەم ڕێکخراوی نەتەوەخوازی کورد نەبوو [بڕوانە جوەیدە، ١٩٦٠؛ سلۆپی، ١٩٦٩؛ بروونەسن، ١٩٧٨]، بەڵام ئەمیان لەوانیتری پێش خۆی تۆکمەتر و ڕێکخراوتر بوو، ئەندامەکانی بەزۆری ئەفسەری سوپا بوون و پاشخانێکی خێڵەکییان هەبوو، لەبریی ئەریستۆکراتە شارستانییەکانی کە بەتەواوی لە ژیانی گوند نامۆ و دابڕابوون کە باوباپیرانیانی تێدابووە. ڕابوونی نەتەوەپەرستیی ئەمان کاردانەوە بوو بۆ نەتەوەپەرستیی تورکی کە لە ناو سوپادا تەشەنەی کردبوو. هەروەها بە هۆکاری دڵەڕاوکێ و نیگەرانیی ئەوەشەوە کەوا کورد بەرەوڕووی چارەنووسێکی لەوەی ئەرمەن دەبێتەوە. ئەگەری دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی و بە هەمان شێوەش دەوڵەتێکی ئەرمەنی لە پەیمانی سیڤەری ساڵی ١٩٢٠دا نووسرابوو، بە هۆی هەندێ هەوڵی نابەدڵ و ساردوسڕی بەریتانیاوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی بچووکی ناوبڕی کوردی لە نێوان عێراقی عەرەبی و تورکیادا. ئەندامەکانی ئازادی، سەرەڕای دڵگەرمیی نەتەوەییان، ئەوەیان باش دەزانی کەوا هێشتا پشتیوانیی تەواوی جەماوەری کوردیان نییە و هێز و دەسەڵات و بانگەشەی پێویستیان نییە بۆ دابینکردنی پشتگیریی جەماوەر. لەبەر ئەوە لە سەرۆکە نەریتییە کاریگەرەکانی ناوچە و شوێنە جیاجیاکانی کوردستان نزیکبوونەوە. شێخ سەعید لەلایەن خالید بەگی زاوایەوە کە لە بنەماڵەی جبرانی دەسەڵاتدار و حوکمڕان بوو بانگهێشت کرا. ئەم خالید بەگە کۆڵۆنێڵی سوپا و یەکێک بوو لە بیرمەندانی سەرەکیی ڕێکخراوی ئازادی. شێخ سەعید بە دڵگەرمییەوە بە دەم بانگهێشتەکەوە چوو و ڕۆڵێکی پێشەنگی بینی لە پلان داڕشتندا، کە لە ساڵی ١٩٢٤وە دەستیپێکردبوو. لە بنەڕەتدا مانگی مایسی ١٩٢٥ دەسنیشان کرا وەک مێژوویەک بۆ بەرپاکردنی ڕاپەڕینێکی گەورە کە زۆربەی یان گشت ویلایەتە کوردییەکانی تورکیا بگرێتەوە. ئەفسەرەکانی ئازادی دەبوو ئۆپەراسیۆنەکان ڕێکبخەن چونکە ئەزموونی سەربازییان هەبوو. هەروەها دەبوو فەرماندەیی لۆکاڵی لەلایەن شێخەکان و سەرۆک خێڵەکانەوە دابین بکرێت، بەڵام لە ڕاستیدا شۆڕشەکە پەیڕەویی ئەم نەخشە و پلانەی نەکرد. پاشان بە هۆی بارودۆخی چاوەڕوان نەکراو و بەدحاڵیبوون و ژمارەیەک هەڵەوە دەسەڵاتدارانی تورکیا گومانیان پەیداکرد. لە کۆتایی ساڵی ١٩٢٤دا، زۆربەی زۆری سەرکردایەتیی باڵای ڕێکخراوی ئازادی گیران و تەنها کەمێکیان توانییان دەرباز ببن و هەڵبێن بۆ عێراق، کە لەوێیش کەوتنە بەر لێکۆڵینەوە لەلایەن ئەفسەرانی هەواڵگریی بەریتانیاوە. هەڵبەت سکاڵایان لە دەست ستەمی حکوومەتی تورکیا هۆشیارییەکی توندی دەردەبڕی بە مامەڵەی پڕ لە جیاکاری و بە سروشتی هۆکار و پاڵنەریان نەتەوەیی بوو نەک ئاینی١.

شۆڕش:

وا ئێستا بە بوونی سەرکردە زۆر گرنگەکانی ئازادی لە زیندان یان تاراوگەدا، دەبوو پلانەکان چاویان پێدا بخشێنرێتەوە. لە مانگی کانوونی یەکەم یان دووەمدا، کۆبوونەوەیەک بەسترا لە نێوان ئازادی و شێخەکان و سەرۆک خێڵەکاندا، کە بە شێوەیەکی بنەڕەتی لە ناوچەی زازاوە ئامادەی بوون. لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری بەردوامبوون درا لەسەر شۆڕشەکە و کاتەکەی پێشخرا بۆ مانگی مارت. لە مانگی کانوونی دووەمدا شێخ سەعید دەستیکرد بە گەشت و گەڕانی ساڵانەی خۆی لە ناوچەکانی زازادا و ئەوپەڕی هەوڵ و کۆششی خۆی بەکارهێنا بۆ چارەسەر کردنی هەر کێشە و ناکۆکییەک کە ڕەنگە ببنە هۆی تێکدانی یەکێتیی شۆڕشەکە و گفتوگۆ کردنی مەسەلە ستراتیجییەکان لەگەڵ سەرۆکە ناوخۆییەکاندا. وتاردانە توند و ئاگراوییەکانی ئیلهامبەخشی گوندنشینان بوون بۆ ئەوەی ڕقیان لە حکوومەتی کۆماری ببێتەوە [بروانە جەمال، ١٩٥١: ٢٤؛ تۆکەر، ١٩٦٨: ٣٨]. لەم گەشتەدا دەستە و دایەرەیەکی گەورە و نائاسایی هاوڕێتیی شێخ سەعیدی دەکرد کە پیاوانی چەکداری لەخۆگرتبوو. شێخ لە کاتی مانەوەیدا لە پیران، ئەو گوندەی کە عەبدولڕەحیمی برای تێیدا دەژیا، ڕووداوێکی بچووکی پێشوەخت بوو بە هۆی هەڵگیرسانی شۆڕش لە ١٣ی شوباتی ١٩٢٥دا [هەمان سەرچاوە]. جەندرمەی تورکی لە نێو دەستوپێوەندەکەی شێخدا گەلێ کەسی ناسییەوە کە بە هۆی تۆمەتی پیاوکوشتنەوە لە یاسا هەڵاتبوون. لە هەوڵێکدا بۆ دەسگیرکردنی ئەو هەڵاتووانە تەقە کەوتە نێوان پیاوەکانی شێخ و جەندرمەوە و پۆلیسێکی تێدا کوژرا. ئەوجا لەبەر ئەوەی کە ئامادەکارییەکان بۆ شۆڕش هێشتا تەواو نەبووبوو، شێخ ئەوپەڕی هەوڵیدا بۆ ئەوەی مەسەلەکە کپبکاتەوە، بەڵام هەوڵەکەی سەری نەگرت. هەواڵەکە زۆر بەخێرایی بڵاوبووەوە و لە شارۆچکەی خانی خەڵکەکە حاکمی شار و هەموو کاربەدەستانی تورکیان دەرکرد. لە نزیك شارۆچکەی لایسەوە عەرەبانەیەکی پۆستە گیرا. ئەوجا لەبەر ئەوەی حکوومەت ئێستا بەئاگا هاتووە و کەوتووەتەخۆی ئەوە دەبوو ڕاپەڕینی گشتی پێشبخرێت. ئەوجا شێخ خێرا ڕۆیشت بۆ داراخینی، کە شارۆچکەیەکی بچووکی دوورەدەست بوو و لە ڕێگا چەندسەد کەسێکی لە پیاوانی عەشیرەتەکان کۆکردەوە و بەئاسانی داراخینیی گرت و بەو هۆیەوە کەوا زۆربەی جەندرمەکان کورد بوون بە خوایشتی خۆیان چوونە پاڵ شێخ و شارەکە بوو بە پایتەختی کاتیی شۆڕشگێڕەکان. لێرە شێخ حوکمڕانێکی سەر بە خۆی دانا، کە موفتییەک بوو (واتە شارەزا لە بواری شەرع و یاسای ئیسلامیدا) و فەرماندەیەکیشی دانا بۆ هێزەکانی جەندرمە. کاربەدەستەکانی خوارەوەش سووک و ئاسان بەردەوام بوون لەسەر کاری خۆیان لە ژێر ڕکێفی کارگێڕییەکی نوێدا.

شێخ سەعید لە داراخینییەوە شوێنکەوتووە چەکدارەکانی بە هەموو ئاڕاستەیەکدا نارد بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی مەڵبەندە ئیدارییەکانی ناوچەکە بکەن.  زۆربەی ئەم یەکە غەیرە نیزامییانە شێخەکان فەرماندەییان دکردن. چەپەکچور لەلایەن شێخەکانی جانەوە دەستی بەسەرداگیرا و لەوێشەوە دایان بە سەر شارۆچکەی کیغیوادا. شێخ عەبدوڵای ناوچەی سوڵحان نێردرا بۆ ڤارتۆ و ئەو ناوچەیەی کە دەکەوتە باکووری مووشەوە. شێخ شەریف، کە پێشتر فەرماندەی میلیشیا بوو چووە پاڵ داگیرکردنی چەپەکچور و بەدوایدا گرتنی پاڵوو و پاشان پێشڕەویی کرد بەرەو شارۆچکەی ئێلازیغ و بەسەر هەر گوندێکدا تێپەڕ دەبوو هێزی پشتیوانیی دەهاتەپاڵ. شێخ سەعید خۆیشی لەگەڵ شوێنکەوتەیەکی هێجگار زۆردا لە داراخینییەوە بەرەو باشوور جووڵەی کرد.

لەو ماوەیەدا، لە دیاربەکری شاری سەرەکیی ناوچەکەوە فەوجێکی پیادە و سوارە نێردرایە سەر شۆڕشگێڕان. فەوجە پیادەکەی تورکیا لە گوندی سەردیی نزیکی خانی لەلایەن جووتیارە ناوخۆییەکانەوە بە فەرماندەیی شێخ محەممەد مەهدی ڕێگەی پێگیرا و لە پاش چەند ڕۆژێکی کەم لەسەردەستی هێزە تایبەتییەکەی شێخ سەعید شکستیهێنا. ئەو تۆپانەی کە دەستیان بەسەرداگرتبوو ئیزافەیەکی بەکەڵک بوو بۆ سوودی شۆڕشگێڕان کە بەزۆری چەکەکانیان کۆن بوون. هێزەکەی سوارەی تورکیا کەوتنە بۆسەی   شۆڕشگێڕانەوە و لە ٢٨ی شوباتی ١٩٢٥دا خۆیان ڕادەستی کوردەکان کرد. لەو سەروبەندەدا سەرتاپا ناوچەی زازا، لە ئەرگانییەوە تا کوڵپ لە حاڵەتی شۆڕشێکی کراوە و بەرفراواندا بوو. شارۆچکەکانی ئەرگانی، خانی، لایس لەلایەن گوندنشینانەوە داگیرکرابوو، هەر تاقمە و لای خۆیەوە. هەرچەندە هەندێک لە خەڵکی شارۆچکەکان وەک متمانە بەخۆکردنێک جۆرە بەرگرییەکیان دەکرد، بەڵام وا ئێستا شێخ سەعید هێزەکانی بەچڕی مۆڵداوە و کردوونیە سەر دیاربەکری گەورەترین مەڵبەندی شارستانیی ناوچەکە، لە هەمان کاتدا عەبدولڕەحیمی برای لەگەڵ بەشێک لە هێزەکانی زازا بەرەو ڕۆژئاوا پێشڕەوییان کرد و شارۆچکەکانی مادێن و چەرمک و سێڤەرەکیان داگیرکرد. شێخ سەعید کەوتبووە گەشت و گەڕان بە ناوچەکانی دەوروبەری ئەگیلدا بۆ دەستەبەر کردنی پشتگیریی سەرۆک خێڵەکانی ناوچەکە. ئەو پەیامی ناردبوو بۆ سەرۆکە ناودارەکانی شوێنەکانی تری کوردستان، وەک خێڵی بەهێزی میلان لە دەوروبەری ویرانشار و خێڵەکانی دەوروبەری بەدلیس و هەموو ئەوانەی کە لە پلانی بنەڕەتیی ڕێکخراوی ئازادیدا بەشدارییان کردبوو، بەڵام وەڵام و کاردانەوە نەبوو.

لە سەرەتایمانگی ئازاردا هێزیکی گەورەی شۆڕشگێڕان گەمارۆی دیاربەکری دا و ژمارەیان دە هەزار کەس دەبوو و بەردەوام هێزی تری بۆ زیاد دەکرا. شێخ سەعید خۆی لە گوندێکی ئەو نزیکانەوە کاروباری ئۆپەراسیۆنەکەی  ڕێکدەخست و ڕاییدەکرد. شارەکە تا ڕادەیەک قایم و مەحکەم بوو بە شوورە ئەستوورەکەی و ژمارەیەکی زۆری پاسگایەوە مورسیل پاشا فەرماندەیی دەکرد، کە بە بایەخپێدانەوە دانیشتووانە مەدەنییەکەی شاری لە چەک داماڵی و لە کاتی گەمارۆدانەکەشدا قەدەغەیەکی تەواوی هاتوچۆی سەپاند و ئەمەش مەترسیی هەر هاوکارییەکی کەمکردەوە لەگەڵ شۆڕشگێڕەکاندا. لە پاش گەمارۆدانی چەندین ڕۆژ و هەوڵی بێسوودی شۆڕشگێڕان بۆ داگیرکردنی شار، تاقمێکی بچووک توانییان بەشەودا بێنە ناو شارەوە، کە پێدەچێت بە پاڵپشتیی دانیشتووانە کوردە زازاکەی ناو شارەکە بووبێت، بەڵام بە شوێنەکەیان زانرا و شەڕێکی خوێناوی بەرپا بوو و پاسگاکە لەناویبردن و تەنها ژمارەیەکی کەمیان توانییان دەرباز ببن و هەڵبێن (لە ٧ – ٨ی ئازاردا). لە پاش ئەم شکستە شێخ سەعید پیاوەکانی لە شوورەی شار کشاندەوە و مۆڵەتی چەند ڕۆژێکی پێدان.

لە بەرەکانی ترەوە، ژمارەیەک سەرکەوتن تۆمارکران و شێخ شەریف ئێلازیغی گرت لەگەڵ ژمارەیەک لە پاسگاکانیدا. لە بەرەی باکووری ڕۆژهەڵاتیشەوە ڤارتۆ گیرا و چەند جارێکیش پەلاماری خنسیان دا. هەرچەندە زۆرێک لە خێڵەکانی جبران و حەسەنان چووبوونە پاڵ هێزەکانی شۆڕش، بەڵام بەرەوڕووی بەرگرییەکی توند بوونەوە لە لایەن دوژمنە نەریتییەکانیانەوە کە خێڵە عەلەوییەکانی هۆرمەک و لۆلان بوون. نەخشە و پلانی گرتنی مووش و بەدلیس لەلایەن خێڵەکانی ناوچەکەوە تێکشکێنرا کە نەچووبوونە پاڵ شۆڕشگێڕەکان. خەڵکی فارقین (سیلڤان) بە تەریکی و دابڕاوی مانەوە تا ٢٥ی مارت کاتێ کە شارۆچکەکە هێرشی کرایەسەر لەلایەن کوردە زازاکانەوە بە سەرکردایەتیی شێخ شەمسەدین. بەڵام لە پاش چەند ڕۆژێکی کەم کەوتەوە ژێردەستی هێزەکانی حکوومەت. پاشان گوژم و گەرموگوڕیی پێشتری هێزەکانی شۆڕش خاو بووەوە، بەڵام وا ئێستا بە تەحەدا و متمانەوە ئامادەکارییەکی خێرا دەکەن بۆ بەرگری کردن دژ بە هێرشێکی پێچەوانەی حکوومەتی تورکی کە هاکا دەستیپێکرد.

گرتن و لەدەستدانی ئێلازیغ:

تۆمارەکانی ئێستا شتێکی کەم نەبێت باس لەو پاڵنەر و ڕەفتارەی جووتیارە یاخییەکان ناکەن کەوا بەڕاستی ڕاپەڕینەکەیان بەرپاکرد. دەربازبووان ڕاستییەکانیان بەردەوام دەهۆنییەوە و دووپاتیان دەکردەوە، بە فۆکەس خستنە سەر سەرکردەکانیان بە شێوەیەکی تا ئەوپەڕی حەسری لەپێناوی هەر تێگەیشتنیکی کارا بۆ تێکڕای شۆڕش یان یاخیبوونەکە. ئەمەش ڕاپۆرت و گێڕانەوەی شایەتحاڵە کەمەکانی لەسەر گرتنی شارۆچکە هەرێمییە سەرەکییەکەی ئێلازیغی لەلایەن پیاوەکانی شۆڕشەوە وا لێکرد کە بە شێوەیەکی تایبەتی بایەخدار بێت لە پیشاندانی چۆنێتیی کاردانەوەی کەرتە جیاجیاکانی دانیشتووان [PRO, FO 371,1925: E 2319/362/61; Cemal, l951: 32 – 4] . پیاوماقووڵانی چینی ناوەڕاست، چەشنی بەرپرسان، بازرگانان، پارێزەران، پیشەگەرە سەرەکییەکان فەرمانبەرانی خوارەوە لە خزمەتی گشتیدا بە شێوەیەکی سەرەکی تورک بوون، بەڵام کار و فەرمانە ئاست نزمەکان لەلایەن کۆچبەرە نوێکانەوە ڕایی دەکران کە لە گوندە کوردنشینەکانی دەوروبەرەوە هاتبوون.

پاش ماوەیەکی کەم لە گرتنی دارخینی و چەپەکچور لەلایەن پیاوانی شۆڕشەوە، واتەوات گەیشتە ئێلازیغ کەوا چەندسەد جووتیارێکی کورد بەڕێوەن بۆ پشتیوانی کردنی شۆڕشگێڕان لە شارەکەدا. ئەمانە کۆمەڵە خەڵکێکی   دڵگەرم و و سەرەڕۆ بوون و ئاڵای سەوز و قورئانیان بەرز کردبووەوە و بەردەوام هاواریان دەکرد “سڵاوی خوای گەورە لە محەممەدی پێغەمبەرمان” و بە ناوی خودا و پێغەمبەرەوە بانگەوازیان لە هەموو ئەوانە دەکرد کە دەهاتنە ڕێیان خۆیان ڕادەست بکەن. ئەوجا شارۆچکەی پاڵوو خۆی بەدەستەوەدا و بە هێزێکەوە کە ماندووبوون نازانێت کۆمەڵی شۆڕشگێڕان بەرەو ئێلازیغ ڕۆیشتن و داوایان لە گشت کەسێک دەکرد بداتە پاڵیان. کاتێ کە یەکەم سێسەد کەسی یاخیی کورد لە بەردەمی هێڵەکانی سوپادا دەرکەوتن لە دەرەوەی ئێلازیغدا دیمەنێکی ترسناکیان نواند. سەربازەکان کەوتنە هەڵاتن لەجیاتیی ئەوەی تەقە لە شۆڕشگێڕان بکەن کەوا قورئانیان بەستبوو بە نێزەکانیانەوە. زۆربەی دانیشتووانی شار پێشوازییان لە کوردەکان دەکرد و کەوتنە تاڵان کردنی بنکە و بارەگای جندرمە و دادگا و زیندانیان شکاند و هەرچی فایل و دۆسێ هەیە سووتاندیان. ئەوجا زیندانییە بەردراوەکان ماڵی ئەفسەر و دەوڵەمەندەکانیان پیشانی کوردەکان دا و بەم ڕەنگە “یەکەم دەکرا بخرێنە زیندانەوە و دووەمیش تاڵانیان دەکرد”. کۆڵکێش و داربڕە کوردەکانی شارەکە خۆبەخشانە و بە خوایشتی خۆیان چوونە پاڵیان. لە کاتێکی دواتری ئەو ڕۆژەدا، شێخ شەریفی فەرماندەی شۆڕشگێڕەکان لەم بەرەیەوە هاتە ناو شارەوە و بەڵێنی دا یاسا و نیزام بسەپێنێت. و فەرمانی دا دز و تاڵانچییەکان لەسێدارە بدرێن، بەڵام هەڕەشەکە هەروا بێ جێبەجێ کردن مایەوە. بۆ ڕۆژی دواتر تاڵانکردن بە شێوەیەکی ئامانجدار زیاتر چڕبووەوە لەسەر کۆگا و گەنجینەکانی سوپا و فەرمانگە و عەمباری مۆنۆپۆڵی تووتن.

  گەلێ لە خەڵکە مەدەنیییەکەی شار بەرهەڵستیی تاڵان و بڕۆیان نەکرد چونکە شۆڕشگێڕانیان بە سوپایەکی ئیسلامی دەزانی. سەدان جووتیار لە دێهاتی دەوروبەرەوە هاتنە ناوشارەوە بۆ پیرۆزبایی کردن لە پیاوانی شۆڕش و هەندێک لەوانیش هاوڕێتیی سوپای سەرەکیی شۆڕشگێڕانیان کرد کە بەرەو مەڵاتێ دەچوو. بەڵام شێخ شەریف شتێکی ئەوتۆی نەکرد بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی شۆڕشگێڕان و بەوە داکەوت کە بەرپرسیارێتیی ئیداری بداتە موفتی (پسپۆڕی فەرمی شەرع و یاسای ئیسلامی) و پاسگایەکی بچووکی لە دوای خۆیەوە جێهێشت. کاتێ ئەم کاری دزی و تاڵانییە بەردەوام بوو، پیاوماقووڵان گرووپی بەرگرییان ڕێکخست بۆ دەرپەڕاندنیان. لە پاش ئێلازیغ، شۆڕشگێڕانی شێخ شەریف شکستیانهێنا و هەرگیز نەگەیشتنە مەڵاتیە [تۆکەر، ١٩٦٨: ٨٧].

دامرکاندنەوەی شۆڕشەکە:

حکوومەت لەسەرخۆ ئامادەکاریی بۆ هێرشی پێچەوانەی خۆی کرد و هێزەکانی ناردە ناوچەکە کە پێدەچێت ژمارەیان گەیشتبێتە ٣٥ هەزار سەرباز. سەرۆکە کوردەکانی ناوچەکانی تر هاندران بۆ دەربڕینی دڵسۆزی و ملکەچی بۆ کۆمار لە ڕێگەی ناونووس کردنی پیاوەکانیانەوە بۆ شەڕکردن دژ بە برا کوردە شۆڕشگێڕەکانیان. هەندێک لەو سەرۆکانە چوونە ژێر بار، هەرچەندە پێناچێت شەڕی پیاوەکانی شێخ سەعیدیان کردبێت. لە کۆتایی مانگی ئازاردا سوپای تورکیا لە سێ قۆڵەوە هێرشی کردە سەر  ناوچەی شۆڕشگێڕان، بە هاوکارییەکی بەرچاوی هێزی ئاسمانی. بۆردمانی فڕۆکە ترس و تۆقینێکی گەورەی بەرپاکرد لە نێو کوردەکاندا و گەلێ لەوانە هەرگیز پێشتر فڕۆکەیان نەدیبوو.  پاشان لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا شارۆچکەکانی خانی، سیلڤان، پاڵوو، پیران و لایس گیرانەوە و پیاوەکانی شۆڕش ناچاری هەڵاتن کران بۆ ناوچە شاخاوییەکانی چەپەکچور و گەنج (داراخینی) کە سەخت بوون و ڕێگەی هاتوچۆیان ئاسان نەبوو. ئەوجا سەرباری بەفربارینی کۆتایی زستانیش، سوپا لێرە دوایانکەوت و لە هەندێ شەڕی سەخت و کراوەدا هێزەکانی کوردی تێکشکاند. ئەو شۆڕشگێڕانەی مابوونەوە بوون بە یەکەی گەریلایی (پارتیزانیی) بچووک بچووکەوە و بەردەوام بوون لەسەر شەڕکردن بۆ ماوەی چەند ساڵێک. چەند ڕۆژێک لە پاش دەستپێکردنی هێرشەکە، شێخ سەعید لە نزیک مووش دەسگیر کرا و بەئاشکرا لە ئەنجامی خیانەتی هاوپەیمانێکی پێشترەوە بوو کە ویستبووی سەری خۆی دەربکات. لە پاش دادگاییەکی کورتخایەن، شێخ    سەعید و چل و حەوت سەرکردەی تری شۆڕشەکە، کە لانی کەم حەوتیان شێخ بوون، سزای مەرگیان بەسەردا سەپاندن و لە ٤ی سێپتەمبەری ١٩٢٥دا لەسێدارە دران. دواتر یاسایەک دەرکرا بۆ سەرکوتکردن و هەڵوەشاندنەوەی هەموو ڕێباز و تەریقەتەکانی سۆفیگەری و دەروێشی و تەکێ و خانەقا و مەزارەکانیان [ئەلبەیرەق، ١٩٧٣: ١٨٦ – ٢٠٦].

نەتەوەخوازی لە بەرانبەر مۆرکی ئاینیی شۆڕشەکە:

لە دادگایی کردنەکەدا دەسەڵاتدارانی تورکیا پێداگر بوون لەسەر ئەوەی کەوا یاخیبوونەکە سرووش و ئیلهامبەخشییەکی نەتەوەخوازیی (ناسیۆنالیستیی) تێدابووە و سەرکردەکانی بەنیاز بوون دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ دابمەزرێنن. هەمان ئیددیعاش لەلایەن نەتەوەییە کوردەکانەوە دەکرا لەو کاتەدا [بۆ نموونە شێرکۆ، ١٩٣٠]. پەیوەندییەکانی شێخ سەعید لەگەڵ ڕێکخراوی ئازادی و هەروەها ئەوانی تریش لە نەتەوەخوازە موحافزەکارەکان هیچ گومانی تێدا نییە. ئەو کەسە سەرەکییەی کە من زانیاریی زارەکیم لێ وەرگرتووە و لە شێخەوە نزیک بووە لە کاتی شۆڕشەکەدا، ئیددیعای ئەوە دەکات کەوا بۆ خودی شێخ خۆی، پاڵنەر و مۆتیڤە ئاینییەکان ڕوون و ئاشکرا لاوەکی بووە لە بەرانبەر پاڵنەرە نەتەوەییەکاندا. لە ڕاستیدا فەهمی بیلال ئەفەندی، کە یەکێک بووە لە نزیکترین هاوکار و یاریدەدەرانی شێخ، کەسێکی بێدین و بیباوەر بووە و تەنها لەبەر بوێری و دڵسۆزیی بۆ ناسیۆنالیزم بواری پێدراوە. پێناچێت هیچکام لە شێخە سەرکردەکانی تر نەک گوندنشینە ئاساییەکان هەستی نەتەوەیی ئاوها ڕوون و بەهێزی هەبووبێت.

شێخ سەعید بە شێوەیەکی سەرەکی ئارگومێنتە ئاینییەکانی بەکارهێناوە بە مەبەستی پرۆپاگەندە لە گوندەکاندا، بەو کاریگەرییەی کەوا “ئیسلام لە ژێر هەڕەشەدایە و پێویستە بەرگریی لێبکرێت”. هێما و سێمبۆڵی شۆڕشگێڕان مۆرکێکی ئاینیی هەبووە – کە بریتی بووە لە ئاڵای سەوز و قورئان و هاتوهاواری شەڕ و کوشتاری ئیسلامی و جەنگی پیرۆز یان زاراوەی “جیهاد”. شۆڕشەکە تام و بۆیەکی هەزارەی پێوە دیاربووە هەرچەندە ئاماژەیەکی ئاشکرای پێوە دیار نەبووە سەبارەت بە بیر و ئایدیای میسیانی (واتە ئەو کەسەی گۆڕانکاریی دەکات و پاشان ئاشتی بەرقەرار دەکات وەک ئاماژەیەک بۆ مەسیح – وەرگێڕ). ڕەفتاری شۆڕشگێڕان ئاماژەیەکی بەهێزی تێدایە کەوا ئەوان تەنها بەوەی کە دەیاندا بەسەر شارەکاندا و دەیانگرت و چاوەڕێی گێڕانەوەی ئیسلام و دامەزراندنی حوکمی دادپەروەری بوون. لە نێو ئەو لیستە دوور و درێژەی سکاڵای کوردە نەتەوەییەکاندا تەنها کەمێکیان شتێکی دەگەیاند بۆ جووتیارەکان – بەتایبەتی هەڵوەشانەوەی خەلافەت. ستەمەکان بە شێوەیەکی سەرەکی ڕەنگدانەوەی نیگەرانیی کوردە خوێندەوارەکان بوو و تا ڕادەیەکیش بەرژەوەندییەکانی چینی حوکمڕانی نەریتی. بیر و ئایدیاکانی حوکمی خۆکردن یان خۆبەڕێوەبردن زۆر تازە بوون تەنانەت لە ناو سەرۆک خێڵەکانیشدا. لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەمدا، ڕۆشنبیرە گەنجە کوردەکان کەوا پرۆپاگەندەی نەتەوایەتییان دەکرد هێشتا هەر سەرۆکەکانیان دەبینی بەرهەڵستیی داواکارییەکانیان دەکەن. ملکەچی و دڵسۆزیی بۆ سوڵتانی عوسمانی بە سیفەتی ئەوەی کە خەلیفەیە هێشتا هەر باڵادەست بوو [سلۆپی، ١٩٦٩: ٣٨ – ٣٩]. وا دیاربوو هێزە سەرکەوتووەکانی هاوپەیمانان کەمتر بەرهەڵستیی ئایدیای دەوڵەتێکی کوردی دەکەن و سەرۆکەکانیان ئاگادار کردبووەوە لە ئەگەری پرۆژەیەکی لەم جۆرە. لەگەڵ ئەوەشدا، پاڵپشتیی هاوپەیمانان هەرگیز دەستەبەر نەبوو و مستەفا کەمال توانی دڵسۆزیی سەرۆکە گەورەکانی کورد بە لای خۆیدا ڕابکێشێت بە بەخشینی پێگە و پۆست پێیان لە ئەنجومەنی نیشتمانیی تورکیادا (پەرلەمان). بەڵام پەستی و ناڕەزایی ڕاستەقینە بە شێوەیەکی تایبەتی خۆی لە ناو سەرۆکەکانی خوارەوەدا دەرخست، کەوا خرانە دەرەوەی سیستەمی سیاسی. گەلێ لەمانە لە ژێر کاریگەریی پرۆپاگەندەی ڕێکخراوی ئازادیدا بوون. ئەوجا بە هۆکاری ئەوەی کە جووتیاران ئاینی ئیسلامیان زیاتر لەلا پەسەند بوو لە دنەدانی نەتەوەیی کوردی بۆیە ئازادی دەیویست خۆی لە پشتەوە بهێڵێتەوە وەک دەستەیەکی نەخشەدانان و ڕێکخستن و ئەرکی جۆشدانی ڕاستەوخۆ و سەرکردایەتیی مەیدانیی بۆ سەرۆک و شێخە لۆکاڵییەکان جێهێشتبوو. بەڵام کاتێ کە ئازادی تێکشکا تەنها ڕێکخراوێکی سەروو عەشیرەت مایەوە کە بتوانێت ئەو ڕۆڵی ڕێکخستنە لەئەستۆ بگرێت و ئەویش تۆڕی شێخە نەقشبەندییەکان بوو. بێجگە لەوەش، لە ناو ئەو سەرکردە کاریگەرانەدا کە ئازادی لە بنەڕەتدا پەیوەندی پێوەکردبوون، تەنها شێخ سەعید بڕیاریدا لەگەڵ شۆڕشدا بڕوات و بەردەوام بێت. شێخ سەعیدیش بە ڕۆڵی خۆی لە ناوچەکەی خۆیدا کەسی تری نەدۆزییەوە کە بدەنە پاڵی بێجگە لە سەرۆک خێڵ و شێخە بچووکەکان.

ئەو ڕۆڵە سیاسییەی کە لە ڕووی نەریتییەوە ئەم شێخانە گێڕایان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ڕا و قسەی دیاری خۆیان هەبوو لەوەی بچنە پاڵ شۆڕشەکە یان نە. لە ناوچەی مووش کە تێیدا سەرۆک خێڵەکان بەهێزتر بوون لە ناوچەکانی زازا، شێخی سەرەکی لە بنەڕەتدا دەسەڵاتیکی ڕۆحی بوو نەک سیاسی و ڕەتیکردەوە کە بداتە پاڵ شۆڕشەکە. ئەوجا سەرۆک خێڵەکانی   مووش و سەرۆکەکانی دەرسیمیش هەر وایانکرد، لەگەڵ ئەوەشدا کە زۆرێکیان پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان هەبوو لەگەڵ ئازادی. تۆکەر [1968: 83] ئەمە دەگێڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییەی کەوا ئەو سەرۆکانە خولیای نەتەوەییان زیاتر   بوو و ئەو مۆرکە ئاینییە بەهێزەیان پێ پەسەند نەبوو کە شۆڕشەکە وەریگرتبوو لە ژێر سەرکردایەتیی شێخەکاندا. خێلەکانی دەرسیمیش، بەو پێیەی کە عەلەوی بوون، هۆکارێکی بەجێیان نەبوو کە بچنە ناو ئەم جووڵانەوە سوننییە بەهێزەی کە ڕەنگە بەئاسانی دژ بە خۆیشیان ئاڕاستە بکرێت، ئەگەرچی شێخ سەعید نامەی بانگهێشتی ناردبوو بۆ خێڵی هۆرمێکی عەلەوی بۆ ئەوەی بدەنە پاڵی لە شۆڕشەکەدا [فیرات، ١٩٧٠]. دواتر ئەم خێڵانە لای خۆیانەوە دەستیان دایە یاخیبوون.

لەبەر ئەوەی شەرعییەت پێدانی دەسەڵاتی شێخ لە بنەڕەتدا ئاینی بوو، بۆیە هاندانی شێخەکان بە شێوەیەکی سروشتی بەند بوو بەو هەڕەشە ئاشکرایەی کە لە ئیسلام دەکرێت و پابەندبوونی ئاینیش بۆ بەرگری لێکردنی. ئەوان هۆکارێکی بەجێیان هەبوو بۆ ئەوە کە: تەنانەت ئەگەر ڕیفۆرمی کەمالییەکان مەترسیش نەبێت بۆ سەر هەموو ئیسلام ئەوە هەڕەشە کردن لەسەر هەڵوێستی شێخەکان بۆ خۆی ڕاستییەک بوو. گوندنشینە کوردەکانی بە هێز و گوڕی خۆیانەوە چووبوونە ناو جووڵانەوەکەی ئیسلامەوە، بەڵام قسەی شێخەکان قورساییەکی لە ڕادە بەدەری لەسەریان دروستکردبوو، بۆیە بەئاسانی دوورخرانەوە و بەتایبەتی کاتێ کە شێخەکان زاراوەی پەیوەندیداریان بەکاردەهێنا بە جەنگی پیرۆزەوە (جیهاد). بەو پێیە شێخ سەعید نازناوی “فەرماندەی باوەڕدارانی” (ئەمیرولموئمنین)ی لەخۆی نابوو و ئەوەشی ڕاگەیاندبوو کەوا هەر جەنگاوەرێکی ئەم شۆڕشە بکوژرێت لای خوا بە شەهید لەقەڵەم دەدرێت و یەکڕاست دەچێتە بەهەشت.

  لەگەڵ ئەوەشدا، دەمارگرژیی ئاینی تاقە هێز نەبوو کەوا جووتیارە یاخیبووەکانی دەجووڵاند. لە ئێلازیغ و شارەکانی تر، دادگاکان و بنکە و بارەگاکانی جەندرمە و عەمبارەکانی فەرمانگەی مۆنۆپۆڵی تووتن تاڵانکران و زیندانییەکان بەردران و لەجیاتی ئاماژە کردن بە تەنها حەز کردن لە تاڵانی، شایەتحاڵان ئیددیعای بوونی جیاوازییەکی توند و هەستەوەر دەکەن لە نێوان نۆرمی نەریتیی خێڵەکی و ئیسلامیدا لە لایەک و سیستەمی دادوەریی دەوڵەتی ئەوروپی بێجگە لە سکاڵای نادادیی ئابووری لەلایەن جووتیارانی تووتن چێنەوە لە لایەکی ترەوە. هەمان دژواریش ڕوون و ئاشکرا دیارە لە دزی و ڕاوڕووتی کۆمەڵایەتیدا کە وەک نەخۆشییەکی درێژخایەنی لێهاتبوو لە ناوچکەدا. زۆرێک لە جەردە و ڕێگرەکان چوونە ناو دستوپێوەندەکەی شێخ سەعیدەوە. کاتێ کە شێخ شەریف هێرشی کردە سەر ئێلازیغ لە فەرماندەیی هێزەکەدا بوو بە هاوشانی یادۆ، کە جەردەیەکی بەناوبانگ بوو و لە بوێریدا تا ڕادەیەک وەک قارەمانێکی میللی تەماشا دەکرا. کاتێ کە هێزی یاخیبووان شكستیهێنا، یەکەی بچووک بچووکی گەریلایی (پارتیزانی) بە چالاکی مانەوە و پەیڕەویی شێوازی چەتەیی و جەردەیی نەریتیی کۆمەڵایەتییان دەکرد لە ناوچەکەدا. فاکتەری سەرەکیی لە ڕەگوڕیشەی ئەم یاخیبوونەدا ململانێی نێوان بیر و ئایدیای سێکولاری ڕۆژاوایی بوو، کە دەوڵەتی نوێی تورکیا پەیڕەویکرد و سەپاندی لەگەڵ سیستەمی بەهای نەریتیی کوردی و فۆرمە میللییەکانی ئیسلامدا. هەڵوەشاندنەوەی خەلافەت، کە هەتا ئەو نزیکانە خاڵێکی بەهێزی کۆکەرەوەی هاوبەش بوو کەوا خێڵە کوردەکانی لە تێکۆشانێکی هاوبەشدا یەکخستبوو، هەستێکی وای لای جووتیارەکان دروستکردبوو کە پەلاماردانێکی سیمبۆڵیی گەورەیە بۆ سەر ئاین و باوەڕیان. شیخە کوردە توندڕەوەکانیش لە ناوچەکانی زازادا ئەم بەها نەریتییانەی ئەوانیان بەرجەستە کردبوو. بێگومان ئەم شێخانە سەرکردەی گونجاو بوون بۆ ڕاگرتنی تەوژمی بێباوەڕی و مۆراڵی دەرەکی و بێگانە و سەرلەنوێ چەسپاندنەوەی دادپەروەریی نەریتی. لە بۆنەکانی تردا و لە شوێنەکانی تری کوردستاندا، سەرکردەی تر ئەم ڕۆڵەیان لەئەستۆگرت و وایکرد کە مۆرکێکی ئاینی بدرێتە ئەو ڕاپەڕینانە بەڵام بە خەسڵەتێکی تاڕادەیەک ناڕوونترەوە. مەسەلەکە بۆ خەڵکی ئاسایی گرنگییەکی ئەوتۆی نییە، چونکە ئەوان هەوڵ و تێکۆشانیان بۆ ئەوە بوو کە دەست بە شوناسی نەریتیی خۆیانەوە بگرن بێ ڕەچاوکردنی ئەوەی ئاخۆ جەخت لەسەر بواری ئاینی یان ئیتنیکی دەکرێتەوە.

دەرەنجام:

تەریقەتی نەقشبەندی ڕۆڵێکی ڕێکخستنی گرنگی بینیوە لە شۆڕشەکەدا. وا دیارە ئەو ستەمکارییەی لە ناوەڕاستی ساڵانی ١٩٢٠کاندا بەرانبەر بە کورد کراوە هاوشێوەییەکی بەرچاوی هەبێت لەگەڵ هێزە گەریلاییە ئیسلامییەکانی ئەفغانستان کرابێت لە ساڵانی ١٩٨٠کاندا. تەنانەت ئەگەر ڕەچاوی جیاوازیی هەردوو حاڵەتە بکەین ڕوون و ئاشکرایە کەوا کاروباری شۆڕشگێڕە کوردەکان لە سەرەتاوە ڕێکخستن و سەرکەوتنی زیاتر بوو لە هاوشێوە ئەفغانییەکانیان و ڕەنگە ئەم جیاوازییە بە هۆی بوونی تۆڕی نەقشبەندییەوە بووبێت لە حاڵەتی کورددا.  لە سێ ڕووەوە ڕۆڵی شێخە کوردەکان یەکلاکەرەوە بوو: یەکەمیان، پێگە و شکۆی ئاینییان کە باوەڕ بوون بە کەرامات و هێزی بانسروشتی لەخۆدەگرت و ئەمەش وایکردبوو کە هاندانیان کاریگەریی زیاتر بێت و بەرپرس بووە لە دڵگەرمیی هەزارەی زۆرێک لە مورید و شوێنکەوتووان. دووەمیان، شێخەکان دەسەڵاتیان لە زیاتر لە خێڵێکدا هەبوو، ئەمەش وایلێکردبوون کە ناوبژی و نێوەندگیریی بکەن لە ناکۆکی و ململانێکاندا و بە ئاسانی ڕیزەکانی شۆڕشگێڕان یەکبخەن. سێهەمیان، تەواوی شێخەکانی شۆڕشەکە دەچنەوە سەر هەمان خەتی تەریقەتی نەقشبەندی و پێشتریش هاوکاری هەبووە لە  نێوانیاندا و ئەمەش وایکرد کە لە سەر ڕووبەرێکی گەورەتر هەماهەنگی بکرێت. ئەرک و کاری گرنگی شێخەکان ڕێگرتن بوو لە ناکۆکی و دژایەتیی خێڵەکی بە شێوەیەک کە وا بکات شۆڕش کردن مەحاڵ بێت. حاڵەتێکی هاوشێوە لە جووڵانەوەی سەنووسیی لیبیادا ڕوویدا لە پێش سەربەخۆیی ئەو وڵاتە [ئیڤانز – پریچارد، ١٩٤٩]. سەنووسییەتیش دیسان تەریقەتێکی سۆفیگەریی میللی و بەربڵاو بوو. لێرە (واتە لیبیا) تۆڕێک لە خەلیفەکانی (جێگرەکانی) شێخی باڵا خێڵە بەدووەکانیان یەکخست لە خەباتێکی هاوبەشی دژە کۆڵۆنیاڵیدا و بنەمای سەربەخۆیی لیبیایان داڕشت. لە کاتێکدا کە لیبییەکان سەرکەوتن بەڵام کوردەکان شکستیان هێنا.  هۆکارە دەرەکییەکان و ژینگەی دەوروبەر لە بەرژەوەندیی لیبییەکان بوو، بەڵام هۆکاری گرنگتر هەبوو بۆ شکستی کورد. بە شێوەیەکی عادەتی لەگەڵ بزووتنەوە هەزارییەکاندا، کاری کوردەکان سروشتیکی تەواو سیمبۆڵیی هەبوو و هیچ پلانێکی ستراتیجی نەبوو وێنای هەنگاوەکانی دواتر بکات بەرەو ئامانجی کۆتایی. کاتێ کە شوورەکانی دیاربەکر نەکەوتن چەشنی شوورە تەوراتییەکانی ئەریحا، زۆرێک لە جووتیارە کوردەکان ورەیان ڕووخا و دواتریش هێزی سوپای تورکیا باوەڕ و قەناعەتی تێکشکاندن بە ئەرک و پەیامی خواوەندییان. هەڵبەت بۆ بەرگرییەکی سەرکەوتوو دژ بە دەوڵەتێکی مۆدێرن، وا دیارە  ئایدیۆلۆجیا و ڕێکخستنێکی “مۆدێرنتر” مەسەلەیەکی بنەڕەتی بێت و ئەڵتەرناتیڤی تری نەبێت. لە شۆڕشەکانی دواتری کورددا ئەم ڕاستییانە دەرکەوتن.

***

 پەراوێز:

بڕوانە ئۆفیسی تۆمارە گشتییەکان، لەندەن، FO 371 ، 1924: E 11093/11093/65.

ئەمە یەکێکە لەو سەرچاوە هاوچەرخە زۆر کەمانەی سکاڵا و داواکارییەکانی کورد. زۆربەی سەرچاوە کوردییەکان لەم ماوەیەدا نووسراون لە پاش شۆڕشەکە و لەئەنجامی کاری تۆڵەسەندنەوەی تورکیا کە بەدوای شۆڕشدا هات زیانیان پێگەیشتووە. ئەندامانی ئازادی ئەم سکاڵای ستەمانەی خوارەوەیان داڕشتووە:

١. یاسایەکی نوێ لەبارەی کەمینەکانەوە گومان دەورووژێنێت. ئایا حکوومەت بیر لە سەرلەنوێ نیشتەجێ کردنی کوردەکان دەکاتەوە لە ڕۆژاوای تورکیا و کوردیان لە شوێن دابنێت؟

٢. لەگەڵ هەڵوەشانەوەی خەلافەتدا، یەکێک لەو دوا پەیوەندییانە بچڕا کەوا تورک و کورد یەکدەخات.

٣. بەکارهێنانی زمانی کوردی لە دادگاکان و قوتابخانەکاندا قەدەغەی خراوەتەسەر. نزیکەی هیچ قوتابخانەیەک نەبووە لە ناو کورددا.

٤. ناوی “كوردستان” لە هەموو کتێبەکانی جوگرافیادا سڕاوەتەوە.

٥. تەواوی کاربەدەست و بەرپرسە گەورەکانی حکوومەت لە پارێزگا یان ویلایەتە کوردییەکاندا تورکن. فەرمانبەرە بچووکەکان کورد بوون، بەڵام زۆر بەئاگاییەوە هەڵیانبژاردوون.

٦. هیچ سوودێک لە حکوومەت نەبینراوە لە بەرانبەر ئەو باجانەدا کە دراون.

٧. حکوومەت دەستی وەرداوەتە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی لە ویلایەتە کوردییەکاندا.

٨. بەردەوام حکوومەت پەیڕەویی سیاسەتی بەگژ یەکتردادانی ئەم عەشیرەتی کردووە دژ بەویتر.

٩. بەردەوام هێرشی سەربازی کراوەتە سەر گوندە کوردنشینەکان و ئاژەڵیان زەوتکراوە و گەندەڵی لە ئاستێکی بەربڵاودا تەشەنەی کردووە پەیوەست بە پسووڵە و پارەدان لەبەرانبەر ناردنی زەخیرە و پێداویستی.

١٠. پلەدارەکانی خوارەوەی کورد لە سوۆادا ستەمیان لێکراوە و بە خراپی مامەڵە کراون و بە شێوەیەکی ئاسایی هەڵیاندەبژێرن بۆ قورسترین و خراپترین ئەرک و فەرمان.

١١. حکوومەتی تورکی هەوڵی بەکارهێنانی سامانی کانزایی کوردی داوە بە یارمەتیی سەرمایەی ئەڵمانی.

ژێدەر و سەرچاوەکان:

Albayrak, Sadık, 1973, Türkiye’de din kavgası [The struggle for religion in Turkey], Istanbul. خەبات و تێکۆشان لەپێناوی ئایندا…                              

Algar, Hamid, 1976, “The Naqshbandi order: a preliminary survey of its history and significance”, Studia Islamica, 44,123 152.

ڕێبازی نەقشبەندی: ڕووماڵێکی سەرەتایی بۆ بایەخ و مێژووی…

Arfa, Hassan, 1966, The Kurds: a historical and political study, London: Oxford University Press.کوردەکان: لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی و سیاسی…                    

Bruinessen, M. M. van, 1978, Agha, Shaikh and State: On the social and political organization of Kurdistan, Ph. D. thesis, Utrecht University.

ئاغا و شێخ و دەوڵەت: لەبارەی ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە لە کوردستاندا …

Cemal, Behçet, 1955, Şeyh Sait isyanı [Shaikh Said’s rebellion], Istanbul: Sel yayınları. یاخیبوونی شێخ سەعید…                                                      

Chirguh, Bletch, 1930, La question kurde, ses origines et causes, Cairo.

مەسەلەی کورد، ڕەگوڕیشە و هۆکارەکانی ….

Dersimi, M. Nuri, 1952, Kürdistan tarihinde Dersim [Dersim in the history of Kurdistan]. Aleppo.دەرسیم لە مێژووی کوردستاندا…                                    

Evans Pritchard, E. E., 1949, The Sanusi of Cyrenaica, London.

سنووسی لە بەرقەدا…                                                                                    

 Fırat, M. Şerif, 1970 (1945), Doğu illeri ve Varto tarihi [History of the Eastern provinces and of Varto), Ankara.مێژووی ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵات و ڤارتۆ…                                                                                             

Goloğlu, Mahmut, 1972, Devrimler ve tepkileri (1924 1930) [Reforms and the reactions to them, 1924 1930], Ankara.ڕیفۆرم و کاردانەوە لەبەرانبەریدا…                                                                                  

Hobsbawm, Eric, 1959, Primitive rebels: studies in archaic forms of social movement in the 19th and 20th centuries, Manchester.

یاخییە سەرەتاییەکان: لێکۆڵینەوە لە فۆرمە بەسەرچووەکانی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی لە سەدەکانی نۆزدە و بیستدا.

Hourani, A., 1972, “Shaikh Khalid and the Naqshbandi order”, in: Islamic philosophy and the classical tradition, eds. S. M. Stern, A. Hourani and V. Brown, Oxford.

“شێخ خالید و ڕێبازی نەقشبەندی”، لە: فەلسەفە و نەریتی کلاسیکی …

Jwaideh, Wadie,1960, The Kurdish nationalist movement: its origins and development, Ph.D. thesis, Syracuse University.

جووڵانەوەی نەتەوەیی کورد: بنەماکانی و پەرەسەندنی …

Kısakürek, Necip Fazıl,1977, Son devrin din mazlumları [People oppressed for religion’s sake in the most recent period], Istanbul, 5th impression.

ئەو خەڵکەی لەبەر ئاین ستەمیان لێکراوە لەم قۆناخی دواییەدا …

Massacres kurdes en Turquie, Les, Publication de la Ligue nationale kurde Hoyboun, 1928, Cairo.                                                               

کوشتنی کوردەکان لە تورکیادا …

Olson, R. W. and W. F. Tucker, 1978, “The Sheikh Sait rebellion in Turkey (1925)”, Die Welt des Islams, N.S. 18, 195211.

یاخیبوونی شێخ سەعید لە تورکیا …..

 Silopi, Zinnar, 1969, Doza Kürdüstan. Kürt milletinin 60 senedenberi esaretten kurtuluş savaşı hatiratı [The trail of Kurdistan. Memoirs of 60 years’ struggle to liberate the Kurdish nation from subjection], Beirut.

دادگایی کردن لە کوردستان، یادەوەریی ٦٠ ساڵ، خەبات کردن بۆ ڕزگارکردنی گەلی کورد لە ژێدەستەیی …

Toker, Metin,1968, Şeyh Sait ve isyanı [Shaikh Said and his rebellion], Ankara                                                     ..    شێخ سەعید و یاخیبوونەکەی

Wolf, Eric, 1969, Peasant Wars of the twentieth century, New York: Harper & Row.جەنگەکانی جووتیاران لە سەدەی بیستەمدا.

Hikmat Maaroof

حیکمەت مەعروف، بەڕێوەبەری سایتی ناوەندی کەلتوری کۆچ.

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە .

هەروەها چێکی بکە
Close
Back to top button