Uncategorized

نەوەی تیکتۆک، لە دێوەزمەوە بۆ پاڵەوان

چەند سەرنجێک دەربارەی تیکتۆک و پەیوەندی بە دونیای ئێمەوە

جواد خەلیل


ئەگەر کەمێک بە وردی سەیری زۆرێک لەو نووسینانە بکەین، کە لە پەراوێزی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سلێمانی، وەک پاڵپشتییەک بۆ ڕابوونی خوێندکارانی زانکۆ و خۆپیشاندانە فراوانەکەیان  نووسران؛ دەبینین خاڵێکی هاوبەش و تێڕوانینێکی باو لە نێوان هەموو ئەو نووسینانەدا هەیە کە بەشێوەیەک لە شێوەکان گەڕاونەتەوە بۆی. بۆ نموونە: زۆرینەیان لەوەدا کۆک و تەبان کە ئەم نەوەیەی ئێستا، ئەوەی پێشتر بە دەربڕینێکی پڕ لە گاڵتەوە پێیاندەوتن؛ نەوەی تیکتۆک”.  بەم توانای خۆڕاگری و بەرگرییە کەموێنەیەوە، بەم مکوڕبوونە سەختەیانەوە، بوون بە هێما و ڕەمزی خۆڕاگریی و یاخیبوون و تەواوی ڕوانینەکانی پێشتر دەرهەق بەم نەوەیە و، تاوانبارکردنیان بە تەمبەڵیی و هیچ لەبارا نەبوویی؛ ڕوانینگەلی هەڵە و نەزانانە بوون!

کەواتە با بپرسین، چی وای لە زۆرینەی نوسەران و ڕۆشنبیر و خوێندەوارانی کورد کردووە، کە بەو شێوە خراپ و ناچیزە لە نەوەی تیکتۆک بڕوانن؟ هەر خۆی لە خۆیدا بەستنەوەی ناوی نەوەیەک بە ئەپێکی دیاریکراوەوە، چی دەگەیەنێت؟ بۆچی ناوبردنی ئەم نەوەیە بە نەوەی تیکتۆک، زیاتر وەک سووکایەتیپێکردن و نزم لێڕوانین لێکدەدرێتەوە؟ ئایا خراپییەکە لە تیکتۆکدایە وەک ناوەندێکی خۆشییە کە ئەقڵی نەوەیەکی کۆنترۆڵکردووە و بەرەو ڕووکەشگەرایی و ناوبەتاڵیی ئاڕاستەی کردوون؟ یاخود نەخێر، خراپیی و مەترسیەکە لە خودی ئەم نەوەیەدایە کە ئامادەیە بۆ وەرگرتنی هەموو مۆدێکی نوێ، بە بێ هەبوونی هیچ مەرج و فلتەرێکی خودیی و ناوەکیی کەواتە  چۆنن ئەم نەوەیە بناسینەوە؟

تیکتۆک ئەپێکی زۆر تازە و جیاوازە، وەک چۆن زۆرینەی بەکارهێنەرانیشی نەوەی نوێی دوای دوو هەزارەکانن. کاتێک (بایت دانس)1 ئەم ئەپە دەخاتە بازاڕی ئەلیکترۆنییەوە، بە ماوەیەکی زۆر کەم دەبێتە یەکێک لە ناوداترین ئەپەکانی نێو جیهانی ئینتەرنێت و بە ملیاران دۆلار قازانجی دەست دەکەوێت. کۆمپانیا چینیەکە دان بەوەدا دەنێت داهێنانەکەی ئەو ڕووەو نەوەیەکی تازەیە، کە هەستدەکات دەنگیان کپکراوه و ئەم هەلی بۆ ڕەخساندوون خۆیانی تێدا بەرجەستە بکەن. ئەم ئەپە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ خواستی ئەم نەوە نائارامە هاتۆتە ئاراوە. لێرەدا دەبێت ئیستێک بکەین و بڵێین؛ خەسڵەتەکانی تیکتۆک چین کە هێندە بە تامەزرۆییەوە ڕۆژانە بەکارهێنەری زیاد دەبێت و زۆر بە ئاسانی نزیک دەبێتەوە لە ملیارێک کەس؟ ئەم پرسیارە بێ ئەندازە گرنکە، نەک تەنها لەبەر ناسینی ئەپە نوێیەکە؛ بەڵکو لەبەرئەوەی  وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، دەتوانێت ڕێگا خۆشکەریش بێت بۆ ناسینی خواست و خولیاکانی ئەم نەوە تازەیەی ئێستا و تێگەیشتن لێیان ئاسانتر دەکات.

ئەوەی تیکتۆک ئیشی لە سەر دەکات، خێرایی و ڕاگوزەرییە. تیکتۆک لەگەڵ نەوەستان و بەردەوامیدایە و قووڵبوونەوە و تێڕامان دوژمنی ئەم ئەپەن. ئەوە بۆیە گرتەکانی لە نێوان سێ چرکە بۆ سێ خولەکدایە.  هەموو ئەو گرتانەش پشت بە دیمەنی کورتبڕ و ڕووکەشکار و کاتکوژ دەبەستن و دژی فۆکۆس و لێوردبوونەوەن. لەگەڵ هەر گرتەیەکدا دەنگێک، ئاوازێک، گۆرانییەک، یان هەر شتێکی دیکە کە بەکارهێنەر بیەوێ دەتوانێت دایبنێت و بە هەزاران کەس لێی وەربگرن و زۆر بە ئاسانی ببنە بەشێک لێی. لە تیکتۆکدا سەرنجڕاکێشان و هاندان کۆڵەکەی سەرەکیین، هەر گرتەیەک بێ بەش بێت لەم دوو خەسڵەتە جێگای نابێتەوە و لە لایەن بەکارهێنەرەوە سزا دەدرێت (سزادان بە مانا دیجیتاڵییەکەی). تیکتۆک پێویستی بە لێزانینی زۆر نییە، تەنانەت پێویستی بە خوێندەواری زۆریش نییە. هەموو کەسێک، هەر لە منداڵێکەوە تا دەگاتە پیاوێکی پیری سەد ساڵە و بێ حەوسەڵە، دەتوانن خۆیانی تیا ببیننەوە و بەکاریبهێنن. ئەم هەل ڕەخساندنە بۆ هەمووان، تا بتوانن بێ هیچ چاودێری و فلتەرێک خۆیان بە دیار بخەن، کرۆکی سەرکەوتنی ئەم ئەپە نوێیەیە.

خاڵی هەرە گرنگ و جیاوازی تیکتۆک، شێوازی مامەڵەکردنێتی بە هەستەکانی مرۆڤەوە. بێزاری و وەڕسبوون دوو لەو هەستە باوانەی مرۆڤن کە تیکتۆک چارەی بۆ دۆزیونەتەوە. بەکارهێنەری ئەم ئەپە دەزانێت ئەو لەبەردەم جیهانێکدایە هەمیشە شتی نوێ و شۆکهێن و سەرنجڕاکێشی پێیە و هەمیشەش بە دووی خۆیدا کێشی دەکات. لە هەر گرتەیەک بێزاربووی، دەتوانیت زۆر بە خێرایی بەسەریدا بڕۆیت. بەڵام مەرج نیە هەمیشە ئەم گرتانە لە چوارچێوەی ویستی تۆدا بن، بە بەراورد بە فەیسبوک و بەشێکی دیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تیکتۆک خۆسەپێنتر و داگیرکەرترە. تیکتۆک تۆ بتەوێ و نەتەوێ گرتەکانت پیشان دەدات، لێ لە هەمانکاتدا سەرپشکیشت دەکات لە مانەوە بە دیارییانەوە، یاخود دوورخستنەوە و پشتگوێخستنیان.

گەر ئەم خەسڵەتانە ورد بکەینەوە و گرێیدەینە “خەسڵەتی ڕووکەشویستی ئەم نەوەیەوە“ دەبینین لێکچوونێکی سەیر و شۆکهێنەر لە نێوانیاندا هەیە. هەروەک چۆن ڕوونتریش لە ئامانج و مەبەستی “بایت دانس” تێدەگەین. ئێمە ئەوە دەزانین کە بزنس و کاری بازاڕگەریی بۆ ئەوەی زیاتر بمێنێتەوە و سەرکەوتوو بێت، پێویستی بە بەئامانجگرتنە. خاوەنی بزنسە گەورەکان دەزانن چ چینێک و چ بۆشاییەکی دەروونیی لە چ کاتێکدا دەکەنە ئامانج و لێیەوە قازانج بەدەستدەخەن. ئەم نەوەیە نەوەی پاش جەنگە گەورەکان و داڕمانی ئایدۆلۆژیا و هیوا گەورەکانی مرۆڤە، نەوەیەکە هیچ شتێک نایبەستێتەوە بە ڕەچەڵەکێکی دێرینەوە و پشتی کردۆتە مێژوو، بۆیە بە بەردەوامیی چاوی لە سەر داهاتووه، چاوەڕوانی شتێکی نوێترە کە بێت. پەلەکارە و یاخییە لە دۆخی ئێستای، بەڵام ئەم یاخیبوونە یاخیبوونێکی وجودییانە و هۆشمەندانە نییە؛ بەڵکو وەڕسبوونە لە جێگیری و حەزکردنە لە گۆڕانکاری.

بەلای ئەم نەوەیەوە ژیانی ئێستا ساختەیە و داهاتوو دەشێت لە خۆیدا ژیانە ڕاستەقینەکەی هەڵگرتبێت، بێ ڕەچاوکردنی پێویستی  زانینی وەڵامی هەردوو پرسیارە گرنگەکەی ژیان: (چۆن ئێستا بگۆڕین؟) و ( چی ژیانێک بێنینە کایەوە؟). ئەم ناڕوونییە، ئەم نەپرسینە، ئەم نەزانینی وەڵامە وایکردووە ئەم نەوەیە هەمیشە وەک نەوەیەکی سەرگەردان و تەڵخبین لێی بڕوانرێت، کە نازانێت چیدەکات و خۆی بە ڕاستی چیدەوێت و بەرەو کوێ ئاڕاستە دەکرێت.هەربۆیە لەگەڵ هەر ڕابوونێکیدا، لەگەڵ هەر خۆنمایشکرنێکیدا لە سەر شەقام، هەرا دەنێتەوە و بە زووییش کپ دەبێتەوە، بە جۆرێک کە مرۆڤ سەری سووڕ دەمێنێ لە خێرایی و توندبوونی سەرەتایی هەراکە و خاوبوونەوە و دامرکاندنەوەی کۆتاییەکەی.

تیکتۆک و نووسین

لەگەڵ کۆکردنەوەی دونیا و کردنی بە گوندێکی بچووک لە ڕێی تۆڕەکانەوە، واتا و دەلالەتەکانی خوێندنەوە و نووسینیش گۆڕانیان بەسەردا هات. فەیسبوک وەک دەستپێکێکی ئەم بەرکەوتنە (هەرچەندە قۆرخکاری نووسینی تا ڕادەیەکی زۆر نەهێشت) بەڵام نووسینی سنوردار کرد و خوێنەری خێرا و نەوەی ڤاستفوودی هێنایە مەیدانەوە. وەختێک تیکتۆک دێت، نەک ئەم سنوردارێتییە پەسەند ناکات، بەڵکو ئەم ڕووکەشگەراییەش لە نووسیندا ناهێڵێت و نووسین دەکات بە پەراوێزێک بۆ گرتە و ڤیدۆ چەند چرکەییەکانی خۆی. بەمەش، بەکارهێنەرانی خۆی بە تەواوی دەڕەتێنێتەوە لە نووسین و سەرچاوەی مەعریفیشیان دەگۆڕێت بۆ گرتە تیژپەڕ و کاتکوژەکان.

لە دوای ئەم گرفتەی کە تیکتۆک دروستیکرد، نووسین و خوێندنەوەی قووڵ چییان بەسەردێت؟ دەبێت بۆ وەڵامی ئەمە بگەڕێینەوە بۆ دۆخی پەروەردە و خوێندن، ئایا لە ناوەندە پەروەردەیی و فەرهەنگییەکانی دونیای نوێدا، چۆن چارە بۆ ئەم دابڕانە دۆزراوەتەوە؟ ئەوروپا و چین و تا ڕادەیەک ئەمریکییەکانیش، ئەمڕۆ هەمان گرفتیان هەیە، گرفتی دابڕان لە قووڵبوونەوە و تێهزرین؛ گرفتی دروستبوونی نەوەیەک کە پشتی لە کتێب کردووە و سەرگەرمی ئەپە کاتکوژەکانە. بەڵام سەرباری هەموو ئەمانەش ئەم وڵاتانە بەردەوام لە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەم گرفتانەدان، زیاد لە ڕێگایەک لە بەردەستی ئەواندایە بۆ دەرچوون و دەربازبوون لەم دۆخی پەشێوییە و بە بەردەوامییش ئیشی لەسەر دەکەن. لەم نێوانەدا  کێ بێ چارە دەمێنێتەوە؟ بێ هیچ سڵەمینەوەیەک دەبێت بڵێین؛ وڵاتانی جیهانی سێ.

ئەی ئەمانە کێن؟ ئەو وڵاتانەن کە تەکنەلۆژیا بردوونیەتە قۆناغی پۆستمۆدێرنەوە، کەچی بونیادی فیکریی و کولتورییان هێشتا لە قۆناغی پێش ڕێنسانسدایە؟!. لەم بەشەی جیهاندا، کە دەشێت ناوی بنێین “بەشە بەجێماوەکە” قورسە بتوانرێت لێزانانە مامەڵە لەگەڵ گرفتگەلی وەهادا بکرێت و چارەیان بۆ بدۆزرێتەوە.حاڵی ئەم بەشە بەجێماوانە لە مەلە نەزانێک دەچێ، کە بە نیازی مەلەوانیی خۆی فڕێدابێتە ڕووبارێکەوە، ئاخۆ هیچ ئومێدێک هەیە بۆ نەخنکان؟!

دێوەزمەکان چۆن کران بە پاڵەوان؟

لە دەستپێکدا ئاماژەمان بەو بەخۆداچوونەوەیە کرد، کە دوابەدوای ڕابوونی خوێندکارانی زانکۆ  ڕوویدا. ئەو نەوەیەی پێشتر وەک دەستوپێ سپی و تەمبەڵ و هیچ لەبارا نەبوو دەبینران و وەک دێوەزمەیەک وابوون بەسەر کولتور و نەریت و یاساکانی کۆمەڵگەوە؛ لە پڕێکدا هەر خودی کۆمەڵگە خۆی ئەم وێنەیە دەگۆڕێت بۆ وێنەی پاڵەوانێک و بەوپەڕی ڕێز و ستایشەوە ناوی دەهێنێت. ئەم دید گۆڕینە، ئەم جێگۆڕکێکردنە لە وێناکردن و هەڵسەنگاندندا،  پێش هەموو شت لەوانەیە پەیوەندی بە دونیابینی ئێمەوە هەبێت بۆ مرۆڤی پاڵەوان. لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا کەسێک پاڵەوانە کە لە بری ئەوانیدی بێتە دەنگ و خۆی بکاتە قوربانی و ژیانی خۆی ببخاتە مەترسییەوە. پاڵەوانێک کە پشت لە ژیانی خۆی دەکات بۆ دەستەبەرکردنی ژیان بۆ ئێمە. بەڵام ئایا ئەم ڕوانینە کەمێک ڕۆمانتیکیی نییە؟ کەم نا، زۆر؛ زۆریش ڕۆمانتیکییە.  کاتێک لە نزیکەوە سەیری ڕووداوەکان دەکەین؛ سەیری پاشخانی ڕۆشنبیری و کولتوریی خوێندکارەکان دەکەین؛ لە هەردوو بارەکەدا زێدەڕەویکردن و ساختەکاریەکی گەورەی هەقیقەت دەبینین. ئاخر وەک چۆن بە دێوەزمەکردن بەرمەبنای نەخوێندنەوە و تێنەگەیشتنە لەم نەوەیە؛ ئاوهایش ئەم دیدی ئەفسانەیی و پاڵەوانسازییە، دیدێکی تەواو هەژار و بێ مەعریفەیە و بەرئەنجامی بەدحاڵیبوونە لە تایبەتمەندییە کەسییەکانی نەوەی تیکتۆک.

فۆتۆ؛ داراوان سالار – خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی نۆڤمبەری ٢٠٢١ –

لەم پاڵەوانسازییەدا، کۆمەڵگەی ئێمە لەوەدا کەوتۆتە هەڵەوە، کە کۆششی ئەم نەوەیەی بەراوردکردووە بە کۆششی  پێشمەرگەکانی کۆن، ئەوانەی کە لە ڕووداوێکی بەرگریکارانەدا دەمردن و دەبوون بە پاڵەوان و ئەفسانەیان پێوە دەئاڵرا. ئەم بەراوردکردنە لە بەر زیاد لە هۆیەک، دەشێت بە هەڵە ناوی ببەین، لەوانە:

یەکەم: نەوەی تیتۆک، نەوەیەکی ڕووکەشگەرایە و ئاڕاستەی خولیاکانی ڕووەو ژیانێکی باشترە، ئەو نایەوێ لە پێناوی کەسدا، لە پێناوی هیچ شتێکی دەرەخۆییدا بمرێت. کاتێکیش دێتە سەر جادە و بە تووڕەییەوە دەدوێت و هەموو شتێک ڕەتدەکاتەوە، هیچی لە لا پیرۆز نییە و دەست لە کەس ناپارێزێت، بەڵام کە کار گەیشتە ئەوەی بزانێت دەیکوژن، بێدەنگ و کپ دەچێتەوە شوێنی خۆی بۆ لای مۆبایلەکەی و لەوێوە دەست دەکاتەوە بە ژیان.

ئایا ئەم زوو دامرکاندنەوەیە لە ترسەوەیە؟ بێگومان نەخێر، لە ترسەوە نیە، بەڵکو بەهۆی بەتاڵبوونەوەی جادووی وشەگەلی وەکو ( شەهید، خەبات، خۆفیداکردن و …. هتد)ەوەیە، کە کۆدی خۆقوربانیکردنەکانی نێو مێژووی ئێمە بوون. لە ڕاستیشدا ئەم نەوەیە هیچ شتێکی ڕاستەقینە و شایسته شک نابات تاوەکو لە پێناویدا بمرێت. چونکه سەردەمی ئەم، سەردەمی دوای نەمانی پیرۆزییەکان و دونیای پاش نسکۆ گەورەکانە. هیچ بەهایەکی گەورە نەماوەتەوە، تاکو مردن لە پێناویدا بە ڕاست بزانێت. کە ئەمەش ڕێک پێچەوانەی سەردەمی قوربانیدانەکانی کۆنە، پێشتر  خۆبەختەکارەکان، پێشمەرگەکان، دەچوونە سەنگەرەوە و دەیانویست وەک پاڵەوانێک بمرن، چونکە دۆزێکیان هەبوو، بە ڕەوایان دەزانی و لە پێناوییدا گیانی خۆیان دەبەخشی.

دووهەم: خەباتکردن ئێستا کورتکراوەتەوە بۆ خەباتێکی ڕووکەشگەراییانە و ئاسان، کە بە نزیکەیی هەمووان دەتوانن بەشداربن تێیدا، خەباتێکی بێ مەترسی و مەدەنییانە. نەوەی تیکتۆک کە دێتە سەر جادە و ناڕەزایەتی دەردەبڕێت، چرکە بە چرکەی ئەم خەباتە تۆمار دەکا و دەیگوازێتەوە بۆ ئەکاونتەکەی و ڤیووی پێ بەرز دەکاتەوە. پاڵەوانێتی لای ئەو، دروستکردنی گرتەیەکی حەماسییانە و شۆڕشگێڕانەیە لە دونیای دیگیتاڵییدا. لە کاتێکدا پاڵەوان و خۆبەختکارەکانت کۆن، دەچوونە بەرەکانەوە و لە چەقی مەترسییەکانەوە خەباتیان دەکرد، ئەوان بەڕاستی دەمردن. 

سێهەم: خەبات و پاڵەوان دوو چەمکی کۆنن، بۆ تێگەیشتن لەم نەوەیە، لە شێوازی ناڕەزایەتی دەربڕین و یاخیبوونەکانی دەبێت چەمکگەلی نوێ دابتاشرێن. ئێمە لە بەرامبەر نەوەیەکدا دەدوێین کە نایەوێ بمرێت لە پێناوی هیچ دۆزێکدا. خەباتکردن لای ئەو خۆبەکوشتدان نییە؛ وەک چۆن نایەوێ ببێتە پاڵەوانیش لە ڕێی فیداکارییەوە، بەڵکو ئەوەی ئەو دەیەوێت ژیانێکی ترە، خێرا و تێپەڕ، بێت و زۆر نەمێنێتەوە و بگۆڕێت و شێوەی دی ئەزموون بکات. ئەو تاقەتی مانەوەی تاهەتایی کەسی نییە، بێزارە لە دووبارە و حەزی لە گۆڕانکارییە. ئەی قووڵبوونەوە و تێڕامان؟ ئەو دووەشی ناوێ، چونکە نەوەیەکە پشتیکردۆتە ڕابوردوو، نە ئایندارە و نە بێ ئاین؛ نە لایەنگرێکی سەرسەختی دەسەڵات و نە بەرهەڵستکارێکی سەرسەخت؛ نە حەزی لە دونیای ئازادە و نە دەیەوێ وەک ژێردەستە بژێت؛ لە گرتەیەکدا ئیماندارە و گرتەی دواتر بێ ئیمان؛ لە شوێنێکدا شتێک دەڵێت و دواتر هەر خودی خۆی ئەو شتە ڕەتدەکاتەوە. ئەکاونتەکانی ئەم نەوەیە پڕە لەم دووجەمسەرییە، تەژییە لەم دژبەندییە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕقی لە جێگیرییە و نایەوێت لە هیچیاندا جێگیر بێت. چاوی لە داهاتوویەکی باشتر و هاتنی ڕۆژێکی نوێیە. بەڵام ئاخۆ داهاتووی باش و ڕۆژێکی نوێ بێ خوێندنەوە و تێڕامان و قووڵبوونەوە، بێ تێپەڕاندنی ئەم ڕووکەشگەراییە دێتە دی؟

هەڵپەی ناوبانگ، ناوبانگێکی ڕووت

ساڵی “۱۹٦۸” نیگارکێشی ئەمریکی” ئەندی وارهوڵ”2 لە چاوپێکەوتنێکیدا دەڵێت “ لە داهاتوودا، هەمووان دەتوانن تەنها لە ماوەی پانزە خولەکدا، ناوبانگێکی جیهانی بەدەست بهێنن.“ ڕاستە ئەم پێشبینییە بۆ ئەو سەردەمە وەک نموونەیەکی خەیاڵپڵاوانە و گاڵتەکردن و پێشبینیەکی  نوکتەئامێز لێی دەڕوانرا. لێ دوای تەنها شەش دەیە لەم پێشبینی و دوورخوێنییە، ئێمە ئەمەمان بە چاوی خۆمان بینی. تەنانەت تیکتۆک ئەو پانزە خولەکەی کرد بە پانزە چرکە و هەندێک جار گرتەیەکی سێ چوار چرکەییش بەسه بۆ ئەوەی خاوەنەکەی بەناوبانگ بکات و لە جیهاندا بناسرێت.

بێگومان مێژووی هەڵپەکردنی مرۆڤ بۆ ناوبانگ مێژووییەکی دوورودرێژە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش پەیدابوونی نووسین، کە بە دەقە کۆنەکانی بزماری و هیرۆگڵیفیشدا دەچینەوە، دەبینین تەژییە لە هەوڵدان بۆ جێقایمکردن و بەدەستهێنانی ناوبانگی زیاتر. لانیکەم هەردوو شارستانیەتی بابل و ئاشور لە میزۆپۆتامیای کۆن و شارستانیەتی دۆڵی نیل و گریگەکانیش بایی ئەوە نووسین و شوێنەواریان بۆ جێهێشتووین تا دڵنیابینەوە لەم بۆچوونەمان. بۆ نموونە: لە میتۆلۆژیای سۆمەرییدا، سەرنجڕاکێشترین داستان (داستانی گلگامێش)ە.3 لەم دەقەدا یەکێک لە بەناوبانگترین `پاشاکانی وەرکا` کە ناوی گلگامێش بوو، عەوداڵی نەمریی دەبێت و دەیەوێ ناوی تاهەتایە بمێنێتەوە، بۆ ئەمەش ڕێگایەکی دوور دەگرێتە بەر و بە هەموو توانایەوە هەوڵ و تەقەلای خۆی دەدات و دەکەوێتە ململانێوە لەگەڵ خوداکان. گلگامێش نەمریی لە پێناو ناوبانگدا دەوێ، ئەو نایەوێ ناوی و بوونی مرۆیانەی وا بە ئاسانی لە بیربچێتەوە.

ئەوە ڕاستە کە ناوبانگ خدە و پاڵنەری سەرەکیی مرۆیە بۆ سەلماندنی بوونی خۆی لە جیهاندا، بەدەستهێنانیشی پاداشتێکە و دەدرێتەوە پێی. بەڵام هەر خودی ناوبانگ خۆیشی لە هیچ قۆناغێکی مێژوویی مرۆدا ئەوەندە نەشێوێنراوە و لە دەلالەتە ڕەمزییەکانی خۆی خاڵینەکراوەتەوە. لە سەردەمی تەکنەلۆژیا و بە تایبەتتر لە دونیای تیکتۆکدا، ناوبانگ ئاسانترین شتێکە، کە ئینسان بتوانێت بە دەستی بهێنێت. تۆ دەتوانیت بێ هەبوونی هیچ بەرهەمێک؛ هیچ کارێکی شایستە و جێی ڕێز؛ بێ هیچ جێماوەیەک؛ بەناوبانگبیت و بناسرێیت. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە گشتی و تیکتۆک بە تایبەتی، کانگای ئەم جۆرە ناوبانگەیە. وەنەبێ ئەم ناوبانگەش باجی خۆی نەبێت و مرۆ بێ زیان لێی بێتە دەر، بەڵکو ئەوەی لەگەڵ ئەم ناوبانگەدا دەدۆڕێنرێت و لە دەست دەدرێت شکۆ و کەرامەتی مرۆییانەی کەسە بەناوبانگەکەیە. ئەم شکۆشکاندنەش زۆرجار کەسەکە خۆی بە مەبەستەوە دەیکات، چونکە تیکتۆک زۆر کەمتر لە ئەپەکانی دیکە ئیش لەسەر دەرخستنی کەسی خاوەن ڕێز و شکۆ دەکات، مەرجی ئەو بۆ پێدانی ناوبانگ بە بەکارهێنەرانی زیاتر شکاندنەوەی کەسێتی و کورتکردنەوەیەتی لە چێژێکی ڕووتدا. بۆ ئەوەی گرتەکەت بەناوبانگتربێت، لە پێناوی ڤیووی زیاتردا، ناچاریت تا ئەوپەڕی لێدان لە شکۆی مرۆییت بڕۆیت و سڵ لە هیچ شتێک نەکەیتەوە. تیکتۆک ئەمەی لە تۆ دەوێت، بۆی بکەیت ئەو زۆر بە ئاسانی لە بەرامبەردا ناوبانگت دەداتێ. نەیکەیت؛ ڕێگاکەت لێ درێژ دەکاتەوە و زۆر نابات تێیدا وێڵ دەبیت. دەزانیت بۆ؟ چونکە تۆ لە مەیدانێکی هەڵەدایت، لە شوێنێکدایت ئیشی جدی و قووڵ جێی تێدا نابێتەوە. تۆ لە بەرامبەر دونیایەکی تیژپەڕدا وەستاویت، گرنگە تێبگەیت ئێرە شوێنی تۆ نییە، ئێرە شوێنێکە بۆ کوشتنی ئەو کاتانەی کە مرۆڤی ئەم سەردەمە بەدەستییانەوە گیری خواردووە و نازانێت چییان لێ بکات…


ژێدەر و پەراوێزەکان:

۱- بایت دانس: کۆمپانیایەکی چینیە و ساڵی ۲۰۱۲ لە “پەکین” ی پایتەخت دامەزراوە، بەهای ئەم کۆمپانیایە لە ساڵی ۲۰۲۰ بە ۳۷ ملیار دۆلار خەمڵێنراوە. لە بواری ئینتەرنێت و تەکنەلۆژیای زانیارییدا کار دەکا و تیکتۆک بەناوبانگترین داهێنراوێتی و لە ساڵی ۲۰۱٦ خستویەتیە بازاڕەوه.

۲- ئەندی وارهۆڵ (۱۹۲۸-۱۹۸۷) هونەرمەند و نیگارکێشێکی  ئەمریکییە، ناودارترین کارەکانی ئەو لە بواری (پۆپ ئاڕت)دان.  تێکەڵکردنی هونەری سینەما و جیهانی ڕۆشنبیریی بە تابلۆ و نیگارەکان و هەوڵدان بۆ بەستنەوەی هونەر بە بزنسەوە، لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم نیگارکێشەن. بڕوانە: ( جوز‌ف د کتنر: شاهزاده پاپ اندی وارهول، ترجمه: سحر دولتشاهی، نشر نظر، چاپ۱ ٖ ۱۳۹۹).

۳- گلگامێش داستانێکی شیعرییە، بە کۆنترین دەقی ئەدەبی و تا ڕادەیەک ئاینیش دادەنرێت لە مێژووی جیهاندا. مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی دووەمی پێش زایین، لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە لە کتێبخانەکەی “ئاشور پانیپاڵ” دا دۆزراوەتەوە. بڕوانە: ( دكتور نائل حنون: ملحمة جلجامش، ترجمة نص المسماري مع قصة الموت جلجامش والتحلیل اللغوي للنص آلاكدي، دار الخريف، دمشق، الطبعة الاولی،۲۰۰٦)


بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button