Uncategorized

کارەساتی ھەڵەبجە لە ڕۆمانی قوربانی ژمارە ٢٥٦ دا

سەعید ڕواندزی

ھەموو ڕووداوێک کە ڕوودەدات، پەیوەستە بە کات و شوێنێکی دیاریکراو. کردەی ڕووداو دوای ڕوودانی دەبێتە مێژوو، بۆیەشە گەڕانەوەمان بۆ ڕووداوەکە، واتا گەڕانەوە بۆ مێژوو، کە تیایدا بە شێوەیەکی کرنۆلۆژییانە و بە دوای یەکترداھاتنی زنجیرەی ڕووداوەکان پێکدێنێت. بۆیە دەکرێ بڵێین ھەموو ڕووداوێک ھەڵگری دوو زەمەنی جیباوازە، زەمەنێک کە ڕووداوەکەی تیادا ڕوودەدات و دەمی ئێستای ڕووداوەکەیە، زەمەنێکیش کە دەگەڕێینەوە سەر ڕووداوەکە، دوای ساڵانێکی زۆر لە ڕوودانی ڕووداوەکە جا ھەر ڕووداوێک بێت. یەکێک لە دیارترین خاسیەتەکانی گێڕانەوەی ڕووداوێک ئەوەیە، کە بگێڕەوەی ڕووداو، چەند توانای ئەوەی ھەیە، ڕووداوەکە بگێڕێتەوە کۆنسێکتە مێژووییەکە و ئەو ھەستە لای بۆ بگێڕەڕەوە دروست بکات، کە ئەو لەنێو جەرگەی ڕووداوەکە دابووە، ئەگەر خۆشی تیادا بە شدار نەبووبێت. بەو مانایەی کە دەگەڕێینەوە سەر ڕووداوێکی مێژوویی، ئیدی بچینەوە نێو ئەو ساتانە و زەمەن بوەستێت، نەک خودی ڕووداوەکە، بێتەوە نێو زەمەنی ئێستا کە زەمەنی گێڕانەوەی ڕووداوەکەیە. ئەوەندەی وەک خوێنەرێک تێبینیم کرد بێت، لە بەشێک لە گێڕانەوە ئەدەبی و بایۆگرافییەکان، ئەو دوو زەمەنە لەلایەن نووسەرانەوە ھەستی پێ ناکرێت و لە یەکتری جیا ناکرێنەوە. بەو مانایەی کە ڕووداوێک دەگێڕنەوە کە لە ڕابردوو ڕوویداوە، ئیدی لە بری ئەوەی بۆ زەمەنی ڕوودانی ڕووداوەکە بگەڕێنەوە، بە پێچەوانەوە ڕووداوەکە دێنە نێو زەمەنی ئێستا. بۆیەشە دەکەونە ھەڵەی زەقەوە، کە خۆشیان ھەستی پێ ناکەن. جارێکییان کتێبێکم لە بارەی کۆچڕەوەکە دەخوێندەوە، نووسەرەکەی نووسیبووی (باران لە پێنج ملیۆن مرۆڤی دەدا) ئەمە لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان ئەو کات، ڕەنگە کەمتر لە دوو ملیۆنیش بووبێت. ئەم درک پێ نەکردنەی زەمەنی گێڕانەوە و زەمەنی ڕوودان، دواجار ئەو ھەڵەیەی لێ دەکەوێتەوە. بۆیە کردەی گێڕانەوە، ھەر تەنھا گێڕانەوەی ڕووداوێک نییە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ زەمەن، شوێن، ھەموو ئەو پێکھاتە سرووشتی و مرۆیی و جوگرافی و کۆمەڵایەتی و ژینگەییانەی ژیانی ئەوکات. بەو مانایەی بۆگێڕەڕەوە، لە پەراوێزی گێڕانەوەی ڕووداوەکە، زەمەنی ئێستا جێدیڵێت و دەچێتەوە نێو ڕابردوو، لەگەڵ فەزای ڕووداوەکە دەژیت. لەو ڕوانگەیەوە، ڕۆمانی (قوربانی ژمارە ٢٥٦) یەکێکە لەو ڕۆمانانەی کە خوێنەر لە میانەی خوێنەوەیدا، زەمەنی ئێستا کە ساتی خوێنەوەی ڕۆمانەکەیە، لە بیر دەکات و بێ ئەوەی ھەستی پێ بکات دەگەڕێتەوە سی ودوو ساڵ لە مەوبەر کە ڕژێمی بەعس ھەڵەبحەی کیمیا بارانکرد. لەو ڕۆمانەدا، کارەساتەکە گێڕانەوەیەکی مێژوویی و کرنۆلۆژیی نییە، وەک ئەوەی لە مێژوودا ھەیە، بەڵکو ھێنانەوەی ڕووداوەکەیە بۆ زەمەنی ئێستا ، ھەر بۆیەشە کە ڕۆمانەکە دەخوێنینەوە، ئەو کارەساتەمان دێتە بەرچاو وەک ئەوەی ئێستا ڕوویدابێت و خۆمان لە نێو جەرگەی کارەساتەکە بین. ئەم شێوازە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکە و بەستنەوەی زەمەنی فیزیکی ڕووداوەکە، بە زەمەنی دەروونی خوێنەرانەوە، فۆڕمێکی ھونەری جوانی بە ڕۆمانەکە داوە، کە تیایدا ئەو کارەساتە نابێتە ڕووداوێکی ڕابردووی بەشێک لە مێژوویی خوێناوی ئێمە، بەڵکو وەک کردەیەکی تراژیدی بەردەوام دەبینرێت. ئەمەش جیاکردنەوەی ڕووداوێکی واقیعی و مێژووییە، لە بەرجەستەکردنەوەی ھەمان ڕووداو، لە دەقێکی ئەدەبیدا. چونکە لە ئاستی واقیعدا ڕووداو دەبێتە ڕابردوو، بەڵام لە دوو توێی ڕۆماندا، ڕووداو بەردەوامی دەبێت و زەمەن و شوێنەکان دەبڕێت.بۆیە کارەساتەکان لە نێو ڕۆماندا بەسەر ناچن، بەڵکو دەمێننەوە، ئەویش لە پەراوێزی خوێنەوەی ڕۆمانەکەوە بە بەردەوامی و بۆ ھەمیشە. ئەم ڕۆمانە، سەرگوزشتەی ژیانی منداڵێکی ھەڵبجەییمان لە سەر زاری خۆی بۆ دەگێڕێتەوە، کە منداڵی وشوێن و یادەوەریی و ھەموو پەیوەندییەکی ڕوحی و خێزانی، لە پەراوێزی ئەو کارەساتەوە لەدەست دەدات و بۆ ھەتایە، لە دنیای منداڵی خۆی دادەبڕێت و دەبێتە قوربانییەکی زیندووی ئەو کارەساتە. ئاسۆ، کە پاڵەوان و ھاوکات بگێڕەوەی سەرەکی ڕۆمانەکەشە، لە گەڕەکی قاوەچییانی ھەڵەبحە دەژیت و ڕزگاربووی ئەنفالە بەدناوەکانە. خۆی و زریانی دایکی و باپیرەیەک، لە ماڵێکدا خەمەکانی دوای ئەنفال کۆی کردوونەتەوە و ئەوەندەی پێ ناچێت، کارەساتێکی دیکەشیان بە سەر دادێت، ئەویش کیمیابارانکردنی ھەڵەبحەیە. ئاسۆ لەگەڵ ژێھات و سیوەر، دیاری، لە نێو دنیای منداڵی خۆیان دانە و نازانن لە چرکە ساتێکی کەمدا، لێک دادەبڕێن و قیامەت بە چاوی خۆیان دەبینن. لە پڕ فڕۆکەیەک، گازێک کە بۆنێکی وەک بۆنی سێوی ھەیە، دەرژێنێتە سەر شار و لە چرکە ساتێکدا، ژیانی ھەموو مرۆڤەکان وسرووشت و بوونەوەرەکانیش، ژێراو ژێر دەبێت و بۆ ھەتایە، ژیان ناگەڕێتەوە پێش ڕوودانی ئەو کارەساتە، ئاسۆ، کە لە بنەڕەتدا منداڵێکی کچە، بەڵام باپیرەی وەک کوڕێک دەیناسێنێت و بەم شێوەیەش جگە لە زریانی دایکی، کەس ھەست بەو دوالیزمیەی کەسیەتی ئاسۆ ناکات. دایکی چەندین جار، ھانا وەبەر باپیرەی دەبات، تا ئاسۆ وەک کچ بژیت و ڕەفتار بکات، بەڵام ئەو ڕەتی دەکاتەوە و سووڕ دەبێت لە سەر ئەوەی ئاسۆ پیاوانە بژیت. بە بڕوای من، نھێنی ئەو بە پیاو ناساندنەی ئاسۆ لەلایەن باپیرەیەوە لەوە دایە، کە ئاسۆ و دایکی ڕزگاربووی کارەساتی ئەنفالن، کە سەدان ھەزار پیاوی کوردی تێدا لە نێو برا، ھێشتنەوەی ئاسۆ لەو ناسنامە پیاوبوونەیەدا، سیمبولێکە بۆ ھێشتنەوەی ھێز و خۆڕاگریی، ورە و ئازایەتی پیاوی کورد لە دیدی باپیرەیدا. بۆیە باپیرەی تا دەشمرێت ، ئاسۆ وەک منداڵێکی کوڕ دەبینێت. ئاسۆ و دایکی لە پاڵ قوربانی ئەنفال، قوربانی دەستی عومەری شەھلای خۆفرۆشیشن. ئەو عومەرەی ھێمای جەلادیی و خۆفرۆشیی و نەبوونی ھیچ جۆرە ھەست و سۆزێکی مرۆییانەیە و تەنێ لە پێناو بەرژەوەندی خۆی، ئامادەیە ھەموو شتێک بکات ھەر وەک خۆشی لە ڕۆمانەکەدا دەڵێت:_(مرۆڤ دەبێ تەنھا بیر لە پارە بکاتەوە، پارە و ھیچی دیکە نا، ھیچ شتێک لە پارە گرنگتر نییە. لا ٢٨٢) بەم شێوەیەش، زریانی دایکی ئاسۆ، وەک کەنیزەیەک لە خزمەتی خۆی دەبینێت. ئەم کارەکتەرە، ڕووێکی ناشرین، ھاوکات بێ بەھای ھەموو ئەو خۆفرۆشانە نیشان دەدات، کە لە سەرووبەندی خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتیدا، لە سەنگەری دوژمن دابوون و بە دیار کوشتنی ھاوشوناس و ھاوخوێنەکانییان پێدەکەنین. بۆیەشە بەرجەستەکردنی ئەو کارەکتەرە، بەو شێوازە نامرۆیی و دڵڕەقییە، ناڕاستەوخۆ نیشاندانی ڕووێکی دیکەی مرۆڤی کوردە، کە چۆن جاشێتی و بەرژەوەندیی و خۆفرۆشی، دایماڵیبوون لە ھەموو بەھایەکی جوانی مرۆییانە. لێرەوەش عومەری شەھلا، وەک تارمایەکی پڕ لە ترس و تۆقاندن، ھاوتەریب لەگەڵ ئاسۆ و زریانی دایکی دەمێنێتەوە، کە گوزارشت لە نامرۆییبوون دڕندەیی خۆی دەکات. حەسەنی سمیل قیت، کارەکتەرێکی دیکەی ڕۆمانەکەیە و خاوەنی چایخانەیەکە لە نێو شاردا. ڕۆماننووس لە وێناکردنەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و مۆزیکایی (ھاوئاوێتە بوون) ھەڵەبجەییەکاندا، ڕەچاوی ئەو تایتمەندییە ھەمە جۆرەی لە ژیان و سرووشت و پێکەوە ژیانی ھەڵەبجەییەکان لە ڕووی ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە کردووە. بۆیەشە کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکشی ( ھەواسی لانەواز، ھەیاس، حەسەنی سمیل قیت، نەشمیل و شوان، دلبەر، دایە خەجی) و گەلێکی دیکەش ڕەنگدانەوەی ئەو پێکھاتە کۆمەڵایەتیەیە کە لە شاری ھەڵەبجەدا ھەیە. ڕۆماننووس لەو ڕۆمانەدا، لە ڕووی زەمەنییەوە ساتەکانی پێش ڕوودانی کارەساتەکە، بە چەند ڕۆژێک وێنا دەکات و ڕووداوەکانی ڕۆمانەکەش لەو ساتەوە دەست پێ دەکەن، کە بۆچەند ڕۆژێک ھەڵەبجە، لە ژێر چڕنۆکی بە عسدا ئازاد دەکرێت و خەڵکەکەی ھەناسەی ئازادی ھەڵدەمژن، بەڵام ئەم ئازادییە، چەند ڕۆژێکی کەم بەردەوام دەبێت و ئیدی شارەکە دەکەوێتە بەر شاڵاوی کیمیابارانکردن و ڕەوتی ژیان لەو شارەدا وێران دەبێت. ئاسۆ، ھەر ئەوەندە دەزانێت لەگەڵ ئاپۆڕای خەڵکەکە بەرە و سنوور ڕەو بکات و لە کەشێکی پڕ لە ترس و تۆقاندن، لە نێوان چرکە ساتەکانی مردن و ژیاندا، ھەڵەبحە بەرەو گوندی شێخ ڕەش لەو دیو سنوور و کوردستانی ڕۆژھەڵات جێبێڵێت. بەڵام نەھامەتییەکانی ئاسۆ، لێرەشدا کۆتاییان نایەت. لەو کۆچەدا، دایکی ئاسۆ و دایە خەجێش، کە یەکێکی دیکەیە لە کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە و لەگەڵ ئاسۆ و دایکی بە ناچاری لە ترسی تارمایی مەرگ ھەڵاتوون و وەک داپیرەیەک وایە بۆی، ھەردووکییان دەمرن. بەمەش ئاسۆ، تەنھا و بێ لانە دەمێنێتەوە، ھەواسی لانەواوز، کە ھەر وادەزانێت ئاسۆ کوریژگەیە، دەبێتە چاودێر و سەرپەرشتیاریی و بەردەوام خۆی و خەمەکانی دەلاوێنێتەوە. بەڵام ئەویش دەڕوات و ئاسۆ جارێکی دیکە تەنھا و بێکەس، لە نێو چادرێکی چادرگەی ئاوارەکاندا، لە نزیک گۆڕستانی گوندەکە دەمێنێتەوە و ڕۆژێک بە ڕێکەوت پێ دەگوترێت کە دەبردرێتە بنکەی چاودێری بێ لانەکان، بەڵام ئەو، چونکە ھەر بە خەیاڵی گەڕانەوە بۆ دار و پەردووی ھەڵەبجە دەژیت، بۆیە نزا لەسەر مەرقەدی شێخی سەڵان دەکات، کە نەیبەنە ئەو شوێنە. نزاکەی گیر دەبێت، بەڵام بە داخەوە بە ھاتنەوەی عومەری شەھلا و دۆزینەوەی لە چادرگەکەدا، تا ئێوارەیەکییان عومەری شەھلا، خۆی دەکات بە چادرگەی ئاسۆ و جارێکی دیکە، تارمایی ڕاستەقینەی ئەو جەلادە دەگەڕێتەوە، کە لە شاری ھەڵەبجە، وەک سێبەر بە دوایانەوە بوو. بەھۆی ئەو ترس و فۆبیایەی عومەری شەھلاش لە ڕابردوودا، کە لە ناخ و دەروونی ئاسۆ جێی ھێشتووە، ناتوانێت ھیچ بکات. بۆیە عومەری شەھلا، دەستە جلێکی کچانەی بۆ دەکرێت و دەیباتە تاران و دواتریش وەک منداڵێکی کارکەری سەر شەقام، دەیکاتە فرۆشیاریی گۆڕەویی لە بەردەم مزگەوتێک بە مەبەستی سیخوڕیکردن. واتا عومەری شەھلا دەیەوێت ئاسۆ لە سەر ھەمان نەزمی ژیانی ئەو، کە پارە لای ھەموو شتێکە، بژیت و لە پێناو پارەدا ھەموو کارێک بکات. ئاسۆ لە نێو ئەو ژیانە دەمێنێتەوە، تا دواجار ماریا بە ھانایەوە دەچێت و جەنگی ئێران و عێراقیش کۆتایی دێت، بەڵام دوای چی؟ دوای ئەوەی بۆ ھەتا ھەتایەش خەونی منداڵی و ژیانی ئاسۆش کۆتاییان دێت و ڕوو لە ھەر شوێنێک دەکات، تارمایی مەرگ و سێبەری کارەساتی ھەڵەبجە و عومەری شەھلای بە خەیاڵ بەسەرەوەیە. بە ونبوونی عومەری شەھلاش، کۆتایی بە ڕووداوەکانی ڕۆمانەکە دێت.ڕۆماننووس بە شێوەیەک وەسفی عومەری شەھلا دەکات، کە خوێنەر وێنەیەکی قێزەوەن و ناشرینی ئەو کارەکتەرە، لە ھزر و ڕوانینی خۆی دروست دەکات و بێ ئەوەی بینیبێتی، ڕقی لێ دەبێتەوە و ھەستی ھاوسۆزیی بۆ ئاسۆ و دایکی کە قوربانی دەستی ئەو خۆفرۆشەن لادروست دەبێت.. ،ئەم ڕۆمانە، کارەساتی ھەڵبجەی لە فۆڕمێکی ئەدەبی جواندا بەرجەستە کردۆتەوە و جارێکی دیکە ئەو تراژیدیایەمان دێنێتەوە بەرچاو، لە ڕێگەی کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکەوە. ڕۆمانەکە، ھەڵبجەییەکان و مرۆڤی کوردیش، وەک قوربانی دەستی ڕژێمێکی فاشی و دڕندە پیشان دەدات، کە چۆن قەدەغەترین چەکی کیمیای لە سەر تاقیکرایەوە. ئاسۆ، گوزارشت لە ھەموو ئەو منداڵە ھەڵبجەییانە دەکات، کە بوونە قوربانی و تاکو ئێستاش، لە نێو ئەو یادەوەرییە تاڵ و تراژیدیە دەژین. بێگومان ئێمە بۆ ئەوەی کارەساتەکانمان لە دووتوێی لاپەڕەکانی مێژوودا بە نەمری بھێڵێنەوە، دەبێ لە یادەوەریی و لە ژیانماندا، ھەمیشە بەردەوام بن و نە بنە مێژوو. ئەدەب بە گشتی و ڕۆمانیش بە تایبەتی، ڕێگەیەکە بۆ ھێشتنەوەی کارەساتەکان و بەرز ڕاگرتنیان، بۆ ئەوەی ھاوتەریب لەگەڵ زەمەن و سەردەمەکاندا، کارەساتەکان ھەمیشە لە یادەوەریمان بمێننەوە و نەچنە پەراوێزی مێژوو. دواجار دەستخۆشانە لە (ڕێباز مستەفا) ی وەرگێڕی ڕۆمانەکە دەکەم، وەک کارە کانی دیکەی، ئەو ڕۆمانەشی بە زمانێکی کوردییانەی یەکجار جوان و پەتی وەرگێڕاوە و خوێنەر کە دەیخوێنێتەوە، زمانی کوردی لاشیرین دەبێت و ئاشنای چەندین وشەو دەربڕینی پەتی کوردانە دەبێت و ھاوکات شانازیش بە زمانەکەیەوە دەکات.

* پەراوێز: ناوی ڕۆمان: قوربانی ژمارە ٢٥٦، نووسینی: گەلاوێژ نەزەریان، وەرگێڕانی: ڕێباز مستەفا، ساڵی چاپ -٢٠٢٢.

* ئەم بابەتە لە ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ، ژمارە (١٢٣٠) ی ڕۆژی ٣٠/٦/٢٠٢٢ بڵاوکراوەتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button