ئەدەب و کەلتورنوسەرانهزر

پەیوەندیی نێوان پەروەردە و نامۆبوون -سەرنجێکى تیۆرى

وەلید عومەر

مەبەست لە پەروەردە, لەم یاداشتە کورتەدا, مانا گشتییەکەى پەروەردەیە- ئەوەى کە مرۆڤ بەناو پرۆسەیەکى گەشەدابڕوات و گۆڕان بەسەر ناوەڕۆکى پێشوویدا بێت و کۆمەڵێک پێوەرو بەها و نۆرمى نوێ وەربگرێت. بە مانایەکى تر, لەو دۆخە سەرەتاییەى خۆى نامۆ ببێت و بەهۆى نێوانگرێکى ترەوە بگاتەوە سەر خۆى کە دواتر پەروەردە پێى دەبەخشێت.
یەک لەو پرسیارانەى زۆرجار زەینى مرۆ داگیردەکات ئەوەیە کە بۆچى مرۆڤى کورد پاش تێپەڕین بە «دەزگا»(وشەى دەزگا خراوەتە کەوانەوە) و ناوەندەکانى خوێندندا, لە خۆى نامۆ نابێت؟ بە دەربڕینێکى تر, بۆچى ناوەڕۆکەکەى بەنزیکەیی هەر هەمان ناوەڕۆکى پێش پرۆسە پەروەردەییەکەیە. بۆچى لە خاڵى خێزانەوە دەگەڕێینەوە سەر هەمان خاڵى خێزان؟ وەڵامى ئەم پرسیارە ئاسان نیە, بەڵکو هەوڵدان بۆ بەیەکەوەنانى هەندێ ڕەهەندى پرسیارەکە, ڕەنگە خۆى بێئاکام نەبێت.
هەر لە یۆنانى کۆنەوە تا مۆدێرنە, پەروەردە جۆرێک بووە لە نێوانگر(میدیۆم). جۆرێک لە ناوەند تاکو تاکى تیا بڕسکێت, یان بڕسکێنرێت. مرۆڤ لە دۆخى سرووشتییەوە بگوازێتەوە بۆ دۆخێکى مەدەنى, لە بوونەوەرێکى ڕاستەوخۆ بیگۆڕیتە سەر بوونەوەرێکى ناڕاستەوخۆ و خاوەن میدیۆم. واتە کۆمەڵێک خەسڵەتى ئاڵۆزتر لە مرۆڤ باربکرێت کە بەناو ئەو خەسڵەتانەدا بگاتەوە سەر دۆخى پێشووى خۆى- دۆخێک کە پەروەردە هەوڵدەدات بەیەکجارى تێى پەڕێنێت و مرۆڤ نەتوانێت بۆى بگەڕێتەوە. ڕاستە مرۆڤ کە دێتەدونیاوە, ڕیزێک بەهاى کۆمەڵایەتى و شوناسى بۆ ئامادەکراوە, بەڵام ئەمانە پتر لە میراتەوە نزیکن تا پەروەردە. پەروەردە, میدیۆمێک و پرۆسەیەکە ئامادەدەکرێت تا دەستکاریی ناوەڕۆکى ئەو مرۆڤە بکات وا بەخۆى و بەها میراتییەکانیەوە دێتەئاراوە. ڕەنگە هەر سەردەمێک جۆرێک لە پەروەردەى خۆى هەبێت, بەڵام ئەمە شتێکى ئەوتۆ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە پەروەردە میدیۆمە. بە زمانێکى کەمێک تیۆرییتر بیڵێین, پەروەردە نامۆماندەکات بەو شوناسە کرچ و ڕاستەوخۆیەى کە پێوەى هاتووینەتەدونیاوە. نامۆبوونێک کە دەکاتەوە بە خۆناسین و خودئاگایی, بەڵام لەناو کۆپەیوەندییە ڕەمزى و کۆمەڵایەتییەکانماندا. گەر پەروەردە وەک میدیۆمێک نامۆمان بکات بۆ ماوەیەک, ئەوا لەو ساتە سەرەتاییە نامۆماندەکات کە ئەوانیتر, نەریت, بەها دێرینەکان, بنکە مرۆییە درێژخایەنەکان بەسەر ئێمەیاندا سەپاندووە- نەک نامۆبوون بەو واتا نەرێنییەى کە واقیعى خۆمان و دەرەوەشمان نەناسینەوە. نامۆبوون لێرەدا تێرمێکى ئەرێنییە و جۆرێکیشە لە پێشمەرج بۆئەوەى لە سادەییەکى ڕاستەوخۆوە بپەڕینەوە بۆ ناڕاستەوخۆییەکى ئاڵۆزتر. بە مانایەک, پەروەردە ئەو میدیۆمە بووە مرۆڤى لە سادەییەوە بۆ ئاڵۆزى گواستووەتەوە. وەک کارکرد(function)یش, پەروەردە مرۆڤ لە “من”ێکى سادەوە بۆ ناسینى ئەویتر دەگوازێتەوە. ئەویتر, ئەویترى گەورە, ئەو پانتاییەى کە لەگەڵ مرۆڤەکانى تردا ئاڵوگۆڕ دەستپێدەکەین و ئارەزووى شتان دەکەین و کۆمەڵێک سنورداریی پێویستیش دەناسینەوە. بە زمانێکى تیۆرییتر: پەروەردە ناوەندێکە بۆ ئەزموونکردنى پرۆسەى بەسوبێکتبوون(subjectivization), ئێمە لەوێدا وردەوردە دەبینە سوبێکت. مرۆڤ سەرەتا کە دێتەدونیاوە, هەروا بەئاسانى سوبێکت نیە, بەڵکو دەبێتە سوبێکت. ئەوەى سەرەتا هەمانە, خود(self)ێکى بەراییە کە پرۆسەى بەسوبێکتبوونى نەگۆڕیوە و سنورى ناوەوە و دەرەوە زۆر ڕوون نیە بۆى. بەهەرحاڵ, ئەو نامۆبوونەى لە پەروەردەوە دەستماندەکەوێت “نامۆبوونێکى بنیاتنەر”ـە و هەردەم بەتەواوى ناتوانین بگەڕێیتەوە بۆ ئەم خودە سەرەتایی و ڕاستەوخۆ و کرچە. 
وشەگەلى وەک “تەربیەت(تەربێت)”, کە بەشێکیشە لە پیشەسازیی جنێو لاى ئێمە, پتر لە نامۆبوونە سەرەتاییەکەوە نزیکە تا نامۆبوونى دووەم. نامۆبوونى سەرەتایی, واتە ئەوەى کە مرۆڤەکان بۆ ئەوەى پێکەوە بن ناچارن کۆمەڵێک شتى بنەڕەتى سانسۆربکەن و ژیانى کۆمەڵایەتى بسازێنن. بەڵام نامۆبوونى دووەم, کرۆکى پەروەردەى نوێترە و پرۆسەى بەسوبێکتبوون ئاوەڵا و هەردەم کراوەیە- دەشێت چیدى ئەو کەسە نەبیت کە دوێنێ بوویت. ئیدى لەوپەڕى ئەگەرەکانى چاکەوە بیگرە تا ئەوپەڕى ئەگەرەکانى خراپە, واتە گۆڕانێک لە ناوەڕۆکى سوبێکتایەتیی تۆدا دەڕەخسێت کە بە هەردوو بارەکەدا دەلالەت لە گۆڕانێک دەکات(بەپێچەوانەى ئەو چاکە و خراپە کەلتورییەى ئێمەوە کە دەشێت بە بارێکدا مرۆیەک خۆى بە چاکەکار بزانێت و بەکردەیی چاکەکاریش بێت و نەشگۆڕابێت, بەو بارەى تریشدا کەسێک خراپەکار بێت و لەوپەڕى دنیاش وەفادارى پلەیەکى نۆرمە کەلتورییەکان بێت و کەسایەتییەکەى نەگۆڕابێت و نامۆ نەبووبێت). بەم مانایە, پەروەردە گەرچى لە ڕواڵەتدا فۆرمێکى ڕێک و ئاشتیخوازانەى هەیە بەڵام کارکردەکەى لەقووڵاییدا بریتییە لە شاردنەوەى شێتییەکى مرۆیی کە دەبێت جارێک بناسرێت, جارێک هەڵدرێتەوە و جارێکیش بینابکرێتەوە. لەم پرۆسە سیانییەدا, ئەو شتە ڕوودەدات کە پێى دەڵێین نامۆبوون لە پەروەردەدا. گەر ئەمە ڕوونەدات, بنیامێک دەمێنێتەوە کە شێتییە مرۆییەکەى تێدایە بەبێ ئەوەى ناسرابێت و هەڵدرابێتەوە و بنیاتنرابێتەوە. بۆیە لە کەلتورە ساکارەکاندا, هەر شێتییەک لە مرۆڤ بوەشێتەوە, وەک شێتییەکى بێ‌نێوانگر مەحکومدەکرێت و بەبێ تێڕامان لە قووڵاییەکانى سوبێکت سەرکوتدەکرێتەوە. پەروەردە لێرەدا دەستبردنە بۆ شێتیی ناو مرۆڤ, ئەوەى کە دەکەوێتە پێش پەروەردەوە و پاش پەروەردەش بەڕەهایی لەناونابرێت بەڵام بە پاڵێوگەیەکى ناسین و دانیپانان و ڕۆنانەوەدا براوە. نامۆبوونى کەلتورى, جۆرێک لە شێتیی میدیۆمدارە کە چیدى شێتییە کرچەکەى سەرەتا نیە. پەروەردە لە هەموو ئاستەکانیدا, ڕەمزاندنێکى ئەم شێتییەیە.  
 ئەوەى لە ئێستاى کۆمەڵگاى ئێمەدا بەدیدەکرێت, لێڵبوونى ماناکانى چەمکى “پەروەردە”يە. ئاخۆ پاش سێ دەیە ئێمە چییمان لە پەروەردەوفێرکردن وەرگرتووە؟ لەوەش گشتییتر, پەروەردەى مەدەنى لە ئاستى مرۆى کۆمەڵگاکەدا چۆن دەگوزەرێت؟ لێرەدا دوو جێکەوتى زەینی(ئینتیباع) ـى سەرەتایی جیادەکەینەوە کە پەیوەندیی پەروەردە و پرسى نامۆبوون لاى ئێمە دەبڕن:
یەکەم, پەروەردەى مرۆى ئێمە, نەپەڕیوەتەوە بۆ نامۆبوونێکى مۆدێرن و تەواو مەدەنى. هێند هەیە لە ئاستێکى بنەڕەتییدا وەک هەر مرۆڤێکى تر, سرووشتمان بەرەو شارستانییەت جێهێشتووە, بەڵام ئەو نامۆبوونەى کە گەرەکە لەناو شارستانیەت و کەلتور خۆیدا ئەزموونیبکەین, غایبە. بۆنمونە, مرۆى ئێمە بەگشتى بایی ئەوە لە خۆى دوورنەکەوتووەتەوە تاکو هەست بە نامۆبوونێک لە هەموو ئەو خەسڵەتانە بکات کە بەسەریدا بارکراوە. ئەو هێشتا ئاشنایەکى شەفافى نۆرمەکانێتى و هێند دەقیق و ماشێنى پیادەیاندەکات کە بوارى نامۆبوون ناڕەخسێت. نامۆبوون ئەودەم درووستدەبێت کە گومانى تەواو لە بوون و کەسایەتى و پاشخانە بارکراوەکە بکەیت. هەستبکەیت نەک هەر ساتى دابڕان لە پانتاییە کۆمەڵایەتییەکە هاتووە, بەڵکو پێویستە گومان لەوەش بکەیت کە ئەوانیتر چ جۆرە “مرۆڤ”ێکن وا گومان لە هیچ شتێکى بنەڕەتیی بوونى خۆیان ناکەن!؟ ئەوان بۆچى لە کەلێنە بنچینەییەکەى بوونى خۆیان, کەلێنى سوبێکتبوون, درزى نێو کارەکتەریان بەئاگانەهاتوونەتەوە کە مەرجێکى مۆدێرنە بۆ لەدایکبوونى سوبێکت(مرۆڤى نوێ). بۆچى بۆ ساتێک لە ڕیشە نایەنەدەر؟ نامۆیی, جۆرێکە لە بێ‌ڕیشەیی و گومان لە ڕیشە- بەتایبەت ڕیشەى وێناکردنمان بۆ مرۆڤ.
دووەم, لە ئاستێکى دیاریکراوتردا و لە پرسى پەروەردەوفێرکردنى ئێمەدا, هێنانى سیستەمى خوێ،دنى وڵاتێکى تر(بۆنمونە سویدى و هتد), ناتوانێت نامۆبوونێکى پۆزەتیڤ درووستبکات. بگرە کارلێک ناخوڵقێنێت و چەشنى موتوربەیەکى پاسیڤ دەمێنێتەوە. کاتێک دەڵێین سیستەمى پەروەردەیی فڵان وڵات بۆ ئێمە نامۆیە, هێشتا باسى ئەو نامۆییە بنیاتنەرە ناکەین کە دەرەنجامى کارا و ئاڵوگۆڕى ئەرێنیی لێ دەکەوێتەوە. ئاخۆ پرسەکە پەیوەندیی بەوەوە هەیە ئێمە سەرخانى کەلتوریی وڵاتێکى تر دێنین و دەمانەوێت بیخەینە جێى سەرخانە کەلتورییەکەى خۆمان کە ڕیشەى لە جێى تردا چەقیوە؟  ئاخۆ پێویستدەکات گەشەى پەروەردەیی, هەمیشە بەرەنجامى کەڵەکەبوونێکى مێژوویی خۆماڵى بێت؟ لەوەش ڕیشەییتر: ئاخۆ ئێمە جگە لە ناوکە ئەخلاقییە خۆماڵییەکە, دەتوانین چیی تر لەسەر ئەو ناوکە کەڵەکەبکەین و ڕوویەکى هێورترى پێ ببەخشین؟ ئەوەى ئێستا هەیە و دەیبینین سوپەرئیگۆیەکى کەلتورییە کە فۆرمولە پەروەردەییەکەى بەم جۆرەیە: کەڵەکەى بکە, کەڵەکەى بکە- بەڵام بیرتنەچێت خودى ناوکە کەلتورییەکە وەک خۆى بمێنێت. مارکس لە سووچێکى کتێبى “سەرمایە”دا و بە ئیقتیباسێکى شاراوەوە لە تەورات ئەو کەڵەکەبوونەى ناو سەرمایەدارییمان بیردەخاتەوە کە لەپێناوى کەڵەکەکردنێکى زۆرتردایە(“کەڵەکەى بکەن, کەڵەکەى بکەن, ئەوەیە [خوڵق‌وخووى] موسا و پەیامبەران”). پاش ئەو گۆڕانکارییە سیاسى و جیهانى و تەکنۆلۆژییانەى ڕوودەدەن, سوپەرئیگۆى ئێمە هەنگاوێک لەپاش فەرمانە کەپیتالیستییەکەوە ماوەتەوە چونکە ئەوە هێشتا فەرمانێکى مۆدێرنە, و سیستەمەکەش ناوکێکى پڕى چەشنى ئەوەى ئێمەى نیە. لەپاڵ سیستەمەکانى خوێندندا, میدیاش لەڕێى چاو, لاساییەوە جۆرێک پەروەردەى “لە-پەروەردە-داماڵراو” لەسەر مرۆى ئێمە جێدەهێڵێت. ئەم پەروەردەیە, زەینى نیە, بەڵکو نمایشى و دیدەکییە و سەرەنجامیش بێ سانسۆرە. یەک لە کارکردە بنەڕەتییەکانى پەروەردە, ڕاگرتنى جۆرێک لە سانسۆرى داهێنەرانەیە.
کەڵەکەبوون, خۆى مەرجێکى مێژووییە بەڵام سەرەنجام ناوەڕۆکى مێژوویەکیش بگۆڕێت. ئەم کێشەى کەڵەکەنەبوونەى کە ناوک و ناوەڕۆکى مێژووەکە بگۆڕێت, لە هەموو ڕوویەکى ژیانە سادەکەماندا ڕەنگیداوەتەوە. گەر بوارى ڕۆشنبیرى بەنمونە وەربگرین: کەڵەکەبوونى ڕۆشنبیرى, خۆى جۆرێکە لە پەروەردەى ڕۆشنبیرى: نیشتنى زەمەنێک و تەمەنێکە لە دەرگیربوون و گۆڕینى پرسیار و لەژێر ئەمانەشەوە تاقیکردنەوەى ڕیزێک نامۆیی شەخسى کە نامۆییە کۆمەڵایەتییەکەش تێدەپەڕێنێت. بۆیە لە غیابى ئەو کەڵەکەکردنەوە, ئەو مەترسییەش هەیە کە بۆنمونە زانیاریی خێرا و گەڕانى گوگڵ و پەڕەکانى ناو ئەنتەرنێت, وەک کەڵەکەبوونى ڕۆشنبیرى وەربگرێن. ئاشکرایە ئەوانە کەڵەکەبوونى ڕەسەنى ڕۆشنبیرى درووستناکەن بەڵکو وێنەیەکى پچڕپچڕ و نیتک‌نیتک درووستدەکەن کە سەرناکێشێت بۆ “کۆیەکى مەعریفى”. كۆى مەعریفى, واتە پرۆسەیەکى کۆگیر هەبێت تەعبیر لە گەشەیەکى ناوەکى بکات, هەڵبەزودابەزێکى سرووشتى و ئاسایی بڕیبێت, پرسیارەکان و کەڵکەڵەکە شەخسییەکانى تیا هەڵکشابێت. لە دونیاى ئێمەشدا, تا ئەم کۆ مەیلەو یەکانگیرە درووستنەکەین لە ئاستى شەخسدا, ئەوا لە زمانى شەفەوییەوە ناپەڕینەوە بۆ زمانى نوسین. کەڵەکەنەبوونى ڕۆشنبیرى, وەک پێناسە, ئەو ئەگەرەشى لەخۆیدا هەڵگرتووە کە وەرگەڕێت بۆ شتێکى تر کە خۆى نیە: ستایلى ژیان. دەکرێت بۆ ماوەیەکى کاتى, ستایلێک و شێوگێکى ژیان هەڵبژێرین و شتێکى ئەوتۆشیمان لەپشتیەوە کەڵەکەنەکردبێت. کەڵەکەکردن, جۆرێکە لە جەبر و خەسڵەتپێدان نەک مەیلێکى ئاگایانە و ڕاگوزەر بۆ ئەوەى ئەو شتە بکەیت کە دەیکەیت.
جارێکى تر دووانەى پەروەردە و فێربوون(فێرکردن), پەیوەندیی پەروەردە و نامۆبوونمان بیردەخەنەوە کە چۆن پێویستدەکات هەر فێربوونێک جۆرێکە لە پەروەردە(نامۆبوون)ێک. نامۆبوون لەپێناوى ئەوەى جارێکى تر کۆى ژیان و ئاڵۆزییەکانى وەربگرینەوە و تێى‌بگەین. پچڕانى ئەم پەیوەندییە, بۆ کەلتورگەلى وەک ئێمە, لەبرى هەڵکشان پاشەکشەى تیایە بەرەو ئەو ناوکە ڕەق و ڕاستەوخۆیەى کە هیچى لەسەر کەڵەکەنابێت.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button