مه‌حمود خانی دزڵی ، كوڕی عه‌زیز خان ، ساڵی 1870 له‌گوندی (دزڵی)ی ناوچه‌ی هه‌ورامانی ته‌خت له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له دایكبووه.
بنه‌ماڵه‌كه‌ی یه‌كێك بوون له بنه‌ماڵه سه‌ردار و ده‌ست ڕۆیشتووه‌كانی ئه‌و كاته ، كه دوای مردنی عه‌زیز خانی باوكی ، مه‌حمود خانی كوڕی بۆته جێنشینی و به ماوه‌یه‌كی كه‌م و له ئه‌نجامی توانا و لێهاتوویی خۆیدا ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر ناوچه‌ی دزڵی و ده‌وروبه‌ری هه‌وراماندا بڵاوكردۆته‌وه.
ناو بانگی مه‌حمود خانی دزڵی ، له سه‌ردارێكی به ده‌سه‌ڵاته‌وه گۆڕا بۆ "پاڵه‌وان"، دوای ئه‌وه‌ی له ئازادكردنی شاری سلێمانی له ده‌ست هێزه‌كانی ئینگلیز رۆڵی سه‌ره‌كیی بینی ، ره‌فیق حیلمی له‌ساڵی 1922 راوێژكاری رامیاری شێخ مه‌حمود بووه دوای ئه‌و قاره‌مانێتییه و چه‌ند نه‌به‌ردییه‌كی تر به "پاڵه‌وانی شۆڕشه‌كه‌ی شێخ مه‌حمود"، ناوی برد.
ئه‌حمه‌دی خواجه ، كوڕی عه‌زیز عوسمان ئاغای ئه‌رده‌لانی ، كه له ساڵی 1922 یه‌كێك بوو له باش كاتبهكانی شێخ مه‌حمود ، له كتێبه‌كه‌یدا (چیم دی) ، ده‌ڵێت شێخ مه‌حمود بۆ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌كرده‌وه توندوتیژ و ناشیرینه‌كانی مێجه‌رسۆن حاكمی سیاسی ئه‌و كاتی شاری سلێمانی بوه‌ستێته‌وه ، داوا له مه‌حمود خانی دزڵی ده‌كات سه‌ردانی سلێمانی بكات.
له‌سه‌ر ئه‌و داوایه مه‌حمود خانی دزڵی به له‌شكرێكی زۆری ناوچه‌كه‌یه‌وه ده‌گاته شارباژێڕ‌و له 19ی ئایاری 1919 گه‌یشته سه‌ر چیای گۆیژه و چاوه‌ڕێی فه‌رمان بوو بۆ هێرش.
مێجه‌رسۆن كه ئه‌و كات حاكمی سیاسی سلێمانی بوو ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌و زانیارییانه‌ی پێده‌گات ، به‌په‌له فه‌رمانی جه‌نگ و به‌ربه‌ست له به‌رده‌م له‌شكره‌كه‌ی مه‌حمود خانی دزڵی ده‌رده‌كات و مێجه‌ر دانلێس بۆ ئه‌و ئه‌ركه راده‌سپێرێت.
مێجه‌ر دانلێس له‌و كاته دا ، سه‌رپه‌رشتیاری هه‌ر دوو هێزی پیاده‌ی لیڤی ـ لیڤی چه‌كدارانی كوردی خه‌ڵكی ناوچه‌كه بوون - له فه‌رمانده‌ی ره‌زا به‌گ و سواره‌ی لیڤی له فه‌رمانده‌ی جه‌مال عیرفاندا دهكردو له بناری گۆیژه و له كارێزی حوسێنه جۆڵا له چادر دا بوون . مێجه‌رسۆن ، به‌یانی 20ی ئایاری 1919 سلێمانی به‌ره‌و كه‌ركوك جێده‌هێڵێت و شه‌ڕیش بۆ دانلێس و هێزه‌كه‌ی ده‌مێنێته‌وه . سوپای ئینگلیزی و لیڤی ڕووه و چیای گۆیژه به‌رامبه‌ر له‌شكری مه‌حمود خانی دزڵی كه‌وتنه جه‌نگه‌وه . ئه‌و رۆژه به ده‌ستپێكی شۆڕشی شێخ مه‌حمود به‌رامبه‌ر به به‌ریتانیای گه‌وره داده‌نرێت.
له‌بناری گۆیژه ، پیاده و سورای لیڤی به‌رامبه‌ر به مه‌حمود خانی دزڵی و له‌شكری هه‌ورامی وه‌ستانه‌وه ، تا نزیكه‌ی ئێواره جه‌نگ درێژه‌ی كێشا ، سوپای لیڤی له‌وه زیاتر خۆی پێڕانه‌گیرا و چه‌كیان دانا "كورد ، كورد ناكوژێت"، به‌م ده‌سته‌واژه‌یه كۆتاییان به شه‌ڕ له دژی له‌شكری دزڵی هێنا.
ره‌فیق حیلمی له‌كتێبی (یاداشت) دا ده‌نوسێت "شۆڕشه‌كه‌ی شێخ مه‌حمود و هاتنی سوپای هه‌ورامییه‌كان به فه‌رمانده‌یی مه‌حمود خانی دزڵی ناڕه‌زایی زۆری عیراقی به‌دوای خۆیداهێنا". هه‌روه‌ها ده‌ڵێت هاتنی ئه‌و له‌شكره‌كه‌ش وایكرد شێخ مه‌حمود بیر له هه‌ڵگیرساندنی شۆڕش بكاته‌وه.
مه‌حمود خانی دزڵی ، له مێژوی خۆیدا به‌پێی سه‌رچاوه مێژوییه‌كان قوربانی زۆریداوه ، به‌هۆی هه‌وڵه‌كانی بۆ رزگاركردنی كوردستان . بۆیه له سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی چه‌ندینجار ده‌ربه‌ده‌ر كراوه و له زیندانه‌كانی هندستان و عیراق و ئێران دا كوێره‌وه‌ری و ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی زۆری بینیوه و زۆر جاریش به ده‌ست به‌سه‌ری ره‌وانه‌ی شاره‌كانی عیراق و ئێران كراوه.
مێژونووسان وه‌كو پیاوێكی به‌خشنده و زمان شیرین ، وه‌سفیان كردوه ، به‌جۆرێك گونده‌كه‌ی (دزڵی ، هەورامان لە رۆژهەڵاتی کوردستان) و ئاواییه‌كانی له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و دا بووبونه په‌نا و داڵده‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له ده‌ست رژێمه داگیركه‌ره‌كان هه‌ڵده‌هاتن . چه‌ندین جاریش به‌خۆی و له‌شكره‌كه‌یه‌وه خه‌باتی چه‌كداریی كردووه دژی رژێمی قاجاری و په‌هله‌وییه‌كان.
په‌یوه‌ندی نێوان مه‌حمود خانی دزڵی و شێخ مه‌حمودی حه‌فید په‌یوه‌ندییه‌كی به هێز و گه‌رم و گوڕ و به‌تین بووه ، وه‌ك ره‌فیق حیلمی باسی ده‌كات.
ره‌فیق حیلمی كه له سه‌رده‌می حكومه‌ته‌كه‌ی شێخ مه‌حمود دا راوێژكار بووه ، له كتێبی (یاداشت) دا ده‌نوسێت "خانی دزڵی پاڵه‌وانی شۆڕشه‌كه‌ی شێخ مه‌حمود بوو"، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌كه به‌وه‌ی دزڵی جێی متمانه‌ی زۆری شێخ مه‌حمود بووه.
پاش جه‌نگی ده‌ربه‌ندی بازیان ، له سه‌ر داوای ئینگلیزه‌كان ، مه‌حمود خان به‌دیلگیرا و نێردراوه بۆ تاران و به‌غدا و له وێوه بۆ هیندستان ، به‌ڵام ئه‌وه نه‌بووه هۆی پچڕانی په‌یوه‌ندی خان و شێخ مه‌حمود.
رۆژنامه‌ی بانگی هه‌ق له تشرینی یه‌كه‌می 1922 هه‌واڵێكیدا بڵاوكردووه‌ته‌وه "به بۆنه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی شێخی به‌رده‌قاره‌مانه‌وه له ده‌ست به‌سه‌ری ، مه‌حمود خانی دزڵی به‌خۆی و هه‌ندێك له كوڕ و ئامۆزا و كه‌سانی بنه‌ماڵه‌كه‌ی زیاره‌تی شێخ مه‌حمودیان كردووه". مه‌حمود خانی دزڵی و له‌شكره‌كه‌ی ، له‌گه‌ڵ جوگرافیای ناوچه‌كه‌ی ، هه‌رده‌م جێی سه‌رنجی ئینگلیزه‌كان بووه ، بۆیه هه‌موو كات بهمهترسییان زانیوه.
كاتێك دكتۆر (ج. م. لیز) نائیبی حاكمی سیاسی ئه‌و كاتی هه‌ڵه‌بجه بۆ ئه‌و پۆسته هه‌ڵده‌بژێردرێت ، وتویه‌تی "ده‌بووایه به‌زوویی شێخ مه‌حمود لاواز بكه‌ین و له سه‌ر كار لای به‌رین، به‌ڵام ترسی ئه‌وه‌شمان هه‌بوو سلێمانیش له ده‌ست بده‌ین"، ئه‌وه‌ش به‌پێی حسێن حوزنی موكریانی له‌كۆ به‌رهه‌مه‌كانیدا، كه له ڕۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ‌دا ئاماژه‌ی پێدراوه.
نائیبی حاكمی سیاسی له هه‌ڵه‌بجه ، له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی بۆ ناوچه‌كه سه‌ردانی مه‌حمود خان ده‌كات و له وه‌سفی خانی دزڵیدا ده‌ڵێت "حكومه‌تی ئێران له هیچ كاتێكدا ئه‌وانی نه‌خستووه‌ته ژێر ده‌ستی خۆی و حوكمداری به‌سه‌ریاندا نه‌كردووه ، چونكه هه‌م ئازان و هه‌م جێگایان سه‌خته"، به‌پێی گێڕانه‌وه‌كانی حوزنی موكریانی.
ده‌شگێڕێته‌وه كه مه‌حمود خان له‌شكرێكی زۆر ئازای پێ بووه ، جێگاشی له سه‌ر كێوێكی زۆر بڵند و سه‌خت بوو ، "بۆیه شه‌ڕكردن له‌گه‌ڵ له‌شكری مه‌حمود خاندا كه وه‌ك پڵنگی چیایی بوون ، هه‌ڵمه‌تبردن بۆ ئه‌مانه كارێكی ئاسان نه‌بوو".
ئه‌مانه وا له نائیبی حاكمی سیاسی له هه‌ڵه‌بجه ده‌كات مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ دا بكات و بچێته سه‌ردانیان ، بۆ ئه‌وه‌ی له ڕۆشتنیان بۆ سلێمانی په‌شیمانیان بكاته‌وه ، ئه‌مه به‌ر له‌چونی له‌شكره‌كه‌ی خان دێت بۆ گۆیژه.
مه‌حمود خان بهمیواندارییهكهی نائیبی حاكمی سیاسی له هه‌ڵه‌بجه بۆ چا خواردنه‌وه‌یه‌ك رازی ده‌بێت و له وه‌سفی خانی دزڵی دا نائیبی حاكمی سیاسی له هه‌ڵه‌بجه ده‌ڵێت "هێنده ترسناك بوون كه سامیان هه‌بوو به كۆمه‌ڵ له ده‌وری من كۆده‌بوونه‌وه و ته‌ماشای منیان ده‌كرد... چه‌كداره‌كانی مه‌حمود خان هه‌موو تفه‌نگی ماهوو زهری توركییان پێ بوو به‌فیشه‌ك خۆیان رازاندبووه‌وه . گه‌لێك به‌هه‌یبه‌ت و جوان و رێك ئه‌ندام بوون".
نائیبی حاكمی هه‌ڵه‌بجه ده‌ڵێت "مه‌حمود خان هه‌ر له دانیشتنمهوه هه‌تا هه‌ستانم چاوی له من نه‌ده‌تروكاند ، هه‌ر به‌وردی چاوی تێبڕیبووم به هه‌موو گیانمدا ده‌یڕوانی منیش به‌چاوێكی سه‌رسامییه‌وه ته‌ماشای ئه‌وم ده‌كرد".
وتیشی "كه چام خوارده‌وه ده‌ستمكرد به‌قسه‌كردن و رووم كرده مه‌حمود خان و وتم حكومه‌تی به‌ریتانیا ته‌ماشای له شكرێكی پڕ چه‌كی ئێوه ده‌كات و ده‌زانین كه نیازی ئێوه بۆ هه‌ڵمه‌تبردن و په‌لامارێكی گه‌وره كارێكی باش نییه . ئه‌م خه‌یاڵه‌ی ئێوه به به‌غدا گه‌یشتووه . كه تۆ به‌م هه‌موو چه‌ك و تفاقه‌وه ههڵمهتێكتان به‌ده‌سته‌وه‌یه"، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵانه‌ی بێسوود ده‌بێت و ترسه‌كه‌ی دێته دیی ، چونكه دواتر سلێمانی ل هدهستدهدهن.
دزڵی گوندێكی گه‌وره‌ی سه‌ر به‌قه‌زای سه‌وڵاوایه له هه‌ورامانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان . خه‌ڵكی دزڵی به‌شێوه‌زاری هه‌ورامی قسه‌ده‌كه‌ن،. له سه‌رژمێریی ساڵی ٢٠٠٦ دا دانیشتوانه‌كه‌ی دوو هه‌زارو ٦٢٧ كه‌س بوون . مه‌حمود خانی دزڵی له ناودارانی ئه‌و گونده بووه كه یارمه‌تیده‌ری شێخ مه‌حمودی حه‌فید بووه.
ئه‌حمه‌دی خواجه له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ (عه‌بدولڕه‌قیب یوسف) ده‌گێڕێته‌وه "مه‌حمود خان بۆ ڕاپه‌ڕاندنی كار و باری تایبه‌تی و جه‌نگی ، ئه‌نجومه‌نێكی لهكوێخا و ده‌مڕاستی گونده‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێكهێنابوو ، كه به‌رده‌وام ئاماده‌بوون و بریتین بوون له‌حه‌وت كه‌س". دزڵی ڕاوێژی پێده‌كردن و ئه‌گه‌ر كارێكی نائاسایی ڕووی بدایه ، جێی متمانه و پرس و ڕاوێژ بوون و به زووی فرمانه‌كانی خانی دزڵییان جێبه.
خانی دزڵی ، به یه‌كه‌مین سه‌رداری كورد داده‌نرێت كه سنووره ده‌ستكرده‌كانی ره‌تكرده‌وه و هاوكارییه‌كی گه‌وره‌ی شۆڕەشهكهی شێخ مه‌حمودی كردووه ، هه‌روه‌ها باوه‌ڕی ته‌واوی به‌یه‌كپارچه‌یی خاكی كوردستان هه‌بووه . خانی دزڵی به داهێنه‌ری داڕشتنی بنه‌ماكانی شه‌ڕی پارتیزانی داده‌نرێت و له دوای شه‌ڕی ده‌ربه‌ندی بازیان ، به‌و شێوازه‌ی له خه‌بات كردن ، هێزه‌كانی ئینگلیزی شپرزه كرد . ساڵی 1946، مه‌حمود خانی دزڵی به پیلانی كاربه‌ده‌ستانی ئێران له‌مه‌رزی (مڵه‌خورد) سنوری نێوان عیراق و ئێران ده‌رمان خوارد كرا و له گوندی (هانه‌ی قوڵ)ی بناری هەورامان لە سنوری ناحیەی خورماڵ بەخاکسپێردرا.