سواڵەیەک بۆ سەر خەرمانی ژیانی میری شاعیرانی کورد
هێندێ زانیاریی نوێ سەبارەت بە نالی
سەڵاح سالار


شاعیری مەزنی کورد، مەلا خدری نالی، ناوی زۆر دەهێنرێت و باسوخواسی هەمیشە گەرموگوڕە، کوانووەکەی سارد نەبووەتەوە و ڕەنگە تا هەتا هەتایە هەر میوانی خوانەکەی هەبن و کۆتایی نەیەت.
نالی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەی زۆری لەسەر کراوە و دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا حەقی خۆیەتی چەندان کاری دیکەشی لەسەر بکرێت.
جگە لەوەی شیعرەکانی بەردەوام لێکدانەوە و خوێندنەوەی نوێی بۆ دەکرێت، ژیانی تایبەتیی ئەم شاعیرە گەورەیە تەمومژی زۆری لەسەرە و لێرە و لەوێ شەنوکەوی خەرمانی ژیانی دەکرێت و ناوبەناو زانیاری زیاترمان دەست دەکەوێت.
ساڵانی پێشتر ئەوەندەمان دەزانی نالی ناوی (خدری کوڕی ئەحمەدی شاوەیسی ئالی بەگ)ی میکائیلی جاف بووە. ژین و مەرگی نالی، گومانی زۆری لەسەر بوو، خۆشەویست و هاوسەری نالی فرەی لەسەر نووسرا، ئایا ئەسڵەن حەبیبەیەک بوونی هەبووە، یان ڕەمز و نیشانەیە؟ ئایا ئەم شاعیرە گەورەیە هاوسەرگیریی کردووە، یاخود بە ڕەبەنی ژیاوە و مردووە؟ تەنانەت لەسەر نازناوەکەشی ڕاجیایی زۆرمان بۆ دروستبوو، هەر کەسە و کۆمەڵێ بەڵگەی دەخستە ڕوو کە ئایا (ناڵی) بووە، یان (نالی)؟ زۆر گۆشەی تری ژیانی نالی تاریک و نووتەکە.
نالییەک بەو گەورەییەی خۆی دڵ و دەروون و ماڵی هەموو کوردێکی ڕۆشن کردەوە، کەچی ماڵەکەی ئەو ئەنگوستەچاوە و لە دەلاقەی بچووکەوە نەبێت ڕووناکایی کۆشکە گەورەکەی نابینین!
ڕەچەڵەکی نالی
لە دیوانی نالییدا تەنیا ئەوە باس کراوە نالی، ناوی خدری کوڕی ئەحمەدی شاوەیسی ئالی بەگی میکایەڵییە . باب و باپیرانی نالی هەر ئەوەندەمان دەناسیی و دەزانی. بەڵام ساڵی 2019 نووسەر خوسرەو جاف ڕۆمانی (شازادە و شاعیر)ی بڵاوکردەوە. ئەو ڕۆمانە باسی ژیانی شاعیری گەورە نالییە. لە پێشەکی ڕۆمانەکەیدا نووسەر دەڵێت: چوار ساڵ سەرقاڵی نووسینی ئەو ڕۆمانە بووم و سەردانی کەسوکاری نالییم کردووە و زانیاریی زۆرم لەسەر ئەو شاعیرە دەستکەوتووە. سەبارەت بە باب و باپیرانی نالی، خوسرەو جاف دەڵێت: نالی (خدری کوڕی ئه‌حمه‌د، كوڕی شاوه‌یس، كوڕی قه‌ره‌وه‌یس، كوڕی مسته‌فابه‌گ، كوڕی وه‌یس، كوڕی عه‌لی به‌گه‌ .
لێرەدا، پاش زیاتر لە یەک سەدە، ئینجا زانیمان ڕەچەڵکی نالی کێیە و باپیرانی ناویان چییە.
سەبارەت بە کەسایەتییە دیارەکانی ئەو خانەوادەیە هێشتا زانیاریی ئەوتۆمان لەبەر دەست نییە و تازبەتازە هەندێ تەپوتۆز لەسەر ژیاننامەیان ڕادەماڵرێت و کەمێ زانیارییمان بەردەست دەکەوێت.
ساڵی 2020 هەواڵێکی نوێم دەستکەوت کەوا زانای گەورە مەولانا خالیدی نەقشبەندی ئامۆزازای نالیی مەزنە. ئەویش لە پەڕەی تایبەتی نووسەر و شارەزای مێژووی هۆزی جاف (خالید شاسوار یاخیانی)، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، کە کورتە نووسینێکی نووسیبوو سەبارەت بە مەولانا خالید و نالی. لەو نووسینەی ئەودا بەم شێوەیە باسی باپیرانی نالی دەکات: خدری کوڕی ئەحمەد، کوڕی شاوەیس، کوڕی قەرەوەیس، کوڕی مستەفابەگ، کوڕی وەیس، کوڕی ئێل بەگی جاف، کوڕی موراد بەگ.
سەبارەت بە مەولانا خالیدیش دەڵێت: خالید، کوڕی ئەحمەد، کوڕی حسێن، کوڕی قەرەوەیس، کوڕی مستەفابەگ، کوڕی وەیس، کوڕی ئێلبەگی جاف، کوڕی موراد بەگ .
بەم پێیە مەولانا خالید و نالی ئامۆزازا (بنئامۆزا)ن. لەگەڵ نووسینەکەی خوسرەو جافدا تەنیا یەک جیاوازیی هەیە ئەویش لە کۆتا ناودا لای خوسرەو جاف عەلی بەگە و لای ئەویش ئێل بەگی جافە.
تەنانەت لەگەڵ نووسینەکەی دیوانی نالی لای کۆچکردوو مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسیش نزیکە، چونکە ئەویش دەڵێت: کوڕی ئەحمەدی شاوەیسی ئالی بەگییە. ئەم ئالی بەگەش هەر لەو دوو ناوەی دیکەوە نزیکە.
من لە ڕێگەی نامەی ئەلیکترۆنییەوە پەیوەندییم بە نووسەری مێژووی هۆزی جاف کاک (خالید شاسوار یاخیانی)یەوە کرد و پرسیاری سەرچاوەی ئەو زانیارییەی بنەماڵەی مەولانا خالید و نالییم کرد، گوتی: نووسراوی ماڵی (لالۆ بەکری گوندی بێستانسوور)مان لایە و ئێمە و بێستانسوورییەکان لەگەڵ نالی و مەولانا خالید شەجەرەمان هەیە کە نەوەی قەرەوەیسین .
بۆ دڵنیابوونەوەی زیاتر پەیوەندییم بە کاک ئەسکەندەر مام بەکری سەرۆکی تیرەی ئاڵی بەگییەوە کرد لە گوندی بێستانسوور، سەبارەت بەو شەجەرەیەی مەولانا خالید و نالی، ناوبراو جەختی کردەوە کە ئەو دوو کەسایەتییە گەورەیە ئامۆزازای یەکترن و لەگەڵ ئەواندا لە قەرەوەیسدا بەیەک دەگەنەوە.
ئەڵبەت دەربارەی تیرەی میکایەڵی، کەریم بەگی فەتاح بەگی سەرۆکی پێشووتری هۆزی جاف، لە کتێبەکەی خۆی (تەئریخی جاف)دا دەڵێت: تیرەی میکائیلی چوار فیرقەیە: محەمەدئەلی وەیسی، ڕەشوبۆری، شوانکارە، ئاڵی بەگی . لە شوێنکی دیکەدا دەڵێت: ئەم فیرقەیە پیاوی مسوڵمانی زۆریان هەبوو، حەزرەتی مەولانا خالید و نالی لە فیرقەی ئاڵی بەگیین .
سەبارەت بە مەولانا خالید هەرچی سەرچاوەیەک هەیە کە باسی ژیانی ئەو زانایەی کردووە تەنیا گوتوویانە: خالیدی کوڕی ئەحمەدی کوڕی حوسێن. لەوە بەدەریان باس نەکردووە و نەزانیوە.
بەڵام ساڵی لەدایکبوون و مردنەکەی زانیاریی لەسەری هەیە، کە لە 1777 یان 1779 لەدایکبووە و لە 8\6\1827 لە شام، بە نەخۆشیی تاعوون کۆچی دوایی کردووە. نالییش لە 1799 یان 1800 لەدایکبووە و لە 23\11\1877 کۆچی دوایی کردووە. واتا مەولانا خالید بیست ساڵێک لە نالی گەورەتر بووە و 50 ساڵیش پێش نالی کۆچی دوایی کردووە.
ساڵانی ڕابردووتر دکتۆر زرار سدیق تۆفیق، کە توێژەرێکی دیار و خامە بەبڕشتە لە مێژوودا، لە گۆڤاری (خاڵ، ژمارە 25ی تشرینی یەکەمی 2019) بابەتێکی لەسەر باپیرانی مەولانا خالید بڵاوکردەوە، کۆمەڵێ زانیاریی تری خستە سەر مەڵۆی باوانی ئەم زانا گەورەیە.
پاشتر ئەو توێژینەوەیە و چەند توێژنەوەیەکی دیکەی لە دووتوێی کتێبێکدا بەناوی (لەبارەی مێژوو و کولتووری کوردییەوە) بڵاوکردەوە، کە نووسینەکەی دەوڵەمەندتر کردووە. دکتۆر زرار ئەگەر چی باسی باپیرانی مەولانا خالید دەکات، بەڵام باسی باپیرانی دوورتر و ڕەنگە لە پشتی شەشەم بەولاوەی باسکردبێت و زانیارییەکانی ئەو نێوەندە پچڕا بێت و ئەویش دەستی پێی ڕاناگەیشتبێت، چونکە خۆی ئاماژەی پێکردووە بەهۆی نەبوونی سەرچاوە و باسنەکردنی باوانی مەولانا خالید لە بەڵگەنامە و نووسراوەکانی ئەو سەردەمانەدا، زانیاریی بەردەست نین و بەو ساناییە پەیدا نابن.
ئەوەی دکتۆر زرار پێیگەیوە و باسی دەکات باپیرە هەر گەورەی مەولانا ناوی ئیسماعیلی گۆرانییە . لەو توێژنەوەیەدا بەناونیشانی (پیرمیکائیل و باپیرانی دی مەولانا خالید) نووسەر دەڵێت: ئیسماعیلی گۆرانی، باپیرە هەر گەورەی مەولانا خالید، خۆی بە نەوەی عوسمانی کوڕی عەفان زانیوە، لە ساڵی 644ک ـ 1246ز لە دیمەشق مردووە و لە گۆڕستانی سۆفییان نێژراوە.
کوڕەکەی ناوی میکائیل بووە بەڵام هەواڵ و زانیاریی دەربارەی نییە، کوڕی میکائیل ناوی فەخرەدین ئیبراهیمە، کوڕی ئیبراهیمیش ناوی قوتبەدین میکائیلە. ئەمانە هەموو خۆیان بەنەوەی خەلیفەی چوارەم عوسمانی کوڕی عەفان دەزانن.
ئەم میکائیلە ناسراوە بە پیرمیکائیلی شەش ئەنگوست، کە باپیرەی تیرەی میکایەڵییە، کە عەشرەتەکەی نالی و مەلاونا خالیدە.
بەهەر حاڵ من نامەوێت بابەتەکەی خۆم بە باسکردنی ڕەچەڵەکی مەولانا خالیدەوە درێژ بکەمەوە، ئەمەشم بۆ ئەو مەبەستە نووسی تاکو بیبەستمەوە بە نالییەوە و ئەوە بسەلمێنم کە نالی و مەلانا خالید بنئامۆزا (ئامۆزازا)ن. تەنیا ئەوە دەخەمە ڕوو کە نووسینەکەی دکتۆر زرار زانیاریی باشی پێداوین لەسەر باوانی مەولاناخالید و ئەو ئەڵقە بچڕاوەی پاش خالیدی ئەحمەدی حسێن تا دەگاتە میکائیلی کوڕی ئیبراهیمی کوڕی میکائیلی کوڕی ئیسماعیلی گۆرانی، پڕکردووەتەوە. ئەو بۆشاییەی کە نووسەر دەڵێت: چوار بۆ پێنج سەدەیەک دەبێت، ڕەنگە ئەو چەند ناوە بێت کە باسمان کردن. ئەگەریش زۆرە ئەم ناوانە لەو زەمەنە زیاتربن و شیمانەی ئەوە دەکەم هەندێکی نازناو بێت و بووبنە ناوی حەقیقی، یاخود لە تەمەنێکی زووتردا هاوسەرگیرییان کردبێت و وەچەیان زووتر خستبێتەوە.
لەو سەردەمەدا باوبوو خەڵک ڕەچەڵکی خۆی بباتەوە سەر هاوەڵانی پەیامبەر (د.خ)، کە ئەمەش وایکردووە خەڵک نەک ڕەچەڵەک، بەڵکە نەژادی خۆیشی گۆڕیوە، واتا لە کوردەوە بۆ عەرەب، یان هەر نەتەوەیەکی تر.
لەو توێژینەوەیەدا دکتۆر زرار زانیارییەکی دیکەمان پێدەدات، کە من بە مەبەست لێرە باسی دەکەم، چونکە ئەویش هەر دەڕژێتە سەر جۆگەلەی ژیانی نالی. ئەو دەڵێت: (ژێدەرە مێژووییەکان هیچیان باسی ئەوەیان نەکردووە، کە نەوەیەکی عوسمان هاتبێتە کوردستان و نیشتەجێ بووبێت، ئەوەندە هەیە لە دەستپێکی سەردەمی عوسمانییدا ماڵباتی (خادم السجادة)ی کورد دەرکەوتن و خۆیان بە نەوەی ئەبانی خەلیفە عوسمان دادەنا، گوایە ئەو بەرماڵەی لە کنیانە و خۆیان بە خزمەتکاری دەزانن، هەمان بەرماڵی پێعەمبەرە (د.خ) کە بەخشیبووی بە عوسمان و پاشان بۆ ئەبانی کوڕی مابووەوە ).
ماڵباتی خادم سوجادە باوانی (دڵدار)ی شاعیرە. لە دیوانی دڵداریشدا لە ژیاننامەکەیدا کە بەدەستوخەتی خۆی نووسیویەتییەوە تیشکی خراوەتە سەر، بەڵام ئامادەکاری دیوانەکە (عەبدولخالق عەلادین)، بەهەر پاساوێک بێت، ئەو بەسەرهاتەی نەگواستووەتەوە و لایبردووە، لە پەراوێزیشدا ئاماژەی پێداوە و دەڵێت: (دڵدار بە درێژی باسی ئەو بەرماڵەی پێغەمبەر دەکات، کە چۆن کەوتووەتە دەست بنەماڵەکەیان و بەهۆی ئەوەوە نازناوی (خادم السجادة)یان وەرگرتووە. بەپێویست نەزانرا لەم دیوانەدا باس بکرێت ).
لەم ڕۆژانەی پێشوودا کتێبێکی نوێ بەناوی (دیوانی ڕەئووف 1870 ـ 1943) چاپکرا. مەلا ڕەئووفی خادم سوجادە باوکی دڵداری شاعیرە، لەم کتێبەدا دوو زانیاریی نوێمان بەردەست کەوت: یەکەم: پەیوەندیی بە ڕەچەڵەکی نالی و خۆیانەوە هەیە. دووەم: پەیوەندییدارە بە هاوسەرگیریی نالییەوە.
مەلا ڕەئووف کوڕی مەحموودی کوڕی مەلا سەعدە. لەم شیعرەدا باسی خزمایەتی خۆیان و نالی و مەولانا خالید و حاجی قادری کۆیی دەکات. ڕوونیشی دەکاتەوە لە نالییەوە نزیکترن. لە شیعرەکەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە مەلا سەعد و نالی ئامۆزازان. شاعیر دەڵێت:
لە جوابی مەلەکدا دەڵێم
لە جوابی مەلەکدا دەڵێم: من عەبدێکی کوردی زوبانم
هەزار هێندەم لێ ڕا بخوڕن، غەیری ئەوە هیچ نازانم
تەوەلودم لە کۆیە بووە، کوردستانە مەفتەنی من
پیرمیکائیل جەدی منە و دەڵێن لە ئالی عوسمانم
عەللامە سەعدی باپیرەم بنمامی حاجی نالی بوو
هەم کیژی خۆیشی پێدابوو، هەر ئەوەندەی لێ دەزانم
مەولانا خالد قەدەمێک، لە نالی دوورتربوو لێمان
خزمایەتی حاجی قادر، لەدایکم خاڵە و خاڵوانم
پوورزای مەحموودی باوکمە و هەم دوو قەندیلەی کۆییانم
ئامۆزای باوکی زەهوەیە، هاوحەیات نووری چاوانم
(ڕەئووف)ێکم عەبدی خودا و خزمەتچی قاپی کۆیەمە
هەروەک باوکیشم فەرمووی: کۆیە نەسەبە و عینوانم
ئەم شیعرە شەش بەیتە، بەڵام هێندەی شەست لاپەڕەی توێژینەوەکان زانیاریی خێرای پێبەخشین. بۆ نموونە:
یەکەم: بنەماڵەی خادم سوجادەی کۆیە نەوەی میکایەڵی جاف و پشتی نالیین.
دووەم: دەیسەلمێنێت کە نالی و مەولانا خالید یەک پشت و نزیکن، بەڵام خۆیان لە نالییەوە هەنگاوێک نزیکترن. واتا خزمایەتییەکە زۆر نزیکە.
سێیەم: نالی لە کوردستان هاوسەری هەبووە، کە پووری مەلا ڕەئووفە.
چوارەم: نالی حاجی بووە. ڕەنگە ئەوکاتەی پووری مەلا ڕەئووف هاوسەری بووبێت نالی حاجی بووبێت. واتا بەرلەوەی کوردستان بەیەکجاریی بەجێبهێڵێت حاجی بووبێت.
پێنجەم: ئەوەش باسدەکاتەوە کە بیستوویەتی نەوەی عوسمانی کوڕی عەفانن.
شەشەم: حاجی قادری کۆیی پوورزای مەحموودی باوکیەتی.
حەوتەم: حاجی قادر هاوکات ئامۆزای خەزووریشی بووە. وەک دەڵێت: ئامۆزای باوکی (زەهوە)یە.
هەشتەم: حاجی قادری کۆیی بە خزمایەتی بە نالی گەشتووەتەوە، لە ڕێگەی هاوسەرییەوە، چونکە پوورزای زەینەب خاتوونی هاوژینیەتی.
لە دیوانی دڵداریشدا باسی ئەم خزمایەتییە کراوە، (دڵدار 1918 ـ 1948) دەڵێت: (دایکم ناوی زەهوەی کچی خورشید ئەفەندییە، فامیلیای دایکم عەلەمزادەن و لە زەهاوەوە هاتوونەتە قەراغ زێی کۆیە، وە ئیسکانیان کردووە، تا حاجی قادری کۆیی مەشهوور لەم فامیلیایەیە ).
بەپێی شیعرەکە بێت، حاجی قادری کۆیی ئامۆزای خورشید ئەفەندی باوکی زەهوەیە, کە دەکاتە خەزووری مەلا ڕەئووفی شاعیر و باپیری دڵداری شاعیر لە سەری دایکەوە.
نالی و هاوسەرگیری
پێشتر تەنیا ئەوەمان دەزانی کە نالی خۆشەویستێکی هەبووە بەناوی (حەبیبە)، ئەمەش جێگەی گومان بوو، هەندێک ئەوەیان تەنیا بە ئاماژە و ڕەمزی شیعریی دەزانی. مامۆستای مودەڕیسیش وەک خۆشەویستی نالی دەیسەلماند.
تەنانەت حەبیبەی ماڵیاوا، ئایا هەم حەبیبەیەک هەیە وەک کەسی دیاریکراو؟ هەم ماڵیاوا هەیە وەک گوندێک؟ ئەمەش جێگەی مشتومڕی کۆن و نوێ بووە. هەندێکی تر دەیانگوت: نالی هەر بە ڕەبەنی ژیاوە و مردووە و لەپاش ئەوەی حەبیبەی وەدەست نەهێناوە، ئیدی سەری خۆی هەڵگرتووە و ژنیشی نەهێناوە.
ئەم گێرەوکێشەیە لەسەر تەمەنی نالییش هەبوو، هەردووکی بەهەڵواسراویی هێڵرابووەوە تا ساڵی 2017، نووسەری بەڕێز دکتۆر هێمن عومەر خۆشناو هەردووکی یەکلایی کردەوە.
دکتۆر هێمن عومەر لەناو بەڵگەنامەکانی عوسمانییدا بەڵگەی دۆزییەوە کە ساڵی مەرگی نالی یەکلایی کردەوە، هەروەها بەڵگەشی دۆزییەوە کە نالی ژنی هەبووە و ناویشی (زەینەب) بووە .
دکتۆر هێمن لە بەڵگەنامەکانی عوسمانییدا ناوی زەینەبی وەک هاوسەری نالی هێناوە و لەکتێبەکەیدا باسیکردووە، بەڵام زانیاریی دەستنەکەوتووە کە زەینەب کێیە و کچی کێیە و خەڵکی کوێیە و تەنانەت چی نەتەوەیەکیشە، کورد، یان تورک، یاخود عەرەبە.
بۆیە هەرخۆیشی چەند ئەگەر و پرسیارێکی بەجێهێشتووە کە ئایا زەینەب کێیە و ئەرێ نالی لەکوێ ژنی هێنابێت و ...تد.
کۆشش و ڕەنجە زۆرەکەی دکتۆر هێمن جێگەی ڕێزی هەموان بوو، تەمومژێکی یەکجار زۆری لەسەر نالی ڕەواندەوە. بەڵام هەوڵەکەی ئەویش بەهۆی نەبوونی بەڵگەی سەلمێنەرەوە نەگەیشتە پایان.
ئێستا ئەم پارچە شیعرە دەچێتە پاڵ هەوڵەکانی دکتۆر هێمن عومەر و پێمان دەڵێت: نالی هەرگیز ڕەبەن نەبووە و تا مردووە هاوسەری هەبووە و پاش مەرگی ئەویش هاوسەری هێشتا لەژیاندا بووە، وەک لە کتێبەکەی نالی لە بەڵگەنامەکانی عوسمانییدا ئەوە هاتووە، کە زەینەبی هاوسەری داوای مووچەی هاوسەرەکەی کردووە، ئەوکاتە زەینەب لە مەککە بووە و پێنج ساڵیش پاش مەرگی نالی داوای مووچەکەی کردووەتەوە.
ئێستا پاش 144 ساڵ لە کۆچی دوایی شاعیری گەورە نالی، لە بن دەستی خۆمان و لە هەولێرەوە بەهۆی دیوانی (ڕەئووف)ـەوە زانیمان نالی هەر لە کوردستان، هاوسەری هەبووە و لە پشت و ڕەچەڵەکی خۆی بووە و تەقریبەن ئامۆزازای خۆیشی بووە. ماوەتەوە ئەوەی بزانین هاوسەرەکەی نالی، کە کەنیشکی مەلا سەعدی زانا بووە ناوی چی بووە؟ ئەمە ئەو مەتەڵەیە ساڵانێکە نەزانراوە.
عوسمان موفتی پێشەکیی بۆ دیوانی ڕەئووف نووسیوە و هەندێ زانیاریی بەنرخی خستووەتە بەردەستمان کە بەهایەکی زۆری تێدایە و وەک چرایەک ڕێگەی تاریکیی بەرەو ماڵی نالیی و مەولانامان بۆ ڕۆشن دەکاتەوە.
عوسمان موفتی، کوڕی خوالێخۆشبوو ڕەشاد موفتییە، ڕەشاد موفتییش برازای زانای گەورەی هەولێر مەلا ئەفەندییە. مەلا ئەفەندی و مەلا ڕەئووفی خادەم سوجادە خاڵۆزاوپوورزان، ئەم خانەوادەیە خاوەنی پێگەی زانستیی و کۆمەڵایەتیی بەرزن. لەو پێشەکییەدا لە زاری عیزەدین مەلا ئەفەندی ئامۆزای باوکییەوە باسی ئەوەمان بۆ دەکات کە مەلا ئەفەندی گوتوویەتی نالی و مەولانا خالید خزمی مەلا سەعدن و لەلای ئەو دەرسیان خوێندووە و تەنانەت مەلا خدری نالی کچی عەللامە مەلاسەعد خێزانی بووە، کە ناوی خاتوون زەینەب بووە.
ئێستا تەمی سەر پەنجەرەکەمان سڕییەوە و بەتەواوی بەرچاومان ڕوون بووە، کە ئەو زەینەب خاتوونەی لە بەڵگەنامەکانی عوسمانییدا ناوی هاتووە، کە هاوسەری شاعیری گەورەی کورد، نالی بووە و پێنج ساڵ پاش مەرگی نالی، لە شاری مەککە داوای مووچەی هاوسەرەکەی کردووە، کوردە و خەڵکی شاری کۆیەیە و کچی مەلا سەعدی خادم سوجادەیە و ئامۆزازای نالی خۆیەتی.
ئەگەر چی دکتۆر هێمن عومەر خۆشناو، ڕەنجی باشی داوە و توانی جارێکی دی نالی بە کورد بناسێنێتەوە، کە هەوڵەکانی ئەو جێگەی نرخاندنی زۆرە و کارئاسانیی بۆ لێکۆڵەران کرد، ساناتر دەست بۆ خوێندنەوە و شیکردنەوەی ژین و مەرگی نالی ببەن. بەڵام لەپاڵ کۆششە زۆرەکەیدا داخی ئەوەی خواردبوو زانیاریی تەواوی لەسەر هاوسەرگیریی نالیی دەستنەکەوت و نازانرێت زەینەب خانم کێیە.
ئەمڕۆ پاش ئەم زانیارییە نوێیە و بەبێ ئەوەی بچین ئەرشیفی ئەستنەبووڵ و ئاستانە و هەگبەی عوسمانییەکان بگەڕێین و ڕێگەی وشکی بیابانی عەرەبستان تەی بکەین، هەر لە پیرە هەولێری خۆمان لە کن قەراتێ، یاخود لە کۆیە و لە کوچەیەکی بەفری قەندی، زانیاریی خۆماڵییمان چنگکەوت و زانیمان زەینەب خانمی هاوسەری نالی خاتوونێکی کوردی تیرەی ئاڵی بەگی عەشیرەتی میکایەڵیی و کیژێکی ڕەسەنی گەڕەکی بەفری قەندی شاری کۆیەیە.
کچەکەی مەلا ڕەئووف کە ناوی زەینەب خانە و ناسراوە بە کچە کورد، ئەم خاتوونە هەم شاعیر و هەم نووسەریش بووە و خوشکی گەورەی دڵداری شاعیرە، دوور نییە مەلا ڕەئووفی خادم سوجادە زینەبی کچی بەناوی زەینەب خاتوونی پووریەوە ناونابێتەوە، کە کچی مەلا سەعدەدین (مەلا سەعد)ـە و هاوسەری نالیی شاعیرە.
مەلا سەعدەدینی خاد سوجادە، کە ناسراوە بە مەلا سەعد ئەگەر ئامۆزازای نالییش بێت، بەڵام جیاوازیی تەمەنیان هەیە، بەگوێرەی ئەو پێشەکییەی عوسمان موفتی بێت مەلا سەعد ساڵی 1837 لە شاری کۆیە و لە گەڕەکی بەفری قەندی کۆچی دوایی کردووە. نالی لە 1877 شەربەتی مەرگی نۆشیوە، واتا 40 ساڵ پاش خەزووری مەلی گیانی لە شەقەی باڵی داوە، بەڵام مەولانا خالیدی ئامۆزازایان زووتر مەرگ بەرۆکی گرت، مەولانا 10 ساڵی ڕێک بەر لە کۆچی دوایی مەلا سەعدەدین مردووە، هاوکات 50 ساڵی ڕەبەقیش بەر لە مەرگی نالی کۆچی دوایی کردووە.
ئینجا کاتی خۆی هەموو سووربوون لەسەر ئەوەی نالی نیو سەدەیەک ژیاوە و ساڵی 1856 لە ئەستەنبووڵ کۆچی دوایی کردووە، لەکاتێکدا مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس لە دیوانی نالییدا چەند بۆچوونێکی گواستووەتەوە سەبارەت بە لەدایکبوون و مردنی نالی. لەو هەموو نووسەرە دیارانەی کورد تەنیا مەسعوود محەمەد بۆچوونەکەی پێکابووی، کە گوتبووی: باپیرم، (حاجی مەلا عەبدوڵای جەلیزادە، باوکی جەنابی مەلای گەورەی کۆیە گێڕاویەتەوە و بێگومان قسەشی جێگای متمانەیە، کە وا لە ساڵی 1288ک (1871 ـ 1872) نالیی لە مەککە دیوە و زۆریش پیربووە ).
بەڵام لەگەڵ ئەوەی مەسعوود محەمەد خۆی و باب و باپیریشی لە ڕووی زانستیی و ڕاستگۆیی و هەموو بوارەکانەوە جێگەی متمانەی تەواو بوون، کەچی هیچ نووسەرێک ئەو قسەیەی مەسعوود محەمەدی نەسەلماند و هەموویان کە باسی نالییان دەکرد ساڵی 1856یان بە مەرگی نالی دادەنا.
ئەم بابەتەم بۆیە گواستەوە تا بڵێم هەندێکجار مێژووی سینە بە سینە و زارەکی لە سەرچاوە نووسراوەکان زانیاریی باشترمان دەدەنێ و وردەکارییەکانیان دروستترە. بۆیە پاش 140 ساڵ لە مەرگی نالی، دکتۆر هێمن عومەر خۆشناو، لە بەڵگەنامەکانی عوسمانییدا دەستی گەیشت بە سەرچاوەی تەواو سەبارەت بە ساڵی مردنی نالی و تەنانەت مانگ و ڕۆژەکەیشی بۆ دۆزینەوە. بەڵگەنامەکان گوتیان نالی لە 23\11\1877 لە ئەستەنبووڵ کۆچی دوایی کردووە .
پاش ساڵانێکی زۆر لە مشتومڕ، بەڵگەنامەکان گوتیان قسەکەی مەسعوود محەمەد ڕاستە و ئەو هەموو نووسەرەی تر نەیانپێکابوو.
مەبەستمە بڵێم: دەگونجێت سەرچاوە زارەکییەکانی خزمانی گوندی بێستانسوور و تیرەی ئالی بەگی میکایەڵی ڕاستبن و نالی و مەولانا خالید ئامۆزازای یەکتربن، چونکە ئەم بۆچوونانە یەکتر بەهێز دەکەن، ئەوەی خوسرەو جاف چووەتە ناو کەسوکاری نالی و چوار ساڵ سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاریی بووە بۆ نووسینی ڕۆمانەکەی.
بەڵگە و نووسراوەکانی لێکۆڵینەوەکەی دکتۆر زرار سدیقیش کە بەردەوام هەوڵی باش دەدات و لەناو کونوقوژبنی سەرچاوە دێرینەکاندا زانیاریی لەسەر کەسایەتییە دیارەکانی کورد دەدۆزێتەوە و ساغیان دەکاتەوە، لێکۆڵینەوەکەی ئەویش لەگەڵ ئەم زانیارییانەی ئێرە نزیکن و یەکتر بەهێزتر دەکەن.
نالی و حاجی قادری کۆیی
حاجی قادری کۆیی، قادری کوڕی مەلا ئەحمەدی کوری مەلا ساڵحی کوڕی حاجی ئەحمەدی گەورە 1825 ـ 1897ـ ئەم شاعیرە زۆر سەرسام بووە بە نالی و ستایشی بەرزیشی کردووە، تەنیا ئەو نموونەیە بەسە کە دەڵێت:
نالی ئوستادەکی گەلێ چا بوو
خدری ئابی حەیاتی مەعنا بوو
ئەم بەیتەشیعرە لێکدانەوەی زۆر هەڵدەگرێت: یەکەم: وەسفی نالی بە مامۆستایەکی بەرز (ئوستاد) دەکات. دووەم: خدر کە ناوی نالییە، ئاماژەیە بۆ خدری زیندە، واتا ئەم ناوە و ئەم پیاوە هەرگیز نامرێت و ناوی هەمیشە زیندووە. سێیەم: ئاوی حەیاتی مەعنا، واتا مانای وشەکانی نەمرن، چونکە قووڵن لە واتادا و بەرزن لە وشەئارا و بەلاغەتدا.
حاجی قادر نزیکەی بیست و پێنج ساڵێک لە نالی بچووکترە، هەروەها بیست ساڵیش پاش نالی کۆچی دوایی کردووە. ئەم بنەماڵەیە لەناوخۆیاندا زۆر تێکەڵن و لە چەند سەرێکەوە پەتی خزمایەتیی بە یەکیانەوە دەبەستێتەوە و کاڵای باڵایان دەچنێت و دەدوورێت.
ساڵانی ڕابردوو پرسیارێک وەک مارە تۆپیو لە بەردەمی کۆڵەر و توێژەراندا بوو، ئایا حاجی قادر نالی بینیوە؟ چ لە کوردستان و چ لە ئاوارەیی و دەرەوەی نیشتمان؟ ئێستا گومانەکە هێدی هێدی دەڕەوێتەوە و ئەگەر نالی لای مەلا سەعد خوێندبێتی و کچی ئەویشی خواستبێت، حاجی قادریش خوشکەزای مەلا سەعد بووبێت یان خوشکەزای هاوسەرەکەی بووبێت، چونکە لەگەڵ مەحموودی کوڕیدا دەبنە پوورزا، واتا حاجی قادری کۆیی و زەینەب خاتوونی هاوسەری نالی پوورزای یەکن، کەواتە نالی و حاجی قادر هەر لە کۆیە یەکتریان دیتووە و ڕەنگە نالی هەندێ وردە دەرسیشی پێ گوتبێت، هاوکات هەردووکیان لە ئەستەنبووڵیش کۆتایی ژیانیان بەڕێ کردبێت، حەتمەن لەوێش ئاگایان لەیەک بووە و کورد هەمیشە لە غەریبایەتییدا باوانی کوردە و دەست بەیەکەوە دەگرن، جگە لەوەی هەردووکیان خزمن، هاوکات شاعیر و ئەهلی زانست و ڕۆشنبیرێکی بەرز و دوو پیاوی کوردپەروەریشن، ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی هەمیشە پەیوەندییان بەیەکەوە هەبووبێت.
بۆیە بەدووریشی نازانم حاجی قادر ئەو شیعرەی پاش مەرگی نالی نووسیبێت و یادی ئەو شاعیرە بەرزە جگەری سووتاندبێت، کە هەمیشە پێی سەرسام بووە و سەنا و ستایشی کردووە.
لە شوێنێکی دیکەدا ناوی نالی پێش ناوی خستووە و دەڵێت:
نالی و خاکی بەبە، حاجی و کۆیە بە مەسەل
عەینیهی حافز و شیرازە کەلیم و هەمەدان
لە شیعرێکی تردا شانازیی بە نالییەوە دەکات و دەڵێت:
بەیتی نالی و بەیتی من گەر تێکەڵی یەکتر دەکەن
ئەحمەقی سوورەتپەرست و جاهیلی مەعنانەزان
حاجی لەکلەک لەک بە لەک فەرقی لەگەڵ تووتی هەیە
وەک هەزاری نەوبەهار و بولبولی فەسڵی خەزان
لە شیعرێکی دیکەش دیسانەوە خۆی بە نالی نزیک دەکاتەوە و دەبێژێت:
زاهیرەن بەیتم لە نالی و کوردی زۆر کەمتر نییە
تالعم بەرگەشتەیە، بەدبەختە بەختم نووستووە
لە شیعرێکی دی، باڵابەرزیی و گەورەیی نالی دەخاتە ڕوو، دەڵێت:
سەد قوببەیی خەوەرنەق و سەددی سکەندەری
ناگاتە بەیتەکاولی نالی و مەتانەتی
لە شیعرێکی تردا بۆ ئەوەی خۆی بنوێنێت، بەراورد بە نالی و کوردی دەکات و بە گەورەیی ئەواندا خۆی گەورە پیشان دەدات:
بەجێما نالی وەک ناڵی، بە پاش کەوت کوردی وەک گەردی
کە حاجی غاری دا ئەسپی لە مەیدانی سوخەندانی
لە شیعرێکی تریشدا دیسانەوە نالی دێتەوە سەر زاری و باسی دەکاتەوە:
ونی مەکەن وەکوو ئاساری نالی و کوردی
لە سەهوی دیدە بپۆشن، گوزەر بکەن لە خەتا
ئەم هەموو باسکردن و سەرسامبوونە بە نالی، ڕەنگە جگە لە لووتکەی شاعیریی نالی، خزمایەتییەکەش گەرموگوڕیی خستبێتە سەر زمان و پەنجەی حاجی قادر لە بەرانبەری ئەو شاعیرە مەزنەدا.
بەر لەوەی دەرگای لێکۆڵینەوەکە دابخەین، ڕەنگە پرسیارێک وەک کارگ قوت ببێتەوە، باشە بۆچی تا ئێستا کەس نەیگوتووە: مەولانا خالید ئامۆزازای نالییە؟ بۆچی باسی خزمایەتی حاجی قادر و نالی نەکراوە؟! ئەم پرسیارانە حەقی خۆیەتی، بەڵام ئەوەتا پاش 144 ساڵ لە کۆچی دوایی نالی، ئینجا خەڵکی سلێمانی و کۆیە و هەولێر دەزانن ماڵباتی نالی و خادم سوجادە بڕبڕەپشتی یەکن، ئینجا دەزانین نالی لە کن ئەوان خوێندوویەتی و لەوێش هاوسەرگیریی کردووە و بە ڕەبەنی ئاوارەی ئەستەنبووڵ و حیجاز نەبووە.
ئەم گریمانەیە بۆ ئەوەش درووستە کە ڕاستبێت مەولانا خالیدی شارەزووری و نالی ئامۆزازای یەکتربن و ئەو درەختی بنەماڵەیەی لای خزمانی ئاڵی بەگییە لە گوندی بێستانسوور و خزمانی دیکەی میکایەڵی دۆڵی جافایەتی ڕاست و دروست بێت و تەنیا ئەوەی تیا هەبێت بەهۆی فەرامۆشکردنیەوە درەنگ درکی پێکرابێت، ئەم گلەییەش دەکەوێتە سەرشانی هەموو نووسەر و لێکۆڵەرانی پێشتری ئەم گەلە، چما کاری مەیدانییان نەکردووە و تەنیا ملیان لە بەڵگەنامە و نووسراوەکان ناوە و بەتەنێ ئەوانەیان کردووەتە چاوگی بابەتەکانیان؟
لە کۆتاییدا دەبێت بیڵێمەوە ئەم لێکۆڵینەوەیە خاکەڕایە بۆ ئەو بابەتە سەختە، تەنیا هەوڵێکی سەرەتایە و ئەم بابەتە کاری وردتر و قووڵتری دەوێت. دڵنیام هەموومان بگەڕێین هەر لە ناوچەکانی خۆمان شتی باشمان دەست دەکەوێت، وەک چۆن ئەم دیوانە شیعرە پاش 78 ساڵ لە مەرگی شاعیرەکەی (ڕەئووف مەحموود مەلا سەعد) چاپکرا و لە یەک پەڕەدا باوەشێ زانیاریی پێداین و کۆڵێ دڵخۆشی کردین. ئەگەر شەجەرەی ماڵباتی (خادم السجادة) دەستبکەوێت و تەماشای بکرێت، ڕەنگە ئاماژەی تێدا هەبێت بۆ ژیانی نالی و هەندێ گۆشەی تاریکی دیکەی ئەو شاعیرە مەزنەمان بۆ ڕوون بکاتەوە و بمان گەیەنێنێت بە زانیاریی زیاتر.
لەکۆتایی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا من ددانی پێدا دەنێم ئەوەی کردوومە و نووسیومە کارێکی خاکەڕایە، دەبێت زێتر بکۆشین خەرمانی ژیانی نالی و مەولانا خالیدی شارەزووریی نەقشبەندی شەنوکەو بکەین. هەموومان دەزانین خەرمان لە شارا و شارا لە مەڵۆ و مەڵۆ لە سواڵە پێک دێت.
من سواڵەیەک گەنمم دروێنە کردووە، بەو هیوایەی هەموومان گوڵەوەچنێیەکی ژیانی ئەم زانا گەورانەی خۆمان بکەین و بتوانین باشتر ئەو باڵابەرزانەی لەناو ئەم گەلە بەشمەینەتدا هەڵکەوتوون بناسین و هێندەی ئەوان تەقەلایان بۆ نەوەی پاش خۆیان هەبووە، ئێمەش چنگێ لەو قەرزەیان بدەینەوە.
سەرچاوە:
1ـ خوسرەو جاف: ڕۆمانی شازادە و شاعیر، ژیانی نالی. ناوەندی ئاوێر، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، هەولێر، 2019.
2ـ د. زرار سدیق تۆفیق: لەبارەی مێژوو و کولتووری کوردییەوە. ناوەندی ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان، چاپخانەی تاران، 2021.
3ـ سەردار حەمید میران و کەریم موستەفا شارەزا: دیوانی حاجی قادری کۆیی، بەغدا، 1986.
4ـ عبدالخالق علاء الدین: دڵدار، شاعیری شۆڕشگێڕی کورد. بغداد 1985.
5ـ مەلا عەبدولکەریمی مدرس و فاتیح عبدالکریم، دیوانی نالی، چاپی سێیەم، چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد – بەغدا، 1976.
6ـ کەریم بەگی فەتاح بەگی جاف: تەئریخی جاف، چاپی یەکەم، ب،ش. بەغدا، 1995.
7ـ دکتۆر کەمال غەمبار: دیوانی ڕەئووف، مەلا ڕەئووفی خادم سوجادە. چاپی یەکەم، چاپخانەی فێربوون هەولێر، 2021.
8ـ هێمن عومەر خۆشناو: نالی لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا، چەند زانیارییەکی تازە. لەبڵاوکراوەکانی دەستنووسخانەی زانکۆی سۆران، چاپی یەکەم.2017.
ئەم بابەتە لە ژمارە (34)ی گۆڤاری خاڵ بڵاوکراوەتەوە.
148 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌       |    
زیاتر
پەڕینەوەی ململانێ سیاسییەكانی هێزە شیعییەكان بۆ باڵە چەكدارەكانیان
یاسین تەها
سەرهەڵدانەوە داعش‌ و كەلێنی ئاسایشی لەعێراق
هەڵۆ ساڵح
جینۆساید: چەکێکی بەهێزی بەکارنەهێنراو لەلایەن کوردەوە !
د.عادل باخەوان
پرۆسەی هەڵبژاردن، لەنێوان بایکۆت و بەشداری کردندا
سەردەشت محەمەد
مەترسی میدیا بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی
تەرزە جاف
ئه‌فغانستان قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان
نه‌وزادی موهه‌ندیس
پیاوە گەورەکەی مێژووی جاف
عارف باوەجانی
ئیدیولۆژی لیبرالیسم
ناسر ساڵحی ئه‌سڵ
پیاوە گەورەکەی مێژووی جاف
عارف باوەجانی
گەمەی ھەڵبژاردنی ئەمجارەو ترسی لایەنەکان
عەتا قەرەدا‌غی
ئاسایشی كۆمەڵایەتی ڕێگایەک بەرەو کۆمەڵگایەکی ئارام
حەبیب محەممەد جاف
جینۆسایدی فەرهەنگی لە یاسای نێودەوڵەتیی گشتیدا
ئازاد وەڵەدبەگی
لەبارەی کەلتور و رەسەنایەتییەوە ‎
شەهێن نوری
رۆڵی پەروەردە لە پێشكەوتنی تاك و كۆمەڵگەدا‌‌*
توندوتیژی دژ بەژنان هیچ پێكوتەیەكی نیە
سارا قادر
پەیوەندیی نێوان ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و دەسەڵاتی سیاسی
هیوا مەجید خەلیل
لەسۆڤێتەوە تا كوردستان، یەهودیەكان پێشڕەوی ئاڵای كۆمۆنیزم بوون‌
ئومێد نه‌جم
پەیوەندیی نێوان ناسیونالیزم و گەشەسەندن
هیوا مەجید خەلیل
هەڵبژاردنی عێراق؛ لێكەوتەكانی ئەنجام و ئەگەرە چاوەڕوانكراوەكان
یاسین تەها/توێژەر
"نا"ی ڕیفراندۆم!
پەروێز ڕەحیمی
کاریزما و سیاسەت
ئەردەڵان عەبدوڵڵا
دامەزراندنی حکوومەتی پەرەسەندنگەرا؛ ڕێچاری بەهێزبوونی باشووری کوردستان
محەمەد کەریمخان
پـــەرلـــــەمـــانـــتـــار و کــــاســــپی تێڕوانینێکی یاسایی
حەبیب محەمەد دەروێش
زمان
ئەحمەدی مەلا
کاتێك چەكی ئیسلامی دەبێت بە بژاردەیەکی عەقڵانی بەردەم ئیسلامیەکان؟
ئەبوبەکر عەلی
هەلێک بۆ هەڵسەنگاندن
ئەنوەر ئەڵمان
دوو کێشە و چارەسەرێک
نیاز نەجمەدین
وانەکانی ساڵێکی کۆڤید
یۆڤال نوح هەراری*
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پەیڕەو ئەنوەر
بیست ساڵ پاش ١١ی سەپتەمبەر : عێراق وەک شکستە گەورەکەی ئەمەریکا !
د. عادل باخەوان
حکوومەت و نیشتمان تێکەڵ بە یەکدی مەکەن!
نووسینی: "ڕابێرت فێسک" (١٩٤٦-٢٠٢٠)*
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: د. سەردار قادر
بزوتنەوەی گۆڕان و بایەخی لەئەستۆگرتنی لێپرسراوێتی سیاسی
ئەبوبەكر عەلی
چـوارچێوه‌ی یاسایی یه‌كپارچه‌یی خاكی هه‌رێمی كوردستان
ئالان به‌هائه‌ددین عه‌بدوڵڵا ئه‌لموده‌ڕیس
لێکترازاندنی ناوماڵی شیعەكان وەک ستراتیژی کورد و سوننە
د نەوزاد ھێتوتی
شێوازی ژیانی نوێ و گۆڕانی سنوورەکانی ناسنامه‌
محه‌مه‌د کەریمخان
بۆ سەربەخۆکان سەرنەکەوتن؟
عەزیز ڕەئووف
دەوروبـەری خۆت بنـاســە
پێشکەوتنی پیشەسازی لە جیهانی ئیسلامی نــــــا عەرەبی
حەبیب محمەدجاف
بۆچی دەبێت هەمیشە ڕەخنە بگرین؟
ئالان عومەر
پرۆسه‌ى وێرانكردنى وڵاتێك و گه‌له‌كه‌ى بەبێ شەڕ
كامه‌ران جاف
دیموكراسی.. متمانه‌، یان كورسی ..؟
عه‌داله‌ت عه‌بدوڵا
چین دەستی گەیشتە هەسارەی مەریخ
لوقمان حەوێز
بیست ساڵ پاش ١١ی سەپتەمبەر : عێراق وەک شکستە گەورەکەی ئەمەریکا !
د. عادل باخەوان
مێژوو زانستە نەک چیرۆک، بۆیە وامانبەسەرهات
سامانی وەستا بەكر
پاثۆلۆجی ئیسلامییەکان لەکوردستان ”pathological”
سامانی وەستا بەکر
بایدن و ئەردۆگان: پاش دیدار
د. سه‌ردار عه‌زیز
لۆجیکی ئارگیومەنتی فەلسەفی
د. ساماڵ مانیی
ئایا كاتی نووسینەوە و داڕشتنی دەستوورە؟ ‌
فاروق ڕەفیق
ڕیفراندۆم و چەمانەوەی بێمەرج
عەتا كەریم
ده‌ستور شه‌رعیه‌ت به‌ناهاوسه‌نگى ده‌دات یان رێکى ده‌خاته‌وه‌؟
د.موحسین ئه‌دیب
نەوال سەعداوی...من بەدەنگی بەرز قسە دەكەم
ئامادەكردنی: ئاڤان جەلال
بەرەو پەنجاو سێیەمین سـاڵیادی شۆڕشی خوێندکاران
گفتوگۆ لەگەڵ ژان پۆڵ سارتەر
وەرگێڕان: شوان ئەحمەد
رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش..
خوێندنەوەییەكی سۆسیۆمێژوویی
ئیبراهیم حاجی زەڵمی
لە سەلەفییەتی دەقەوە بۆ سەلەفییەتی جیهادی
حەبیب محەممەد دەروێش
لە بارەی داعش و بونیادگەرایییەوە
ئایندەی سەلەفیگەری پەڕگیر
ن. سەید سادق حەقیقەت
و. هەڵكەوت هەورامی
رات چییه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م سایته‌؟



ژماره   بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
govari koch| All rights reserved © 2010