26 ی نۆڤەمبەری 2021، سەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات، بەناوی پانزە پەرلەمانتاری فەرەنسییەوە پڕۆژە بڕیارێکی بۆ داننان بە جینۆسایدی گەلی کورد لە عێراقدا پێشکێشی پەرلەمانی فەرەنسا کرد و، جگە لە گرووپی پارتی سۆسیالیستی فەرەنسا، حیزبەکەی فرانسوا میتران و فرانسوا هۆلاند، هیچ گرووپێک دەنگی پێنەدا، نە چەپی رادیکاڵ، نە حیزبەکەی سەرۆک ماکرۆن، نە سەوەزەکان و کۆمارییەکان، لەکاتێکدا هەموو ئەم گرووپانە خۆیان بە دۆستی نزیکی کورد دادەنێن.
من پێموایە چەند خاڵێکی گرنگ هەن کە دەکرێت بە وردی هەڵوەستەیان لەسەر بکرێت و، وەک بابەتی بیرکردنەوە و دواتر ستراتیژ بۆدانان کاریان لەسەر بکرێت.
1-ئەم پڕۆژە بڕیارە گرنگە، چونکە لە بەهێزترین دەوڵەتی یەکێتی ئەورپادا ورووژێنراوە. ئەگەر تاوەکو دوێنێ پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی فەرەنسا لەسەر ئاستی پەیوەندی نێوان زلهێزێکی جیهان بە هەرێمێکی بچووکەوە بووبێت، ئیدی لەمەودوا پرسی کورد لە فەرەنسا پێدەنێتە قۆناخێکی گرنگترەوە، چونکە دەبێتە پرسی پەرلەمانێک کە گوزارشت لە کۆمەڵگەی فەرەنسی دەکات. واتە پەڕینەوەی پرسی کورد لە تەنیا چوارچێوەیەکی دەوڵەتییەوە بۆ چوارچێوەیەکی کۆمەڵگەیی و ئەمەش خۆی لە خۆیدا بایەخێکی زۆر تایبەتی هەیە.
2- بەڵام پرسیاری سەرەکی لێرە بەدواوە بریتییە لەوەی کە تاوەکو چەند هەرێمی کوردستان دەتوانێت ستراتیژی تایبەتی بۆ ئەم قۆناخە نوێیە هەبێت و، تاوەکو چەند ئامادەیی تێدایە بۆ ئەوەی لەگەڵ زانیارییەکانی ئەم هەلومەرجە نوێیەدا مامەڵە بکات ؟ بۆنموونە ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئەو کارە بکات لە فەرەنسا کە فەرەنسا لە کوردستاندا دەیکات ؟ لەکاتێکدا فەرەنسا زۆر کەمتر لە هەرێمی کوردستان پێویستی بەو کارەیە.
3- سیاسەتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان بە هەموو رووبەرەکاندا کشاوە، ئابووری، سیاسی، هونەری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، سەربازی، ئاسایش، زانستی، پەروەردە و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت گەورە بیربکاتەوە و بەنێو تەواوی جەستەی کۆمەڵگەی فەرەنسیدا بکشێت و پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان لەو چوارچێوە تەسکە رزگار بکات کە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن چەند ئەکتەرێکی فەرەنسییەوە دروستکراون ؟
4- با کورد خۆیشی دان بە واقیعێکی کۆنکرێتیدا بنێت ! راستە گەیشتنی ئەم پڕۆژەیە بە پەرلەمانی فەرەنسا خۆی لە خۆیدا دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە، بەڵام ئەوەش راستە کە شکستی کۆدەنگی پەرلەمانی فەرەنسا و دەنگنەدان بەم پڕۆژەیە بەشێکی گرنگیشی دەگەڕێتەوە بۆ خودی کورد خۆی. دەکرا دیالۆگی زیاتر لەگەڵ سەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتدا بکرێت بۆ ئەوەی پەلە نەکات لە پێشکێشکردنی بە پەرلەمان. دەکرا دیالۆگێکی بابەتیانەی قوڵ لەگەڵ حیزبەکەی سەرۆک ماکرۆندا دروستبکرێت بۆ ئەوەی بکرێتە هاوبەش و بیناکاری پڕۆژەکە نەک تەنیا بانگبکرێت بۆ دەنگدان. دەکرا کۆمارییەکان کە نوێنەرایەتی راستی فەرەنسا دەکەن و دۆستی مێژوویی کوردن، بهێنرێنە سەر خەت بۆ ئەوەی بەشداری لە داڕشتنی پڕۆژەکەدا بکەن و تەبەنی بکەن.
5- هەروەک دەکرا دیالۆگێکی دەستەجەمعیی کوردیی، لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی ناوخۆی فەرەنسا لەسەر ئەم پڕۆژەیە بکرێت، پێش ئەوەی بگەیشتایەتە پەرلەمانی فەرەنسا. زۆر گرنگە کە کورد تێبگەن لەوەی کە ئەو پرسانەی پەیوەندییان بە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان و هەرێمی کوردستانەوە هەیە جیا بکەنەوە لەو پرسانەی کە تەنیا پەیوەندیان بە هاوکێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. کاتی ئەوە هاتووە کە دیپلۆماسی کوردی گەورە بیربکاتەوە و لە ئاستی پرسە گەورەکەی گەلی کوردستاندا بێت.
6- خاڵێکی دیکەی زۆر گرنگ بریتییە لە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق. راستە لە ٢٠٠٣ ەوە تاوەکو ئەمڕۆ، پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر چەمکی پێکهاتە بیناکراوە. واتە سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی عێراق کە بریتین لە شیعە و کورد و سوننە. پێموایە کاتی ئەوە هاتووە هەرێمی کوردستان ئەم پارادیگمە بەجێبێڵێ و بۆ سەرلەنوێ بیناکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا پەنا بۆ پارادیگمێکی دیکە ببات، کە بە بۆچوونی من دەبێت بریتیبێ لە پارادیگمی جینۆسایدێک کە تائێستا بەردەوامە و هەمیشەش وەک گریمانەیەک لە پێشمانەوە رێدەکات.
7- بە زمانێکی سادەتر، گرووپێکی تایبەتمەندی جینۆسایدکراو لەلایەن دەوڵەتێکەوە، بە بڕیاری جیۆپۆلیتیک ناچارە بەوەی کە لەنێو هەمان دەوڵەتدا بمێنێتەوە، دەتوانێ لانیکەم وڵاتانی سیستمی ئەنتەرناسیۆنال قەناعەت پێبکات کە خودی ئەو پەیوەندییە لەگەڵ دەوڵەتی عێراقدا لەسەر بنەمای گرووپێکی جینۆسایدکراو بینابکرێتەوە. واتە چاندنی هەستکردن بە تاوانێکی هەمیشەیی لای عەقڵی دەوڵەتی عێراقی کە تاوانبارە بە جینۆسایدی گەلێکی جیاواز، دروست وەک ئەو هەستەی کە جولەکەکان تائێستاش لەنێو عەقڵی دەوڵەتیی ئەڵمانیدا چاندوویانە.
8- لە دۆخێکی ئاوادا،کارە لەپێشینەکان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت و چیتر ئەوەی هەرێمی کوردستان بە عێراقەوە دەبەستێتەوە مووچە نییە و، گرفتی سەرەکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغداد دا ناوچە جێناکۆکەکان و پرسی پێشمەرگە و پرسی نەوت نییە، بەڵکو پرسێکی وجودیی وەک جینۆسایدە. پارادیگمێکی لەم شێوەیە بەدڵنیاییەوە تەواوی سیستمی بیرکردنەوە و رەفتار و پەیوەندیمان لەگەڵ عێراقدا دەگۆڕێت و کورد وەک گرووپێکی جیاواز دەباتە قۆناخێکی دیکە لە ململانێی نوێوە کە پێویستی بە بەکارهێنانی بیرکردنەوەی جیاواز و چەکی جیاواز و ستراتیژ و ئامانجی جیاواز هەیە.