ڕاگەیاندنە فارسیەکانیش، لەو بڕوایەدان کە پێشبینیەکانی چەند سەدە پێشی ئێلبەگی جاف: وەک خۆی دەردەچێت.
لە ئان و ساتی هەڕەشەکانی ڕووسیا بۆ ئەگەری بە ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە یەکێتی ئوروپا و ناتۆ. جمووجووڵی هێزەکانی چین و نزیکبوونەوەی چین و ڕوسیا و ئێران، لە بەرامبەر ناتۆ و یەکێتی ئوروپاو ئەمریکا. ئەمانە هەموو ئاماژەیەکن بۆ ئەگەری دروستبوونی شەڕی سێیەمی جیهانی.
کە تەواوی ئەو ڕووداوانەی پێشووتر و چاوەڕوانکراوی داهاتووش، لە هەڵبەستەکان یا بڵێێن پێشبینینامەکانی فەیلەسووفی بەڕگەز کوردی جیهانی ئێلبەگی جاف ئاماژەیان پێکراوە.
لەو گرتە ڤیدۆییەی سەرەوە بە زمانی فارسی ئامادەکراوە و لەگەل ئەم وتارە هاوپێچکراوە، ئاماژە بەو گشت ڕووداوە گرنگانەی جیهان دەکات، هەر لەو گرتە ڤیدۆییە فارسی زمانە ئاماژە بە توانای و زانایی ئێلبەگی جاف دەکات. ئاماژەش بەوە دەکات کە ئەم پیاوە گەورە لە زۆر لە زانکۆ و میدیاکانی جیهانی وەک پێویستی ئاماژەی پێنەکراوە فەرامۆشکراوە.
بەو هیوایە کە لە ڤیستیڤاڵ و چالاکییەکانی داهاتووی سەنتەری ئێلبەگی جاف: بێجگە لە کاری کولتوری و هوونەری، چەند کاتژمێرێکیش تەرخان بکرێت بۆ چەندین پرۆفیسۆری نێودەوڵەتی، بە فەرمی بانگهێشت بکرێن تا بێن لە سەر ئەم کەسایەتیە گەورەی جافی کوردستانی شیکاری بکەن. هەروەها زۆر پێویستە کە هەڵبەستەکانی وەرگێردرێنە سەر زمانە گرنگەکانی جیهانی.
من وەک عارف باوەجانی لەو بوارەدا هەموو ئامادەییەکی خۆم بۆ ئەو سەنتەرە دەردەبڕم، کە هاوکارو پشتیوانیان بم، بۆ بە جیهانی کردنی ئەم کەسایەتییە گەورەی هۆز و گەلەکەمان.
هاو پێچی ئەو ڤیدۆیە، من نووسین و بابەتێکی چەند ساڵ پێشی خۆم بە شێوەی خوارەوە دەخەمە بەر دەست خوێنەران.
پێویسته ئێلبهگی جاف وهك پێشبینیناسێكی کورد لە سهدهكانی پێشوودا بناسرێت.
عارف باوەجانی .
نەتەوەکانی ئەمڕۆی گۆی زەوی هەریەکە و شانازی بە کەسایەتییەکی دیاری مێژووی کۆنی خۆیان دەکەن، کە لە بوارێکی جیاوازدا مێژوویەکی وەک شاکار بۆ گەلەکەی خوولقاندووە و جیهێشتووە. هیندێکیش لەو کەسانەی کە باسیان لێوە دەکرێت دەچێتە قاڵبی ئەفسانەو شکو گومانەوە، بەڵام نەتەوەکانی خۆیان بە شانازییەوە باسی لێوەدەکەن و بە پەیکەرو ناسناو و خەڵاتی ساڵانەی بە ناوەوە دابەش دەکەن، لەو بوارەشەوە سەرنجی گەشتیاری جیهانی بۆ ڕادەکێشن. هەروەها بەخستنە نێو پەرتووکی مێژووی وانەی خۆێندن لە خۆێندنگاکاندا زیاتر یادی دەکەنەوە، و لە مێژووی خۆیان زیندوو ڕایدەگرن.
لە مێژووی ئێمەی کوردیشدا کەڵە پیاومان زۆر بووە، بەڵام بە داخەوە وەک پێویست گرنگیان پێنەدراوە. بێجگە لەوەی کە داگیرکەران بە مەبەستەوە نەیانهێشتووە مێژووەکانیان گەورە بکرێن، لە نێوخۆشماندا کەم و کوڕی و خەمساردیمان هەبووە، یا بەهۆی جیاوازی ئاین یا زاراوە یا ناوچەیی، لە ڕوانگە جیاوازەکانەوە لە توانای ئەو کەسایەتیانە کەمکراوەتەوە.
یەکێک لەو کەسایەتییانە کە دەبوو لە مێژووی کورد دا بدرەوشایەتەوە و زۆر ڕەونەقی پێبدرابایە
( ئێلبەگی جافە).
ئێلبەگی جاف کێ بووە: ئێلبەگی جاف وەک هیندێک سەرچاوە باسی لێوەدەکەن کە لە ساڵی ٨٩٨ زاینی لە دایکبووەو لە ٩٦١ کۆچی دوایی کردوە. لە سەر شوێنی ژیانی ناوبراو بۆچوونی جیاواز هەیە. هیندێک دەڵێن لە ناوچەکانی سنجاوی لای کرماشانی ڕۆژهەڵات ژیاوە، و هێندێکیش دەڵێن لە دەوروبەری شارەزوورو گەرمیان لە باشوری کوردستان ژیاوە، و پاشان لە تەمەنی گەنجێتی چووەتە هەورامان و بە هۆی خۆشی و دڵگیری ناوچەکە لەوێ بە یەکجاری ماوەتەوەو ژنی هێناوە. شاکارەکانی ئیلبەگی جاف کەسێکی پێشبینیکەری سەدەی نۆیەم بووە، کە گشت پێشبینیەکانی بە زمانەکانی کوردی و فارسی و عەرەبی لە چوارچێوەی هەڵبەستدا وتووەتەوە.
ئێلبەگ خاوەنی سەدان پێشبینی گرنگی جیهانی و دەرووننانسی هەبووە، کە بە داخەوە تەنیا بەشێکی کەمی لە پێشبینییەکانی لە چوارچێوەی هەڵبەستێکدا لە ژێر ناوی ( هەروایە و هەروا ئەبێ) ماوەتەوە، تەنیا ئەو کورتە پێشبینییەی کەدەست بە دەست ماوەتەوە، دەرکەوتووە کە هەموو پێشبینییەکانی دروستبوون و لە کاتی خۆیدا هەموو ڕاست دەرچوون. باسیش لەوە دەکرێت کە زۆر لە پێشبینییەکانی بە زمانەکانی فارسی و عەرەبی خراونەتەوە نێو ئەدەبیاتی مێژووی بەغداو تاران و بە شیعری شاعیری نەناسراوی ئەو وڵاتانە ناوزەدکراوە. بە تایبەت لە پاش ئەوەی کە پێشبینیەکانی لە سەر دەسەڵاتدارێتی وزوڵم زۆری نادر شای سەدەی نۆیەمی ئێران ڕاست دەرچووە.
بەم هەڵبەستە کورتەوە نموونەیەک لە پێشبینییەکانی ببینن.
ئێران پڕ لە ئاگر دەبێ. حوکمی سوڵتان قاهر دەبێ
ستەم لە خەڵق سادر دەبێ . دەورە دەورەی نادر دەبێ.
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ.
یا لە هەڵبەستێکی دیکەیدا پێشبینی هاتنی حوکمی قەجاراریەکان دەکات لە ناوچەکەدا.
دەوران بە دەست قەجەر دەبێ
تەیموور لە خەو خەبەر دەبێ
گەلێ سەران بێ سەر دەبێ
ئاشووب و شۆڕ و شەڕ دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ.
لەو هەڵبەستەی کە نزیک بە١٠٥٠ ساڵ پێش لە سەر زوڵم و زۆری بۆ خەڵک وە هاوار هاتووە، کە هیچ کەس لەو کات و سەردەمەدا ئەو پێشبینییەی نەکردوە. خەڵکانێک کە ئێستا لە مێژووی وڵاتانی عەرەبی و ئوروپایی وەک پیاوی مێژوو باسی لێوەدەکەن، هەر لەو جۆرە کەسانە بوون کە وەک ئێلبەگی جاف شاکارێکیان هەبووە. بەڵام ئەوان زیرەکانە خراونەتە نێو مێژووی کەسایەتیەکانی جیهان و بە فەیلهسووف وئەندێشەناس وداهێنەر ناویان هاتووە، ئەوانەی کوردیش هەر باسیان لێوە ناکرێت.با کۆپلەیەک لەو هەڵبەستەی ئێلبەگی جاف بخۆێنینەوە کە١٠٥٠ساڵ پێشوتر وتراوە: دەڵێ :
ڕوو لە تـووری سینا ئەکەم: ئەوســا نیگای دونیا ئەکەم:
ئــیران پر لـــه دەعوا ئهبێ : حوكمی سولگان نادر ئهبێ:
مــــوڵکی ئێران باهیر دەبێ : ستهم له خهلق صادر دهبێ:
دەوران دەوری نــــادر دهبێ: لە پــــەی نادەر دەعـوا دەبێ:
ئێران پــــر لە غــەوغا دەبێ: خاســــان وەبێ کفن ئــــەبێ:
شاهان دوور لە وەتەن ئەبێ : هـــــهروا بووه و هـهروا دهبێ:
خاســــان وهبێ وهتهن دهبێ :
هەروها پێشبینی هاتنە سەر دەسەڵاتی کەریمی زەند و تەیمووری لەنگ دەکات و دەڵێ:
مورغان دوور له چەمەن ئەبێ : خێڵی شـــــــاهان قاتی ئەبێ:
شــــاهی ئێران وەزەنــد ئەبێ : حوکمی موســــتەمەند ئـــەبێ :
حوکمی کــــەریمی زەند ئەبێ : دونیا بێ قســـە و باس ئەبێ :
لە دوای کــــەریم بەدتر ئەبێ : ئەوســـا دەورەی قەجەر ئەبێ :
تەیموور لە خــەو خەبەر ئەبێ : ســــەری ئیران بێ سەر ئەبێ:
هـــــهروا بووه و هـــهروا دهبێ:
ئەم پێشبینیانەی کە لە چوارچێوەی ئەو هەڵبەستەدا هاتووە، بەراوردی بکەین لەگەل دونیای ئێستای زوڵم و زۆر کە بە هۆی بوونی ڕاگەیاندن و تۆڕی کۆمەڵایەتی پێشكەتووەوە باسی لێوەدەکرێت.
پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە کەسێکی وەک ئێلبەگی جاف زیاد لە ١٠٠٠ساڵ پێش ئەم وتنە گرنگانەی بووە یان نە. بەڵام مێژووناسان ومێژوونووسانی پێشووترمان پێناسەی ئەم زاتەیان تەنیا وەک ئەدیبێک یا شاعیرێک بە خۆێنەرانی کورد ناساندووە، نەک وەک پێشبینیناسێکی نێونەتەوەیی.
لە شەقامەکانی بەغداو تاران پەیکەری ڕەسافی و ئیبن خەلدوون، ئەبوعەلی سیناو فیردەوسی دروستکراوە، پرسیار ئەوەیە کە ئایا بۆ پەیکەری ئەم پێشبینیکەرە گرنگەی کورد نە لای کورد و نە لای ئێراقی و ئێرانییەکان پەیکەری بۆ دروست نەکراوە، زۆر بە دەگمەن لە گۆشەی پەرتووکە ئەدەبیەکانی کوردی وەک شاعیرێکی دێرین باسی لێوەکراوە.
لە نموونەیەکی دیکەی پێشبینییەکانی کە زۆر گرنگەو بەرچاوە باس لە هاتنی تەکنهلۆژیا، کە وادەردەکەوێت باس لە شەمەنەفهر و کارەبا و پێشکەوتنی کۆمەڵگا و پێڕاگەیشتنی گرنگتر دەکات. ئەگەر کەسانی پسپۆر لە بواری مێژووی مرۆڤە دێرین و هەڵکەوتووەکان بکۆڵنەوە، لەم کۆپلە هەڵبەستەشی بکۆڵنەوە زیاتر کەسایەتی و پێشبینی ئەم کەڵە پیاوە زاناو پێشبینیکەرەی کوردستان، بەڵام بیرکراوەمان بۆ دەردەکەوێت.
کە دەڵێ:
بـــــەرقی یە لە ئــــــوروپـا ئەبێ
کــــوڕان و کچان قەشـــەنگ ئەبێ
تەیـــرێ وەک ڕەعد و بەرق ئەبێ
گوێچکەی لە دووکەڵ غەرق ئەبێ
دەشــــت و دەری پێ لــــەق ئەبێ
بە ڕووی هـــــەوا مۆڵــــەق ئەبێ
هـــــــەروا بووە و هـــــەروا ئەبێ
لە درێژەی ئەو پێشبینیانەیدا کە لە چوارچێوەی هەڵبەستی هەروا بووەو هەروا ئەبێ، باس لە هاتنی دەسەڵاتی پەهلەوی و قاتی و قڕانی لە ئێران دەکات. هەروەها لە چەند دێرێکی دیکەشدا باس لە هاتنی روس دەکات بۆ ئێران. کە هەمو ئەمانەش بە پێی تێپەڕبوونی مێژوو درووست دەرچوون، ئەگەر بە وردی لە تەواوی دێرو وشەکانی ئەم فەیلەسوفە لە یادکراوە بکۆڵینەوە، دەبینین یەک وشەی نییە کە نەهاتبێتە دێ یا وا دەرنەچووبێت.
لە هەڵبەستێکی دیکەیدا باسی فرە نەتەوەیی گەلانی بندەست لەو وڵاتە دەکات
ئێران وەکوو فەرەنگ دەبێ
پڕنەقش و ڕەنگاوڕەنگ دەبێ
کوڕ وەکوو کچ قەشەنگ دەبێ
مایل بە شۆخ و شەنگ دەبێ
هەر وا بووە و هەر وا دەبێ
بە گشتی لە هەموو بووارێکدا ئەو زاتە مەزنە پێشبینی تایبەتی هەبووە و لە چوارچێوەی هەڵبەستدا دەری برێوە. بە داخەوە بەشی هەرە زۆری هەڵبەست و دەستنووسەکانی نەدۆزراونەتەوە.
سەرچاوەکان،
١ / مێژووی وێژەی کورد بەرگی یەکەم،: سدێق بۆرەکەیی
٢ / مێژووی هۆزی جاف / خەسرەو جاف
٣ / دانا تۆفیق/ گۆڤاری کۆچ / سەنتەری ئێلبەگی جاف.
٤ / چەندین سەرچاوەی دیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گێڕانەوەی زارەکی و دەنگی گەورە ساڵان.
٢٦ی سەرماوەزی ٢٧٢١ی کوردی، بەرامبەر بە ١٧ / ١٢ / ٢٠٢١ ی زاینی