پـــەرلـــــەمـــانـــتـــار و کــــاســــپی تێڕوانینێکی یاسایی حەبیب محەمەد دەروێش
بەپێی دەستوری کۆماری عیراق ساڵی ٢٠٠٥ پەسەندکراوی هەموو خەڵکی عێراق نابێت پەرلەمانتار ، هیچ کار وو کاسپی و وەزیفەیەکیتر کۆبکاتەوە لە گەڵ کاری پەرلەمانتاریدا (مادەی ٤٩/سادسا). بێگومان دەستور حاکیمە بە سەر هەموو یاساکانەوە بۆ شەرعیەتی هەموو یاساکان پشتی پێدەبەسترێت و هەڵێنجان و قیاسیشی دەکرێتە سەر لەکاتی نەبونی دەقێکی رووندا لە هەر یاسایەکیتردا. هەروەها بەپێی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە(١٣ی ساڵی ٢٠١٨) مادەی (٦/اولا) پەرلەمانتار موکەلەفە بە خزمەتی گشتی و دەبێت ئەندامی پەرلەمان خۆی تەرخان بکات بۆ کاری پەرلەمانی . هەر بەپێی مادەی(٨/اولا) نابێت پەرلەمانتار هیچ کار و وەزیفەیەکیتری هەبێت لەگەڵ پەرلەمانتاریەکەیدا . بەپێی مادەی(٩)یش لە هەمان یاسا نابێت پەرلەمانتار نفوزی خۆی بەکار بهێنێت بۆ کاروکاسپی بەتایبەتی لە فەرمانگە حکومیەکاندا ، واز لە به رژەوەندی شەخسی بێنێت بۆ بەرژەوەندی گشتی ، سکاڵاو هاواری هاونیشتمانیان بگەیەنێتە پەرلەمان نەک هاواری بەرژەوەندی شەخسی خۆی بکات. بەپێی یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان ژمارە (١) ی ساڵی ١٩٩٢ /مادەی (٥) دەبێت پەلەمانتار خۆی تەرخان بکات بۆ کاری پەرلەمانتاری وهیچ کارێکیتر نەکات . هەمان ئەو مادە وبڕگانەی یاسای پەرلەمانی عێراق لە یاسای پەرلەمانی کوردستاندا هەیە بەهەندێک گۆڕانی ووشە ودەستەواژەوە. خولاسەی کەلام پێویستە پەرلەمانتار نوێنەری هاوڵاتیەکانی بێت وهەموو داواکاری و پێویستی وکێشە وئاریشەکانی میللەت بدات بە کۆڵیدا لە دەرکردن وهەموارکردنی ئەو یاسانەی کە ژیانی خەڵک رێکدەخەن وبەرژەوەندیان دەپارێزن وهەروەها چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن بەمەبەستی ناچارکردنی بۆ ئەوەی باشترین خزمەت پێشکەش بە خەڵک بکات ، نەک پەرلەمان و پێگەکەی بەکاربهێنێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی ، یان خۆ دەوڵەمەندکردن و وەرگرتنی تەندەر و موڵەتی کار و پرۆژە بۆ خۆی و دەوروبەری ، نابێت پەرلەمان قەڵای پاراستنی بەرژەوەندی پەرلەمانتار بێت، دەبێت قەڵای پاراستنی بەرژەوندی میللەت . بەپێچەوانەوە ئەگەر پەرلەمانتار کارێکیتر بکات یان وەزیفەیەکیتری هەبێت ئایا بەچ جۆرێک رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر؟ دەبێت لە بە دوو جۆر مامەڵەی یاسایی لەگەڵدا بکرێت : رێکاری یەکەم لە رێگای پەرلەمانەوە لێپرسینەوەی لێبکرێت و هۆشداری پێبدرێت کە دەبێت خۆی یەکلایی بکاتەوە لە نێوان ( پەرلەمانتاری وکاسپیکردندا) ، لەکاتی خۆیەکلایی نەکردنەوەی دەبێت پەرلەمان مافی ئەندامیەتی پەرلەمانی لێ وەربگرێتەوە پاڵپشت بەو رێسا ویاساییانەی باسمان کرد، رێکاری دووەم ئەگەر پەرلەمان پشتگوێی بخات وەکو کردویەتی تا ئێستا ئەوە هەموو هاوڵاتیەک دەتوانێت دوای تەواوبوونی خوولەکەی سکاڵا لەسەر ئەو پەرلەمانتارە تۆمار بکات بەو سیفەتەی هەموو هاوڵاتیەک خاوەن بەرژەوەندیە و ئەو پەرلەمانتارە یاسا شکێنی کردووە ولەسەر حسابی هاوڵاتیان موچه ودەرماڵەی نایاسایی وەرگرتووە و هەروەها کەسپی نامەشروعیشی کردووە. ئەڵبەتە ئەگەر داواکاری گشتی کە نوێنەری مافی گشتی سکاڵاکە بجوڵێنێت تەواوترە وئاسان ترە و لە سەمیمی کاری خۆیانە. لێرەدا بۆیە نەمانووت هاوڵاتی دەتوانێت لەکاتی بەردەوامی خولی پەرلەمانی سکاڵا تۆماربکات ، چونکە ئەو کاتە دەبێت پەرلەمان حەسانەی لەسەر لابەرێت ، ئینجا دەتوانرێتئەو پەرلەمانتارە بهێنرێتە بەردەم دادگا ،بەڵام بە دڵنیاییەوە پەرلەمان حەسانەی لەسەر لا نابات ، ئیتر سکاڵاکەش دادەخرێت .بۆیە باشترە بخرێتە دوای خولی پەرلەمانی بۆ ئەوەی دادگا بتوانرێت رێکاری یاسایی بگیرێتە بەر.
|
126
جار خوێندراوهتهوه |
|
|
|