شرۆڤەی رەوتی ئەدەبی کوردیی پاش نالی و مەولەوی
و ھەڵسەنگاندنێکی ھاوتایانە لە دوو دیالێکتی کرمانجی خواروو(سۆرانی) و گۆرانیدا
رەووف محمەد پور

تێبینی: {ئه‌م وتاره‌ له‌ فستیواڵی " وێژه‌ی هه‌ورامی بۆ شێعرـ چیرۆک ـ لێکۆڵینه‌وه‌" که‌ له‌ ڕۆژانی 9،10،11/7/2011 له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید به‌ڕێوه‌ چوو، پله‌ی دووهه‌می به‌ به‌ ده‌س هێناوه‌ و دواتریش له‌ ژماره‌ 11ی وه‌رزنامه‌ی ژیواردا، چاپ و بڵاو کراوه‌ته‌وه‌.} دەسپێک ئەدەبیات ئەو دەرەتانە بەرین و ھەستاویەسە کە بە درێژایی بوونی مرۆڤ بوونی گرتوە و ھەبوونی مرۆڤیشی ڕەخساندوە. ھاوبەشە مرۆڤیانەکان وەھا دۆخ و دەرەتانێکی ھزریی و ھەستییان ڕەخساندوە تا تاقمە مرۆڤەکان(لێرەولەوێ) لەم ڕەھەندەدا گوزارشت لە بوون و ھەبوونی خۆیان بکەن و بیکەنە ئامرازێک بۆ دەرباز کردنی ویست و ھەستە پەنگاوەکانی ناخیان و گواستنەوەی بۆ ئەویدی لە رەوتێکی ھاوزەمەنی و لەزەمەنیدا.ھەرچەند ئەگەر لە کورتیدا بیبڕمەوە ئەبێ بێژم کە ھەندێ ھۆکاری ناوچەیی بەسەر ئەم ڕەوتەوە کاریگەر بووگن و پێناسەیەکی بەدیاریان پێداوە. لەم پرۆژەیەدا ھەوڵ ئەدرێت شرۆڤەیەکی ھاوتەریبانەی ڕەوتی ئەدەبی کوردی لە دیالێکتەکانی؛ کرمانجی خواروو گۆرانی، بەتایبەت پاش مەولەوی و نالی ، لەرەوتێکی ھاوچەرخانە و سەردەمیانەدا بکرێت. شاوشەکانی ئەم پرۆژەیە: رەوتی ئەدەبی، نالی،مەولەوی، شیعری ھاوچەرخ ، ھەڵسەنگاندن مێژینە و پێشینەی ئەدەبیی لە سەربوردێکی خێرادا نەتەوەی کوردیش وەک یەک لە نەتەوەکانی کۆنی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ، ھەر لە دێرین زەمەنەوە خدووی بەم ڕەوتەوە گرتوە و بە پێی سەرچاوەکان، ھەبووی مێژوویی ئەو لە ھی زۆرێک لە گەلانی دەراوسێی کۆنترە . بەڵگەکانیش ئەوە ئەسەلمێنن کە کۆنترین دیکۆمێنتە شیعریەکانی ئەدەبی کوردییش لە زاری ھەورامیدا ھەڵکەوتوون و پەروەردە کراون.تەنانەت ئەگەر شرۆڤەی ئەدەبی گەلانی جێگیر لە فەلاتی ئێران بکەین بۆمان دەرئەکەوێت کە یەکەم دەقی نووسراوی شیعری کوردی بە دەیان ساڵ بۆ پێش دەسپێکردنی ھاوتا فارسیەکەی ئەگەڕێتەوە. یەکەم دەقی شیعری کۆردیی(شیعری ھۆرمۆزگان ) بۆ نیوەی یەکەمی سەدەی ئەوەڵی کۆچی ئەگەڕێتەوە کە باس لە دۆخی شڵەژاو و کارەساتاوی ئەودەم ئەکات.لەحاڵێکدا کۆنترین دەقی بەردەستی شیعری فارسی بۆ سەدەی سێھەم ئەگەڕێنەوە . بەتایبەت ئەتوانین ئاماژەش بە دەقەکانی پیرشالیاری ھەورامان بکەین کە وەک «ماریفەت» بەدەق کراون.دوای ئەم دەسپێکە، بەردەوام(ھەرچەند بە بەرزی و نزمیەوە)ئەم ڕەوتە بەردەم بووگە و وەک زەنجیرەیەک بەڕەوت بووە. بۆ نموونە؛ بەرھەمەکانی پێڕەوانی باوەڕی یارسی و زۆر دەقی دیکە کە لە دەفتەرەکانی ئەو باوەڕە و مێژووە ئەدەبیەکان و بەیاز و دیوانەکاندا ھاتوونەتە ئاماژە . سەردەمی زێڕین و گەشاوەی ئەو ڕەوتە لە سەدەی سێزدەی کۆچی مانگیدا دەستەبەر ئەبێت. ھەرچەند لە پێشترەوە،( بە باوەڕی من)وەک لە وتارێکدا ئاماژەم پێداوە ، شۆڕشێک لە ئەدەبی(شیعری) کوردیدا بەرپا ئەبێت. ئەویش بە درەوشانەوەی دەقەکانی مامۆستا بێسارانی. ھەر لەو دەوروبەرە زەمەنیەدا ھەندێ دەنگی دیکە سەرھەڵئەدەن کە بە زۆری لە زاری ھەورامیدا دێنە گۆ. بەڵام ھەریەکەو لە ناوچەیەکەوە. بۆ نموونە؛ مەولەوی لە تاوەگۆز، فەقێ قادر و رەنجووری لە گەرمیان و کەرکووک، سەی یاقۆ لە ماھیدەشت، سەیدی لە ھەورامانی تەخت، میرزا ئەولقادر لە پاوە،ئەرکەوازی ومەلاپەرێشان لە ئیلام و لەکستان، خاڵۆی کۆماسی لە مەریوان،غوڵام شاخان لە سنە، ئەڵماس خان لە کەنوولەی لای کرماشان، میرزا شەفێع، مەولاناخالید، ھیجری، خانای قۆبادی،مەلاخدری ڕواری و......بەڵام لەم نێوەدا سێ کۆچکەیەک پەیدا ئەبێت کە دەنگە شیعریەکە جێگیر ئەکات و بەسەرتەڵیی مامۆستا مەولەوی ئەگاتە لووتکە .(بێسارانی ـ سەیدی ـ مەلەوی). بەڵام گرنگ ئەوەیە کە سەرجەمی ئەم دەنگانە؛ خۆیان وەک کورد و بەرھەمەکانیان وەک کوردی پێناسە ئەکەن. چوون فارسی بێ پەند حەکیمان بەلەفز کوردی کەردم تەرجومان چوونکە من ئەسڵم سنیف ئەکرادەن ھەر کەس بەئەمسال وێش خاترشادەن «فەقی قادری ھەمەوەند» سەرھەنگ دەودان سەرھەنگ دەودان ئەز کە ناممەن سەرھەنگ دەودان چەنی ئێرمانان مەگێڵم ھەردان مەکۆشم پەرێ ئایین کوردان «بابا سەرھەنگ دەودانی» ھەر چەن مەواچان فارسی شەکەرەن کوردی جەلای من بەس شیرین‌تەرەن مەعلوومەن جە دەور دونیای بەد ئەندێش مەحروزەن ھەر کەس بە زوبانی وێش «خانای قوبادی» ئەسڵمەن جە کورد، ئەسڵمەن جە کورد بابۆم کوردەنان، ئەسڵمەن جە کورد من ئەو شێرەنان چەنی دەستەی گورد سلسلەی سپای زەحاک کەردم ھورد « شاوەیس قولی» ئەمەش پێچەوانەی ھەندێ بۆچوونی بەرتەسک و چەواشەکارە کە لێرەدا دەرفەتی پەرژانە سەرئەو باسە نیە، بەڵام لە جێگای خۆیدا ئەکەوێتە بەر شرۆڤە. ھاوکات، یان لە دەراوسێیەتیەکی نەک زۆر دووردا، لە ژێر تەوژمی کاریگەریە سەردەمانیەکان و بە پێی زرووف و دۆخ، لە شارەزوور، سێ کۆچکەیەکی دیکە لە شیعری کوردیدا دێتە ڕسکان و ئەبێتە بنەمایەک بۆ زۆر شوڕشی سەردەمیانە لە ڕەوتی شیعری کوردیدا.(نالی ـ سالم ـ کوردی ).سێ کوچکەیەک کە مامۆستا مەحوی کامڵی ئەکات و بنجەکانی ھێقمتر ئەکات. بەتایبەت شۆڕشی مامۆستا نالی کە بەرزی ئاستی شیعرەکانی بەڕادەیەکە کە مامۆستا پیرەمێرد سەبارەت بەو ئەڵێ: ئێمە لە کوردیدا دوای مەولەوی شاعیری وەک نالیمان نەبووە » گرنگ لەوەدایە ئەوانیش شۆڕشە ئەدەبیەکەی خۆیان وەک «کوردیی» پێناسە ئەکەن: کوردی زۆبانی ئەسڵمە گەر تەرکی کەم بەکول/ بۆ فارسی، بەکوللی ئەمن دەبمە بێوەفا. مەحوی تەبعی شەکەرباری من کوردی ئەگەر ئینشا ئەکا/ ئیمتحانی خۆیە مەقسودی ، لە عەمدا وا دەکا . نالی مەھی فارس زەبانم گفت (سالم) شەرحی حالت گو/ وتم بەڵەد نیم لە ئستڵاحی ئێوە،من کوردم. سالم ته‌نانه‌ت شاعیرانی کرمانجی ژوورش وه‌ک کوردی شێوه‌زاری خۆیان ناساندوه‌. وه‌ک ئه‌حمه‌دی خانی و مه‌لای جه‌زیری. ئەڵبەت پێش شۆڕشی نالی، لێرەولەوێ، ھەندێ دەنگ ھەڵکەوتوون کە بەرھەمەکانیان بەو دیالێکتە تۆمار کراوە. بۆ نموونە؛ نەرگس خانمی شارەزووری لە سەدەی ھەشتەمی کۆچی؛ کە ئەویش سەربە قوتابخانەی یارسیە: ساقی لە جەم بادە دەدا دەرسی رێگەی جادە دەدا مێردان ھەموو لەدەور پاشا پێمان دەکەن گشت تەماشا قەومێ بە من نەیبێ باوەڕ نەیەت بۆ جەم یاری یاوەر ھەرلە سەدەی ھەشتەمی کۆچی‌دا، مەلا قودووری شارەزووری لە بەرھەمەکانیدا، ئایەت و حەدیس ئەخاتە دووتوێی شێعر. لە ناوەرۆک‌دا، لە باوەڕی یارسی لائەدات. وەک زمان شێوازی سۆرانی ھەڵدەبژێرێ. کەڵکەڵەی کێشی عەرووزی عەرەبی خولیای ئەکات و لێی نیزیک ئەبێتەوە. لە گەل ئیسلام جەھد و شەڕی شەرەر دەنوێنێ رۆژی قیامەت سیفری لە سەفی خولدی بەرین قۆرعان فەرموویە «‌ بعدالرسول لا یاتی نبی» یەعنی بەعدی محەمەد دی نایە پێغمبەری مۆبین عێل‌بەگی جاف (سەدەی دەی کۆچی مانگی) بۆ بزاڤی خۆیی و جیاوازخوازانە ناوەرۆک ھەڵدەبژیرێ. وەک پیرێکی دڵکراوە لێکدانەوە و شرۆڤەی ئایەندە ئەکاتە چەمکی ھۆنراوەکانی. تەیرێ وەک رەعد و بەرق دەبێ گوێچکەی لە دووکەڵ غەرق دەبێ دەشت و دەری پێ لەق دەبێ ھەر وا بوە و ھەر وا دەبێ ھەرچەند ھەبوونی ئەو دەنگانە، لە بایەخەکانی نالی کەم ناکانەوە، چوونکوو ئەو دەنگانە نەبوونەتە ریچکە و قوتابخانەیان بەسەرەوە دانەمەزراوە. بەڵام پاش سەرھەڵدانی ئەو شۆڕشە و درووست بوون و پێگرتنی شار، بە تایبەت گەشەی شاری سلێمانی و بەتەرخەمی ھەندێ لە فەرمانڕەواکانی بەبە(بەتایبەت عەبدۆڕەحمان پاشا)، ناوەندی ڕۆشنبیری گوازرایەوە بۆ ناوچەی دەسەڵاتی کرمانجی خواروو ئەدەبی کوردی لەو دیالێکتەدا بە پەلە و بە گۆژمەوە گەشەی کرد و رۆژ بە رۆژ سەردەمیانە ئەکرایەوە. لەحاڵێکدا لە دیالێکتەکەی دیکە(ھەورامی) بەو ھەموو پێشینە دەوڵەمەندەوە دووچاری وەستان و پەنگەتاوی و تەنانەت قەیران و داتەپانیش ھات.ئەمەش خەسارێکی گەورەی لە ئەدەبی کوردی دا. چوونکوو بە باوەڕی من، ئەگەر ئەو دیالێکتەش، شان بەشانی کرمانجی خواروو گەشەی بکردایە، بەدڵنیاییەوە ئەدەبی کوردی ئێستا لە ئاستێکی دیکەدا ئەبوو. قۆناغەکانی پاش نالی و مەولەوی بەباشتری ئەزانم بەر لە پەرژانە سەر ئەم بابەتە، وەک پێشینە، ئاورێک لە ڕەوت و دۆخی ئەدەبی سەردەمی نالی و مەولەوی بدەمەوە تا بە سەرنجێکی تۆخترەوە بپەرژێمە سەر باسەکە. لەو سەردەمەدا دوو ئیمارەتی نیوچەدەسەڵاتداری کوردی (بابان ـ ئەردەڵان) لە رۆژھەڵات و باشووری کوردستان حوکمڕەوان. بەڵام ھیچکامیان سەربەخۆ نین و ھەریەکەو بە دەسەڵاتێکی زلھێزەوە بەستراونەتەوە. ئەردەڵانەکان بە دەسەڵاتداریی ئێرانی و بەبەکانیش بە دەسەڵاتی عوسمانیەکانەوە. ھەرچەند دەنگۆی ئەوە بەباو کراوە کە گوایە ئەردەڵانەکان پشتگیری زاری ھەورامی و بەبەکانیش پشتگیری زاری کرمانجی باشوور و شیعریەتی نالی¬یان کردوە، بەڵام بەش بە حاڵی خۆم و بە پێچەوانەی باوەڕ و بۆچوونە خووپێوەگیراوەکان، لەسەر ئەو قەناعەتەم کە ئەردەڵانەکان وەھا کردارێکیان نەنواندوە. نەک تەنیا پشتگیریی شاعیرە ھەورامی بێژەکان نەبووگن، بەڵکوو چ ئاورێکیشیان لە زاری ھەورامی نەداوەتەوە و ھەرگیز وەک زمانی فەرمی خۆیان بەکرداریان نەکردوە. تا ئەوجێگایە توانیبێتم ھەوڵمداوە فاکتێکی ئەردەڵانەکان دەس بخەم کە لە کاروباری فەرمی و ئیداری خۆیاندا زاری ھەورامییان بەکار ھێنابێ بەڵام ھەوڵەکانم بێ¬ئاکام بوون. وێڕای ئەوەش؛ لە ھیچ سەرچاوەیەکدا نەمدی کە ئەوان بۆ پێکەوەنانی کتێبخانەیەکی بەرچاو ھەوڵیان دابێت، یان ھاوشێوەی سامانیەکان(تەنانەت کەمتریش) شاعیرانیان داڵدە دابێت و بۆ پێشخستنی زمان و ئەدەب و کولتوور،سامانی خۆیان وەگەڕ خستبێت. کەواتە لەو بۆچوونانە زۆر بە گۆمانم کە گوایە ئەردەڵانەکان زمانپەروەر بووبن. دەسەڵاتی کولکەبەگایەتیش ھیچ ئاورێکی لە شیعر و ئەدەب و زمان نەداوەتەوە. لە ھیچ سەرچاوەیەکی نووسراو، یان تەنانەت زارەکیشدا نەمدیوە و نەمبیستوە کە خان و سانەکانی ھەورامان کتێب¬دۆست و ئەدەب پەروەر و شاعیرپەروەر بووبن.(بۆ نموونە شەیدا،ئایەتۆڵا مەردووخ،حەمەئەمین ھەورامانی،ئەیوب رۆستەمو...لە بەرھەمەکانیاندا ئاماژەیەکی دڵنیاکەر لەوبارەوە بەدەستەوە نادەن. تەنانەت لە مێژوودا پێچەوانەکەشی ھەبوە. واتە پەراوێزخستن و ئازاردانی شاعیران لەلایەن دەسەڵاتە ناوچەییەکانەوە.). لەھیچ دیوەخانێکدا کتێبخانەیەکمان پێ شک نابرێت. نەلای سانەکانی لھۆن و نەلای خانەکانی ڕەزاو و ژاوەرۆ و دزڵی. تەنانەت ڕامان لەژیانی مەڵاھەسەنی دزڵی، یان میرزا ئەولقادری پاوەیی، ئەتوانێ زۆر نەدرکراومان بۆ ڕوون بکاتەوە.(لەوتارێکدا ئەم دۆخەم شرۆڤە کردوە.) بەپێچەوانەوە، ھەبوونی باوەڕی یاریی و لەم دواییانەشدا درەوشانەوەی مەولانا خالید و خانەقای تەوێڵە، سەدان سەد پێچەوانە بوونە و ئەوان بوونەتە ھۆی گەشەی ئەدەب و شیعرپەروەرانە خزمەتیان بە زمان و ئەدەبی کوردی ھەورامی کردوە. بۆ نموونە؛ زۆربەی شاعیرانی بەدەنگی ھەورامی، بەمەولەویشەوە، لە خانەقادا پەروەردە کراون، یان لەژێر تەوژمی کاریگەری و ھەژموونی رۆحانی و شیوازی ئەدەبی خانەقادا بووگن. بەڵام بەبەکان، زۆربەیان ئەدەب دۆست و ئەدەب پەروەر بووگن. بەتایبەت عەبدۆڕەحمان پاشای بابان. کە شاعیرانی ھەورامی بێژیش( بەتایبەت ڕەنجووری و مەولەوی) شیعریان بۆ وتوە. سەرنج لەوەدایە کە من نەمتوانی لە ھیچ سەرچاوەیەکدا بەڵگەیەک بدۆزمەوە کە لای بابانەکان دژایەتی زار و شیعری ھەورامی کرابێت و بۆ ئەوکارە پلان ھەبووبێت. ئەو باسانە دواتر و بۆ مەرامی بەرتەسک سازێنراون.شەڕی (نالی و مەستوورەش) چ پێوەندیەکی بە دەسەڵاتەوە نیە و وەک کەین و بەینی نێوان دوو شاعیرە. (ئەمە بۆچوونی منە). بە بۆچوونی من سەرھەڵدانی قۆتابخانەی نالی، پێویستیەکی سەردەمیانە بوو. ئەگەر نالییش نەبوایە، دڵنیام لەلایەن کەسێکیترەوە ھەرئەھاتە دی و چ پەیوەندیەکی بە پلانی سیاسیەوە نەبووگە. چوونکوو شیعر بە پلان ناخولقێت. ھەرلەسەردەمی نالی و مەولەویدا، شەپۆلەکانی گۆڕانکاری لە ئەدەبدا دەستیان پێکراوە. بۆ نموونە لە ئەدەبی فارسیدا کە شاعیرانی بەرەی نالی و مەولەویش لێی بەئاگا و تەنانەت لەإژیر تەوژمی کاریگەریشیدا بووگن، لەو دۆخەدا بووە. شێوازی گەڕانەوە،( ڕەوتێک کە لە سەروبەرەی داڕمانی دەسەڵاتی سەفەویەکان تا سەردەمی ھاتنە سەردەوری فەتحعەلی شای قەجەر،یان لە ناوەڕاستی سەدەی دوازدەھەم تا سەردەمی مەشرووتە، لە نێو شاعیرانی سەردەمی فارسدا لەئارادا بوو و لایەنگرانی ئەم ڕەوتە لایان وابوو کە شیعری زاڵی فارسی گەنیوەولەقەیراندایە. بۆیە ھەوڵ و بزاڤ بۆ بەخۆداھێنانەوە و زیندوو کردنەوەی لە ئارادا بووە کە دواتر ئەگاتە ئەدەبی سەردەمی شۆڕشی مەشرووتە.لەم بزاڤەدا گەڕانەوە بۆ شێواز و شیعری سەردەمی پێشووتری ئێرانی، بەتایبەت شێوازی ئێراقی بەبرەو بووە.) . پێموایە، بەرەی نالی زۆر ژیرانە ئەو دۆخەیان خوێندوەتەوە و ژیرانە و بوێرانە بە ئەرکی سەردەمیانە ھەستاون و بە ھەڵگیرساندنی شۆڕشێک، گۆمی مەندَی ئەدەبی کوردییان شڵەژاندوە و بەرەو زیندووبوونەوەیان بردوە. خۆزگا لە دەڤەری ھەورامان و ناوچەکانی ژێر ھەژموونی شیعری ھەورامی، لەبری وەستان، بەخۆداھاتەنەوە ھەبوایە و شاعیرانی ئەوێش لانیکەم ھاوشانیی بەرەی نالی و ڕەوتی دوای ئەوانیان بکردایە. ئەگەر وابوایە، دڵنیام ئێستا ئەدەبی کۆردی گوڕ و تین و ئاستێکی جیاوازتری ھەبوو.ڕەوت و ڕێبازی مامۆستا «نالی (١٨٥٥ـ١٧٩٧) بە ھەوڵ و زەکای پۆلێک شاعیری وەک ؛سالم (١٨٦٦ـ١٨٠٠)، کوردی(١٨٤٩ـ١٨٠٩) و مەحوی(١٩٠٤ـ١٨٣٠)» بنجبەست و بە قوتابخانە ئەکرێت.ئەمە لەحاڵێکدایە کە ئەگەر قوتابخانەی بێسارانی(ساڵی کۆچی دوایی ١٧٠٢)،لەلایەن سەیدی ھەورامی و مەولەویەوە(١٨٨٢ـ١٨٠٩).(محەمەد ئەمین حەبیب و محەمەدی مەلاکەریم لە وتارەکانیاندا کە لە میھرەجانی مەولەویدا بەرچاو خراوە، ساڵی کۆچە دوایی مەولەوی بە ١٣٠٠ک.م ئَەزانن .) بنجبەست ئەکرێت،کەچی تەنگەتاویش ئەکرێت و بەتایبەت لە ژێر سێبەری خەستی بەرھەمەکانی مەولەویدا ئەپەنگێتەوە و لە بزاڤ ئەکەوێت. بەم دۆخ و کەشەوە، قۆناغەکانی دوای مەولەوی و نالی(وەک دوو دەنگی پێوەر لە ئەدەبی کوردی و لە دوو زار و شێوازی جیاوازدا) دەست پێئەکەن. قۆناغی پاش نالی ئەگەر بۆ شرۆڤەی ئەو قۆناغە، ھەر لە مامۆستا مەحویەوە دەست پێبکەین، ئەبنە شوێنھەڵگری ڕەوتێکی پڕ ئاوەدان و زیندوو و خاوەن براڤ. پەیتا پەیتا دەنگە شیعریەکام دەبریسکێنەوە و ئاوەدانی و جیاوازی بە ڕەوتە ئەدەبیەکە ئەبەخشن.حاجی قادری کۆیە، حەمدی ساحیب¬قڕان، قانع ، پیرە مێرد، ئەحمەت مۆختار،زیوەر،شێخ ڕەزا، بێکەس، پیرەمێرد و... ھەرکامە بەجۆرێک دەبنە دەنگی خاوەن زەکا و بەھرەی ئەو رێبازە و بەتایبەت لە پیرەمێردی نەمرەوە، دۆخ بۆ شۆڕشێکی نوێ و سەردەمیانە لە شیعری کوردیدا فەراھەم ئەکرێت.بەتایبەت لەژێر تەوژمی ئەدەبی بەڕۆژی تورکیدا . بۆ نموونە خودی مامۆستا گۆران لەم پێوەندەدا ئەڵێت: « شێخ نووری و ڕەشید نەجیب و من پێکەوە بە ئەدەبی تورکی موتەئەسیر بووین.بەتایبەت ئاماژە بە کاریگەری زۆری بزاڤی ئۆدەبای فەجری ئاتی ئەکات. لەوانەش: تۆفیق فیکرەت، جەلال ساھیر و عەبدۆلحەق حامید» ئەوە ڕاستیەکە کە گەلێک پێشتر شەپۆلەکانی نوێخوازی گەییشتبوونە لای ئەدیبان و ڕۆشنبیرانی تورک و پۆلێک لەوان لەژێر کاریگەری ئەدەبی ئەورووپا و بەتایبەت فەرانسە، کەوتبوونە سەر ڕێبازی نوپخوازی. دواکات مامۆستا گۆران ئەبێتە پێشەنگ و باوکی شۆڕشێکی نوێی سەردەمیانە لە شیعری کوردیدا کە ھاوتایی لە گەل شۆڕشەکانی بێسارانی و نالی ئەکات. کەسانێکی وەک: ھێمن،ھەردی،کامەران، کاکەی فەلاح،حەمەسالح دیلان و...کەسانێکن کە ئەبنە ئاوەدانکەرەوە و بەردەوامکەری رێبازەکەی گۆران.بەڵام ڕەوتەکە لە گۆرانیشدا ناپەنگێتەوە و قۆناغ بە قۆناغ لە بەڕۆژکردندایە. ئەگەر بزاڤی نوێخوازی گوران لە ساپانی ٣٠-١٩٢٠ ی زایینی دا ھەژی،لە شەستەکانیشدا کەپکەپەی نوێخوازی و جۆرێکیتر بوون، مێشک و زەینی چەپکێ شاعێر ئاوس ئەکات.کەپکەپەیەک کە دواتر وەک بانگجاڕی «روانگە» لە دایک دەبێ و پانتایی شێعری کوردی دادەگرێ.بە واتەی شێرکۆ بێکەس، روانگە لە شەستەکاندا و لە منداپدانی شەستەکاندا دەخولقێ. لە سەرەتای حەفتاکاندا لە دایک دەبێ ولە ناوەڕاستی حەفتاکاندا پێ دەگرێ و دەڕواتە ناو جەماوەر .بەیاننامەکەی لە ٢٥/٤/١٩٧٠ زایینی لە لایەن شێرکۆ بێکەس ـ حسێن عارف ـ کاکە مەم بۆتانی ـ جەماڵ شارباژێڕی و جەلالی میرزاکەریم، ئیمزا دەکرێ و ئاوقەی جەماوەر دەکرێتەوە . ئەگەر ئێمە ڕەوتی شیعریی دوای نالی تا سەردەمی ڕوانگە بە نەخشە بکەین، خاڵێکی بەرچاو و بەرجەستە شیاوی خوێندنەوە و سەرنج دەرئەکەوت: نالی ـ پیرەمێرد ـ گۆران ـ شێرکۆبێکەس(ڕوانگە،کفری،ھەولێر) ـ (داکار،پێوەرـ جیاواز،...) ئەبینین کە ڕەوتەکە پەیوەست و زنجیرەییە.بەواتەیەکی¬تر ھەرجۆرە گۆڕانکاریەک بە ئەنقەست و بە ئیرادە و لەسەر شێوازی فام و زانست و بەھرەی تایبەت بووە.ھەرکام لە دەنگەکان، ئەوانەی پێشوو بە پێوەر ئەگرێت و بەسەر بنچینەی ئەوانەوە بەھرە و داھێنان و جیاوازیەکانی خۆی دەئافرێنێ. ئەکەوێتە ناسین و خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندنی بەرھەمەکان و تەنانەت شرۆڤە و باسیشیان لەسەر ئەکات. بۆ نموونە پیرەمێرد باسی داھێنانەکانی نالی و مەولەوی ئەکات.گۆران تاوتوێی ھەوڵەکانی پیرەمێرد و نالی و مەولەوی ئەکات.شێرکۆبێکەسیش باسی ھەرھەموویان ئەکات.کەواتە لە ڕەوتێکی دۆنادۆنی ئەدەبیدا، ڕۆحە گەورەکان، بەتایبەت مەولەوی و نالی،ئەڕژێنەوە نێو جەستەی دەقەکان و بەسەردەمیانە و بەڕۆژ ئەکرێنەوە. ئەمەش مانای بزاڤێکی بەردەوام و زیندوو ئەدات.چوونکوو نوێکاری و بەڕۆژکردنەوەکان ئاماژە بە پێداویستیە زەمەنیەکانی ئەدەبی نەتەوەیی ئەدەن. ئەمەش بانگچڕی پلان و پرۆسەی بەردەوام و زانستیانە ئەکات. بۆ نموونە شێرکۆ بێکەس سەبارەت بە روانگە ئەڵێت:«بەبیروڕای من، ڕوانگەی ئەدەبی کوردی ئێمە ببوینایە و نەبووینایە ئەبوایە لەم قۆناغەی ئێستای میللەتەکەماندا سەری ھەڵبایە یان بتەقایەتەوە. واتە ئەبوو بزووتنەوەیەکی¬تر درووست بوایە ئەگەر ڕوانگەش نەبوایە» . نابێ چاو لەو رێباز و ڕێچکانەش بپۆشین کە بەردەوامی ئەم ڕەوتەیان درێژە بەخەشیوە. لەوانە؛ کفری(لەتیف ھەڵمەت) و ھەولێر(عەباس عەبدۆلڵا یوسف و ئەنوە مەسیفی)و... بەڵام دواتر و بەتایبەت لە حەفتاکانی کۆچی ھەتاویەوە، بزاڤەکە لە باشوورەوە بۆ ڕۆژھەڵات ئەگوازرێتەوە.داکار، وەک بەیاننامەیەک لەلایەن چەند شاعیرێکەوە ئەبێتە بانگەشەی نوێخوازی سەردەمیانە.پرۆژەی «پێوەر ـ جیاواز» کەشفێکی نوێ و سەردەمانە بوو کە زەینی خاوەن زەکا و پەروەردەکراوی رەخنەگر پێی گەیشتوە. یەکەم جار لە لایەن رەخنەگر فەرزاد میرئەحمەدیەوە، پرۆڤە کرا. میرئەحمەدی سەرەڕای ناوبردکردنی دەنگە جیاوازەکان: ( ساپح سووزەنی ـ ئیبراھیم ئەحمەدی نیا ـ رەووف مەحموودپوور ـ بێھزاد کوردستانی ـ یوونس رەزایی و رەزا عەلیپوور)، رەخنە و شیکاریشی لە سەر دەقی شێعریی ئەوانی دەسپێکرد. تەنانەت پاش خستنە بەر رەخنەی زۆرێک لە دەقەکان و ھاوکات لە گەپ یەکەمین سمینار کە بۆ شیکاری لە سەر ئەو پرۆژەیە، کە لە خەرمانانی ١٣٨١ کۆچی ھەتاوی لە مەریوان بەسترا، لە «شرۆڤەدا» ، (وەک یەکەم مانیفستی ئەو پرۆژەیە)، تایبەتیەکانی شێعری جیاواز ھاتنە پۆلێن کردن. ئەم پرۆژەیە بە پێچەوانەی روانگە و کفری و ھەولێر و داکار، لە لایەن رەخنەگرەوە ھاتە داھێنان. ئەوانی دیکە، لە لایەن خودی شاعێرانەوە جاڕیان بۆ ئەدرا. کەچی «پێوەر ـ جیاواز» شرۆڤە کردنی رەخنەگرانە بوو کە لە لایەن رەخنەگرەوە، لە سەر دەقە ناھاوچەشنەکان ھاتە وتار. لەخاڵە بەرجەستەکانی پرۆژەکە ئەوە بوو کە شاعیرانی ئەم پۆلێنە نەک تەنیا لە ئاست رەوتی ئەدەبی پێش خۆیان،بەڵکوو دەقەکانیان لەئاست یەکتریش جیاواز نرخێنرابوون. ئەمە لە حاڵیکدایە کە ئەدەبی کوردی لقی سۆرانی، لە ژانرەکانی دیکەی ئەدەبیشدا گەشەی کرد و پەرەی سەند. لە ژانرەکانی؛ چیرۆک و رۆمان، شانۆ، ڕەخنە و... ئەم ڕەوتە ھەنووکەش بەردەوامە و بەشێوازی سەردەمیانە لەبزاڤدایە. ڕەوتی پاش مەولەوی بەپێچەوانەی ڕەوتی ئەدەبی کوردی لقی کرمانجی باشور(سۆرانی)، شیعری کوردی لە لقی ھەورامیدا، وێڕای پێشینەی باش، دووچاری داتەپین ھات و پاش مەولەوی و سەیدی، ئیدی پووکایەوە.( ئەڵبەت نابێ نکوولی لەوە بکەین کە بە پێی ئەو دەقانەی لەبەردەست¬دان، شیعری کوردی ھەورامی لە چاو شیعری گەلانی دیکەی ئێرانی، بەتایبەت شیعری فارسیی، لەئاستێکی نزمتردا بووگە. شیعری فارسی ھەر لە دەسپێکەوە بە گۆژم بووە و زۆر دەنگی شاز و ھەرەمەزنی پەروەردە کردوە. ھەر لە روودەکی و فیردەوسیەوە بکرە تا مەولەوی رۆمی و عەتار و نیزامی و سەعدی و حافیز. تەناتەت ئەوان لە سەدەی چوارەمی کۆچیدا خاوەن بەرھەمی ڕەخنەیی(چوار وتاری عەرووزی ـ چھار مقالە عەرووزی بووگن) . ئەو بەرھەمانەی پاش مەولەوی دەرکەوتوون، تەنانەت لە ئەژماردنێکی چەندایەتیشدا بەقەد پەنجەکانی دەست نابن. بەچاوپۆشین لەوەی کە لەبواری چۆنایەتیەوە تەنانەت ناگەنە ئاستی بەرھەمەکانی سەیدی و مەولەوی و بگرە نەشکرێت بە درێژەدەری ئەو ڕەوتە دابنرێن. بۆ نموونە سەیری دەفتەرە چاپکراوەکانی «سەوزەی کۆساڵان» و «دیوانی بێوەی» بکەن. لەو دۆنیا تاریک و وەستاوەدا و لە ھەڕەتی گیانەڵانی شیعری ئەو شێوازەدا، لە ھەشتاکانی زانیینیدا، دوو پارچە شیعری مامۆستا عوسمان محەمەد ھەورامی بڵاو ئەکرێنەوە. «گۆرانیە نەمرەکاما ماچمێ» کە لە ژمارە ٧ی گۆڤاری نووسەری کورد، ساڵی ١٩٨١زایینی و « وەشەویسیما جە گەردوونی فراوانتەرا» لە ھەمان گۆڤار و ساڵی ١٩٨٣زایینی. ھەرچەند ئەم دەقانە ترووسکەیەکن بەڵام بەردەوام نابن و ناگەنە ئاستی دەفتەرە شیعر. ناتەننەوە و بەڕێباز ناکرێن. ھەربۆیە دەنگی شاعیر غەریب ئەمێنی. بگرە لەلایەن بەردەنگی ئەوسەردەمەشەوە باوەشی ئاوەڵایان بۆ نەکرابێتەوە. ھەرچەند ئەم ھەوڵە لەژێر کاریگەری خەستی دەقەکانی مامۆستا گۆراندایە و بە بێ چاوپۆشین لە کێش و سەروا، ھەندێ ئاڵ و گۆڕیان پێوە دیارە.سرۆشت ویستی و ھەستی سرۆشتمەدار بەسیما و ناواخنی شیعرەکانەوە خەستە. وێڕای ئەوەش، پێموایە ئەگەر ئەم ھەنگاوەی شاعیر بەردەوام بوایە و دیترانیش بیانقۆستایەتەوە و بە ھەندیان وەربگرتایە، ئێستا شیعری بەڕۆژی ھەورامیش لە دۆخێکی دیکەدا ئەبوو. تەنانەت پاش چەند دەساڵ، ھێشتا بینەری کاریگەری ئەو شێوازە بە شیعری ھەورامیەکانی باشوورەوە نین. کەواتە ئەکرێ بە کورتی بێژین بە پێچەوانەی ڕەوتی ئەدەبیی پاش نالی کە بەردەوام لە گەشە و بەڕۆژبوونەوەدا بوو، ڕەوتی پاش مەولەوی بەرەو وێرانی و داتەپەین و قەیران بوو. دیارە ئەمەش خۆڕسک نیە و ھۆکاری تایبەتی خۆی ھەیە. ھۆکارەکانی ئەم قەیرانە لە ڕووماڵێکی تاریخیدا ئەتوانین ھەندێ لە ھۆکارەکانی قەیرانی شیعری کوردی لقی ھەورامی پاش مەولەوی بەم شێوەیە پۆلێن بکەین: ُ٠ بەر لە ھەموو شتێک ئەبێ چاو لەو ڕاستیە نەنووقێنین کە ھەر ھەڵکشانێک دابەزینێکی ھەیە. بەتایبەت ئەم دۆخە لە ڕەوتی ئەدەبی گەلانی دەراوسێشدا دیارە. بە واتایەکیتر ئەو شتەی کە پێی دەوترێ«حەزیز». بۆ نموونە؛ شێوازی ھیندی لە شیعری فارسیدا بە شاعیرانێکی وەک «کەلیم و سائێب» ئەگاتە لووتکە. یان شێوازی ئێراقیب به «سەعدی و حافیز و مەولانا»وە ئەگاتە لووتکە. کەواتە ئەبێ ئاساییش بێت ئەگەر ئەدەبی کوردییش لە شێوازی ھەورامیدا بە مەولەوی بگاتە لووتکە. ھەرچەند باسکە بەمەوە ناوەستێ و لەم بابەتەدا خاڵی دیکە بەرجەستە و شیاوی شرۆڤەن. وێڕای ئەو دەنگانە، کپی و مەرگەساتێک بەسەر ئەم ڕەوتەدا زاڵ ئەبێت. ٠ ئاڵ و گۆڕ لە دۆخی کۆمەڵایەتی ناوچەکە. کە ئەتوانێت رۆڵێکی بەرچاوی ھەبێت. ٠ گوازرانەوەی ناوەندی ئەدەبی لە حۆجرە و خانەقاکانەوە بۆ قۆتابخانە و زانستگاکان کە ئەوانیش لە شارن و شارەگەورەکانی کوردیش بە تایبەت لە باشوور لە ناوچەی سۆرانی نشینن. ٠ بەفەرمی بوونی خوێندن و پەروەردە بەسۆرانی لە باشووری کوردستان. ٠ کرنگتر لەھەموان، کەمتەرخەمی شاعیران یان ئەو کەسانەی کە ئەیانتوانی ببنە شاعیر و ھەوڵنەدانیان بۆ بەڕۆژ بوون و بەرز کردنەوەی ئاستی زانستی خۆیان وەک تاکی بە بەھرە. ٠ نەبوونی ڕەخنە لە دەڤەر و چەپڵە لێدان بۆ ھەردەنگێنی خۆبەشاعیرزان. ٠ نەبوونی داڵدەدەر و ھاندەر، بەواتایەکی دیکە بەشیکی ھەرەگەورەی ئەم دۆخە بۆ کۆمەڵگا و بەردەنگ ئەگەڕێتەوە. شرۆڤە و بەدواداچوونی ژیانی کولەمەرگیی ھەندێ لە شاعیران، ئەو ڕاستیەمان لا بەرجەستەتر ئەکات. ٠ سێبەری خەستی شێوە زاری مەولەوی و ترسی بەھرەکان بۆ دەربازبوون و پساندنی ئەو ھەژموونیە. و.... ترووسکەی گەشانەوه‌ بەڵام لە حەفتاکانی کۆچی ـ مانگیەوە، ئەو تاریکستانە شەق ئەبات و چەند دەنگێک ئەبریکێنەوە. لەوانە؛ جەلیل عەباسی، کولسووم عوسمانپوور و من کە لە دەڤەری مەریوان، دەقەکانمان لە سروە و چاپەمەنیەکانی دیکە بڵاو ئەکرایەوە. ئەگەر ئێمە لەو دۆخەشدا چاپەمەنیەکانی ئەودەم بە پێوەر بگرین، ئەوا بۆمان ھەیە لەسەر وەھا ڕوانگەیەک تۆختر بین. بەتایبەت بە کەوتنەبەردەستی یەکەم دەفتەرە شیعر لە شیعری نوێی ھەورامیدا «زەڕنەو ئاسۆی» و دوابەدوای ئەو دووھەم دەفتەرە شیعر«ھۆرپڕای گەچ و تەختەی» و له‌م دوایانه‌شدا «هه‌سارێوه‌ وه‌رم زڕیا» گۆمەکە بە یەکجاری دەھەژێت . ھەندێ لەو بەڕێزانە لە دەفتەری شیعرە سۆرانیەکانیاندا چەند دەقێکی ھەورامیشیان بڵاو کردوەتە. بۆ نموونە کولسووم عوسمانپوور لە دەفتەرە شیعری «گرێ» دا.لەم ساڵانەشدا پۆلێک لاوی بەھەست لە پاوە و سنە و مەریوان، دەپەرژێنە سەر ئەو ڕەوتە و ھەنووکەش بەردەوامە. بەتایبەت کە «زەڕنەو ئاسۆی»و«ھۆرپڕای گەچ و تەختەی» و لەلایەن خوێنەرانی جیدی و ڕەخنەگرانەوە کەوتنە بەر خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندن. ئیدی دەرکەوت کە ڕەوتی ئەدەبی ھەورامیش خاوەنی بەھرەی ڕەخنەیی بەھێز و خۆماندووکەرە و ھەبوونی دەقی جیدی ئەتوانێ ئەو بەھرەیەش بەڕەوت بکات و بەپێچەوانەشەوە . دۆخی ھەنووکە لە دۆخی ھەنووکەشدا تا (تا ئەو ئاستەی من ئاگاداری بەرھەمەکان بم) ھەندێ دەنگی شیعریی لەسەر ڕەوتن کە ئەگەر ھەوڵ و تێکۆشان و ماندوونەناسیان بەردەوام بێت، دڵنیام داھاتووی شیعری کوردی لقی ھەورامی بەرەو گەشە و نوێ بوونەوەی بەردەوام ھەنگاو ئەنێت. لەو دەنگانە: نامق ھەورامی، پەرویز بابایی،سورەیا زارعی، ئەحسەن ڕەشیدی، شنۆ ڕەحیمی، موختار بابایی،داوود غەفاری و... ئەڵبەت ئەم دۆخەش شیاوی خوێندنەوەی تایبەتە و ھەڵگری ئاستەکانی ئەرێنی و بەخەساریشە.بەتایبەت ئەکرێ بە ڕوانگەیەکی خەسارشناسانەوە، شرۆڤە و ھەڵپرژێواندنی لەسەر بکرێت. (ئەم رەھەندە لە وتارێکی سەربەخۆدا سەرنجی خراوەتە سەر و لە داھاتوویەکی نیزیکدا ئەکەوێتە بەردەستی ھۆگران). سەرچاوەکان: سەرچاوەی کوردی: ١ـ حەمە حەمەئەمین قادرـکاکەی فەلاح ـ/کاروانی شیعری نوێی کوردی/بەغداد ١٩٨٠ ز ٢ـ حەمەسەعید حەمەکەریم/دیداری شیعری کلاسیکی کوردی/ بەغداد ١٩٨٦ز ٣ـ شادمان قادر حسن/ بزووتنەوەی ڕوانگە و شیعرسازی کوردی/دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم/سلێمانی ٢٠٠١ز ٤ـ میھرەجانی مەولەوی/کتێبی ژمارە١ی گۆڤاری رۆشنبیری نوێ/بەغداد ١٩٨٩ز ٥ـ مەھیندۆخت کوردۆستانی/ دیوانی مەولانا خالید نەقشبەندی/انتشاراتی پاژەنگ/١٣٦٨ک.ە ٦ـ ڕەووف مەحموودپوور/ زەڕنەو ئاسۆی/ مریوان ١٣٨١ک.ە ٧ـ عوسمان محەمەد ھەورامی/دیوانی سەیدی ھەورامی/ سلێمانی ١٩٧٠ز ٨ـ ڕەووف مەحموودپوور/خێزگەی سەیدی و خەرمانەی ئەدەب/ چاپی یەکەم مەڵبەدی رۆشنبیری ھەورامان/ سلێمانی ـ چاپی دووھەم: انتشارات نشر احسان/تاران/٢٠٠٨ز ٩ـ ڕەووف مەحموودپوور /ھۆپڕای گەچ و تەختەی/مریوان١٣٨٣ک.ە ١٠ـ دیوانی پیرشالیاری زەردەشتی ـ مەلا محەمەد کوڕی مەلا ساحیبی تەوێپە ١١ـ دیوانی قانع، کۆ کردنەوەی : بورھان قانع، چاپی چوارەم ٢٠٠١ زایینی ١٢ـ خوسرەوو شیرینی خانای قۆبادی، کۆکردنەوە و لەچاپدانی مورادی ئۆرەنگ ١٣ـ دیوانی مەولەوی تاوەگۆزی، کۆکردنەوە و لێکدانەوەی مەلا عەبدولکەریم مودەریس ١٤ــ دیوانی مەلا ھەسەنی دزڵی، کۆکردنەوە و لەچاپدانی ئەحمەد نەزیری ١٥ــ حەمەڕەشید ئەمینی/ شانامەی کوردی/ ئەڵماس خانی کەنوولەیی/ سلێمانی ٢٠١١ز ١٦ـ مەلاعەبدولکەریم مودەەڕیس/دیوانی مەحوی/انتشارات کردستان/سنە١٣٧٩ک.ە ١٧ـدیوانی بێسارانی ، کۆکردنەوەی کەیۆمەرس نیک‌رەفتار ١٨ـ عوسمانپوور کولسووم/گرێ/ سنە ١٣٨٢ک.ە ١٩ــ ئۆمێد ئاشنا / پیرەمێرد و پێداچوونەوەیەکی نوێی ژیان و بەرھەمەکانی/دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس/ھەولێر٢٠٠١ ٢٠ــ دیوانی مستەبابەگی ساحیپقڕان( کوردی)چاپی یەکەم ١٣٨٧ ٢١ــ دیوانی رەنجوری، حەمە عەلی قەرەداغی ٢٢ـ دیوانی فەقێ قادری ھەمەوەند ٢٣ـ دیوانی حاجی‌قادری کۆیی ٢٤ـ دیوانی حەمدی‌بەگی ساحێبقڕان ٢٥ـ دیوانی میرزا عەبدولقادری پاوەیی ٢٦ـ دیوانی فەقێ قادری ھەمەوەند ٢٧ـ دیوانی سالم ٢٨ـ گۆڤاری سروە ژمارە٢٢٨ ٢٩ـ شرۆڤە/ بولتەنی سیمیناری شیعری پێوەرـجیاواز/مریوان سەرچاوەی فارسی ١ـ د.سیروس شمیسا/سیر غزل در شعر فارسی/انتشارات فردوس/چاپ پنجم/تھران ١٣٧٦ک.ە ٢ـ د.محمد دبیر سیاقی/ پیشاھنگان شعر پارسی/چاپ سوم/ تھران ١٣٧٠ ٣ــ ادبیات نوین ترکیە، ترجمە و تدوین: یعقوب آژند ـ چاپ اول ١٣٦٤ ئەو سەرچاوانەی کە بۆ ئەم وتارە بە جۆرێک کەڵکم لێ¬وەرگرتوون: سەرچاوەی کوردی: ١ـ سدیق بۆرەکەیی/ مێژووی وێژەی کوردی، بەرگی یەک و دوو، انتشارات ناجی /بانە١٣٧٠ ک.ە ٢ـ ئەیوب رۆستەم/ ھەورامان، لێکوڵینەوەیەکی مێژوویی ـ کولتووری/ مەڵبەندی رۆشنبیریی ھەورامان/ سلیمانی /٢٠٠٨ میلادی ٣ـشاھنامە ی کوردی، مێگفی محمود گورانی، چاپ١٣٨٣ ٥ـ د.مارف خەزنەدار/مێژووی ئەدەبی کوردی/ بەرگی یەکەم و دووھەم/دەزگای ئاراس/ھەولێر ٨ـدوکتور مارف خەزنەدار /لەبابەت مێژووی ئەدەبی کوردی/بەغداد ١٩٨٤ز ٩ـ رێبازی رۆمانتیک لە ئەدەبی کوردیدا، خورشید رەشید ئەحمەد ١٠ـ مێژووی ئەدەبی کوردی عەلائەدین سەجادی ١١ـ دیوانەگەورە/کۆکردنەوە و ئامادەکردنی سید محەمەد حسینی/ئینمشاراتی باخی نەی ١٣٨٢ک.ە سەرچاوەی فارسی ١ـ تاریخ ھورامان، تدوین و گردآوری مزه‌فه‌ربھمن سلتانی ھورامی، براساس گزارش تاریخ ھورامان ملاعبداللە متخلس بە شیدا. مقدمە و تسحیح و تعلیقات دکتر نادر کریمیان سردشتی، نشر احسان ، چاپ اول١٣٨٦ ٢ـ بابامردوخ روحانی/تاریخ مشاھیر کرد/جلد اول و دوم/انتشارات سروش تھران١٣٦٦ ٣ـ محمدعلی سلتانی/حدیقە سلتانی/جلدھای اول و دوم/انتشارات چلاح الدین ایوبی/١٣٦٩ ٤ـ تاریخ کرد و کردستان و توابع، آیەاللە مردوخ کردستانی، چاپ سوم / انتشارات غریقی/ سنندج ١٣٥١ ٥ـ نزامی عروزی سمرقندی/چھارمقالە/ تسحیح علامە محمد قزوینی/ چاپ اول ١٣٧٢ە.ش
11224 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌       |     Friday, January 1, 2016
زیاتر
فه‌لسه‌فه‌ی ئێگزیستانسیالیزم،
ئومێد موقەدەس
عیشق له‌ كتێبی (بوون و نه‌بوون)ی ژان پۆڵ سارته‌ردا
رزگار عه‌لی
چەمکى زمان لەنێوان سیستم و جیاوازیدا
عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا-هه‌ولێر
چیبکرێ تاوا لە پارتی بکرێ ببێ بە پارتێکی سیاسی مرۆڤدۆست؟
ئازاد حمە
ئاین ودەوڵەت
خۆشناو مەریوانی
شكست هێنانی ئه‌مریكا
له‌(ئه‌فسانه‌ی جه‌نگی دژه‌ تیرۆردا)!
یاسین له‌تیف
خوێندنەوەیەکی شیکاریی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە ئەدەبی ئیسلامیی
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
بێدەنگی هەولێر: تەنگژەی شوناسی هەولێریی
شێرکۆ کرمانج
ئایا خودا بونی هه‌یه‌ ؟
مه‌حمود عه‌بدوڵا
گێڕانەوەی ئەنفال وەکوو کارەساتێکی پارتیکولار
چەند سەرنجێک لەسەر کۆمەڵەچیرۆکی
"جەستەیەکی خۆڵاوی بەسەر قاڵیچەی سولەیمانەوە"
محەمەد محەمەدمرادی
بزوتنەوەی ئیسلامی و دوو ملیۆن ڕیالی حەڵاڵ
ئاسۆ کمال
ئایدیای زمان/ ئایدیای شانۆ
چەند خاڵی سەرەتایی و مانیفێستۆیی
ئەمین کەرەمی و هاوڕێ یووسفی
پیتەکانی پێش هەندێک لە سورەتەکانی قورئان
تاهیر رەحیم
مەعریفەی ئیگزیستانسیالیزم و کۆمەڵگەی باشوری کوردستان
ئه‌فشین غولامی
توماس هۆبز
رامین جەهانبەگلوو
و: عەتا جەماڵی
زمانی کوردی و پێوه‌ندی به‌ناسنامه‌ی کورده‌وه‌
محه‌مه‌د که‌ریمی
بە تەوزیف بوونی دیاردەکان !
هاورێ نەهرۆ
ئه‌ده‌بی پۆست مۆدێڕن، زه‌رووره‌تێکی ناوه‌خت
حه مه ی که ریمی
مــرۆڤــ و تــێكنۆلۆژی، كــامیان بــەسەرە كــامـیـانــدا زاڵــە؟
رێبوار حسێنی
سواره‌ له‌ نێوان دوو ئه‌زموون و دوو شێوه‌ ژیانی جیاوازدا
ئه‌مجه‌د غوڵامی
ناوچه‌ تاریکه‌کانی تیرۆریزم
ئالن به‌دیۆ و فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌می فه‌رانسه‌
نووسین و کۆکردنه‌وه‌ی ده‌ق: جه‌واد گه‌نجی
وه‌رگێڕانی له‌ فارسییه‌وه‌: حه‌مه‌ی که‌ریمی
له‌شکرکێشی تورکیاو پێوست بوونی هاوپه‌یمانیه‌کی نوێ؟!
سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه‌
هەنگاوەكانی پێش ئاشتی لە توركیا
حەبیب محەمەد دەروێش
ڕۆشنبیر، ماناکانی دیکەی سیاسەت و تاوانی ئایدۆلۆژیا
فەرهاد بهێشتی
نەبوونی بنەمای زانستی و بەرپرسیارێتیی یاسایی و نەریتی
لە توێژینەوەیەكی (د.عیزەت فەتاح حەمەساڵح)دا
بوار نوورەدین
ئیدەی کەلاوە
مەنسوور تەیفووری
شوناسی پوپولیزم
هاوڕێ نەهرۆ
بەرەو تورکیا یان ئێران؟ ...
تاهیر رەحیم
قانع و کێشەی نەتەوایەتی
ئیبراهیم ئیسماعیل پوور
ژمارەی نوێی گۆڤاری کۆچ بڵاودەبێتەوە
داهاتویێک پاش کاپیتالیزمیش هەیە
لە سویدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی
ئایا داعش بە پلانی ئەمریکا هاتووەتە ناوچەکە؟
ئیحسان فەتاح
نیچە روخساری دژ، بەڵام قوڵ
فەڕۆخ نێعمەتپوور
پێكەنین وەك چارەسەر لای هێرمان هێسە
بەفراو نوری
روانینی سلۆتەردایك بۆ بنەما فەلسەفییەكانی دێریدا
لەكتێبی (دێریدای مسری) وەرگێڕانی بەكرعەلی
رانانی: د. تریفە عمر
وێنه‌ و حه‌قیقه‌ت...
ئومێد حه‌مه‌عه‌لی
ترپەی دڵ‌و ئاوازی وشە
ئیسماعل فەرەج
وه‌سفی كه‌سایه‌تی دیكتاتۆر
به‌ختیار محه‌مه‌د
دوای هێرشی داعش ، پێویسته‌ ، چی بكه‌ین؟نوسینی:
ئومێد قەرەداغی
پێكدادانی كورد و توركمان
له‌ كه‌‌‌ركوك و ناوچه‌كانی تر له‌ خزمه‌‌تی كێدایه‌؟!
نجم الدین فارس حسن
ژاك دوریدا بۆ ژیل دولوز
ئەبوبەکر جاف
شیکارییەک لە سەر ئازادکردنەوەی شنگاڵ
جیهاد موحەمەد
ئابوری میلیشیایی
دکتۆر محەمەد گەناویی
ئەفسانەی ژێردەستەیی ژنان
ئیڤلین ڕید
وەرگێڕان: نەسیبە بارانی
ئوستورەی ڕێفۆڕم و ژوورنالیزمی سۆفیستانە
نووسەر: پەیمان عەلیپوور
ڕۆشنبیر، ماناکانی دیکەی سیاسەت و تاوانی ئایدۆلۆژیا
فەرهاد بهێشتی
ئیدۆلۆژی، فەلسەفەیە یان وەهم؟
رەسوڵ سێلەکە
وەڵاتێک لە ژان ...
ئەمجەد شاکەلی
ئیستاتیكای (جوانی) سیاسەت
محمدامین گەناوی
رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش..
خوێندنەوەییەكی سۆسیۆمێژوویی
ئیبراهیم حاجی زەڵمی
لە سەلەفییەتی دەقەوە بۆ سەلەفییەتی جیهادی
حەبیب محەممەد دەروێش
لە بارەی داعش و بونیادگەرایییەوە
ئایندەی سەلەفیگەری پەڕگیر
ن. سەید سادق حەقیقەت
و. هەڵكەوت هەورامی
رات چییه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م سایته‌؟



ژماره   بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
govari koch| All rights reserved © 2010