نالی شاعیری شاعیرەکان کەژاڵ ئەحمەد
هەندێ لە شاعیرانی کورد لە قۆناغێ لە قۆناغەکانی ئەدەبی کوردیدا توانیویانە شاعیری خەڵکی وڵاتەکەیان بن یان هەندێجار شاعیرێکی ئێمە توانیویەتی ببێتە کوڕی یان کچی لەسەردەمەکەی خۆی زیاتریش.. واتە شاعیری هەموو قۆناغەکانی ئەدەبی کوردی بووە کە ئەمەیان باشترین پێناسەی داهێنەرانەیە؛ ئەمڕۆ کە خوازیارم بابەتێکی شایستە بە ئەم لوتکە سەرکەشەی ئەدەبی کوردی (نالی) پێشەکەش بە خوێنەران بکەم، نامەوێت هەمان قسەو پەیڤی دووبارەو هەزار بارە بکەمەوە کە نالی شاعیری زۆر قۆناغ و ئەم قۆناغ و سەردەماشمانە، بەڵکو دەمەوێت لایەنێک کە تا ئیستا ئاماژەی پێنەدراوە تیشکی بخەمەسەر ئەویش ئەوەیە نالی وێڕای ئەو خەسڵەتە خاوەنی خەسڵەتێکی ناوازەی تریشە لەناو ئەدەبی کوردیدا ئەویش ئەوەیە کە نالی شاعیر نەک تەنیا هەر خەڵکی بەڵکو شاعیری شاعیرەکانیشە، ئەوەتا عەشقی ئەو بۆ خاک و خۆڵ و بۆ حەبیبە بۆتە ئەو داستان و ئەفسانەو چیرۆکانەی کە زۆرێل لە شاعیرانی سەردەمە جیاوازەکان بەشێوازی خۆیان و لە ناودەقەکانیاندا ڕەنگیداوەتەوە.
ئەگەر بەدوای نموونەکانی ئەم لایەنەدا بگەڕێین لە شیعری شاعیراندا و بمانەوێ ناوهێنانی نالی لە دەقە جوانەکاندا کۆبکەینەوە پێموایە ژمارەی پێوانەیی دەشکێنێت چونکە واسەیری نالی دەکرێت کە ژیانێکی زۆر شاعیرانەو عاشقانە و نامورادانە ژیاوە.
یەکێ لەو شاکارانەی بەشێوازێکی جوان ڕۆحی نالی دواندووە قەسیدەی (دەربەندی پەپوولە)ی مامۆستا شێرکۆ بێکەسە..
هەر ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی زۆرترین ڕەخنەی ئەدەبی و لێکدانەوە لەئەزموونی ئەم شاعیرە گەورەیە هەبێ و تەنانەت زۆرترین نازناویشی پێ ببڕێت. ژیان و شیعری نالی بۆ هونەرمەندانیش جێگای سەرنج بووە و ئەم گرنگیپێدانە بە تەنیا شاعیرانی نەگرتۆتەوە..
کەلەم بوارەدا (نالی خەونێکی ئەرخەوانی)یە کە مامۆستا ئەحمەد سالار لە شانۆیەکی ئاست بەرزدا لە هەشتاکاندا پێشکەشی شەیدایانی جیهانە جوانەکەی نالی کرد.
نالی ئەو شاعیرەیە کە بەشێوازێکی قوڵ ڕۆچۆتە ناو ژیان و یادەوەریمانەوە ئەوەتا (پارکی نالی) لەسلێمانی کە ژوانگەیەکە بۆ هاوڕێی و دۆست و دڵداران باشترین گەواهیدەری ئەم خۆشەویستیەن بۆ شاعیرێک کە لە سەردەم و زەمانی ئەو جیاوازبووە لە ئەمڕۆی ئێمە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەو زیاتر لەمانەشدا نالی لەو باوەڕەدام تا چەندین ساڵی دیکەش کەرەستەیەکی خۆشەویست دەبێت بۆ ئەو وێنەو فیگەرانەی شاعیران حەزدەکەن لەدنیای بەرهەمە شیعریەکانیاندا هەبێت لە کۆتایشدا دوو نمونە لە بەرهەمی خۆم لێرەدا وەک دوو چەپکە گوڵ دەخەمە سەر گۆڕی ئەو نازدارە ئازیزە کە ناتوانم تەواوی شیعرەکانی لێرەدا بنووسم بۆیە چەند دێڕێکی کەمیان لێ دەنووسم کە شیعرێکیان ساڵی ١٩٩٨ نووسراوەو ئەویتریان ساڵی ٢٠٠٥ لە ئەستانبوڵ نووسراوە. لە یەکەمیاندا دەڵێم
یاری من
بێستونی بۆ کون نەکردم
بیابانیشی نەداوە لە پێوە
لە ئەستانبوڵەوە شیعری
بۆ چاوی من نەنووسیوە
بەر لەچاوی نیشتمان
لەبەرئەوەی فەرهادە، نە نالییە، نەمەجنون
شیعری دووەمیان بەناوی (لە دەنگتا بمنێژە) تیایدا بەم دێڕانە دەستم پێکردووە:
بۆندێ، بۆنی خۆشی نالی
لەسنگ و بەرۆکی واڵای غەریبان
لەشەپۆلی قژی بسفۆڕ
لە دیواری پەراپاڵاس
لە دەنگی مۆسیقایش
کە وا باوە لە ئەمناوە لەبری منداڵ
نۆتەی ئاواز یاری بکات لە کۆڵان
|
7075
جار خوێندراوهتهوه |
Friday, March 10, 2017
|
|
|