لێكەوتە ئابوورییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئەكیرا كاوامۆتۆ
لە دوای ئەوەی بۆ یەكەم جار دەركەوتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كانوونی یەكەمدا، لە شاری وهانی چینەوە ڕاگەیەندرا، ژمارەی توشبووان بەو ڤایرۆسە لە گشت جیهاندا گەیشتە 44 هەزار كەس، تا ئێستاش 1100 كەسیان مردوون. ڤایرۆسەكە بە سەراپای ئاسیادا بڵاو بووەتەوە –بە ژاپۆن، كۆریای باشوور، سەنگافورا، تایلاند، ڤێتنامە و مالیزیاوە- لە ئەورووپا و ئەمەریكای باكووریش بڵاو بووەتەوە.
بۆیە لێرەدا پێویستە ڕادەی كوشندەیی ئەو ڤایرۆسە نوێیە بزانین. لە ڕاستیدا ئاستی مەترسیی پەتای كۆرۆنا، كەمترە لە چاو پەتای (سارس)دا، كە لە ساڵانی 2002-2003 بڵاو بووەوە، چونكە لەگەڵ ئەوەی كۆرۆنا ژمارەیەكی زۆری كردووەتە قوربانی، بەڵام سارس زۆر لەو ژمارەیە زیاتری كوشت، ئەو كات نزیكەی 10%ی تووشبووانی گیانیان لە دەست دا، كە لە جیهاندا ژمارەیان گەیشتە 8096 كەس.
لەگەڵ ئەمەشدا لە 23ی كانوونی دووەمدا، حكومەتی چین داخستنی شاری وهانی ڕاگەیاند، كە ژمارەی دنیشتووانی 11 ملیۆن كەسە، لەو كاتە بەرەودوا ژمارەی ئەو شارانەی گەمارۆی تەندروستییان خراوەتە سەر گەیشتوونەتە 16 شار، كە ڕەنگە شاری دیكەشی بێتەسەر.
لە ڕاستیدا گەمارۆی تەندروستی و ڕێكارەكانی دیكەی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەكە، ئابووریی چین پەك دەخات، كاریگەریی بەسەر ناوچەی دیكەی ئاسیاشەوە دەبێت. بۆ نموونە، خودی وهان پایتەختی ناوچەی هوبییە، كە یەكێكە لە سەنتەرە پیشەسازییەكانی چین، گەورە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی، وەك هۆندا و نیسان، لەگەڵ كێبڕكێكارە ئەورووپییەكانیاندا لەوێ لقیان هەیە، هەروەها بەرهەمهێنەرانی پارچەی ئۆتۆمبێل و پارچەی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان و بەرهەمە پیشەسازییەكان لەو ناوچەیە بنكەی بەرهەمهێنانیان هەیە. بەڵام لەبەر ئەوەی دوای پشووی سەری ساڵی چینی كارمەندەكانیان نەیانتوانی بگەڕێنەوە، زۆرێك لەو كارگە و كۆمپانیایانە بەرهەمهێنانیان ڕاگرت.
ئەم زنجیرەیە لە داخستنی كارگەكان، شۆكێكی گەورەی لای كۆمپانیا جیهانییە هاوردەكارەكان لە گشت ئاسیادا درووست كرد. بە پێی ڕێژەی هەناردەكانیشی بێت بۆ وڵاتی چین و هۆنگ كۆنگ، پێدەچێت تایوان گەورەترین زەرەرمەند بێت، دواتر ڤێتنام، مالیزیا و كۆریای باشوور. هەروەها خاوەن كارە هەرێمییەكان شۆكێكی دیكەشیان تووش دەبێت، چونكە زۆرێك لە كارمەندە چینییەكانی ژاپۆن و ناوچەكانی دیكەی ئاسیا، لە دوای دەركەوتنی ڤایرۆسەكە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ سەر كارەكانیان. هاوكات بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هەناردەی بەرهەمە چینییەكان بۆ ژاپۆن پەك دەخات، بە تایبەت خواردەمەنی و جلوبەرگ. هەموو ئەم فاكتەرانە كورتهێنان لە دەرامەتدا درووست دەكات، دواتریش دەبێتەی هۆی لاوازبوونی گەشەی ئابووریی هاوبەشە بازرگانییەكانی چین.
هەروەها ئەو پەتایە دەبێتە هۆی داكشانێكی گەورەش لە ڕێژەی بەكاربەردا، بە تایبەت دوای ئەوەی گەشتیارە چینییەكان سەرچاوەیەكی گەورەی داهاتی كەرتی گەشتوگوزاری چەندین وڵات بوون. بەڵام ئێستا ژمارەی گەشتیارانی چین زۆر پاشەكشەی كردووە، چونكە حكومەتی ئەو وڵاتە ڕێگە بە هاووڵاتییانی نادات، بە گرووپ گەشت بۆ دەرەوەی وڵات بكەن، چەندین وڵاتیش لە جیهاندا هاووڵاتیی چینی وەرناگرن. بە پێی ڕێژەی خەرجیی گەشتیارە چینییەكان لە تێكڕای داهاتی نەتەوەییدا، پێدەچێت ناوچەكانی وەك، تایلاند، ڤێتنام و سەنگافورا زۆرترین زیانیان پێ بگات. لە دۆخی زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكەشدا، ژاپۆن بە تایبەت هەست بە مەترسی دەكات، چونكە وا بڕیارە یارییە ئۆڵۆمپییە هاوینییەكان لە 24ی تەمموزدا، لە تۆكیۆ دەست پێ بكات.
ئەگەرچی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە نەگەیشتووەتە لوتكە، بەڵام چین دەتوانێت لە ڕێگەی ڕێكارە هاندەرانەكانەوە، شۆكی دابەزینی خواستی ئابووری كەم بكاتەوە، وەك ئەو ڕێكارەی لە 2ی شوباتدا، بانگی گەلی چین ڕایگەیاند، بۆیە دەبێت حكومەت و بانكە ناوەندییەكانی دیكەش لە ناوچەكەدا، لە كاتی پێویستدا ئەو جۆرە ڕێكارانە بگرنە بەر. هەروەها كۆمپانیاكان دەتوانن شوێنگرەوە بۆ سەرچاوە هاوردەكارە پەككەوتووەكان بدۆزنەوە، زیاتریش پشت بە بەكاربردن لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە ببەستن، بەم شێوەیە ڕەنگە هەندێكیش لەو گۆڕانكارییانە ببنە هەمیشەیی.
لەگەڵ ئەوەی ڕادەی خێرایی پەرەسەندنی پێكوتەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕوون نییە، بەڵام بە گشتی ماوەی ئەو قەیرانەی ئێستا، لەسەر دوو فاكتەری سەرەكی بەندە؛ یەكەم: توانا و وادەی جڵەوگیریی دۆخەكە لە لایەن چینەوە. هەرچەندە لەگەڵ بەردەوامیی زیادبوونی ژمارەی قوربانیانی پەتاكەدا، گرانە ئەو وادەیە دیاری بكرێت، بەڵام ئاشكرایە لەگەڵ بەردەوامیی گەمارۆدانی تەندروستی بۆ سەر شارەكانی دیكەی ئەو وڵاتە، قەیرانە ئابوورییەكە زیاتر تووند دەبێت.
فاكتەری دووەم: توانای وڵاتانی دیكەیە لە وەستاندنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكەدا. هەندێك لە شارەزایانی بواری پزیشكی لە ژاپۆن دەڵێن، ژمارەیەكی گەورە لەو وڵاتە تووشی ئەو نەخۆشییە بوون، چونكە دوای مانگێك لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە، چەند كەسێك لە چینەوە لە ڕێی دەریاوە هاتوونەتەوە ژاپۆن. بەڵام بە پێچەونەی چینەوە، ئەو ڤایرۆسە تا ئێستا كەسی لە ژاپۆن نەكوشتووە، ئەمەش پرسیاری دەربارەی سروشتی نەخۆشییەكە و باشترین ڕێگەكانی بەرەنگاربوونەوەی و چارەسەركردنی درووست كردووە. بە مەبەستی باشترین و زووترین بەرەنگاربوونەوەی تەندروستیی جیهانییش، پێویستە دەستبەجێ چین و وڵاتانی زەرەرمەندی دیكە، ئەزموونەكانیان ئاڵوگۆڕ بكەن.
لە ڕاستیدا، شارەزایانی بواری پزیشكی بە پێویستی دەزانن، دەرامەتە خۆپارێزەكان لەناو وڵاتەكاندا دەستەبەر بكرێن، ئەمەش لە ڕێگەی ئاسانكاری بۆ خەڵكی تا ئامێرەكانی پشكنینی خودی بە دەست بهێنن. پێویستیشە داوا لە تووشبووان بكرێت لە ماڵەكانیاندا بمێننەوە و لە كەسانی دیكە دوور بن.
لەم دۆخەشدا، بۆ كەمكردنەوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئاڵوگۆڕی زانیارییەكان لەگەڵ جەماوەردا كاریگەریی كاراتری دەبێت لەچاو كۆتە تووندەكانی سەر ئازادیی هاتووچۆ. چونكە ئەمەی دواییان كاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونی دەبێت، لەسەر ئابوورییش بە هەمان شێوە. بۆیە پێویستە ئەو حكومەتانەی دیكەش، كە ئێستا كار لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ناوخۆیی ڤایرۆسەكە
دەكەن، ئەو لایەنانە ڕەچاو بكەن. هەروەها پێویستە حكومەتی چین، چاو بە ڕەوتی بەرەنگاربوونەوەی ئاییندەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە بخشێنێتەوە.
سەرچاوە: پڕۆجێكت سایندیكەیت
|
130
جار خوێندراوهتهوه |
Sunday, June 14, 2020
|
|
|