کتێبی"لیریکی گۆران لە روانگەی بونیادگەریی کراوەو تەواوکارانەوە" ناوەندی کۆچ بڵاویکردەوە
ھەرچەن ئەکەم، ئەو خەیاڵەی پێی مەستم،
بۆم ناخرێتە ناو چوارچێوەی ھەڵبەستم!
لێکدانەوەی دەروون، قسەی زمانم:
بۆچی وەھا دوورن لە یەک؟ نازانم!
ئەمویست دەروون بکرایەوە وەک تۆمار
دەرکەوتایە دنیای جوانتر لە بەھار،
دەرکەوتایە: ئاوات، ھیوا، خەوبینین..
پرشنگدارتر لە ئەستێرەی قوبەی شین!(...)
با لە وشەکانەوە دەست پێ بکەین بۆ ئەوەی بزانین لێکسیکە جیاوازەکانی چیمان پێدەڵێن: لێکسیکەکان سەر بە دنیایی شیعرین، یاخود سەر بە فەرهەنگی زمانی ڕۆژانەن؟ لۆتمان دەڵێ: ''شیعر وەک سەرجەمی زمانێک لە هەموو زمانە سرووشتییەکە دەچێ، نەک بەشێکبێ''( ) لەبەرئەوە فەرهەنگی شیعری دابڕاو نییە. ئەمە مانای ئەوە نییە شیعر هیچی لەباردا نییەو تەنیا پشت بە زمانی گشتیی دەبەستێت. شیعرو ئەدەب ڕۆڵیان لە دەوڵەمەندو فراوانکردنی فەرهەنگی گشتییدا هەیەو ئەگەرو واتای نوێ بە وشەکان دەبەخشنو ڕۆڵیان لە مانەوەو زیندووکردنەوەی وشە پەراوێزییەکاندا هەیە. یەکێک لەخەسڵەتە شێوازییەکانی شیعرەکانی شاعیر، گرێدانی پەیوەندیی زمانی ئاساییو شیعرە، وشەکانی خستووەتە نێو پەیوەندییەکی نوێی شیعرییەوە. ڕەخنەگرێک دەڵێ: گۆران شەیدای زمانی سادە بووەو ویستویەتی ئەو بەربەستەی نێوان شیعر بۆ چینێک، بە شیعر بۆ گشت بگۆڕێت.( ) بۆیە ئەدەبناسێکی ئێرانی پێیوایە، هەر ئەمەش وای کردووە کە ''شیعرەکانی لە خەڵکەوە نزیکبن''( ). "هەڵبەستی دەروون" لە دوو وشەی ناوی[فرێزی ناوی] پێکهاتووە [هەڵبەست] بەرجەستەیەو [دەروون] نا بەرجەستە. بەڵام تەواو نابەرجەستە نییە، وەک لە پێکهاتەی وشەکەوە دەردەکەوێت(دەر+وون) تێهەڵکێشی دیارو نادیارە [دەرکەوتنی ونە]. شاعیر ویستی دەرخستنی ئەم ونەی هەیە. لەمەشدا بە زمانو زمانی شیعریی ئەو هاوپەیوەندییە دەبینین، کە دەکرێ ئەوەی سەر بە زمانە ئەگەری سەر بە شیعری هەبێو ئەوەی شیعریشە سەر بە زمانە. پەیوەندیی ئەم دوو زمانە دەستەوامییە. بەڵام شاعیر کەرەسەکانی زمان لەشێوە گشتییەکە دەردەهێنێو دەیانخاتە چوارچێوەیەکی تاکەکەسییەوە. لەبەرئەوە زمان لەو بێ لایەنیو گشتییەوە دەبێ بە تاکەکەسی و شاعیر هەستو سۆزی خۆی تێکەڵی وشەکان دەکات.( )
وشەکانی ئەم شیعرەی گۆران ئەمانەن: ((خەیاڵ، مەست، هەڵبەست، لێکدانەوە، دەروون، قسەی زمان، دوور، نازانم، ئەمویست، بکرایەوە، تۆمار، دنیا، جوان، بەهار، ئاوات، هیوا، خەوبینین، پرشنگدار، ئەستێرەی قوبەی شین، مانا، مەنگ، دەریا، نەرمەبا، ئەسپایی، شیعر، فرمێسک، گریان، زەردەخەنە، ئاوێنە، دەموچاو، تیژگ، ڕووناک، هەتاو، ئەفسوس، باڵدار، جێناهێڵن، هێلانە، لەناوەوە، ئەجریوێنن، ئەخوێنن، هەرگیز، قەڵەم، کاغەز، ناهێنن)). وشەکانی شیعرەکە سەر بە فەرهەنگی زمانی ئاسایین، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە تێکستەکە لە فەرهەنگی وشەودەستەواژە ئەدەبییەکان خاڵی بن. چونکە هەندێکیان سەر بەهەردوو فەرهەنگەکەن: (خەیاڵ، جوان، ئاوات، هیوا، خەوبینین، ئەستێرەی قوبەی شین، مانای مەنگی دەریایی، ئەسپایی..) لێرەدا زیاتر وشەی نا بەرجەستە هەن، بەڵام تێکستەکە بە دنیایەکی جیاواز ئاشنامان دەکات، کە بە وشەی زمانی ئاسایی بونیادنراوە. وشەکان هێنراونەتە نێو سیستێمێکی نوێوە، وەک لۆتمان ئاماژەی پێداوە، ئەمەش خاڵی بنەڕەتیی سازکردنی شیعرییەتە، کە هەمان کەرەسە ئەرکی جیاوازی پێدەدرێ. هەستی نزیکیو دوورکەوتنەوەمان بۆ پەیدا دەبێ. چونکە وشە ئاشناکان نائاشناو ئاشنا دەردەکەون؛ ئاشنان، چونکە ڕۆژانە بەکاریاندێنین، نائاشنان لەبەرئەوەی بەشدارن لە جیهانێکی نوێدا. هەر لۆتمان ڕایوایە، کاتێ وشەکان شیعری دەبن توانای نوێیان لێ دیار دەکەوێت.( ) لەم دەقەدا وشەکان هێنراونەتە نێو سیستێمێکی تایبەتییەوە. ئەمەش بەهاوکاریی ئەو هێزە شیعرییەی، کە شاعیر بۆ بە دەنگهێنانی دنیای دەروونی پەنای بۆ شیعر بردووە؛ واتە بەهۆی شیعرەوە زمانی بۆ ئاستی بەرجەستەکردنی فەزای دەروونی بەرز کردووەتەوە.....وشە پەرتەوازەکان لێرە بوونەتە زمانێکی ڕێکخراوو، ئەمەش هەروەک لۆتمان دەڵێ و پێشتریش ئاماژەمان پێدا: ''ئەو شتەی بەشێکبێ لە سیستێمێک وەک هەموو سیستێمەکە دەردەکەوێ''( ) شاعیر لە دێڕی یەکەمدا، وشەی (خەیاڵ-مەست)ی بەیەکەوە بەکارهێناوە، خەیاڵ مەستی دەهێنێت، خەڵکی بەشەراب مەست دەبن. بەڵام شاعیر بە خەیاڵێک مەستە. خەیاڵ لەنێوان دیارو نادیاردایە. لێرەدا خەیاڵو مەستی سەر بە کێڵگەی جیاوازن. هاوکات دەکرێت لە دوورمەودادا نزیکیان بخەینەوە، چونکە (ئەو خەیاڵەی) وەک شتێکی ناسراو دەرکەوتووە، قسە لەسەر توانای بەرجەستەکردنییەتی. هەروەها شاعیر سوودی لە(چوارچێوەی هەڵبەست) وەرگرتووە، لێرەدا بیرمان بۆ قەبارەی خەیاڵ دەچێ؛ بەڵام مەبەستی شاعیر چوارچێوەی زمانە. بۆیە خەیاڵو هەڵبەست دووانەی نزیکو دوورن. شاعیر دەیەوێ خەیاڵ بگرێ، کە (-گرتنە)، بەڵام شاعیر (+توانای گرتنە) هەوڵی گرتنی شتێک دەدات، کە ناگیرێ؛ ئەمەش دەرخەری هەوڵی شاعیرە بە دوای مەحاڵدا. هەروەک هەوڵی لێکدانی سنووردارو بێسنوورییە. لە دێڕی دواتردا ئەمە ڕوونتر دەردەکەوێت:
(لێکدانەوەی دەروون-قسەیزمان-دوورن-نازانم-بۆچی) لێرەدا (خەیاڵ-لێکدانەوەی دەروون) یەکدەگرنو جیاوازییەکەیان دەسڕنەوە. چوارچێوەی هەڵبەستو قسەی زمانیش یەکدەگرن. لە ئاستی کرداریشدا: (هەرچەن ئەکەم، بۆم ناخرێت، دوورن، نازانم) لە پەیوەندیدان. لەم خستنەتەکیەکەدا ئاڵۆزییەکان کەمێ دەڕەوێنەوە. شاعیر لە دێڕی یەکەمدا سوود لە نیشانەی (!) دەبینێو دواتر پرسیار دەکاتو لە بێوەڵامیدا دیسانەوە سوود لە (!)وەردەگرێتەوە. ئەم نیشانانە لە پێکهاتنی جیهانە شیعرییەکەدا بەشدارن. بۆیە وشەکانی ئەم دوو دێڕە بەپێی ئەو سیستێمە بەمۆدێلکراوەی شیعرەکە بۆ دووانەی
(ناوەوە)و(دەرەوە) دابەشدەبن:
ناوەوە: خەیاڵ+ لێکدانەوەی دەروون. دەرەوە: چوارچێوەی هەڵبەست+قسەی زمان
لەنێو ئەم دووانەشدا(مەست) دەکەوێتە هەردوو دنیاکەوەو ڕۆڵی نێوەندگیری هەیە. هاوکات (ئەکەم، بۆم ناخرێ/بۆم ناکرێ، نازانم) بەرانبەر ئاوەڵناوی(دووری) دەرخراوە. لێرەدا شاعیر گومانو دوودڵی بەرانبەر بەزمانو دنیای دەرەوە نیشاندەدا، بەڵام دڵنیایی لەدنیایی ناوەوە هەیە. (بۆچی) پرسینە لە ناتوانایی خۆیو وزەی کەم بڕشتی کەرەسەکانی، واتە شاعیر پرسو گومانی لە زمانو شیعر هەیە،
چونکە کەرەسەی تێگەیشتنو بەرجەستەکردنی دنیای ناوەوەن:
ئەمویست دەروون بکرایەوە وەک تۆمار دەرکەوتایە دنیای جوانتر لە بەهار،
(دیوانی گۆران، ل ١٢١)
شاعیر لەپرسینی (بۆچی وەها دوورن..)و نەتوانینەوە، هەوڵدەدات پرس بۆ (ویست) بگۆڕێت، کە دەتوانێ ڕۆڵی گرنگ لە بەرجەستەبوونو بەریاڵکردنی دەرووندا بگێڕێت. لەم دێڕەدا جووتەی دژی (داخراو-کرانەوە)مان هەیە. شاعیر ویستی کرانەوەی دنیای ناوەوە-داخراوی هەیە، کە ویستە بۆ بەرزکردنەوەی زمان لە ئاستی بەرجەستەوە بۆ نابەرجەستە. لەبەرئەوە سوودوەرگرتنی شاعیر لە زمانی ڕۆژانە بەهۆی بە مۆدێلکردنیەوە ڕێگر نەبووە لە دەرخستنی شاراوەکان. ئەمە ئەو ڕاستییە دەردەخات کە لۆتمان لەبارەیەوە دەڵێ: ''وشە لەشیعردا دەوڵەمەندترە لە هەمان وشە لە تێکستی زمانی گشتیدا''( ). شاعیر لێرەدا توانیویەتی بەشێوەیەکی بەرینتر ماناو ئەرکی وشەکان دەربخاتو بەهۆی سیاقی دەقەوە مانای نوێیان بداتێ. ویستی شاعیر بۆ دەرکەوتنی نادیار، تاکەکەسییە. بۆنموونە (ئەگەر بەهار جوانترینی وەرزەکان بێت) ئەوا شاعیر ویستی دەرخستنی جوانتری لەم جوانترینە هەیە؛ لەخۆوە نییە شاعیر وشەی(دنیای) بەکارهێناوە. ئەمە نەخشەی ئەو جیهانەیە شاعیر ویستی بونیادنانی هەیە. (دەرکەوتایە دنیای جوانتر لە بەهار) ویستی شاعیر لەم نیوە دێڕە[دێڕەکانیتردا] بەقەولی لۆتمان، ویستی بەمۆدێلکردنی جیهانە( ). شاعیر لەڕێگەی نەتوانینەوە کردەی توانینی ئەنجامداوە، بەڵام لەشێوەی ویستی دەرکەوتندا. لەشیعرەکەدا کرانەوەی دەروونو دەرکەوتایە هاوتان، بەرهەمی دەرکەوتنەکەش بریتییە لە "دنیایی جوانتر لە بەهار". پێمان وایە گۆران لە دەرخستنی دنیای دەروونی خۆیدا، هەوڵێکی زۆریداوە، ئەوەش کە ئەم دنیایە نادیارە، هەر نیگەرانی ئەم نادیارییە بووە، بەڵام لەبنەڕەتەوە بە وێنەکردنی ئەو دنیایە دەرخەری دەرکەوتنی دنیایی دەروونە.
بەشێک لە کتێبی "لیریکی گۆران..." لە بڵاوکراوەی ناوەندی کەلتوری کۆچ
|
178
جار خوێندراوهتهوه |
Friday, November 16, 2018
|
|
|