دژیەكی ئایدۆلۆژیا و مۆدێرنیزم(*)
نووسینی: د. عەبدولكەریم سروش
وەرگێڕانی: موســعەب ئـەدهـەم

لە كۆی ئەو باسانەی لە ژێر ناونیشانی سوننەت و مۆدێرنیزمدا لەم سیمینارە پێشكەش دەكرێن، بەشی بەندە بریتییە لەوەی لەبارەی دژیەكی "پارادۆكسی" مۆدێرنیزم، یان بە دەستەواژەیەكی راستتر، لەمەڕ دژیەكی ئایدۆلۆژیای مۆدێرنەوە قسە بكەم. لەبارەی مۆدێرنیزم و سوننەت و پەیوەندی ئەم دوانە و ئەو دۆخەی مرۆڤی نوێ‌ لەگەڵیدا رووبەڕووبۆتەوە و ئەو رێگە چارەیەی بۆ ئەو دژوارییەی لەم پەیوەندی و بەركەوتنەی نێوانیانەوە دروست دەبێت، دەتوانرێ‌ قسەی زۆر بكرێ‌، بەڵام مەبەستی بەندە ئەوەیە پێش هەر باسێك لەبارەی بنەڕەتی مۆدێرنیزم و چیەتی "ماهیت"یەوە قسە بكەم و لە دوو توێی روونكردنەوەی گەوهەری مۆدێرنیزم، سەننەت و جێبەجێكردن و پەیوەستبوون پێوەی روون بكەینەوە و پاشان باسی پارادۆكسی ئایدلۆژیای مۆدێرنیزم روون بكەینەوە و باسی بكەین. لەبارەی مۆدێرنیزم و مۆدێرنیتەوە، دوو دیدگا بوونیان هەیە، یەكێكیان دیدگا و روانینی گشتییانە و ئەویتریان دیدگای كەسانی تایبەت. زۆربەی خەڵكی كاتێك لەبارەی مۆدێرنەوە پرسیاری لێبكرێت، وەڵام دەدەنەو بەوەی، جیهانی ئێمە، جیهانێكە زۆر جیاواز لەگەڵ جیهانی پێشوودا و تەنها ئەوە بەسە مرۆڤ چاوەكانی بكاتەوە تاكو بە روونی ئەم جیاوازییانە لە بوارەكانی هونەر، زانست، پیشەسازی و ...هتد دیاری بكات. لە راستیدا ئەگەر كەسێك لە كەسانی رابردوو سەری لە خاك بهێنییە دەرەوە و سەیری دونیای نوێ‌ بكات، تووشی ترس و سام و حەیرەت زەدەیی دەبێت و باوەڕ ناكات ئەمە هەمان ئەو زەوییە بێت كە ئەویش رۆژێك لەسەری ژیانی كردوە و ژیاوە.
ئەم نوێبوونەوەیە كە لە جیهانی دەرەوە روویداوە و هەندێجار دەستەواژەی مۆدێنیتەی بۆ بەكاردەهێَنرێت، نوێبوونەوەیەكە لە دەرككردنیدا پێویست بە تێڕامان و بیركردنەوە ناكات و بە كردنەوەی چاوە هەستیارەكان دەتوانرێ‌ ببینرێت و بناسرێت. ئامێری چاپكردن و كارەبا و فڕۆكە و كۆمپیوتەر و بەرهەمە كیمیاییەكان و رادیۆ و تەلەفزیۆن و فاكس و تێلكس و ئۆتۆمبیل و سینەما و وێنەی رەنگاو رەنگ و دەرمانە كیمیاییەكان و ئامرازە زانستییەكان "مایكۆرسكۆب و تیشكی ئێكس و...هتد" كورەكان و بۆمبە گەردیلەییەكان هەموویان پەیوەندییان بە دونیای مۆدێرنەوە هەیە و هیچ جێكەوت و شوێنێكیان لە جیهانی كۆندا نەبووە. بەڵام جۆرێكی تر نوێبوونەوەمان هەیە كە لە جیهانی بیر و زەیندا روویداوە و لە راستیشدا زۆربەی ئەو نوێبوونەوانەی لە جیهانی دەرەكی و دەرەوەدا روودەدەن، پەیوەندییان بەو نوێبوونەوەیە هەیە كە لە جیهانی فیكر و بیردا روویانداوە و ئەمەش دیدگا و روانینی كەسانی تایبەتە. مێژوونووسانی زانست و ئەندێشە لەم روەوە قسەی كاكڵەدار و شایەنی بیستراویان وتوە. گوتویانە لە جیهانی نوێدا، مرۆڤ دەستی گرتوە بەسەر سروشتدا و لە رق و كینەوە رەفتار لەگەڵ سروشتدا دەكات، لە كاتێكدا لە جیهان رابردوودا، مرۆڤ روانینێكی لەمجۆرە رەق ئامێزەی بەرامبەر سروشت نەبووە. گوتویانە لە جیهانی نوێدا زانستە كردارییەكان بەسەر زانستە تیۆرییەكاندا زاڵ بوون و كەسانی رابردوو زیاد لەوەی بیر لە زانستە كردارییەكان بكەنەوە، بەدوای تیۆردارشتنەوە بوون، ناسینی سروشت و بوون بۆ ئەوان بنەڕەت بوو، بەڵام دەستوەردان لە سروشت یان لە بووندا زۆر جێَگەی سەرنج و پەیوەستبوونیان نەبوو. گوتویانە جیهانبینی مرۆڤی نوێ‌ عەقڵانییە، لە كاتێكدا تێڕوانینی مرۆڤی كۆن ئەفسانەیی بوو.
تەنانەت گوتویانە عەقڵی مرۆڤی نوێ‌ جیاوازی لەكەڵ عەقڵی مرۆڤی كۆندا دروستكردوە. هەروەها گوتویانە جیهانی رابردوو، جیهانێكی ئایینیی تر بووە. مرۆڤ سەیری ئاسمان و ئەودیو سروشتی دەكرد و لەوێوە داوای رەوابوونی پێویستیەكانی خۆی دەكرد و پشتیوان و پاڵپشتی بوونی خۆی لەوێ‌ دەبینی. لە كاتێكدا لە جیهانی نوێدا مرۆڤ پەیوەندی خۆی لەگەڵ ئاسمان پچڕاندوە و پاڵپشت و پشتیوانە قودسیی یان مەعنەوییەكانی بوونی خۆی فەرامۆش كردوە یان ئینكارییان لێ‌ دەكات. خودا لە ژیانی كەسانی پێشوو و رابردوودا رۆڵێكی هەبوو كە جێنشینی نەبوو، لە كاتێكدا لای مرۆڤی نوێ‌ كەمتر بیر و یادی خودا دەكرێ‌ و زیاتر پشت بە بوون و عەقڵی مرۆڤ دەبەسترێ‌ "مرۆڤگەرایی". گوتویانە جیاوازی جیهانی نوێ‌ لەگەڵ جیهانی كۆندا لەوەدایە كە بە دەستەواژەی (ماركس) لە رابردوودا بیرمەندان زیاتر بە دوای تەفسیر و راڤەی ژیانەوە بوون، بەڵام ئەمڕۆ بەدوای گۆڕانكاری ژیانەوەن. گوتویانە جیهانی كەسانی رابردوو زۆر سنووردار بوو، زەوی كە ئاسمانێك سێبەری بەسەردا كردبوو، بە ماڵێكی گەرم و بچوك دەژمێردرا و مرۆڤی رابردووش زۆر خۆی كورت و دەبینی و هەمیش ژینگەی دەوروبەری خۆی زۆر بچووك دەبینی، بەڵام لە جیهانی نوێدا مرۆڤەكان لە رووی كات و شوێنەوە لە دونیایەكی بێسنووردا دەژین، بە راستی و دروستی ئاگاداری پێشینەی خۆیان نییە و جیهانی جوگرافیای خۆیان گەورەتر لەوە دەزانن كە هەست یان عەقڵ بتوانێ‌ ئاگاداری هەموو لایەنەكانی بێت. ئەمانە كۆمەڵە گوتەیەكن كە وتراون و مێژوونووسان بە جیاوازی هەر كام لەوانە گەوهەریترین و سەرەكیترین جیاوازی نێوان جیهانی كۆن و جیهانی نوێیان زانیون.
بەندە لێرەدا دەمەوێ‌ ئەوە بخەمەڕوو كە ناتوانرێ‌ لەم قسانەدا بۆ گەوهەری مۆدێرنە بگەڕێین. هەڵبەتە ئەم قسانە، قسەی خراپ نین و خوێندنەوەی مێژوویی ئەو شتانەمان پێ‌ دەڵێت. بەڵام ئەم نوێبوونەوەیە، نوێبوونەوەیەكە كە جیهانی نوێ‌ دەكاتە پاشكۆ و دوای جیهانی كۆنەوە، نەك سەرووتر لەوە. ئیمە دوو جۆر نوێبوونەوەمان هەیە. یەكێكیان نوێبوونەوەیەكە كە بوونەوەرێك یان دیاردەیەكی نوێ، لەسەرووی جیاوازییەكانی لەگەڵ بوونەوەری پێشوودا بە دوای ئەودا دەزانێت. ئەو گوتانەی ئاماژەم پێكردن هەموویان جیهانی نوێ بە بەیەكداهاتنی جیهانی پێشوو دەزانن و هەڵبەتە باوەڕیان وایە گۆڕانكاری و گۆڕانی بەهێز و قوڵێ‌ تێدا رووداوە، بە جۆرێك كەسانی پێشوو نەیاندەتوانی قسە لەسەر ئەوە بكەن كە رۆژێك چارەنووسی جیهان بەمجۆرە دەبێت. بەڵام جۆرێكی تری نوێبوونەوەمان هەیە كە بریتیە لە "دووركەوتنەوە سەرووتر رۆیشتن لە رابردوو و هاتنە دەرەوەی لێی"، كتومت ئەوەی لە جیهانی نوێدا بۆ مرۆڤی نوێ‌ هاتۆتەدی، ئەمە جۆرێك لە مۆدێرنیتە و نوێبوونەوەیە. ئەمەش هەمان ئەو خاڵیە بەدوای ئەوەداین باسی بكەین. ووردببنەوە ئەو كەسە دەتوانێت قسە لەبارەی سوننەتەوە بكات كە لێی هاتبێتە دەرەوە. كەسێكیش دەتوانێت قسە لەبارەی مۆدێرنیتەوە بكات لێی دوور كەوتبێتەوە. ئەوەی كە بۆچی پێشینان قسەیان لەبارەی سوننەتەوە نەدەكرد، لەبەرئەوە لە ناویدا نوقم بوو بوون. نوقومبوون لە ناو سوننەتدا جیاوازە لە باسكردن لەبارەیەوە. كەسێك لەبارەی بابەتێكەوە قسە دەكات، دەبێت توانای ئەوەی هەبێت لەو بابەتە دوور بكەوێتەوە. جێگەی سەرنج ئەوەیە ئێمە ئەمڕۆ هەم قسە لەبارەی مۆدێرنەوە دەكەین و هەر ئەمەش دەبێت بۆمان نومایان بێت و دەربكەوێت بەوەی ووردە ووردە لە مۆدێرنیزم دوور دەكەوینەوە. مۆدێرنیزم بۆ ئێمە بۆتە بابەتێك كە جێگەی قسەكردنە بۆمان و لەبەرئەمەشە لەگەڵ خۆیدا دژیەكیەك دەهێنێت كە ئاماژەی پێ‌ دەكەین. بە دەستەواژەیەكی تر ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ سوننەت و لەگەڵ مۆدێرنیزمدا، پەیوەندی سۆبجێكت – ئۆبجێكتمان پەیدا كردوە، ئەمەش شتێكی تر نییە مەگەر بە بەڵگە هاتنە دەرەوە لە هەردووكیان. كەسانی رابردوو بە عەقڵ كارییان دەكرد، بەڵام پرسیارییان لە عەقڵ نەدەكرد و لەبارەیەوە زۆر قسە و باسیان نەدەكرد. لە ناو ئاییندا نوقم بوون، بەڵام ئایینناسییان نەدەكرد. ئایدۆلۆژییان هەبوو، بەڵام ئایدۆلۆژی ناسییان نەدەكرد. مەعریفەتیان هەبوو، بەڵام مەعریفەتناسییان نەدەكرد. لە گوتەیەكدا دەمەوێت ئەوە عەرزبكەم كە گەوهەری مۆدێرنیتە و نوێبوونەوەی جیهانی ئەمڕۆ دەركەوتنی مەعریفەتە پلە دووەكانە كە پاشگری "ناسی"یان لەگەڵدایە. هەر لەبەرئەمەش دەبینین ئەو گوتەزایانەی لە جیهانی نوێدا خراونەتەڕوو، بە رەهایی بۆ ئەو كەسەی لە ژێر بەتانی سوننەتەوە سەری نەهێناوەتە دەرەوە، لێیان تێناگات. جیهان بەزانست و پیشەسازی نوێ‌ مۆدێرن نەبووە، بە روانینی پلەدوو مۆدێرن و نوێ بووە. مۆدێرنیزم لەگەڵ مۆدێرنیتە جیاوازی هەیە. مۆدێرنیتە هەمان نوێبوونەوەیە. نوێبوونەوەیەك كەسێك پێ‌ هەڵنەساوە و خۆبەخۆ روویداوە. بەڵام مۆدێرنیزم جۆرێك لە ئایدۆلۆژیایە، جۆرێك ئەندێشەیە كە بەدوای دانان و شوێنگرتنەوەی مۆدێرنە لە جیاتی كۆنە. لەسەر ئەم بنەمایە مۆدێرن بە سەرووتر لە پێشووتری دەزانن. لەبەرئەوە مۆدێرنیزم جۆرێك لە ئایدۆلۆژیایە، لە كاتێكدا مۆدێرنیتە حاڵەتێكە لە فیكر یان لە جیهانی دەرەوەدا روودەدات و بە زۆریش بێئاگایی پێوەیەو بە هەوڵی هیچ كەس نایەتەدی و بە هەوڵی كەسیش ناگۆڕدرێت. كەواتە جیاوازی سەرەكی جیهانی پێشوو و جێهانی ئەمڕۆ لەمەدایە كە كەسانی رابردوو هەروەك ماسیانی ناو ئاوی ئایین، ئەخلاق، ئایدۆلۆژیا، سوننەت، مەعریفەت و عەقڵ نوقم بوون. بەڵام لەبەرئەوەی لەم ئاوە نەهاتبوونە دەرەوە، پرسیاریان لە چیەتی "ماهیت"ی ئەم ئاوە نەدەكرد. هێندە لەگەڵ ژینگەی خۆیان تێكەڵ و نزیك بوون كە هەستیان بە هیچ جیاوازی و دوورییەك لە نێوان خۆیان و ئەودا نەدەكرد. هەر لەبەرئەمەش ژیانی خۆیان بە سروشتیترین جۆری ژیان دەزانی و ئەندێشەكانی خۆیان بە راستترین و بەڵگەنەویسترین ئەندێشە هەژمار دەكرد. هەروەها مرۆڤەكانی دەورووبەری خۆیان بە هاوسەنگترین و مرۆیترین مرۆڤ دەزانی و مێژووی خۆیان، بێ‌ چەند و چۆن، تەنها بە جۆری مێژوویی مومكینی و دانراو دەزانی. ئاسۆكان هێشتا نەكرابوونەوە و فرەیی "پلۆرالیزم" هێشتا زیندانی نەشكاندبوو و روانین لە سەرەوە و لە دەرەوە هێشتا لە دایكی كات لە دایك نەبوو بوو. هەر لەرئەمەش گرنگترین تایبەتمەندی ئەو مرۆڤانە، یەقینی بێئاگایانە و بێ‌ كەڵكەیی بوو كە تیایدا نوقم بوون، هەمان ئەو بەهەشتەی كە كاتێك كەسێك تێیدایە، قەدری نازانێت و كاتێك بە شەیتانییەكانی عەقڵ لێی هاتەدەرەوە، ئیدی رێگەی گەڕانەوەی پەیدا ناكات. ئەم یەقینە بێئاگایانە و دەورەدراو بە بێ‌ ئاگایی، لە دوو توێیدا بە ترۆپكی عەقڵانییەتیش دەزانرا و عەقڵی كامڵ ە و تەواو بەو گەنجینەیە دەژمێردرا كە تەژی بوو لە شتە بەڵگەنەویست و یەقینییەكان. ئەگەر عاریفانیشمان لەگەڵ عەقڵدا دژایەتیان بكردایە، ئەو عەقڵ پرسیاركەر و چۆن و بۆچی و گومان دروستكەر و یەقین لابەرە بوو كە چێژی لە گومان دەبرد نەك لە خۆبەدەستەوەدان و یەقین. باسكردن لە دیار "objectivity" بە زاراوەی فەلسەفەی ئەمڕۆ، لەو باسانە كە تایبەتە بە مرۆڤی نوێ‌ و مەعریفەی نوێ‌. ئێوە لە لای كەسانی رابردوو بە ئاشكرا باسكردن لەبارەی راست "صدق" و و ناراست "كژب"ەوە دەبینن. بابەتی راست یان هەڵە، بابەتێكی نوێ‌ نییە، مرۆڤەكان هەمیشە كاتێك دەستیان بۆ ناسینی سروشت دەبرد، قسەیان لەمەڕ راستبوون یان هەڵەبوونی ئەندیشەكانی خۆیان دەكرد. بەڵام بۆ نموونە هیچكات تاكو پێش (كانت) ئێوە نابینن هیچ كەس قسەی لەمەڕ دیاربوون و دەرەكیبوونی مەعریفە كردبێت. ئەم زاراوەیە كتومت گونجاوە لەگەڵ ئەندێشەكانی پلەی دووەم یان دواتر كە لە جیهانی نوێ و بۆ مرۆڤی نوێ‌ دروستبووە. هەرلەبەرئەمەش ئێوە دەبینن ئەو كەسانەی هێشتا ئاشناییان لەگەڵ بیركردنەوەی نوێدا نییە یان خوویان پێوە نەگرتوە، تێگەیشتنی ئەوەی كە شتانی دەرەكی و دیار "" چین؟ مانای ووردی چییە؟ هەروەها بۆچی پرسیارێكی لەمجۆرە دروستبووە؟ دژوار دیارە. چونكە پرسیاركردن لە دیاربوون و دەرەكیبوونی مەعریفە ئەو كاتە دەخرێتەڕوو كە مرۆڤ هەست بكات نێوان ئەو و "دیار" دووری و ماوەیەكی پڕنەبووە بوونی هەیە. رۆڵی پێشگریمانەكان لە ناسیندا و باوەڕبوون بەوەی توانای ئەوە نییە لاببرێن، پرسیار لەبارەی دیاربوون و ئۆبجێكتەبوونی مەعریفەوە شلگێر"جدی"یتر دەكات و مرۆڤ وا لێدەكات بەرەو رووی پەیوەستبوون بە كۆمەڵەوە بڕوات كە كۆتا پەناگایەتی. هەروەها پشتبەستن و پەیوەستبوون بە عەقڵی كۆیی و رۆیشتووی زانیارییەكان و سەرنجدان لە شوناسیی مێژوویی مرۆڤ و دەزگای دەرككردنی و بە شێوەیەكی گشتی سەرنجان لە مێژوو و لە دایكبوونی روانینی مێژوویی، گیان بە پرسیار لە دیاربوون "ئۆبجێكتە"بوونی مەعریفەت دەبەخشێت. كەسانی رابردوو قایل بە هەڵەی ریككەوت "راندوم" بۆ عەقڵ، نەك هەڵەی سیستماتیكی عەقڵ كە توانای بینین و شتانی دەرەكی وەردەگرێتەوە و لەبەرئەوە ئەگەر روودانی ئەم هەڵە سیستماتیكیە گومانی لەناوچوونی دەرەوە و بینراو بەهێز دەكات.
پرسیاركردن لە ئایدۆلۆژیا وەكو پێگەی هەستی درۆزن پرسیارێكە كە تەنها لەم دونیایە و بۆ ئەم مرۆڤەی كە ئەمڕۆ لەسەر رووی گۆی زەویەدا دەژی، دەتوانێت بخرێتەڕوو. بۆ كەسانی رابردوو پرسیارێكی لەمجۆرە نەخراوەتەڕوو. پرسیاركردن لە ئایدۆلۆژیایی بوونیش بەمجۆرەیە كە پەیوەندییەكی راستەوخۆی لەگەڵ بابەتی دەرەوە و ئۆبجیكتیڤ هەیە كە پێشتر ئاماژەم پێكرد. كۆی ئەمانە دەبێت ئەوەی پیشاندابین كە گەوهەر و گیانمایەی مۆدێرنیتە لە چیدایە؟ جیاوازی جیهان و مرۆڤی نوێ‌ لەگەڵ كۆندا ئەوە نییە كە جیهانی كەسانی رابردوو درێژە پێدەر و حاڵەت و دۆخێكی نوێ‌ ئاشكرا بووە. بەڵكو جیاوازی لەوەدایە كە مرۆڤ لە جیهانی دوێنیوە هاتۆتە دەرەوە و لە جیهانێكدا دەژی كە جیایە لە جیهانی پێشووی و ئەوەی بۆ كەسانی رابردوو خودی بوونیان بووە، بە جیا خۆی دەنوێنێت و بە شێوەی دیار "object" لە بەرامبەر خۆیدا دایناوە و لەبارەیەوە فەرمان دەردەكات. ئەمەش فەرمانێكە لەبارەی هەموو ئەو گوتەزایانەی جێگەی پەیوەندی مرۆڤ و خۆشەویستی مرۆڤن، بە تایبەت هونەر، ئایین، ئەخلاق، مەعریفەت، سوننەت و ...هتددەرچوون و بەرێكەوتوون.
لە گرنگترین ئەو بابەتانەی بر مرۆڤی نوێ‌ خراونەتەڕوو، تێڕامانە لە عەقڵانییەت. گەرچی ناتوانرێ‌ بە شێوەی تاك هۆكاری مێژوو شی بكەینەوە و ئەمكارەش بە توندی گومڕامەر و هەڵە دروستكەرە، بەڵام وەكو رێنمایەك دەتوانرێ‌ جیاوازی و گۆڕانی بۆچوون و روانینی مرۆڤ لەبارەی عەقڵانییەتەوە بكرێتە پێوەرێكی شیاو بۆ جیاوازی جیهانی نوێ‌ و جیهانی كۆن. هاتنە دەرەوە لە سوننەت و دەروستبوونی ئایدۆلۆژیای مۆدێرنیزم ، هەمیشە لەگەڵ گۆڕانكاری عەقڵانیدا بووە. پێشتر مرۆڤەكان كەمتر لەبارەی عەقڵەوە قسە و باسیان دەكرد، چونكە عەقڵی خۆیان بە شێوەیەكی بێ‌ واسیتە و پەردە و راستەوخۆ بە ئاوێنەی جیهانی دەرەوەیان دەزانی و بێ‌ هیچ كەڵكەڵەیەك واقیعیەتیان بە ئامادە و لەبەرچاوی خۆیان دەزانی. سەیری چەمكی "زانستە تیۆریی"(نڤریە) كان بكەن، تیۆر (نڤر) لێرەدا كتومت بە مانای نیگا كردن و بینینە. واتە، عەقڵ بی نیگاكردن دەبینێت و زانستە تیۆرییەكان ئەو زانستانەن بە چاوی عەقڵ دەبینرێن. بە بۆچوونی كەسانی رابردوو هیچ پەردەیەك لەسەر چاوی ئەم عەقڵە بوونی نەبوو، مەگەر بە دەگمەن و ئاراوتە "استپنا‌و"، لەبەرئەوە ئێوە دەبینن بۆ نموونەحەكیمانی خودی ئێمە گرنگترین و سەرسوڕهێنەرترین حوكمیان لەبارەی جیهانەكانی ئەودیو سروشتەوە دەردەكرد و هیچكاتیش پرسیارییان لە خۆیان نەدەكرد كە ئایا عەقڵی ئێمە كۆشش و توانای دەركردنی حوكمێكی لەمجۆرەی هەیە یان نا؟ خۆیان بە تەواوی لەمكارەدا بە شایەن دەزانی و هیچ جیاوازی و پەردەیەك لە نێوان خۆیان و جیهانی دەرەوەدا نەدەبینی. (شێخی ئیشراق) دەینووسیی چۆن پشت بە ئەستێرەناسیی دەبەستن، بەڵام پشت بە نیشانەی حەكیمان كە فەلەكی مەعنەوییان بینیوە نابەستن؟ هەر لەسەر ئەم پشتبەستنەش بوو لەبارەی نوورەكانی اسفهبدیە و قواهر اعلون و ئایدیای ئەفلاتۆنی و مۆسیقای ئەفلاك و دە عەقڵەكان و ...هتد بە ئاسانی و ئازایەتیەوە قسەیان دەكرد و كەمتر لەبارەی تواناكانی ئەم عەقڵەوە كە ئامرازی ئەم دۆزینەوانانەیە، تێڕامانیان دەكرد. بەڵام ئەو كاتەی (كانت) لەبارەی بیركردنەوەی فەلسەفییەوە بۆچوونەكانی خۆی خستەڕوو و لەو كاتەوەی مەعریفەتناسیی بە مانای ووردی ووشە لە دایكبوو، ئەوە دەركەوت مرۆڤ عەقڵی لە دەستوری كاری خۆی داناوە تاكو لەبارەیانەوە سەرلەنوێ‌ بیربكاتەوە. خودی ئەمەش باشترین نیشانەبوو بۆ پیشاندانی ئەم داخوازییەی كە مرۆڤەكان لە كوێوە بۆ كوێ‌ سەفەرییان كردوە. لەبەرئەوە عەقڵگەرایی، تابلۆیەكی ڤۆر پێگەیشتوو و شیاوە تاكو مرۆڤ لێیەوە ئەوە ببینێت چ شتێك بەسەر مرۆڤدا هاتووە و لە كوێوە بە كوێ‌ گەیشتوە. دەڵێین لەبارەی عەقڵ یان لەبارەی زانست یان دەربارەی سوننەت، ئەخلاق، ئایین و ... بیركراوەتەوە و لەبیرمان نەچێت كاتێك لەبارەی شتێكەوە بیر دەكەینەوە، گرنگترین كارێك كە دەتوانرێ‌ لەبارەی ئەو كارەوە ئەنجام بدرێ‌، رەخنەگرتنە. لەبەرئەوە هیچ كێشەیەكی نییە ئێمە سەردەمی مۆدێرن لەگەڵ سەردەمی رەخنەگرتن "critical" بە یەكسان بزانین. لەم سەردەم و قۆناغەدا عەقڵی رەخنەگر هاتە ناو گۆڕەپانی كارەكەوە و نەك تەنها رەخنەی لە ئایین، سوننەت، ئەخلاق و زمان و زانست گرت، بەڵكو خۆیشی خستەناو رەخنە و رەخنەی لە خۆیشی گرت. لەبەرئەوە قسەی پێشووی خۆی لەبارەی پێناسەی جیهانی نوێ‌ كە بە هاتنە دەرەوەی مرۆڤ لە ژینگەی تیكەڵبوو بە بێئاگایی و نەزانی سوننەت و نیگای هۆشیرانە بۆ جیهان هاوڕا بوو، بەمجۆرە تەواوی دەكەین كە ئەم نیگای هۆشیارانە، نیگایەكی رەخنەگرانەش بوو، لەبەرئەوە قۆناغی دواتریش كە قۆناغی پۆست مۆدێرنیزمیشە، ناوی قوناغی پۆست رەخنەگرتن "post critical"یشیان لێناوە. هاوڕابوونی ئەم دوو زاراوەیە بەیەكەوە "واتە، پۆست مۆدێرنیزم و پۆست كریتیكال" بە تەواوی مانادار و روونە. ئەو كاتەی مرۆڤ لە مۆدێرنیزم تێدەپەڕێ‌، دەبێت لە قۆناغی رەخنەگرانە تێپەڕ ببێت و بە قۆناغی پۆست رەخنەگرانە بگات كە قۆناغی پۆست مۆدێرنیزم یان قۆناغی پۆست رەخنەگرانەیە. لە قۆناغی مۆدێرندا، عەقڵ لەسەرووی رەخنەگرتنەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر بەرێزە و لە راستیدا جێنشینە خودایە لە قۆناغە دێرینەكاندا، بەڵام لە قۆناغی پۆست مۆدێرنیزمدا خودا هیچ جێگرەوەیەكی نییە و گۆڕەپانەكە لە هەر جۆرە بنەمایەكی سەربەخۆ و پیرۆز خاڵی بۆتەوە.
بۆیە عەقڵانییەت لە دوو شوێنەوە هێرشی كرایە سەر. یەكێكیان لە لایەن سەنگەر فەیلەسوفە عەقڵگەراكانەوە و ئەویتریان لە لایەن سەنگەری فەیلەسوفانی هەستگەراوە. هەردووكیشیان بەرهەمێكی زیاتریان بەرهەم نەهێنا ئەویش پشت نەبەستن بوو بە عەقڵ. بەڵام لە سەنگەری فەیلەسوفانی عەقڵگەراوە، لەو كاتەوە كە (هیگڵ) مێژووبوون و بابەتی مێژووی لە فیكر و ژیانی مرۆڤدا خستەڕوو و بە تایبەت ئەم حوكمەی فێری مرۆڤەكان كرد كە گەرچی مومكینە ئەوان خۆیان بە قارەمان یان كاركردوو بزانن و بەو جۆرە وێنا بكەن جیهان بە پێی مەبەست و تەگبیری ئەوان بسوڕێت، بەڵام لە راستیدا خودی ئەوان فەرمانبەر و كارگوزاری بوونەوەرێكی سەروووترن كە بێئاگایانە و نەزانانە فەرمانیان بەسەردا دەدات "ئەندێشەیەك كە بوویە گەوهەری تیۆریای ئایدۆلۆژیای (ماركس) و ئەو كەسانەش پاش ئەو هاتن، دەژمێردرێت"، لە راستیدا بێ‌ متمانەبوون لە جیهانی نوێدا لەمەڕ عەقڵ و سەبارەت بە عەقڵ تەلقینی لەسەردرا و توندتربوویەوە. لەسەر ئەم بنەمایە مرۆڤەكان لەسەرووی ئەوەی بیردەكەنەوە و هەڵسەنگاندن دەكەن و داوەری دەكەن و بە دوای ئەوەشدا كردار ئەنجام دەدەن و خۆیان لەم پرۆسە سەربەست و دوور لە ناچاری بە عاقڵ و بە ئاگا دەزانن، هیچ یەك لەم قۆناغانە بەدەستی ئەوان روونادات، بەڵكو كەسێكی دیكە لەواندا دێت و دەڕوات و هۆی بزووتنیانە. خەڵكیش جەستەیەك زیاتر نین كە لە دەستی كەسێكی رۆحێكی باڵاتردا بە ناوی مێژووەوە كۆت و بەند و ئەسیرن و ئامانج و مەبەستەكانی ئەو دەهێننەدی. بەڵام خۆیان وا دەزانن هەمووكارێك دەكەن و ئامانج و ئارەزووەكانی خۆیان بەدەست دەهێنن. جەبری مێژوو گەر هەیە، ئەمەیە. لە هەر شوێنێكیش جەبر لە دەرگایەكەوە بێتە دەرەوە، ئازادی لە دەرگاكەی ترەوە رادەكات و عەقڵیش كە گەوهەرەكەی ئازادییە، ناچار رادەكات و هەرلەبەرئەمەش فەلسەفەی (هیگڵ) كە لە ریزی فەلسەفە كردارییەكاندا هەژمار دەكرێت، لە راستیدا فەلسەفەی دژە ئازادی و دژە عەقڵە و لە پێگەی رەخنەی عەقڵدا، نەك چاكسازی تێد ناكات، بەڵكو لە سێدارەی دەدات. دەبینین فەلسەفی نوێی زانستیش ووردە وورد بەرەو ئێرە هاتووە و روەو ئەم شتانە هاتوە و زانست بە جۆرێك لە ئایدۆلۆژیا دەزانێ‌ و لە راستیشدا لە هەر شوێنێك عەقڵ و زانست وەلا بنرێن، شتێك نامێنێتەوە. تیۆریای ماركسیزم لە بارەی ئایدۆلۆژیاوە لە راستیدا تیۆریایەكە ئەوە رادەگەێنێت عەقڵ لە ژیاندا بە تەواوی بێكار و بێ ئیشە. ئەوەشی فەرمان بەسەر مرۆڤەكاندا دەكات ، كۆمەڵە شتانێكی ناراستن و كاتیك قۆناغیان تێپەڕی پوچی و كرچ و كاڵیان ئاشكرا دەبێت. ئەگەر بتوانین (ماركس) ناوبنێین بە فەیلەسوفێكی هەستگەرا ، هەرگیز ناتوانین ناوێكی لەمجۆرە لە (هیگڵ) بنێین. بەڵام ئەو دوو مەزنە كە ئەندێشەكانیان بە توندی و بە هێزی لە جیهانی نوێدا كاریگەرییان هەیە، شتێكی بەڵگەنەویستە خزمەتێكی زۆریان بە نوێبوونەوەی جیهان كردوە، ئەویش لە رێگەی هێرشكردن و لێدانی عەقڵ و كەمكردنەوەی رۆڵی لە پەیوەندییەكانی مرۆڤەكان و ناسینی سروشتدا. دیارە ئەمجۆرە چوونە ناو داوەریكردنەوە هاوڕا لەگەڵ روانینی رەخنەگرانە بۆ زانا و جیهانیش هەیە. ئەوكەسەی باوەڕی وایە مرۆڤەكان لە كۆت و بەندی شتانی ناراست و هەڵگەڕاوە و وەهمن، ناچار باوەڕیشی وایە خۆی لە دەرەوەی ئەمە هاتووە و ئەم فێڵ و شتە ناراستەی ئەوانیتر دەبینێت. ئەو كەسەی باوەڕی وابێت قۆناغێك تێپەڕی، و قۆناغێكی تر گەیشت، راز و نهێنی ئەو ئەندێشە و ئایدۆلۆژیا پێشوانە ئاشكرا و كەشف دەبن، لە راستیدا دەیەوێ‌ بڵێت ئێمە لە كۆت و بەندی قۆناغەكان رزگارمان بووە. بەمجۆرە مرۆڤی جیهانی نوێ لە ژێر ئەم فێركارییانەدا لە دایكبوو، دواجار و لە كۆتاییدا بە كەمترین پشت بەستن بە عەقڵ، عەقڵگەرایی "راسیۆنالیزم"ی "دیكارت و ئەسپینۆزا و لایب نیتس" عەقڵگەراییەك بوو خوازیاری یەقین و باوەڕی وابوو عەقڵ، سەرچاوە "هەندێجار تەنها سەرچاوە"ی مەعریفەتە. بە جیابوونەوە و شتانی یەقین و لەیەك جیابوو. لە جیهاندا پێویستی و هۆكاری بە بەردەوام دەبینی و بۆ شتەكان بە سروشت و داخوازی سروشتی قایل بوو و لە شتە گشتیەكاندا باوەڕی بە ریالیزم یان واقیعگەرایی هەبوو و هەروەها زانستی پێشینەی لەمەڕ سروشتی قبوڵ دەكرد و لەگەڵ میتافیزیكدا سازشی كردبوو و، مێژووییبوونی نەدەهێنایە ناو عەقڵ و زانستەوە. بۆ عەقڵیش قایل نەبوو بە هەڵەی سیستماتیك. بەڵام لەگەڵ (هیگڵ) و (ماركس) و "هەڵبەتە فیختە و شوپنهاوەر"، ئەم عەقڵانییەتە درێژەی نەكێشا و رەخنەی مێژوویبوونی هەموو شتێكی بە لافاوی گۆڕانكاری برد. گەرچی (هیگڵ) سەربە سوننەتی فەلسەفی عەقڵانی دەزانن، بەڵام لە راستیدا ئەو دژی عەقڵانیترین فەیلەسوفانە و "دەروونی رەها"ی ئەو ئەو كارەی لە جیهاندا دەیكات، پاككردنەوەی عەقڵە لەبەردەم رێگەكەی خۆیدا. نەك تەنها لە فەلسەفەی ئەودا ، بەڵگەهێناوەیەك بە شێواز و كرۆكی "دیكارت و كانت" بوونی نییە، بەڵكو لە رەگ و ریشەی هەر جۆرە بەڵگەیەك دەدات. (كانت) قسەی لەبارەی سنوورداربوونی عەقڵەوە دەكرد، بەڵام (هیگڵ) گوێی بە عەقڵ نەدەدا لە دەروازەیەكەوە سەیری جیهانی دەكرد و بۆ جیهانی دەڕوانی كە عەقڵ بەرچاونەدەكەوت. لە تایبەتمەندییەكانی سەردەمی نوێ‌ هەر ئەم روانینە مێژوویی و رەخنەی مێژووییە كە واڵاكەری رێگەی رێژەگەراییە و هەمان ئەوەیە كە ئەزموونگەرایش لە كۆتاییدا كەوتە داوی یان دامێنییەوە و بە هەمان ئەو جێگەیە گەیشت كە (هیگڵ)ی "نا زانستی و ناعەقڵی" پێی گەیشتبوو. بۆیە ئەمە ئەنجامێك بوو كە عەقڵگەرایی پێی گەیشت، واتە نەفیكردنی عەقڵ. لە لایەكی ترەوە ئیمپریستەكان بە نەفیكردنی حوكمە ناعەقڵانییەكان دەستیان پێكرد، بەڵام لە كۆتاییدا ناتەواوی و كەموكوڕییان خستە ناو ئەزموونگەراییەوە و هەمیش گەیشتن بە كۆمەڵە حوكمێكی فەلسەفەی عەقڵگەرایی و گەردنیان دانا. سەیری تەنزی مێژوو بكەن كە جۆرێك عەقڵگەرایی لە دڵی ئیمپیریسم سەری دەرهێنا، گەرچی لە كۆتاییدا هەردووكیان سەریان خستە سەر یەك سەرین، واتە رێژەگەرایی و نەفیكردنی یەقین و چوونە ناو جیهانی كەڵكەڵە و ژاوەژاوی رەها و بەردەوام. (لاك و هیوم و بركلی و میل) و ...هتد كە ناتەواوی و كەموكوڕییان خستە ناو بۆچوونی عەقڵی تانەیان لە پێویستی و هۆكار و شتە گشتیەكان و فیترەت و سروشت و مەعریفەی پێشین دا، ئەمڕۆ جێنیشینیان پەیداكردوە كە بە هەمان ئامرازی لۆژیك و ئەزموون، عەقڵگەرایی زیندوو دەكەنەوە.
لۆژیكییە نوێكان كە بە پێشەكی تەواو شایەنی قبوڵكردن دەستیان كرد بە كار و بەڵگە بۆ هەستگەراكان لە نێو ئەمانەشدا لۆژیكزانێكی ئەمریكی بەناوی (كریپ كی -S.Kripke) بوونی هەیە، باوەڕی وایە لە رێگەی نوقم بوون لە ناو مانای ناوە تایبەتەكان، ئەوەی سەلماندووە كە چیەتی "ماهیت" و سروشت و داخوازییە پێویستەكان لە جیهانی دەرەوەدا بوونیان هەیە و بەمجۆرە نییە كە پێویستی تەنها لە گوزارەكاندا سنوردار بێت "هەر بەو جۆرەی ئەزموونگەرایی دەیوت" و لە دەرەوەی ئەمەدا هیچ نیشانە و هێمایەك لەبارەیەوە نەبێت. كەسێكی وەكو (چۆمسكی) (Chomsky) لە جیهانی نوێدا ئەویش بە شێوە و شێواز و رێگەی تەواو وەرگیراو و قبوڵكراوی هەستگەراكان بەم ئەنجامە گەیشتوە كە ئایدیا و وێناكردنە فیترییەكان لە لای مرۆڤ بوونیان هەیە و بە لایەنی كەمەوە شتێك بەناوی رێزمانی زمان بوونی هەیە كە شتێكی بەدەستهاتوو نەبووە و هەمووان ئەو شتەیان هەیە"ئەم پیاوەیان بە زیندووكەرەوەی ئەندێشەكانی (دیكارت) زانیوە". هــەروەها ئەزموونگەرای زۆر رەق و بەســتوو، كواین (Quine) بە دەستەواژەی خۆی هێرشی توندی كردۆتە سەر دۆگمایی ئەزموونگەرایی و هەوڵیدا تاكو ئەوە پیشان بدات كە بۆ نموونە ئەو جیاوازی و جیاكارییەی لە نێوان بابەتە ئاڵۆز و چڕ و شیكارییەكاندا دایان دەنا بەڵگەیەكی لەو جۆرەی نەبووە و نییە. ئەو لە وتارە بەنـــاوبانگەكەی لە ژێر ناونیشانی "دوو دۆگـمایی ئەزموونگەرایی" (Two dogmas of Empiricism) باس لەوە دەكات كە دۆگمی هەڵوەشاندنەوەی شیكاری "ئەنالتیك" لە سینتاتیك كە لە "كانت"ەوە دەستی پێكرد و رەگ و ریشەكانی لە بەرهەمەكانی (هیوم)دا دەبینرێت و دواتر بوویە گەورەترین سەرمایەی فەیلەسوفانی ئەزموونگەرا و شیكاری"، دۆگماییەكی لاوازە و خۆی پشتی بە هاوواتا بەستوە و پشتی بەو هەڵوەشاندنەوەیە بەستوە و لەبەرئەوە كارێكی نەزانراو و لیڵ و گوماناوییە. هەروەها ئەو باس لە دۆگمیكی تر دەكات ئەویش ئەوەیە بە گوتەی ئەزموونەگەراكان ، گوزارەیەك دەتوانێت بە تەنهایی لە دادگاری ئەزمووندا ئامادە بێت و دروستی و نادروستی ئاشكرا بكرێت. ئەو لە كۆتاییدا بۆ جۆرێك لە گشتگەرایی "Holism" دەگەڕێتەوە و بەهێزی دەكات. دەبینین ئەندێشەگەلێكی وەكو پێویستی، فیترەت، سروشت و ...هتد كە زۆر بە توندی ئەزموونگەراكان ئینكارییان لێدەكردن، یەك لە دوای یەك سەریان دەرهێنا و دووبارە خۆیان دەنوێنن. دەڵێی عەقڵانییەتی سوننەتی ژیانێكی نوێی بەبەردا هاتۆتەوە. كۆتا سەنگەری عەقڵانییەت كە فەلسەفەی نیو(كانتی پۆپەر)ی بوو دەركەوت و فەیلەسوفانی وەكو (كوهن و فایرابند "هەروەها (ریچارد رورتی) لە لایەكی ترەوە" هەنگاویان نا بەرەو ناو شیو و دۆڵی میژووییبوون و رێژەگەرایی و رێگەی زانستیی و لۆژیكی دۆزینەوە وداوەرییان كردە قوربانی مێژووییبوون كرد و زانستی نوێش كە دەگمەنترین روخساری عەقڵی نوێ‌ بوو، لەبەردەم رێژەگەراییدا سەریان بڕی و وەكو ئایدۆلۆژیا، بێ‌ بەڵگە بە هۆكاریان دانا و گەرچی ئێستا لە ئەنجامەكانی ترسیان هەیە، بەڵام رێگەی گەڕانەوەیان بۆ بەهەشتی لە دەستچوو نییە و ئەنجامەكەشی ئەوە بوو كە بە گوتەی (ریچارد رورتی): رۆژگارێك عەقڵ جێنشینی خودا بوو، واتە خودایی دەكرد، بەڵام ئەمڕۆ هیچ خودایەكمان نییە، نە عەقڵ و نە شتەكانی تر. پۆست مۆدێرنیزم بەم بیروباوەڕانە لە دایكبووە بەوەی هیچ پشت و پەنا و تەكیەگایەك بوونی نییە و لەبەرئەوە دەبێت لە گەڕان بە دوای حەقیقەتدا نائومێد بین و دەبێت جیهان هەروەك دەقێك بخوێنینەوە كە رەنگە مانایەكی هەبێت، بەڵام بوونی مانا جیاواز لە بوونی حەقیقەت. شیعریش مانای هەیە، گەرچی دەتوانێت سەراپا ئەفسانە و مەجاز بێت، لەسەرووی شێواز و مەبەستی پۆست مۆدێرنیزم لــە خوێندنەوەی دەقدا، هــەڵدانەوەی لاپـــــەڕەكانییەتی (Deconstruction)، واتە دۆزینەوەی دژیەكیەكان، نەوتراوەكان و نموونەی ئەمانە، نەك تێگەیشتن لە مەبەستی نووسەر. پۆست مۆدێرنیزم بە هەر شوێنێك گەیشتوە، دەستی رەددانەوەی لە سنگی عەقڵ داوە، لە دەروونناسیدا ئینكاریكەری بكەری عاقڵ و لۆژیكییە، لە بەڕێوەبردندا پێچەوانە و دژی بەرنامەرێژی هەڵسەنگێنراو و چڕبوەو و یان پشت بەستنە بە پسپۆڕەكان، لە سیاسیەتدا، دژی بوروكراسیی و دیموكراسیی و رێكخستە كۆییەكانە و باڵی راست و چەپ ناناسێت و لایەنگری جۆرێك ئەنارشیزمە. لە مەعریفەتدا لایەنگری رێژەگەرایی و گومانگەرایی و مێژووییبوونە، هەروەها سنوری نێوان عەقڵ و دێوانەیی زۆر بە سەختی بە ناتەواو دەزانێت. لەگەڵ هەموو ئەمەشدا گەرچی یەقین بە شتێك دەزانێ‌ كە پێی ناگەین، بەڵام زۆر بە توندی لە حەسرەتی یەقیندایە. یەقینی بە شتێك پەیدا كردوە و ئەویش ئەوەیە كە ئێمە هەرگیز ناتوانین جیهانی پڕ لە یەقینی غەفڵەت ئامێزی پێشینان نوێ‌ بكەینەوە و بەو ئامادەگییە بیهێنینە ئێرە. ئەوەی ئارامی بە كەسانی رابردوو دەدا، ئەوەی دونیای كۆنی دەكردە دونیای كۆن، هەبوونی "یەقین" بوو، ئەویش یەقینێكی غەفڵەتاوی و تێكەڵ بە بێئاگایی. واتە لە یەقیندا ژیان بەسەر بردن و نەزانینی ئەوەی ئەم بابەتەی كە یەقین چ بەخششێكی گرانبەهایە. واتە بیرنەكردنەوە لە یەقین و نەشكاندنی و نەبوونی بابەتی لەسەر ئەم چەمكە و نەلەرزین لەبەرامبەریدا. راستە مرۆڤی نوێش بە دوای یەقیندا دەگەڕێ‌، راستە مرۆڤی نوێ‌ بە چاكی پەی بەوە بردوە ئەوەی كە كەسانی رابردوو بە یەقین هەژماریان دەكرد و بە ئاسانی وایاندەزانی لە باوەشیدان، ئەمڕۆ ناتوانرێ‌ بە ئاسانی فەتوا بە یەقینیی بوونی بدرێت، بەڵام هەر ئەم مرۆڤە نوێیە بۆی دەركەوتووە كە گەڕانەوە بۆ رابردوو بە شێوەیەكی تەواو نامومكین. ئەمەش خاڵی بنەڕەتی و سەرەكیە كە بۆمان دەربكەوێت بۆچی و بە چ بەڵگەیەك گەڕانەوە بۆ رابردوو بۆ مرۆڤی نوێ‌ نامومكینە. ئایا ئەم داخوازییە بە تەواوی بانگەشەیەكە؟ یاخو ئەو رێگەیەی كە بڕیومانە بە جۆرێكە بەم جۆرە بە ئاسانی رێگەی گەڕانەوەمان بۆ سەرزەمینەكانی پێشوو نادات. هەركات مرۆڤ لە مەعریفەی پلەی یەكەمەوە هەنگاوی بەرەو مەعریفەتی پلە دوو نا و هەر كات لە شتێك دووركەوتەوە و لە دەرەوە بە روانینی رەخنەگرانەوە سەیری كرد، ئیدی مەحاڵە ئەو بابەتە بۆی هەر بەو جۆرە بێت كە پێشتر هەبووە، ئیدی ئەم بابەتە ئایین بێت، یان مەعریفە، یان ئەخلاق و یان هەر شتێكی دی. ناڵێم ئەخلاق نامێنێتەوە، ناڵێم ئایین و مەعریفە و هونەر و ...هتد نامێننەوە، بەڵكو ئەوەی دەمێنێتەوە شێوە و روخسار و گەوهەرێكی تر بە خۆیەوە وەردەگرێت و لەبەرئەوە گەڕانەوە بۆ دۆخی پێشوو بە رەهایی "موتەڵەقی" شتێكی نامومكین دەبێت. ئەمڕۆ دژواری مۆدێرنیزم لەگەڵ دژیەكی مۆدێرنیزم كتومت لەم مانایەدا شاردراوەتەوە. لە لایەكەوە ناتوانێت بگەڕێیتەوە و ببەسترێیتەوە بە رابردووەوە. چاوی ئەو بەرامبەر بە رابردوو كراوەتەوە و ئیدی ناتوانێت هەروەك مرۆڤێك بێئاگا و چاوبەستراوی رابردووی نوقم بوو لە حوكم و بۆچوونەكانی خۆیدا بێت. ناتوانرێ‌ جارێكی تر ئەم چاو و گوێچكەیە ببەسترێن. مرۆڤ كە سەیری عەقڵ و ئایینداری و ئەخلاقی و بۆنەكانی تری خۆی كردوە، ئیدی ناتوانێت ئەوە بێت كە پێشتر هەبووە. گەڕانەوە بۆ رابردوو ئیدی بۆ ئەو ئاسان نییە. ئەو كەسانەی ئەمڕۆ چارەسەی واقیعی لە گەڕانەوە بۆ رابردوو دەزانن، هەڵە دەكەن و لە بنەڕەتدا دۆخێكی لەمجۆرە رێگەی ئەو گەڕانەوەیە نادات. بەڵام لە لایەكی ترەوە تێپەڕین بەرەو پۆت مۆدێرنیزم چارەسەی كێشەكە نییە. ئەم بنبەستە دوانەییە كە مرۆڤی نوێ‌ لەگەڵیدا رووبەڕووە، هەمان ئەو شتەیە كە ئێمە بە دژیەكی مۆدێرنیزم روونمان كردوەتەوە و باسمان لێوە كردوە، ئەو پیرۆزكردنەوەی عەقڵ لە مۆدێرنیزمدا كە دەكرێت، بە تەواوی لەگەڵ ئەو پێگەیەی بۆ عەقڵ قایل، گونجاو نییە.
مرۆڤی نوێ‌ بە رێژەگەرایی گەیشتوە و ئەم رێژەگەراییە لەگەڵ ئەو ریژەگەراییەی كە هەندێجار لە لای هەندێك لە بیرمەندانی كۆن دەیبینین، زۆر جیاوازە. ئەم رێژەگەراییە هۆكارەكەی كۆبوونەوە و كەڵەكەبوونی ئەو یەقینانەیە كە مرۆڤ پێیان گەیشتوە و بەدەستی هێناون. هۆكار پێكدادانی ئەو ناسینانەیە پەیدای كردوون. هەروەها هۆكارەكەی ئەو تێڕامانەیە لە لایەن كەسە ژیرەكانەوە ئەنجامدراوە. ئەمەش كۆتا دەستكەوتێكە بۆ مرۆڤی نوێ‌ پەیدا بووە. كاتێك ئێوە سەیری دۆخی پێشووتان دەكەن، كاتێ‌ سەیری جۆراوجۆریەتی ئەندێشەكان و جۆراوجۆری و جیاوازی جیهانەكان دەكەن، بە تایبەت كاتێ‌ بە چاوی ئایدۆلۆژیایەكەوە سەیری زانست دەكەن و رۆڵی وەهمی و هەڵە لە مەعریفەی مرۆیی بەرجەستە دەكەن، دەگەنە ئەو جێگەیەی كە فەیلەسوفان و بیرمەندان و بە شێوەیەكی گشتی مرۆڤی نوێ‌ پێی گەیشتوە، لە دۆخێكی لەمجۆرەدا سەرنجتان بۆ لای ئەوە دەڕوات دەڵێی هەر ئەندێشەیەك پەیوەستە بە قۆناغێكەوە. دەڵێی هەر ناوچەیەك و سەردەمی فیكری و مەعریفی و ناسینی گونجاوی لەگەڵ خۆی هەیە و هیچ پێوەر و پێوانەیەكی سەروو مرۆیی بۆ هەڵسەنگاندنی قۆناغەكان و هەق و ناهەقی ئەندێشە بوونی نییە. هەمیشە هەق لە دوو توێی كۆمەڵە مانایەك دەدۆزێتەوە و دەڵێی شتانی دیار و بەرچاو بە شێوەیەكی تەواو وەستاون. ئەندێشە گەلێك كە ئێستاش لە تایبەت لە كۆمەڵناسیی مەعریفەت یان كۆمەڵناسیی زانستدا دەخرێنەڕوو، پەردە لەسەر ئەم مانایە لادەبەن و بە دیارترین روو و شێواز باس لە دۆخی مەعریفی مرڤ دەكەن، كە چەند نادیار و نەبینراون. دەبینین میوەیەكی زۆر ئاودار لەسەر لقی مۆدێرنیزمدا دەركەوتوە و ئەو میوەیەش رێژەگەرایی (Relativism)ە، كەسانی رابردوو رێژەگەرا نەبوون، بەڵام نەك بە بەڵگەی ئەوەی رێژەگەراییان ناسیبوو و رەدیان كردبوویەوە، بەڵكو لەبەرئەوەی كە هێشتا پێی لەسەر كورسی مەعریفەی پلە دوو و دواتر دانەنابوو. نەفیكردن و سەلماندنیان لەمەڕ بیروباوەڕەكان بە زۆر رەنگیكی تر هەبوو و بە شێوەیەكی تر لەم زەمینانە قسەیان دەكرد و دەیانڕوانی. مرۆڤی نوێ‌ بە رێژەگەرایی گەیشتوە. هاتنە دەرەوە لە رێژەگەرایی ارێكی ئاسان نییە. ئەم ئەندێشەیە یان نابێت بخرێتەڕوو یان ئەگەر خرایە ڕوو، دەرمانێكی روون و دیار نادۆزرێتەوە. رێگەیەكی بێ‌ گەڕانەوەیە و لە دوو لاوە گەیشتۆتە بنبەست. لە لایەكەوە رێگەی گەڕانەوە بۆ یەقینی بێئاگایانەی كەسانی رابردوو نامومكینە و لە لایەكی ترەوە بەرگەگرتنی رێژەگەراییش كارێكی ئاسان نییە. واتە ئەو یەقینە، یەقینێكی خوازراو بوو، بەڵام هاوڕا بوو لەگەڵ بێئاگایی سەرزەنشتكراودا و ئەم رێژەگەراییەش رێژەگەراییەكی فەرلمۆشكراوە، بەڵام هاوڕا لەگەڵ هۆشیارییەكی شانازیكەر كە بۆ مرۆڤ دروستبووە. بەم شێوەیە مرۆڤی نوێ‌ گرفتاری دژیەكیەك و رێگەیەكی بێ‌ گەڕانەوە و بن ببەست بووە. قۆناغی پۆست مۆدێرنیزم، قۆناغی بە فەرمی ناسینی پشت نەبەستن بە عەقڵە و باوەڕبوون بەم داخوازییە كە ئیدی شوێنگە و پەناگەیەك بۆ عەقڵ وێران بووە بوونی نییە. لە قۆناغەكانی مۆدێرنیزمدا، رێژەگەرایی ئازار دەگەێنێت، دەڵێی دڕكێكە كە چۆتە ناو چاوی ژیرییەوە. بەڵام لەم سەردەم و قۆناغەدا ئەم دڕكە بە فەرمی ناسێنراوە و هەوڵدەدرێت تاكو بە ژیری بڵێن چارەنووسی تۆ ئەمەیە لەگەڵ ئەم دڕكە هەڵبكەیت و بژیت. هەر لەبەرئەمەیە لە سەردەمی رەخنەگرتندا، هەوڵ و كۆشش لەسەر ئەوە بوو خراپبوون، بوونی ئازار و نەخواستنی ئەم دڕكە بناسرێت و نیوە ئومێدێك بوو بەوەی رۆژێك و رۆژگارێك ئەم دڕكە بە دەستی قارەمانێك لە چاوی ژێری بێتە دەرەوە، بەڵام لە سەردەمی پۆست مۆدێرنیزمدا ئەم ئومێدە بە تەواوی بە بادا چووە.
كەسانێكی وەك (میشیل فۆكۆ) و ئەوانیتر كە "مێژووی دێوانەیی"یان نووسی، كتومت لەبەرئەوەیە لە عەقڵ نائومێدبوون و زۆر بە سەختی سنووری نێوان عەقڵ و دێوانەییان لەلا لێڵ و بریندار بووە. دژیەكی مۆدێنیزم هەر ئەمەیە. لە لایەكەوە ناتوانێت بۆ رابردوو بگەڕێتەوە و یەقینی لە دەستچوو بە شێوەی پێشوو ئیدی گەڕانەوەی بۆ نییە. لە لایەكی ترەوە ئامۆژگاریكردن بۆ پۆست مۆدێرنیزم، واتە هەڵكردن و دروستبوون لەگەڵ ئەم رێژەگەراییە و ژیان بەسەربردن لە دڵیدا بۆ هەموو مرۆڤەكان كارێكی ئاسان نییە. گوشراوی قسەی من ئەوەیە لە قۆناغی پۆست مۆدێرنیزمدا دوو شت پەردەیان دڕاوە، یەكێكیان پەردەی یەقین و ئەویتریان پەردەی بێئاگایی. ئەمە شتێكی تر نییە جگە لە هۆكاری سەیركردن و روانین لە دەرەوە و لە سەرەوە بۆ بێئاگایی و بۆ یەقین "مەعریفەتی پلە دوو". ئادەمیزاد دەیەوێت ئەو یەقینە بێئاگاییەی رابردوو دووبارە بكاتەوە، بەڵام ناتوانێت. لەبەرئەوە پۆست مۆدێرنیزم فێری دەكات كە تۆ دەبێت لە بێ‌ یەقینی و نەبوونی یەقین و ئاگاییدا ژیان بەسەر بەریت. ئەزموونی مرۆڤی ئایندە ئەوەمان پیشاندەدات كە ئایا ژیان لە نێو دەریایەكی خاڵی لە یەقین و نەبوونی بێئاگاییدا دەكرێ‌ بوونی ببێت یان نا؟ بە دڵنیاییەوە ئەزموونێكی تاڵ و ئازاراوی دەبێت. ئەو مرۆڤەی لە بەهەشتی یەقین و لە بەهەشتی بێئاگاییدا ژیانی بەسەر دەبرد، بە وەسوەسەی شەیتانی مۆدێرنیزم لەو بەهەشتە كرایە دەرەوە و دیار نییە تەوبەی دووبارە وەربگیرێت. تەنها رێگەیەك دەمێنێتەوە، ئەویش پەنابردنە بەر دامێنی عاریفان. ئەگەر شتێك بتوانێت كێشەی بێ‌ یەقینی و ئاگایی چارەسەر بكات هەمان ئەو میراتە دێرینەی عاریفانە، كە لە هەمان سەرەتاوە ئەم گومان و دوو دڵییەی لە عەقڵانییەت هەبووە.
باسكردنی خاڵێكی بنەڕەتی بەمەبەستی رێگری لە هەڵە تێگەیشتن لەم وتارە پێویستە. ئەم قسانە تایبەتن بە كەسانی تایبەت و مۆدێرنیزم و پۆست مۆدیرنیزم كەڵكەڵەی كەسانی تایبەتە. زۆربەی خەڵكی لە هەمان دونیای كۆن، دێرین و سوننەتیدا بە میرات بەجێماو، ژیان بەسەر دەبەن و ئەگەر بڕیار بێت كە ئە پەردەیەی بۆ كەسانی تایبەت دڕاوە، بۆ خەڵكان بە گشتیی بدڕێت، بە تەواوی ژیان وەكو پێشتر نابێت. ئەگەر ئێستا و هێشتا ئارامییەك هەیە و ژیان لەسەر رێباز و ژیانی كەسانی رابردوو هەر بەردەوامە، لەبەرئەوەیە كە جیهانی خەڵكە گشتییەكە، جیهانی كەسانی رابردووە. لەبەرئەوەی ئێستا كە دەڵێین بێئاگایی بوونی نییە، یەقین نییە، بە تەواوی لە مەیدانی كەسانی تایبەتدا مانای دەبێت. بۆ بۆ خەڵكی بە گشتی بەمجۆرە نییە، خەڵكی بە چرای گچكەی ئەو ژیرییەی كە خودا لە بوونیاندا هەڵیكردوە دەژین و، هیچ كێشە نابێت بۆیان. ئەو رێژەگەراییەی كە دەڵێم مرۆڤی نوێ‌ گرفتاری بووە، تەنها لە مەیدانی و بواری كەسانی تایبەتە. لەبەرئەوە نابێت بێهودە هەوڵ بدەین كە ئەم حوكمانە بەسەر هەموواندا بدەین، هەڵبەتە ئەو كەسانەی هاتوونەتە ناو ئەم مەیدان و بوارەوە و ئەم كەڵكەڵانەیان بۆ دروست بووە، ئیدی بەفەرمانكردن و دووركەوتنەوە و بە بەڵێن و وەستان لەگەڵ ئەم مانایە ناوەستن. هەروەها كتومت بۆ هەمان ئەو كۆمەڵە تایبەتەیە كە ئێمە ئامۆژگاری دەكەین، ئەگەر نیشنگەیەك و بەهەشتێك بوونیان هەبێت، هەمان ئەو پەنابردنەیە بۆ پیاوچاكانی خودا و میراتی عیرفانی كە لایەنێكی سەروو عەقڵانی هەیە. بە خوداتان دەسپێرم و بۆ هەمووتان لە دەرگای خودا هیوای یەقین دەخوازم. والسلام •••
تێبینی: ئەم وتارە بەشێكە لە كتێبی (فربەتر از ایدئولوژی) لە نووسینی فەیلەسوفی نــاسراو (د. عبدالكریم سروش) و ئامادەی چاپە.
141 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌       |     Sunday, December 13, 2020
زیاتر
ئایدۆلۆژیا وەك ئامڕاز
نووسینی: شكار یوسف حسن
ئارکۆن و ڕەخنەی عەقڵی دینی
ئەحمەد ڕەسوڵ
رەخنەی نیتشە لە ئایینی مەسیحییەت
نووسینی: هێڤی عبدالله اسماعیل
زمانی راگەیاندنی کوردی و خاڵیبوونەوە لەواتا
نەوزاد جەمال
ئیکیگای خۆتت دۆزیوەتەوە؟
لالە مدحت
پێگەیی سیاسی کورد و هێزەکانی بە هیچ ڕێژیمێك لەبن نایەت
محەممەد سلێمانی
ئێران بێلایەنێکی دۆڕاو جەنگێک فراوانتر لە قەرەباخ
د.هەردی مەهدی میکە
زمان لەنێوان ململانێی شیعر و فەلسەفەدا
مەسعود بابایی
<رەخنەی ئەخلاقی لە دەسەڵات(1)
نووسینی: د. عەبدولكەریم سروش
وەرگێڕانی: هەڵكەوت هەورامی
ماكرۆن پشتیوانی لەبەغدا كردو هەرێمی ئاگاداركردەوە
سەرتیپ جەوهەر
جەنگی ئەمەریكا و ئەفغانستان
نووسینی: نەجمەدین فارس
كێ ئه‌و سه‌ری گه‌ردوون ده‌بینێت؟
د. جەواد بشارە
وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی
ئیخوان ئەلموسلیمین و چارەنووسی بزاوتی ئیسلامیی لە میسر
خوێندنەوەیەكی مێژوویی - سیاسییە
نووسینی: بەرزانی مەلا تەها
سه‌ردانه‌كه‌ى كازمى چیمان پێ ده‌ڵێ؟
سەرتیپ قەشقەیی
دیکتاتۆرەکان هەمیشە براوەن! تەنیا یەکجار دەیدۆڕێنن
ئەردەڵان فەرەجی
له‌باره‌ى ئه‌خلاقی سیاسییه‌وه‌
پ.د. ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د فه‌ره‌ج
نوێگەريی..
زه‌به‌نگ به‌هادین
بێ رێکەوتن کازمی پارە بۆ هەرێم دەنێرێ
سالار مەحمود
پەیوەندی نێوان "پێناسەكردن" و هزر و بیری ناسیۆنالیستی
سەلاح بایەزیدی
كازمی.. دوادەرفەتی ئەمەریکاو ھەڵسانەوەی عێراق؟
ئەبوبەکر کاروانی
ڤایرۆسی كۆرۆنا و پڕۆسه‌ی خوێندن
پ.د. وه‌لی مه‌حمود حه‌مه‌د*
قەوارەی هەرێم؛ لە هەڵێنجانێکی مێژووییەوە بەرەو گوتارێکی ئایندەساز
د.هەردی مەهدی میکە
كاریگه‌ری هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكا له‌ سه‌ر توركیا
شنۆ هیرانی
کورد و حیزبوڵڵا و ئیسرائیل
ئالان م. نوری
کوشتنی روحی ئاینەکان
حەبیب محمد دەروێش
بوون و ماهیەت
شاهۆ عوسمان
پێناسه‌كردنه‌وه‌ی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی جیهان له‌دوای كۆرۆناوه‌
نوسینی: ئان ماری سڵۆته‌ر
سه‌رچاوه‌: پڕۆجێكت سایندیكه‌یت
کاتێک تەلەفیزیۆنێک ئارامیی وڵاتێک تێکئەدات..!
مه‌ریوان وریا قانع
ئایا لە ڕۆژئاوا ئاین و دەستەڵات تەواو لێك دابڕاون؟
ئیبراهیم مەلازادە
چاكسازیی سیاسی: له‌ چیدا، چۆن و بۆچی؟
د. ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د فه‌ره‌ج
فەرەنساو موسڵمانەکانی: سەرنجێکی کورت لەپەیوەندیی نێوان ئیسلام‌و تێرۆر
مەریوان وریا قانع
تورکیا چی دەوێ؟ میساقی میللی چیە؟
ئاسۆس هەردی
كتێبی "گڵێجاڵ لە بەڵگەنامە و بیرەوەرییەكاندا"
ئامادەكردنی: كۆچ
پەڕلەمان و کارکردن بۆ سنوردار کردنی ئازادیەکانی تاک و میدیا
عومەر عەلی
ئەمریكا و كۆتایی بەرپرسیارێتی
د. سەردار عەزیز
چەق و چێوەی سیاسەتکردن پارتی ،یەکێتی، ئەوانی دیکە
ڕەسوڵ خدر
کورد و عێراق
عەتا قەرەداخی
‏کۆتایی تارماییەکانی عیراق
‏پەری مامەسێنی
له‌نێوان پزیشكی و ئابوریناسیدا (ده‌رباره‌ی ریشه‌ی كێشه‌ ئابوریه‌كان و چاره‌سه‌ر)
جیهانگیر سدیق گوڵپی
ریکلامکردن: کوشتنی بەرهەمی خۆوڵاتی
نەوزاد جەمال
سانسۆر.. بەرهەمی بیرێکی فاشیستانەیە
فەرهاد شاکەلی
قسەیەکی کورت دەربارەی: ڕێکەوتنی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات
خەسرەو سایە
كورسی بۆ نەتەوە یان بۆ ئەدەب
جەبار جەمال غەریب
لوبنان و هەرێمی کوردستان
بەیار عومەر
عێراق و ئەمریکا: کۆتایی پشوو؟
د. سه‌ردار عه‌زیز
ئۆپۆزسیۆن لە غیابی حیزبە تەقلیدیەکاندا
گۆران هەلەبجەیی
ئەخلاقیاتی گاڵتەکردن بە ژیانی مرۆڤ
مه‌ریوان وریا قانع
شه‌رم و سیاسه‌ت
ئاراس فەتاح
پڕۆسه‌ی به‌لۆنیا یان پڕۆسه‌ی وێرانکردنی خوێندنی زانکۆیی!!
عبدالقادر گڵۆمانی
لە پەراوێزی پرۆژە یاسای ”ڕێکخستنی میدیای ئەلکترۆنی“دا: بێدەنگیی یان پیسدەنگیی؟
مه‌ریوان وریا قانع
رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش..
خوێندنەوەییەكی سۆسیۆمێژوویی
ئیبراهیم حاجی زەڵمی
لە سەلەفییەتی دەقەوە بۆ سەلەفییەتی جیهادی
حەبیب محەممەد دەروێش
لە بارەی داعش و بونیادگەرایییەوە
ئایندەی سەلەفیگەری پەڕگیر
ن. سەید سادق حەقیقەت
و. هەڵكەوت هەورامی
رات چییه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م سایته‌؟



ژماره   بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
govari koch| All rights reserved © 2010