ئیکیگای خۆتت دۆزیوەتەوە؟ لالە مدحت
کتێبی "ئیکیگای-نهێنی ژاپۆنییەکان بۆ ژیانێکی بەختەوەر و تەمەنێکی درێژ" ڕوونکردنەوە و شیکردنەوە و بەکرداری کردنی چەمکێکە، لە نووسینی هیکتۆر گارسیا و فرانسێس میرالێس، هەڵبەت وەرگێڕانی ئەم کتێبە جیاواز و جێی سەرنجە بەرانبەر بە هەمان کتێب کە دوو وەرگێڕانی دیکەی بۆ کراوە، کە هەردووکیان لە پاش ئەم وەرگێڕانەوەن. ئەم وەرگێڕانە لە لایەن زیاتر لە بیست خوێندکارەوە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی، بە سەرپەرشتی دوو مامۆستای زانکۆ، ئەمەش نیشاندانی هەوڵی خوێندکار و بەرهەمداری مامۆستایە کە پێکەوە جیاوازییەک بکەنە ناو سیستمی چەقبەستووی خوێندنەوە و بتوانن کتێبێکی گرنگی لەم چەشنە ببەخشنە کتێبخانەی کوردی.
پێشەکی ئەم کتێبە لە لایەن هەرێم عوسمان یەکێک لە مامۆستایانی سەرپەرشتیار نووسراوە. زۆر گرنگە پێشەکی بەجۆرێک بنووسرێت کە وابەستەت بکات بە کۆتا پەڕەکان، کاتێک پێشەکی ئەم کتێبە دەخوێنیتەوە خولیای پەڕە دوای پەڕە ڕاتدەکێشێت، گرنگی ئەم کتێبە لەوەدایە بۆ مرۆڤایەتی نووسراوە، بە زمانێکی سادە گوزارشت لە ڕەهەندەکانی ژیان کراوە، بەشێوەیەکی تایبەت تیشکخراوەتە سەر شێوە ژیانی خەڵکی گوندێک[ئۆگیمی] لە ژاپۆن، کە بە گوندی تەمەندرێژی ناسراوە، باس لە ژیانی مرۆڤەکانی ئەو گوندە دەکات، کە بە تەمەنی سەروو سەد ساڵیش، هێشتا پڕ گوڕ و تینن و یادی ڕۆژی لەدایکبوونیان دەکەنەوە. نوسەرەکان لە هەوڵی دۆزینەوەی هۆکاری ئەم بەختەوەری و تەمەندرێژییەن، وردەکاری ژیانیان دەخەنەڕوو، بەجۆرێک خوێنەر سەرسام دەکات، بە خستنە ڕووی کۆمەڵێ ڕەهەندی ژیان کە هۆکاری سەرەکی تەمەن درێژییانە، وەک ڕێکخستنی خۆراک و جوڵەی بەردەوام و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی و گرنگترینی دوورکەوتنەوە و خۆگرتنەوە لە جیهانی تەکنەلۆژیا و گەڕانەوە بۆ سروشت، دڵخۆشی و ئومێد، وازهێنان لە داهاتوو و ڕابردوو، ژیانکردن لە ئێستادا.
زۆر گرنگە بۆ مرۆڤ کە وابەستەیی بوونی بە شتانێک چەقبەستوو و دابڕاوی نەکات لەخود، کاتێک باس لە وەرزشکردن دەکرێت، مەرج نیە وەک ڕۆتیناتێک لێی بڕوانین، ئەوەی لەم کتێبەدا ئاماژەی پێدراوە، ڕۆشتنی پیادە و هەڵسوڕانی کارەکانە بە شێوەیەکی سادە. ئەوەی جێی سەرنجە لەم شێوە ژیان و کەلتوور و تەنانەت زمانەش، ئەوەیە کە مرۆڤەکانی بەردەوام کاران و وشەی خانەنشینبوون و کارنەکردن لە فەرهەنگیاندا نییە، واتە بەردەوام لە جوڵە و کاردان، وازهێنان لە گۆشەگیری و بەکۆمەڵایەتی بوونیش ڕەهەندێکی گرنگە، بەجۆرێک لەم کتێبەدا باس نەکراوە کە بە حاڵەتیش ڕووداوێکی خۆکوشتن ڕوویدابێت، چونکە لایەنی دەرونییان تەواو ئارامە و پەیوەندی هەست و سۆزیان تەواو پتەوە، خواردنی تەندروست و ڕێکخستنی ژەمە خۆراک، بەجۆرێک گۆشتی ماسی و سەوزە و میوە ژەمی بەردەوامیانە، ئەمانەش گرنگترین هۆکارن بۆ تەمەندرێژیان.
وەلێ ئامانجی سەرەکی لە نووسینی ئەم کتێبە ئەوەیە کە خوێنەر بتوانێت لە ژیانیدا ئیکیگای خۆی بدۆزێتەوە، دەبێت ئیکیگای چی بێت؟ هەر مرۆڤێک دەتوانێت لە ڕوانگەی خۆیەوە گوزارشت لەچەمکی ئیکیگای بکات، ئیکیگای هەوڵدانی تاکە بۆ مانابەخشین بە هەرشتێک کە مانابەخش و چێژبەخشە، مرۆ پێویستە لە ژیانیدا ئیکیگای خۆی بدۆزێتەوە، ڕێگا و ئامانجێک، کە بۆ تەمەنێکی درێژ چێژی هەمیشەیی پێ بدات. زۆر گرنگە خوێنەری ئەم کتێبە بین، بۆ دۆزینەوەی دڵخۆشیمان وە ڕێگا و ئامانجی ڕاستەقینەی ژیانمان.
|
426
جار خوێندراوهتهوه |
Sunday, December 6, 2020
|
|
|