ڤایرۆسی كۆرۆنا و پڕۆسه‌ی خوێندن پ.د. وه‌لی مه‌حمود حه‌مه‌د*
هه‌موومان ئاگادارین كه له‌مانگی 12ی 2019ه‌وه له‌وكاته‌وه هه‌واڵه‌كانی جیهان باسوخواسی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسێكیان راگه‌یاند له‌شاری وهانی چین كه به (Covid-19) ناسێنرا، زۆر به‌خێرایی ئه‌و ڤایرۆسه له هه‌موو جیهاندا بڵاوبۆوه، چونكه ڤایرۆسه‌كه جۆرێكی نوێ و ناوازه بوو، راگه‌یاندنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی زۆر به‌ربڵاو كه‌وتنه باسكردنی مه‌ترسیه‌كانی و ترسناكیی له‌سه‌ر گیان و ژیانی مرۆڤ.
چونكه به‌شێكی تر له ڤایرۆسه‌كانی ئه‌م خێزانه كه پێشتر بڵاوده‌بوونه‌وه له ئاژه‌ڵه‌وه ده‌گوازرانه‌وه بۆ مرۆڤ، به‌ڵام له مرۆڤه‌وه نهدهگوازرانهوه بۆ مرۆڤ، به‌ڵام هه‌رزوو ئه‌وه ساغ كرایه‌وه كه ئه‌م ڤایرۆسه نوێیه به‌خێرایی ده‌گوازرێته‌وه له تووشبوویهكهوه بۆ كه‌سانی ساغ، (هه‌ندێك له زانیارییه‌كان وایان راده‌گه‌یاند كه له‌وانه‌یه یه‌ك كه‌سی تووشبوو 10 كه‌سی ساغ تووش بكات.
به‌مه‌ش ترسێكی زۆری له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا دروستكرد كه هه‌موو كه‌رته‌كانی ژیان تووشی شڵه‌ژان و وه‌ستاندن و زیان بوونه‌وه.
لێره له كوردستان له كۆتایی مانگی 2 ی 2020 واته دوو سێ مانگ به‌رله‌وه‌ی ساڵی خوێندن كۆتایی پێبێت و بێ كه‌م و كوڕی و ته‌واو، بڕیاری داخستنی ده‌رگای خوێندنگاكان و زانكۆكان درا.
واتا كه‌رتێكی زۆر هه‌ستیاری ناو كۆمه‌ڵگه تووشی وه‌ستان و داخستن بوو. هه‌رچه‌نده له مانگی ئایاردا بۆ ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك خوێندنی ئه‌له‌كترۆنیی پاڵپشتكاریی نا ئیلزامی له خوێندنی باڵا بڕیاری لێدرا، وه‌ك دۆخێكی ناچاری نه‌خوازراو، به‌ڵام چونكه دۆخه‌كه له‌ناكاو هاته كایه‌وه، له‌لایه‌ك ژێرخانی زانكۆكان و توانای مامۆستاكان له‌و ئاسته‌دا نه‌بوون، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه خوێندكاران و ژێرخانی ته‌كنۆلۆژیی كوردستان له‌بارنه‌بوو پرۆسه‌كه بهكهموكوڕییهوه به‌ڕێكرا و زیانه‌كانی له كۆتایی ساڵی خوێندن و له ئاماره‌كان ده‌رچوو كه قۆناغی 12ی ئاماده‌یی و ته‌واوی قۆناغه‌كانی تری خوێندن هه‌م رێژه‌ی ده‌رچوونی زۆر و نائاسایی، هه‌م هێنانی كۆنمره‌ی زۆر به‌رز و نا ئاسایی بینران.
به‌هه‌رحاڵ ساڵێكی پڕ گرفت به‌ڕێكرا، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم ساڵه‌كه به گشتی 70-75% له ساڵانی پێش خۆی ده‌چوو. واته به ئاست و توانستێكی نزمتر و به‌بوونی گرفت و كێشه‌یه‌كی نوێوه به‌ڕێكرا.
ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت بیلێم زۆر لایه‌ن و ده‌زگا و به‌رپرسان و ده‌زگاكانی تری په‌یوه‌ندیدار و رێكخراوه‌كانی پیشه‌یی و كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و كه‌سوكاری خوێندكار و ………. هتد ، هاوكار و پاڵپشت و هانده‌ر نه‌بوون بۆ به‌ڕێوه‌چوونی خوێندنی ئهلهكترۆنی، یاخود ئۆن-لاین. ئه‌گه‌رنا ده‌توانرا باشتر و چڕتر پرۆسه‌كه به‌ڕێوه‌ببرێت.
زانكۆكان تاڕاده‌یه‌كی باش بۆ ئه‌مساڵی خوێندن (2020-2021) خۆیان بۆ خوێندنی (ئهلهكترۆنی، ئۆن-لاین) ئاماده كردبوو و پلاتفۆرمی تایبه‌ت به زانكۆكان ئاماده‌كرابوون، هه‌ربۆیه‌ش بڕیاری خوێندن به شێوازی (Blended Learning) درا .
واته خوێندنی ئاوێته، به‌ڵام ئه‌وه‌ی راستی بێت له‌مپه‌ره‌كانی به‌رده‌م خوێندنی ئۆن- لاین له‌زۆر به‌ش و قۆناغ و پسپۆڕیی هه‌ر ماون و به‌ته‌واوی خه‌ڵك و خوێندكار قبووڵی نه‌كردووه، ئه‌ویش هۆكاری زۆری هه‌یه، كه لێره‌دا ئاماژه به‌چه‌ند هۆكارێكیان ده‌كه‌ین:
هۆكاره هه‌ره دیار‌و به‌رچاوه‌كان
1-به‌گشتی خوێندنی ناو هۆڵ و رووبه‌ڕوو چاكتره و به‌هێزتره له خوێندنی ئهلهكترۆنی و ئۆن- لاین.
2-ژێرخانی ته‌كنۆلۆژیی هه‌رێم وه‌ك پێویست نییه و كهمو كوڕیی زۆره.
3-هه‌ندێك ململانێی سیاسی و ناكۆكی، كاریگه‌ریی نێگه‌تیڤی هه‌یه.
4-به‌داخه‌وه به گشتی له كوردستان خه‌ڵك ته‌مبه‌ڵ بووه و ئاره‌زووی ئه‌وه‌ی هه‌یه به كه‌مترین ماندووبوون و كات باشترین ده‌ستكه‌وت و پله و پایه‌ی ده‌ست بكه‌وێت، به‌ڵام ئه‌م پرۆسه نوێیه ماندووبوونی زیاتری ده‌وێت و كات ته‌رخانكردن و سه‌لیقه‌یه‌كی باشی پێویسته.
5-دۆخی دارایی و حوكمڕانی و بێ متمانه‌یی خه‌ڵك به حكومه‌ت و نه‌بوونی مووچه و كار‌و كاسبی و پڕۆژه، خه‌ڵكی له حكومه‌ت دڕدۆنگ كردووه، به ئاسانی نایه‌نه ژێرباری بڕیاره‌كانییه‌وه.
6-تا كاتێكی دره‌نگ و بڵاوبوونه‌وه‌ی خێرا و زیادبوونی رێژه‌ی تووشبووان و مردووان، خه‌ڵك بڕوای به نه‌خۆشییه‌كه و ئاماره‌كانی حكومه‌ت نه‌ده‌كرد و ئێستا خه‌ڵك وه‌ك نه‌خۆشییه‌ك و دۆخێكی موزمین سه‌یری ده‌كات.
لێكه‌وته‌كانی ئه‌م دۆخه
*ئه‌گه‌ر كار وابڕوات، تا ماوه‌یه‌كی درێژتر له‌ئێستا له‌خوێندنی په‌روه‌رده (بایكۆت) كردن به‌رده‌وام بێت و بابه‌تی خوێندنی ئهلهكترۆنی و دۆخی مووچه و ژیان باشتر نه‌كرێت، زیانێكی گه‌وره به‌هه‌ردوو كه‌رتی په‌روه‌رده و خوێندنی باڵا ده‌كه‌وێت .
*دۆخه‌كه پێویستی به هه‌ماهه‌نگی هه‌موولایه‌كه حكومه‌ت ده‌بێت جیاكاریی بكات له نێوان پێویست و پێویست تردا، چونكه ئه‌وه رێگه راسته‌كه‌یه و ده‌كرێت چه‌ند فه‌رمانگه‌یه‌ك دابخرێت، به‌ڵام خوێندن و فێربوون خوێندنی باڵا هه‌ر وه‌ستان و بهجێمانێك زیانی گه‌وره‌ی پێ ده‌گه‌یه‌نێت و له‌سه‌ر خێزانی خوێندكارانیشه كه تاچه‌ند ده‌كرێت هاوكاربن و هانی په‌روه‌رده و زانكۆكان بده‌ن كه ئه‌م ئه‌ركه باشتر و چالاكتر رابپه‌ڕێندرێت .
هیچ عه‌یبه‌یه‌كی تێدا نییه سه‌یری جیهانیش بكه‌ین كام میكانیزمی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م ڤایرۆسه و په‌یڕه‌وكردنی چالاكتر و كه‌م زیان تره، ئه‌و شێوازه په‌یڕه‌و بكه‌ین.
له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا ده‌بێت رێنماییه خۆپارێزییه‌كان به‌رده‌وام جه‌ختی له‌سه‌ر بكرێته‌وه و لیژنه و به‌رپرسی بۆ دابندرێت و چاودێریی بكرێت.
وه‌ك باسیشم كرد پێویسته حكومه‌ت به‌گشتی و به‌تایبه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌نگاوی جدی تر و كرداری تر بهاوێژێت بۆئه‌وه‌ی له‌لایه‌ك ئاوڕ له مووچه و ژیانی مامۆستایانی هه‌ردوو وه‌زاره‌ت بداته‌وه و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه چی پێویسته له بابه‌تی خۆپارێزیی و پاك و خاوێنی بیگرێته‌به‌ر و بودجه‌ی تایبه‌تی بۆ ته‌رخان بكات بۆئه‌وه‌ی ساڵی خوێندن به‌مانای خوێندن نه‌فه‌وتێت، چونكه زیانه‌كان چه‌نده زۆرن، ئه‌گه‌ر خوێندنی ساڵ رابگیرێت و ده‌رگای دامه‌زراوه‌كانی خوێندن و په‌روه‌رده دابخرێن، ئه‌وا زیانه‌كانی خوێندنی پچڕ پچڕ و ناته‌واو و ته‌نها به‌ڕێكردن و بڕوانامه پێدانی ره‌مه‌كی هیچ كه‌متر نییه له زیانی ڤایرۆسه‌كه و بگره له‌وانه‌یه زیاتریش بێت، چونكه سروشتی ده‌روونی مرۆڤ وایه، هه‌ركاتێك به ره‌سمی و به‌یاسایی بڕوانامه‌یه‌كی نه‌بێت و به‌ده‌ست نه‌هێنابێت و دیكۆمێنتی نه‌درابێتێ، قبووڵی ده‌كات و رازی ده‌بێت له ئاست و توانست و مافی خۆی، به‌ڵام هه‌ركاتێك مرۆڤه‌كان بڕوانامه‌یه‌كی بێ ناوهڕۆك و به‌تاڵیشی پێ درابێت، به‌ڵام به ره‌سمی و یاسایی و دۆكیومێنت بێت، ئه‌وا خۆی لێ ده‌گۆڕدرێت و خۆی به خاوه‌ن ماف ده‌زانێت و له‌ولاشه‌وه كومهڵگه و ده‌زگاكانی حوكمڕانی و… هتد، زیانمه‌ندی گه‌وره ده‌بن و كاریگه‌ریی خراپ به‌جێ ده‌هێڵێت، تا كار ده‌گاته په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی و ژیان به گشتی.
* *سه‌رۆكی زانكۆی كۆیه
|
155
جار خوێندراوه‌ته‌وه |
Sunday, November 1, 2020
|
|
|