ئایا لە ڕۆژئاوا ئاین و دەستەڵات تەواو لێك دابڕاون؟ ئیبراهیم مەلازادە
ێگومان، ئەوە بابەتێکی فرەڕەهەند و ئاڵۆزە. بەڵام دەتوانین لەچەند دێڕێکدا ئەوە بخەینە ڕوو کە کاریگەری ئاین لەهەموو شوێنێك بەڕێژەی جیاواز هەیە.
قسەکە لێرەدا لەسەر کاریگەری ئاین نیە بەقەد ئەوەی بەسیاسیکردن و دەسوەردانییەتی لە کاروباری سیاسی.
لەڕۆژئاوا، چش لەوەی کە سیستمی سیاسی دەوڵەت، لەسەر بنەمای سەکولاریزم دامەزراون، بە مۆدێلی جیاوازەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش، لەزۆربەی وڵاتە ئەوروپییەکان، بەگشتی کۆمەڵێك حزبی سیاسی، بە باکگراوندی کریستیانی هەن، بێجگە لەبەریتانیا نەمزانیوە هەبێت.
ئەو حزبانە کە ناوی مەسیحییان بەخۆیانەوە لکاندووە، لەوانەش حزبەکەی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئەنجێلا مێرکل، کە دەشچنە ناو ململانێی هەڵبژاردن، هەرگیز بەلای دەسکاریکردنی سیستمی سیاسی وڵاتدا ناڕۆن، لەوە بوونەتەوە کە دەبێ کاروباری دەوڵەت بەپێی ئەو سیستمەی کە لە وڵاتدا هەیە، پەرەی پێبدرێت و گەشەبکات. ململانێکان بەتەواوەتی لەسەر خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانیی خەڵکن. ئاین تەنانەت لەململانێی هەڵبژاردنەکانیشدا باس ناکرێت و تێوەگلاندنی نابینیت. کەس دین یا خوا بۆ ئامانجە سیاسییەکان بەکار ناهێنێت. کەس نابینرێت بڵێت "ئەوەی دەنگمان پێ نەدات ناچێتە بەهەشت".
لەڕاستیدا سروشتی ئەو حزبە سیاسییانە لەڕووی بونیادییەوە جیاوازە و حزبی پارێزگارن، بەڵام ئایدیۆلۆژیست نین و لەو ڕووەوە بەراوردییان پێ ناکرێت لەگەڵ ئەو حزبە ناسیۆنالیستە توندڕەوانەی کە لەم دواییانەدا لە وڵاتانی ئەوروپا سەریان هەڵداوە، ئەندامبوونیش تیایاندا ئازادە بۆ هەموو کەسێك.
بەڵام ئایا ئاین جێ پەنجەی بەسەر کایەکانی سیاسی و رۆشنبیری و هونەرییەوە هەیە؟ ئەوەش ڕێژەییە. لەکایەی سیاسی، بەو جۆرەیە کە لەسەرەوە باسم کرد.
لەکایەی ڕۆشنبیریدا، دەتوانین بڵێین دوو بواری جیان. ئەوەندەی ئاگادارم بم، بۆی هەیە قەشەیەك بێت لە سەمینارێکدا، یا لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا باس لە بوارێکی ژیان بکات، یا لەپرسێکی ڕۆژ، بەبێ ئەوەی تێكەڵی بکات بە بابەتی ئاینی، یا ڕۆشنبیرێك بێت ڕوانگەی خۆی لەسەر بوارێکی ئاینی بڵێت، بەبێ ئەوەی کەس لێی ڕاست بێتەوە و پێی بڵێت تۆ کوفرت کرد، یان بۆت نیە تۆ قسە لەو بابەتە بکەیت.
کایەی هونەریش، هەر بەهەمان شێوە. لەوانەیە هونەرمەندێك ببیـنیـت باوەڕداریش بێت، بەڵام هەموو جۆرە تابلۆیەك بنەخشێنێت، لەوانەیە هەشیان بێت پارێزگارتر بێت، ئەمەش هەمووی دەچێتەوە قالبی ئازادی کەسەکان خۆیان.
تیۆ ڤان چۆخ، کە نەوەی هونەرمەندی جیهانیی (ڤان چۆخ)ـە بوو، هۆڵەندییەکان زۆرییان خۆش دەویست، جارێکی دیکەش لەسەرم نوسیوە، لە دووی نۆڤێمبەری 2004 لە ئەمستەردام و لەپێش وێستگەی تەلەڤیزیۆن، لەلایەن گەنجێکی مەغریبی درایە بەر دەستدرێژی گوللـە، هۆکارەکەشی دەرهێنانی کورتە درامایەك بوو لەسەر ئیسلام، لەنوسینی ژنێکی سۆماڵی بەناوی ئەیان حیرسی عەلی.
دراماکە بریتی بوو لە چەند ژنێك جلێکی تەنکییان لەبەردایە، چەند پیتی عەرەبی پەرتوبڵاو لەسەر جەستەیان نوسراوە، بەرەو قیبلە ڕاوەستاون و دوعا دەکەن و دەڵێن: خوایە بۆ دەبێ چارەنوسی ژنە موسوڵمانەکان بەو جۆرە خراپ بێت؟
لەرۆژی دووەمی ئەو ڕووداوەدا، کابرایەکی هۆڵەندی دیندارم دەناسی، پێی گوتم: "ئەوە بیست ساڵە لە بەرنامەیەکی ئایرۆنیی تەلەڤیزیۆنیدا تیۆ ڤان چۆخ ڕەخنە لەکڵێسا دەگرێت و هیچ خەسڵەتێکی کڵێسا نەماوە هەڵینەتەکێنێت، بەڵام تا ئەمڕۆ بەشەر پێی نەگوتووە پێت خوار دانا، ئیدی جێگای پرسیار و سەرسوڕمانە، لەیەکەم کاریدا لەسەر ئیسلام بدرێتە بەرگوللـە، دەبێ ئەوە چ دینێك بێت پشووی بەرامبەر وەها ڕەخنەیەکی سادە کورت بێت، هێندە باوەڕی بەخۆی نەبێت؟!".
دوای کوژرانی تیۆ، هۆڵەندا گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەسەردا هات و توندڕەوەکان کە پێشان لە شارەوانییەکانیش کورسییان بەدەست نەدەهێنا، ئەو جارە بوونە هێز لەناو پەرلەمانی هۆڵەندی. ئێستا خێرت ویڵدەرس یەکێکە لە سەرکردەکانی ئەو توندڕەوانە و بەئاشکرا داوای قەدەغەکردنی قورئان دەکات و بەراوردی دەکات بە کتێبی هیتلەر.
لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە، خێزان هەن لەناو ماڵی خۆیاندا پابەندن بە بنەما ئەخلاقییەکانی دین، بەڵام کاریان بەسەر خەڵکدا نیە. خێزانێکی پرۆتێستانتم دەناسین کچەکانیان بۆیان نەبوو لەدەرەوەی زەواجی کڵێسا لەگەڵ بۆی فرێندەکانیان تێکەڵ بن. بەڵام کەسێك نابینیت لەدەرەوەی دەستەڵاتی شارەوانیدا کردەیەکی ئایدیۆلۆژیانە ئەنجام بدات، بۆنموونە، تابلۆیەك لەجاددەیەك، یا خاچێك هەڵواسێت، وەکو ئەوەی ئەو دیاردەیە لە کوردستان دەبینیت و شارەوانیش نقەی لێوە نایەت.
ئیدی بەو جۆرە، قالبێکی گشتی نیە دونیای ڕۆژئاوای پێ بناسرێتەوە و هەمووان لەسەری کۆك بن، بەڵام بێگومان لەڕووی ناسنامەوە زۆرینەیان خۆیان بە شارستانییەتێکی ڕۆژئاوایی دەناسێنن، هەشیانە بەشارستانییەتێکی مەسیحی.
|
104
جار خوێندراوهتهوه |
Sunday, October 25, 2020
|
|
|