كتێبی "گڵێجاڵ لە بەڵگەنامە و بیرەوەرییەكاندا" ئامادەكردنی: كۆچ
لەم چەند رۆژەی رابردوو كتێبی "گڵێجاڵ لە بەڵگەنامە و بیرەوەرییەكاندا"، بڵاوكرایەوە كە مێژوو كلتوری گەورە دێیەكی جاف لە بناری بەمۆ دەگێڕێتەوە كە ئێستا ناوەندی چوارەم ناحیەی پارێزگای هەڵەبجەیە؛ ناحیەی بەمۆ.
بەرهەمەكە كە كۆمەڵێك توێژەر نووسیویانە و "یاسین تەها" دایڕشتووەتەوە، دەچێتە خانەی مێژووی ناوچەیی (التاریخ المحلي) كە تەواوكەر و درێژكراوەی مێژووی گشتییە، جگە لەوەش بەشێوەیەكی بەرفراوان گرنگیی داوە بە "مێژووی زارەكی" كە پشت بەیادەوەری و گێڕانەوە دەبەستێت، ئەمەش بایەخی هیچ كەمتر نییە لە مێژووی نوسراو و بەڵگەنامە،
گرنگیی بەرهەمەكە لەوەدایە يهكهمجاره كۆمەڵە توێژينهوهيهكى پشت ئهستوور به سهرچاوه و بهڵگه، لەبارەی گڵێجاڵ و ناوەندی ناحیەی بەمۆ، له چوارچێوهى پڕۆژهيهكى زانستيدا ئامادە بكرێت، جگە لەوەش لەم توێژینەوانەدا هەندێك لێكۆڵینەوەی شوێنەواری و نەخشەی جوگرافی خراونەتەڕوو لەبارەی ئەم گوندەی جاف و ناوچەكە، یەكەمجارە بڵاو بكرێنەوە و تایبەت بەم كارە ئامادەكراون، زۆربەی زانیارییەكانی تری ئەم بەرهەمەش یەكەمجارە ڕووناكی دەبینن و بڵاو دەبنەوە.
وەك لەناونیشانی دووەمی بەرهەمەكەوە دیارە (تۆمار و بیرەوەرییەكان)، بازنەی زەمەنیی توێژینەوەكە زیاتر سەدەی بیستەم و پاش دەركەوتنی بەڵگەو تۆمارە فەرمییەكانە لە سەرەتای سەدەی بیستەم (1900) لەگەڵ گێڕانەوەی زارەکیی خەڵكانی بەتەمەن كە سنوری زانیاری و بیرەوەرییەكانی ئەوانەی هێشتا لەژیاندا ماون، دەوروبەری 70_80 ساڵە.
بەهۆی ئەوەشی كارەكە چەند بوارێك دەگرێتەوە (مێژوو، جوگرافیا، كەلەپوور، شوێنەوار)، هەرەوەها هەر بەشەو لەلایەن توێژەرێكەوە ئامادەكراوە، زیاتر لە شێوازێكی نووسین و داڕشتن و گێڕانەوەیەكیان تێدا بەكارهاتووە، بەڵام لایەنە مێژوییەكەی كە بەشی زۆریەتی پشتی بە "ميتۆدى لێكۆڵینەوەی مێژوويى" لەگەڵ میتۆدی "وهسفى شيكارى" بەستووە كە بەشێوەیەكی گشتی ڕەچاوكردنی ڕیزبەندیی مێژووی و بەدواداچوونی پەرەسەندنی ڕووداوەكانن لەگەڵ هەوڵی وێناكردنی بارودۆخی ڕابردوو وەك خۆی.
ناوەڕۆكی بەش و توێژینەوەكان:
ئەم بەرهەمە لە حەوت بەش و كۆمەڵێك پاشكۆ پێكدێت بەمجۆرەی خوارەوە:
ـ بەشی یەكەم: كۆمەڵێك زانیاری بنچینەیی و شوناس ئامێزە لەسەر گڵێجاڵ؛ ڕیشەی ناوی گوندەكە، پاڵنەرەكانی دروستبوونی، تایبەتمەندییەكانی، پەیوەندیی لەگەڵ دەوروبەر و دراوسێكانی لەگەڵ قۆناغە سەرەكییەكانی گەشەكردنی تا ئاستی ناحیە.
بەشی دووەم: تایبەتە بە شەن و كەوكردنی ژیانی ئاینی و كۆمەڵایەتی و ئابووری، لەم بەشەدا پوختەی ژیاننامەی مەلاو فەقێكان و زەقترین دیارە كۆمەڵایەتیییەكان باسكراون، لەگەڵ ڕوونكردنەوەی باری بژێوی خەڵك و سەرچاوەكانی داهات و شێوازی ژیان و پیشەو كاری دەستیان لە سەردەمەكانی ڕابردوودا.
بەشی سێیەم: لەسەر سێ وێستگەی هەرە گرنگی مێژویی ئاواییەكە هەڵوێستە دەكات كە بریتین لە: كوشتنی مەلا یوسفی گڵێجاڵ و رووداوەكانی دوایی لە تاڵانكردن و ئاوارەكردنی ئاواییەكە لە 1946، پاشان دامەزراندنی ئاوایی سەعداوا لە 1956 لەگەڵ رووداوەكانی سەردەمی شۆڕش و ئازادبوونی ناوچەكە لە چنگی ڕژێمی عێراقی لەساڵانی شەستەكانی تا ڕاگواستنی لە 1978.
بەشی چوارەم: گوزەرێكی وردە بەژمارەی دانیشتوانی ئاوایی و ناوەرۆكی ئامارە فەرمییەكان، هەروەها گۆڕانگارییە كارگێڕییەكان لەگەڵ شیكردنەوە و ڕاڤەكردنیان تا دەگاتە قۆناغی ڕاگواستن بۆ ئۆردوگای زەڕایەن، هەر لەم بەشەدا سەرلەنوێ ئاوەدانبوونەوەی گوندەكە و پاشان كردنەوەی ناحیەی بەمۆ و گەڕانەوە بۆ سەر سنوری كارگێڕیی پارێزگای هەڵەبجە خراوەتەڕوو.
بەشی پێنجەم: لە مێژووی كۆنی ئاواییەكە دەكۆڵێتەوە، سۆراغی شوێنەوارە دێرین و بەجێماوەكانی دەكات بە پشت بەستن بە كنەو پشكنینی مەیدانی و بەراوردكردنی بەو شوێنەوارە هاوشێوانەی كە لە ناوچەكانی تری كوردستاندا دۆزراونەتەوە، لەم كارە مەیدانییەشدا پشت بەگەلێك سەرچاوەی بیانی و ناوخۆیی و ڕاو بۆچوونی خەڵكانی شارەزا بەستراوە.
بەشی شەشەم: تایبەتە بەجوگرافیای گڵێجاڵ، پێگەی لە نەخشەی هەرێمی كوردستان و پارێزگای هەڵەبجە، لەگەڵ جۆری خاك و تۆبۆگرافیا و پێكاتەی خاكەكەی و سنوری لەگەڵ دراوسێكانی، گرنگیی ئەم بەشەش لەوەدایە یەكەم توێژینەوەی مەیدانی و جوگرافییە كە پشت ئەستورە بەنەخشەی تایبەت و نوێ زۆر لایەنی زانستی جوگرافیای سنوورەكە روون دەكاتەوە.
بەشی حەوتەم: كەلەپور و بەسەرهات و چیرۆكە دەماودەمەكانی ئاوایی لە خۆ دەگرێت بەدرێژایی قۆناغە جیاوازەكان، لەگەڵ خستنەڕووی ئەو پەند و ئیدیۆم و داستانانەی لەسەر زاری خەڵكی گڵێجاڵ بڵاون و تا ئێستاش بەكاردێت.
لە كۆتاییشدا پاشكۆیەكی وێنەیی و نەخشەو پڕ زانیاری و وێنەی شوێنەواریی هاوپێچی كتێبەكە كراوە كە بایەخی زانستیی زیاتر دەكات و گەنجینەیەكی زانیارییە بۆ هەر توێژەرێك بیەوێت درێژەی پێ بدات یان زانیاری لەسەر ناوچەكە كۆ بكاتەوە.
|
214
جار خوێندراوهتهوه |
Sunday, October 25, 2020
|
|
|