پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و پرسی ئه‌رمه‌نه‌كان وه‌ك قوربانی
په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر

بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌ IR ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ (ویستفێڵیا پیس ئاگریمێنت/رێككه‌وتننامه‌ی ئاشتی وێستفاڵیا)، دیاره‌ ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه‌ له‌ ساڵی ١٦٤٨دا كۆتایی به‌ جه‌نگی ٣٠ ساڵه‌ی مه‌زه‌وی له‌ ئه‌وروپا دێنێت.
له‌ وێستفاڵیا ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌ Nation State له‌دایك ده‌بێت، نه‌ته‌وه‌ به‌ مانای ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت وه‌ك سه‌رخان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خه‌یاڵ و یاده‌وه‌ری و زمان و رابردووی گرووپێكی تایبه‌ت. لێره‌وه‌ ده‌وڵه‌ت نوێنه‌رایه‌تی نه‌ته‌وه‌ ده‌كات و به‌ زمانێكی نه‌ته‌وه‌یی له‌گه‌ڵ ئه‌وانیتردا قسه‌ ده‌كات. بۆیه‌ وێستفاڵیا سه‌ره‌تاكانی پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌رهه‌م ده‌هێنێت، بنه‌ماكانی داده‌ڕێژێت.
راستییه‌كه‌ی وێستفاڵیا گه‌ڕانه‌وه‌ بوو بۆ ده‌سه‌ڵاتی دنیایی و كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ی ئاین و ده‌سه‌ڵاتی ئاسمان بوو له‌ پێوه‌ندی نێوان وڵاتاندا. دیاره‌ له‌ دوای وێستفاڵیاوه‌ قۆناغی دیپلۆماسی كۆنگره‌كان ده‌ست پێ ده‌كات، ئیمپڕاتۆر و پاشا و میره‌كان راسته‌وخۆ یه‌كتر ده‌بینن و كۆ ده‌بنه‌وه‌ و قاوه‌ ده‌خۆنه‌وه‌ و بیروڕا ده‌گۆڕنه‌وه‌. ئه‌م كرده‌یه‌ جه‌سته‌ی ده‌وڵه‌ت و پاشا تێكه‌ڵ به‌ یه‌كتر ده‌كات. هه‌روه‌ها وێستفاڵیا پره‌نسیپی یه‌كسانی و سه‌روه‌ری و ده‌ستوه‌رنه‌دان و رێككه‌وتننامه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێت، دیاره‌ ئه‌م چه‌مكانه‌ دواتر ده‌بن به‌ ڕووداو و تێكه‌ڵ به‌ رووبه‌ری ده‌وڵه‌ت و ناسنامه‌ی ده‌وڵه‌ت و زمانی سیاسی ده‌وڵه‌ت ده‌بن. وێنه‌ی سه‌ره‌كی له‌ وێستفاڵیا "هاوسه‌نگی هێز" بوو، دواتر له‌ كۆنگره‌ی ڤیه‌ننا رووداوی تر و خه‌یاڵی تر بۆ پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ دایك ده‌بن.
له‌ دوای جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مه‌وه‌ ئاسایشی به‌ كۆمه‌ڵ Collective Security دێته‌ كایه‌وه‌، ئه‌م چه‌مكه‌ هێمایه‌ بۆ دیارده‌یه‌ك، دۆخێك كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا چوارچێوه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ئاسایش و مانه‌وه‌ و ناسنامه‌ دابڕێژیت، دیاره‌ هه‌ر له‌و چركه‌ ساته‌وه‌ پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌ك زانست، لێكۆڵینه‌وه‌ و تیۆر له‌گه‌ڵ ئه‌كادیمیا و زانكۆ له‌ پێوه‌ندیدا ده‌بێت و كورسی تایبه‌ت ته‌رخان ده‌كرێت بۆ خوێندن له‌و بواره‌، لێكۆڵینه‌وه‌ و وردبوونه‌وه‌ له‌ كرده‌ی جه‌نگ و ئاشتی.. هتد. ئێمه‌ ئه‌مڕۆ له‌ دنیای New World Orderدا ده‌ژین، له‌ناو پایه‌كانی ئه‌م سیستمه‌ و شه‌پۆله‌كانی ئه‌م سیستمه‌داین. ئه‌مڕۆ پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌ك رووداو، سیستم، تۆڕ و مه‌عریفه‌ بریتییه‌ له‌ نیۆلیبڕاڵیزم و به‌هاكانی لیبڕاڵیزم و بازاڕ و خه‌ونی به‌ دیموكراسی بوون. له‌ دنیای ئه‌مڕۆدا هێشتا دوانه‌ی ده‌وڵه‌ت وه‌ك ئه‌كته‌ر و ریاڵیزم وه‌ك تیۆر كارخانه‌ گه‌وره‌كه‌ی جووڵاندن و به‌رده‌وامبوونی پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌، ده‌كرێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ واڵتز، كیسنجه‌ر و هانس مۆڕگێنتاو. ئێمه‌ ده‌بێت له‌ تیۆری ریالیزمه‌وه‌ له‌ پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و چیڕۆكه‌كانی ناوی بگه‌ین، وه‌ك چۆن فاڵگره‌وه‌ له‌ ڕێی فنجانه‌یه‌ك قاوه‌وه‌ دنیا ده‌بینێت و راڤه‌ی ده‌كات.
دووه‌م سه‌رۆك كۆماری فڕه‌نسا (ئیمانۆیل ماكڕۆن) ٢٤ی نیسان كه‌ ساڵوه‌گه‌ڕی جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌كانه‌ وه‌ك رۆژێكی نیشتمانی له‌ فڕه‌نسادا راده‌گه‌یه‌نێت. فڕه‌نسا وه‌ك ئه‌كته‌ر، هێز و بونیاد له‌ سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌یه‌وێت سه‌رمایه‌ و به‌ها سیمبۆلی و كه‌له‌پوورییه‌كانی تازه‌ بكاته‌وه‌، به‌شێك له‌و پرۆسه‌یه‌ پێوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ فڕه‌نسا ده‌یه‌وێت له‌ دوای ده‌رچوونی به‌ریتانیاوه‌ جووڵه‌كانی خۆی له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپادا تازه‌ بكاته‌وه‌ و ده‌ستكاری بكات.
فڕه‌نسا ده‌یه‌وێت پرسی جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌كان به‌ نیشتمانی بكات، نیشتمانی به‌ مانای ئه‌وه‌ی ئه‌رمه‌ن وه‌ك قوربانی و رزگاربوو بكات به‌ به‌شێك له‌ یاده‌وه‌ری هاووڵاتییانی فڕه‌نسی، دیاره‌ یه‌كێك له‌ ماناكانی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌یه‌كتر نزیككردنه‌وه‌ی خانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی فڕه‌نسایه‌ و پێ ده‌چێت ده‌وڵه‌ت وه‌ك دامه‌زراوه‌ و هێزی باڵا بیه‌وێت له‌ڕێی ئه‌م یاده‌وه‌رییه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ و هێزه‌كانی ناوی له‌ توندڕه‌ویی و ناسیۆنالیزم و پۆپۆلیزم ئاگادار بكاته‌وه‌، یان به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ پڵوڕالیزم وه‌ك چه‌مك و ئه‌زموون له‌ مه‌ترسی كوشتن و تیرۆربوون ده‌رباز بكات. دیاره‌ له‌ ٢٤ی نیسانی ساڵی ١٩١٥دا ٢٥٠ كه‌سایه‌تی و بژارده‌ و ئه‌كته‌ری سیاسی ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ ئه‌سته‌نبۆڵ دێنه‌ گرتن، دواتر هێز و گرووپه‌ جیاوازه‌كانی ناو ده‌وڵه‌تی عوسمانی ده‌یانكوژن و له‌ناویان ده‌به‌ن.
ئه‌م كرده‌یه‌ درێژ ده‌بێته‌وه‌ تا ساڵی ١٩١٧ و ژماره‌ی قوربانییانیش ده‌گاته‌ نزیكه‌ی ملیۆن و نیوێك. ئه‌رمه‌نه‌كان زیاتر وه‌ك مه‌سیحی له‌ میزۆپۆتامیا و ئه‌نادۆڵدا نیشته‌جێ بوون، له‌رێی ناسنامه‌ی مه‌سیحیبوونه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وتن. به‌ڵام دیاره‌ توركیا گێڕانه‌وه‌یه‌كی تری هه‌یه‌ بۆ ئه‌م رووداوه‌، گێڕانه‌وه‌ به‌ مانای ئه‌وه‌ی هه‌م ده‌یه‌وێت قه‌باره‌ی كه‌سه‌كان كه‌م بكاته‌وه‌، هه‌میش گرێیان بداته‌وه‌ به‌ سیستمی پێوه‌ندیی و تێكه‌ڵبوون له‌گه‌ڵ نه‌یار و دوژمندا.
گێڕانه‌وه‌ی سه‌ره‌كیی تورك بۆ ئه‌م جینۆسایده‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌رمه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ رووسیا له‌ پێوه‌ندیدا بوونه‌، هێزه‌ گه‌وره‌كانی ناو ئه‌م پرۆسه‌یه‌ تێكه‌ڵ و جیاواز بوونه‌، ئیتیحاد و ته‌ره‌قی، ته‌شكیلاتی تایبه‌ت، سوپای عوسمانی و سواره‌ی حه‌میدی، هێڵه‌كانی ئه‌م جینۆسایده‌یان كێشاوه‌. پرۆسه‌كه‌ وه‌ها بووه‌ كه‌ گه‌لانی ئه‌رمه‌نی، ئاشووری، سریانی و كلدانی ناوچه‌كه‌ ریشه‌كێش بكه‌ن و بێ ناسنامه‌یان بهێڵنه‌وه‌ و یاده‌وه‌ری گشتییان لێ داگیر بكه‌ن. خه‌یاڵی توركبوون وه‌ك مۆدێلی ژیان و سیستمی بیركردنه‌وه‌ و جووڵه‌ به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌ندامانی ناو توركیا وه‌ك جیۆگرافیا و ده‌وڵه‌ت جێگیر بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌رمه‌نه‌كان ئه‌زموونی ده‌كه‌ن و له‌ناویدا ده‌ژین شتێكی تره‌،ـ ئه‌مڕۆ ئه‌رمه‌ن له‌ڕێی جینۆساید و قوربانییه‌وه‌ له‌ دنیادا ده‌رده‌كه‌ون و له‌ یاده‌وه‌ری گشتی جیهانیدا ئاماده‌ن.
ئه‌رمه‌نه‌كان ئه‌مڕۆ به‌ ده‌یان فۆڕمی جیاواز به‌ زمانی جینۆساید و قوربانییه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن و چیڕۆكه‌كه‌یان بۆ دنیا ده‌گێڕنه‌وه‌ و تێكه‌ڵ به‌ یاده‌وه‌ریی دنیای ده‌كه‌ن. موزیك، ئه‌ده‌بیات، گۆرانی و سینه‌مای ئه‌رمه‌نی وه‌ك هێزی نه‌رم له‌ دنیادا زۆر به‌ قووڵی باس له‌ چركه‌سات و كرده‌ی پارچه‌ پارچه‌كردنی ئه‌رمه‌نه‌كان ده‌كات و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ چۆن توركیا وه‌ك بونیاد، سه‌رچاوه‌ی هێز، جیۆپۆڵه‌تیك و سه‌رباز هه‌وڵ ده‌دات ئه‌رمه‌ن وه‌ك سوژه‌یه‌ك بێ ناسنامه‌ بكات و خه‌یاڵی لێ بپچڕێنێت و ره‌هه‌نده‌ ئۆنتۆلۆجییه‌كه‌ی لێ بستێنێته‌وه‌.
12 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌       |     Monday, January 28, 2019
زیاتر
رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش..
خوێندنەوەییەكی سۆسیۆمێژوویی
ئیبراهیم حاجی زەڵمی
لە سەلەفییەتی دەقەوە بۆ سەلەفییەتی جیهادی
حەبیب محەممەد دەروێش
لە بارەی داعش و بونیادگەرایییەوە
ئایندەی سەلەفیگەری پەڕگیر
ن. سەید سادق حەقیقەت
و. هەڵكەوت هەورامی
رات چییه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م سایته‌؟



ژماره   بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
govari koch| All rights reserved © 2010