www.govarikoch.com
یاسا بۆ پەرلەمانی نەخوێندەوار و خوێندەوار
حەبیب محمد دەروێش
هەرێمی کوردستان زۆر بانگەشەی گەورە وخۆ بە باڵاتر و مودێرنتر پیشان دەدات و بەچەشنێک کە دەیەوێت سیما پێشکەوتنەکانی رۆژئاوایی پێوە دیار بێت ، وبەقسە لەئاست وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهانە و لە دەرەوە خۆی بە عێراقەکەیتر دەناسێنێ کە جیاوازە لە عێراقی دواکەوتو ونا پێسکەوتوو ، وەلێ کە دێیتە سەر واقیع زۆۆۆر دوورە لەو جیهانە خەیاڵاویەی کە خۆی تیادا نمایش دەکات ، بە تایبەتی لەرووی یاسا دانان و هەموارکردنەوەی یاساکان و دۆزینەوەی چارەسەری یاسایی بۆ ئەو کێشانەی کە لە دوای روخانی رژێمەوە دروست بووە و دەسەڵات جورئەتی ئەوەی نیە دەستی بۆ بەرێت ویاسا وبڕیاری پێویستی بۆ چارەسەرکردنی دەربکات هەر لە چارەسەرکردنی زیادەڕۆیی نیشتەجێبون و زیادەڕۆیی کشتوکاڵی و دروستکردنی باخ وبێستانەکان بە زیادەڕۆیی و کێشەی چەک و کۆنی یاسای بەکرێدانی موڵکەکانی دەوڵەت و بازرگانی نەوت و بە قاچاخ بردنی ، کە ئەم کێشانە لە مێژووی دەوڵەتی عێراق وناوچەکەشدا زۆرە بە تایبەتی لەو ووڵاتانەی سستەمی سیاسی تیایدا دامەزراو نیە، لە کاتێکدا دەیتوانی چارەسەری یاساییان بۆ بکات و داهاتێکی باشیشی دەستبکەوێت لەم قەیرانە داراییەی بۆ خۆی دروستی کردووە ،بە تایبەتی لە مەسەلەی زیادەڕۆییەکاندا کە دەکرێت بە نرخی راستەقینە نەک رەمزی بیدات بە کەسەکان بە مەرجێک لە گەڵ ماستەر پلاندا دژیەک نەبێت،
جا ئەمە دەرئەنجامی چیە کە ناتوانێت چارەسەری یاسایی بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە ؟ بەشێکی پەیوەندی بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە هەیە کە مەرجی ئاستی زانستی نیە بۆ کاندیدی ئەندامی پەرلەمان، لێرەدا با قسەیەک لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەین . لەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ژمارە (٤٥) ساڵی ۲۰۱۳ ، مادەی (۸) دا هاتووە دەبێت کاندید بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق هەڵگری بڕوانامەی ئامادەیی یان هاوتاکەی بێت. بەڵام ئەمساڵ جارێکیتر پەرلەمانی عێراق هەمان مادەی هەموارکردەوەو بە جۆرێک کە دەبێت کاندید بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس یان هاوتاکەی بێت ، واتە ئەگەر دەرچوی کۆلیژیک نەبێت لە زانکۆ ناتوانێت خۆی کاندید بکات بۆ پەرلەمان ، دواتر کۆمەڵێ پەرلەمانتاری عێراق کە هەندێکیان کوردن کە ئەم هەموارە رێگای لێگرتن جارێکیتر خۆیان کاندید بکەنەوە بۆ ئەندامێتی پەرلەمان تانەیان لە یاساکە دا لە بەردەم دادگای فیدراڵی عێراق بە بیانوی نادەستوری بوونی ئەم هەموارە ،بەڵام دادگا بە بڕیاری ژمارە(۱٥/اتحادیة/۲۰۱۸ ، وموحداتها ۱٦و ۱۷و۱۸و۱۹و۲۰/۲۰۱۸) له ۲۰۱۸/۱/۲۹ ، تانەی تانەلێدەرانی رەد کردەوە ،کە لە بڕیارەکەدا هاتبوو : پەرلەمانتار ئەرکێکی گەورەی لە ئەستۆدایە بە پێی مادەی (٦۱) ی دەستوری عێراق ، کە دانانی یاساکانە و چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە ، بێجگە لە مانەش دانانی هەموو پلەو پایە گەورەکانی ووڵات لە ئەستۆی پەرلەمانتارانە ئەم ئەرکانەش پێویست بەوە دەکات پەرلەمانتار ئاستێکی زانستی باشی هەبێت . بۆیە تانەی تانەلێدەران هیچ سەنەدێکی دەستوری نیە.
ئەگەر ئەم یاسایەی عێراق بەراورد بکەین بە یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان (پەرلەمانی کوردستان) ژمارە (۱) ی ساڵی ۱۹۹۲ کە لەبڕگەی (۳) مادەی (۲۱) ی تایبەت بە مەرجەکانی کاندید بۆ پەرلەمانی کوردستان هاتووە ودەڵێت :(خوێندن ونوسین بزانێ -یقراء و یكتب) ، جا ئێوە بیربکەنەوە چارەنوسی ووڵات و دانانی یاساکانی وچاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دانانی هەموو بەرپرسەباڵاکانی مەملەکەت بە دادگاکانیشەوە بدەنە دەستی کەسانێک کە تەنها دەتوانێ بنوسێ و بخوێنێتەوە ئەویش بەهەزار فەلاکەت چۆن ووڵاتێک دروست دەبێت ؟ چۆن کێشەکانی چارەسەر دەبێت؟ ،باشە ئەگەر ئەم دەقە بکەیت بە عەرەبی و ئینگلیزی و فارسی وتورکی ....هتد و دنیا پێمانبزانێ چیمان پێدەڵێن ؟
Thursday, January 11, 2018
 Print