www.govarikoch.com
کەمین پۆڵەتیک
پێویستی دروستكردنی لۆبییەكی كاریگەر
خەڵەف غەفور
یەكێك لە خەسڵەتەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نیشتیمانی، هاوشانی خەباتی چەكداری و دواتریش دورستكردنی حكومەتی نیشتیمانی دوای سەركەوتنی شۆڕشەكە، وەگەڕخستنی دیپلۆماسیەت و دروستكردنی لۆبی-ە.
لە چوارچێوەی بەهێزكردنی دیپلۆماسیەتی نیشتیمانیدا، دروستكردنی لۆبی و گروپی فشار كارێكی سەرەكییە بەتایبەت بۆ نەتەوەیەك كە جینۆساید كرابێت، یاخود هێشتا زۆرێك لە ئامانجەكانی بەدینەهاتبن. حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی 26 ساڵی رابردوودا بەشێوەیەكی بەرنامە بۆ دانراو نەیتوانیوە كار لەسەر دروستكردنی لۆبییەكی نیشتیمانی كوردستانی كاریگەر لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكا بكات، بەپێچەوانەوە كەمترین كاری بۆ كردووە و بگرە هەر لە ستراتیژییدا نەبووە. لەسەر ئاستی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوو دەوڵەت خاوەن لۆبی كاریگەرن، بەشێوەیەك زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریكاش كەوتوونەتە ژێر كاریگەرییانەوە، تا ئەو ئەندازەی توانای گۆڕینی بڕیاری سیاسییان هەیە.
لۆبی جولەكە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە ریزبەندی پلە یەكدایە، بەشێوەیەك چەندین ناوەند و توێژەری سیاسی ئەوە باس دەكەن سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەشێوەیەك دادەڕێژرێت كە بەرژەوەندی ئیسرائیل و جولەكە بپارێزێت، هەروەك ئەمەریكا ساڵانە بە بڕی سێ ملیار دۆلار هاوكاری ئیسرائیل دەكات و زۆرینەی هاوكارییەكەش لە بواری سەربازیدایە، ئەمە جگە لەوەی لۆبی جولەكە لەسەر ئاستی ئەوروپاش كاریگەریی لەسەر بڕیارەكانی سیاسی و ئابووری هەیە. لە ریزبەندی دووەمی لۆبییە كاریگەرەكاندا لۆبی ئەرمەنی هەیە، ئەرمینیا وڵاتێكی گەورە نییە و ژمارەی دانیشتوانەكەی بەگوێرەی سەرژمێری ساڵی 2009 نزیكەی 3 ملیۆن و 250 هەزار كەس بووە، لەگەڵ ئەوەشدا لە ریزبەندی لۆبییە كاریگەرەكاندا لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی دووەمدایە، تا ئەو ئەندازەی توانیویەتی ئەمەریكا دان بنێت بە كۆمەڵكوژیی ئەرمەنییەكاندا ئەگەرچی ئیدارەی ئەمەریكای مولزەم نەكردووە بەوەرگرتنی رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر توركیا لە بەرانبەر ئەو كۆمەڵكوژییەدا.
هەرێمی كوردستان لەبواری دروستكردنی لۆبییەكی كاریگەردا كاری گرنگی نەكردووە، سەیری بودجەی ئەو ساڵانەی هەرێمی كوردستان بكەیت، مادەیەك نابینیت تایبەت بە دروستكردنی لۆبی لە چوارچێوەی ناساندنی دۆزی كورد و داننان بەجینۆسایدی نەتەوەی كورددا كە لەدوای هۆڵۆكۆستەوە گەورەترین جینۆسایدی سەدەی بیستەمە. هەڵنەسان بەو ئەركە لەو ماوە زۆرەدا كاریگەریی نەرینی هەبووە، بەشێوەیەك وڵاتانی زلهێز دانیان بە جینۆسایدكردنی كورددا نەناوە، هەروەك كوردستان ژمارەیەكی گوێلێگیراو نییە لە سەروەختی دەرخستنی هەڵوێستی وڵاتان بەرانبەر نەتەوەكان.
رەنگە بەنموونە هێنانەوەی ئیسرائیل و ئەرمینیا بەوەی خاوەن لۆبی كاریگەرن تەنیا پەیوەندی بەشێوازی سیاسەتكردنی ئەو وڵاتانەوە نەبێت لە بابەتی دروستكردنی لۆبیدا، بەڵكو رەهەندی جوگرافیای سیاسی ئەو وڵاتانەش كاریگەریی زۆری هەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەریەك لەو وڵاتانە خاوەن روئیای نیشتیمانی و ستراتیژین لەسەر رێگای دروستكردنی لۆبیدا. جوگرافیای سیاسی كوردستانیش پێگەیەكی كاریگەریی هەیە لە ستراتیژیی وڵاتانی ئەمەریكا و زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا و روسیاشدا، بەڵام نەبوونی ستراتیژێكی نیشتیمانی بۆ دروستكردنی لۆبی، یاخود بەهەندوەرنەگرتنی لۆبی و بەشێوەیەكی ورد كار لەسەر نەكردنی وای كردبێت لە ریزبەندی لۆبی وڵاتاندا كوردستان خاوەن پێگە و ژمارە نەبێت. ئەم پرسە گرنگە و پێویستی بە ئاوڕلێدانەوە هەیە، كاری جدی و ستراتیژیی دەوێت، فەرامۆشكردنی دەرئەنجامی نەرێنی زیاتری دەبێت و كوردستان خاوەن دەنگ و رەنگ و كاریگەریی نابێت لە ژینگەی سیاسی وڵاتاندا
Thursday, November 8, 2018
 Print