www.govarikoch.com
پشكوتنی دەوڵەتی نەتەوەیی هاوچەرخ
به‌رزان مه‌لا ته‌ها
نەتەوە، چەمكێكی یاسایی ‌و سیاسییە، گوزارشتە لە پێكڕا وابەستەبوونی هاونیشتمانیان لەڕووی زمان، خاك، ئایین، مێژوو، تۆرەمەوە بەشێوەیەك بەرژەوەندیی هاوبەش ‌و یەكئامانجیی پێكڕا بەیەكترەوە بیانبەستێتەوە، ئەوەتا (ساتع ئەلحوسەری/ ئەبو خەلدون) كە بیریاری بیری نەتەوایەتیی عەرەبە بەمشێوەیە دەئاخفێت: (زمان رۆح ‌و ژیان ‌و مێژووی نەتەوەیە)، بەپێچەوانەوە، مێژوونووس ‌و نووسەری بەدیمەنی فەرەنسیی ئێرنیست رێنان (1823-1892) لە نووسراوەیەكیدا بەنێوی (ماهی الامە؟) پێیوایە زمان، خاك، ئایین، بەرژەوەندیی هاوبەش فاكتەرێك نین بۆ سەرهەڵدانی نەتەوە، بەڵكو ئەوەی نەتەوە پایەداردەكات پێكڕاژیانە، بوونی رابردوو و مێژووی هابەشە ‌و پەرەپێدانیەتی بەرەو ئاییندە.
پشكوتنی دەوڵەتی نەتەوەیی راستینە بەستراوە بە بوونی هەستێكی نیشتمانیی نەتەوەیی هاوچەرخ، جۆزیبی مازینی 1805-1872 لەلای ئیتاڵییەكان پێیدەگوترێت "رۆحی ئیتاڵیا"، ئەو وەك نیشتمانپەروەر و سیاسەتوان ‌و فەیلەسوفێكی ئیتاڵیی رۆڵێكی پرینگاوە و بەرچاوی گێڕا لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیتاڵیای هاوچەرخ ‌و سەربەخۆبوونی لە دەست هێزە دەرەكییەكان، پێیوایە هەستی نیشتمانیی ‌و نەتەوەیی فاكتەری سەرهەڵدانی دەوڵەتە. هەستی نیشتمانیی ‌و بەرجەستەبوونی لەنێو هەر گەلێكدا پێكڕاژیانی ئاشتیی ‌و دەرككردن بە بەرەژەوەندییە باڵاكان دەئافرێنێت، بەشێوەیەك كۆمەڵگە دەكات بە یەك جەستە بەرەو ئاییندەیەكی گەشی دەبات.
گرنگیی هەست ‌و گوتاری نەتەوەیی لەوەدایە كە گشت بیروبۆچوونەكان لە یەك بیری نەتەوەییدا كۆدەكاتەوە ‌و قاڵبێكی نیشتمانیی وەردەگرێت، بۆیە داڕشتنی  ئەو بیرە لە چوارچێوەی فەلسەفە و بەرنامەیەكدا بە ئامانجی بەرژەوەندییە نەتەوەییە باڵاكان ئەركێكی فرە گرنگە ‌و پێویستییەكی مێژووییە. هەستی نەتەوەیی هەستكردنە بە گرنگیی بوونی نەتەوەیەك ‌و پێكەوەكاركردن بە ئامانجی بەدیهێنانی خەونی دروستكردنی دەوڵەتی نەتەوەیی. كردنەوەی دەرگای گەنگەشەكردن دەربارەی ناسین ‌و تێگەیشتن لە گوتاری نەتەوەیی ‌و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی ‌و رۆڵی ئەو گوتارە باشترین فاكتەرە بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەی كوردیی، بە ئامانجی سەرهەڵدانی فشارێكی میللیی بۆ گەیشتن بەو دەوڵەتە. خاڵێكی لاواز لە گوتاری نەتەوەیی كورددا كە پێویستە ئاماژەیپێبدەین، نەبوونی بیرێكی نەتەوەیی هاوچەرخە لە چوارچێوەیەكی فەلسەفیی، مێژوویی ‌و فیكریدا.
كورد، وەك نەتەوەیەكی پەڕەوازە و پاشكەوتوو لە گشت رووە زیندووەكانی شارستانیبوونی هەر نەتەوەیەك بە درێژایی مێژوو خاوەن یەك گوتاری نەتەوەیی راستینە نەبووە، بە بەراورد لەگەڵ جووڵانەوەی نەتەوەیی گەلانیدیكەدا لەكاتێكی درەنگوەختدا بەخۆكەوتووە بە ئامانجی پیشاندانی بوونیی لەو ناوچانەدا كە تێیدانیشتەجێبووە، نەبوونی گوتاری نەتەوەیی گشتگیر لە كوردستانی داگیركراودا ‌و قەتیسبوونی لە چەند جووڵانەوەیەكی شۆڕشگێڕیدا كاریگەری گەورەی كردووەتە سەر هەستی نەتەوەیی لای تاكی كورد ‌و كۆمەڵگەی كوردیی، هەرچەندە بەشێك لەو شۆڕشانەی كورد لەلایەن كۆڵەرانەوە بە شۆڕشی نەتەوەیی هاوچەرخ نێوزەددەكرێن، بەڵام لەڕاستیدا بەشێكی زۆریان لە دەرەنجامی خەمڵینی بیری نەتەوەییەوە نەبوون، بەڵكو هەوڵ ‌و ئامانج بوون بۆ نەپسان ‌و بەزیندوویی مانەوە، بۆ نموونە، میر بەدرخان لە ساڵانی 1843 بۆ 1847 راپەڕینێكی دژبە عوسمانییەكان بەرپاكرد ‌و لەكن مێژوونووسانی كوردیش بە سەرهەڵدانی جووڵانەوەیەكی سیاسیی دادەنرێت بە ئامانجی دامەزراندنی دەوڵەتێكی نەتەوەیی كوردیی بەشێوەیەك سەراپای كوردستان بگرێتەوە. راپەڕینەكانی كورد لە سەدەی نۆزدەدا، بەتایبەت هەردوو راپەڕینی بەدرخان لە 1843-1847‌و شێخ عوبێدوڵڵای نەهری لە 1880-1881، رێگە خۆشكەربوون بەرەو دروستبوونی بیری نەتەوایەتیی كورد، لەهەمانكاتیشدا ئەم راپەڕینانە پتر هەڵگری خواستی چاكسازی ئیداریی بوون، بۆ نموونە، نەدانی باج، بەسەربازنەگرتن، خواستی رۆشنبیریی ناڕۆشن ‌و دامەزراندنی ئۆتۆنۆمیی نێوخۆیی لەلایەن فەرمانبەرانی كوردەوە. لەلایەكیترەوە، ئەم راپەڕینانەی كورد لەلایەن پێشەنگە ئایینیی ‌و خێڵەكییەكانەوە رێبەرایەتیكراوە و پتر هەوڵدان بووە بۆ بەدەستهێنای بەرژەوەندیی یاخود زامنكردنی بەرژەوەندییەكانی خێڵ، ئیدی بەكارهێنانی درۆشمی نەتەوەیی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی سەرۆك ‌و خێڵان بۆ خۆی گورزێك بووە لە دامەزراندنی دەوڵەتیی نەتەوەیی.
سەرەتاكانی بیری نەتەوەیی كورد دەگەڕێتەوە بۆ كۆتایی سەدەی نۆزدە ‌و سەرەتاكانی سەدەی بیست، دەكرێت رۆژنامەی كوردستان بە هەوەڵ فاكتەری گرنگ دابنێین بۆ تەكاندان بە بیری نەتەوەیی كورد. لەو وەختەدا رۆژنامەی كوردستان هیواخوازی ئەوە بووە هێزە كوردییەكان هەوڵبدەن بۆ رزگاركردنی كوردستان ‌و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردیی، جووڵانەوەی نەتەوەیی كورد هەر لە سەرەتاوە بەشێك لە ئامانجەكانی روونبووە بۆ هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەی كوردی ئەویش بە بڵاوكردنەوەی چەمكەكانی ئازادی، مافی نەتەوەیی ‌و سەربەخۆیی. سەربەخۆیی كوردستانیش وەك گەورەترین درۆشمی سیاسی بانگەشەی بۆ كراوە ‌و گشت جووڵانەوە نەتەوەییەكان گرنگییانداوە بەم لایەنە زیندووە، گەلەك سەركردە و پێشەوای كوردستانیی لە قۆناغە مێژووییەكانی رابردوودا رۆڵی راستەخۆ و كاریگەریان بینیوە لەم جووڵانەوەیەدا و هەریەكەیان بەپێی شۆڕش ‌و ئامانجەكانی پتر گوڕوتینیان بەم هێزە نەتەوەییە داوە، ئەوانیش:
- میر بەدرخان 1843 /1847
- شێخ عوبێدوڵڵای نەهری 1880/1881
- شێخ سەعیدی پیران 1925
- ژەنەراڵ ئیحسان پاشا 1927/1930
- شێخ مەحمودی بەرزنجی 1918/1920/1923.
  بە بڕوای ئەدمۆنز بیری نەتەوەیی پتر وەك درۆشمێك بەرزكراوەتەوە، ئەگین پتر دڵبژۆكیی هەندێك لە رێبەرانی كوردی دەرخستووە، هەمدیسان بۆ بەگژداچوونەوەی سیستەم ‌و بەڕێوەبردن بووە، هەر لەو قۆناغە مێژووییەدا رێبەرانی كورد شكستیانهێناوە لە تەیاركردنی كۆمەڵگەی كوردیی بە ئامانجی دامەزراندنی قەوارەیەكی سیاسیی بۆ كورد لەو نێوچانەی كە ئاگری راپەڕینیان تێداهەڵگیرساندووە. مانۆفێَیل ئەرسینۆڤیج حەسرەتیان لە كۆڵینەوەیەكیدا بەنێوی (راپەڕینی كوردان لە ساڵی 1925: راپەڕینی شێخ سەعید) كە بەندە كورداندوویەتی.. بەپێچەوانەی ئەدمۆنزەوە بیروبۆچوونەكانی دەخاتەڕوو، بۆ نموونە، پێیوایە بەرزكردنەوەی چەتری گوتاری ئیسلامیی لە راپەڕینەكەی شێخ سەعیددا بۆ شاردنەوەی ئەو بیرە نەتەوەییە بووە كە لە مەژگی هەڵگرانیدا چەسپیبوو، ئەمەی بە تەكتیكێك زانیوە بۆ تێكۆشانی سیاسیی ‌و خەباتی نەتەوەیی لەژێر پەردەی ئاییندا، هەر بۆیەشە بەشێكی زۆری رۆژنامەكانی ئەو دەمی توركیا باس لە سرووشتی كۆنەپەرستانەی راپەڕینەكە دەكەن تا تەشەر لە جووڵانەوەی رزگارییخوازیی كورد بدەن، كەمالییەكانیش ئامانجیان ئەوە بوو راپەڕینەكە بەشێوەیەك پێشانی جیهانی دەرەوە بدەن كە راپەڕینێكی ئایینیی كۆنەپەرستییە.
نەبوونی گوتارێكی نەتەوەیی یەكگرتوو چەندین هەلی مێژوویی لەكیسداوین، بۆ نموونە، ساڵی1991  دەرفەتێكی فرە لەباربوو بۆ داننان بە هەرێمی كوردستاندا وەك قەوارەیەكی سیاسیی لە عێراقدا، بەڵام نایەكگرتوویی سیاسیی، ناتەبایی پارت ‌و رێكخراوە سیاسییەكان، نەشارەزایی لە خستنەڕووی مافە نەتەوەییەكان ‌و نەبوونی دیپلۆماسیەتێكی بەهێز لەوكاتەدا ئەو هەلە مێژوویەی بە پاشدا هێنایەوە، ئیدی ئەوە قۆناغێك بوو دەبوو زۆر دەسكەوتی نەتەوەیی تێدابەدەستبهاتایە، بەڵام بەداخەوە شۆڕشی كوردیی نەك نەبووە مایەی دەسكەوتی نەتەوەیی بەڵكو هەموو ئەو درۆشمانەش بە پاشدا هاتنەوە كە پارتە سیاسییە كوردستانییەكان لە قۆناغی خەباتی پارتیزانیی ‌و شاخدا هەڵیانگرتبوو، وێڕای ئەمانەش هەڵایسانی جەنگێكی نێوخۆیی تاروماركەر بەسەر ئەم گەلەدا كە زۆر هەلیتری مێژووی لەكیسداین. ئێمە لەو قۆناغی نەوەدەكاندا پێویستیمان بە بەرنامەیەكی تۆكمە و هەمەلایەن هەبوو بۆ بەرجەستەكردنی هەستی نیشتمانیی ‌و، چاندنی تۆوی یەكگوتاریی ‌و یەكهەڵوێستیی لەلایەن پارتە سیاسییەكانەوە، مەخابن گوتاری نەتەوەیی پتر لەبندا وشككرد و هیچی لێسەوزنەبوو، بە پاساوی ململانێیی سیاسیی درۆیینەوە زەمینە خۆشكرا بۆ شەڕ و توندوتیژیی لایەنە سیاسییەكان، قۆناغێك بوو دەكرا بە ستراتیژێكی نەتەوەییەوە كۆششبكەین لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجی نەتەوەیی باڵا، دەكرا لەڕێگەی دەستورێكی دیموكراتییەوە بڕیارمان لە ئاییندەی خۆمان بدایە، دەكرا هێزێكی نیشتمانیی كوردستانیی بەهێز بەبێ تەرەفگیریی بۆ ئەم لایەن ‌و ئەو لایەن بخرابایە خزمەت ئەو ستراتیژە نەتەوەییەوە، دەكرا ئەم هەرێمە پتر دیموكراتیزە بكرابا و بە وردیی پلان داڕێژاریە بۆ ئاییندە، بەڵام هەموو ئەمانە تراویلكەبوون ‌و جەنگێكی خوێناویی جەستەی ئەم هەرێمە خەڵتانی خوێن كرد و دەستی دەرەكیی ‌و پیلانی دوژمنانی كورد پتر جەستەی ئەم هەرێمەیان شەلەكرد.
پاشتر لە سەروبەندی لێدانی عێراقدا لە ساڵی 2003، نەتوانرا سوود لەو هەلە مێژووییە وەربگیرێت ‌و كێشەی نێوچە داگیركراوەكان چارەسەربكرێت، تەنانەت بەڵگەنامەكانی ویكیلیكس ئاماژەیان بەوە داوە كە سەرانی پارتە سیاسییەكانی كوردستان نەرمییاننواندووە لەبەرامبەر كێشەی كەركوكدا و داوای چارەسەری مامناوەندیان كردووە بۆ ئەم شارە و نێوچە داگیركراوەكان، نەتوانرا لە قۆناغی عێراقی پاش سەددامدا دەسكەوتی سیاسیی نەتەوەیی مەزن بەدەستبهێنرێت كە تینوێتی كۆمەڵگەی كوردستانیی بشكێنێ، پتر لەمەش بەرژەوەندییە حیزبییەكان ستراتیژە نەتەوەییەكانی ئێمەیان كوشت. لەلایەكیتریشەوە، نەمانتوانی وێنەیەكی دیمكراسیی پێشكەوتوو جێبەجێبكەین كە ئەم هەرێمە گچكەیە بكاتە نموونەیەكی مۆدێرنی كوردستانیی، نەمانتوانی لەڕێگەی گوتارێكی نیشتمانیی نەتەوەییە پێگەی ئەم هەرێمە بەهێزبكەین لە عێراق ‌و نێوچەكە و جیهاندا.
  دكتۆر بیل پارك، كۆڵەرێكی بەریتانییە لە كتێبی (سیاسەتی توركیا بەرامبەر بە باكووری عێراق: گرفت ‌و ئاسۆ ئاییندەییەكانیی) كە بەندە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردیی، رستێك رەهەندی ئاییندەیی خستۆتەڕوو سەبارەت بە ئاییندەی عێراق ‌و ئاییندەی هەرێمی كوردستان لەو چوارچێوەیەدا، سێ سیناریۆی پێشنیاركردووە ئەوانیش: كوتكوتكردنی عێراق، یەكپارچەیی عێراق، دووبارە رێكخستنەوەی نێوچەكە، ئەو سیناریۆی دووەم بە باشترین خەونی ئەمەریكا دەزانێت بۆ عێراق، هەمدیسان سەبارەت بە شیمانەی بنیاتنانی عێراقێكی یەكگرتوو لە چوارچێوەیەكی فێدڕاڵیدا بەشێوەیەك گشت پێكهاتەكان بتوانن دەسەڵات لەنێوان خۆیاندا دابەشبكەن بە ئامانجی بەرابەریی لەنێوان دەسەڵاتی ئۆتۆنۆمیی كوردیی ‌و حكومەتێكی نێوەندیی ئەكتیڤ كە كوردان بەشداریتێدابكەن. هەر لە چوارچێوەی ئەم سیناریۆیەدا رەنگە كەركوك تایبەتمەندیی خۆی بپارێزێت وەك نێوچەیەكی فرە نەژاد –  تەنانەت ئەگەر كوردیش زۆرینەی دانیشتوانەكەی پێكبهێنن – یاخود گێڕانەوەی بۆ سەر هەرێمی كوردستان چاوەڕوانكراوە، بە مەرجێك سەرچاوەكانی نەوت موڵكی سەرجەم عێراقییەكان بێت. لەهەمانكاتیشدا بە دووری نازانێت عێراق كوتكوت بكرێت ‌و دواتریش ئەم كوتكوتبوونە بەرفراوان ببێت ‌و دەوڵەتانی هاوسێی عێراق ‌و كۆی نێوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بگرێتەوە. لەلایەكیتریشەوە، لە حاڵەتی جیابوونەوەی كوردستانی عێراقدا بە دووری نازانێت جەنگێكی گەورە لە نێوچەكە رووبدات، دواجاریش رستێك پرسیاری گەورەی هوروژاندووە كە لەمانەدا خۆی دەبینێتەوە: ئایا بەرپرسانی كورد بەردەوامدەبن لەسەر ئەو بڕوا ئاشكرایەیان كە زامنكردنی ئاییندەی كوردستان بەدینایەت ئەگەر لە چوارچێوەی فێدڕاڵیەتێكی عێراقیی شاڕۆدا نەبێت؟ ئایا هەردوو سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ‌و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەشێوەیەك دەجووڵێنەوە كە لەگەڵ ئەو بڕوایەدا بێتەوە، لەژێر سایەی سەركێشییەكانی كوردانی عێراق بەمەبەستی وەدەستهێنانی تەواوی سەروەریی ‌و سەربەخۆیی؟ ئایا كوردان رێگە بە كەمەنەتەوەكانیتر دەدەن وەك توركمان‌و عەرەب.. هتد، لەهەرێمەكەیاندا - كە زۆرینەی كوردن- جێگەیانبكەنەوە و بیانهێڵنەوە؟ ئایا كەمەنەتەوەكان لەو نێوچانەی كە زۆرینەی كوردن رازیی دەبن بە چارەسەركردنی هەلومەرجی باروگوزەرانیان لە كۆمەڵگەی كوردیدا وەك كەمەنەتەوەیەك، یاخود ململانێی نەژادیی دەخوڵقێت، رەنگە هێزە دەرەكییەكان دەستوەربدەن بە ئامانجی تاروماركردنی سەقامگیریی لە هەر قەوارەیەكی كوردیدا ‌و سنووردانان بۆ خواستەكانی كورد؟ ئایا یەكێتی نیشتمانی كوردستان ‌و پارتی دیموكراتی كوردستان بەردەوامدەبن لەسەر هاریكاریكردنی یەكتریی، یاخود دەستدەكەنەوە بە ململانێی چەكداریی ‌و خوێنڕێژیی؟؟
گەراس ئاڕ. ڤی. ستاسفیڵد، كۆڵەرێكی بەریتانییە لە تێزی دكتۆراكەیدا بەنێوی (كوردستانی عێراق: پەرەسەندنی سیاسیی‌و پشكوتنی دیموكراسیی) كە دكتۆر یاسین سەردەشتیی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردیی پێیوایە كوردستانی عێراق نە قەوارەیەكی سیاسیی بەوردیی دیارییكراوە نە دەوڵەتیشە، پتر لە دە ساڵە وەك دەوڵەتێكی دیڤاكتۆ كارەكانی خۆی بەڕێوەدەبات، كەوتووەتە سەرە رێگای جیهانەوە ‌و بەرژەوەندییە جیۆپۆلۆتیكییەكان ناچارانە مۆڵیانتێداخواردووە‌و، ناوچەیەكی سەرەكیی جیهانیی پێكدەهێنێت. دیسانەوە پێیوایە هەلومەرجی سیاسیی هەرێمی كوردستان ‌و هەلومەرجە جوگرافییەكەی سەرنجڕاكێش ‌و بەبایەخە ‌و لەلایەن دوو پارتی سیاسییەوە هەریەكەی بەشی خۆی جیاكردووەتەوە و ئیدارەیەكی بەناو یەكگرتوو هەیە، حكومەت ‌و حیزبی سیاسیی بە دوو رووی دراوێك دەزانێت، بێگومان ئەمەش یەك لەو فاكتەرە هەرە كاریگەرانەیە كە گوتاری نەتەوەیی تێیدا بووەتە قوربانیی ‌و نایەكگرتوویی لەئاییندەبینیدا ئەفراندووە، ئەو پشتگیریی لەو بۆچوونە دەكات كە چەسپاندنی ئۆقرەیی ‌و سەقامگیریی لە كۆمەڵگەیەكی پەرەوازەی وەك كۆمەڵگەی كوردیدا بریتییەلە مۆدێلی سیستەمی تەوافوقیی، پێموایە كێشە لە خودی جۆری مۆدێلی سیاسیی كوردستاندا نییە، بەڵكو پتر پەیوەندیی هەیە بە ئیرادەی سیاسیی ئەم دووپارتە بە ئامانجی دامەزراندنی ئیدارەیەكی پێشكەوتوو، مۆدێلێكی سیاسیی دیموكرات، چەسپاندنی بنەماكانی مافی مرۆڤ، بوونی ئازادیی، سەرەنجامیش هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێكی نەتەوەیی سەربەخۆ، بەڵێ چەسپاندنی سیستەمی تەوافوقیی تاڕادەیەكی زۆر جێگیریی لەكوردستاندا دروستكردووە، بەڵام لەهەمانكاتدا شپرزەییەكی گەورە بەدیدەكرێت سەبارەت بە داهاتووی ئەم هەرێمە گچكەیە، نەبوونی دەزگایەكی سیاسیی رۆشنبیریی نیشتمانیی تایبەتمەند بە بڕیاری سیاسیی گەورە خۆی لەخۆیدا شكستێكی گەورەی ئەم دوو پارتە دەردەخات، چونكە لە غیابی دەزگایەكی گەورەی رۆشنبیریی تایبەت بە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەی كوردیی ناتوانیت بڕیاری سیاسیی گەورە بدەیت، ئەمەش جگەلە خەمساردیی نیشتمانیی سەبارەت بەم پرسە گرنگە هیچیتری لێناخوێنرێتەوە، دەپرسم بیست ساڵ ئەزموونی سیاسیی ‌و دەسەڵاتی خۆیی بۆ نەبووە مایەی پشكوتنی ئەزموونێكی زیندوو كە سەرنجی گشت جیهان بەلای خۆیدا رابكێشێت، ئەوەتا لە غیابی قەوارەیەكی كوردیی دانپیانەنراودا چەندین رێكخراوی گەورەی جیهانی مەترسی خۆیان دووپاتكردووەتەوە بۆ ئاییندەی سیستەمی سیاسیی ‌و پرسی مافەكانی مرۆڤ ‌و پرسی دیموكراسیی. بەڵێ لە سایەی هەردوو پارتە سیاسییەكەی كوردستاندا نەتوانرا كۆمەڵگەی كوردیی بە بیری نەتەوەیی راستینە جۆشوگۆش بدرێت، بگرە لە حەڤدەی شوباتی ئەمساڵدا كاتێك هاوڵاتیانی كوردستان لەڕێگەی گردبوونەوەیەكی جەماوەرییەوە پیرۆزبایی خۆیان لە گەلانی نێوچەكە دەكرد‌و، ناڕەزایەتیی خۆیان نیشاندا لەبەرامبەر نەبوونی ئازادیی گوتن ‌و نادادپەوەریی ‌و بردنی سەروەت ‌و سامانی هاوڵاتییان ‌و تەخشان ‌و پەخشانكردنیی لەلایەن هێزە حیزبییەكانەوە تەقە لە خۆپیشاندەران كرا و خەڵتانی خوێن كران، بەڵام ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە هەرێمی كوردستانی خستە نێو قۆناغێكی نوێوە كە مەحاڵە جارێكیتر بتوانن بەهەمان رەوتی پێش حەڤدەی شوبات كاربكەن، هەنووكە هەرێمی كوردستان لە قەیرانێكی تەمومژاویی ‌و لێڵدایە، نەبوونی دەسكەوتی نەتەوەیی گەورە، نەبوونی هۆشیاریی نیشتمانیی، پیشاننەدانی ئەزموونێكی فەرمانڕەوایی پێشكەوتوو، بوونی گەندەڵیی، لەدەستدانی ئەقڵییەتی نیشتمانیی ئاییندەیی ئەم هەرێمەی گۆجكردووە، بۆیە دەپرسین ئایا ئەمانە فاكتەر نین بۆ دەستەبەرنەبوونی گوتارێكی نەتەوەیی هاوچەرخ ‌و پشكوتنی دەوڵەتێكی نەتەوەیی هاوچەرخ؟ 
 


 

 Print