www.govarikoch.com
پەرلەمانی کوردستان دامەزراوەیەکی دوور لە یاسادانن
حەبیب محمد دەروێش
ئەگەرچی پـــــەرلەمانی کوردستان ماوەی دوو ساڵ کش ومات کرا ، بەڵام ئەم دامەزاوەیە زۆر سست و ناچالاکە ونەیتوانیوە کۆمەڵێ یاسای گرنگ دەربکات یان هەمواری چەندین یاسا بکات کە چەندین دامەزراوەی وەک دادگاکان وچەندین وەزارەت ودام ودەزگایتر ی مەملەکەت هاواریانە وداوای هەمواری یاساکان دەکەن ،یان داوادەکەن یاسای نوێ دەربچێت بۆ چەندین دیاردەی نوێ کە کۆمەڵگادا دەرکەوتووە ، یان هیچ نەبێت بتوانن ئەو یاسانە بەرکار (انفاذ) بکەن کە لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە چونکە پەرلەمانی عێراق سەرەڕای کۆمەڵێ رێگری دەستوری ویاسایی توانیویەتی دەیان یاسای نوێ دەربکەن وهەمواری چەندین یاسای ئەساسیتر بکات وەک(مرافعات ،عقوبات، اصولی جزائی ،تنفیذ ،اثبات ، مخدرات ، نەوت ومشتقاتەکانی ....هتد)
بەڵام پەرلەمانی کوردستان ئەوە بۆ ساڵێک دەچێت یاسای چاکسازی دەهێنێت ودەیبات و نازانێ چی لێبکات ، هەر رۆژێ بە جورێ قسە لەسەر یاساکە دەکەن ، باشە ئەمەتان بۆ بەڕێ ناکرێت بچنە سەر ئەو پرۆژە یاسانەیتر کە بۆتان هاتووە ،یان خۆتان پێشنیارتان کردووە ، سەرۆکایەتی پەرلەمان فوو دەکات بە کەڕنادا وهەموو پەرلەمانتاران کۆدەکاتەوە ، و پاشان دەڵێت هیچ یاسایەک مناقشە نەکرا و کۆبونەوەکە دواکەوت بۆ کاتێکی نادیار ،بەڵام بەپێچەوانەوە پەرلەمانی عێراق هەمیشە بژاردەی زیاتری هەبووە ئەگەر یاسایەکی بۆ بەڕێنەکرایە دەچووە سەر یاساکانیتر. ئەگەرچی لە هەندێک رووەوە سەیری پەرلەمانی کوردستان بکەین ، ئەوا دەستکراوەترن لە یاسادانان لە پەرلەمانی عێراق، چونکە
۱-پەرلەمانی عێراق دەبێت پرۆژەیاساکانی لە دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە بۆبێت ، خۆیان ناتوانن پرۆژەیاساکان بکەن بە یاسا بەتایبەتی ئەگەر لایەنی دارایی تیادابێت ،بەڵام پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت پروژە یاسا پێشکەش بکات ودەستکاری لایەنە داراییەکەشی بکات.
۲-پەرلەمانی کوردستان هیچ دەسەڵاتێکی دادوەری بەسەرەوە نیە قسە لە دەستوری ونادەستوری یاساکانی بکەن ،بەڵام پەرلەمانی عێراق ، دادگای فیدراڵی شمشێرێکی تیژە لە سەر گەردنی یاساکانی ودەیان یاسا ومادە وبڕگەی یاساکانی هەڵوەشاندووەتەوە.
۳-دوای دەرچونی یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم ،سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان خۆیان ئیمزای یاساکان دەکەن وناینێرن بۆ سەرۆکایەتی.بەپێچەوانەی عێراق دەبێت بینێرێت بۆ سەۆک کۆمار
ئیتر حەقە پەرلەمانتارەکان ئەم شێوازە نابەرپرسیاریەی سەرۆکایەتی پەرلەمان قبوڵ نەکەن و پەرلەمان ئەکتیڤ بکەن و یاسانەی کە پێویستە بۆ بەڕێوەچونی ووڵات بەڕێ بکەن وئەویاسانەش کەپەرلەمانی عێراق دایناوە یان هەمواری کردووە وبۆ مەملەتی ئێمە زەرورە (انفاذ )بەرکاری بکەن.
Wednesday, June 6, 2018
 Print