لە بارەی ڕاپرسییەکەی تورکیاوە حەمە غەفور
ئەگەرچی دەرئەنجامی ڕاپرسی ئەمڕۆی تورکیا بۆ هەموارکردنەوەی دەستور بە جیاوازییەکی زۆر کەم بە بەڵێ کۆتاییهات، بەڵام ئەردۆگان و هاوپەیمانەکانی دەبێت باش بزانن نزیک بە نیوەی هاوڵاتیانی تورکیا نایان ووتووە بە هەموارکردنەوەکە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە زیاد لە ساڵێکە ئەردۆگان و حزبەکەی ووڵاتیان خستۆتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و هەزاران موخالیفی سیاسییان لە سەرجەم حزبە بەرهەڵستاکارەکان توندی زیندانەکان کردوە، هەروەها تەواوی ناوچە کوردییەکانیان میلیتاریزەکردوە و تاوانی گەورەیان لە دژی خەڵکی کوردستان و موخالیفانی سیاسی ئەمجامداوە. جگە لەوەش میسداقییەتی دەسەڵاتی ئەردۆگان و خودی هەژمونی حزبێکی شۆڤێنی وەکو ئاک پارتی جێگای متمانە نییە و یاریکردن بە دەرەنجامەکان و دەنگدانیش بە دڵنیایی دەکرێت، ئەویش لەکاتێکدا کە خودی پرۆسەی هەڵبژاردنی پارلەمانی چۆتە ژێر پرسیارەوە. چونکە نمونەی تەزویر و ساختەکاری لە عێراق و کوردستان و گەلێک جێگای تریش کە لەنێو بازنەی دیموکراسی پارلەماندان ڕوویانداوە و بینیومانن، لە تورکیا ئەم کارە دەستی بۆ دەبرێت لەپێناو ئامانجێکی شۆڤێنی و کۆنەپەرستانەدا کە هەر لە سەرەتاوە سەپێنراوە بەسەر کۆمەڵگای تورکیادا لەلایەن ئەردۆگانەوە. بۆیە ساختەکاری و یاریکردن بە ئەنجامەکان لە حزبێکی وەکو ئاک پارتی دەوەشیتەوە.
بەمپێیە ئەم دەرەنجامەی ئێستا 51,3% بەڵێ بەرانبەر بە 48,7% نەخێر، لە ناوەرۆکدا دەریدەخات خەڵکی تورکیا نایەکی بەهیزیان ووتووە بە فاشییەتی ئیسلامی بە گشتی و جۆری ئەردۆگانییەکەشی بە تایبەتی. ئەگەر ڕێژەی ئەوانەشی دەنگیاننەداوە بخرێتە سەر بەرەی نا ئەوا بێگومان دەرسەدێکی گەلێک گەورەتر نایان ووتووە بە هەموارکردنەوەی دەستور. بەڵام لەم یارییە قێزەونەی ئەردۆگاندا دەبینین هەموارکردنەوەی دەستور تارادەیەک یەکلابۆتەوە و ئەگەر زۆرە دەستی ئەردۆگان واڵابکات سیاسەتە فاشییەکانی خۆی درێژەبدات، بەڵام ڕەوشەکە بەهیچ جۆرێک ڕێگای تەخت و خۆش نییە بۆ گرتنەبەری شۆڤێنیزمێکی ئەردۆگانی بە ئاراستەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و هەر لە ئێستاوە دەنگی ناڕەزایەتی لەناو ئۆپۆزیسیۆنەوە بەرزبۆتەوە!
سەرباری ئەوانەش کێشمەکێشی چینایەتی و کێشەی کورد و دەیان پرسی دیکە ژیان و ئەجێندای سیاسی و مێژووی کۆمەڵگایەکی مەزنی وەکو تورکیا دەنەخشێنێت و دوای ڕاپرسیش هەمو ئەگەرەکان کراوەن لەبەردەم بزوتنەوەی کۆمۆنیستی کرێکاری و جەماوەری کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و ستەمدیدە و بزوتنەوە ئازادیخوازانەکانی ئەو وڵاتەدا تا گوێی ئەردۆگان و حزبەکەی بگرێت و ناوەندی هەیەمەنە و دەسەڵاتی ئەردۆگانیش لە تورکیای زیندودا بچوک و بچوکتر بکاتەوە و ڕووە و کەناری ڕوداوەکان توڕیهەڵدات. خودی دیکتاتۆرییەتی ئەردۆگان پێویستی ئەم هەنگاوەو ئەم وەرچەرخانە مێژووییە گرنگەی خەڵک و کۆمەڵگای تورکیای هێناوەتەئاراوە و کردویەتییە ئەرکێکی دەستبەجێی چەپ و کۆمۆنیزمێکی کرێکاری.
|
5337
جار خوێندراوهتهوه |
Friday, April 14, 2017
|
|
|