www.govarikoch.com
توركیا : چارەسەركردنی كێشەی كورد و
دینامیكە هەرێمییەكان
نووسینی: ئۆمیر تاشـبینار(*)
وەرگێڕانی: مەهاباد قادر
ئەم بابەتە فاكتەرەكانی تێڕوانینی توركیی شیكاریدەكات بەرەو دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ كێشەی كورد لە روانگەی ئەو گەشە ئابوورییەی كە توركیا بەخۆوەی دەبینێت، هەروەها لە روانگەی ئەو گۆڕانكارییانەی كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەخۆوەی دەبینێت بەتایبەت ئەو گۆڕانكارییانەی كە "بەهاری عەرەبیی" لە میسر و تونس ‌و جەنگی سوریا هێناویەتەگۆڕێ ‌و شیمانەكانی دامەزراندنی نێوچەیەكی خۆبەڕێوەبەریی كوردیی نوێ بەتایبەت لە سوریا ‌و رەنگبێ لە ئێران ‌و كاریگەرییەكانی لەسەر توركیا. نووسەری ئەم بابەتە پێیوایە كە تاقە هیوای وەستاندانی ئەو تەوژمە هەڵكشاوەی روو لە توركیا دەكات بریتییەلە "هاوبەشیی لەگەڵ كورداندا لە چوارچێوەی فیدرالییەت ‌و ئۆتۆنۆمیدا ‌و گرتنەبەری هەنگاوی جیددیی بەرەو دیموكراسییەت ‌و فرەیی فەرهەنگیی ‌و فیدرالیی، بەشێوەیەك بتوانێت ئەو تەوژمە كوردییە وەربگرێت".
توركیا لەماوەی ئەم دە ساڵەی دواییدا پێشكەوتنێكی ئابووریی بەرچاوی بەخۆوەبینیوە لەچەندین بواری گرنگدا: لەڕووی ئابوورییەوە تێكڕای داهاتی تاك پتر لە نیوە زیادیكردووە ‌و بەرهەمی خۆماڵیی سێ هێندە زیادیكردووە ‌و توركیا گەیشتووەتە پلەی 16 لەنێو ئابووریی وڵاتە بەهێزەكاندا. توركیای ئەمڕۆ جیاواز لەو وڵاتەی كە لەحەفتاكاندا گیرۆدەی هەڵاوسان ‌و قەیرانە داراییەكان ببوو شانازیدەكات بەوەی یەكێكە لە وڵاتانی گرووپی بیست ‌و یەكێك لەو وڵاتانەی كە سەركەوتووبووە لە تێپەڕاندنی قەیرانی كەموكورتیی ئابووریی جیهانیی لە ساڵی 2008. توركیا لەم ساڵانەی دواییدا وەرچەرخانێكی گەوهەریی بەخۆوەبینیوە لە سیاسەتی دەرەوەدا، هەمدیسان لەئاكامی سەركەوتنی ئابووریی توركیاوە ئێستا زۆرترین متمانەی بەخۆی هەیە ‌و هێزێكی گەورەی كارای لێدروستبووە. لە سەروبەندی جەنگی سارد ‌و نەوەدەكاندا، ئەنكەرە لە قورسایی خۆی كەمدەكردەوە لە كاروباری نێودەوڵەتیدا، هەرچی ئێستایە رۆڵێكی جیاواز دەگێڕێت، دەكرێت بڵێین بەهۆی تموحە فرەئاڕاستەكانیەوە هەوڵدەدات كە قورساییەكەی زیادبكات هەر لە ئەفەریقاوە بۆ چین لەڕێگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ‌و ئاسیای نێوەڕاستەوە.
گۆڕانە نێوخۆییەكانیش لەنێوخۆدا فرەگرنگن، شۆڕشێكی بێدەنگ لە پەیوەندییە مەدەنیی – سەربازییەكاندا روویداوە، سەردەمی كۆدەتا سەربازییەكان لە توركیا بەسەرچووە، سیستەمی میلیتاریی گۆڕدرا بە ئامادەیی بەهێزی پارتە سیاسییە مەدەنییەكان كە گەیشتووەتە ئاستێكی بێوێنە لەڕووی جەماوەریی ‌و شەرعییەتەوە بە بڕوای نزیكەی 50%ی دەنگدەران. پێشتر لە مێژووی هاوچەرخی توركیادا پارتێكی مەدەنیی نەبووە سێ جاران یەك لە دوایەك لەهەڵبژاردنەكاندا سەركەوتن بەدەستبهێنێت ‌و هەرجارەش دەنگەكانی زیاتربكات، بەتایبەت هەرچی پەیوەندیی هەیە بە ئازادیی گوتن ‌و سەربەخۆیی دادگەكان. توركیای ئەمڕۆ وڵاتێكی فرەدیموكراسییە، بەڵام لیبرالیی نییە بەراورد بە نەوەدەكان. وێڕای ئەو وێنە پرشگندارەی سەركەوتنی هەمەلایەنە لە ئابووریی ‌و سیاسەتی دەرەوە و چەمكە سیاسییە گشتییەكاندا، بەڵام توركیا تەنها لە یەك لاوە شكستیهێناوە بەشێوەیەكی روون ‌و ئاشكرا لە گۆڕینی "پارادایمی" كێشەی كورددا. زۆرینەی كۆڵەرانیش كێشەی كورد بە قووڵترین ‌و قورسترین قەیران لەقەڵەمدەدەن كە بەرۆكی توركیای گرتووە. رووبەڕووبوونەوەی كوردیی بۆ پرۆژەی "كەمالیزم" هەر لە رۆژانی سەرەتای دامەزراندنی كۆمارەوە توركیای تووشی سەرسوڕمان كردووە، هەتا ئەمڕۆش هەربەوشێوەیە بەردەوامە. لەڕاستیدا هەر لە راپەڕینەكەی شێخ سەعیدەوە لە ساڵی1925ەوە تادەگاتە خەباتی پارتی كرێكارانی كوردستان PKK لەپێناو ئۆتۆنۆمیدا، كێشەی كورد بووەتە "پاژنەی ئەخیل" لە دەوڵەتی نەتەوەیی توركیدا. توركەكان ئیمپراتۆریەتەكەیان لەدەستدا بەهۆی كەمەنەتەوەكان كە سووربوون لەسەر دامەزراندی دەوڵەتی تایبەت بەخۆیان. ئیدی خواستە ئیتنییەكان لەپێناو سەربەخۆییدا بوونە كابوسێك بۆ نێوەندی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیی لەماوەی سەدەی نۆزدەدا. فەڕەنسا پێشەنگی توركیای كەمالیی بوو كە هاوڵاتیبوونی بە پرۆسەیەكی پێكەوەژیان دەزانی، رەنگبێ پێكەوەژیان لە دۆخی فەڕەنسیدا ئاسانتربووبێت لە هەردوو سەدەی نۆزدە و بیستەمدا، وەختێك فرەیی فەرهەنگیی بەربڵاونەبوو، بەڵام قبوڵكردنی كەمەنەتەوە لەگەڵ زیادبوونی هۆشیاری سیاسیی ‌و ئیتنیدا لەم چەند دەیەی دواییدا فرەقورس بوو. توركیا ئەمڕۆ بەشێوەیەكی بەردەوام رووبەڕووی نەوەیەكی كوردیی ناسیۆنالیست دەبێتەوە كە تێڕوانین ‌و هیوای هەڵكشاویان هەیە. خواستە سیاسییەكانی 15 بۆ 20 ملیۆن كوردی توركیا 20%ی تێكڕای دانیشتوانانی توركیا گەیشتووەتە ئاستێكی بێوێنە لە دە ساڵەی دواییدا، هەرچی حكومەتەكەی پارتی دادوگەشەپێدان پێیهەستاوە لەپێناو باشكردنی ئاستی بژێویی ‌و مافە فەرهەنگییەكانی كورد لە توركیا پترە لە حكومەتەكانی پێشخۆی، بەڵام ئەو چاكسازییانە خواستەكانی كوردی توركیای زیاتركردووە، هیچ گومانی تێدا نییە كە یاخیبوونی پارتی كرێكارانی كوردستان ئەو قودرەتەی نەوەدەكانی نەماوە، بەڵام ناسیۆنالیزمی كوردیی وەك هێزێكی سیاسیی هەنوكە لەسەراپای وڵاتدا ژیاوەتەوە، نەوەكی نوێی ناڕازیی ‌و دەنگدلێری دروستكردووە، خواستە ئیتنیی ‌و فەرهەنگیی ‌و سیاسییەكانی كورد نەوەك بەتەنها لە رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ بەڵكو لە شارە گەورەكانی رۆژئاواشدا بە ئەستەنبوڵ ‌و ئیزمیر و مێرسین ‌و ئەدەنەوە.
نیوەی كوردانی توركیا لە رۆژئاوای وڵاتدا دەژین، زۆرجاران سەرزەنشتدەكرێن بەوەی هاریكاریی پارتی كرێكارانی كوردستان دەكەن، ئیدی لەژێر سایەی ئەم بارودۆخەدا نێوەندی شارە رۆژئاواییەكانی وەك ئەستەنبوڵ ‌و ئیزمیر و مێرسین ‌و ئەدەنە لەژێر سایەی كابوسی توندوتیژیی ئیتنیی كوردیی – توركیدا دەژین. لەڕاستیدا گردبوونەوەی گەنجانی كورد لە دەوری پارتی كرێكارانی كوردستان ‌و رێبەرە قۆڵبەستكراوەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان كە تائێستا دەسەڵاتێكی سیاسیی گەورەی هەیە بەسەر پارتەكەیدا بارودۆخەكە بەرەو گرژیی زیاتردەبات. توركەكان زۆرینەیان پارتی كرێكارانی كوردستان بە رێكخراوێكی تیرۆرستیی دەزانن، بەڵام كەرتێكی مەزنی كوردە توركەكان بە تێڕوانینێكی رۆمانسییەوە لە جووڵانەوەكە دەڕوانن، تاقە پارتی سەرەكیی لە توركیا پارتی ئاشتیی ‌و دیموكرات BDP ناتوانێت خۆی لە پارتی كرێكارانی كوردستان دابماڵێت. زۆرینەی كوردان متمانەی خۆیان بەخشیوە بە پارتی كرێكارانی كوردستان ‌و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ بەگژداچوونەوەی سوپای توركیا. بەبڕوای ئەوان دامەزراوەی ئاسایشی نیشتیمانیی توركیا دانبەبوونی ئیتنیی كورددا نانێت بەبێ بوونی پارتی كرێكاران ‌و ئۆجەلان. هەر لە ساڵی 1923وە تا ساڵی 1990 زمانی كوردی ‌و نەتەوەی كورد بە توندترین شێوە سەركوتدەكرا. ئەوان لەنێو نەتەوەی توركدا بێبەشبوون لە مافە فەرهەنگییەكانیان ‌و ناچاردەكران ببن بە تورك. بەمشێوەیە جووڵانەوەی نەتەوەیی كورد بەچەندین شێوە روو لە هەڵكشان بوو وەك پەرچەكردارێك دژ بە نەتەوەی تورك ‌و فشاری توركاندن. لەئەمڕۆدا خواستە سیاسییەكان كورد لەڕێگەی بەربەستی یاساییەوە لە باردەبرێن ئەویش بەهۆی ئەو ماددانەی كە لە دەستوورەكەی ساڵی 1982دا ماوەتەوە كە لەژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنی سەربازیدا داڕێژراوە، بەڵام دینامیكەكانی توندوتیژی ئیتنیی ئێستا ‌و خواستە هەڵكشاوەكانی كورد ‌و كەشوهەوای سیاسیی سنوورداری داواكارییەكانی كورد تێكەڵەیەكە لەئانوساتدایە بتەقێتەوە. لە ساڵی 2009دا و لەهەوڵێكدا بۆ چارەسەركردنی فاكتەرە ریشەییەكانی كێشەی كورد پارتی دادوگەشەپێدان پرۆسەی "كرانەوەی دیموكراسیی" راگەیاند كە لێخۆشبوونێكی كاتیی بەخشیی بە چەكدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان، ئەمەش هەنگاوێك بوو بە ئاڕاستەیەكی راستدا، بەڵام لەپاش ماوەیەكی كورتخایەن كە گەرێلاكان لە عێراقەوە روویان لە توركیا كردەوە دانیشتوانانی كورد وەك پاڵەوان پێشوازییانلێكردن ‌و ئەو كرانەوەیە بەرەو بنبەست ملینا. بۆیە ئەو بانگەوازەی كە عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان لە 21ی ئادار/مارسی 2013دا رایگەیاند لەپێناو ئاگربڕ و پاشەكشەی گەرێلاكانی پەكەكە وڵاتی بەرەو وەرچەرخانێكی نموونەیی گەورە برد. ئەمە دووەم هەلە كە بۆ كۆماری توركیا دەڕەخسێت بە ئامانجی چارەسەركردنی كێشەی كورد، بەڵام ناچاركردنی پارتی كرێكارانی كوردستان بۆ چوونەنێو "ململانێی سیاسیی" ئاسان نییە، چونكە زۆرینەی ئەندامەكانی ساڵانێكی دوورودرێژیان بەڕێكردووە جگەلە جەنگان لەو چیا و چۆڵە چ شتێكی ئەوتۆ نازانن.
ئەوەی لەئێستادا داوادەكرێت لەڕێگەی پرۆسەی ئاشتیی فشەڵەوە بریتییەلە بەدەستهێنانی وەرچەرخانێكی دیموكراسیی راستەقینە لەگەڵ دانانی دەستوورێكی نوێدا. ئەگەر توركیا توانیی ئەم گواستنەوە قورسە ئەنجامبدات ئەوا بەخێر دەگەڕێتەوە بۆ هەردوو سیاسەتی دەرەوە و نێوخۆ. لەبەرئەوە لەبەرامبەر راگەیانی ئاگربڕ ‌و راستەوخۆ پاشەكشەی گەرێلاكان لەسەر توركیا پێویستە چاوبخشێنێتەوە بە یاسای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر كە سزای ئازادیی گوتن دەدات ‌و گۆڕینی دەستوور لە هاوڵاتیبوونی یەكسان ‌و رێگەخۆشكردن لەبەردەم زمانی كوردی لە فێركردن ‌و ژیانی گشتیدا. توركیا پەنادەباتەبەر گرتنەبری هەنگاوگەلێك كە دەكرێت گۆڕانی ریشەیی نموونەیی لەوڵاتدا رووبدات.
دینامیكە هەرێمییەكان
گرنگە ئەوە بەبیربهێنینەوە كە بانگەوازەكەی رێبەری قۆڵبەستكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەپێناو ئاگربڕدا لەپاش چەند مانگێك لە دانوستان دێت لەگەڵ حكومەتی توركیادا، دەكرێت كاتی ئەو دانوستانە پەیوەستبێت بە پراگماتی توركییەوە، توركیا دركیبەوەكرد كە بەهاری عەرەبیی لەگەوهەردا بریتییەلە جووڵانەوەیەك لەپێناو دیموكراسیەت ‌و سەربەخۆیی، بەشێوەیەك كاریگەریی بكاتەسەر كێشەی كورد و گۆڕانێكی گشتگیر لەنێوچەكەدا دروستبكات لەپێناو سەربەخۆیی. لەكۆتاییدا، دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانی گەورەی سەربەخۆ خەونی ملیۆنان ناسیۆنالیستی كوردییە‌و، لەئێستادا نزیكەی 30 ملیۆن كورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هەن، وێڕای ئەوەی جیاوازیی هەیە لەسەر ژمارەیان بەشێوەیەكی ورد، بەڵام ئەوەی كە سەرجەمیان رێككەوتوون لەسەریی بریتییە ئەوەیە كە نیوەی كوردان واتە 15 ملیۆن بەنزیكەیی لە توركیا دەژین. زۆرجاران باس لە فەلەستینییەكان دەكرێت بەوەی گەلێكی بێ دەوڵەتن، بەڵام لەلایەكیترەوە كوردەكان ژمارەیان لە فەلەستینییەكان زۆر زیاترە ئەوانیش دیسانەوە هەر بێ دەوڵەتن. بۆیەشە توركیا دڕدۆنگە بەرامبەر بە ئاسۆكانی نەتەوەی كورد و خەونی پشكوتنی "كوردستانی گەورە" لەنێوچەكەدا. چاوەڕوانكراوە پاش لەبەریەكهەڵوەشانی رژێمەكەی ئەسەد حكومەتێكی كوردیی خۆبەڕێوەبەریی لە باكووری سوریا دابمەزرێت، هەروەها لەگەڵ بوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە عێراق ‌و هەرێمی كوردیی سوریی تازەپشكوتوو لە سوریا، وێڕای هەرێمی كوردیی ئێران، ئەمانە وا لە توركیا دەكەن چەند قەوارەیەكی كوردیی لە سنوورەكانی باشووریدا هەبن. تاقە هیوا بۆ بەرگرتن لەو هەڵكشانە كوردییە بەنیسبەت توركیاوە بریتییەلە هاوبەشیی لەگەڵ كورددا لە چوارچێوەی فیدرالییەت ‌و ئۆتۆنۆمیدا. لانیكەم بەگرتنەبەری هەنگاوی جیددیی بەرەو دیموكراسییەت ‌و فرەیی فەرهەنگیی ‌و فیدرالییەت بەئامانجی وەرگرتنی ئەو تەوژمە كوردییە. تا ئەم دواییەی ئەردۆگان هەوڵیدەدا سنوورێك دابنێت بۆ سازشەكانی لەبەرامبەر كوردی توركیا، كەچی پەیوەندییەكانی پتەوتردەكات لەگەڵ كوردی عێراقدا، بەهاندانی پەیوەندییە ئابوورییەكانی لەگەڵ باكووری عێراق چووەتەپاڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان چونكە سوورە لەسەرئەوەی دەسەڵاتی هەبێت بەسەر نەوت ‌و غازی هەرێمەكەیاندا. ئەمەش بەرەو جیابوونەوەی كوردستانی عێراق دەچێت لە بەغداد.
پارتی دادوگەشەپێدان دركیبەوەكردووە كە ئەو نابەرابەرییە چیتر قبوڵناكرێت، بۆیە كەوتووەتە دانوستان لەگەڵ رێبەری پارتی كرێكارانی كوردستان. بەواتایەكیتر، مەحاڵە توركیا بتوانێت پارێزگاریبكات لە ستراتیجە كوردییە هەرێمییەكانی، لەوەختێكدا لەنێوخۆدا هەڵدەستێت بە سەركوتكردنی كوردان. هەنوكە پێویستە لەسەر ئەنكەرە رێچكەی پرۆسەی ئاشتیی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستاندا بگۆڕێت ‌و پەیمانێكی فرەباشتر لەگەڵ كوردەكانیدا پێشكەشبكات، لەبەرامبەردا سەركەوتوودەبێت لە كەمەنكێشكردنی كوردانی سوریا و عێراق بۆنێو بازنەی دەسەڵاتەكانی. ئەردۆگان سەرۆكی حكومەت پێویستە لەوەتێبگات لە چەك داماڵینی پارتی كرێكارانی كوردستان لە سەرەتای پرۆسەی ئاشتیدا نایەت، بەڵكو لە كۆتایی پرۆسەكەدایە. ئەو دەتوانێت بگرە لەسەریشی پێویستە داوای رێكەوتنێك بكات بۆ ئاگربڕ، بەڵام نابێت تاكلایەنە بێت لەلایەن كوردەوە و بەمانای خۆبەدەستەوان بێت. بێدەنگكردنی چەكەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە سەروبەندی گفتوگۆكاندا دەبێت هاوكاتبێت ئەویش بە وەستاندنی پرۆسە سەربازییەكانی دژبە یاخیبووان لە باشووری رۆژهەڵاتی توركیا ‌و باكووری عێراق. دواجار پێویستە توركیا دانوستانبكات نەوەك بەتەنها لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستاندا بەڵكو لەگەڵ جووڵانەوەی سیاسیی كوردیی كە نوێنەرایەتییان هەیە لەپارلەماندا واتە لەگەڵ پارتی ئاشتی دیموكراتدا BDP، جیاواز لە پارتی كرێكارانی كوردستان، پارتی ئاشتی ‌و دیموكرات BDP لەڕووی یاساییەوە دانی پێدانراوە ‌و لەنێو كوردانیشدا شەرعییەتی هەیە بەهۆی پەوەندیی تۆكمەی لەگەڵ پارتی كرێكاراندا ‌و پێكڕا هاوبەشن لە ئامانجە سیاسییەكاندا بەدامەزراندنی ئۆتۆنۆمییەكی كوردیی. ئەندامەكانی ئەو پارتە ئۆجەلان بە رێبەری خۆیان دازانن ‌و دانیانپێداناوە، ئەمەش وادەكات پارتی ئاشتی ‌و دیموكرات بكاتە شەریك لەدانوستانەكاندا ‌و گەیاندنی خواستەكانی پارتی كرێكاران ‌و هاریكاریكردنی لە دانانی رستێك چاكسازیی كە لەپارلەماندا قابیلی جێبەجێكردنبێت. ئێستا كاتی ئەوەیە ئەو سەركەوتنە تەكتیكییە بگۆڕدرێت بۆ سەركەوتنێكی ستراتیجیی، نەوەك بەتەنها بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكان، بەڵكو بە چارەسەركدنی فاكتەرە ریشەییەكانی ململانێ كوردیش. ئەمەش سەرەتای ئەو بەشە قورسەی پرۆسەی چاكسازییە. سەقفی پێشبینییەكان فرەبەرزە لەلای هەردوو لایەن كوردیی – توركیی. چەندین بەربەست ‌و قۆرت ‌و گێچەڵپێكردن ‌و بێمتمانەیی دێتەگۆڕێ كە رۆژانی ئاییندە دەیسەلمێنن، بۆیە پێویستە لەسەر حكومەت چیتر كات بەفیڕۆنەدات، ئەم دەروازە مێژووییە هەلێك بێت بۆ ئاشتیی بەشێوەیەك درێژەنەكێشێت، بەتایبەت ئەگەر هەنگاوی بەپەلە نەگیرێتەبەر بەرامبەر بە ئەنجامدانی چاكسازییە دەستوورییەكان. •••
*) ئۆمیر تاشبینار، بەڕێوبەری پرۆژەی توركیایە لە پەیمانگەی برۆكینجز ‌و مامۆستای ستراتیجەكانی ئاسایشی نیشتیمانییە لە كۆلێجی "جەنگی نەتەوەیی" ئەمەریكیی ‌و مامۆستای یاریدەدەرە لە فەرمانگەی كۆڵینەوە ئەوروپییەكان لە زانكۆی هۆبیكینجز. - ئەم بابەتە لە گۆڤاری (دراسات فلسگینیە) ژمارە 95/ 2013 بڵاوبووەتەوە.
Thursday, August 6, 2015
 Print