هەندێک لە کەلتووری ژیانی کۆچەری کوردەواری د. ئاراس محمد صالح
بەو پێیەی کورد کۆمەڵێکی کشتوکاڵی بووە، بەشێکی زۆری خەڵکەکەی سەرقاڵی ئاژەڵداری بوون، بەشێوەیەکی سەرەتایی بەخیویان کردووە، هەربۆیە ژیانی کۆچەری و گەرمیان و کوێستان کردن و بەشێک بووە لە کەلتوری ژیانی کوردەواری، هەڵکەوتەی کەش و هەوای وڵاتەکەیان لەبار بووە بۆ ئاژەڵداری و کشتوکاڵ، کوردستان هەر لە کۆنەوە ئاوەدان بووە، بەدرێژایی مێژوو کورد لە وڵاتی خۆیدا ژیانسازی کردووەو بەگژ هەموو بەربەست و سەختیەکی ڕۆژگاردا چووەتەوە، توانیویەتی لەگەڵ دۆخی ڕۆژگاردا هەنگاو بنێت و ژیانی خۆی دەستەبەر بکات.
هەر بەپێی گونجاوی و سروشتی وڵاتەکەیانەوە بەشێک لە کورد زیاتر سەرقاڵی کشتوکاڵکردن بووە، ئەوەی کشتوکاڵی کردوە ناچار بووە نیشتەجێبێت و بەهۆی تایبەتمەندی کشتوکاڵکردنەوە نەیتوانیوە کۆچەربێت، بەڵام ئەوەی ئاژەڵداری کردووە، هەموو کات بەدوای پوش و پاوانی بژوێندا گەڕاوە، هەر ئەمە وایکردوە لەشوێنێکی دیاریکراودا نیشتەجێ نەبێت و بەردەوام هاتوچۆدابێت و شوێنێکی دیاریکراوی نەبووە.
کۆچەرە ئاژەڵدارەکان لە وەرزی پایزو زستاندا کە کەش و هەوا سارد بووە ڕوویان کردوەتە ناوچەی گەرمیان، بۆ پاراستنی خۆیان ئاژەڵەکانیان لەسەرماو کڕێوەی زستان، هەروەها لە بەهارو هاویندا کە کەش و هەوا گەرم بووە ڕوویان کردووەتە کوێستانەکان، خۆیان و ئاژەڵەکانیان لە گڕەو گەرمای هاوینی گەرمەسێر پاراستوە، لە هەمان کاتدا بەدرێژایی ساڵ بەهۆی ئەو کۆچەوە لەوەڕگای بژوێنی بۆ مەڕوماڵاتەکەی دەستەبەر کردووە.
جاف و گۆران: لە ناوچەی سلێمانی و گەرمیان و هەتا دەگاتە سنە، ئەو هۆزو تیرانەی کۆچەر بوون و گەرمیان و کوێستانیان کردووە پێیان وتون (جاف)، ئەوانەی نیشتەجێبوون لە گوندەکاندا و خەریکی کاری کشتوکاڵی بوون پێیان وتراوە (گۆران)، ئەم توێژە زۆربەی کات ناکۆک بوون و دژایەتی یەکیان کردووە، جاف ئاژەڵی بە ناو کشتوکاڵی گۆراندا لێخوڕیوەو زیانی بە گۆران گەیاندوە، گۆرانیش ناوناتۆرەی خراپی لە جافەکان ناوە، هەندێجار کۆچەرەکان بە (ماڵە کوردەکان) ناوبراوە، هەتا ئێستایش هەندێ بنەماڵە نازناوی (کوردە)یان پێوەیە، واتە: لە پێشدا کۆچەر بوون.
کۆچ دایبەیکدا: ئەو بەیانیەی کۆچ و بار پێچراوەتەوەو چیغ و چڵا بار کراوە، مەڕوماڵات و کۆرپەکانی تێکەڵاو کراوەو بووە بە قاڕەو باڕەی بەخ و مەڕ، هەراوهۆریای خەڵکی و هاوار و بانگ کردن و سەرقاڵی زۆری خەڵکەکە بە بارکردن و پێچانەوەی ماڵ، بەو دیمەنە وتراوە کۆچ دایبەیکدا.
دواکۆچ: ئەو کەسانەی بەهۆی مەڕوماڵاتی نەخۆش و تازە زاو، یان هەر هۆیەکی ترەوە دواکەوتبن، پێیان وتون دواکۆچ، واتە دوای کۆچی گشتی کۆچیان کردوەو لە شوێنی هەواری کوێستاندا لەگەڵ ئەوانی تردا یەکیان گرتوەتەوە.
ئاران: هەواری زستانەی هۆزە کۆچەرەکانە، گەرمەسێر، ئەڵێن: هەموو چونە هەوران، ئێمە ماوین لە ئاران، واتە: هەموو چوونە هەواری کوێستان و ئێمە لە هەواری گەرمیان ماوینەتەوە.
ڕەش دەوار: دەوار لە بەنی موی بزن دروست دەکرێت، سەرەتا تەختە تختە لە شێوەی بەڕەدا دروستی دەکەن و پاشان چەند تەختەیەک دەدرون بەیەکداو دەیکەنە دەوارێکی گەورە، لەبەرئەوەی بەزۆری بزنی کوردستان ڕەشە، بەنەکەشی ڕەش دەبێت و دەوارەکەش ڕەنگی ڕەش دەردەچێت، هەربۆیە بە ڕەش دەوار ناوبراوە.
ڕەشماڵ: کاتێک ئەو ڕەش دەوارانە هەڵدەدەرێت و دەبێت بە ماڵ، ماڵەکان ڕەنگیان ڕەشە، یان لە دوورەوە ڕەش دەچنەوە، بۆیە بەرەشماڵ ناوبراوە. واتە: ڕەش دەوار کاتێک نەبووتە ماڵ، ڕەشماڵ هەر ڕەش دەوارەکەی هەڵدراوەو ماڵی تێدایە.
کۆچەڕێ: ئەو ڕیگا بووە کە هۆزە کۆچەرەکان پێدا تێپەڕیون و گەرمیان کوێستانیان کردوە، هەر تیرەو هۆزێک ڕێگای تایبەتی خۆی هەبووەو ساڵانە بەو ڕێگایەدا کۆچیان کردووەو گەڕاونەتەوە، هەندێ لە هۆزەکان کەلی سەرگرمە کۆچەڕییان بووە، هەندێکی تریان دەربەندباسەڕەو بۆ کەلی بەرانان و دەشتی شارەزور هەتا دەگاتە پێنجوێن و کەلیخان کۆچەڕییان بووە.
شاعیرێکی وەک وەلی دێوانە کە کوڕی هۆزێکی کۆچەری وەک کەماڵەیی جاف بووەو گەرمیان و کوێستانی کردووە لەگەڵ هۆزەکەیدا، لە دێڕە شیعرێکدا ئەڵێت:
تەنها گۆڕەکەم لە ڕێی خێڵان بێت
لە جێ هەوارگەی جاف و گۆران بێت
کۆز: کۆز ئەو جێگا تایبەتەیە بەرخ و کاری کۆرپەی تێدا بەخێو دەکرێت، بەڵام لە ژیانی کۆچەریدا ئەو شوێنە تایبەت هۆزە کۆچەرەکان تێدا هەڵدەدەن و مەڕوماڵات بەخێو دەکەن، بۆ نمونە دەوترێت: حەوش و بارانی کۆزی هۆزی مکایەڵی بووە.
|
214
جار خوێندراوهتهوه |
Sunday, June 14, 2020
|
|
|