داعشەکانی مێدیای کوردی
ئامانج شاکەلی

لە دووبارە کردنەوەی بابەتێکی دیاریکراو لە نووسینەکانمدا بێزارم، بەڵام هەندێ بابەت هەن، هێندە ناڕێک و نەگونجاو و زیانبەخشن، ناچار دەبم چەندین جار لێیان وەدەنگ بێم و باسیان لێوە بکەم. مەسەلەی زمان و زمانەوانی ونزمی ئاستی تێگەیشتن و هۆشیاریی زۆرینەی ڕۆژمەوانان و مێدیاکارانی کورد، یەکێکە لەو بابەتانەی زۆرجار ناچاری دووپاتکردنەوەیان دەبم.
گرفتەکە ئەوەیە قسە و گوتاری ڕۆژنامەوان بە ئاسانی دەگاتە زۆرینەی خەڵک و بە گورجیش کاریان تێدەکات. ئیتر کاتێک ئەوان وشەیەک یان ڕستەیەک بە هەڵەی زەق و زەلامەوە دەردەبڕن، هەر خێرا ئەو هەڵەیە لە مێشکی خەڵکەکەدا چەسپ دەبێت و لە ژیانی ڕۆژانەیاندا بەکاری دەهێنن. بێژەری کەناڵێکی تەلەفزیۆنی لە کاتی خوێندنەوەی هەواڵەکاندا دەڵێ:
– هێزەکانی داعش لەم ناوچەیە بوونیان هەیە!
نازانم ئەم ڕستەیە چۆن و لەسەر چ بنەمایەکی زمانەوانی داڕیژراوە؟ [بوونیان هەیە] لە کوێ و بە چ زاراوەیەکی کوردییە؟ کورد دەڵێت: تەماتە و سەوزە لە بازاڕ هەن. فڵانە کەس لە ماڵی ئێمەیە. لە شاری سلێمانی چاڤی لاند و هۆتێل تایتانیک هەن. دەڵێی مێدیای کوردی بۆ داتەپاندن و وێرانکردنی زمانی کوردی قسەیان کردووە بە یەک و قۆڵی جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە نانیشتمانی و دژە نەتەوایەتییەیان لێ هەڵکردووە. نموونەی دیکە لەو فەریکە کوردییەی مێدیای کوردی:
– دوو لایەنی سیاسی لە هەولێر کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا!
ئەنجام بە عارەبی یانی نەتیجە. دەگوترێ: ئەنجامی یارییەکەی نێوان ئەرجەنتین و فەرەنسا یەک بە سفر بوو. کەواتە نابێ بگوترێت: کارەکەی ئەنجامدا. بەڵکو دەگوترێت: کارەکەی کرد. یان کارەکەی جێبەجێکرد. کەواتە دەبێ بگوترێ: دوو لایەنی سیاسی لە هەولێر کۆبوونەوەیەکیان کرد. یان کۆبوونەوە.
لەوانەش سەمەرەتر؛ بێژەرێک لە میوانەکەی دەپرسێت:
– کەی پرۆسەی هاوسەرگیریت ئەنجام داوە؟ میوانی بەڕێزیش لە وەڵامدا دەفەرمێ:
– ماوەی دوو ساڵە هەستاوم بە جێبەجێکردنی پرۆسەی هاوسەرگیری!! بە حسابی ئەو دەستەبرا و دەستەخوشکە ئازیز و کوردی نەزانانە بێ، لەمەبەدوا دەبێ گفتوگۆی نێوان برادەران ئا بەم جۆرە بێت:
– با هەستین بە پرۆسەی نانی نیوەڕۆ خواردن!
– لەبەر ئەوەی لە ماڵی ئێمەدا میوان بوونیان هەیە، ناتوانم هەستم بە نووستنی پاش نیوەڕۆ!
– بە ڕەحمەت بێ، باوکم چوار ساڵ پێش ئێستە پرۆسەی کۆچی دوایی ئەنجام دا!
گەلی برادەرینە! ئەوە چەندین جارە عەرزی با حزووری با سەعادەتتان دەکەم کە [هەستان بە] لە [یقوم بهژا ألعمل] عارەبییەوە وەرگیراوە و فڕی بە زمانی کوردییەوە نییە. تکایە ئێوەش وازی لێبێنن. ئاخر کێ بیستوویە پیرەژنێک، پیرەمێردێکی کورد بڵێت: هەستام بە دۆشینی مانگاکەم، هەستام بە کردنی نوێژەکەم! ئەوان سووک و هاسان دەڵێن: مانگاکەم دۆشی، نوێژەکەم کرد. باشە ئەگەر بێژەران و نووسەرانی مێدیای کوردی بڵێن و بنووسن:
– کەی ژنت هێناوە؟ یان کەی شووت کردوە؟ تۆ بڵێی زەوی لە مەداری خۆی دەربچێت یان شەڕی سێیەمی جیهانی بقەومێت؟! لە باس و خواسی زمان و زمانزانی گەڕێین و بێینەوە سەرباسی ڕێوشوێن و دابی ڕۆژنامەوانی. بێژەری کەنالێکی ناوداری کوردی لە میوانەکەی دەپرسێت:
– ژمارەی ئەو چەکدارانەی لەگەڵت بوون کاتێ چوویت بۆ کەرکووک چەند بوون؟
– ئایا تۆ دەتوانی ئەو هەموو جۆرە چەکانە بەکار بهێنیت؟ تێناگەم ئەو برا بەڕێزە لە کوێ فێری کاری ڕۆژنامەوانی و بێژەری بووە کە ئاوا پرسیارگەلێک دەکات؟ ئاخر ئازادی ڕۆژنامەوانی شتێکە و بەڕە لەسەر هەتیوان هەڵدانەوە و ئاشکراکردنی نهێنییەکان شتێکی ترە. کاکی برای! تۆ بە چ هەقێت پرسیاری ژمارەی [چەکداران!] لە فەرماندەیەک دەکەیت؟ ئەگەر نازانیت ئەوە نهێنی سەربازییە و ئاشکرا کردنی بە سوودی دوژمن تەواو دەبێت؛ ئیتر بۆ دەبیتە بێژەر و کاری مێدیایی دەکەیت؟!
لەوەش بترازێ تا کۆتایی بەرنامەکە، کاکی بێژەر لێ نەگەڕا میوانەکەی تەنانەت یەک پرسیاریش بە تەواوەتی وەڵام بداتەوە و بێوچان قسەکەی پێ دەبڕی. مێدیاکاری کورد وا دەزانێ ئەگەر لە هەموو بابەتێک بپرسێت و هەموو نهێنییەک ئاشکرا بکات، ئەوە دەستپێشکەریی کردووە و داهێنانی ڕۆژنامەوانی کردووە. بێئاگا لەوەی کاری مێدیا پێش ئەوەی هونەر بیت، زانستە و زانستیش هۆش و لێکدانەوە و هەلسەنگاندنی وردی دەوێت.
22 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌       |     Sunday, February 3, 2019
زیاتر
رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش..
خوێندنەوەییەكی سۆسیۆمێژوویی
ئیبراهیم حاجی زەڵمی
لە سەلەفییەتی دەقەوە بۆ سەلەفییەتی جیهادی
حەبیب محەممەد دەروێش
لە بارەی داعش و بونیادگەرایییەوە
ئایندەی سەلەفیگەری پەڕگیر
ن. سەید سادق حەقیقەت
و. هەڵكەوت هەورامی
رات چییه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م سایته‌؟



ژماره   بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
govari koch| All rights reserved © 2010