www.govarikoch.com
شۆڕشێكی نوێ بەڕێوەیە
هەوار جەمال
ئاشكرایە بەدرێژایی مێژوو پرسی خاك‌و هاونیشتیمانیانی كوردستان مایەی تێڕامان‌و مشتومڕێكی چڕو ئاڵۆزبووە، ئەم تراژیدیا درێژخایەنەی مرۆڤەكان لەم سەرزەمینەدا هەمیشە وروژێنەری هزرو پرسیاری هەمەچەشنە بووە، پرسیار دەربارەی هۆكارەكان‌و دەرچەو رێگاچارەسەرەكان بۆ كۆتایهێنان بەم تراژیدیا مرۆییە درێژخایەنە پڕ ئازارە، هەروەها پرسیار دەربارەی چۆنیەتی كردنەوەی گرێوگۆڵەكانی ئەم دۆزە. جێگەی سەرنجە كە هەتا ئێستا وەڵامدانەوەی پرسیارە هەرە گرنگەكەو دەستنیشانكردنی خاڵی دەسپێكی چارەسەر بە دروستی‌و رونی وەڵامنەدراوەتەوە، دیارە وەڵامی دروست لەو راستییەوە سەرچاوە دەگرێت، كە تێبگەین هەمیشە ئارێشەو پرسیارە مەزنەكان پێویستیان بە چارەسەرو وەڵامی مەزن هەیە، لەم سەروبەندەداو لە بەرواری (١/٣/٢٠١٦) لە ئەكاونتی تایبەتی بەندە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك، بانگەشەی بەرپاكردنی شۆڕشێكی پەروەردەیی كرا، شۆڕشێك، كە توانای دروستكردنەوەی كەسێتی تاكەكانی هەبێت‌و تیایدا رامانگەیاند كە پێویستە شۆڕش لە ناوەوەی تاكەكانەوە بێتەدەرەوە بۆ ناو كۆمەڵگا، ئەمەش بەپێی ئەو بنەمایەی كە هیچ كاتێك تاكی نەخۆش تواناو ویستی بەرهەمهێنانی كۆمەڵگای تەندروستی نەبووەو نابێت، هەنوكەش پتر لە هەركات پێشهاتەكان‌و هەستیاری دۆخەكە گرنگی‌و پێداویستی بەرپاكردنی شۆڕشێك دەسەلمێنن‌و دەیخوازێت. دیارە كۆمەڵگا وەك كایەیەكی پڕ كارلێك‌و زیندوو، هەمیشە پێویستی بەجەمسەرێك هەیە كە ببێتە خاڵی دەسپێك‌و بەردەوام لەهەموو روویەكەوە رۆڵی بزوێنەرو نوێكەرەوەو داهێنەر لەپێشخستنی ژیان‌و ژیاری كۆمەڵگادا ببینێت، ئەگەر كۆمەڵگە وەك چەند كارگەیەكی بەرهەمهێنی جیاجیا وێنابكەین، ئەوا بێگومان دەبینین كەگەورەترین كارگەو كاریگەرترینیان كارگەی پەروەردەیە، كە سەرجەم كایەكانی پەروەردەو خوێندن هەر لەدایەنگەوە تا ئاستە هەرەباڵاكانی خوێندن دەگرێتەخۆ. كارگەی پەروەردە ئەوكارگە دایكەیە كەكەرەستەی خاوی سەرجەم كایەوكارگەكانی دیكەی كۆمەڵگە بەرهەمدەهێنێت، بۆیە هەر كات ئەم كارگەی دایكە بەرهەمەكانی لەئاستی پێویستدانەبوون ئەوا داڕووخان‌و پاشەكشێ‌و شكست روو لەسەرتاسەری كۆمەڵگادەكات، بەواتایەكی دیكە دەتوانین بڵێین كارگەی پەروەردە بریتییە لەكارگەیژێرخان، واتە بەرلەوەی بیرلەپێشخستنی هەركایەیەكی سەرخانی كۆمەڵایەتی بكرێتەوە پێویستە بیرلەچاككردنی كارگەی ژێرخانبكرێتەوە، كارگەی ژێرخانیش بێگومان پێویستی بەدەستی كارامەی بەرهەمهێن هەیە كەخودی پەروەردەكارانن. گرنگە كۆمەڵگا باوەڕی تەواوی بەوە هەبێت كە دروستكردنی شارستانییەت لەناوەوەی مرۆڤەكان دەستپێدەكات نەك لەدەرەوەی مرۆڤدا‌و تەنها لە دروستكردنی شەقام‌و بەرزكردنەوەی باڵاخانەكاندا.
ئاشكرایە لە جیهاندا وا باوە، كە پەروەردەكاران بەردی بناغەی پێشكەوتن‌و دروستكەری هەر كۆمەڵگایەكی تەندروستن، هەروەها بەرزی‌و ئاستی پێشكەوتنی هەر كۆماڵگایەك بەندە بە ئاست‌و پلەی پەروەردەكار‌و بەو رۆڵەی پێیسپێردراوە، پرسیارێك كە لێرەدا خۆی دەسەپێنێت ئەوەیە، كاتێك كە پەروەردەكاران ئەو پێگەیەی خۆیان لەدەستدابێت‌و كۆمەڵگا دوچاری گرێكوێرەو كێشەی پەروەردەیی هاتبێت، كێ دەبێت گرێكوێرەكە بكاتەوە؟ كێ دەبێـت نرخ‌و بەها بداتەوە بە پەروەردەكارانی كوردستان تا وڵات بەگشتی گەشەبكات‌و پێشبكەوێت؟ كێ دەبێت ئەو ئەركە مەزنە بگرێتەئەستۆ؟ بێگومان ئەوە تەنهاو تەنها پەروەردەكاران خۆیانن كە دەتوانن ئەو كارە مەزنە ئەنجامبدەن‌و پێویستە هەر ئەوان یەكەمین ئاڵاهەڵگری ئەم شۆڕشە پیرۆزە بن، خەبات بۆ هوشیاركردنەوەی سەرجەم چینوتوێژەكانی دیكەی كۆمەڵ بكەن‌و هەموان لە گرنگی‌و پێداویستی گرتنەبەری ئەم هەنگاوە مەزنە بێداربكەنەوە.
دەشێت بۆ چارەسەركردنی كێشە پەروەردەییەكان پەناببرێتەبەر دوو رێگەچارە، كە بریتین لە ئەنجامدانی چاكسازی پەروەردەیی یان شۆڕشی پەروەردەیی، دیارە جیاوازی لەنێوان چەمكەكانی چاكسازی لە بواری پەروەردەو شۆڕشی پەروەردەییداهەیە، ئاشكرایە مەبەست لە چاكسازی گۆڕانكاری بچوك‌و دیاریكراوە لە پلانێك‌و سیستمێكی پەروەردەیی دیاریكراودا، كە بە شێوەیەكی ریشەیی هیچ گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە تێڕوانین‌و فەلسەفە پەروەردەییەكان دروستناكات، لە كاتێكدا شۆڕشی پەروەردەیی بریتییەلە پەنابردنەبەرئەنجامدانی گۆڕانكاری ریشەیی لەسەرجەم فەلسەفە‌و تێڕوانینی پەروەردەیی‌و بەهاكان‌و ستراكچەرو میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی. بەمپێیە جیاوازی نێوان ئەم دوو چەمكە لە خاڵێكی بنگەهیدا خۆی نمایشدەكات، ئەویش ئەوەیە كە چاكسازیی پەروەردەیی دەشێت پتر لەو دۆخانەدا سودی لێوەربگیرێت كە لە بناغەوە فەلسەفەیەكی پەروەردەیی ئامادەگی هەبێت‌و ستراكچەرو میكانیزمەكانی روونوئاشكراو بەكاربن، لەكاتێكدا شۆڕشی پەروەردەیی پتر بۆ ئەو دۆخانە دەشێت، كە كۆمەڵگایەك لە بنەڕەوەتەوە گیرۆدەی چەندین گرفتی كۆمەڵایەتی‌و رامیاری‌و ئابووری‌و پەروەردەیی...تاد بووەتەوەو هاوكات خاوەنی هیچ فەلسەفەیەكی پەروەردەییش نییە. لەم روانگەیەوەو لە دۆخی ئێستای كوردستاندا پێویستمان بە شۆڕشێكی پەروەردەیی‌و دەستەبەركردنی فەلسەفەیەكی پەروەردەیی هەیە كە ببێتە مایەی سەرفرازی گەل‌و نیشتیمان، پاشان كاركردن بۆ رەنگدانەوەی ئەم فەلسەفەیە بە شێوەیەكی سیستماتیك لە سەرجەم قۆناغەكانی خوێندن هەر لە باخچەی ساوایانەوە تا دوا قۆناغەكانی خوێندنی باڵا، هەر قۆناغێكی خوێندنیش بەپێی ئاست‌و پێداویستییەكانی خۆی ئامانجەكە دیاریدەكات، واتە پەروەردەو گۆشكردن بۆ قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتا، بەهێزكردنی پایەكانی رەوشت بۆ قۆناغەكانی ناوەند‌و گفتوگۆو گەشەپێدانی فەلسەفەی پەروەردەیی بۆ قۆناغەكانی خوێندنی كۆتا دەبنە ئامانج، ئیدی ئەم پرۆسەیە هەمیشە بەمشێوەیە لە نوێبوونەوەدا دەبێت.
ئاشكرایە كە هیچ تاكێك نابێتە فریشتە هەروەك چۆن كۆمەڵگەی فریشەیی بوونی نییە، بەپێی پێوەرەكانی دەروونناسی‌و كۆمەڵناسی لە ناخی هەر تاكێكدا دیوێكی رەش و دیوێكی سپی هەیە، كۆمەڵگاكانیش بە هەمان شێوەیە، واتە هێلێكی روون لەنێوان ئەم دوو گوزارشتەدا (چاك‌و خراپ) نەكێشراوە، واتە بناغەی بڕیاردان لەسەر چاكەو خراپە بۆ تاك‌و كۆمەڵگاكان رێژەییە، پارسەنگی كامیان زیاتر بوو ئەوە دەبێتە پێناسەیەكی گشتی بۆ تاك‌و كۆمەڵگاكان، بێگومان هەمان پێوەریش بەكاردەهێنرێت بۆ دەستە، گروپ، كۆڕ، رێكخراو، گوند، شارو نەتەوەو گەل. دیارە ئەركی سەرشانی هەر كۆمەڵگایەكیش بریتییەلە پتەوكردنی لایەنی ئەرێنی رەوشت‌و لاوازكردنی لایەنی نەرێنی رەوشت، ئەمەش تاكە چارەسەری كێشە پەروەردەییەكانی هەر كۆمەڵگایەكە، كە بەهۆی شۆڕشێكی پەروەردەییەوە چێدەبێت. بێگومان بەرپاكردنی ئەم شۆڕشە پەروەردەییە لەناو توێژێكی دەستەبژێری پەروەردەكاران خۆیاندا دەبێت، بە دروستكردنی باوەڕێكی پتەو بە گرنگی پیادەكردنی وەها شۆڕشێك لەسەرتاسەری كۆمەڵگادا، كە ئەمەش پێویستی بە خۆڕێكخستن‌و هەڵبژاردنی نوێنەرانی شۆڕشی پەروەردەیی هەیە، هەروەها كاركردن بۆ گەیاندنی پەروەردەكاران وەك نوێنەرانی شۆڕشی پەروەردەیی بۆ ناو پەرلەمانی كورستان‌و سەرجەم جومگەكانی دەسەڵات بۆ چەسپاندنی ئامانجەكانی، هەڵبەت بۆ ئەم ساتەوەختەی ئێستاو ئەو دۆخە هەستیارەی نیشتمانی پێداتێپەڕدەبێت، بە دڵنیاییەوە شۆڕشێكی پەروەردەیی سەربارەی هەموو ئەو ئامانجە گرنگانەی پێشتر ئاماژەی بۆكرا هاوكات ئامانجێكی گرنگترو پیرۆزتر لەخۆدەگرێت، كە خۆی لە بەدیهێنانی ئامانجە نیشتیمانییەكان‌و ئازادی‌و خەونی سەربەخۆییدا دەبینێتەوە.بێگومان رەنگە بانگەشەبۆكردنەكانی پێشترمان بۆ پیادەكردنی شۆرشێكی پەروەردەیی تەنها تروسكەی مۆمێك بێت لە تاریكستانێكدا، بەڵام بە دڵنیاییەوە مژدەی بەرپاكردنی شۆڕشێكی مەزن‌و داهاتوویەكی گەشی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە.
Thursday, October 12, 2017
 Print