www.govarikoch.com
هێزی نه‌رم و گۆڕانكاریی له‌ مۆراڵی سیاسیدا
شاناز هیرانی
گۆڕانكاریی و پێشهاته‌ خێراكانی جیهان ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ جیهان به‌ گشتی به‌ره‌و داڕشتنه‌وه‌ی هاوسه‌نگییه‌كانی هێز هه‌نگاو ده‌نێت، بۆیه‌ سه‌رچاوه‌كانی هێزی نه‌رم (القوه‌ الناعمه‌ – soft power) رۆڵی كاریگه‌ری خۆیان ده‌بینین له‌ هێڵكاریی نوێی سیستمی جیهانی، واته‌ ده‌بێت هه‌موو هێزه‌ سیاسییه‌كان وردبینانه‌ و به‌پێی ده‌ركه‌وتنی سیما و ئه‌دگاره‌ نوێیه‌كانی سیستمی نوێی جیهان، په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆیان رێك بخه‌نه‌وه‌.
گۆڕانكارییه‌كانی جیهان، به‌پێی سروشتی گه‌شه‌كردنی سیاسی و ئاراسته‌كردنی ناوه‌نده‌ هه‌ژموونداره‌كانی جیهان و له‌ رووی هۆكار و پاڵنه‌ره‌ سیاسییه‌كان و دامه‌زراوه‌كان و شێوه‌ و كاریگه‌ریی كارلێكی سیاسییانه‌وه‌، گرنگی هێزی نه‌رم نیشان ده‌ده‌ن كه‌ پێویسته‌ له‌ داهاتوودا زیاتر كاری پێ بكرێت، چونكه‌ هێزی ره‌ق (القوه‌ الصلبه‌ -hard power) كه‌ به‌كارهێنانی هێزی سه‌ربازیی و هه‌ژموونی ئابوورییه‌ بۆ دروستكردنی گوشارو كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ سیاسی و مه‌ده‌نییه‌كان، خه‌ریكه‌ ئه‌و رۆڵه‌ی لاواز ده‌بێت، چونكه‌ سیاسه‌تی تێكه‌ڵبوون (الاندماج – intergration) خه‌ریكه‌ شوێنی لێكترازان و دووركه‌وتنه‌وه‌ ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش بێگومان به‌هۆی باڵكێشانی كاریگه‌رییه‌كانی جیهانیگیریی و ئاراسته‌كانێتی كه‌ ژیان و زه‌ویی وه‌ك خێزانێكی گه‌وره‌ی له‌ گوندێكی بچكۆلانه‌دا لێهاتووه‌.
بۆیه‌ گرنگه‌ ستراتیژیی سیاسی به‌ تایبه‌تیش په‌یوه‌ندییه‌كان، گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا بێت و بگونجێنرێن له‌گه‌ڵ كۆی ئه‌و پێشهاته‌ نوێیانه‌ی جیهان، چونكه‌ هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی، یاخود قه‌واره‌ و ده‌وڵه‌تێك، هێزی نه‌رمی به‌كارهێنا، ده‌توانێت ده‌رفه‌ته‌كانی هاوكاریی و به‌رده‌وامیی زیاتر ده‌سته‌به‌ر بكات و به‌سه‌ر گرفت و قه‌یرانه‌كانی خۆیدا زاڵتر ببێت، چونكه‌ سه‌قامگیریی جیۆسیاسی ناوه‌وه‌ی هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك، ده‌خوازێت كه‌ هێزی نه‌رم بكرێته‌ ئامرازێك بۆ كارلێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ به‌ریه‌ككه‌وتنی دوو ئاراسته‌ی توند (ره‌ق) ده‌بێته‌ هۆی داڕووخانێكی مسۆگه‌ر و هه‌ڵته‌كاندنی پایه‌كانی ئه‌و جوگرافیا سیاسییه‌ی بۆته‌ هۆی راگرتنی ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌مه‌جۆره‌كان، واته‌ گرنگه‌ ئاكار و مۆڕاڵی سیاسی پارت و قه‌واره‌ سیاسییه‌كان گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا بێت و گونجان و سازان بكه‌نه‌ بنچینه‌ی به‌دیهێنانی ئامانجه‌ سیاسی و ئابوورییه‌كان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌م شێوازه‌ كاری سیاسی رێكنه‌خرێت، بێگومان هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ گه‌وره‌كانی جه‌ماوه‌ریی ده‌ست پێده‌كه‌ن كه‌ دواتر هیچ شتێك پارێزراو نابێت و عه‌فه‌ویت ئاراسته‌ی ره‌وته‌ گشتییه‌كانی خه‌ڵك ده‌كات.
Tuesday, July 28, 2020
 Print