عیشق له كتێبی (بوون و نه‌بوون)ی ژان پۆڵ سارته‌ردا رزگار عه‌لی
دۆزه‌خ بریتییه له ئه‌وانیتر. (ژان پۆل سارته‌ر)
قسه‌كردن ده‌رباره‌ی عیشق هه‌رده‌م به ئاڵۆز دێته پێش چاو، ئایا ئه‌مه ئه‌وه‌یه بابه‌ته‌كه ئاڵۆزه یان شتێك نییه به ناوی عیشق و ئه‌وه‌ی هه‌یه تهفسیراتێكه هه‌ندێك كه‌س به عیشق وێنه‌یان كردووه؟. هایدگه‌ر له كتێبی (بوون و كات) خۆی له قه‌ره‌ی عیشق نادات و خۆی لێ دوورده‌خاته‌وه، ئایا (بوون) به واته ئه‌نتۆلۆژی- بوونگهراییهكهی پێویست به عیشق ناكات؟، (ژان پۆل سارته‌ر) به درێژهدادهری هه‌مان ئه‌فكاری هایدگه‌ر داده‌نرێت، سارته‌ر له كتێبی (بوون و نه‌بوون) چه‌ند به‌شێك بۆ عیشق ته‌رخان ده‌كات و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌مان ده‌داته‌وه، به‌ڵام به شێوازێكی سارته‌ری هایدگه‌ری، سارته‌ر هه‌رگیز نه‌یویستووه به عاقارێكی جیا له (هایدگه‌ر) بڕوات، ئه‌وه‌ی سه‌رنجێكی وردی هه‌ردوو كتێبه‌كه بدات باوه‌ڕ ناكه‌م شتێكی وا ببینێته‌وه سارته‌ر له هایدگه‌ر جیابكاته‌وه، ته‌نیا یه‌ك شت نه‌بێت كه خوینه‌ر له‌گه‌ڵا یه‌كه‌م خوێندنه‌وه‌ی (سارته‌ر) هه‌ست ده‌كات ئه‌مه لای هایگه‌ر نییه ئه‌و شته‌ش عیشقه، ده‌بێت بشزانین ته‌نانه‌ت عیشقیش خاڵی جیاكردنه‌وه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی سارته‌ر له هایدگه‌ر نییه، به‌ڵكوو عیشق ئیزافه‌یه بۆ سه‌ر ئه‌و (دازاین)ی هایدگه‌ر باسی كردووه، یان ده‌توانین بڵێین عیشق ته‌واوكردنی تهواونهبووهكهی بوونگهراییهكانه، ئه‌وه‌ی دوای (بوون و كات) به لێڵی ماوه‌ته‌وه (سارته‌ر) هاتووه به عیشق ڕوونیكردۆته‌وه، ئه‌مه‌ش هه‌م ڕوونكردنه‌وه و كامڵبوونی (دازاین)ه، هه‌م مافدانهوهیه به شتێك كه باسنه‌كراوه یان له بیركراوه یان به شێوه‌یه‌كی زۆر ڕاشكاوانه تر بڵێین به میتافۆڕ ده‌ربڕاوه و نه‌گه‌یشتووه. مرۆڤ كاتێك (بوون و نه‌بوون)ی سارته‌ر ده‌خوێنێته‌وه هه‌ست ناكات شتێك له ده‌ره‌وه‌ی عیشق باسكراوه، ڕاسته چه‌مكی عیشق و باسكردنی عیشق ده‌كه‌وێته ناوه‌ڕاستی كتێبه‌كه، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش بزانین هه‌موو بابه‌تێك پێش ئه‌وه‌ی فۆرمی ته‌واوی خۆی وه‌ربگرێت سه‌ره‌تایه‌كی ناته‌واوی هه‌یه یان به كۆمه‌ڵێك نادیاردا تێپه‌ڕده‌بێت، ئه‌مه‌ش هه‌روه‌كوو مرۆڤ وایه له سكی دایكدا كه چۆن هه‌ر جاره‌و پارچه‌یه‌ك له ئه‌ندامی زیاد ده‌بێت تا ده‌بێته مرۆڤێكی ته‌واو، دیاره ئێمه باسی ڕووه بایلۆژییهكهی مرۆڤ ده‌كه‌ین و به ئاسانی ده‌توانین ئه‌و كاته‌ی مرۆڤێك بناسینه‌وه كه هه‌موو پارچه بایلۆژییهكانی ته‌واو كردبێت، به‌ڵام له عیشقدا بابه‌ته‌كه فۆرمێكی بایلۆژی نییه، به‌ڵكو بابه‌ته‌كه له ئه‌زه‌له‌وه تا مه‌رگ به قۆناغێكی نادیار تێپه‌ڕ ده‌بێت، هه‌ر ئه‌م قۆناغه (نادیار)هشه هه‌رده‌م عیشقناسین سه‌خت دێته پێش چاو، یان به جۆرێكی تر ده‌توانین بڵێین هه‌ر ئه‌مه‌شه وامان لێده‌كات كه‌م توانابین له ئاست ناسینه‌وه و پێناسه‌ی عیشق، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م نادیارهشه ئێمه وا هه‌ست ده‌كه‌ین (ژان پۆل سارته‌ر) له (بوون و نه‌بوون) ناچێته ناو قوڵایی بابه‌تی عیشق، سارته‌ر هه‌وڵده‌دات به قۆناغه نادیاره‌كاندا تێپه‌ڕێت و بگاته قۆناغێك نادیار ورده ورده خۆی بداته ده‌ست دیار، واته (ژان پۆل) به قۆناغی نادیاری ئهزهلبوونی عیشق ده‌ڕوات تا ده‌گاته چه‌مكی عیشق، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌ر به ده‌ست من بێت كتێبی (بوون و نه‌بوون) ناو ده‌نێم (كۆماری عیشق). لێره‌دا نامه‌وێت زیاتر درێژه‌ی پێبده‌م و ده‌چمه لای ڕوونكردنه‌وه‌كانی (ژان پۆل) له كتێبی (بوون و نه‌بوون)و ته‌فسیراتی ئه‌و تهواوبووهی كه هایدگه‌ر به ناته‌واویی بۆی هێشتینه‌وه..
هه‌وڵده‌ده‌ین له ڕێگه‌ی تێڕامانی گرفته‌وه لای سارته‌ر بچینه ناو باسه‌كه‌وه. له ڕوانگه‌ی ئه‌نتۆلۆژییه‌وه هه‌موو گرفتێك په‌یوه‌ندی به شتێكه‌وه هه‌یه، واته ئێمه كاتێك ده‌ڵێین كێشه‌یه‌كمان هه‌یه ئه‌مه به‌و مانایه دێت شتێك ڕێگربووه له به‌رده‌م ئه‌و شته‌ی ده‌مانه‌وێت بیكه‌ین، واته خودی گرفت به‌ربه‌ستێكه له ده‌ره‌وه‌یه و له هه‌مانكاتدا دێت بۆ ناو ئێمه، ڕاسته ئێمه ده‌ڵێین گرفتێكمان هه‌یه، (هه‌یه) گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كه بۆ ناو خۆمان، به‌ڵام ڕاستی (بابه‌ته‌كه) ئه‌وه‌یه له ده‌ره‌وه‌یه، واته گرفته‌كه هی ئێمه نییه، هه‌موو گرفتێكیش كاتێك دێته ناو ئێمه ڕاسته‌وخۆ نیگه‌رانیمان پێده‌به‌خشێت، هیچ گرفتێك بێ نیگه‌رانی نابێت، ئێمه كاتێك نیگه‌رانین گرفتێكمان هه‌یه بۆیه نیگه‌رانین، واته لێردا نیگه‌رانی هه‌وڵده‌دات هه‌موو گرفتێك ده‌ربخات تا چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزینه‌وه، ئه‌گه‌ر ئێمه له‌كاتی گرفتدا نیگه‌ران نه‌بین، ئه‌و كاته‌ش ناتوانین هیچ بیرۆكه‌یه‌كمان ده‌رباره‌ی خۆمان هه‌بێت، لێره‌دا گرفت ده‌رخستنی نیگه‌رانییه، نیگه‌رانیش گه‌ڕانه به دوای ناسینه‌وه‌ی خودی خۆمان، هه‌روه‌كو ژان پۆل سارته‌ر ئاماژه ده‌كات: من، وه‌كو كه‌سێك كه نیگه‌رانی خۆی بێت، هاوكات ئه‌و نیگه‌رانییه بۆ بوونی خۆم بوونێكم پێده‌ناسێنێت، كه منه، به‌ڵام بۆ خۆم نیم (1). ئاماژه‌ی یه‌كه‌می سارته‌ر ده‌ڕبڕینی نیگه‌رانی كه وا ده‌كات خۆمانمان پێ‌بناسێنێت من ده‌كاته دوو به‌شه‌وه ئه‌ویش ( منێك ) كه ده‌بێته بابه‌تێك بۆ منێكی تر، واته ( من )ی یه‌كه‌م هه‌رده‌م بابه‌تێكه بۆ ئه‌و منه‌ی كه منی یه‌كه‌می كردۆته بابه‌ت، یان به مانایه‌كی ئاسانتر ( من )ی یه‌كه‌م ده‌بێته منێك كه سه‌یركراوه له لایه‌ن ئه‌و منه‌ی كه سه‌یری ده‌كات، په‌یوه‌ندییه‌ك دروست ده‌بێت له نێوان (سه‌یركه‌ر و سهیركراو)، جارێك لێره‌دا نایه‌ین په‌یوه‌ندی نێوان سهیركهرو سهیركراو ڕوونبكه‌ینه‌وه به‌ڵكو ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمان بووه ئه‌وه‌یه ( من ) دوو ( بوون )ی هه‌یه (دیاره گونجاو نییه بۆ ئه‌وه‌ی ناوی ( بوون )ی لێبنێین به‌ڵام بۆ تێگه‌یشتن جارێك ئه‌و ناوه‌مان لێنا). ئاماژه‌ی دووه‌می سارته‌ر ئه‌و منه‌ی كه ده‌یناسین بۆ، خۆم نیم، واته ( من ) كاتێك ناسرایه‌وه ئه‌وا ئه‌و منه بۆ، خۆم نیم، ده‌بێت بزانین و ڕوونیبكهینهوه مه‌به‌ستی سارته‌ر چییه له‌وه‌ی كه ئاماژه ده‌كات من بۆ خۆم نیم؟. سارته‌ر له ڕێگه‌ی شهرمكرنهوه ئه‌وه ڕوونده‌كاته‌وه بۆ ئێمه بۆ خۆمان نین؟ له ڕوانگه‌ی سارته‌ره‌وه شه‌رم مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ ئاگامه‌ندی، واته ئێمه له مامهڵهكردنین له‌گه‌ڵ ئاگامه‌ندی ده‌رباره‌ی خودی خۆمان، ئه‌م تێڕامانه تێڕامانێكه من به ئاگاییه‌وه نایكه‌م و له هه‌مانكاتدا ئه‌م نائاگاییه نائاگایی نییه له ده‌ره‌وه هاتبێته ناومان به‌ڵكوو نائاگاییه له خۆوه، نائاگایی شه‌رمنانه تێگه‌یشتنه له ئاست شتێك‌دا له ده‌ره‌وه‌ی منه، واته هه‌موو شه‌رمكردنێك له ده‌ره‌وه‌یه دێته ناو ئێمه، یان به شێوه‌یه‌كی ڕوونتر شتێك له ده‌ره‌وه كه من نیم حاڵه‌تی شه‌رم له ناو من دروست ده‌كات، لێره‌دا جه‌وهه‌ری شه‌رمكردن ئه‌وه‌یه كه شتێك له‌ناو مندا دروستی ده‌كات ئه‌و منه نییه من ده‌مه‌وێت، من هیچ كاتێك ناتوانم خۆم شه‌رمه‌زار بكه‌م، به‌ڵكو له ئاستی بوونمدا شه‌رمه‌زارم، ئه‌و شته‌ی به‌رانبه‌ری شه‌رمه‌زارم بوونی خۆمه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه من بۆ خۆم نیم. گوتمان شه‌رم له‌به‌رانبه‌ر شتێك دروست ده‌بێت ئه‌و شته‌ش كه‌سێكه، ئه‌و كه‌سه واده‌كات ( من ) بیر له خۆ بكاته‌وه، واته ئه‌و كه‌سه بوونی خۆمم پێده‌ناسێنێت، كاتێك من ئیشێكی خراپم كرد یان پۆزێكی ناشیرینم لێدا یان تاعلیقم له كچێك دا ئه‌م كارانه بوونی خۆمه، واته من بۆیه ئه‌و شتانه‌م كرد كه ئه‌م كارانه به شتێكی خراپ نازانم، ( من ) هه‌رگیز به‌و كارانه حوكم به‌سه‌ر خۆدا ناده‌م یان خۆ تاوانبار ناكه‌م به‌ڵكو هه‌ستی پێده‌كه‌م و له‌گه‌ڵی ده‌ژیم و به حاڵه‌تێكی تیپه‌ڕی ناو ژیانی خۆم مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، هه‌روه‌كو ( ژان پۆڵ ) ڕوونیده‌كاته‌وه ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و كارانه‌م كرد‌و و كتوپڕ كه‌سێك منی بینی یان كه‌سێك له پشتمه‌وه وه‌ستابوو، ئاگام له وه‌ستانی ئه‌و نییه له پشتمه‌وه، له‌گه‌ڵ كردنی ئه‌م كارانه‌دا ئاوڕده‌ده‌مه‌وه ده‌یبینم له پشتمه‌وه وه‌ستاوه و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی بینیوه، ئایا چی ڕووده‌دات؟ بێگومان هه‌ست به ناشیرینی ئه‌و كارانه ده‌كه‌م و شهرمهزاردهبم، شه‌رمه‌زاربوونی من تێڕامان نییه چونكه بوونی ئه‌و كه‌سه له نێو ئاگامه‌ندی مندا له ئاكامی تێڕامانه‌وه په‌یدا نه‌بووه، ( من ) به‌س ئاگام له خۆمه و له‌ناو خۆمدا ده‌ژیم به‌ڵام ئه‌وه‌ی وایكرد من شه‌رمه‌زاربم ئه‌و كه‌سه‌یه نه‌ك تێڕامانی خۆم ده‌رباره‌ی خۆم، كه‌واته ئه‌و كه‌سه ده‌بێته ناوه‌ندێك له نێوان من و خۆم یان ئه‌و كه‌سه ده‌بێته خاڵی یه‌كه‌م كه كه‌مێك پێش ئێستا لێیدواین ئه‌ویش په‌یوه‌ندی نێوان ( سهیركهرو سهیركراو )، ئێمه له حاڵه‌تی ده‌ركه‌وتنی كه‌سێك حوكم له‌سه‌ر خۆمان ده‌ده‌ین یان بیر له خۆمان ده‌كه‌ینه‌وه یان به‌مانایه‌كی تر ئێمه له حاڵه‌تی ده‌ركه‌وتنی كه‌سێكی تر سه‌یركردنمان یان بینینمان بینینی ئه‌و كه‌سه نییه به‌ڵكوو بینینی خۆمانه، به‌ڵام حوكمه‌كه هی ئه‌و كه‌سه‌یه هاتۆته ناو كه‌سایه‌تی من، له‌كاتی حوكم كردنیشدا به‌سه‌ر خۆمدا خۆم ده‌كه‌مه بابه‌تێك بۆ خۆم، به‌ڵام سارته‌ر ڕوونیده‌كاته‌وه ئه‌و بابه‌ته‌ی یان بڵێین ئه‌و كاره‌ی من كردوومه و منی كردۆته بابه‌ت شتێك نییه كه ئه‌ندێشه‌ی ئه‌و دروستی كردبێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه من له‌به‌رده‌م ئه‌و كه‌سه‌دا وه‌كو چۆن له‌به‌رده‌م وێنه‌یه‌كی ناشیرینی خۆمدا ڕاده‌وه‌ستم، له‌گه‌ڵ ڕاوه‌ستانم توشی ناره‌زایی و توڕه‌یی ده‌بم چونكه من به ناشیرینی له‌نێو چاوی ئه‌ودا ده‌ركه‌وتووم، كه‌واته شهرمهكهم هی ئه‌وه‌یه كه خۆم ده‌ناسمه‌وه، ئه‌ها ئه‌و كاته‌ی كه ڕیشمان هاتووه‌و هه‌ر قژێكمان بهلاێكدا ڕۆیشتووه یه‌كسه‌ر له‌به‌رده‌م ئاوێنه‌یه‌كدا ته‌مه‌شای خۆمان ده‌كه‌ین یه‌كسه‌ر چاومان زه‌ق ده‌كه‌ینه‌وه وه‌كو ئه‌وه‌ی پێشتر خۆمانمان نه‌بینیبێت، له‌م حاڵه‌ته‌دا خۆمانمان بینیوه به‌ڵام به‌و شێوه ناشیرینه خۆمانمان نه‌بینیوه، حاڵه‌تی ئاوێنه‌ش هه‌مان حاڵه‌تی ده‌ركه‌وتنی كه‌سێكی تره، هیچ جیاوازییه‌ك له نێوان ئه‌وه‌دا نییه ( من ) بوونی خۆم بینیوه و ئه‌ویش بوونی منی بینیوه، من چۆن خۆم ببینم ئه‌ویش به هه‌مان شێواز ده‌مبینێت به‌ڵام بینینی ئه‌و ده‌كه‌وێته پێش بینینی منه‌وه بۆیه شهرمهزاردهبم، كه‌واته شه‌رم ناسینه‌وه‌ی ئه‌و شته‌یه كه ڕۆژانه ده‌یكه‌م، وه‌كو سارته‌ر چۆن ئه‌و دوو چه‌مكه‌ی به‌كارهێناوه بوون-بۆ-خۆی من له‌گه‌ڵ بوونم-بۆ-ئه‌و یه‌ك شتن، ئه‌م جۆره شه‌رمكردنه هه‌ژانه له ته‌وقی سه‌ره‌وه بۆ بن پێ، حاڵه‌تێكی لهناكاوهو كتوپڕه، كتوپڕێك چاوه‌ڕێمان نه‌ده‌كرد ڕووبدات و ڕوویدا، خۆم ئاماده نه‌كردبوو بۆ ئه‌و شته، یان وه‌كوو گوتم چاوه‌ڕوان نه‌كراوبوو بۆم، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه تووشی سوكایه‌تیم ده‌كات، هیچ مرۆڤێك به ته‌نیا بژیت توشی سوكایه‌تی نابێت، به‌ڵكوو ئه‌وه كه‌سێكی تره منی خستۆته ناو حاڵه‌تێكی تازه‌ی خۆمه‌وه و خۆمێكی تازه‌ی پێبه‌خشیوم كه خۆم نه‌مده‌زانی، به‌ڵام ئه‌م بوونه تازه‌یه‌م لای ئه‌وانه‌ی تره‌وه دروست نابێت به‌ڵكو خۆم دروستكه‌ری ئه‌و بوونه تازه‌یه‌ی خۆمم، ئه‌ویتر بۆی كه‌شف كردووم، كه‌واته بۆ ناسینه‌وه‌ی بوونی خۆم پێویستم به كه‌سانی دیكه‌یه، هه‌ر ئه‌وه‌شه كه گوتمان بوونمان بۆ كه‌سانی دیكه‌یه. له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا بوونی كه‌سانی دیكه ڕاسته‌وخۆ به ئێمه دراوه، په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ مندا گرێدراوه، هه‌ر ئه‌مه‌شه بوون -بۆ- ئه‌وان، به كورتییه‌كه‌ی بوونی كه‌سانی دیكه به به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ ئێمه بوونی هه‌یه، هه‌موو كاتێك ده‌توانین ئاماژه‌یان بۆ بكه‌ین و له‌گه‌ڵیان هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ین، ئایا مه‌به‌ستمان چییه له بوونی كه‌سانی دیكه؟. بوونی ئه‌وان به ته‌نیا به ئێمه نه‌دراوه، بوونی ئێمه‌و بوونی ئه‌وان په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وخۆ نییه، ڕاسته‌وخۆ به‌و مانایه‌ی هیچ پێویستیمان به شتی تر نه‌بێت، به‌ڵكوو په‌یوه‌ندی ( من ) به ئه‌وانه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كه ( هه‌موو )ی به من دراوه، هه‌موو به‌و مانایه‌ی په‌یوه‌ندیی ئه‌وان به شوێن و كات و جیهانه‌وه‌یه، واته ئه‌و بابه‌تێكه من له ڕێگه‌ی جیهانه‌وه ده‌یناسم، ده‌رئه‌نجامی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كی ده‌ره‌كییه، له هه‌مانكاتدا چونكه په‌یوه‌ندییه‌كه په‌یوه‌ندییه‌كی ده‌ره‌كییه به‌رده‌وام له ( من ) ڕاده‌كات، له ژێر ده‌ستی من ده‌رده‌چێت و نایه‌ڵێت ( من ) به ته‌واوی بیناسم، به‌ڵام هه‌ست به‌وه ناكه‌م و به به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندییه‌كه تازه ده‌بێته‌وه، هه‌ر ئه‌مه‌شه بابه‌ته‌كانی نێو جیهانی من به به‌رده‌وامی ئاڵوگۆڕی پێده‌كرێت، چونكه سه‌رهه‌ڵدانی كه‌سانی دیكه له‌ناو ( جیهانی- من ) وا ده‌كات بابه‌ته‌كانی ژیانی من له‌ناو بچێت، وه‌كوو سارته‌ر ئاماژه‌ی پێده‌كات: ده‌ركه‌وتنی كه‌سانی دیكه له نێو جیهاندا جیهان به‌ره‌و په‌رشوبڵاوی ده‌بات. ئه‌و سهنتراڵیهته له‌ناو ده‌بات كه من دامهێناوه(2). ئێمه باسی له‌ناوچوونی جیهان ناكه‌ین، واته ئیتر جیهان كۆتایی هاتبێت به‌ڵكوو ( ژان پۆڵ ) جیهان به چاڵێكی گه‌وره ده‌شوپێنێت شته‌كان به به‌رده‌وامی ده‌كه‌ونه ناوی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش هه‌رده‌م لای من به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه ده‌چێت. به‌ڵام ڕاكردنی ئه‌وان و نه‌ناسینی ئه‌وان هێشتا سارته‌ری نه‌گه‌یاندۆته ئه‌و قۆناغه‌ی كه ئه‌وانی تر بابه‌تێك نه‌بن بۆ ئێمه، به‌ڵكو ده‌توانین بڵێین ئه‌و بابه‌ته جیاواز‌و تایبه‌تمه‌نده، یان ئه‌وه‌ی كه (هوسرڵ) له فینۆمینۆلۆجییهكهی چه‌مكی ( ئاماده‌نه‌بوونی ) بۆ داناوه، به‌ڵام لێردا سارته‌ر ڕه‌خنه له هۆسرڵ ده‌كرێت كه ئاماده‌نه‌بوونی كه‌سانی دیكه به‌وه پێناسه ناكرێت ئاگامه‌ندی له مندا ئاماده‌نه‌بووه به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به ئاماده‌نه‌بوونی ئه‌و جیهانه‌وه هه‌یه من هه‌ستی پێده‌كه‌م، واته ئه‌و جیهانه جارێك ئاماده‌نه‌بووه بۆیه من كه‌سانی ترم نه‌ناسیوه، له‌م حاڵه‌ته كه‌سانی دیكه ده‌بنه بابه‌تێك جیهان پێناسه‌ی بۆ داده‌نێت، به‌ڵام هێشتا به ته‌واوی ڕووننه‌بۆته‌وه كه‌سانی دیكه چین و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئێمه چۆنه، بۆیه ( ژان پۆڵ ) زیاتر ده‌ڕوات تا له ڕێگه‌ی ( تهماشاكردنهو ه) بچێته قوڵایی بابه‌ته‌كه. وه‌كوو گووتمان ته‌ماشاكردنی كه‌سانی دیكه حاڵه‌تێكی ڕۆژانه‌یه به ئێمه دراوه، من به‌رده‌وام له جیهاندا له ڕێگه‌ی ئهگهرهكانمهوه بوونم هه‌یه، واته من له ڕێگه‌ی ئه‌گه‌ره‌وه خۆم ده‌رده‌خه‌م، كه‌سانی دیكه‌ش ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی من ده‌بینن، به ترس و دوودڵییه‌وه ده‌یبینم ئه‌و ئه‌گه‌رانه‌ی بوونی منن مه‌رجن بۆ بهرزێتێكهم یان مه‌رجن بۆ بوونی ڕه‌سه‌نی من كه به كه‌سێكی دیكه دراوه، له‌گه‌ڵ ته‌ماشاكردنی ئه‌و بۆ ( ئه‌گه‌ره‌كانی من _ ڕه‌سه‌نێتی من ) له‌ناو ده‌چێت و كه‌سی ته‌ماشاكه‌ر ده‌بێته ڕه‌سه‌ن، بێگومان له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌مه‌وێت ئه‌گه‌ره‌كانی خودی خۆم بپارێزم، له هه‌مانكاتیشدا ئه‌م پاراستنه پاراستنی ڕه‌سه‌نێتی خۆمه، بۆ ئه‌مه‌ش من حاڵه‌تی تر ده‌گرمه به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ره‌كانم بشارمه‌وه، به‌ڵام، به‌دوادا گه‌ڕانی ئه‌و واده‌كات ئه‌گه‌ره‌كانم بدۆزێته‌وه له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌ی ئهگهرهكانیشم نامۆ ده‌بم، نامۆبوونیشم هاوكاته له‌گه‌ڵ به نامۆبوونی ئه‌و جیهانه‌ی خوڵقاندوومه، كه‌واته به‌رده‌وام له ناكۆكیدام له نێوان نامۆبوون و ڕهسهنبوونمدا، هه‌روه‌كو ژان پۆل ساتهریش ئاماژه ده‌كات: من، وه‌كو ئه‌گه‌ره‌كانی بوونی خۆم، ئه‌وه نیم كه هه‌م من كه‌سێكم، كه هه‌م و ئه‌وه‌شم له نێو جیهان به‌رده‌وام له‌ده‌ستی خۆم ڕاده‌كه‌م(3)، هه‌موو ڕاكردنێك له ده‌ستی خۆم ڕاكردنه له ده‌ست كه‌سانی دیكه به پێچه‌وانه‌شه‌وه هه‌ر ڕاسته، كه‌واته كه‌سانی دیكه له نێو ئه‌و جیهانه‌ی من ده‌مه‌وێت دروستی بكه‌م مه‌رگی ئه‌گه‌ره‌كانی منن، تا منیش له جیهاندا مابم مه‌رگی ئه‌گه‌ره‌كان له نێو جیهاندا ده‌مێنێته‌وه، هه‌تا ئه‌و كاته‌ش له‌سه‌ره مه‌رگ بم هه‌ڵگری ئه‌گه‌رم و له ئه‌گه‌ر جیانابمهوه. خاڵێكی تریش ئه‌وه‌یه جیهان كتوپڕ سه‌رهه‌ڵنادات به‌ڵكوو جیهان له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی كه‌سانی دیكه بوونی هه‌یه، واته ئاماده‌بوونی كه‌سانی دیكه ئاماده‌بوونی جیهانه بۆ ئێمه، كه‌سانی دیكه له ناو شوێن و كاتدا داماندهنێن، واته ڕاستییه‌كه ئه‌وه‌یه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له خانووهكهمدا ئهمو هه‌موو ده‌رگایه دروست ده‌كه‌م له‌به‌ر بوونی خۆم نییه به‌ڵكوو له‌به‌ر بوونی كه‌سانی دیكه‌یه. به‌ڵام جارێكی دیكه گه‌ڕاینه‌وه بۆ هه‌مان پرسیار ئایا كه‌سانی دیكه وه‌كو بابه‌ت بۆ من ده‌رده‌كه‌ون یان به پێچه‌وانه‌وه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌وانی تر من بكه‌نه بابه‌ت ئه‌وا من وه‌كو ئامێر ده‌رده‌كه‌وم، ئه‌گه‌ر كه‌سێك ته‌ماشام بكات من ده‌بمه بابه‌ت، به‌ڵام ته‌ماشاكردنی سه‌تحی من ناكه‌ته بابه‌ت بۆ ئه‌و، ئه‌و كاته‌ی من ده‌بمه بابه‌ت بۆ ئه‌و، ئه‌و ده‌ست به‌سه‌ر بیرۆكه‌ی مندا بگرێت یان ده‌ست به‌سه‌ر ئاگامه‌ندی و زانینی مندا بگرێت ده‌نا ناتوانێت بمكاته بابه‌ت بۆ خۆی، چۆن؟ به بابه‌تبوونی من وه‌كو شتێك نییه كه ئاگامه‌ندی نه‌بێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی من له مێزه‌كه‌ی به‌رده‌ستی كه‌سانی تر جیاده‌كاته‌وه، من خاوه‌نی ئاگامهندیم، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت به بابه‌تبوون خه‌سڵه‌تی ئاگامه‌ندی له خۆ ناگرێت، یان به مانایه‌كی تر كه ( ژان پۆڵ ) له‌سه‌ری ده‌ڕوات، هه‌ستكردن به بوونم، وه‌كو بابه‌ت و بۆ كه‌سانی دی له بوون-بۆ-خۆی منه‌وه جیاوازه، واته ڕه‌سه‌نبوونی خۆم یان به زاراوه‌ی سارته‌ر بوون-بۆ-خۆ ئه‌و كاته بوون-بۆ-خۆیه كه له ڕوانگه‌ی خۆیه‌وه لێكدرابێتهوه نه‌ك له ڕوانگه‌ی بوون-له‌نێو-خۆ ، چونكه هه‌موو هاتنهناوهیهكی بوون-له‌نێو-خۆ ( من ) ده‌كاته مرۆڤێكی ناڕاسهن و بوون-له‌نێو خۆ، ( من ) هه‌رگیز خۆم به خراپ نابینم چونكه من به به‌رده‌وامی به‌و جۆره‌ی هه‌یه خۆی به خراپ نابینێت یان هه‌رگیز بۆ خۆم نابمه خراپ و خراپیش نیم، ئه‌مه‌ش هه‌روه‌كو سارته‌ر ئاماژه‌ی پێده‌كات بۆ دوو هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه:
حاڵه‌تی یه‌كه‌م: ئه‌وه‌یه ( من ) هه‌رگیز شێوازی بوونم به‌و جۆره‌یه ئه‌وه نیم، واته من ئه‌وه نیم كردوومه به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه كردوومه یان له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره ده‌یكه‌م كه‌واته ( من ) به ڕابردوو داهاتوو لكاوه‌و ئه‌و كاته‌ی هه‌م ئه‌وه نیم.
حاڵه‌تی دووه‌م: كاتێك ( من ) خراپ ده‌بم ده‌بێت من ئه‌وه بم كه هه‌م، هه‌ست به شێوازی بوونم بكه‌م و بوونی خۆم ببینم، لێره‌دا ده‌بێت به به‌رده‌وامی پێچه‌وانه‌ی مرۆڤبوون و حه‌زو ئاره‌زووه‌كانی خۆم ڕه‌فتار بكه‌م و ڕقم له خۆم بێته‌وه، ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی خۆ تاوانباركردنهوه ڕووده‌دات، هه‌روه‌كوو ده‌بینین ئه‌گه‌ر من ( خۆم بم ) سه‌رچاوه‌ی چه‌مكی خراپه له بوونی مندا بوونی نییه، كه‌واته من نابمه نه‌بوونی بوونی خۆم، ئه‌و نه‌بوونه‌ی كه‌سانی دیكه له منیان جیاواز كردۆته‌وه، كه‌سانی دیكه نابنه واتا بۆ به بابه‌تبوونی بوونم، به‌ڵكو حاڵه‌تێكی به‌رزن بۆ من، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ( من ) حاڵه‌تێكی نێو ئه‌ندێشه‌ی ئه‌و نیم تاوه‌كو ته‌نیا بۆ ئه‌و هه‌بم و بۆ ئه‌و بژیم. حاڵه‌تێكی دیكه‌ی ( بوون بهبابهتنهبوون بۆ ئه‌وان ) ئه‌وه‌یه كه‌سانی دیكه من ناكه‌نه بابه‌ت بۆ خۆم به‌ڵكو ده‌یكه‌نه بابه‌ت بۆ خۆیان، هه‌ندێك زانیاری یان نهێنی له ناو مندا بوونی هه‌یه، ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌ناو مندا بوونی هه‌یه كه‌سانی دیكه وه‌كو ئه‌وه ده‌ستیان ناكه‌وێت كه له‌ناو بوونی مندا بوونی هه‌یه به‌ڵكوو وه‌كو ئه‌وه ده‌ستیان ده‌كه‌وێت له‌ناو بوونی خۆیاندا واتای بۆ دروست ده‌كه‌ن. كه‌واته گه‌یشتینه ئه‌م ده‌رئه‌نجامه كه‌سێكی دیكه به به‌رده‌وامی وه‌كو ئه‌وه ده‌مێنێته‌وه كه‌سێكی دیكه‌یه نه‌ك ئه‌و كه‌سه‌ی من ده‌مه‌وێت، چونكه یه‌كه‌م: من هه‌رگیز ناتوانم بیر له ئه‌گه‌ره‌كانی ئه‌و بكه‌مه‌وه‌و داگیریان بكه‌م. دووه‌م: ئه‌گه‌ره‌كان نابنه ئه‌گه‌ری كه‌سانی دیكه‌ی به بابهتكراو، به‌س له حاڵه‌تی مه‌رگدا مرۆڤ ده‌بێته بابه‌ت بۆ كه‌سانی دیكه، چونكه مردوو ئه‌گه‌ری بوونی وه‌كو ( خۆ ) بۆ كه‌سانی دیكه ده‌دۆڕێنێت. توێژینه‌وه‌كه‌مان بۆ ئه‌وه دهڕِوات كه من بوومه‌ته بابه‌ت بۆ ئه‌وانی دیكه‌و ئه‌وانی دیكه بوون به بابه‌ت بۆ من، له هه‌ردوو حاڵه‌ت ئێمه خاوه‌نی له‌شین. كه‌واته له‌ش چییه؟ یان له‌شی كه‌سێكی دیكه چییه؟ ده‌بێت له‌سه‌ره‌تاوه له‌ش وه‌كو بوون-بۆ-خۆ بناسین دوایی به بوون-بۆ-خۆی كه‌سانی دیكه‌ی دابنێین و ڕوونیبكهینهوه، بزانین و به به‌رده‌وام ئاگاداربین ئه‌م دوو لایه‌نه جیاوازن و نابێت هه‌رگیز تێكه‌ڵیان بكه‌ین، ده‌بێت سه‌رچاوه‌ی بوون-بۆ-خۆ هه‌م له‌ش و هه‌م ئاگایی بێت، واته بوون-بۆ-خۆ ده‌بێت ڕه‌سه‌نبوونی خۆی هه‌ڵگرتبێت و دووربێت له هه‌موو شتێك ئه‌وانی تر ده‌یسه‌پێنن به‌سه‌رماندا و وامان لێده‌كه‌ن ببینه كه‌سێكی ناڕه‌سه‌ن و نامۆ بۆ خودی خۆمان و جیهان، ئه‌و كاته‌ش ده‌بینه بوون-بۆ-خۆ له چوارچێوه‌ی ئامێربووندا نه‌مێنینه‌وه به‌ڵكوو ده‌بێت خاوه‌نی ئاگامه‌ندی بین، ده‌بێت خودی ئاگامه‌ندی له‌ناو خۆماندا بوونی هه‌بێت، به‌ڵام بوون-له‌نێو- خۆ له‌شه، دیارده سایكۆلۆجییهكان نییه، با ئێستا بێین بزانین له‌ش وه‌كو بوون-بۆ-خۆ چییه؟ نابێت واتێبگه‌ین بوون-بۆ-خۆ به هه‌موو جۆرێك له چوارچێوه‌ی ناو خۆیه‌تی خۆیدایه بۆیه پێی ده‌ڵێین بوون-بۆ-خۆ و پێی ناڵێین بوون-له‌نێو-خۆ، نه‌خێر، بوون-بۆ-خۆ و جیهان شتێكی له‌یه‌ك دابڕاو نین و په‌یوه‌ندییان به‌یه‌كه‌وه هه‌یه، بوون-بۆ-خۆ كاتێك ده‌بێته بوون-بۆ-خۆ كه له‌ناو جیهاندا بێت، كاتێك ده‌ڵێین بوون-بۆ-خۆ له نێو جیهاندایه واته بوون-بۆ –خۆ ئاگامه‌ندییه، ئاگامهندیش ئاگامه‌ندییه له جیهان، هه‌رده‌م هه‌مه‌جۆری و په‌رشوبڵاوی جیهان یان تهوانهبووی جیهان به‌رانبه‌ر ئهگامهندی ڕاده‌وه‌ستێت په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ یه‌ك دروست ده‌كه‌ن، ئاگامهندیش له ڕێگایی ته‌ماشاكردنه‌وه حوكم به‌سه‌ر جیهانه‌وه ده‌دات، لێردا سارته‌ر لێكدانه‌وه‌یه‌كی تێروته‌سه‌لی بیرۆكه‌ی ئایدیالیزم و ڕیالیزم ده‌كات و زۆربه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییان ڕوونده‌كاته‌وه كه ئایدیالیزم یان ڕیالیزم بیرۆكه‌ی خۆیان له‌سه‌ر داده‌مه‌زرێن، هه‌موو ئه‌و بیرۆكانه‌ش ڕوونده‌كاته‌وه له‌سه‌ر كۆجیتۆی دیكارتی دامه‌زراون، به‌ڵام ئه‌م ڕوونكردنه‌وانه بۆ باسه‌كه‌ی ئێمه پێویست ناكات بۆیه ئێمه خۆمانی لێ لاده‌ده‌ین، ئه‌وه‌ی گرنگه ( ژان پۆل ) هه‌م شێوازێكی خۆیه‌تی هه‌م بابه‌تی به بوونی ئێمه ده‌دات، واته هه‌موو هه‌بووه‌كانی ناو جیهان دوور له من بوونی هه‌یه، منیش له‌و ڕێگه‌یه‌وه په‌یوه‌ندی خۆم له‌گه‌ڵیان داده‌مه‌زرێنم و خۆیه‌تی خۆم ئاشكرا ده‌كه‌م، یان به مانایه‌كی تر بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی بوونی هه‌بێت، ده‌بێت ( له‌وێ ) بێت، له‌وێ-بوون ئاماژه‌یه بۆ داهاتوو یان بۆ ئهوبیرۆكهیهی له داهاتوو خۆمانی له‌سه‌ر داده‌مه‌زرێنین، ئه‌مه‌ش پێویستییه‌كی ئه‌نتۆلۆژییه، كاتێك ده‌ڵێین بوون-بۆ-خۆ ئاماژه‌مان بۆ له‌ش كردووه، واته له‌ش بوونی ڕه‌سه‌نی خۆمانه، له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه من ئه‌گه‌ره‌كانی بوونم دروست ده‌كه‌م، هه‌موو ئه‌گه‌رێكیش دروست ده‌بێت په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه من خاوه‌نی هه‌ڵوێستم، واته هه‌ڵوێست و بوون-بۆ-خۆ یه‌ك شتن، ئه‌گه‌ر بوون-بۆ-خۆ هه‌ڵوێستی نه‌بێت ده‌بێته بوون-له‌نێو-خۆ، هه‌ڵوێستیش به‌ره‌و ئه‌گه‌ره‌كان ده‌ڕوات و هه‌موو كاتێك واده‌كات كه نه‌هێڵێت بوون-بۆ-خۆ ببێته بوون-له نێو-خۆ، واته بوون-بۆ-خۆ خۆی له خۆیدا ڕه‌تدانه‌وه‌ی له‌ناو خۆیدا هه‌ڵگرتووه بۆیه بووه‌ته بوون-بۆ-خۆ، كه‌واته له‌ش ئه‌و شته نییه من ده‌یناسم به‌ڵكو شتێكه له‌وێدایه و هێشتا من پێینهگهیشتووم، كه گه‌یشتم به له‌ش بۆ ئه‌وه‌ی به (له‌ش)بوون بمێنێته‌وه ده‌بێت له‌ناوی ببه‌م، ئه‌مه‌ش واده‌كات له‌شی من نه‌بێته ئامێر، واته چوارچێوه‌یه‌كی (بوونگه‌رایانه) پێشه‌كه‌ش ده‌كات، چوارچێوه‌ی بوونگه‌رایانه ئه‌وه‌یه له‌ش بۆچوون و گۆشه‌نیگایه، بۆچوون ده‌رباره‌ی جیهان، واته له‌ش به بۆچوونه‌وه ده‌بێت هه‌ڵبژێرێت، كه‌واته له‌شه بۆ ئێمه ده‌بێته هه‌ڵبژاردن، ئاگامهندیش به سه‌ربه‌ستییه‌وه ڕوو له هه‌ڵبژاردن ده‌كات و ده‌بێته بناغه‌ی بوونی خۆی، بوونی ئاگامهندیش به له‌شه‌وه شتێكی جیاكراوه نییه به‌ڵكو وه‌كو سارته‌ر ڕوونیده‌كاته‌وه: ئاگامه‌ندی بێجگه له له‌ش چی دیكه نییه، ئه‌وه‌ی له‌و دیو ئه‌وه‌وه هه‌یه هیچه‌و بێده‌نگییه(4)، لێره‌دا ئه‌وه‌مان ڕوونكرده‌وه كه بوون-بۆ-خۆ په‌یوه‌ندی به له‌شه‌وه چییه، بۆیه ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه بچینه سه‌ر په‌یوه‌ندی له‌ش به بوون-له‌نێو-خۆ چییه؟. بوون-بۆ-خۆ ڕه‌هه‌ندی دیكه‌ی هه‌یه، بوونی دیكه‌شی له‌سه‌ر ڕاده‌وه‌ستێت ئه‌ویش بوونێتییه بۆكهسانی دیكه، ژان پۆل سارته‌ر له نێوان بوونی ئێمه و ئه‌وانی دیكه چه‌مكی به‌ره‌نگاری دوورده‌خاته‌وه و بوونمان بۆ یه‌كتر به زنجیره په‌یوه‌ندییه‌ك له‌گه‌ڵ یه‌كتر ده‌زانێت، كه‌واته هه‌ستكردنی من به ( ئه‌وانی- دیكه ) ئه‌و كاته‌یه من ده‌بمه بابه‌ت بۆیان، كه‌سێكی دیكه‌ش وه‌كوو بابه‌تێكی به‌رزێتی خۆی ده‌رده‌خات، منیش به دانانی پڕۆژه‌كان هه‌وڵده‌ده‌م به‌رزێتی ئه‌و تێپهڕبكهم و بیكه‌مه بابه‌ت بۆ خۆم و خۆم بگه‌یه‌نمه ئه‌گه‌ره‌كان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌سانی دیكه من نین، من هه‌وڵده‌ده‌م بۆچونی خۆم له‌سه‌ر ئه‌و ده‌مه‌زرێنم و هاوشێوه‌ی شته‌كانی جیهان بۆ خۆمی به‌كاربهێنم، به‌ڵام وه‌كوو گوتمان هه‌موو ئاماده‌بوونێكی خۆم له‌گه‌ڵ ئاماده‌بوونی ئه‌وان ( له‌وێ ) داده‌مه‌زرێت یان له داهاتوو داده‌مه‌زرێت، واته هه‌موو ئاماژه‌كان ئاماژه‌ن بۆ ژیان و په‌یوه‌ندی داهاتوو، به‌ڵام ئاماده‌بوونمان یان په‌یوه‌ندیمان ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئاماده‌بوونی ئه‌وان وه‌كو گۆشت و ئێسقان دانامه‌زرێت، به‌ڵكوو هه‌ندێك جار ئاماده‌نه‌بوونی ئه‌وان ئاماده‌بوونی ئه‌وانه له شوێنی دیكی جیهان، هه‌روه‌كو سارته‌ر ئاماژه به‌و نمونه‌یه ده‌كات: كاتێك نامه‌ی ئامۆزاكه‌م له ئه‌فریقاوه ده‌گاته ده‌ستم ( بوونی- ئه‌و ) له شوێنێكی دیكه‌دا به من ده‌درێت، نامه‌كه ئاماژه به ئاماده‌بوونی ده‌كات هه‌رچه‌ند خۆی ئاماده نییه، به‌ڵام ئاماده‌بوونی ئه‌و ده‌بێته حاڵه‌تێكی فاكتۆر بۆ من، كه‌وابوو له‌شی كه‌سانی دیكه فاكتۆری بهرزێتین و ئاماژه بۆ فاكتۆری بوونی من ده‌كه‌ن، هه‌رچه‌ند ئێمه لهشهكهمان نه‌بینی، كه‌واته ( له‌ش ) دوای كرده‌وه بوونی نییه، واته هیچ كاتێك كرده‌وه پێش له‌ش ناكه‌وێت به‌ڵكوو له‌ش هه‌ڵكه‌وتێكی كرده‌وه‌كانی كه‌سانی دیكه‌یه و خۆشی ده‌بێته كرده‌وه، كه‌واته له‌ش ئه‌وه‌یه دانیشتووه، لای مێزه‌كه‌یه، یان په‌یوه‌ندی ده‌به‌ستێت له‌گه‌ل ئه‌وانی تردا، واته له‌ش كۆی واتای په‌یوه‌ندییه‌كانه له‌گه‌ڵ جیهاندا و هه‌رگیز ناتوانێت بێ په‌یوه‌ندی خۆی ده‌ربخات، كاتێك له‌شی ئه‌و بۆ من خۆی ده‌رده‌خات، ئه‌گه‌ر (هه‌موو) ده‌رنه‌خات ناتوانین له واتای ژیانیش تێبگه‌ین، ئه‌و كاته‌ی سه‌یری یه‌كێك له هه‌سته‌وه‌ره‌كانی كه‌سێكی دیكه ده‌كه‌ین، ئاماژه به هه‌سته‌وه‌ره‌كه به ته‌نیا ناكه‌ین به‌ڵكوو ئاماژه به كۆی ژیانی ئه‌و كه‌سه ده‌كه‌ین، واته ئێمه په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌سته‌وه‌رێكی به ته‌نیا دانامه‌زرێنین به‌ڵكو ئاماژه‌كانی ئێمه یان دامه‌زراندی ژیانی ئێمه له‌سه‌ر كۆی ژیانی ئه‌وانه، هه‌رچه‌ند له‌وانه‌یه په‌یوه‌ندییه‌كه به‌یه‌ك هه‌سته‌وه‌ر بێت، كاتێك ده‌ستێك ده‌جوڵێت یان ده‌ستی ئه‌وی دیكه به‌رز ده‌بێته‌وه من به ته‌نها ده‌ستی ئه‌و نابینم به‌ڵكو جوڵانێكی كاتی هه‌موو له‌ش و هه‌موو كه‌سایه‌تییه‌كه ده‌بینیم، كه‌واته له‌شی كه‌سێك له بوونی جیاناكرێته‌وه‌و له‌ش و بوونی كه‌سه‌كه یه‌ك شتن، له‌وانه‌یه ئه‌گه‌ر پرسیارێك قوت بێته‌وه: ئه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌موو شتێك له‌ش بێت ئه‌ی ناوه‌وه‌ی مرۆڤ یان ده‌روون له كوێیه؟ وه‌ڵامه‌كه ئه‌وه‌یه، ئه‌و بوونه‌ی ئێمه باسمان كرد په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ كه‌سانی دیكه، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ش له ئاكامی به بابه‌تبوونی ئه‌وان بۆ بوون-بۆ-خۆم و بابه‌ت بوونی من بۆ بوون-بۆ-خۆی ئه‌وان ده‌رده‌كه‌وێت، واته له هه‌ردوو حاَلهتهكه په‌یوه‌ندییه‌كه په‌یوه‌ندییه‌كی بابه‌تییه، به‌ڵام ده‌روون، بوون-بۆ-خۆیه، ده‌روون به‌رزێتی بهرزێتییه، هه‌ڵبه‌ت دیارده‌ی شاراوه له بوونمان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و دیارده‌یه بۆ ئه‌وه‌یه له‌وێ- بێت ، نه‌ك بۆ ئه‌وان، ئه‌م حاڵه‌ته‌ی به‌رزێتی یان ( له‌وێ ) واده‌كات ئێمه بجوڵێین، هه‌روه‌كو سارته‌ر ناوی ده‌بات: ( جوڵان تێكچوونی بوونه )، كه‌واته جوڵان دوو حاڵه‌ت ده‌هێنێته كایه‌وه، یه‌كه‌م: هه‌موو وه‌ستانه‌كان ده‌بنه ڕابردوو. دووه‌م: داهاتووی مهبهستكارییمان كه بوون-بۆ-خۆ ده‌هێنێته كایه‌وه، كه‌واته ئه‌و بوون-له نێو-خۆیه په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ ئه‌وان به‌رده‌وام تێپهڕدهكرێت له پێناو ئه‌وه‌ی خۆی بگه‌یه‌نێته به‌رزێتی خۆی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كارێكی وانه‌كات ئه‌وا ده‌بێته لاشه، ئێمه بۆ ئه‌وه باسی لاشه‌مان كرد تا بۆمان ڕوونبێت ئه‌وه‌ی له سه‌ره‌تاوه باسی ده‌كه‌ین لاشه نییه به‌ڵكو له‌شه. تا ئێره ئه‌وه‌ی ڕوونمانكرده‌وه چۆن له‌ش به خۆمان دراوه له هه‌مانكاتیشدا بۆ كه‌سانی دیكه‌ش دراوه، به‌ڵام له‌كاتی ئه‌وه‌ی له‌شمان بۆ كه‌سانی دیكه‌یه نامۆ ده‌كرێین، سارته‌ر ده‌گاته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه‌سانی دیكه ئه‌و كاره‌مان بۆ ته‌واو ده‌كه‌ن كه به ئێمه هه‌ڵناسوڕێت، ئه‌ویش بینینی بوونی خۆمانه به‌و شێوه‌ی هه‌ین.
له‌وانه‌یه خوێنه‌ر بپرسێت ئه‌وه‌ی باسمانكرد هیچ شتێكی له عیشق نه‌دركاندووه، نه‌ك نه‌دركاندووه به‌ڵكو هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به عیشقه‌وه نییه، به‌ڵام ده‌بێت بزانین ئه‌وه‌ی ڕوونمانكردۆتهوه سه‌ره‌تایه‌كی زۆر گرنگه، مه‌حاڵه بێ ئه‌و سه‌ره‌تایه له ڕوانگه‌ی ژان پۆڵ سارته‌ر له عیشق بگه‌ین، چونكه ئه‌وه ناكرێت و نالوێ له كه‌سایه‌تی عاشق و مه‌عشوق بدوێین بێ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مجار زانینمان له‌سه‌ر (خۆ) نه‌بێت و ڕوونمان نه‌كردبێته‌وه، ناشكرێ و ناتوانین له مه‌عشوق بدوێین تا نه‌زانی كه‌سانی دیكه چین، ناشكرێت په‌یوه‌ندی ئه‌م دووانه به یه‌كه‌وه و له‌ناو جیهاندا نه‌زانین و ئێمه بێین باسی عیشق بكه‌ین، كه‌واته هه‌موو ئه‌مانه زنجیره‌یه‌كی یه‌ك له‌دوای یه‌كن واده‌كات عیشق بوونی هه‌بێت. دواتریش له درێژه‌ی باسهكهماندا زیاتر گرنگی ئه‌و سه‌ره‌تایه‌مان بۆ ڕوونده‌بێته‌وه. تا ئێره باسی په‌یوه‌ندییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانمان له‌گه‌ڵ كه‌سانی دیكه كرد، ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ش سێ ڕه‌هه‌ندی له خۆ گرت، یه‌كه‌مجار په‌یوه‌ندی بوون-بۆ-خۆمان ڕوونكرده‌وه و دواتر هاتین باسی بوونمان - بۆ كه‌سانی دیكه كرد و دواتریش په‌یوه‌ندی ئه‌م دوانه‌مان به جیهان و خۆیان ڕوونكرده‌وه، به‌ڵام ئێمه دیسان بۆ ئه‌وه‌ی باسكهمان بۆ خوێنه‌ر ئاسان بێت و تێكه‌ڵ و پێكهڵنهبێت، هه‌روه‌كوو سه‌ره‌تا ده‌پرسین په‌یوه‌ندی بوو-بۆ-خۆ له‌گه‌ڵ بوون له‌نێو خۆ چییه؟. په‌یوه‌ندی ( بوون-بۆ –خۆ ) له‌گه‌ڵ ( بوون-له نێو-خۆ ) خۆی له‌وه ده‌بینێته‌وه له‌گه‌ڵ بوونی كه‌سانی دیكه‌دا بوونی هه‌یه، واته هه‌ردوو په‌یوه‌ندییه‌كه خۆی به‌ستووه به ئاماده‌بوونی كه‌سانی دیكه بۆ ئێمه، ئێمه بۆ بوون-بۆ-خۆ به‌س ڕهسهنێتیمان به‌كارهێنا، به‌ڵام بوون-بۆ-خۆ ده‌سه‌ڵاتی له‌ناوبردنی بوو-له‌نێو-خۆی هه‌ڵگرتووه و ئه‌مه‌ش له پێناو ئه‌وه‌ی به‌ره‌و داهاتوو هه‌نگاو بنێت و خۆی تێپه‌ڕ بكات، بۆ ئه‌مه‌ش چه‌ند فاكتۆرێك به‌كارده‌هێنێت، ئه‌م فاكتۆرانه ده‌ورێكی گه‌وره‌یان هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بمانگه‌یه‌ننه داهاتوو، یه‌كێك له‌و فاكتۆره گرنگانه ناڕازیبوونی خۆمه له بوونی خۆم، واتا فاكتۆری ئه‌وه‌ی بوونی خۆم وایه و وایه، نابێت وابێت و وابێت، ئه‌مه وا ناكات به‌س ته‌نیا داهاتوو له دایكبێت به‌ڵكوو واشده‌كات ڕابردوو له دایكبێت، چونكه ڕابروو له‌كاتێكدا له دایك ده‌بێت ئێمه ئێستا بهجێبهیڵین و به‌ره‌و داهاتوو بڕۆین، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه بوون-بۆ-خۆ ڕاده‌كات و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چیدهیكه بوون-بۆ-خۆ نییه و بووه‌ته بوون-له‌نێوخۆ، ئه‌م ڕاكردنهشه واده‌كات هه‌ر سێ كاتی (ڕابردوو، ئێستا، داهاتوو) بوونی هه‌بێت بۆمان، كه‌واته بوون-بۆ-خۆ هه‌ڵهاتنه و له‌گه‌ڵ هه‌ڵهاتنیش دوای شتێكی تر ده‌كه‌وێت، هه‌روه‌كو سارته‌ر ئاماژه ده‌كات، بوون-بۆ-خۆ هه‌ڵهاتن و بهدووكهوتنیشه، چونكه هه‌م له شتێك ڕادهكهین هه‌م به‌دوای شتێكی تر ده‌كه‌وین، ده‌بێت ئێمه بزانین بوون –بۆ-خۆ هه‌ڵهاتن و وهدووكهوتنه، كه‌واته ئه‌مه ده‌بێته وهدوكهوتنی-وهدوكهوتن، مه‌به‌ست له بوون-بۆ-خۆ وه‌كو وهدوكهوتنی وهدوكهوتن ئه‌وه‌یه بوون-بۆ-خۆ ئه‌وشته نییه ( هه‌یه )، ئه‌و شته‌یه ( نییه )، ئه‌مه چۆن؟ بوون-بۆ-خۆ ڕۆیشتنه به‌ره‌و داهاتوو، داهاتوویش داهاتوویه‌كی ناكۆتایه به نیسبه‌ت خۆوه، كه‌واته بوون-بۆ-خۆ وهدوكهوتنێكی ناكۆتایه، یان خۆی له‌خۆیدا بوون-بۆ-خۆ به به‌رده‌وامی له هه‌موو لایه‌كه‌وه به بوون-له نێو-خۆ گه‌مارۆدراوه و ناتوانێت ڕزگاری بێت، رزگاربوون له‌ناو بوون-له‌نێو-خۆ بوونی نییه، به‌ڵكو ده‌بێت خۆی بگه‌یه‌نێته بوون-بۆ-خۆ. ئایا كه‌ی ده‌گه‌ینه بوون-بۆ-خۆ؟ ئه‌و كاته له‌ناو بوون-بۆ-خۆ نیشته‌جێین به به‌رده‌وامی بوون-بۆ-خۆ بوون-له‌نێو-خۆ ڕه‌تده‌داته‌وه و له‌گه‌ڵ ڕه‌تدانه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی ده‌كات، په‌یوه‌ندی به شتێك بوون-له‌نێو-خۆ نییه، كه‌واته بوون-بۆ-خۆ په‌یوه‌ندییه. بوون-له‌نێو-خۆ وه‌كو باسمانكرد له هه‌موو شوێنێك گه‌مارۆی بوون-بۆ-خۆی داوه، به‌ڵام له هه‌ندێك حاڵه‌تدا بوون-بۆ-خۆ به هه‌ندێك هۆكاره‌وه و به‌كاتی ده‌توانێت هه‌ڵبێت و خۆی بشارێته‌وه، هه‌مووی كه‌سایه‌تی بوون-بۆ-خۆ واته هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی بوونی ئه‌و پێك دێنێت وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌سه‌ره‌وه باسمانكرد ئێمه كاتێك ده‌بینه بابه‌ت بۆ كه‌سانی تر له ڕوانگه‌ی خۆی منه‌وه نییه من بوومه‌ته بابه‌ت بۆ ئه‌وانی تر به‌ڵكوو له ڕوانگه‌ی كه‌سانی تره‌وه من بوومه‌ته بابه‌ت، واته كاتێك ئه‌وانی- تر ڕووئیایهكیان هه‌یه ده‌رباره‌ی من وه‌كو ئه‌وه‌ی كه‌سانی تر بڵێن( ئه‌و كه‌سه خوێڕییه ) كاتێك ده‌ڵێن ئه‌و كه‌سه خوێڕییه بوونی هه‌موویه‌تی به من ده‌ده‌ن و ئاشكرای ده‌كه‌ن كه من چیم به‌ڵام ئه‌م ڕوانگه‌یه لای من هیچ واتایه‌كی نییه و له ڕوانگه‌ی خۆمه‌وه من( خوێری نیم )، له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره‌ش من خۆیڕی نیم چونكه من (خۆم) نیم و بوونی خۆم له داهاتوو داده‌مه‌زرێنم، ( داهاتووی دامه‌زراندنی بوونی خۆم ) لایه‌نێكی شاره‌وه‌ی تری منه كه كه‌سانی تر ده‌یانه‌وێت بیبینن و كه‌شفی بكه‌ن، به‌ڵام حاڵه‌تی ڕاسته‌قینه بوونم دامه‌زراندنی بوونمه له داهاتوو به‌رده‌وام تووشی مه‌حاڵ ده‌بێته‌وه، چونكه من ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وانی تردا له په‌یوه‌ندیدا بم، كه‌واته من بۆ كه‌سانی دیكه ئه‌وه‌م كه هه‌م و سهربهستییهكهشم بووه به خه‌سڵه‌تی بوونم، له‌م ڕووه‌وه بوون-له‌نێو-خۆ من ده‌گرێته‌وه و داهاتووی من ڕاده‌گرێت و ههڵهاتنهكهشم ده‌بێت به شتێكی بینراو بۆ كه‌سانی دیكه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ده‌بێت من هه‌ڵوێستم هه‌بێت ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌سانی دیكه منیان نامۆكردووه، ئێمه چه‌ند بۆ داهاتوو ئیش ده‌كه‌ین ئه‌وه‌نده‌ش ده‌بێته ئاوڕ له ڕابردوو بده‌ینه‌وه، چونكه ڕابردوو بارێكه به‌سه‌رمانه‌وه هه‌رگیز و هه‌رگیز له كۆڵمان نابێته‌وه، له‌م هه‌ڵوێسته‌دا ڕابردوو جێده‌هێڵرێت به‌ڵام ده‌بێت بزانین هه‌رگیز نامرێت، مادام كه‌سانی دیكه‌ش به‌رده‌وام واملێده‌كات نه‌توانم ببمه ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامێكی لێده‌كه‌وێته‌وه ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه كه‌سانی دیكه ده‌زانن من چیم، ئه‌مه ده‌بێته ئه‌وه‌ی كه بوونی ڕاسته‌قینه‌ی من له ده‌ره‌وه‌ی خۆمدایه و كه‌سانی دیكه ده‌ستیان به‌سه‌ر من گرتووه، له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌بێت بپرسین ئه‌ی ڕوانگه‌ی من هه‌ر هه‌ڵهاتنه؟ یان ئایا ڕوانگه‌ی من له‌سه‌ر ئه‌وانی تر چی ده‌بێت؟ چونكه ئێمه له‌سه‌ره‌وه گوتمان ئاوڕده‌ده‌ینه‌وه لێیان، ڕوانگه‌ی منیش له‌سه‌ر كه‌سانی دیكه ئه‌وه‌یه منیش كه‌سانی دیكه ده‌كه‌مه بابه‌ت بۆ خۆم، ژان پۆل سارته‌ر ئاماژه ده‌كات: به بابه‌تكردنی ئه‌و به بابه‌تبوونی من له لای ئه‌و له‌ناو ده‌بات(5). كه‌واته من كاتێك ئه‌و به بابه‌ت ده‌كه‌م چونكه بوون-بۆ-خۆی ئه‌ویش والێدهكهم ببێته بوون-بۆ-خۆی من، به زمانێكی ڕوونتر بوونی ڕاسته‌قینه یان ڕه‌سه‌نبوونی منیش له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌مه‌زرێت كه ئه‌ویدی ده‌كه‌مه ناڕه‌سه‌ن، كه‌واته ئێستا زیاتر ڕوونبوویه‌وه من به‌ڵگه‌م بۆ بوونی ئه‌وان، من هه‌رگیز ناتوانم بوونم هه‌بێت یان ئاماده‌بوونم هه‌بێت گه‌ر له‌به‌رده‌م بوونی ئه‌وانی تر نه‌بێت، به زمانێكی ئاسانترو دوور له زمانی سارته‌ر، بوونی ڕاسته‌قینه و ڕه‌سه‌نبوونی خۆم له‌سه‌ر نارهِسهنی ئه‌وان داده‌مه‌زرێت، بوونی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وانیش و ڕه‌سه‌نبوونی ئه‌وان له‌سه‌ر ناڕاسهنبوونی من داده‌مه‌زرێت، له‌م هه‌ڵوێسته‌دا سارته‌ر به‌ره‌و ئه‌وه ده‌ڕوات شتێك نییه به‌ناو دیالۆگ به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی هه‌یه بهربهرهكانییه، لهبهربهرهكانیش دوو دژ به‌رامبه‌ر یه‌ك ڕاده‌وه‌ستن، ئه‌م دوو دژه به‌رانبه‌ر یه‌ك ڕاده‌وه‌ستن به بۆچوونی سارته‌ر هه‌ریه‌كێك له ئه‌وان مه‌رگی ئه‌وی دیكه‌یه. سه‌رنه‌كه‌وتنی هه‌ریه‌ك له‌م دوو كه‌سایه‌تییه ده‌بێته هۆ و هه‌ڵگری بوونی ڕاسته‌قینه و ڕه‌سه‌نبوونی ئه‌وی دیكه‌یه، به‌ڵام ده‌بێت بزانین هه‌ریه‌ك له‌مانه دوای سه‌ركه‌وتن و سه‌رنه‌كه‌وتن هه‌ر له‌ناو ئه‌وی تردا بوونی هه‌یه و له‌و خولانه‌وه به‌رده‌وامه ده‌رناچین كه به بابه‌تبوونی یه‌كمان هه‌ڵگرتووه، كه‌واته ماده‌م ئه‌م خولانه‌وه‌یه هه‌ر بوونی ده‌بێت و لاناچێت ده‌بێت بچینه لایه‌كی تر بابه‌ته‌كه‌مان ئه‌ویش هه‌ڵوێستمانه به‌رامبه‌ر كه‌سانی دیكه، دیاره بۆ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌مان به‌رانبه‌ر كه‌سانی دیكه سارته‌ر ( خۆشه‌ویستی و زمان و ماسۆشیزم) بهكاردینێت و له ڕوانگه‌ی ئه‌مانه‌وه ده‌چێته ناو باسی ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستمان به‌رامبه‌ر كه‌سانی دیكه چییه؟. ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه گرنگه خۆشه‌ویستی و ماسۆشیزمه و خۆمان له زمان لاده‌ده‌ین ، له‌سه‌ره‌تادا ژان پۆڵ سارته‌ر روونیده‌كاته‌وه كه: هه‌ر شتێك له‌باره‌ی منه‌وه له پهیوهندییهكهمدا له‌گه‌ڵ كه‌سێكی دیكه بگوترێت له‌باره‌ی ئه‌ویشه‌وه‌یه. كاتێك خۆم له ده‌ستی كه‌سێكی دیكه ڕزگارده‌كه‌م ئه‌ویش ده‌یه‌وێت خۆی له من ڕزگاربكات، كاتێك ده‌مه‌وێت داگیری بكه‌م ئه‌ویش ده‌یه‌وێت من داگیر بكات. هه‌ردووكمان پێكه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بابه‌تێك له نێو-خۆدا ده‌كه‌ین، به‌ڵام مامه‌ڵه‌كردنه‌كه له هه‌ردوو لاوه‌یه(6). ژان پۆڵ ئه‌م هه‌ڵوێسه بۆ به‌ره‌نگاری به‌كاردێنێت، چونكه ئێمه ده‌بێت بچینه حاڵه‌تی به‌ره‌نگاری یه‌كتر. باشتره له‌و خاڵه‌وه ده‌ستپێبكه‌ینه‌وه كه كه‌سانی دیكه له ته‌ماشاكردن ده‌رده‌كه‌ون، له‌م حاڵه‌ته‌شدا بوونمان ده‌بێته بوونێك بۆ ئه‌وان، واته ئه‌وان ژیانی خۆیان له‌سه‌ر ئێمه داده‌مه‌زرێنن و چۆنیان بوێت بهكارمدههێنن بۆ به‌خته‌وه‌ری خۆیان، چونكه ئه‌وان خاوه‌نی بوونی منن، ئه‌و كه‌سه‌ی ته‌ماشای من ده‌كات و منی كردۆته بابه‌ت نهێنییه‌كی منی لایه و ئه‌و نهێنییه‌ش ئه‌وه‌یه منی بۆ خۆی به‌كارهێناوه و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك منی داگیركردووه، خاوه‌نداری بوونی من بۆ ئه‌و ئاگامه‌ندی ئه‌وه ده‌رباره‌ی من، چونكه له‌حاڵه‌تی به‌بابه‌ت بوونی من بۆ ئه‌و ئاگامه‌ندی ئه‌و ده‌سه‌لمێنرێت، به‌م جۆره‌ش ئاگامه‌ندی ئه‌و ( من ) له خۆم ده‌دزێت و ده‌مكاته ئه‌وه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت، به‌ڵام هه‌رچه‌نده ئه‌و به ته‌واوی بوونی منی به ڕووتكراوهی بینیوه و كردوویه‌تی به هی خۆی و به‌كاریده‌هێنێت، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا هه‌رگیز به‌رپرس نییه له بوونی من، كه‌واته ئه‌وه‌ی من ده‌یزانم ئه‌وه‌یه من هه‌رده‌م به‌رپرسی خۆمم و هه‌رگیز من له به‌رپرسیاری خۆم جیاناببمهوه، له حاڵه‌تی به‌رپرسیاربوونی بوونی خۆم، من بۆ خۆم ده‌گه‌ڕێم و ده‌مه‌وێت خۆم بدۆزمه‌وه و خۆم بكه‌مه پڕۆژه، پڕۆژهبوون به‌و مانایه‌ی من ببمه‌وه به هی خۆم یان بوون-بۆ-خۆم. پڕۆژه‌ی خۆ دۆزینهوهكهم له‌هه‌مانكاتدا پڕۆژه‌ی توانه‌وه‌ی كه‌سانی دیكه‌یه، به‌ڵام ده‌بێت من بوونی كه‌سانی دیكه بپارێزم چونكه ئه‌وه بوونی ئه‌وانه بوونی ڕاسته‌قینه‌ی من پێكدێنێت، هه‌روه‌كو سارته‌ر ئاماژه‌ی پێده‌دات گه‌ر بچینه ناو قاڵبی یهكگرتنیشمان له‌گه‌ڵ ئه‌واندا له‌محاڵه‌ته‌شدا ده‌بێت هه‌م خۆم به‌رچه‌سته بكه‌م هه‌م ده‌بێت بۆچوونی كه‌سانی دیكه‌ش بكه‌ینه ئه‌گه‌ر بۆ خۆمان. له حاڵه‌تی دووه‌مدا دوور لهیهكگرتنمان له‌گه‌ڵ كه‌سانی دیكه پڕۆژه‌ی گه‌ڕانه‌وه و دۆزینه‌وه‌ی خودی خۆمان دامهبمهزرێنم واته ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی كه خۆمان له ئه‌وانی ده‌ستێنینه‌وه و نایه‌ڵین وه‌كو بابه‌تێك بمێنینه‌وه بۆیان له‌سه‌ر ئه‌وه ناوه‌ستێت كه ئێمه‌ش ئه‌وان بكه‌ینه بابه‌ت بۆ خودی خۆمان واته نابێت شتێك بكه‌ین پێشتر ئه‌وان به ئێمه‌یان كردووه، سارته‌ر ئاماژه ده‌كات ده‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ی ته‌ماشای ئێمه‌ی كردووه و ئێستاش هه‌ر ته‌ماشا ده‌كات بخه‌ینه نێو وێچوانهوه، واته من هه‌م بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی خودی خۆم و هه‌م بۆ دوورگرتن لهبابهتبوونی كه‌سانی دیكه ده‌بێت بوونم به‌وه دابنێم كه ته‌ماشا كراوه، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌ستی كه‌سه‌كه‌ی دیكه بمێنێته‌وه، واته بوون-له‌نێو-خۆ ده‌یه‌وێت خۆی به سه‌ربه‌ستی كه‌سه‌كه‌ی دیكه دابنێت، ئه‌م یه‌كگرتنه وا له‌كه‌سانی دیكه ده‌كات دیسان بكه‌ونه حاڵه‌تی ئه‌وه‌ی به به‌رزێتی خۆیان بهرزێتێكهی من ڕه‌تبكه‌نه‌وه و من بكه‌نه بوونێك بۆ ئه‌وان، ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ی ئه‌ویتر بۆ به‌كارهێنانی من بۆ ئه‌وان خۆشه‌ویستی نییه، سارته‌ر ده‌ڵێت:
خۆشه‌ویستی پرۆژه‌یه، دامهزراندنێكی ئۆرگانێكی پڕۆژهكانمه به‌ره‌و ئه‌گه‌ره‌كانم(7)، ئه‌م ئاماژه‌یه ده‌بێت له حاَلهتی خۆشه‌ویستیدا چه‌ند پڕۆژه‌یه‌ك بۆ خۆمان دانێین و له ڕێی ئهگهرهكانهوه هه‌نگاوی بۆ بهاوین، لێره‌دا پڕۆژه دانانی داهاتوویه‌كه یان (ئهوێیهكه) بۆ ئه‌وه‌ی ژیانی تێدا بكه‌ین، ئه‌گه‌ره‌كانیش ئه‌وه‌یه من به‌كام ڕێگه بگه‌مه ئه‌و داهاتووه، به‌ڵام له حاَلهتی بڕۆژه‌ی بوونیشمان دیسان ڕووبه‌ڕووی كێشه‌یه‌كی تر ده‌بینه‌وه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه هه‌موو پڕۆژه‌یه‌ك ڕاسته‌وخۆ به‌رامبه‌ر سه‌ربه‌ستی كه‌سانی دیكه ڕامدهوهستێن و ئه‌مه‌ش دیسان وامانلێده‌كات دوو سه‌ربه‌ستی به‌رانبه‌ر یه‌ك ڕووبه‌ڕوو ببنه‌وه، له‌م ڕوویه‌وه خۆشه‌ویستی ده‌بێته به‌ره‌نگاری. مادام بوونی من له‌سه‌ر سه‌ربه‌ستی كه‌سانی دیكه ڕاده‌وه‌ستێت ئه‌وا هه‌رده‌م بوونم ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسی ده‌بێته‌وه، له ئاكامی ئه‌و مه‌ترسییه‌ش من بێئاسودهیی ده‌ژیم، سارته‌ر ئاماژه ده‌كات ئایا بۆچی دڵدارێك ده‌یه‌وێت به‌رانبه‌ره‌كه‌ی خۆشبوێت؟ ئه‌گه‌ر ئاڕه‌زووی ڕووت بۆ داگیركردنی له‌ش نه‌بێت. واته ههمووعاشقێك كاتێك مه‌عشوقه‌كه‌ی خۆشده‌وێت بۆ ئه‌وه‌یه له‌شی داگیربكات و بیكاته ئامرازێك بۆ ئه‌وه‌ی بگاته پڕۆژه‌كانی. ژان پۆل سارته‌ر به نمونه‌یه‌ك ئه‌مه ڕوونده‌كاته‌وه و ئاماژهدهكات: پاڵه‌وانی پرۆست، خۆشه‌ویسته‌كه‌ی له‌ماڵه‌وه داده‌نێت و هه‌ر كاتێك یان هه‌ر ڕۆژێك بیه‌وێت ده‌یبینێ و داگیریدهكات. ئه‌و به‌ته‌واوی له ڕووی ئابورییه‌وه پشت به {پاڵه‌وانه‌كه} ده‌به‌ستێت و له‌ملایه‌نه‌وه بێخه‌مه. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌ویشه‌وه، پاڵه‌وانه‌كه به‌رده‌وام دوودڵه. له ڕێگه‌ی بیركردنه‌وه‌وه ئه‌و كاتانه‌ی به‌رامبه‌ر یهكدیش دانیشتوون ئه‌لبێرتین ده‌توانێت له مارسێل ڕابكات. له‌به‌ر ئه‌مه‌یه ئه‌وكاته {مارسێل} دڵخۆشه كه {ئه‌لبێرتین} ده‌خه‌وێت ئه‌میش ته‌ماشای ده‌كات. ئه‌مه به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی، كه دڵدار ده‌یه‌وێت بیركردنه‌وه‌ی خۆشه‌ویسته‌كه‌شی داگیربكات، هه‌ر سارته‌ر خۆی ده‌پرسێت بۆچی ئه‌مه‌ی ده‌وێت؟ چۆن ده‌توانێت ئه‌م كاره بكات(8). ئایا به‌ڕاست ( هه‌روه‌كو سارته‌ر ئاماژه‌ی پێكردووه ) بۆچی ئێمه ده‌مانه‌وێت بوونی كه‌سانی دیكه داگیر بكه‌ین؟ یان بۆچی ئێمه ده‌مانه‌وێت كه‌سانی دیكه بكه‌ینه ژێر ڕكێفی خۆمان له‌كاتێكدا كاسانی دیكه نهیانگهرهكه بێنه ژێر ڕكێفی ئێمه؟
ئه‌م پرسیاره یان ئه‌و ڕوونكردنه‌وانه‌ی پێشتر ده‌چنه ناو قاڵبێكی خاوه‌ندارییه‌وه، واته كه‌سی یه‌كه‌م ده‌یه‌وێت بێته خاوه‌نی كه‌سی دووه‌م و كه‌سی دووه‌م له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌ودا بێت، ئایا ئه‌مه له چوارچێوه‌ی خۆشه‌ویستیدا جێگه‌ی ده‌بێته‌وه؟ وه‌ڵاممان بۆ ئه‌مه نه‌خێره، چونكه له حاڵه‌تی خۆشه‌ویستیدا حاڵه‌ته‌كه ناچێته ناو قاڵبی ده‌سه‌ڵاته‌وه، واته عاشق بۆ ئه‌وه مه‌عشوق داگیر ناكات تا ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌هێز بكات، چونكه ده‌سه‌ڵاتدار له حاَلهتی خاوه‌ندارێتی ترس به‌كارده‌هێنێت و ئه‌وانی تر ده‌كاته ژێر ڕكێفی خۆی، یان ده‌سه‌ڵاتدار هه‌ر ڕێگه‌یه‌ك شك ببان بۆ ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی كه‌سانی تر بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات به‌كاریده‌هێنێت ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ڕێگه‌ی ئابووری یان هه‌رشتێكی تر بێت، واته له‌حاڵه‌تی سیاسی‌دا دیكتاتۆر به به‌كۆیله‌كردنی ئه‌وانی تر خۆشه‌ویستی بۆ خۆی مسۆگه‌ر ده‌كات، به‌ڵام حاڵه‌تی خۆشه‌ویستی له حاڵه‌تی دیكاتۆر جیاوازه چونكه دڵدار یان عاشق نایه‌وێت مه‌كینه‌ی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی داگیربكات، واته هه‌موویه‌تی به‌رانبه‌ر داگیر بكات، به‌ڵكوو ده‌یه‌وێت به سه‌ربه‌ستی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ئه‌می خۆشبوێت، واته ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویست به‌رانبه‌ر خۆشه‌ویستراو ده‌یكات ته‌نها خۆشه‌ویستییه و هیچی تر، عاشق وه‌كو دیكتاتۆر په‌نا ناباته فره ڕێگا بۆ داگیركردنی كه‌سانی دیكه به‌ڵكوو ئه‌وه‌ی عاشق هه‌یه‌تی ته‌نها و ته‌نها خۆشه‌ویستییه، خۆشهویستییهكهش خۆشه‌ویستییه‌كی سه‌ربه‌ستانه‌یه چونكه هه‌موو به كۆیلهكردنێكی ئه‌ویتر خۆشه‌ویستی له‌ناو ده‌بات، به‌ڵام هه‌ندێك جاریش ته‌نانه‌ت عاشق به‌و سه‌ربه‌ستییه ڕازی نییه كه به‌رانبه‌ره‌كه‌ی ئه‌می خۆشده‌وێت، ئه‌م حاڵه‌ته‌ش ده‌چێته ناو قاڵبی ئه‌وه‌ی عاشق له ڕاده‌به‌ده‌ر مه‌عشوقی خۆشده‌وێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه عاشق به‌و خۆشه‌ویستییه ڕازی نابێت به‌س ته‌نیا چوارچێوه‌ی سه‌ربه‌ستییدا بێت، وه‌كو سارته‌ر ئاماژه ده‌كات: كێ دڵی به‌و وشانه خۆشده‌بێت، كه ده‌ڵێت، من سه‌ربه‌ستانه تۆم خۆشده‌وێت و له به‌ڵێنم په‌شیمان نابمه‌وه، ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێكه عاشق له راِدهبهدهر مه‌عشوقی خۆشده‌وێت هه‌م خاڵێكی تریش ئه‌وه‌یه كه (گوتن) له چوارچێوه‌ی خۆشه‌ویستیدا جێگه‌ی نابێته‌وه به‌ڵكوو هه‌موو حاڵه‌ته‌كانی عیشق ده‌بێت بچنه ناو (كرده‌وه) و له چوارچێوه‌ی كرده دانیپێدا بنرێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه عاشق به‌رده‌وام داوای به‌ڵێن ده‌كات، بۆ عاشق به‌ڵێندان هه‌م حاڵه‌تێكی ناخۆشه هه‌م حاڵه‌تێكی خۆشه چونكه به‌ڵێندان هه‌م ده‌چێته ناو قاڵبی ئه‌وه‌ی كه ئه‌وان هێشتا باوه‌ڕیان به‌یه‌ك نییه هه‌م ده‌چێته ناو قاڵبی ئه‌وه‌ی كه عیشق به‌ته‌واوه‌تی فۆرمی خۆی وه‌رده‌گرێت، له دوای فۆرم وه‌گرتنی عیشق بۆ عاشق و مه‌عشوق، شێوه‌ی جیهان بۆ ئه‌وان فۆرمی پێشتری له‌ده‌ست ده‌دات و فۆرمێكی تازه دروست ده‌بێت، چونكه ئیتر دڵدار ده‌یه‌وێت بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ببێته هه‌موو جیهان، ئیتر دڵدار ده‌یه‌وێت ئه‌م هێماو هه‌موو شتێكی جیهان بێت بۆ مه‌عشوقه‌كه‌ی، ده‌یه‌وێت هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان هه‌موو ئه‌وه‌كانی تر و شته‌كانی جیهانی پێشتر له‌مدا كۆكرابێته‌وه، واته ببێته بوونه‌وه‌رێكی باڵا‌و كه‌ماڵ كه بێكۆتا ئیمكانی تێدایه! ، به‌ڵام لێره‌دا شتێكی تر ڕووده‌دات ئه‌ویش له حاڵه‌تی خۆشه‌ویستیدا عاشق ده‌بێته بابه‌ت بۆ مه‌عشوقه‌كه‌ی به‌ڵام ئه‌و بابه‌ته نا كه ده‌سه‌ڵاتدار هه‌یه‌تی، ده‌سه‌ڵاتدار ئه‌وانی تری پێدهكاته كۆیله واته ده‌سه‌ڵاتدار هێزی خۆی به‌كارده‌هێنێت، به‌ڵام عاشق هیچ هێزێك به‌كارناهێنێت به‌ڵكو خۆشه‌ویستی وایلێده‌كات خۆی به‌ده‌ستی خۆی سه‌ربه‌ستی خۆی بدۆڕێنێت بۆ ئهویترو ببێته بابه‌ت، به پێچه‌وانه‌شه‌وه ده‌بێت عاشق مه‌عشوقه‌كه‌ی ببینێت كه ئه‌ویش زۆر سه‌ربه‌ستانه سهربهستییهكهی خۆی ده‌دۆڕێنێت و ده‌بێته بابه‌ت بۆ عاشق، له‌م حاڵه‌ته‌شدا عاشق و مه‌عشوق هه‌موو ڕێگاكانی ده‌رچوون له‌سه‌ربه‌ستی یه‌كتر ده‌بینن و هه‌ستی پێده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش داواكارییه له نێوان عاشق و مه‌عشوق، عاشق بۆ مه‌عشوق ده‌بێته حاڵه‌تێكی تێنه‌په‌ڕ و جیهان بۆ عاشق، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م حاڵه‌ته نه‌بێت یان عاشق به سه‌ربه‌ستانه مه‌عشوقی خۆشنه‌وێت ئه‌وا مه‌عشوق زۆر توڕه و بێزار ده‌بێت، چونكه هه‌ستده‌كات عاشق له نێو كه‌سانی تردا زۆر ڕووكه‌شانه ئه‌می هه‌ڵبژاردووه، جگه له‌وه‌ی هه‌ستده‌كات ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ڕووكه‌شانه‌یه ههستیشدهكات له به‌های كه‌مده‌بێته‌وه. هه‌ر ئه‌مه‌ش بنه‌مای ئه‌و ده‌ربڕینانه‌یه، كه به‌رده‌وام له سه‌ر زاری ئافره‌ته عاشقهكانهوه ده‌وترێته‌وه: كه‌واته ئه‌گه‌ر نه‌چوومایه بۆ ئه‌و شاره، یان ئه‌گه‌ر سه‌ردانی فڵان خانه‌واده‌م نه‌كردایه، ئیتر تۆ منت نه‌ده‌ناسی و خۆشتنهدهویستم؟ له ڕاستیدا ئه‌مه بیرۆكه‌ی دڵی مه‌عشوقه‌كان بریندار ده‌كات چونكه ئه‌و هه‌سته‌یان لا دروستده‌كات خۆشه‌ویسته‌كه‌یان ته‌نیا حاڵه‌تێكه له‌ناو چه‌ندین حاڵه‌تی تردا، هه‌روه‌ها بۆنه‌یه‌كی سه‌رپێییه هه‌ندێك بارودۆخ و هۆكاری تێكه‌ڵ دروستیان كردووه(9). به‌ڵام ئه‌گه‌ر عیشق حاڵه‌تی یه‌كه‌م بێت عیشقه‌كه‌یان عیشقێكی بێوێنه‌و باڵایه، ئه‌م عیشقه هاوشێوه‌ی به‌س له حاڵه‌تی شێتی‌دا یان به‌س له حاڵه‌تی خه‌وندا وجودی هه‌یه، له‌حاڵه‌تی یه‌كه‌مدا عاشق نایه‌وێت مه‌عشوقه‌كه‌ی بخاته نێو جیهانه‌وه، وه‌كو ئه‌وه‌ی هۆیه‌ك بێت تهحكوم به ئامرازێك یاخود ( بابه‌تێك ) ی له خۆی باڵاتر بكات، به‌ڵكو ـ به پێچهوانهوهـ ده‌یه‌وێت سه‌باره‌ت به مه‌عشوق ( هه‌موو شتێك بێت له جیهان یان خودی جیهان بێت ) یان بابه‌تێك بێت هه‌موو ئازادی ئه‌ویتر ڕازی بێت تێیدا ڕۆبچێت، وه‌كو ئه‌وه‌ی ئه‌م خوده بوونی ئه‌و بێت، یان تاكه به‌ڵگه‌و بیانوی بوونی ئه‌و بێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه سارته‌ر ده‌ڵێت عاشق نایه‌وێت كار له ئازادی ئه‌ویتر بكات، به‌ڵكو ده‌یه‌وێت بوونێكی سه‌ره‌تایی پێشوه‌خته‌ی هه‌بێت و به‌و پێیه‌ی سنوری بابه‌تیی ئه‌و ئازادییه‌یه، وه‌كو ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له كرۆكی ده‌ركه‌وتنی ئه‌و ئازادییه‌دا بوونی بێت، به‌و سیفه‌ته سنورێكه و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئازادییه‌ش ئازاد بێت پێویسته قبوڵ بكرێت، لێره‌وه عاشق ده‌یه‌وێت كه‌شفبوونی جیهان بۆ مه‌عشوقی له‌مه‌وه ده‌ستپێبكات، وه‌كو ئه‌وه‌ی له‌سه‌ری پێویست بێت كاربكات بۆ هێنانی بوونی دره‌خت و ئاو‌و شار‌و گوند‌و خه‌ڵكانی تر، بۆ ئه‌وه‌ی دواتر له وێنه‌ی ( جیهانێك )دا هه‌موو ئه‌مانه ببه‌خشێته به ئه‌ویتر و ئه‌ویش سواری ئه‌و جیهانه بێت!(10)، ئه‌مه‌ش حاڵه‌تێكه مه‌عشوق ده‌یه‌وێت بۆ عاشق جیهانێك بوونی نه‌بێت جیهانی ئه‌و نه‌بێت ژیانێك بوونی نه‌بێت ژیانی ئه‌ونه‌بێت، عاشق ده‌یه‌وێت هه‌موو شتێك له ژێر ڕه‌حمه‌تی بوونی ئه‌مدا بوونی هه‌بێت، ده‌یه‌وێت مه‌عشوق بخاته حاڵه‌تێكی ئه‌وهاوه كه قوربانی به هه‌موو شتێك بكات، ده‌یه‌وێت به چاوی خۆی ببینێت كه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی خیانه‌ت له هه‌موو شتێك ده‌كات له پێناو ئه‌م، ده‌یه‌وێت تاقیبكاته‌وه بزانێت دزی بۆ ده‌كات پیاوی بۆ ده‌كوژێت! ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه له چاوی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ئیتر بابه‌تێك یان شتێك له شته‌كانی جیهان نییه به‌ڵكو ده‌یه‌وێت سه‌رچاوه‌ی هه‌موو شته‌كان و جیهان، ئه‌م بێت، وه‌كو سارته‌ر ده‌ڵێت واده‌كات: ئیتر بوونم له نێو چییهتێكی نه‌گۆڕدا ناچه‌قێت. به ناشیرین نابینرێم، بچوك نیم ، ترسنۆك نیم، چونكه ئه‌م خه‌سڵه‌تانه فاكتۆری بوونم سنوردار ده‌كه‌ن(11)، كه‌واته من ئیتر ئه‌وه نیم كه‌سانی دیكه داگیرم بكه‌ن و ئه‌و بوونه‌ش نیم كه‌سانی دیكه ڕووتم بكه‌نه‌وه و هه‌موو شتێك له‌سه‌ر من بزانن و تێبگه‌ن من چیم و چیم گه‌ره‌كه. به گشتی بۆچوونه‌كانی سارته‌ر به‌ره و شوێنێكمان ده‌بات یان ناكرێت ئه‌م بۆچوونانه‌ی سارته‌ر بخوێنینه‌وه بیرمان بۆ لای شتێك نه‌ڕوات ئه‌ویش بۆچونه‌كه‌ی (هیگڵ)ه له په‌یوه‌ندی نێوان ئاغا‌و كۆیله، چونكه ده‌بێت بپرسین ئه‌م په‌یوه‌ندیانه‌ی باسمانكرد له كوێی په‌یوه‌ندی نێوان ئاغا‌و كۆیله‌یه؟ ئایا ئه‌مانه‌ی كه باسمانكرد ناچنه‌وه سه‌ر په‌یوه‌ندی ئاغا‌و كۆیله‌كه‌ی هیگڵ؟ حه‌ز ده‌كه‌م به كورتی په‌یوه‌ندی نێوان ئاغا‌و كۆیله‌ی هیگڵ بۆ ئه‌و خوێنه‌رانه‌ی تا ئێستا نه‌یانخوێندۆته‌وه ڕوونبكه‌مه‌وه و دواتر به‌راوردی عاشق و مه‌عشوقی ده‌كه‌ین. هیگڵ له په‌یوه‌ندی نێوان ئاغا‌و كۆیله‌دا باسی ( مرۆڤی یه‌كه‌م ) ده‌كات، ئه‌وه‌ی مرۆڤی یه‌كه‌م له ئاژه‌ڵان جیاده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه ته‌نیا ئاره‌زووی له شته ڕاسته‌قینه پۆزه‌تیڤه‌كان نییه وه‌كو ساقۆ، كڵاو، خوری، یان شوێنێك بۆ نیشته‌جێبوون و گه‌رمبوونه‌وه به‌ڵكو ئاره‌زووی له هه‌ندێك شتی نائاماده‌ش هه‌یه وه‌كو ئاره‌زوو له ئاره‌زووه‌كانی كه‌سانی دیكه، به‌و مانایه ده‌یه‌وێت به به‌رده‌وامی ئیعترافی ئه‌وانی دیكه به ده‌ست بهێنێت. چونكه مرۆڤیش بوونه‌وه‌رێكی كۆمه‌ڵایه‌تییه هه‌رگیز ناتوانێت له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بهرانبهرهكیدا خۆی ده‌رباز بكات، بۆیه به‌رده‌وامی ده‌بێت له شه‌ڕی ئیعترافدا بێت، به‌ڵام ئیعترافێك كه وه‌كو مرۆڤێك به‌هادار بێت، كاتێكیش ململانێی مرۆڤی یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ كه‌سانی دیكه‌دا ده‌ستپێده‌كات، هه‌ر ڕكابه‌رێك هه‌وڵده‌دات و واده‌كات ئه‌ویتر دانی پێدا بنێت، ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی خستنه مه‌ترسی ژیانی خۆیانه‌وه‌یه، ئه‌م ململانێش تاكو مه‌رگ به‌رده‌وام ده‌بێت، له ئاكامیشدا سێ ده‌رئه‌نجامی لێده‌كه‌وێته‌وه،
یه‌كه‌م: له‌وانه‌یه ببێته هۆی مردنی هه‌ردووكیان ئه‌م حاڵه‌ته‌ش ژیان تێیدا كۆتایی پێدێت.
دووه‌م: له‌وانه‌یه ئه‌و جه‌نگه بێته هۆی مردنی یه‌كێك له ڕكابه‌ره‌كان ئه‌مه‌ش ئه‌م حاڵه‌ته‌یه كه ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه له ژیان ناڕازییه چونكه هیچ كه‌س له ژیان نه‌ماوه‌ته‌وه تاوه‌كو ئیعترافی پێبكات و ڕێزی بگرێت.
سێیه‌م: یان ئه‌وه‌یه كه هه‌ردوو ڕكابه‌ره‌كه ده‌مێننه‌وه ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی نێوان ئاغا و كۆیله دیاریده‌كرێت، ئه‌وه‌ی ژیانی ناخاته مه‌ترسییه‌وه له ترسی مه‌رگ ده‌بێت كۆیله‌ی ئه‌ویدیكه و به ژیانی كۆیلایه‌تی ڕازیده‌بێت.
ئه‌مه پوخته‌یه‌كی كورتبوو له فه‌لسه‌فه‌ی (ئاغا و كۆیله)ی هیگڵ كه بۆچونه‌كه له‌سه‌ر ویستی هێز بنیادنراوه و ئه‌وه‌ی به‌هێزبێت هه‌موو شتێك ده‌خاته ژێر ڕكێفی خۆیه‌وه، با بزانین باسه‌كه‌ی ئێمه له كوێی ئه‌و هێزه‌دایه. بۆ به ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌ستی كه‌سانی دیكه باسه‌كه‌ی ئێمه له ڕێك له باسی كۆیله‌و خاوه‌ن كۆیله‌ی هیگل نزیكه و یه‌كه به‌ڵام ئه‌و داوایه‌ی عاشق له خۆشه‌ویسته‌كه‌ی ده‌كات هه‌مان داواكاری نییه كه خاوه‌ن كۆیله له كۆیله‌كه‌ی ده‌كات، ئه‌و دواكارییهی عاشق له مه‌عشوقی ده‌كات ئه‌وه‌یه خۆشیبوێت دانیپێدا بنرێت به‌ڵام ئه‌وه‌ی له كۆیله و خاوه‌ن كۆیله جیاده‌كرێته‌وه ئه‌وه‌یه عاشق نایه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كه‌یان وه‌كو ئه‌وه‌ی كۆیله و خاوه‌نكۆیله له‌سه‌ر ویستی هێز بنیاد بنرێت، واته ئه‌وه‌ی واده‌كات كۆیله دانبنێت به خاوه‌ن كۆیله ترس، ترس له مه‌رگ، به‌ڵام عاشق ده‌یه‌وێت مه‌عشوقه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌ساسی سه‌ربه‌ستی خۆی نه‌ك زۆرلێكردن خۆشبوێت ودانپێدا بنرێت، هه‌ر ئه‌مه‌شه له دواجاردا خاوه‌ن كۆیله به‌ره‌و نامۆبوون ده‌بات چونكه ئه‌وه‌ی دانیپێناوه به ویستی خۆی نییه یان كه‌سێكی ئازاد نییه و كه‌سێكی كۆیله‌یه له‌وانه‌یه ڕۆژێك یان كاتێك ئه‌م هێزه پێچه‌وانه بێته‌وه ده‌رئه‌نجام هیچ دانپێنراوێكی پێشتر بوونی نامێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی وا له عیشق ده‌كات به به‌رده‌وامی بوونی هه‌بێت و خۆڕاگر بێت له‌سه‌ر ئه‌ساسی خۆشه‌ویستی و موحیبه‌ت دان به‌یه‌كدا ده‌نێن، خاڵێكی تریش ئه‌وه‌یه خاوه‌ن كۆیله لابه‌لا یان به فێڵ داوای سه‌ربه‌ستی كۆیله‌كه ده‌كات و لێیدهسێنێت، به‌ڵام عاشق به ئاشكرا داوای هه‌موو سه‌ربه‌ستی مهعشوقهكه ده‌كات، یان به ناوینهنێین داواكردن به‌ڵكو مه‌عشوق به ئاره‌زووی خۆی ته‌واوی سهربهستێكه به عاشق ده‌به‌خشێت و جێژی لێده‌بینێت، واته حاڵه‌ته‌كه لێره‌دا به‌خشینه، به‌خشینێكه دوو كه‌س ده‌كاته یه‌ك، لێره‌دا عاشق و مه‌عشوق له حاڵه‌تی ڕێژه‌یی بوونی سه‌ربه‌ستی نین بۆ یه‌كتر، به‌ڵكو ئه‌و حاڵه‌ته‌یه كه پێشتر ناومانهێنا ده‌یه‌وێت ببێته هه‌موو جیهان، سارته‌ر ئاماژه ده‌كات عاشق دڵگران ده‌بێت كاتێك هه‌ست به‌وه ده‌كات ئه‌و له‌ناو چه‌ند حاڵه‌تێكدا یان چه‌ند ئافره‌تێكدا ئه‌وی هه‌ڵبژاردووه، یان هه‌ست به دڵگرانی ده‌كات كاتێك گوێبیستی ئه‌وه ده‌بێت ( ئه‌گه‌ر من بۆ ئه‌م شاره و ماڵی فڵانه كه‌س نه‌هاتمایه تۆ منت نه‌ده‌ناسی و خۆشتنهدهویستم ) ئه‌مه واده‌كات عیشق بكاته حاڵه‌تێكی ئاسایی كه عیشق زۆر گه‌وره نه‌بێت، لێره‌دا ئه‌وه‌ی مهعشوقهكه ده‌یه‌وێت ئه‌وه‌یه كه عاشق بڵێت: ئێمه بۆ یه‌ك دروست كراوین، ئێمه بۆ یه‌ك ده‌مرین، ئه‌مه‌ش ده‌مانخاته ناو چاره‌نوسه‌وه، ئاماژه‌كه بۆ ئه‌وه ده‌ڕوات له چاره‌نوس نوسراوه، واته ئێمه چاره‌نوسمان بۆ یه‌كه و بۆ یه‌ك خوڵقاوین، ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌رده‌خات سارته‌ر ده‌یه‌وێت مرۆڤ به‌ره‌و ئه‌وه ببات كاتێك بیر له‌وه بكاته‌وه خۆی چییه، وه‌ڵامی ئه‌وه‌ی دهستدهكهوێـت خۆی مرۆڤێكی ته‌واوه، مرۆڤێك كه بوونم هه‌یه مافم هه‌یه، چاوو برۆ و قژو جه‌سته و ڕۆحێكم هه‌یه له به‌رچاوی ئه‌ویدیكه ده‌بینرێت و دانیپێدا ده‌نرێت، واته جه‌وهه‌ری بابه‌ته‌كه ئه‌وه‌یه ئێمه وه‌كو بوونمان هه‌ستده‌كه‌ین بوونمان هه‌یه و جوگرافییه‌كی داگیركردووه و واتایه‌كی به ژیان به‌خشیوه، بیرمان نه‌چێت هه‌موو ئه‌و حاڵه‌تانه‌ش له حاڵه‌تی ڕوئیای سه‌ربه‌ستی عاشق و مه‌عشوق بۆ یه‌كتر په‌یدا ده‌بن، ئه‌و بوونه‌ش ئێمه حه‌زمان لێكردووه ئێستا سهربهستییهكهی خۆی به ئاره‌زووی خۆی له‌ناو ئێمه ده‌توێنێته‌وه ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی ئه‌نتۆلۆژی بوونمانه-بۆ-كه‌سانی دیكه. به‌ڵام هێشتا له‌و مه‌ترسییه‌ی به بابه‌تبوون بۆ یه‌كتر رزگارمان نه‌بووه، چونكه له‌م حاڵه‌ته‌ش دیسان ده‌كه‌وینه حاڵه‌تێكی تری به بابه‌تبوونی عاشق و مه‌عشوق بۆ یه‌كتر به‌ڵام نه‌ك به‌و شێوه‌ی پێشتر به‌ڵكوو به شێوه‌یه‌كی تر. سارته‌ر زیاتر ڕوونكردنه‌وه ده‌دات له‌سه‌ر ئه‌م بابهتبوونه بۆ یه‌كتر ئه‌ویش له ڕێگای ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستی به پڕۆژه داده‌نێت. كاتێك كه‌سێك به سه‌ربه‌ستی منی خۆشده‌وێت، ئایا ڕووئیای من ده‌رباره‌ی ئه‌و كه‌سه چییه منی خۆشده‌وێت؟ بێگومان ڕووئیای من ئه‌گه‌ر ئه‌وه بێت منیش خۆشمده‌وێت، ئه‌مه چی ڕوونده‌كاته‌وه؟ كاتێك منیش خۆشمده‌وێت ده‌مه‌وێت پڕۆژه‌ی بوونم دامه‌زرێنم به شێوه‌یه‌كی تر، به شێوه‌یه‌ك له ڕابردوو نه‌چێت، به‌مه‌ش ده‌وترێت حاڵه‌تی پڕۆژه‌ی خۆیه‌تی خۆم، یان دامه‌زراندنی پڕۆژه‌ی خۆیه‌تی له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی خۆشمویستووه، پڕۆژه‌ی خۆیه‌تی بوونم وا ده‌كات كه مه‌عشوق بخرێته ناو حاڵه‌تی بابه‌تییه‌وه، واته دیسان توشی به بابه‌تبوونی (ئه‌ویتر) ده‌بینه‌وه، چونكه كاتێك ده‌ڵێین پڕۆژه‌ی خۆیه‌تی ئه‌وه‌یه من ده‌مه‌وێت ئه‌و به‌كاربهێنم و تێپهڕیبكهم له پێناو دامه‌زراندنی خۆیه‌تی خۆم، ئه‌مه‌ش ئه‌و حاڵه‌ته‌یه من بوونی خۆم یان جیهانی خۆم به ته‌واوی ناده‌مه ئه‌و یان پێینابهخشم، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا داوای ته‌واوی جیهانی ئه‌و ده‌كه‌م و ئه‌ویش پێمده‌به‌خشێت، ده‌رئه‌نجامی ئه‌و به‌خشینه‌ش ئه‌وه‌یه من به‌خشینی ئه‌و یان قوربانیكردنی ئه‌و به‌كارده‌هێنم بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆم، ئه‌مه‌ش به‌و شێوه‌یه من بوونێكی بڕ واتا به خۆم ده‌ده‌م و ده‌مه‌وێت ئه‌ویش به‌و شێوه‌ی كه من به خۆم به‌خشیوه بمناسێت، واته به‌و شێوه بماناسێت كه خۆم خۆم ده‌ناسم نه‌ك به ڕوئیای خۆی، له‌م حاڵه‌ته‌شدا كرده‌وه‌كانم دوو ده‌رئه‌نجامی لێده‌كه‌وێته‌وه، یه‌كه‌میان: له لایه‌كه‌وه من به درۆ پڕێتیم به‌خۆم داوه یان جیهانێكی برفێكتم به خۆم داوه، ئه‌مه ئه‌وه ده‌كات كه ئه‌و واقیعه واقیعی جیهانی من نییه به‌ڵكو واقیعێكی تر هه‌یه به‌ڵام من بۆ خۆشهویستهكهمی ده‌رناخه‌م و شتێكی تری بۆ ده‌رده‌خه‌م كه جیهانی من نییه به‌ڵكوو شتێكی ئهندێشاوییه، له لایه‌كی تره‌وه كرده‌وه‌كانم بۆ شتێكه كه ده‌مه‌وێت پڕۆژه‌ی خۆمی پێدروست بكه‌م، له‌م حاڵه‌ته‌دا كه جیهانێكم بۆ خۆم دروست كردووه ده‌یخه‌مه به‌رده‌م خۆشه‌ویسته‌كه‌م یان مه‌عشوقه‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی لێیبڕوانێت و به‌و جیهانه‌ی ببه‌ستێته‌وه كه من چیم ده‌وێت؟ له ڕوانگه‌ی خۆیه‌تی خۆشم من ده‌مه‌وێت تێپه‌ڕ نه‌كرێم و خۆشبویسترێم، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا ده‌مه‌وێت ئه‌و تێپهڕبكهم، به‌ڵام ئه‌مه خۆی له خۆیدا گه‌مارۆدانی عیشقهكهیه نه‌ك چونه ناو حاڵه‌تی عیشقه، چونكه من پێویستم به‌وه هه‌یه چۆن خۆم هه‌م هه‌ر ئاوا به‌سه‌ربه‌ستی خۆشبویسترێم نه‌ك چۆن خۆم جیهان به خۆم ده‌ده‌م. تا ئێره ئه‌م حاڵه‌ته‌ی به بابه‌تبوونی عیشقه‌مان ڕوونكرده‌وه، هه‌رچه‌ند ژان پۆل سارته‌ر درێژه به‌م بابه‌ته ده‌دات به‌ڵام هه‌موو كاتێك به شێوه‌یه‌كی له شێوه‌كان دیسان ده‌گه‌ڕێته‌وه ناو حاڵه‌تی به بابهتبوونهوه واته سارته‌ر له‌ناو هه‌مان خولگه ده‌سوڕێته‌وه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش پێویست ناكات ئێمه هه‌موو جارێك بگه‌ڕێینه‌وه ناو هه‌مان حاڵه‌ته‌وه، چونكه تا ڕاده‌یه‌ك بابه‌ته‌كه‌مان ڕوونكردنه‌وه‌ی ته‌واویدا له‌سه‌ر به بابه‌تبوون بۆ یه‌كتر. ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه بچینه سه‌ر ده‌رئه‌نجامی ئه‌م وه‌زعه‌ی به بابهتبوونهی عاشق و مه‌عشوق و بزانین دوای ئه‌وه‌ی حاڵه‌تی به بابهتهبوونه بۆ یه‌كتر تا ناكۆتا به‌رده‌وام ده‌بێت چی كاریگه‌رییه‌ك له‌سه‌ر عیشق جێده‌هێڵێت؟، ژان پۆل ئاماژه ده‌كات بوون به بابه‌تبوونی عاشق و مه‌عشوقه له ڕونگه‌ی یه‌كتره‌وه ئه‌و كاته ده‌رده‌كه‌وێت كه كه‌سی سێیه‌م ده‌رده‌كه‌وێت، واته كه‌سی سێیه‌م ده‌بێته بینه‌ری عاشق و مه‌عشوق و به چاوی خۆی ده‌بینێت كه چۆن عاشقه‌كان بۆ یه‌كتری بوونه‌ته بابه‌ت بۆ یه‌كتر، له‌م حاڵه‌ته‌ش ده‌بێت بزانین ئه‌مه به‌س كه‌سی سێیه‌م نییه به بابه‌تبوونی عیشقه‌كه‌ی بۆ ڕوونبووه‌ته‌وه، له‌هه‌مانكاتیشدا عاشق و مه‌عشوقیش له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی كه‌سی سێیه‌م ئاگامه‌ندی به‌ده‌ست ده‌هێننه‌وه، واته له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی كه‌سی سێیه‌م عاشق و مه‌عشوق دیسان ده‌بنه‌وه بینه‌ری جیهانی خۆیه‌تی خۆیان، له‌م حاڵه‌ته‌ش دڵدارهكه بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه بووه‌ته بابه‌ت بۆ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی، ده‌رئه‌نجامی ئه‌وه‌ش ئیتر دڵدارهكه بۆی ده‌رده‌كه‌وێت ئیتر ئه‌و ئه‌و حه‌قیقه‌ته باڵا موتهكامله نه‌ماوه پێشتر له‌سه‌ر حسابی عیشق خۆی له‌سه‌ر دامه‌زراندبوو به‌ڵكو ڕوونده‌بێته‌وه ئیتر ئه‌و كه‌سه‌یه كه تێپه‌ڕ ده‌كرێت، یان بۆی ده‌رده‌كه‌وێت كه به چوونه ناو عیشقیش هه‌ر وه‌كو پێشتر ماوه‌ته‌وه به مانای ئه‌وه‌ی پێشتر چۆن به‌كارده‌هات وه‌كو ئامرازێك ئێستاش به جۆرێكی تر به‌كاردێت، له‌به‌ر ئه‌مه‌شه عاشقه‌كان به‌رده‌وام حه‌زیان له ته‌نیایی و دووره په‌رێزییه، به‌ڵام ده‌بێت بزانین ئه‌مه ده‌ردی عاشقه‌كان چاره‌سه‌ر ناكات، چونكه هه‌ر كاتێك بێت كه‌سی سێیه‌م هه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت. ئه‌مه خهتهرێتی كه‌سی سێیه‌م بوو بۆ سه‌ر عاشقهكهكان به‌ڵام ده‌بێت بزانین مه‌ترسی بۆ سه‌ر عیشق به‌س له ده‌ره‌وه نایه‌ت به‌ڵكو ده‌بێت بزانین مه‌ترسی ڕاسته‌قینه‌ی سه‌ر عیشق له‌ناو عیشقه، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌م مه‌ترسییه زۆر له‌مه‌ترسی كه‌سی سێیه‌م گه‌وره‌تره، چونكه له كاتی ده‌ركه‌وتنی كه‌سی سێیه‌م عاشقهكهكان ده‌توانن چاره‌یه‌كی كاتی بدۆزنه‌وه یان ده‌توانن بۆ ماوه‌یه‌ك خۆیان حه‌شار بده‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر عیشق له‌ناو خۆیدا شكستپێهێنانی خۆی هه‌ڵگرتبێت ئه‌وا هیچ فریادره‌سێك نییه فریایان بكه‌وێت هیچ ده‌ردێك نییه ده‌رمانیان بكات. (ژان پۆل) ئه‌م شكستپێهێنانی عیشق له‌ناو خۆیدا بۆ سێ خاڵ كورتده‌كاته‌وه:
یه‌كه‌میان:له‌ناوه‌ڕۆكدا خۆشه‌ویستی جۆرێكه له فریودانی خودی، چونكه خۆشه‌ویستی حاڵه‌تێكی حهزلێكردنی بێكۆتایه، به‌و مانایه‌ی كاتێك من كه‌سێكم خۆشده‌وێت ده‌مه‌وێت ئه‌ویش منی خۆشبوێت ئه‌م حاڵه‌ته‌ی خۆشهویستراوه حاڵه‌تێكی بێكۆتاییه، چونكه كاتێك نایه‌ت ئه‌م حهزلێبوونه بگاته پله‌یه‌كی كۆتایی به‌ڵكو به‌رده‌وام له وه‌زعێكی نوقسانی ئه‌وه‌دایه به‌رده‌وام چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كه‌م ده‌بێت ئه‌ویتر زیاتر منی خۆشبوێت ئه‌مه‌ش له خۆشه‌ویستیدا حاڵه‌تێكی پێش-ئه‌نتۆلۆژی فریودانه و له‌وه‌وه دروست نابێت كه عاشقه‌كان هه‌ست به كه‌موكوڕی له ئاستی یه‌كتر بكه‌ن ئه‌مه ئه‌وه‌یه كه عاشقه‌كان هێشتا نه‌گه‌یشتوونه‌ته ئه‌وه‌ی كه ده‌یانه‌وێت، هێشتا نه‌گه‌یشتوون به خه‌ونه‌كانیان به جهنهتیان به حه‌یاته یۆتۆپییهكهیان، به‌ڵام كێشه ڕاسته‌قینه‌كه له‌وه‌یه هه‌رگیز ئه‌م پێگه‌یشتنه یان ئه‌م چاوه‌ڕوانییه كۆتایی نایه‌ت و تا ناكۆتا به‌رده‌وام ده‌بێت.
دووه‌م: له حاڵه‌تی دووه‌می شكستپێهێنانی ( عیشق له‌ناو خۆیدا )، ئه‌وه‌یه: ڕۆژێك دێت حاڵه‌تی عیشق ده‌گوڕێت بۆ حاڵه‌تی ئاغا‌و كۆیله‌كه‌ی (هیگڵ)، واته ڕۆژێك دێت عاشقه‌كان به ئاگا دێنه‌وه كه كراون به بابه‌ت له لایه‌ن ئه‌ویتره‌وه، چونكه ئه‌ویتر ده‌یه‌وێت بگاته خه‌ون و خۆزگه‌كانی خۆی، واته پڕوژه‌ی عیشقه‌كه‌یان له پڕۆژه‌ی عیشقه‌وه ده‌گۆڕێت بۆ پڕۆژه‌یه‌كی موجه‌ره‌د تاكه كه‌سی و لێك جودا له عیشق، ئه‌مه‌ش نا مسۆگهرییهكی به‌رده‌وام به عیشق ده‌دات و وایلێده‌كات عیشق شكستی خۆی له ناو خۆیدا هه‌ڵگرتبێت.
سێیه‌م: له خاڵی كۆتایدا ژان پۆل ئاماژه ده‌كات خۆشه‌ویستی هه‌میشه ده‌یه‌وێت ڕه‌ها بێت، به‌ڵام ڕه‌هابوون سنوردار ده‌بێت كاتێك ئه‌ویتر به به‌رده‌وامی مۆركێكی ڕێژه‌یی پێده‌به‌خشێت، چۆن؟ له عیشقدا ده‌بێت من خۆم له ناو ئه‌ویتر بتوێنمه‌وه، به‌ڵام ئه‌مه حاڵه‌تێكی بێهوده‌یه چونكه ڕامانده‌كێشێت بۆ ناو خه‌م و په‌ژاره، ده‌رئه‌نجامی بێهودیی كه خه‌م و په‌ژاره‌یه ده‌ره‌ئه‌نجامی غه‌م په‌ژاره‌ش ئه‌وه‌یه هه‌موو توانهوهیهك له ناو ئه‌ویتر من دوورده‌خاته‌وه له‌وه‌ی كه ناسنامه‌یه‌ك بۆ خودێتی خۆم دهبمهزرێنم، له عیشق من پڕۆژه‌ی توانه‌وه‌ی خۆم له ئه‌ویتر به له‌ناوبردنی خۆیهتییهكهم ده‌گرمه به‌ر، واته بۆ ئه‌وه‌ی عیشق له‌دایك بێت ده‌بێت خۆیه‌تی خۆم به ده‌ستی خۆم بكوژم، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ش پڕۆژیه‌كی ماسۆشیزمه چونكه من بۆ بوونی خۆم ده‌بێت پشت به بوونی ئه‌ویتر ببه‌ستم، ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ش ئه‌وه‌یه من له بوون-بۆ-خۆ ده‌رده‌چم و ده‌بمه بوون-له‌نێو خۆ، ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه كه‌سه‌كه‌ی تر ده‌یه‌وێت من ببم به بابه‌ت و دامه‌زرێنه‌ری جیهانی خۆی، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش من به ناچاری به‌سه‌ربه‌ستی خۆم ده‌بمه جیهانی ئه‌ویتر چونكه ده‌مه‌وێت ئه‌و حه‌زم لێبكات و خۆشبویسترێم، ئه‌گه‌ر هاتوو نه‌بمه جیهانی ئه‌و و بابه‌تی ئه‌و ئه‌وا حه‌زم لێناكات و خۆشناویسترێم، به‌مه‌ش چه‌ند هه‌ست به له ناوبردنی خۆم بكه‌م ئه‌وه‌نده چێژی لێده‌بینم، به‌ڵام هه‌روه‌كو (ژان پۆل) ئاماژه ده‌كات دروست بوونی ماسۆشیزم هه‌وڵدانێكی به‌رده‌وامه بۆ له‌ناوبردنی خۆیه‌تی خۆ به هۆكاری ئه‌وه‌ی من له‌ناو كه‌سێكی تردا ده‌توێمه‌وه، به‌ڵام ده‌بێت بزانین ئه‌مه هه‌وڵدانێكی سهرنهكهوتووهو ده‌رئه‌نجامه‌كه‌شی شكستی عیشقی لێده‌كه‌وێته‌وه.
ئه‌مه هێڵه سه‌ركییه‌كانی تیوهرهكهی (ژان پۆڵ سارته‌ر)بوو له باره‌ی عیشق، له كۆتایدا ده‌بێت بزانین چۆن سارته‌ر ئه‌و تیۆره به‌ناوبانگه‌ی (هیگڵ)ی وه‌رگرتووه كه ده‌ڵێت: ( گشت ویژانێك مه‌رگی ئه‌ویتر ده‌خوازێت ) هه‌ر ئه‌مه‌شه وای له سارته‌ر كردووه بڵێت: ( دۆزه‌خ بریتییه له ئه‌وانیتر ).
سه‌رچاوه‌و په‌راوێزه‌كان:
1. بوون و نه‌بوون، ژان پۆل سارته‌ر، وه‌رگێڕانی: د. محه‌مه‌د كه‌مال، به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی كتێبخانه گشتییه‌كان، چاپی یه‌كه‌م2013، سلێمانی، ده‌زگای چاب و په‌خشی سه‌رده‌م، ل234
2. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوول277
3. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوول284
4. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل334
5. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل374
6. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل375
7. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل 377
8. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل378
9. كێشه‌ی خۆشه‌ویستی، د. زهكریا ابراهیم، وه‌رگێڕانی: د محه‌مه‌د تاتانی، به‌ڕێوبه‌رایه‌تی خانه‌ی وه‌رگێڕان، چاپی یه‌كه‌م 2013، سلێمانی، چاپخانه‌ی شڤان. ل377
10. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو ل 376
11. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی ژماره یه‌ك ل380
|
5132
جار خوێندراوه‌ته‌وه |
Thursday, November 12, 2015
|
|
|
زیاتر
|
|
رات چییه له‌سه‌ر بابه‌ته بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م سایته؟
|
ژماره بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
|
|
|
govari koch| All rights reserved © 2010