خوێندنەوەیەکی شیکاریی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە ئەدەبی ئیسلامیی
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

:وتەیەکی کورت- ئەدەبی ئیسلامییAbdulla_Sleman چییە و لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ پایەکانی ئەم ئەدەبە چین و ئامانجی کۆتایی لە چیدا چڕ دەبێتەوە؟ ئایا ئەدەبی ئیسلامیی کوردیی بوونی هەیە؟ کێن ئەوانەی لە کوردستان ڕەواج بەو ئەدەبە دەدەن؟ ئەی ڕۆڵی ڕەخنەی ئەدەبی شۆڕشگێڕانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئەدەبەدا چییە؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە پێویستە ڕۆڵی کۆمەڵایەتی ئەدەب لە کۆمەڵگەی چینایەتی بناسین و ئینجا کاریگەری ئەدەب لەسەر زەین و بیری ئینسانەکان ببینین. ئەدەب دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە، گەرچی پرۆسەی داهێنانی ئەدەبیی خودیش(ذات)ی بێت، ئەوە ڕاستە (ذات)ییە لە ڕوانگەی دەستپێشکەری و گەڕان و کۆکردنەوە و لێکهەڵپێکانی ڕەگەزەکان بەپێی تێڕوانینە خودییەکان، بەڵام کۆمەڵایەتییە چونکە بابەت و ڕەگەزەکانی لە ژیان و کۆمەڵگەوە سەرچاوەیان گرتووە. بەدرێژایی مێژووی ئەدەب هیچ کەسێک پەیوەندی نێوان ئەدەب و کۆمەڵگەی ئینکار نەکردووە، بەڵکو لەسەر تێگەیشتن لە سروشتی ئەو پەیوەندییە جیاوازیان هەبووە. سەرخانی سیاسیی کۆمەڵگەی بورژوازی و ئایدیۆلۆژی زاڵ هەرچییەک بێت ( ئایینی، ناسیونالیستی، تۆلیتاری، یان دیموکراسی) هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە ڕەنگدانەوەی پەیوەندییە ئابورییە زاڵمانەکەی سەرمایەدارییە.
ئەدەب و هونەریش دەکەوێتە نێو بازنەی سەرخانی سیاسی. ململانێی چینایەتی لە کۆمەڵگەی بورژوازی، ململانێی نێوان چینی کرێکار و سەرمایەدارە. لە سیاقی ئەو ململانێیە کە زۆرجار گەشە دەکات بۆ ئاستی ڕاپەڕین و تەنانەت شۆڕش، ئەدەبەکانی ئەو دوو چینە هەریەک بەکاری خۆی هەڵدەستێ و بەرگری لە چینەکەی خۆی دەکات. ئەدەبی شۆڕشگێرانەی کرێکار وەک لیۆن ترۆتسکی دەڵێ ” کە پشتیوانی لە کرێکاران دەکات لە شۆڕشدا دژ بە چەوسێنەران، ئەدەبێکی زەروری و پێشکەوتووخوازە”(١). لەبەرامبەریشدا ئەدەبی بورژوازی لە هەوڵی دووبەرەکی دایە لە ڕیزەکانی کرێکاران و پارچە پارچە کردنی هێزەکانی چینی کرێکار لە خەباتیان بۆ بەدەستهێنانی مافە سیاسی و ئابوورییەکانیان بە ئامانج دەزانێ. ئەدەبی بورژوازی ( کە ئەدەبی ئیسلامی بەشێکە لەو ئەدەبە) لە هەوڵی بەلاڕیدابردنی خەباتی کریکارانە و بەرگریکردنە لە ستەم بێمافی ئینسانەکان.
ئەدەبی ئیسلامیی ئەدەبی ئایینییە. فریدریک ئەنجڵس لە کتێبی ئەنتی دۆهرینگدا دەڵێ ” ئایین جا هەرچییەک بێت، جگە لە ڕەنگدانەوەی خەیاڵی هیزە دەرەکییەکان و زاڵبوونی ئەو ‌هێزانە بەسەر ژیانی ڕۆژانە و زیهنیی خەڵکی، هیچیتر نییە.” (٢) ئایینیش لەسەر بنچینەی ترس لە هێزێکی دەرەکی دامەزراوە و هەوڵ ئەدات ئینسانەکان شوکرانە بژێری بکەن لەبەرامبەر ستەم و چەوسانەوەی چینە باڵا دەستەکان. سەرخانی ئابووری (دین، فیکر، ئەدەب و هونەر، ئایین، و …تاد)وەک پارێزەری بەرژەوەندی چینایەتی چینە داراکان پێویستییەکی حاشاهەڵنەگری نیزامی سەرمایەدارییە. کاتێ لە ڕوانگەی ماتریاڵیزمی مێژووییەوە لەم دیاردەیە دەڕوانین دەبینین ئایین لە ڕوانگەی کارل مارکسەوە بریتییە لە تلیاکی گەلان” (٣) ئەدەبی ئایینیش ڕۆڵی هەمان تلیاک دەبینێ کە ئایین دەیبینێت. ئەدەبی ئایینی (لێرەدا مەبەست هەر ئەدەبێکە کە لەسەر بنچینەی ئایین دامەزراوە و تایبەتیتریش مەبەست ئەدەبی ئیسلامییە)، ئەدەبی گێژکردن و فریودانی خەڵکە بە ترس و باوەڕێک کە هیج قازانجێکی بۆ ئینسانەکان تێدا نییە. ئایین بەرهەمی بیرکردنەوەی ئینسانە، نەک ئینسان بەرهەمی ئایین بێت. ئەنجڵس جوانی وتووە کە دەڵێ ” مێشک مادە بەرهەمی ڕوح نییە، بەلکو خودی ڕوح جگە لە باڵاترین بەرهەمی مادە، شتێکی تر نییە”
(٤). ئەدەبی ئایینی یان ئەدەبی پشت بەستوو بە ئایین توانای گەشەکردنی نییە و ناتوانێت یەک هەنگاو بەرەو جوانی و باڵا و نزیکبوونەوە لە ئازادی و یەکسانی کۆمەڵایەتی ئینسان هەنگاو بنێ. ئەدەبی ئیسلامیش وەک ئەدەبی ئایینی بەپێچەوانەی ئیدیعا و پروپاگەندەکانی نووسەرانی ئەو ئەدەبە کە هەوڵ دەدەن ڕوویەکی جوان بەو ئەدەبە پێبدەن و بە ئەدەبێکی دەربڕینی ئامانجدار و بەڕێوەبردنی ئوممەت و پابەندی وەسف دەکەن(٥)، جگە لە کۆیلەکردنی خەڵک و فریودانیان ئەرکێکی تری نییە. کاکڵەی ئەدەبی ئیسلامیی بەتاڵ و زڕە. بۆ ئەوەی بڕێک زیاتر لە ئەدەبی ئیسلامیی بگەین باشترە بچین بەلای بیرمەندانی ئەو ئەدەبە و بزانین چۆن ئەدەبەکەیان پێناسە دەکەن. دیارە بەلای ئەو بیرمەندانەوە ئەدەبی ئیسلامیی بەو ئەدەبە دەوترێت کە بۆچوون و بیروباوەڕی ئیسلام و ڕێنوێنییەکانی، کە لە ڕوحی ئایین و باوەڕی ئیسلامدایە، لە خۆیدا ڕەنگ دەداتەوە.
دکتۆر عەبدولڕەحمان ڕەئفەت پاشا پێیوایە ” ئەدەبی ئیسلامیی گوزارشتێکی هونەریی ئامانجدارە لە واقیعی ژیان و گەردوون و ئینسان لە ویژدانی ئەدیبەوە، گوزارشتێک کە لە تەسەوەری ئیسلامیی لە خولقێنەر و خودا و مەخلوقاتەکانی.” بەڵام دکتۆر مەحموود جرار مامۆستا لە زانکۆی ئەهلی عەمان و سەرۆکی نووسینگەی هەرێمی (رابطة الادب الاسلامي العالمي) لە ئوردن دەڵێ ” ئەدەبی ئیسلامیی ئەو ئەدەبەیە کە تێڕوانینی ئیسلامیی بۆ گەردوون و ژیان و ئینسان لە خۆیدا بەرجەستە دەکاتەوە” هەرچی چیرۆکنووسی ئیسلامیی نەعیم ئەلغۆلە دەڵێ ” ئەدەبی ئیسلامیی گوزارشتێکی هونەری جوانی ئامانجدارە بەپێێ تێروانینی ئیسلامیی لە گەردوون و ژیان و ئینسان. گرنگە گوزارشتکردنەکە ئامانجدار بێت یانی ئیلیزامی بە ئیسلامەوە هەبێت.” دواجار محەمەد نور ئەلئیسلام دەڵێ : ئەدەبی ئیسلامیی ئەو ئەدەبەیە کە لە سایەی قورئان و سوننەت و فیکری ئیسلامی و ڕێباز وکلتوورەکەی دەنووسرێت. جا هەر ئەدەبێک لەسەر ئەو ڕێبازە بنووسرێت لە ئێستاوە بۆ داهاتوو.(٦) کەواتە ئەدەبی ئیسلامیی ئەدەبێکە ئیلهام لە قورئان و فەرموودەکانی محەمەد و شەریعەتی ئایین وەردەگرێ و بەو تێڕوانینەوە دەڕوانێتە ژیان و ئینسان و گەردوون. لەم پێناسەیەوە دەگەین بەوەی کە هەژموونی قورئان و فەرموودە و سێبەری شەریعەت بەسەر خەیاڵ و داهێنانی ئەدیب و دەقی ئەدەبیدا، باڵادەستە. واتە لە ئەدەبی ئیسلامیدا شتێک نییە بە ناوی سەربەخۆیی نووسەرەوە. ئەدیب پێش ئەوەی دەست بداتە قەڵەم مەحکومە بە ڕێبازێک و ناوەڕۆکێک کە پێشتر بۆی دارێژراوە. ئازادی لە پانتایی ئەدەبی ئیسلامی ئەفسانەیە. نووسەری ئیسلامی ئازاد نییە و بەموو ناتوانێت لە تەعالیمەکانی ناو قورئان و فەرموودەکانی پەیامبەری ئیسلام و کلتووری ئیسلامیی لا بدات. لادان لەو کلتوورە، یانی کفر و ئیلحاد.
ئەدەبی ئیسلامیی و تایبەتمەندییەکانی
دەستەواژەی ئەدەبی ئیسلامیی دەستەواژەیەکی نوێیە و بۆ یەکەمینجار لەلایەن بیرمەندی ئیسلامی الشیخ ابو الحسن علي الندوي کاتێ وەک ئەندامی ڕێکخراوی(علوم العرب ) لە دیمەشق هەڵبژێردرا، یەکەم کەس بوو داوای جێکەوتەکردنی ئەو دەستەواژەیەی کرد و پاشانیش گەلێ ئەدیب و بیرمەندانی تر ئەو دەستەواژەیەیان جێخست وەک محەمەد ئیقبال و مصطفی صادق الرافعي. دواتریش بەتایبەتی سەید قوتب لە ساڵی ١٩٥٢ بە وتارێک لە ڕۆژنامەی (الاخوان المسلمین) دەستی بەو چەمکەوە گرت و دواتریش محەمەد قوتبی برای لە ساڵی ١٩٦١ و و دکتۆر نەجیب گەیلانی ١٩٦٣ برەویان بەو دەەستەواژەیە دا و پاشانیش دکتۆر عمادالدین خلیل لە ساڵی ١٩٧٤ دا زۆر برەوی بەو چەمک و ڕێبازە دا.
تا ساڵی ١٩٨١ لە کۆنگرەی (الندوة العالمیة للادب الاسلامي) بەسترا و بە چەند بڕیارنامەیەک کۆنگرەکە هاتە تەواو بوون لەوانە ” دامەزراندنی رێکخراوی ئەدەبی ئیسلامی جیهانی، دانانی ئەمیندارێتی بۆ ئەو ڕێکخراوە، چاوخشاندنەوە بە سیستەمی خوێندن. بەلەبەرچاوگرتنی گەشەسەندنی هۆشیاری لاوی موسوڵمان، لێکگرێدانی هەوڵەکانی ئەدیبە ئیسلامییەکان و دەستدانە پەروەردەیەکی ئیسلامی و برەودان بە ئەدەبی منداڵان و لاوان.(٧) لێرەوە هەست دەکەین ئەدەبی ئیسلامیی لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی لەسەر قاچی خۆی وەستاوە و خەریکە ئیش لەسەر هۆش و بیری ئەندامانی کۆمەڵگە دەکات. واتە ئەگەرچی لەسەردەمی پەیامبەری ئیسلامەوە کە شاعیرانی دەربار بەشان و باڵی محەمەدیان هەڵداوە تا دەگاتە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم شتێک نەبووە بەناوی ئەدەبی ئیسلامیی. ئەوەی هەبووە هەوڵ و کۆششی تاکەکان بووە. بەڵام لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە هەوڵدرا سەروسیما بەو هەوڵ و کۆششانە بدرێت و هەوڵەکانیش لە ڕێکخراوی ئیخوان موسلمینەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە ئیشە چڕوپڕەکانی ئیسلامی سیاسی ئەمڕۆ.
تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی ئیسلامیی، کە بیرمەندە ئیسلامییەکان خۆیان ڕایدەگەێنین وەک ئەدەبی ئیسلامیی ئەدەبێکی ئامانجدارە، مولتەزیمە، ئەسیڵە، سەربەخۆیە، پتەو و وەستاوە، ئەدەبی ئەخلاق و هۆشیارییە،(٨) ڕێک کۆپیکردنی هەمان تایبەتمەندییە کە ئەدەبی سۆشیالیستی هەیەتی لە ئیلتزام و ئامانج و ئەساڵەت و سەربەخۆیی و هوشیاری. ئەدەبی ئیسلامیی ئەدەبێکە نوزعەی ئیسلامیی هەیە لە کاتێکدا ئەدەبی مارکسیستی نوزعەی ئینسانیی هەیە. چونکە “گومانی تێدا نییە کە تێڕوانینی مارکسیستی بۆ مێژوو و بیردۆزی زێدەبایی بایەخێکی زۆریان هەیە بە شێوەیەکی گشتی وەک چەکێکی چینایەتی بۆ پرۆلیتاریا و بۆ زانست”(٩) بۆیە ئەدەبیاتی مارکسیستی ئەدەبێکە کە ڕەگی هۆشیاری چینایەتی کرێکاران و ئامانجی ڕزگاریبەخشی ئەو چینەی تێدا بەرجەستە کراوەتەوە. لە کاتێکدا ئەدەبی ئیسلامیی ئەدەبی تووندکردنەوەی زنجیرەکانی کۆیلەتی مرۆڤە. ڕەخنەگرتن لەتیئوری ئەدەبی ئیسلامیی و دامەزرینەرانی ئەو ڕەوت و ڕێبازە بەندە بە بەدەستەوەگرتنی بیرۆکەی ڕەخنەگرانە. یەکێک لە بەناوبانگترین مارکسیستە شۆڕشگێڕەکانی عەرەب مەهدی عامل دەڵێ ” هەر بیرۆکەیەک ڕەخنەگرانە نەبوو مانای وایە خەساوە”(١٠) واتە لەم گۆشەنیگایەوە تەنها بیرۆکەیەک کە بتوانێت بە ڕۆڵی رەخنەگرانەی خۆی هەستێت و ڕەهەندەکانی جوانناسی و زمان لەلایەک و شۆڕشگێڕێتی لەلایەکی تر لەخۆی کۆبکاتەوە ڕەخنەی ئەدەبی مارکسیستییە.تەنها ئەم میتۆدە مادییەیە کە دەتوانێت وەڵامگۆی سەرجەم ڕەوت و ڕێبازە ئەدەبییە غەیرە مارکسییەکان بێت.
هەڵسەنگاندنێکی گشتی ئەدەبی ئیسلامیی
ئەدەبی ئیسلامیی تا ئەو جێگەیە پەیوەندی بە ئینسانەوە هەیە کە هەوڵی دەستەمۆکردنی دەدات و ئیرادەی تێک و پێک دەدا و لە ئینسانیەتی خاڵی دەکاتەوە. ئەو ئەدەبە کۆنەپەرستە و یەکێکیشە لە بەربەستە سەرسەختەکانی ئینسان بۆ گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی. لە ڕێی بڵاوکردنەوەی خورافە و نەزانین و جەهلەوە، مرۆڤ لە خەون و هیوا مرۆییەکانی دوور دەخاتەوە. ئەو ئەدەبە چونکە سەرچاوەکەی ئایینی ئیسلامە، هیچ ئاسۆیەکی گەشی پێ نییە و تاریکی دەبەخشێنێتەوە. ئەدەبی ئیسلامی وەک بەرەنگارێک لە بەرامبەر گەشەی ئەدەبی واقیعیەتی سۆشیالیستی شکڵ و شێوەی پێدرا و ڕێکخراوە. واتە تا ئەدەبی سۆشیالیستی گەشەی نەکرد، ئەدەبی ئیسلامیی بەم جۆرە سیاسییە و حیزبییە لەئارادا نەبووە. یەکێک لەو هۆکارانەی کە وڵاتانی ڕۆژئاوا لەپێناو لاوازکردنی ئەدەبیاتی واقیعی سۆشیالیستیی، بریتیبوو لە کۆمەککردن و یارمەتیدان بە هێز و لایەنە تاریکخوازەکان و ئەنتی مارکسیستەکان و لەوێشەوە یارمەتی دانی ئەدەبی ئیسلامیی لەوڵاتی ئیسلامی و غەیرە ئیسلامیی تا دەگات بە دانانی خەڵاتی جیهانی بۆ وەرگێران لە عەرەبییەوە بۆ زمانانی تر و بە پێچەوانەوە وەک خەڵاتی نووسینگەی گشتی مەلیک عەبدولعەزیز بۆ وەرگێڕان.(١١)
کاتێ لە دیدگای مادییەوە دەڕوانینە ئەدەبی ئیسلامی دەتوانین گۆشە جیاجیاکانی ئەو ئەدەبە ببینین و ورد بینەوە لێی و هەڵی بسەنگێنین و تایبەتمەندییەکانی دەستنیشان بکەین. بەىروای من تایبەتمەندییەکانی ئەدەبی ئیسلامیی دەتوانین لەم خاڵانە چر بکەینەوە:
یەک : ئەدەبی ئیسلامیی لەسەر پایەی ئینسانیی دانەمەزراوە، بەڵکو پشت بەستووە بەو بۆچوونەی کە ڕوانین بۆ هەر دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی لە میانی جێ و شوێنی ڕاستەقینەی خۆی لە سیاقی ئەو سیستەمە کۆمەڵایەتییەی ملکەچی یاسا ئیلاهییە باڵا دەستەکانە بەسەر بزووتنەوەی مێژوو پەوەسەندنی شارستانی مانای هەیە. بەم پێیە ئەدەبی ئیسلامیی هەموو یاساکانی سروشت و ژیان بە یاسای ئیلاهی دەزانێ و خاڵییە لەهەر لێکدانەوەیەکی زانستی بۆ مرۆڤ و ژیان و دیاردەکان. ئەمەش بەمانای ئەوە دێت کە ئەم ئەدەبە لەسەر نەزانیی و خەیاڵ پڵاوی کۆمەڵێ گفت و پەیمان بنیاد نراوە،کە ئەویش نەک لەم تاکە دنیایەدا، بەڵکو لە دنیای پاش مردنیش کە تەنها لە جیهانبینی ئەواندا بوونی هەیە.
دوو : ئەدەبی ئیسلامیی ئیرادەی ئینسان دەکوژێ. چونکە لە سروشتی ئەو ئەدەبەدا تەواوی ڕووداوەکان هەر لە سەرەتای بوونەوە لە لەوحی مەحفوز نووسراوە. ئیتر کاری مرۆڤ بۆ ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانە و ڕادیکاڵانە زیادەن و خوا چی لە نێو چاوانی مرۆڤەکان نووسیبێت، هەر ئەوەیە. لێرەوە شۆڕش و بەرپاکردنی شۆڕش هیچ بایەخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نامێنێ. ئەمەش بە ئەزەلی و ئەبەدی نیشاندانی زوڵم و چەوسانەوەی چینایەتییە لەسەر ژیانی مرۆڤەکان. بۆیە لە دیدگای ئەم ئەدەبەوە خەباتکردن بۆ ئازادی شتێکی زیادەیە و کۆیلەبووی هەدیەی خوایە و دەبێ شوکوری ئەم نیعمەتی کۆیلەبوونە بکەین.
سێ : ئەدەبی ئیسلامیی ئەدەبێکی تا سەر ئێسقان کۆنەپەرستە. پشت بە کۆمەڵێ تەبلیغات و ڕێنوێنی دەبەستێ کە ئیکسپایەر بوونە و بە دەردی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی ئینسانیی ناخوات. بە وشەیەکی تر، ئەدەبی ئیسلامیی ئەدەبی خۆڵکردنە چاوی خەڵک و شاردنەوەی ڕاستییەکانە، ئەدەبی بە گەمژەکردنی مرۆڤە. ئەدەبی تێکشکاندنی ئیرادەی ئینسان و دەستەپاچەبوونیەتی لەبەردەم چارەنووس و داهاتووی خۆی
سێ : ئەدەبی ئیسلامیی ئەدەبی سووکایەتییە بە مرۆڤ بە گشتی و ژن بە تایبەتی. ئەدەبی سەنگەرگرتنە لە خەون و هیوا و ئاواتە ئینسانییەکان. نوزعەی ئەدەبی ئیسلامیی ئایینی ئیسلامە، نەک ئینسان. ژن هیچ مەقامێکی ئینسانیی نییە و ئەوەی هەیە کۆیلەیەکە دەبێ وەڵام بە غەریزە نێرسالارییەکانی پیاوەکەی بداتەوە. ئەدەبی ئیسلامیی ئەدەبێکە خاڵی لە خەون و خولیا و عیشق و ئەوین. ئەدەبی پیاوسالارییە لەدژی هەموو جوانییەکانی ژیان.
چوار : ئەدەبی ئیسلامیی نە خاوەن بەلاغەیە و نە گەمەی زمانەوانیی، بۆیە کە لێی ورد دەبیتەوە جگە لە بیابانێک لە وشەی بەتاڵ و چۆڵەوانییەک لە فیکر شتێکی ترت نایەتە بەرچاو. ئەم ئەدەبە کەکاری گەلحۆکردن و ژیان بەفیڕۆدان و بەهێزکردنی زنجیرەکانی دەست و پێی ئینسانەکانە لەبەرامبەر چارەنووسیان.
پێنج : ئەدەبی ئیسلامیی ناکۆکە لەگەڵ ژیانی ئەمڕۆ و دەستکەوتە زانستییەکان و گەشەی تەکلنەلۆجیا. ئەدەبی ئیسلامیی بەتوندی بیردۆزەی ئیڤەلووەیشن و فیزیای کوانتەم ڕەت دەکاتەوە. ناوەڕۆکی ئەدەبی ئیسلامی هەوڵدانە بۆ لە غەفڵەت هێشتنەوەی ئینسان و بێئاگابوونیان لە دەستکەوتەکانی مرۆڤایەتی لەسەرجەم بوارەکانی ژیان.
شەش : دواجار ئەدەبی ئیسلامیی ئەدەبێکە لە سەنگەری دژایەتیکردنی هەر ئەدەب و ڕێبازێکی ئەدەبیی و هونەرییە کە ناکۆک و ناتەبا بێت لەگەڵیا، ئەدەبی پاڵپشتی تەکفیر و سزا و تیرۆری هەر نووسەر و ڕووناکبیرێکە کە ئایین و شەریعەت قەبوڵ ناکەن و ڕەتی دەکەنەوە. ئەدەبی بێدەنگ بوونە لە هەمبەر کارە دژە ئینسانییەکانی ئەو حیزب و ڕیکخراو و کۆمەڵانەی کە برەو بە کوشتنی جوانی و عەقڵ دەدەن لە کۆمەڵگە.
ئەدەبی ئیسلامی کوردیی
کورد وەک نەتەوەیەک ئاشکرایە کە ١٤٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا لە ئەنجامی هێرشە بەربڵاو و وەحشییەکانی لەشکری داگیرکەری ئیسلام و بە زەبری شمشێر بووەتە ئیسلام. بەپێی سەرچاوە مێژوویەکان کورد هەروا بە ئاسانی ملی نەداوە، بەڵکو بەرەنگاری ئەو هێزە تاریکە بۆتەوە و بە سەدان قوربانی داوە. بەڵام دواجار لەشکری داگیرکەری ئیسلام سەردەکەوێ و کوردیش بەناچاری واز لە ئایینە کۆنەکەی خۆی دێنێت و دەبێتە ئیسلام. ئیتر لەو ڕۆژەوە ئەو ئایینە بەزۆر کراوە بە ئایینی کورد. کوردیش لەگەڵ ئاڵوگۆرە سیاسییەکان نەیتوانیوە خۆی بگونجێنێ و دەرفەت بقۆزێتەوە و هەم خۆی لەم ئایینە کۆنەپەرستە ڕزگار بکات و هەمیش قەوارەیەکی سیاسی بۆ خۆی دەستەبەر بکات. ڕەگ داکوتینی ئەم ئایینە کۆنەپەرستە لەناو کورد هەمیشە بە زیانی کورد تەواو بوە. ئەوەتا لەم ساڵانەی دواییدا گەشەی ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان لەسەر دەستی کۆنەخوازانی ئیخوانچییەکان (قوتابیانی قوتب و بەننا) و ئەردۆغانچییەکان، کۆمەڵگەی کوردستانیان کردۆتە تاریکستان و خەریکن کوردستان بکەنە ئەفغانستان و پاکستان. لەم نێوەشدا قوتابیانی قوتب و بەننا لەسەر ڕێبازی ئەو بیرمەندانەیان کەوتوونەتە وێزەی ئەدەب و بە ئیسلامکردنی ئەدەب. حیزبە ورد و درشتەکانی ئیسلامی سیاسیی لە کوردستان لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بودجەیەکی زەبەلاحی بۆ بڕیونەتەوە و لەلایەکی تریشەوە دەوڵەتەکانی سعودیە و قەتەر و تورکیا یارمەتی ماددی زۆریان دەدەن توانیویانە لەجێبەجێکردنی پلان و بەرنامەکانیان سەرکەوتوو بن.
لەبواری ئەدەبیشدا بێ رەقیب هەنگاویان ناوە و لەڕێگەی بڵاوکراوە و ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و تیڤییەکانیانەوە درێخیان نەکردووە لە بڵاوکردنەوەی ئەدەبی ئیسلامیی. هەر بۆ نموونە گۆڤاری هەڵەبجەی بزووتنەوەی ئیسلامی جاران و گۆڤاری نوێسازی (گۆڤاری کۆڕبەندی هزری ئیسلامی لە کوردستان) و گۆڤاری بزاڤ و ئەمە جگە لە بڵاوکردنەوەی دەیەها کتێب و نامیلکەی فریودەر و ژەهرپژێن. ئەرکی ئەم حیزبانە و نووسەرە کۆنەخوازەکانیان لەچەشنی ماکوان کەریم و کامیل مەحمود و یاخی و بنار جەبار و محەمەد مەجید شێروانی و ڕۆستەم خامۆش و گۆران عەباس و عەلی هەولێر فێرگە و جێگر خۆشناو و کاک ئەحمەدی موفتیزادە و شیرین مەلا ئەحمەد و عەبدولڕەحمان محەمەد کەریم و ڕێزان هەڵەبجەیی تا دەگاتە کۆلکەشاعیرێکی وەک هیوا عەوێنەیی، هەر تەنها باسکردنی ئایین و تەبلیغاتی ئایینیی نییە، بەڵکو دژایەتیکردن و وەستانەوەیە بەڕووی ئەو نووسەر و ئەدیبانەی کە ڕەخنە لە ئایین دەگرن و ئایین ڕەت دەکەنەوە. درۆی گەورەی ئەو دژایەتیکردنە ناتوانن بشارنەوە و بێپەردە ڕایدەگەێنن کە “هەر ڕەخنەیەک لە ئایین، بێحورمەتییە بە ئایین و ئەمەش لووتکەی بێ ئەخلاقی و بێ شەهامەتییە و ئەم بێ حورمەتیکردنە بووتە پێشەی مولحید و بێ باوەڕە بێ ئەدەبەکانی ئەم وڵاتە”(١٢). نووسەری ئەم دێرە پلە و پایەی هەرچییەک بێت و باکگراوندی چی بێت، گوزارشتی ورد و دروستی لە تێروانین و ئایدیای دژە ئازادی و دژە ئینسانی باوەڕ و ئایینەکەی خۆی کردووە. باشووری کوردستان ئێستا بە دەیەها و سەدەهاو بگرە بە هەزارەها بانگخواز و قەڵەم بەدەستی نەخوێندەوار و جاهیلی تێدایە. ئەمە هەڕەشەیەکی گەورە و ترسناکە لەسەر ئێستا و ئایندەی کۆمەڵگەی کوردستان. ئەمە ئاماژەیەکی خەتەرناکە بەڕووی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن و کراوەدا. چالاکییەکانی ئیسلامی سیاسیی هەر بەوەندەشەوە نەوەستاون کە باس لە ئەدەبی ئیسلامیی بکەن، بەڵکو “کار گەیشتۆتە ئەوەی کە شیعر و ئیسلام لێک هەڵپێکن و بڵێن شیعری ئیسلامی پێشەنگ و جیاوازە و گرنگی بە جوانی و پاکی دەدات.(١٣) ئەرکی نووسەران و هونەرمەندان و قەڵەم بەدەستانی ئازادیخوازە بە تووندی ڕەخنە لە کۆنەخوازانی ئیسلام و ئەدەبەکەیان بگرن و ماهییەتی دژە ئینسانیان ئاشکرا بکەن.
ئەنجام
سەرەنجام ئەدەبی ئیسلامیی، ئەدەبی فریودان و بە کۆیلەکردنی خەڵکە لەپێناو پاراستن و بەرژەوەندییەکانی چینە داراکان. ئەدەبی ئیسلامیی، ئەدەبی ئایینییە و ئەمەش وەک پێداویستییەکی سەرخانی کۆمەڵگەی چینایەتی جێی بایەخی بورژوازی و چینە داراکانە. ئامانجی ئەم ئەدەبە چاندنی تۆوی جەهل و نەزانییە لەدڵ و مێشکی خەڵک و شکاندنی ئیرادەی شۆڕشگێرانەی خەڵکە بۆ گۆڕینی ژیانیان بەرەو دونیایەکی باشتر و خاڵی لە هەر چەشنە ستەمێک. کوردستانیش لە دوو سێ دەیەی ڕابردوودا بۆتە گۆڕەپانی حیزب و بزووتنەوە ئیسلامییەکان و ئەوانیش بێهەدادان خەریکی بڵاوکردنەوەی بیری پووچ و کۆنەپەرستین لەڕێگەی ئەدەبێکەوە کە پێی دەڵێن ئەدەبی ئیسلامیی. بەو ئەندازەیەی ئەو ئەدەبە کۆنەپەرستە سەنگەری لە خەڵک گرتووە، بەو ئەندازەیەش ئەرکی هەموو ئازادیخواز و پێشکەوتووخواز و ئەدەب و ڕەخنەی شۆڕشگێرانەیە بەرەنگاری ئەدەبی ئیسلامیی ببنەوە و ناوەڕۆکەکە جەهالەتخوازەکەی ڕیسوا و ئاشکرا بکەن. پەراوێز و سەرچاوەکان :
١- لیون تروتسکی الادب و الثورة ترجمة جورج ترابیشي دار الطلیعة بیروت الطبعة الاولی ١٩٧٥ ص ٢٢.
٢- فریدریک انجلس حول الدین ضد دوهرینگ دارالتقدم موسکو ص ٣٦٦.
٣- کارل مارکس اسهام في نقد فلسفة الحق عند هیجل . مقدمة. (کارل مارکس و فریدریک انجلس حول الدین موسکو ١٩٥٧ ص ٤٢.)
٤- فریدریک ئەنگڵس لودڤیگ فۆیەرباخ و کۆتایی فەلسەفەی کلاسیکی ئەڵمانی وەرگێرانی سالار ڕەشید لە بڵاوکراوەکانی مەکتەبی بیر و هوشیاری (ی ن ک) ٢٠٠٣ لاپەڕە ٣٤.
٥- ماکوان کەریم چاوپێکەوتنی گۆڤاری چرای ڕووناکی ماڵپەڕی ڕەسمی جەماعەتی دەعوەت و ئیسڵاحی ئێران. ٦- محمد نور الاسلام الادب الاسلامي (التعریف و النشآة و الخصائص) موقع الالوکة الادبیة والغویة حضارة الکلمة
٧- هەمان سەرچاوەی پێشوو.
٨- هەمان سەرچاوەی پێشوو. ٩- لیون تروتسکی الادب و الثورة ترجمة جورج ترابیشي دار الطلیعة بیروت الطبعة الاولی ١٩٧٥ ص ٨.
١٠- مهدي موسی العامل اطروعات في الفن : المارکسیة و علم الجمال موقع المنشور المنتدی الاشتراکي نشرة الکترونیة مارکسیة ثوریة ٢٩ نیسان ٢٠١٣.
١١- خصائص الادب الاسلامي ویکیپیدیا الموسوعة الحرة
١٢- کامیل مەحموود ئەدەب و بێ ئەدەبی بەڕامبەر بە ئایینی خەڵک سایتی بزاڤ پرێس ٧ی ئازاری ٢٠١٥.
١٣- تەلعەت تاهیر سەبارەت بە شیعر و ئیسلام ..پەیجی تایبەتی کاک تەڵعەت تاهیر لە فەیسبووک.
سەرەتای ساڵی ٢٠١٥
11487 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌       |     Friday, December 25, 2015
زیاتر
ئایا خودا بونی هه‌یه‌ ؟
مه‌حمود عه‌بدوڵا
گێڕانەوەی ئەنفال وەکوو کارەساتێکی پارتیکولار
چەند سەرنجێک لەسەر کۆمەڵەچیرۆکی
"جەستەیەکی خۆڵاوی بەسەر قاڵیچەی سولەیمانەوە"
محەمەد محەمەدمرادی
بزوتنەوەی ئیسلامی و دوو ملیۆن ڕیالی حەڵاڵ
ئاسۆ کمال
ئایدیای زمان/ ئایدیای شانۆ
چەند خاڵی سەرەتایی و مانیفێستۆیی
ئەمین کەرەمی و هاوڕێ یووسفی
پیتەکانی پێش هەندێک لە سورەتەکانی قورئان
تاهیر رەحیم
مەعریفەی ئیگزیستانسیالیزم و کۆمەڵگەی باشوری کوردستان
ئه‌فشین غولامی
توماس هۆبز
رامین جەهانبەگلوو
و: عەتا جەماڵی
زمانی کوردی و پێوه‌ندی به‌ناسنامه‌ی کورده‌وه‌
محه‌مه‌د که‌ریمی
بە تەوزیف بوونی دیاردەکان !
هاورێ نەهرۆ
ئه‌ده‌بی پۆست مۆدێڕن، زه‌رووره‌تێکی ناوه‌خت
حه مه ی که ریمی
مــرۆڤــ و تــێكنۆلۆژی، كــامیان بــەسەرە كــامـیـانــدا زاڵــە؟
رێبوار حسێنی
سواره‌ له‌ نێوان دوو ئه‌زموون و دوو شێوه‌ ژیانی جیاوازدا
ئه‌مجه‌د غوڵامی
ناوچه‌ تاریکه‌کانی تیرۆریزم
ئالن به‌دیۆ و فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌می فه‌رانسه‌
نووسین و کۆکردنه‌وه‌ی ده‌ق: جه‌واد گه‌نجی
وه‌رگێڕانی له‌ فارسییه‌وه‌: حه‌مه‌ی که‌ریمی
له‌شکرکێشی تورکیاو پێوست بوونی هاوپه‌یمانیه‌کی نوێ؟!
سه‌ردار عه‌بدوڵا حه‌مه‌
هەنگاوەكانی پێش ئاشتی لە توركیا
حەبیب محەمەد دەروێش
ڕۆشنبیر، ماناکانی دیکەی سیاسەت و تاوانی ئایدۆلۆژیا
فەرهاد بهێشتی
نەبوونی بنەمای زانستی و بەرپرسیارێتیی یاسایی و نەریتی
لە توێژینەوەیەكی (د.عیزەت فەتاح حەمەساڵح)دا
بوار نوورەدین
ئیدەی کەلاوە
مەنسوور تەیفووری
شوناسی پوپولیزم
هاوڕێ نەهرۆ
بەرەو تورکیا یان ئێران؟ ...
تاهیر رەحیم
قانع و کێشەی نەتەوایەتی
ئیبراهیم ئیسماعیل پوور
ژمارەی نوێی گۆڤاری کۆچ بڵاودەبێتەوە
داهاتویێک پاش کاپیتالیزمیش هەیە
لە سویدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی
ئایا داعش بە پلانی ئەمریکا هاتووەتە ناوچەکە؟
ئیحسان فەتاح
نیچە روخساری دژ، بەڵام قوڵ
فەڕۆخ نێعمەتپوور
پێكەنین وەك چارەسەر لای هێرمان هێسە
بەفراو نوری
روانینی سلۆتەردایك بۆ بنەما فەلسەفییەكانی دێریدا
لەكتێبی (دێریدای مسری) وەرگێڕانی بەكرعەلی
رانانی: د. تریفە عمر
وێنه‌ و حه‌قیقه‌ت...
ئومێد حه‌مه‌عه‌لی
ترپەی دڵ‌و ئاوازی وشە
ئیسماعل فەرەج
وه‌سفی كه‌سایه‌تی دیكتاتۆر
به‌ختیار محه‌مه‌د
دوای هێرشی داعش ، پێویسته‌ ، چی بكه‌ین؟نوسینی:
ئومێد قەرەداغی
پێكدادانی كورد و توركمان
له‌ كه‌‌‌ركوك و ناوچه‌كانی تر له‌ خزمه‌‌تی كێدایه‌؟!
نجم الدین فارس حسن
ژاك دوریدا بۆ ژیل دولوز
ئەبوبەکر جاف
شیکارییەک لە سەر ئازادکردنەوەی شنگاڵ
جیهاد موحەمەد
ئابوری میلیشیایی
دکتۆر محەمەد گەناویی
ئەفسانەی ژێردەستەیی ژنان
ئیڤلین ڕید
وەرگێڕان: نەسیبە بارانی
ئوستورەی ڕێفۆڕم و ژوورنالیزمی سۆفیستانە
نووسەر: پەیمان عەلیپوور
ڕۆشنبیر، ماناکانی دیکەی سیاسەت و تاوانی ئایدۆلۆژیا
فەرهاد بهێشتی
ئیدۆلۆژی، فەلسەفەیە یان وەهم؟
رەسوڵ سێلەکە
وەڵاتێک لە ژان ...
ئەمجەد شاکەلی
ئیستاتیكای (جوانی) سیاسەت
محمدامین گەناوی
عیشق له‌ كتێبی (بوون و نه‌بوون)ی ژان پۆڵ سارته‌ردا
رزگار عه‌لی
گلۆبالیزاسیۆن و "ده‌وڵه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌"
سەلاح بایەزیدى
چیبکرێ تاوا لە پارتی بکرێ ببێ بە پارتێکی سیاسی مرۆڤدۆست؟
ئازاد حمە
رامانێکی فەلسەفی دەربارەی "نەبوون"..
شامیر مولان
شكست هێنانی ئه‌مریكا
له‌(ئه‌فسانه‌ی جه‌نگی دژه‌ تیرۆردا)!
یاسین له‌تیف
ژمارە 31‌و فۆرمی 31ی ئاب وەك یەكەیەكی فەرهەنگی زمانی كوردی
د. تریفە عومەر
بێدەنگی هەولێر: تەنگژەی شوناسی هەولێریی
شێرکۆ کرمانج
نارەزاییەکان لە دەستێوەردانی حکومەت
جۆن ستیوارت میڵ
رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش..
خوێندنەوەییەكی سۆسیۆمێژوویی
ئیبراهیم حاجی زەڵمی
لە سەلەفییەتی دەقەوە بۆ سەلەفییەتی جیهادی
حەبیب محەممەد دەروێش
لە بارەی داعش و بونیادگەرایییەوە
ئایندەی سەلەفیگەری پەڕگیر
ن. سەید سادق حەقیقەت
و. هەڵكەوت هەورامی
رات چییه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م سایته‌؟



ژماره   بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
govari koch| All rights reserved © 2010