www.govarikoch.com
كێشه‌ی كه‌مینه‌كان له‌ نیشتمانی عه‌ره‌بی
نووسینی: محه‌مه‌د مێرگه‌سۆری

نیشمانی عه‌ره‌بی، وه‌ك پێگه‌یه‌كی جوگرافی و سیاسی، هه‌ر له‌دوای رووخانی ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی ‌و شاڵاوی داگیركاری ئه‌وروپیه‌كان هه‌میشه‌ و به‌رده‌وام، به‌ده‌ست چه‌ندین كێشه‌ ‌و گرفتی ئه‌وتۆی ناڵاندووه‌ كه‌ به‌رده‌وام سیمای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ و داپلۆسین به‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری سیسته‌م ‌و ده‌سه‌ڵاتداران ‌و حكومه‌ته‌كانی نیشتمانی عه‌ره‌بییه‌وه‌ دیاربووه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه‌ كه‌مینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ‌و ئایینی ‌و تائیفی به‌شێكی پێكهاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی ‌و سیاسی ‌و ئابوورییه‌كه‌ی بوون.
سه‌رباری كێشه‌ ‌و گرفتی ئایینی و سیاسی و ناسنامه‌ و نه‌بوونی دیموكراسی و هتد.. گه‌وره‌ترین ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییانه‌ی كه‌ هه‌میشه‌ هه‌موو وڵاتانی نیشتمانی عه‌ره‌بی، چ ئه‌وانه‌ به‌شێكی دیاری پێكهاته‌ی ئایینی و نه‌ته‌وایه‌تی و فره‌ئایین ‌و نه‌ته‌وه‌یی یان ئه‌وانه‌ی كه‌متر له‌ چه‌ند پێكهاته‌یه‌كی سه‌رده‌ست و ده‌سه‌ڵاتداریان تێدایه‌، ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ به‌ده‌ست ئه‌و كه‌مینانه‌ ده‌ناڵێنن. زۆرجاریش هه‌ر ئه‌و كه‌مینانه‌، به‌هۆی چه‌ند هۆكار ‌و بارودۆخێكی سیاسی و ئابووری و یاخیبوون و كۆده‌تاوه‌، رووبه‌ڕووی هه‌موو جۆره‌ چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ك و هه‌ره‌شه‌ و له‌ناوچوونێك بوونه‌ته‌وه‌.
بۆیه‌ ئێستاش به‌شێكی زۆری تانوپۆی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵگای نیشتمانی عه‌ره‌بی، جگه‌ له‌ فره‌ڕه‌نگی زمان ‌و نه‌ته‌وه‌ی غه‌یره‌ عه‌ره‌ب به‌ هه‌ردوو لای (مشرق ـ مغرب)یه‌وه‌، فره‌ پێكهاته‌یه‌كی ئایینی و تائیفی و نه‌ته‌وایه‌تی، ئه‌وتۆ به‌ هێلكارییه‌كانی ئه‌و پێگه‌ جوگرافی و سیاسییه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ و تێكه‌لكێشبووه‌، كه‌ نه‌ك ئه‌مڕۆ به‌شێكی ده‌رئه‌نجامه‌كانی ده‌رده‌كه‌ون، به‌ڵكو له‌ رابردووش چه‌ند بۆنه‌ و له‌كاتی جودادا له‌سه‌ر شانۆ ‌و مه‌یدانی رووداوه‌ گه‌رمه‌كانی نیشتمانی عه‌ره‌بی و ناوچه‌ی رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست خۆیان نمایشكردووه‌ و دووباره‌بوونه‌ته‌وه‌. له‌وانه‌ پێكهاته‌ی نه‌ته‌وایه‌تی (كورد) له‌ عێراق نموونه‌ و راستییه‌كی دیار ‌و دروستی ئه‌و واقعه‌یه‌ بێت ‌و ناكرێ‌ نكۆڵی لـێبكرێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر كورد كه‌مینه‌ پێكهاته‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ریه‌كێك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی (عێراق، ئێران، سوریا، توركیا) بێت، به‌ڵام له‌ڕووی چه‌ندین فاكته‌ر و ره‌هه‌ندی جوداوه‌، چه‌ندین پێوه‌ر و پێودانگی یاسای و نێوده‌وڵه‌تی و مێژوویی ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ میلله‌تێكی له‌ مێژووینه‌ و خاوه‌ن كلتور ‌و خاسیه‌ته‌كانی نه‌ته‌وایه‌تی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌ و هیچ یه‌كێك له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ بێبه‌ش نییه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌كانی جیهانی پێده‌ناسرێ‌، له‌وانه‌ (زمان، خاك، ئایین.. هتد)، به‌ڵام هه‌ندێ‌ كه‌مینه‌نه‌ته‌وایه‌تی و ئایینیتر، له‌ نیشتمانی عه‌ره‌ب ئه‌و هه‌رێمه‌ بوونیان هه‌یه‌ كه‌ به‌هۆی چه‌ندین هۆكاره‌وه‌، هه‌ست به‌ بوون ‌و ناسنامه‌ی خۆیان ناكه‌ن كه‌ له‌وانه‌یه‌ گرنگترین ئه‌و فاكته‌رانه‌ش نه‌بوونی دیموكراسی و هه‌ستكردن ‌و ئاشنایه‌تینه‌بوونی تاكی ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ به‌ چه‌مكی (هاوڵاتیبوون ‌و یه‌كسانی و عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی) كه‌ ئه‌وه‌ش بنه‌ما ‌و پایه‌ی سه‌ره‌كی بیناكردنی هه‌ر چه‌شنه‌ كۆمه‌ڵگایه‌كن.

كه‌مینه‌ minority چییه‌؟
پێناسه‌ و ئاشناكردنی ئه‌م چه‌مكه‌ (اقلیه‌) به‌ كۆمه‌ڵێك مرۆڤ له‌نێو پانتاییه‌كی جوگرافی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێمێك یان ده‌وڵه‌ت ‌و وڵاتێك له‌وانه‌یه‌ پێناسه‌یه‌ك و ناسینێك زیاتر هه‌ڵبگرێ‌ كه‌ هه‌ریه‌كێك له‌وانه‌ له‌ جه‌وهه‌ر ‌و ناوه‌خنی خۆی، چه‌ند ره‌هه‌ندی جیدی و هه‌ڵبگرێ‌ له‌و هه‌موو پێناسه‌ و ناسینه‌كانیتر نزیك و هاومانا بێت.
له‌ فه‌رهه‌نگی سیاسی هاتووه‌" ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ كه‌سه‌یه‌ن كه‌ زیاتر له‌ یه‌ك تایبه‌تمه‌ندی خۆیان له‌ڕووی كلتوری و رۆشنبیری یان چه‌ند به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی هاوبه‌ش رێكخستوون ‌و پێكهاتوون به‌هۆی كارلێكردنی تاكه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵانه‌ له‌گه‌ڵا یه‌ك به‌هۆی هۆشیاری هه‌مه‌لایه‌نه‌ و ده‌ركه‌وتنی جودایه‌ هه‌مه‌ لایه‌كانیان له‌گه‌ڵا ئه‌وانیتر، به‌هۆی جودایكردنی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری له‌گه‌ڵا ئه‌وانیتر جیاده‌كرێنه‌وه‌".
رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان وه‌ك، گه‌وره‌ترین رێكخراوی جیهانی، چه‌ند پێناسه‌ و پێوه‌ر ‌و بنه‌مایه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ بۆ كه‌مینه‌ و پۆلێنكردنی نه‌ته‌وه‌ و ئایینه‌كانی جیهانی كه‌ له‌ڕێی چه‌ندین راگه‌یه‌ندرا‌و و رێككه‌وتننامه‌ و په‌یماننامه‌ و بریارێكی یاسایی و تایبه‌تی به‌خۆی دیاریكردوون كه‌ خانه‌ی (كه‌مینه‌ ـ زۆرینه‌)ی داناوان له‌ گرنگترین ئه‌و پێوانه‌سازییانه‌ی بۆ كه‌مینه‌ی داناون:
یه‌كه‌م: پێوانه‌سازی دینامیكی گۆراو: ئه‌م پێوه‌رسازییه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌مافه‌كانی یه‌كسانی و به‌شداری هه‌مه‌لایه‌نی هاوڵاتی و تاكی هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك. ئه‌وانه‌ش هه‌ردووكیان بنه‌مای (هاووڵاتیبوون)ن به‌مه‌ش پێناسه‌ی كه‌مینه‌ی پێوه‌ر به‌ستراوه‌، هه‌ركاتێك پایه‌كانی له‌ مافه‌ سه‌رتاییه‌كانی هاوڵاتیبوونی كۆمه‌ڵێك كه‌س له‌ هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك كه‌مكرایه‌وه‌ و كه‌مبوویه‌وه‌ ئه‌وا به‌وكه‌سانه‌ ده‌وترێت (كه‌مینه‌) لێره‌دا زۆرێك له‌ توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌بنه‌ كه‌مینه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی پشتی به‌ ژماره‌ و داتا نه‌به‌ستووه‌، به‌ڵكو پشتی به‌ شێوه‌ و شێوازی مافه‌كان به‌ستووه‌. به‌مه‌ش ده‌كری، گروپێكی بچووك و ژماره‌كه‌م، باڵاده‌ست ‌و حوكمڕان بێت به‌سه‌ر زۆرینه‌. وه‌ك كه‌مینه‌ی (سپیپێست) له‌ باشووری ئه‌فریقیا یان وه‌ك باڵاده‌ستیی كه‌مینه‌ی سوننی مه‌زهه‌ب له‌ عێراقدا له‌ سه‌رده‌می حوكمڕانی سه‌دام حوسێن یان باڵاده‌ستیی كه‌مینه‌ی عه‌له‌وییه‌كان له‌ سوریا كه‌ هه‌تا ئێستاش به‌رده‌وامه‌.

دووه‌م: پێوه‌رسازیی جێگیر: ئه‌م په‌یوه‌سته‌ به‌و تایبه‌تمه‌ند ‌و بنه‌ما دیار ‌و ئاشكرایانه‌ی گروپ ‌و كۆمه‌ڵێكی دیاریكراو له‌ڕووی ژماره‌وه‌ كه‌من. ئیتر ئه‌و جوداییه‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌ به‌هۆی نه‌ته‌وه‌، نه‌ژاد، ئایین، زمان، ره‌نگی پێست ‌و كلتوره‌وه‌ بێت، به‌ڵام هه‌ندێ‌ پێوه‌دانگیتر هه‌ن كه‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ری رێكه‌وتبوون ‌و بوونه‌ته‌ بنه‌مای سه‌ره‌كی ناساندنی (كه‌مینه‌كان) له‌وانه‌:

1. ژماره‌
وه‌ك له‌ خودی چه‌مكی (كه‌مینه‌) ده‌رده‌كه‌وێ‌، ئه‌وا كه‌می ژماره‌ی گه‌ل ‌ومیلله‌ت ‌و ئایین ‌و هه‌ر تائیفه‌ییه‌كی دیاریكراو كه‌متربێت. له‌ناو ژماره‌یه‌كی زۆری گه‌ل ‌و میلله‌تێكی یان ئایین ‌و تائیفیه‌كیتر بژی و بوونی هه‌بێ‌، ئه‌وا به‌ (كه‌مینه‌) ئه‌ژمارده‌كرێن، به‌ڵام پێویسته‌ لێره‌دا ئه‌و ژماریه‌ وه‌ك خاڵێكی لاواز ‌و كه‌می خودی ئه‌و كه‌مینه‌ لێكنه‌درێته‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵا ئه‌وه‌شدا ئه‌و كه‌مینه‌یه‌ ئه‌رك و مافی به‌پێی ژماره‌ی بوون ‌و قه‌باره‌ی ناو چوارچێوه‌یه‌كی دیاركراوی جوگرافی سیاسی و دیموگرافی و پانتایی سیاسی هه‌ر سیسته‌م ‌و ده‌سه‌ڵاتێك دیاریكراوه‌. له‌لایه‌كیتر، كه‌می ژماره‌ و بوونی كه‌مینه‌یه‌ك له‌ناو هه‌ر چوارچێوه‌یه‌كی سیاسی و هه‌ر ده‌وڵه‌تێك به‌پێی چه‌ند تایبه‌تمه‌ندێكی باوه‌ڕپێكراو له‌ بوونیادی هه‌ر كه‌مینه‌یه‌ك، رۆلێكی گرنگ ده‌گێڕێ‌. له‌وانه‌ كه‌مینه‌ی یه‌هودی و جووله‌كه‌كان، وه‌ك گه‌ل ‌و ئایینێك له‌ هه‌ندێ‌ سه‌رده‌م ‌و ئێستاش له‌ هه‌ندێ‌ وڵات ‌و ده‌وڵه‌ت ‌و هه‌رێمی جیاجیادا، به‌هۆی چه‌ند بنه‌مایه‌كی تایبه‌ت به‌خۆیان ‌و تایبه‌تمه‌ندێكی بوونیادی خۆیان، رۆل ‌و كاریگه‌رییه‌كانیان له‌ زۆرینه‌ی خودی ئه‌و پێكهاته‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و به‌تایبه‌تی ئابووری، ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ زیاتربێت. ئه‌وان به‌شێكی بچووك یان كه‌می پێكهاته‌یه‌كی خودی ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ن.
بوونی كه‌مینه‌ له‌هه‌ر هه‌رێم ‌و قه‌واره‌یكی سیاسی، نابێ‌ ونكرێ‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك بچه‌وسێته‌وه‌ و یاخود په‌راوێزبخرێن ‌و جوادییان له‌به‌رامبه‌ر بكرێ‌.
ده‌بێ‌ هه‌موو هاوڵاتی و تاكی هه‌ر كه‌مینییه‌ك وه‌ك هه‌موو هاوڵاتی و تاكی هه‌ریه‌كێك له‌ پێكهاته‌ و كۆمه‌ڵگایی زۆرینه‌ هه‌لسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵدا بكرێ‌ ‌و مافیان پارێزراوبێت ره‌فتارێكی نائاسایی و ده‌ستوورییان له‌به‌رامبه‌ردا نه‌كرێ‌.

2. دووربوونیان له‌ داپلۆسین ‌و سه‌پاندن
نابی كه‌مینه‌كان سه‌ركوتبكرێن ‌و هیچ گوشار ‌و مه‌رجێكی هه‌یمه‌نه‌داریان به‌سه‌ردا بسه‌پێنری، به‌ڵكو ده‌بی چاودێری و پارێزگاریانبكرێ‌، چونكه‌ ئه‌گه‌ر چه‌نده‌ كه‌مبێت ده‌كرێ‌ رۆڵێكی كاریگه‌ر له‌ دروستكردنی ئاژاوه‌ و نائارامی و تێكدانی ئاسایشی هه‌ر وڵاتێك و ده‌وڵه‌ت ‌و سیسته‌مێك بگێرن ‌و ببنه‌ فاكته‌ری ناسه‌قامگیری سیاسی و ئابووری و ته‌نانه‌ت كۆمه‌لایه‌تیش.
زۆرجار به‌هۆی هه‌یمه‌نه‌ و باڵاده‌ستی ئایین ‌و نه‌ته‌وه‌ و تائیفێك، ژیان ‌و بارودۆخی كه‌مینه‌یه‌كی دیاركراو دێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ لێكردن ‌و مافیان پێشێلده‌كرێ‌ ‌و هه‌موو جۆره‌ نایه‌كسانی ‌و ناعه‌داله‌تێكیان له‌به‌رامبه‌ردا ده‌كرێ‌. ده‌بی هاوڵاتیان چ زۆرینه‌ یان كه‌مینه‌، وه‌كیه‌ك هه‌ست به‌ ماف ‌و پاراستنی مافه‌كانیان بكه‌ن.

3. بوونی هه‌ڵوێستی فه‌ردی و تاك
تاكی كه‌مینه‌كان ده‌بێ‌ له‌ دوو كه‌ناڵه‌وه‌ گوزارشت له‌ ناسنامه‌ و شوناسی خۆیان بكه‌ن:
یه‌كه‌م: به‌شداری چالاكانه‌ و كارایانه‌ی ده‌سته‌جه‌معی و هاوگروپی له‌ پاراستنی بنه‌ما ‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ نه‌ته‌وه‌یی نیشتمانییه‌كانی خۆی بكات.
دووه‌م: گوزراشتكردن له‌ ناسنامه‌كه‌ی وه‌ك موماره‌سه‌كردنی ئینتیمابوونی بۆ كه‌مینه‌یه‌ك و پاڵپشتیكردنی، چونكه‌ هه‌ندێ‌ له‌ تاك و ئه‌ندامانی كه‌مینه‌ تێكه‌ڵاوی زۆرینه‌ ده‌بن ‌و هه‌ندێكیشیان ده‌یانه‌وێ‌ مافی خۆبه‌ڕێوه‌بردن ‌و سه‌ربه‌خۆبوونیان ده‌وێ‌ وه‌ك تێكه‌ڵاوبوونی تائیفه‌ی (دورزی) له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م پێكهاته‌ ئایینی و نه‌ته‌وه‌یه‌كانی لوبنان كه‌ به‌ ره‌چه‌له‌ك عه‌ره‌ب و ئیسلام نین.

ژماره‌ و قه‌باره‌ی كه‌مینه‌كان له‌ هه‌ندێ‌ وڵاتی عه‌ره‌بی
ئه‌م خشته‌یه‌ی خواره‌وه‌ ناوی وڵات ‌و رێژه‌ی هه‌ریه‌كێك له‌ پێكهاته‌ كه‌مینه‌ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی و تائیفییه‌كانی پۆلێنكراون و خراونه‌ته‌ڕوو، ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی خێراش بڕوانینه‌ ئه‌و خشته‌ بۆمانده‌رده‌كه‌وێ‌ كه‌ هه‌ندێ‌ له‌و وڵاتانه‌ زیاتر له‌ نه‌ته‌وه‌ وئایین و مه‌زهه‌ب و تائیفه‌یه‌كیان تێدایه‌(1)
ناوی وڵات نه‌ته‌وه‌ و میلله‌ت ئایین ‌و مه‌زهه‌ب رێژه‌كه‌یان
1. عێراق عه‌ره‌ب
توركمان
ئێرانییه‌كان
مه‌سیحی غه‌یره‌ عه‌ره‌ب زۆربه‌یان رۆم ‌و ئه‌رسۆدۆكسی و رۆمی كاسۆلیكن 

سائیبه‌ی مه‌ندائی 18%
2%
1.5%
كه‌متر له‌1%

3%
2. سوریا 
كورد
مه‌سیحی غه‌یره‌ عه‌ره‌ب
ترك
شه‌ركه‌سی عه‌له‌وی

ئسماعیلییه‌كان(شیعه‌)
 10%
4%
7%
3%
1%
4%
3. ئوردون شه‌ركه‌س
ئه‌رمه‌ن
توركمان
كورد  1.6%
0.5%
0.12%
1.5%
4. لوبنان دروز
عه‌له‌وی (تائیفه‌یه‌كی شیعه‌)
مه‌سیحی عه‌ره‌ب(2)
مه‌سیحی غه‌یره‌ عه‌ره‌ب(3)
كورد
تورك  6%
1%
33%

5%
1%
كه‌متر له‌1%
5. میسر بیجا ‌و به‌شێك (به‌شاری
به‌ربه‌ر (سیوسون)
ئه‌فریقی و قه‌ره‌ج
قیبتی  2%
0.5%
0.5%
2%
6. سودان بیجا
هوسا
نه‌به‌دییه‌كان
فۆر
میلله‌تانی بیابان
خێله‌كانی نیل ‌و نیمچه‌ دورگه‌ی نیل
وه‌سه‌نییه‌كان (غه‌یره‌ عه‌ره‌ب)
مه‌سیحی  9%
6%
4%
3%
2%
4%
25%
5%
7. جه‌زائیر به‌ربه‌ری سنه‌ (گرنگترینان شاوی و قه‌باتیله‌كان ‌و شه‌لوح
ئه‌بازییه‌كان"فرابیه‌كان، هه‌ر له‌ به‌ربه‌رییه‌كانن.
ته‌واریق (به‌ربه‌ری سوننه‌ی كۆچه‌ری
مه‌سیحییه‌ به‌ره‌به‌ركان (ده‌كه‌ونه‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی قه‌بائیل)
مه‌سیحی عه‌ره‌ب  26%

1%

0.5%

1%
1%

8. مه‌غریب به‌ربه‌ر
ته‌وارق (به‌ربه‌ری كۆچه‌ری)
ئه‌فریقییه‌كان (زنج)
ئه‌وروپییه‌كان (زۆربه‌یان مه‌سیحین)  36%
1%

1%
0.2%
9. مۆریتانیا مه‌ولودییه‌كان (عه‌ره‌ب ‌و به‌ربه‌رن)
ئه‌فریقییه‌كان (زنج)
به‌ربه‌ره‌كان (هه‌ندێكیان ته‌وارقن)  1%
0.40%
20%

په‌راوێز:
1. له‌ رۆژنامه‌ی الشرق الاوسگ ژماره‌ 9635 ساڵی 2006 وه‌رگیراوه‌
2. مه‌سیحی مارۆنی ‌و ئه‌رسه‌دۆكسی ‌و كاسۆلیك ‌و به‌شێكی كه‌می پرۆتسانت ده‌گرێته‌وه‌
3. مه‌سیحییه‌كانی میلله‌تی ئه‌رمه‌ن ‌و سریان ‌و لاتین ‌و قیبتییه‌كان ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ زۆربه‌یان له‌ هه‌مان مه‌زهه‌كانی عه‌ره‌به‌كان

سه‌رچاوه‌كان:
1- ریاچ نجیب الریس، العرب وجیرانهم - اڵاقلیات القومیه‌ فی الوگن العربی، دار الریس، لندن،2007.
2- حیدر ابراهیم علی "أزمه‌ اڵاقلیات فی الوگن العربی"، دار الفكر المعاصر، گ1، 2002.

Friday, November 16, 2012
 Print