دیسانەوە دژ بە بەرگریی لە بەعس:
وەڵامێکی درێژتر بۆ "حاکم لەتیفەکان"
د.نیاز نەجمەدین

دوێنێ نوسیم حاکم لەتیف هەڵەیە کاتێک ئەڵێت "لە سەردەمی بەعسدا فەرحان بوین و برسیی نەبوین و بەس کێشەی ئازادییمان هەبووە". یەک دونیا بەرگریی لەم بۆچونە دەکرێت. جا من بەس موناقەشەی ئەم قسەیەی ئەکەم.
یەکەم: لە (1968 تا 1973) داهاتی تاکە کەس ساڵانە 350 دۆلارێک بووە. واتە زۆر نزم بووە. ئەمە پێنج ساڵ.
دووەم: لەگەڵ خۆماڵییکردنی کۆمپانیای نەوتی عێراق(IPC) لە 1972 و بەرزبونەوەی نرخی نەوت لە کۆتایی 1973دا، داهاتی نەوتی حکومەتی بۆ 8.2 ملیارد دۆلار لە 1975دا بەرزکردەوە پاش ئەوەی یەک ملیارد بوو لە 1972دا. نرخی نەوت و نزمی ژمارەی دانیشتوان (کە لە 1980دا کەمتر بوو لە 14 ملیۆن) وايانكرد داهاتی تاکەکەس بەرزببێتەوە بۆ هەزار دۆلار ساڵانە لە 1974دا و چوار هەزار دۆلار لە 1980دا، بەڵام هەر لەم ساڵەدا دەکەوێتە جەنگەوە.
لە 1984 بەدواوە دۆخی ئابوریی خراپتردەبێت، لە 1993 (دوای جەنگی کەنداو کە هەزارانی تر کوژران!)، ئاستی داهات دادەبەزێتەوە بۆ ساڵەکانی شەستەکان، تەنیا لە 2010 دەگاتەوە ئاستی 1980. یانی نزیکەی 1977-1978 بۆ 1983-84 بژێویی کەمێک باش بووە. ئیتر شادیی چیی و ئەمە چییە پۆزی پێوە لێبدرێت؟
سێیەم: بەرزبونەوەی داهات وایکرد حکومەت ژێرخانی ئابوریی بەهێزبکات، هەندێک لە سێکتەرەکان بوژانەوەیان بە خۆیانەوە بینی و باری تەندروستیی و خوێندن باشتربون. بەڵام کاتێک داهاتی نەوت لە 26.3 ملیارد دۆلار لە 1980 دابەزی بۆ 7.8 ملیارد دۆلار لە 1983دا، چیتر ئەم خەرجییانە بەردەوام نەبون. عێراقی قەرزدەر وەرگەڕا بۆ قەرزکەر. لە کۆتایی جەنگی عێراق-ئێراندا، عێراق 35 ملیارد دۆلاری حکومەت و بانکەکانی رۆژئاوا، 11 ملیارد دۆلاری یەکێتی سۆڤێتی جاران و ئەوروپای رۆژهەڵات و 40 ملیارد دۆلاری وڵاتانی عەرەبیی قەرزدار بوو، بەم قەرزانە نرخی شمەکی هەرزانکردبوو (واتە سیاسەتی دەعمی نرخی دانابوو)، کە لە کۆتایی جەنگی ئێراندا ئەمەش بڕا.
چوارەم: بەرای ئابوریناسی عێراقیی عیسام خەفاجیی، بەعس هەتا 1980 خەریکی "ئامادەکردنی خەڵک بۆ جەنگ" بووە و دواتر لەڕێی "شەڕنانەوەوە" شەرعیەتی بۆ رژێمەکەی خۆی دروستکردووە و یەکێک لە درێژترین جەنگەکانی سەدەی بیستی کردووە (هەشت ساڵ). یەکێکیش لە میکانیزمەکان ئەوە بووە شمەک هەرزان بێت و موچە بدات. بەعس کەلتوری سیاسیی عێراقییەکانی شێواند، بەعس سەرکردایەتی کوردی لای خەڵکەکەی پیرۆزکرد، و سەرمایەی مرۆیی تەفروتونا کرد (بڕوانە دوو خاڵی دواتر).
پيَنجەم: لە 1977دا، نزیکەی 262 هەزار کەس سەرباز بون، واتە 8.7%ی هێزی کار. بەڵام لە 1988دا، دەوڵەت خاوەنی یەک ملیۆن سەرباز بوو، کە دەیکردە نزیکەی لە 21%ی هێزی کار لە عێراقدا. لەنێوان 1980 بۆ 1989، بڕی 63 ملیارد دۆلار لەسەر خەرجیی بەرگریی بەکارهێنراوە. لەلایەن کامەران موفیدەوە، تێچووی جەنگی عێراق-ئێران بە 452.6 ملیارد دۆلار خەمڵێنراوە، کە دەکاتە لە 112%ی کۆی داهاتی نیشتمانیی عێراق لەنێوان 1980-1988دا. لەمانەش زیاتر، لە کۆتایی هەشتاکاندا بەعس نزیکەی 250 هەزار سیخوڕی هەبوو. جا بیربکەرەوە و بزانە چیی لە بەشەر کردووە.
شەشەم: عیسام خەفاجیی زۆر جوان باسی دۆخی ژن دەکات و رونی دەکاتەوە کە بەعس کەلتوری خێڵەکیی و ناساندنی ژن وەک رەمزی شەرەف زیندوکردەوە، بانگەوازی ئەوەی دەکرد گوایە ئێران دەگات و ناموستان(ژن و کچ و دایک) دەتکێنێت و پێویستە شەڕبکەن تا شەرەفی عێراقییەکان بپارێزن. پیاو کرا بوو بە رەمزی پاڵەوانێتیی و ژن سیمبولی بێدەستەڵاتیی. جەنگاوەران هاندەدران شەرەفی هاوڕێ شەهیدەکانیان بپارێزن بەوەی هاوسەرەکانیان بخوازن گوایە نەکا توشی لەشفرۆشتن ببن، هەروەها تا منداڵی نوێش بۆ جەنگ دروستبکەن. بەعس ئیسلامی توندڕەویشی بەکاردەهێنا بۆ جەنگ و زیندوی کردەوە. دەتوانم ئەوەش زیاد بکەم کە ژن وەک پاداشت بە جەنگاوەران دەبەخشرا، بەرپرسەکان ژنیان وەک بەشێک لە کاڵای حەوانەوە و خۆشیی سەیردەکرد.(هەر ئەم سەیرکردنە وەک کاڵای حەوانەوەیەیە ژن دەبێت تێکیبشکێنێت). هەق بڵێ، بەپێی ئاستی خۆشەویستییت بۆ کەسەکە یان رقت لە نەیارەکەت بیرمەکەرەوە. تۆ هەرچی بە دەستەڵاتدارانی کورد دەڵێیت هەقتە، بەس تێکەڵی مەکە لەگەڵ مێژووی خوێن و ئەشکەنجەدانی حزبێک کە هەنگاوەکانی بۆ گەشەی ئابوریی و گەشەسەندن زۆر کورت بون و هەر خۆی زۆرینەیانی لەناوبرد. پرسیارەکە ئەوەیە سەددام بۆ ئەوەندە دڕندە بوو؟ هەمووی خەتای خۆی بوو؟ ئەمەیان باسێکی قوڵە و کتێبی (The wages of Destruction)ی (Adam Tooze) بە قسەکردن لەسەر هیتلەر تیشکێک دەخاتە سەر ئەو باسە.
تێبینیی: بەشێک لە باسەکە چەند بڕگەیەکە لە کتێبێکی نوێم بەناوی "کێ چارەنوس دیاریی دەکات؟" و لە ئایندەدا بڵاودەبێتەوە.
ئەم نووسینە لە فەیسبوکی بەڕێز د. نیاز وەرگیراوە..
478 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌       |     Tuesday, June 12, 2018
زیاتر
رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش..
خوێندنەوەییەكی سۆسیۆمێژوویی
ئیبراهیم حاجی زەڵمی
لە سەلەفییەتی دەقەوە بۆ سەلەفییەتی جیهادی
حەبیب محەممەد دەروێش
لە بارەی داعش و بونیادگەرایییەوە
ئایندەی سەلەفیگەری پەڕگیر
ن. سەید سادق حەقیقەت
و. هەڵكەوت هەورامی
رات چییه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م سایته‌؟



ژماره   بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
govari koch| All rights reserved © 2010