www.govarikoch.com
عیراق دوای ساڵێك لە شەڕی داعش
بورهان شێخ ڕەئوف‌
ئەگەرچی مێژووی كۆن و نوێی عیراق خوێنی لێدەچۆڕێت و شەڕو كوشتار لەگەڵ تەمەنیدا هاوتەریبن و ڕووبەرێكی فراوانی لە دیرۆكەكەی داگیركردووە و لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا عیراق لە شەڕی نیمچە بەردەوامدا بووە هەر لە شەڕو شۆڕشەكانی كوردستانەوە لە ساڵی 1961 -1975ەوە دواترلە ساڵی 1975شۆڕشی نوێش تێكەڵاو بە شەڕی هەشت ساڵەی عیراق _ئێران 1980 -1988 بوو داگیركردنی كوەیت 1990 -1991 و پرۆسەی ئازادی یان داگیركردنی عیراق لە لایەن ئەمریكاوە 2003 – 2011 دوا شەڕیش جگە لە شەڕی ناوخۆی تائیفی سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق وشام (داعشە)لە ساڵی 2014-2017 .
هەرچەندە ڕۆژی 10/12/2018 حكومەتی عیراق كردی بە پشوو ی فەرمی و ئاهەنگ گێڕان بە بۆنەی ساڵڕۆژی سەركەوتن بە سەر دەوڵەتی ئیسلامیدا بەڵام لە سەر ئاستی جەماوەری و شەقام بە دڵەڕاوكێ‌ و نیگەرانییەكی زۆرەوە تەنانەت بە دەربڕینی جۆرێك لە ناڕەزایەتیش پێشوازی لێكرا چونكە ئەگەرچی پایتەختەكەی دەوڵەتەكەی داعش كەوت و ڕزگاركرا بەڵام گروپ و تاقمە تیرۆریستەكانی دەوڵەتی ئیسلامی گەڕانەوە پەناگەو لانەكانیان لە ناو بیابانەكانی خۆرئاوای عیراق دەیەها شوێنی تریش خۆیان مەڵاس داوەو هەركات بخوازن پەلاماری لەناكاو ی هێزەكانی سوپاو ئاسایشی عیراق دەدەن ئەمە لەكورت مەودادا و لە ڕووی تاكتیكەوە , بۆ دوورمەوداو لایەنی ستراتیجیش هەموو ئەو فاكتەرانەی كە هاوكار بوون بۆ سەرهەڵدانی ڕەوتی توندئاژۆی داعش ئەگەر بۆ ماوەیەكی كورت و كاتی كزو لاواز بووبن ئەوا ئێستاش واخەریكی سەرلەنوێ‌ ئەو فاكتەرانە گەشە دەكەن و دنەدەدرێن بۆ ئەوەی سەرلەنوێ‌ لاپەڕەیەكی تری توندوتیژی ململانێ‌ ی سەخت و خوێناوی لە عیراقدا دەست پێبكەنەوە .
دیارترینی ئەو فاكتەرانە:
1.خراپی و نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتایی و پێویستەكان بۆ ژیانی خەڵك
2.نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بۆسەر ماڵ و موڵكی خۆیان و ڕێگری كردن لێیان لە لایەن میلیشیاتەكانەوە.
3.ململانێی و ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسیەكان بە تایبەتی نێو ماڵی شیعە لەسەر پۆست و ئیمتیازات ئەوەی تائێستا ناتوانن هەشت وەزارەتی حكومەت پڕبكەنەوە باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوە.
4.نا ئارامی و ناسەقامگیری سیاسی و نەبوونی دیدو بۆچوونێكی سیاسی ڕوون و دروست بۆ بە ڕێوەبردنی وڵات .
5.هەوڵدانی لایەن و پێكهاتەیەك بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر پێكهاتەكانی تری عیراقدا .
6.دەستوەردانی وڵاتانی دراوسێی ئیقلیمی لە كاروباری ناوخۆی عیراق و هەوڵدان بۆ یەكلایی كردنەوەی ناكۆكی و ململانێكانیان لەسەر خاكی عیراق .
7.گەندەڵی دارایی لە زۆرێك لە جەمگە گرنگەكانی دەوڵەتدا .
لەبەرهەموو ئەو فاكتەرانە سەركەوتنی ڕاستەقینە و یەكجارەكی بۆ گەلی عیراق بە هەموو پێكهاتەكانیەوەو ئاهەنگ گێڕان لەو یادەدا كاتێك دڵی خەڵك خۆش دەكات كە پەتای كوشندەی گەندەڵی كە لە تیرۆر مەترسیدارترە بنبڕ بكرێت و سەرە گەورەكانی ڕابكێشرێنە بەردەم دادگاكان و پارووی دزراوی دەمی هەژارانی ئەم وڵاتە لە قوڕگیان دەربهێنرێت و خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری بە هەموو سێكتەرەكانی و ئاسایش و دادپەروەر و یەكسانی و مافی هەموو پێكهاتەكان فەراهەم بكرێت و زەمینەسازی بكرێت جێبەجێ‌ كردنی دەستوورو ڕەخساندنی ژینگەی لەبار بۆ ئەوەی گەرای تیرۆر بە هەموو جۆرەكانیەوە بنەبڕ بكرێت و گەشە و نەشوونما نەكات .
بە پێچەوانەوە ئێستا دوای ساڵێك لە سەركەوتن بەسەر داعشدا لە ڕووی مەیدانیەوە و زۆرێك لە هێزە سیاسیەكانی عیراق سەرگەرمی مشتومڕی بێ سوود و ململانێی نابەجێن لسەر پۆست و پایە وخۆدزینەوە لە كارو ئەركە لە پێشینەكان كە ئاوەدانكردنەوەی ناوچە وێران بووەكانی شەڕی تیرۆر و داعشە گەڕانەوەی خەڵكە كەیەتی .
لە كۆتاییدا ئەگەر ئەم هێزە سیاسیانەی ئێستای عیراق بەتایبەتی حزبە دینی و تائیفیەكان كە لە پازدە ساڵی ڕابردوودا شكستیان هێناوە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا بە تایبەتی ئەمە بە ڕوونی لە خۆپیشاندانەكانی ئەم دواییەی شارەكانی بەسرەو باشووری عیراقدا بەدەركەوت بە خۆیاندا نەچنەوەو گوێ‌ بۆ ئێش و ئازارەكانی خەڵكی عیراق نەگرن بێگومان دەبێت چاوەڕوانی كاردانەوەی توندی خەڵكی بەش مەینەتی عیراق بن و چاوەڕوانی سەرهەڵدانی ڕەوت و جوڵانەوەی توندوتیژتربن لە قاعیدەو داعش .
Wednesday, December 12, 2018
 Print