www.govarikoch.com
چەمکی ئازادی لە هزری حوکمڕانی کوردیدا
سیروان مەحمود
پاش تێپەربوونی ماوەیەکی زۆر بەسەر تاقیکردنەوەی حوکمڕانی کورد لە باشوری کوردستاندا ، دەبینین ئەم حوکمڕانییە پڕە بە کەلێن و کەموکوڕی جۆراو جۆر و هاوکات مافی ئازادیەکانی تاك و کۆمەڵ لەسایەیدا شێوێندراوە و لە بەها ڕاستەقینەکەی بەتاڵکراوەتەوە، مۆدیلی حوکمڕانی کورد لەم پارچەیەدا و لە پاش ڕزگار بوونی لە چنگی دەسەڵاتی داگیرکەر و ڕەفتارەکانی، دەبوایە نموونەیەکی پڕ بەهای مافە ئازادی و دیموکراسیەکان بوایە، مۆدیلێکی دووبارە بوایە بۆ میللەتانی تینوی ئازادی، بەڵام لە زۆر ڕووەوە پێچەوانەکەی ڕاستە.
حوکمڕانیی ئەمڕۆی هەرێمان بە هەمو پێوەرێك ولە زۆربەی بوارەکاندا لە پۆلینی شکستخواردوەکاندایە، ئەگەر چی لە هەندێ بواردا کارەکانی ئەرێنی بووە، بەڵام ناگاتە ئاستی لایەنی کەمی ویستی گەلی کورد کە بەر لەهەر داخوازیەك ئەوا تینوی بەدیهێنانی ئازادی تاك و کۆمەڵەکەیەتی، ئەو ئازادییەی کە لە فەرهەنگی دەسەڵاتی حوکمڕانی کوردا مانایەکی دیکەی پێ بەخشراوە و کراوەتە بابەتێکی چەواشەکاری بۆ شەرعیەت پێدانی قۆرخکاری دەسەڵات و سەپاندنی هەژمونی سیاسی و تاکڕەوی.
ئازادی بایەخێکی ژیاری بێ هاوتایە بۆ تاقیکردنەوە نوێکانی میللەتانی تازە ڕزگاربوو لە دەسەڵاتی ڕژێمە ستەمکارەکان، لە سایەیدا تاك بوونی راستی خۆی دەسەلمێنێت لە ڕێگای بەشداری پڕاگماتیکی لە ژیانی کۆمەڵەکەیدا، ئەودوو کەڕەت مافی بەکارهێنانی ئەو مافەی هەیە، کەرەتێکیان بەشێك بووە بۆ گەیاندنی نیشتمانەکەی بەو تاقیکردنەوە نوێیە بە ڕزگارکردنی لە چنگی داگیرکەر و ستەمکاران و کەرەتێکیان وەك مافێکی هاوڵاتی بوون کە یاسا وڕێسا مرۆڤایەتیەکان پێی دەبەخشێ، ئەو لەو ڕێگایەوە دەتوانێت بدوێت و بنوسێت و هێما بۆ چاك و خراپەکان بدات و بەشدار بێت بۆ سەرخستنی کۆمەڵی مەدەنی کە پایەی سەرەکی سەرکەوتنی پرۆسەی دیموکراسیی و دامەزراوەکانیەتی، ئەو بەو مافە بەشدارێکی کاریگەرە لە سیاسەتی وڵاتەکەی لە ڕێگای دەنگدانی عەقڵانییەوە یان بەشداری ڕاستەوخۆی لە ژیانی سیاسی و ئیداریدا، بەهەمان ئەندازەش بۆ لایەنی ئابوری و پەرەسەندنە کۆمەڵایەتیەکان، واتا ئەوە ئازادیەکانە کە پێشەنگی ئامرازەکانی سەرخستن و پەرەپێدانی تاقیکردنەوە نوێکانە، لە وڵاتە پێشکەوتۆکانیشدا بەو ڕێچکەیەدا ڕۆیشتون و دەستکەوتە گەورەکانی لە ژیانی رۆژانەیاندا بەرجەستەکراون و تێکڕای هاوڵاتیان بەشداری ڕاستەقینەی بونیاتی سیاسی وئابوری و کۆمەڵایەتی نیشتمانەکەیانن.
لە پاش ڕاپەڕین، چاوەڕوان دەکرا چەمکی ئازادی دروست ببوایە بە بنەمای بناغەی بونیاتی حوکمڕانی کورد و ئامرازی سەرەکی پێشکەوتنی بوایە، بەڵام ئەو ئازادییە پچوك کرایەوە تەنها بۆ پڕۆسەکانی هەڵبژاردن و ناوەڕۆك و مەبەستە جەوهەریەکی پوچەڵکرایەوە، تەوزیفکرا بۆ دەستکەوتی سیاسی و جێگیرکردنی دۆگمایی حیزبی چەقبەستوو، ئەم مافە شێوێندرا و مانایەکی تری درایە و بووە ئامرازێکی حیزبی بۆ درێژەپێدانی هەژمونی حوکمڕانی شکستخواردوو لە ڕێگای کارتێکردن و گەمە کردن بە سۆز و هۆشی تاك و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی ژیان و پاشان بە کارهێنانی بۆ کڕینەوەی دەنگەکان لە نێو دروشمی پیادەکردنی دیموکراسیدا.
ڕاست و دروست، ئازادی بە مانا زانستی و بەها مرۆڤایەتییەکەی، هێشتا پێگەی خۆی نەدۆزیوەتەوە لە هەرێمی کوردستاندا و ئەم حوکمڕانییەی ئێستا بەرپرسی سەرەکییە لەو ڕەوشە، تاکی کورد بە دروستی هوشیار نەکراوەتەوە بە تێگەیشتنی ئازادی، تێنەگەیشتن لێی هۆکارێکە بۆ ئەوەی ئەو مافە وەك زەرورەتێك نەناسرێ و جێی خۆی نەکاتەوە لە کایەی ڕۆشەنبیری و کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسیدا و لە ئەنجامدا مایەی درێژە پێدانی شکستیەکانی ئەم بوارانەیە، هاوکات خۆ دزینەوەی ناحەزانی مافی ئازادی لە نێو تروپکەی دەسەڵاتدا بۆ برەوپێدانی تەندروستی ئەم مافە و کاریان بۆبەرتەسك کردنەوەی ڕوبەرەکەی، ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە ئەوان دژی ئازادییەکانن و تەنها بۆ خۆیان بەڕەوای دەبینن بۆ مەبەستی لە ناوبردنی، چونکە ئەم چەمکە هەڕەشەیە بۆ بەرژەوەندییەکانیان و دژە بە قۆرخارییە ناڕەواکەیان بۆ حوکمڕانی.
Wednesday, April 10, 2019
 Print