سه‌له‌فییه‌كانی میسر، سیاسه‌ت دەخەنە پێش بانگه‌واز ئایینی كه‌ریم شه‌فه‌ق
ئه‌و كرانه‌وه رێژه‌ییه‌ی له كاتی به‌هاری عه‌ره‌بیدا له قاهیره سیاسه‌ت به‌خۆیه‌وه بینی، به تایبه‌تی لای حزبه سه‌له‌فییه‌كان یارمه‌تیده‌ر بوو بۆ بنیاتنانی تۆڕێك له دۆست‌و لایه‌نگران‌و ئه‌وانیش كردیانه پاشخان‌و سه‌رمایه‌یه‌كی سیاسی. پێشتر چالاكییه‌كانی ئه‌و حزبانه زیاتر په‌یوه‌ست بوو به بانگه‌شه‌ی ئایینی‌و خزمهتگوزارییو هه‌وڵیان ده‌دا له خواره‌وه كۆمه‌ڵگه بگۆڕن، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی توانییان سه‌رمایه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی خۆیان وه‌به‌ر بهێنن، ئه‌و سه‌رمایه‌یه‌ی له گوند‌و شار‌و شارۆچكه‌كانی سه‌رتاسه‌ری میسر هه‌بان بوو.
حزبی نوور كه گه‌وره‌ترین حزبی سه‌له‌فییه له قاهیره، له یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی دوای شۆڕش سه‌ركه‌وتنێكی به‌رچاوی به‌ده‌ست هێنا، چونكه له هه‌ڵبژاردندا 24%ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی برده‌وه‌و به‌وه‌ش بووه دووه‌م حزب له دوای حزبی ئازادی‌و دادپه‌روه‌ری، كه باڵی سیاسی گروپی ئیخوان موسلمینه. حزبی نوور به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئیخوانه‌كاندا حزبێكی زۆر تازه‌یه‌و ئه‌زموونی كار‌و رێكخستن‌و كۆكردنه‌وه‌ی دهنگو لایه‌نگری كه‌متریشه.
تێكه‌ڵ كردنی ئایین‌و سیاسه‌ت لای سهلهفییهكانو جیانه‌كردنه‌وه‌ی هه‌ردوو بواری دنیایی‌و بانگه‌شه‌ی ئایینی، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ تێكهڵو پێكه‌ڵی دیمه‌نه سیاسییه‌كه‌ی ئه‌و وڵاته، كه وای له‌و حزبه كردووه، تێكه‌ڵ به سیاسه‌ت بێت‌و به شێوه‌یه‌كی پراگماتیكی توند كاردانه‌وه‌ی هه‌بێت له‌گه‌ڵ پێدراوهكانیداو بتوانێ به‌كاریان بهێنێت، بێئه‌وه‌ی دیدێكی روون‌و گشتگیری سیاسیانه‌ی هه‌بێت، به جۆرێك سه‌له‌فیه‌ت له توانایدا بێت وێنا بۆ ده‌وڵه‌تی نوێ بكات‌و پێگه‌ی شه‌ریعه‌ش ده‌ستنیشان بكات.
سه‌له‌فییه‌كان قبوڵ كردنی بنه‌ماكانی دیموكراسی‌و په‌ژراندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانیان له ئه‌نجامی پێداچوونه‌وه‌یه‌كی فیكری واقیعیانه نه‌بوو، به قه‌د ئه‌وه‌نده‌ی سوار ملی شه‌پۆله‌كه بوون‌و ده‌رفه‌ته‌كه‌یان قۆسته‌وه، كاتێك ژنیشیان كاندید كرد، له ریكلامهكانیاندا دیار بوو، وێنه‌ی گوڵێكیان ده‌خسته شوێنی ده‌موچاوی ژنه كاندیده‌كه. ئه‌و دژبه‌یه‌كییه له هه‌نگاوێكی تریشیاندا ده‌رده‌كه‌وێ، كاتێك عه‌بدولمنعم ئهلشهحات وته‌بێژی ئه‌و كاتی ده‌عوه‌ی سه‌له‌فی له كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی 2011دا داوای كرد ئه‌نجومه‌نێكی فیق دابمه‌زرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو یاسایه‌ك بگه‌ڕێته‌وه بۆ لای ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌و بڕیاری له‌سه‌ر بدات داخۆ له‌گه‌ڵ ئاییندا ده‌گونجێ یان نا.
به‌رنامه‌ی سیاسی حزبی نوور، هیچ پابه‌ندبوونێكی مافپه‌روه‌رانه‌ی تێدا نه‌بوو، بۆ نموونه سه‌باره‌ت به مافی هاووڵاتیبوون، كه له هیچ لاپه‌ڕه‌یه‌كی بهنامهیاندا ناوی نه‌براوه، هه‌روه‌ها بۆچوونیان سه‌باره‌ت به ده‌وڵه‌تی شارستانی، به‌ڵكو ئه‌وان له بهنامهكهیاندا جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه كردۆته‌وه كه پێویسته شه‌ریعه‌ی ئیسلامی له هه‌موو بواره‌كانی ژیاندا باڵاده‌ست بێت، ته‌نها به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاون كه له مادده‌ی دووی ده‌ستووری میسریدا نووسراوه شه‌ریعه‌ی ئیسلامی سه‌رچاوه‌ی بنه‌ڕه‌تییه بۆ یاسادانان، به‌ڵكو ئه‌وان پێیان وایه ده‌بێ سه‌رچاوه‌ی باڵای ده‌وڵه‌ت بێت، له هه‌موو چالاكییه سیاسی‌و یاسایی‌و دهستووریو كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئابوورییه‌كانیدا.
ئه‌وه تێڕوانینی سهلهفییهكانهو له فهتواكانیشیاندا ره‌نگی داوه‌ته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی شێخ یاسر به‌رهامی جێگری سه‌رۆكی ده‌عوه‌ی سهلهفیو مه‌رجه‌عی باڵای حزبی نوور له سایتی (ئه‌نا سه‌له‌فی)ی‌دا باسی كردووه. بۆچوونه‌كانی جێگری سه‌رۆكی ده‌عوه‌ی سه‌له‌فی ئه‌وه ئاشكرا ده‌كه‌ن، كه هه‌ڵوێستی باویان هه‌یه به‌رامبه‌ر به قیبتییهكانو كاركردن له دامه‌زراوه‌كانی دهوڵهتو مه‌سه‌له‌ی ئاڵوگۆڕی دهسهڵاتو هه‌ڵبژاردن‌و ته‌نانه‌ت هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به یاسا مرۆڤكرده‌كان، كه به دوژمنی ئایینیان دهزانێتو به ده‌رچوون له فه‌رمانی خودای له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات.
یاسر به‌رهامی یاسا دانراوو مرۆییه‌كان حه‌رام دهكاتو پێی وایه كار پێكردنی یاسایه‌ك كه مرۆڤ داینابێت ده‌بێته رێگر له‌به‌رده‌م كاركردن به یاساكانی خودا له حوكمڕانی‌و به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری خه‌ڵكیدا، له‌و باره‌یه‌شه‌وه هه‌ر له سایتی ئه‌نا سه‌له‌فیدا نووسیویه‌تی كاكردن به هه‌ر ده‌قێك جگه له‌وه‌ی خودا ناردوویه‌تییه خواره‌وه كفره. ته‌نانه‌ت به‌رهامی كاركردن به هێزی پۆلیسیش حه‌رام ده‌كات، جگه له پۆلیسی ئاگر كوژێنه‌وه، ئه‌ویش به مه‌رجێك كاره‌كه‌ی رێگر نه‌بێت له‌به‌رده‌م خوداپه‌رستیدا. له وه‌ڵام گه‌نجێكدا كه له هه‌مان سایت لێی كرا بوو یاسر به‌رهامی ده‌ڵێ: كاكردن له بانكدا حه‌رامه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كاره‌كه په‌یوه‌ندی به جۆره‌كانی قه‌رزیشه‌وه نه‌بێت.
هه‌ڵویستی ده‌عوه‌ی سهلهفیو حزبی نوور یه‌كێكه له‌و هه‌ڵوێستانه‌ی به‌رده‌وام دووباره‌ی ده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌یڵێنه‌وه، به‌رده‌وام پێیان ده‌ڵێن (نه‌سارا)و موشریك. له وه‌ڵامی پرسیارێكدا كه له سایته‌كه‌یان سه‌باره‌ت به رێپێدان به كاندید كردنی مه‌سیحییه‌ك بۆ ئه‌نجومه‌نی گه‌ل كراوه نووسیویانه: ئه‌نجومه‌نی گه‌ل ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان‌و چاودێری هه‌یه‌و له توانایدا هه‌یه سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر كار لاببات‌و لێپێچینه‌وه له‌گه‌ڵ حكومه‌تیشدا بكات، له‌به‌ر ئه‌وه نابێ هیچ كافرێكی تێدا بێت. له هه‌مووی خراپتر یاسر به‌رهامی ده‌ڵێ: رووخاندنی كه‌نیسه‌كان به پێی شه‌رع حه‌رام نییه، ئه‌گه‌ر قبوڵیشمان كردووه هه‌بن به پێی ده‌ستوورو ئه‌گه‌ر جزیه‌ش له نه‌سارا ناسه‌نین، مه‌سه‌له‌كه ئه‌وه‌یه ئێستا ئیسلام به به‌راورد له‌گه‌ڵ وڵاتانی جیهاندا لاواز ده‌رده‌كه‌وێ.
له دوای به‌هاری عه‌ره‌بییه‌وه سه‌له‌فییه‌كان ده‌رفه‌تێكی باشیان بۆ هه‌ڵكه‌وت بۆ ئه‌وه‌ی پێگه‌یه‌ك بۆ خۆیان بپچڕنو له حزبایه‌تی ئایینی‌دا به‌شی دادپه‌روه‌رانه‌ی خۆی به‌ر كه‌وێ، كه ده‌یان ساڵ بوو هه‌ر ئیخوان له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا بوو، به‌ڵام دواتر خودی حزبی نوور درز‌و كه‌لێنی تێكه‌وت، ئه‌ویش به‌هۆی هه‌ڵوێسته پراگماتیكییه توندهكانیانهوه له مه‌سه‌له‌ی بیروباوهڕداو ناوبه‌ناو نواندنی نه‌رمی سیاسی‌و ره‌ت كردنه‌وه‌ی پێكدادان له‌گه‌ڵ دهسهڵاتداو بگره به‌ستنی هاوپه‌یمانیش له‌گه‌ڵیدا، ئه‌وه‌بوو له دوا هه‌ڵبژاردندا حزبی نوور پشتیوانی خۆی بۆ عه‌بدولفه‌تاح ئه‌لسیسی راگه‌یاند.
ئه‌م دۆخه گومانی لای هه‌ندێك ئهندامو گروپ‌و سه‌ركرده‌ی ده‌عوه‌ی سه‌له‌فی دروست كرد، له‌وه ده‌ترسان سیاسه‌ت له پاشخانی مێژوویی بانگه‌شه‌ی ئایینی‌یان كه‌م بكاته‌وه‌و هه‌ژموونی ئایدیۆلۆژییان له‌سه‌ر شوێنكه‌وتووه‌كانیان كه‌م بكاته‌وه. ئه‌م گومان‌و ترسانه وای كرد جیابوونه‌وه له‌سه‌ر ئاستی سه‌ركردایه‌تی ده‌عوه‌ی سه‌له‌فی روو بدات، ئه‌وانیش عیماد عه‌بدولغه‌فور سه‌رۆكی ئه‌وكاتی حزبه‌كه‌و یاسر به‌رهامی جێگری.
یه‌كێك له كێشه‌كانی دعوه‌ی سه‌له‌فی له دوای به‌هاری عه‌ره‌بییه‌وه، ئه‌وه بوو كه نه‌یتوانی میكانیزمێك بۆ كۆنترۆڵ كردنی كاری سیاسی‌و ژیانی سیاسی‌یان بدۆزنه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی ناچار بن به‌زۆر پێیان بكهنو ده‌ستبه‌رداری له بیروباوه‌ڕه‌كانیان بن. به ئێستاشه‌وه یه‌كێك له گلهییو گازنده‌ی ئه‌ندامانی ئه‌و حزبه، ئه‌وه‌یه كه شێخه‌كانیان زۆر خۆیان به سیاسه‌ته‌وه سه‌رقاڵ ده‌كه‌ن، وه‌ك له‌وه‌ی سه‌رقاڵی بانگه‌شه‌ی ئایینی بن. شێخ ئیسماعیل ئهلمقهدهم له‌و باره‌یه‌وه رایگه‌یاند، رۆڵ‌و ئه‌ركی پیاوانی ئایینی سه‌له‌فی، بانگه‌شه‌ی ئایینی‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌مكه راسته‌قینه‌كانی ئایینه سه‌باره‌ت به خودا پهرستیو كاروباری ئایین. له دێڕێكدا به روونی ئه‌وه‌ی نووسیوه‌و ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر ناچار بین له نێوان هه‌ردوو رێگه‌چاره‌ی پاراستنی ئایین‌و سیاسه‌ت كردن، ئه‌وا ته‌نها یه‌ك رێگه‌یان هه‌ڵده‌بژێرین.
|
693
جار خوێندراوه‌ته‌وه |
Wednesday, May 2, 2018
|
|
|