ئه‌نجامی ریفراندۆمه‌که‌ی باشووری سودان، ئه‌م هه‌رێمه‌ی کرده چواره‌م ده‌وڵه‌ت ( پێشتر ته‌یموری رۆژهه‌ڵات، کۆسۆڤۆ و مۆنتینیگرۆ) که له ماوه‌ی ئه‌م ده‌ساڵه‌ی دواییدا دروستبوون. ئه‌م جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆییه تروسکایی ئومێد و هیوای له‌لای گه‌لێک نه‌ته‌وه و پێکهاته‌ی ئه‌تنی جۆراوجۆر دروستکرد به‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی خۆیان رابگه‌یه‌نن یا هه‌وڵه‌کانیان بۆ جیابوونه‌وه توندتربکه‌نه‌وه، به‌ڵام له‌هه‌مانکاتدا چه‌ندین پرسیاریشی ورووژاند وه‌ک ئه‌وه‌ی ئایا ئه‌مه ناکۆک نییه له‌گه‌ڵ ئاراسته‌ی جیهانگیریدا که تیایدا بایه‌خی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه و سنووری وڵاتان به‌ره‌و کزبوون و نه‌مان ده‌چێت؟ یاخود ئه‌م جیابوونه‌وانه ته‌واوکردن و به‌ئه‌نجامگه‌یاندنی ئه‌و رهوهندهیه که به‌دوای رووخانی یه‌کێتی سۆڤیه‌تدا هات و تیایدا نه‌خشه‌ی سیاسی جیهان گۆڕانی به‌سه‌رداهات و ژماره‌یه‌ک ده‌وڵه‌تی تازه دروستبوون؟ ئایا کێشه‌ی که‌مینه‌کان له ئایینده‌دا به‌ره‌وکوێ ده‌ڕوات؟ پاشان کێشه‌ی که‌مینه‌کان له جیهانی ئه‌مڕۆدا که سه‌رده‌می جیهانگیرییه به کوێ ده‌گات و که‌مینه‌کان چۆن له‌ناو سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی ئه‌مڕۆدا بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانیان ده‌گه‌ڕێن؟ که ده‌کرێت ئه‌م پرسیارانه به‌سه‌ر دوو ته‌وه‌ره‌دا دابه‌شبکه‌ین:
1. پرسی که‌مینه‌کان له ئاستی ناوخۆییدا
2. کێشه‌ی که‌مینه له‌نێو سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا
1. که‌مینه‌کان له ئاستی ناوخۆیی وڵاتاندا
کاتێک باس له که‌مینه ده‌که‌ین خۆبه‌خۆ چه‌مکی زۆرینه‌ش وه‌ک دژه‌واتای چه‌مکه‌که دێته‌ئاراوه.. چونکه که‌مینه به‌بوونی زۆرینه‌وه که‌مینه‌یه، واته له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کدا ئه‌گه‌ر پێکهاته‌یه‌کی دانیشتوان به که‌مینه ناوببرێت ئه‌وه به‌به‌راورد به پێکهاته‌یه‌ک یا چه‌ند پێکهاتهیهکیتری هه‌مان کۆمه‌ڵگه که‌مینه‌یه که دواجار کۆی ئه‌م پێکهاتانه (زۆرینه و که‌مینه) کۆمه‌ڵگه‌ی پلوراڵ Plural Society یا فره‌نه‌ته‌وه‌و فره‌ڕه‌گه‌ز پێکده‌هێنن. مانا و چه‌مکی که‌مینه گه‌لێک گروپ ده‌گرێته‌وه وه‌ک: گروپه ئه‌تنییه‌کان، که‌مینه ئایینییه‌کان یا کۆچبه‌ران، له هه‌ندێک کۆمه‌ڵگه‌دا که‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و بگره ژنانیش ده‌گرێته‌وه. له روانگه‌ی ئه‌نتۆنی گیدینزهوه که‌مینه‌کان: (به گشتی له‌ڕووی فیزیکی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه جیاوازن له پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تییه گه‌وره‌تره‌که و به‌گشتی له گه‌ڕه‌ک، شار و ناوچه‌ی دیاریکراودا گردبوونه‌ته‌وه. هاوسه‌رگیریی ناوخۆیی له‌نێوانیاندا زۆرتره و که‌متر له‌گه‌ڵ گروپی زۆرینه‌دا تێکه‌ڵاوی و هاوسه‌رگیری ده‌که‌ن).(1)
کۆمسیۆنی پته‌وکردن و پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤی سه‌ربه لیژنه‌ی مافه‌کانی مرۆڤ له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان که‌مینه‌کان به‌وه ده‌ناسێنێت که ئه‌و گروپانه‌ن له‌ناو میلله‌تێکدا دابونه‌ریت و تایبه‌تمه‌ندێتی ئه‌تنی یا ئاینیی یا زمانه‌وانیی دیاریکراویان هه‌یه که به شێوه‌یه‌کی ئاشکرا جیاوازه له‌وه‌ی له‌نێو دانیشتواندا هه‌یه و به‌رده‌وامیش ده‌یانه‌وێت پارێزگاری لێبکه‌ن". پێناسهیهکیتریش ده‌ڵێت: که‌مینه Minority: دیارده‌یه‌کی که‌لتوورییه که تاکه‌کانی هه‌ڵگری چه‌ند بنه‌مایه‌کی هاوبه‌شن وه‌ک مێژوو، زمان، ئایین و.. هتد.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌ندێک بۆچوون هه‌یه که مانای که‌مینه به ژماره و ئاماره‌وه په‌یوه‌ستده‌که‌نه‌وه، وه‌ک ئه‌و پێناسه‌یه‌ی که فه‌رهه‌نگی( لارۆس Larousse) بۆ که‌مینه‌ی ده‌کات:" که‌مینه ئه‌وه‌یه که هه‌ندێک هیچیان نییه جگه‌له چه‌ند ده‌نگێکی که‌منه‌بێت"(2) ئه‌مه‌ش زیاتر بۆ دۆخی سیاسی ناو په‌رله‌مان یا ئۆپۆزسیۆن و ده‌سه‌ڵات ده‌گونجێت وه‌ک له کۆمه‌ڵگه، به‌ڵام رایهکیتر ره‌خنه له په‌یوه‌ستکردنی ناوه‌ڕۆک و پێوه‌ری ژماره‌یی به چه‌مکی که‌مینه‌وه ده‌گرێت و که‌مینه له واقیعی په‌یوه‌ندییه‌که‌ی به ده‌سه‌ڵاته‌وه ده‌ناسێنێت. له‌مڕووه‌وه ئه‌نتۆنی گیدینز که‌مینه وه‌ک چه‌مکێکی کۆمه‌ڵناسی ده‌ناسێنێت که " به‌کارهێنانی قووڵتر و فراوانتره له‌وه‌ی له چوارچێوه‌ی ژماره و ئاماره‌کاندا پێناسه‌بکرێن، به‌ڵکو زیاتر لایه‌نی سیاسی، مافخوازی ده‌گرێته‌وه، واته مه‌رج نییه مانای که‌مینه له‌وه‌وه بێت که به‌ڕاستی له ڕووی قه‌واره و ژماره‌وه که‌متربن، به‌ڵکو به‌و مه‌به‌سته‌یه که ئه‌و پێکهاته‌یه له چه‌ند لایه‌نێکه‌وه دووچاری جیاکاری و هه‌ڵاواردن ده‌بنه‌وه".(3) واته ده‌شێت ئه‌وه‌ی پێیده‌وترێت که‌مینه یا نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌ست به ئامار له نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست یا زۆرینه زیاتربن، وه‌ک ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی که له ژێرده‌ستی ئیمپراتۆریاکاندا بوون، بۆ نموونه ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی که له سه‌رده‌می فتوحاتی ئیسلامی‌دا که‌وتنه ژێرده‌سه‌ڵاتی ئیمپراتۆریای ئیسلامییه‌وه به چاوێکی سووک سه‌یرده‌کران و دووچاری هه‌ڵاواردن ده‌بوونه‌وه:" ئه‌و عهجهمییانهی که دواتر له سه‌رده‌می به‌نی ئومه‌یه‌دا بوونه موسڵمان، له‌لایه‌ن عه‌ره‌به‌کانه‌وه و ته‌حقیر ده‌کران و ناوی ناپه‌سه‌ندیان لێده‌نرا وه‌ک( نبیگ) واته ناکه‌س و هه‌رچیوپه‌رچی، یا (الحمراو) یا (الموالی). په‌ندێکیش له‌ناویاندا بڵاوبوو که ده‌یوت ( ئه‌وه‌ی نوێژ ده‌بڕێت ته‌نها سیانن: که‌ر و سه‌گ و مولی)"(4)
ئه‌م ده‌مارگیری و هه‌ڵاواردنه‌ی خه‌ڵکانیتر که عه‌ره‌ب نه‌بوون و له‌ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئیمپراتۆریای ئیسلامی‌دا بوون له‌وه‌وه نه‌بوو که ئه‌وانه به ژماره که‌مینه‌بوون به‌ڵکو لهوهوهبوو که عه‌ره‌به‌کان ده‌سه‌ڵاتی خۆیانیان به‌سه‌ردا سه‌پاندن و مامه‌ڵه‌ی که‌مینه یا خه‌ڵکانی سه‌ربه خۆیان (موالی) کردوون و له‌ڕووی مه‌عنه‌وییه‌وه باوه‌ڕ و تێڕوانینی دهمارگیرانهیان له‌به‌رامبه‌ریاندا هه‌بووه و له‌ڕووی واقیعیشه‌وه هه‌ڵاواردنیان مومارهسهکردووه.
لێره‌وه ده‌کرێت بڵێین دروستبوونی که‌مینه‌کان به‌ره‌نجامی ئه‌و ئاڵوگۆڕییه سیاسی- سه‌ربازی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییانه‌ن که له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌دا و له ناوه‌وه بۆ ده‌ره‌وه یاخود له ده‌ره‌وه بۆ ناوه‌وه روویانداوه. به‌مپێیه شه‌ڕوشۆڕ و له‌شکرکێشی له سه‌رده‌می ئیمپراتۆریاکاندا و پاشانیش له سه‌رده‌می کۆڵۆنیالیزمی نوێ‌دا هۆکاری یه‌که‌من بۆ ئه‌و گۆڕانه دیموگرافی و دابه‌شبوونه کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی که ئه‌مڕۆ وه‌ک زۆرینه و که‌مینه ده‌یانبینین.
هۆکاری دووه‌میش کۆچی دانیشتوان و تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌کانه له شوێنێکه‌وه بۆ شوێنێکی‌تر سا به هۆی هه‌لومه‌رجی سیاسی ناله‌بار و سه‌رکوته‌وه بێت یا فاکته‌ری ئابووری و هه‌ژاری ( به‌ره‌نجامی کۆچکردنه مه‌زنه کۆڵۆنیالی و ناکۆڵۆنیالیی ره‌گه‌زه جیاوازه‌کانه) (5). له ئه‌نجامی ئه‌مه‌شه‌وه رووبه‌ڕووبوونه‌وه، به‌ریه‌که‌وتن و ململانێ له‌نێوان ئه‌و پێکهاتانه و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی‌دا روویداوه وه‌ک ململانێی کورد له‌گه‌ڵ حکومه‌ته‌کانی ئێراق، ئێران و تورکیادا یا ململانێی گه‌لی باسک له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئیسپانیا و ئایرله‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی به‌ریتانیا. هه‌ندێکجاریش ململانێ له‌نێوان پێکهاته جیاوازه‌کانی یه‌ک کۆمه‌ڵگه‌دا رووده‌دات وه‌ک ململانێی قیبتییه‌کان و موسڵمانه‌کان له میسر. له مێژووشدا گه‌لێکجار ئه‌و ململانێیانه جینۆساید وقڕکردنی به‌کۆمه‌ڵی لێکه‌وتووه‌ته‌وه وه‌ک قڕکردنی هیندییه سووره‌کانی ئه‌مریکا له‌لایه‌ن سپی پێسته ئه‌وروپییه‌کانه‌وه، یاخود ئه‌نفالکردنی کورد له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عێراقییه‌وه و جینۆسایدکردنی خه‌ڵکی دارفۆر له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی سودانه‌وه.
به‌کاربردنی چه‌مکی که‌مینه هه‌ندێکجار ره‌هه‌ندێکی سایکۆلۆژیشی هه‌یه، که ده‌کرێت مه‌به‌ست لێی ده‌مارگرتن (استفزاز) بێت،" لێره‌دا ئه‌م دهسهواژهیه چه‌مکێکی بێلایه‌ن نییه و جیاکارییه‌کی دوولایه‌نه ده‌ورووژێنێت، بۆ نموونه هه‌ستی باڵاده‌ستی، خۆلهسهرهوه زانین له‌لای زۆرینه پته‌وده‌کات و به نێرجسییه‌تێکی لهخۆرازیبوونانه و دڵنیا له ده‌سه‌ڵات و هه‌ژموونه‌که‌ی پاڵی لێده‌داته‌وه. له‌هه‌مانکاتیشدا هه‌ستی به‌دگومانی و دڵکرمێبوون له جموجۆڵه‌کانی که‌مینه له‌لای زۆرینه دروستده‌کات.
به‌ڵام ئه‌م چه‌مکه له‌لای که‌مینه هه‌ستی خۆبه‌که‌مزانین، نزمیی، نیگه‌رانیی له خود و چاره‌نوس دروستده‌کات، بۆیه به‌رده‌وام ده‌یه‌وێت به‌ئاگابێت له‌وه‌ی نه‌توێته‌وه، په‌لامار و قووتنهدرێت. ئه‌مه‌ش پاڵنه‌رێکه بۆئه‌وه‌ی به شوێن په‌ناگه‌یه‌کی ناوخۆیی یا ده‌ره‌کییه‌وه بێت تا له هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌کان پارێزراوبێت. له‌ڕاستیدا له وشه‌ی که‌مینه‌دا بیرهێنانه‌وه و سه‌رنجڕاکێشانێکی هه‌میشه‌یی هه‌یه به (نه‌بوونی ئاسایش)ی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابووری و.. هتد"(6) .
هه‌ربۆیه له‌خۆوه نییه که که‌مینه‌کان له‌و وڵاتانه‌ی رووبه‌ڕووی هه‌ڵاواردن ده‌بنه‌وه سه‌رباری خه‌باتکردنیان بۆ وه‌لانانی ئه‌و سته‌مه‌ی له‌سه‌ریانه و هه‌وڵدانیان بۆ یه‌کسانکردنی ره‌خساندنی ده‌ره‌فه‌ته‌کان له‌به‌رده‌م هه‌موو پێکهاته جیاوازه‌کاندا، ده‌بێت له هه‌وڵی ئه‌وه‌شدا بن که هه‌ستی هاودڵی و هاوچاره‌نووسی له‌ناو تاکه‌کان و ئه‌ندامانی گروپیشدا دروستبکه‌ن و بره‌وی پێبده‌ن و تایبه‌تمه‌ندێتییه‌کانی خۆیان وه‌ک کۆمۆنیتییهک بپارێزن و هه‌ندێکجاریش پیرۆزیبکهن بۆئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ستی خۆبهجیاواززانینهیان له‌گه‌ڵ ئه‌وانیدیکه‌دا رابگرن.. چونکه کێشه‌ی که‌مینه‌کان ململانێیه له‌نێوان په‌راوێزخستن یا سڕینه‌وه‌ی شوناس و هه‌وڵدان بۆ سه‌لماندنی شوناسدا، به‌م مانایه ئه‌م ململانێیه ره‌هه‌ندێکی سیاسی هه‌یه و ره‌هه‌ندێکی که‌لتووریش. ئه‌م دوو ره‌هه‌نده‌ش فاکته‌ری سه‌ره‌کی دروستبوونی بزاڤی که‌مینه‌کانن و بزوێنه‌ری ئه‌و بزاوتانهشن بۆ یه‌کبوون یا یه‌کخستنی گروپه جیاوازه‌کان و هه‌وڵدان بۆ دروستکردنی قه‌واره‌ی سیاسی نه‌ته‌وه یا لایه‌نیکه‌م رزگاربوون له‌و سته‌م و هه‌ڵاواردنه.
لێره‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌و یه‌کبوونه له‌به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه ده‌ره‌کییه‌کاندا نابێت ئه‌و دابه‌شبوونه سۆسیۆلۆگییه ناوه‌کییه‌ش له‌یادبکه‌ین که له‌نێو هه‌ناوی که‌مینه‌کاندا، وه‌ک کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌ربه‌خۆ، هه‌یه وه‌ک دابه‌شبوونی چینایه‌تی، دابه‌شبوونی نێوان شار و لادێ، دابه‌شبوونی ره‌گه‌زی، ئایینی و سیاسی که‌واده‌کات کۆده‌نگییه‌کی ته‌واو له‌سه‌ر لێکدانه‌وه‌ی هۆکاره‌کانی هه‌ڵاواردن و شێواز و میکانیزمه‌کانی خستنه‌ڕووی چاره‌سه‌ریش جیاوازبن. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر هه‌ردوو نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و ژێرده‌ست یه‌ک باوه‌ڕی ئاینییان هه‌بێت، وه‌ک ئیسلام، ئه‌و ده‌مه خستنه‌ڕووی چاره‌سه‌ری کێشه‌که له‌لایه‌ن گروپێکی ئیسلامیی نه‌ته‌وه‌ی ژێرده‌سته‌وه جیاوازده‌بێت له‌و چاره‌سه‌ره‌ی که بزاوتێکی ناسیونالیستیی عه‌لمانی هه‌مان نه‌ته‌وه ده‌یخاته‌ڕوو( له‌نێو ئه‌م که‌مینانه‌دا بورژوازی و پڕۆلیتاریای نوێ به‌گشتی ئه‌م ناسیونالیزمه بچووکه‌یان به‌دڵنه‌بوو. له وڵاتی وێلز گه‌شه‌کردنی پارتی کرێکاران، نه‌ته‌وه‌چێتی بزووتنه‌وه‌ی وێڵزییه گه‌نجه‌کانی که هێنده‌ی نه‌مابوو جڵه‌وی پارتی لیبراڵ به‌ده‌سته‌وه‌بگرن، لاوازکرد. سه‌رمایه‌داریی پیشه‌سازی نوێ، بازاڕی وڵاتێکی گه‌وره یا جیهانیی له بازاڕێکی بچووکی ناوچه‌یه‌ک یا میلله‌تێک به‌لاوه باشتربووه. چ له پۆڵۆنیای روسیا ( مه‌به‌ست له پۆڵهندهیه بهلهجیابوونهوهی له روسیا)چ له ناوچه‌ی باسک یا له هه‌رێمێکی پیشه‌سازی سه‌ربه وڵاتی فراوانتر سهرمایهدارانێکی ناوخۆیی که گوڕوتینێکی زۆریان بۆ ئامانجی نه‌ته‌وه‌یی هه‌بێت، که‌مبوون"(7). هه‌رچه‌نده ئه‌م جیاوازی و دابه‌شبوونه ناوه‌کییانه له ناوه‌وه زه‌قن و ململانێی کۆمه‌ڵایه‌تی ـ سیاسی و فکرییان له‌نێواندایه، به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ڕا، به‌تایبه‌ت له‌ناو نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌سته‌وه، دیتنی ئه‌م جیاوازییانه زۆر ئاساننییه و توێژه‌ران و پسپۆڕانی بیری سیاسی و کۆمه‌ڵناسی لێده‌رچن ره‌نگه که‌سانی ئاسایی به ئاسانی ئه‌م جیاوازییه کۆمه‌ڵایه‌تییانه نه‌بینن. ته‌نانه‌ت هه‌ندێکجار رۆشنبیرانیش، ئاگاهانه یا نا ئاگاهانه، ده‌چنه پاڵ ئایدیا و هه‌ڵوێسته‌کانی ده‌سه‌ڵات و خه‌ڵکی ئاسایی و ئه‌م ئاراسته و ره‌وتانه تێکه‌ڵ به‌یه‌ک ده‌که‌ن، به‌ڵام دواجار ئه‌م جیاوازییانه رێگرن له پێکهێنانی شوناسێکی نه‌ته‌وه‌یی ده‌توانین کۆی ئه‌م جیاوازییانه‌ی ناو نه‌ته‌وه (ی که‌مینه به‌گشتی) له دوو ئاراسته‌ی سه‌ره‌کیدا نیشانبده‌ین:
أ. ناسیونالیزمی که‌لتووری( ئیتنوناسیۆنالیزم)
ب. ناسیونالیزمی مه‌ده‌نی( سڤیل)
أ. ناسیونالیزمی که‌لتووری
ئه‌مجۆره له ناسیۆنالیزم جه‌خت لهسهرزهقکردنهوهی جیاوازییه که‌لتوورییه‌کان ده‌کاته‌وه و ده‌یانکاته بنه‌مایه‌ک بۆ هه‌وڵه‌کانی رزگاربوونی له سته‌م وههڵاواردانی ده‌وڵه‌ت یا نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست، ده‌کرێت بڵێین ئه‌مه دیوه‌که‌یتری ناسیۆنالیزمی ده‌وڵه‌ته که پایه‌که‌ی لهسهرئیتنۆسهنتهریزمEthnoCentrism داڕشتووه، واته ده‌مارگیری ناسیcنالیزمی که‌مینه له دژی هه‌ڵاواردن و نه‌ژادپه‌رستی زۆرینه. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه زۆربه‌ی ململانێ و ناکۆکییه توندوتیژ و خوێناوییه‌کانی ناسیۆنالیزم به‌ره‌نجامی به‌ریه‌ککه‌وتنی ئه‌م دووجۆره ناسیۆنالیزمه‌یه.
ب. ناسیونالیزمی مه‌ده‌نی یا سڤیل:
ئه‌مجۆره ناسیۆنالیزمه زیاتر ره‌نگدانه‌وه‌ی بیری لیبراڵیزمه و باوه‌ڕه‌که‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای ماف داده‌نێت و ناسیونالیزم و دیموکراتی ده‌به‌ستێت به‌یه‌که‌وه. واته وه‌ک هاوڵاتیانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک مافیان هه‌یه که چاره‌نووسی خۆیان دیاریبکه‌ن. رێکخراوه جه‌ماوه‌رییه‌کان و کۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌م بواره‌دا ده‌توانن رۆڵێکی به‌هێزتر له حیزب و بزووتنه‌وه سیاسییه‌کان ببینن، به‌ڵام ئیشکالییه‌تی ئه‌م جۆره ناسیۆنالیزمه ئه‌وه‌یه که له‌و وڵاتانه‌ی رژێمه سیاسییه‌کانی دیکتاتۆرییه و به هۆی پیاده کردنی توندوتیژیی ده‌وڵه‌تییه‌وه خه‌باتی مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌ریی لاوازه یا ئامادهیینییه، ئه‌مجۆره ناسیۆنالیزمه‌ش شانسی به‌هێزبوونی نییه.
2. کێشه‌ی که‌مینه‌کان له‌نێو سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا:
باسکردن له کێشه‌ی که‌مینه‌کان له‌نێو ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا له چاو هه‌ندێک کێشه و پرسیدیکهدا زۆر کۆن نییه و ماوه‌که‌ی له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نی سه‌رهه‌ڵدانی ناسیۆنالیزمی مۆدێرندا نزیکه. له کۆنگره‌ی به‌رلین 1878دا سه‌ربه‌خۆیی وڵاتانی به‌ڵکان، که به‌شی زۆری ناوچه‌کانی له‌ژێر ده‌سه‌ڵێتی ئیمپراتۆریای عوسمانی‌دا بوو، راگه‌یه‌نرا جگه‌له‌وه کێشه‌ی ره‌گه‌زنامه له وڵاتانی به‌ڵکاندا باسکرا. له سه‌ده‌ی بیستدا پره‌نسیپی ( مافی گه‌لان له دیاریکردنی چاره‌نووسیاندا) بووه یه‌کێک له‌و ده‌روازانه‌ی که به‌ڕووی میله‌تانی ژێرده‌سته‌دا کرایه‌وه. ساڵی 1918 لینین به‌کرده‌وه ئه‌م پره‌نسیپه‌ی جێبه‌جێکرد کاتێک واژۆی له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی پۆڵۆنیا کرد. ساڵی 1918 به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا رایانگه‌یاند که ئامانجی هاوپه‌یمانان رزگاریی ته‌واوی ئه‌و میلهتانهیه که بۆ ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ به‌ده‌ست سته‌می تورکه‌کانه‌وه ناڵاندوویانه و دامه‌زراندنی حکومه‌ت و ئیداره‌ی نه‌ته‌وه‌ییه)(8) ساڵی 1919 و درۆ ویڵسۆنیش ئه‌م پره‌نسیپه‌ی بردهنێۆ کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان ( عصبه الامم)، به‌ڵام ئه‌مه له بانگه‌شه‌یه‌ک زیاتر هیچیتر نه‌بوو ویڵسۆن خۆی پێیوانه‌بوو که ئیمکانی ئه‌وه هه‌بێت چاره‌نووسی گه‌لان به‌ته‌واوی بدرێتهدهست میلله‌تان خۆیان.. چ ئه‌مریکا و چ ئه‌وروپا (به‌تایبه‌ت به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا) بهپهیڕهویکردن له سیاسه‌تی کۆڵۆنیالی و داگیرکاری نه‌ک هه‌ر مافی نه‌ته‌وه‌کان به‌ڵکو سه‌روه‌ری وڵاتانیشیان پێشێلکرد. لێره‌وه ده‌کرێت بڵێین زه‌قکردنه‌وه‌ی کێشه و پرسی که‌مینه‌کان له‌نێو سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا به پله‌ی یه‌که‌م په‌یوه‌ندی به بایه‌خی جیۆپۆلۆتیک و سه‌رچاوه ئابوورییه‌کانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌وه هه‌یه ئینجا باسوخواسی مافخوازی و مرۆیی!.
هه‌رچۆنێک بێت ئه‌و پره‌نسیپانه و دروستبوونی کۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان و چه‌ند ناوه‌ندێکی نێودهوڵهتیتر و له هه‌مووشیان گرنگتر هه‌ر دوو چه‌نگه گه‌وره‌که‌ی نێوان زلهێزه‌کانی دنیا‌و ده‌رهاویشته‌کانی ئه‌و دوو جه‌نگه‌كه فاکته‌رێک بوون بۆ دروستکردنی کۆمه‌ڵێک ده‌وڵه‌ت که هه‌ندێکیان به یه‌کخستنی هه‌وڵ و خه‌باتی چه‌ند نه‌ته‌وه‌یه‌ک بوو هه‌ندێکێشیان نه‌ته‌وه‌یه‌ک رۆڵی سه‌ره‌کی تیاگێڕا که دواجار زۆربه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌تانه بوونه ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و شوناسی نه‌ته‌وه‌یه‌ک سه‌پێنرا به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی نێو ئه‌م وڵاتانه‌دا. هه‌ربۆیه کێشه‌ی که‌مینه و نه‌ته‌وه‌کان به‌چاره‌سه‌رنه‌کراوی مایه‌وه.
گرنگترین تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و به‌رخوردی کۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تی سه‌باره‌ت به کێشه‌ی که‌مینه‌کان له‌دوای جه‌نگی دووهه‌مه‌وه تا کۆتایی شه‌ڕی سارد (واته نزیکه‌ی نیو سه‌ده) بریتیبووله قایمڕاگرتنی پره‌نسیپی ده‌ستوه‌رنه‌دان له کاروباری ناوخۆی وڵاتان که له رێککه‌وتنامه‌ی ویستڤالیاوه (ساڵی 1648) به مه‌به‌ستی پاراستنی جوگرافیای وڵاتان چه‌سپێنرا. ئه‌مه‌ش هانده‌رێک بوو بۆ رژێمه سیاسییه‌کان که ئازادانه و بێ‌ترس و سڵه‌مینه‌وه هێز له دژی که‌مینه‌کان و بزووتنه‌وه میللییه‌کان به‌کاربهێنن و هه‌وڵی سڕینه‌وه‌ی شوناسی که‌مینه‌کان بده‌ن. هه‌ربۆیه ده‌توانین بڵێین له‌وماوه‌یه‌دا که جیهان له سه‌قامگیرییه‌کی رواڵه‌تیدا ده‌ژیا چه‌ندین نه‌ته‌وه و که‌مینه له تاریکیدا رووبه‌ڕووی هه‌ڵاواردنێکی سه‌خت ده‌بوونه‌وه و زۆربه‌ی وڵاتان به هۆی کێشه و ململانێی نه‌ته‌وه‌یی و ره‌گه‌زیی و شه‌ڕی که‌مینه و زۆرینه‌وه له‌سه‌ر شوناس له نائارامیدا بوون، له‌مباره‌یه‌وه (کیپ هیندڵ و رۆدلفۆستافنهاگن) گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که له کۆتایی هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی بیسته‌وه تا ساڵی 1991له کۆی 111 کێشه‌ی ناوخۆیی له وڵاتانی جیهاندا 36 کێشه‌یان کێشه‌ی که‌مینه‌کان بوو(9).
له‌دوای شه‌ڕی سارده‌وه که جیهانگیریی سه‌ریهه‌ڵدا و کێشه ناوخۆییه‌کانی وڵاتانی جیهان به هۆی شۆڕسی ته‌کنه‌لۆژی و زانیارییه‌وه ئیدی قابیلی شاردنه‌وه و فه‌رامۆشکردن نه‌بوون و پاشانیش ده‌ستوه‌ردانی ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌کان له کێشه و قه‌یرانه ناوچه‌یی و هه‌رێمییه‌کاندا (وه‌ک شه‌ڕی که‌نداو و شه‌ڕی به‌ڵکان) دۆخێک هاتووه‌ته ئاراوه که وڵاتان و حکومه‌ته‌کان خۆیان بپارێزن له سته‌م و هه‌ڵاواردنی ئاشکرا و سیاسه‌تی قڕکردنی که‌مینه‌کان. له‌ڕاستیدا دۆخێک که جیهانگیری خوڵقاندوویه‌تی بووه‌ته مایه‌ی سه‌رئێشه بۆ گه‌لێک وڵات هه‌ربۆیه زۆرێک له‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که له‌م بواره‌دا په‌رێزیان پاک نییه و ئاماده‌شنین سیاسه‌ته‌کانیان بگۆڕن له‌ژێر ناوی پاراستنی که‌لتوور و شوناسدا دژایه‌تی جیهانگیریی ده‌که‌ن.
هه‌ندێک پێیانوایه که له دوای جه‌نگی یه‌که‌مه‌وه تائێستا سێ تاف له ژیانی گه‌لاندا هاتووه‌ته‌ئاراوه و تیایدا ده‌رفه‌ت بۆ چه‌ندین نه‌ته‌وه ره‌خسا که ده‌وڵه‌تی خۆیان پێکبهێنن. تافی یه‌که‌م دوای جه‌نگی یه‌که‌می جیهان که چه‌ندین ده‌وڵه‌تی نوێ له‌سه‌ر داروپه‌ردووی وڵاتانی ژێرده‌سه‌ڵاتی به‌ره‌ی دۆڕاو به‌تایبه‌ت ئیمپراتۆریای عوسمانی و ئیمپراتۆریای مه‌جه‌رستان ـ نه‌مسا دروستبوون. تافی دووه‌م دوای جه‌نگی دووه‌م که به سه‌رده‌می دروستبوونی بزووتنه‌وه نیشتمانییه‌کانی دژ به کۆڵۆنیالیزم ده‌ناسرێت. تافی سێیه‌م دوای جه‌نگی سارد ده‌گرێته‌وه و تیایدا یه‌کێتی سۆڤیه‌ت و یۆگۆسلاڤیا دابه‌شبوون بۆ چه‌ندین وڵاتی‌تر. له‌هه‌موو ئه‌م تافانهدا کورد ده‌رفه‌تی بۆ ره‌خسا که له سته‌می نه‌ته‌وه‌یی رزگاریبێت چه‌ند ههوڵێکیشیدا وه‌ک راگه‌یاندنی حکومه‌تی خوارووی کوردستان له‌لایه‌ن شێخ مه‌حموده‌وه له ساڵی 1918، راگه‌یاندنی کۆماری مه‌هاباد ساڵی 1946و راگه‌یاندنی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ساڵی 1992 به‌ڵام گه‌لێک هۆکاری ناوخۆیی و ده‌ره‌کی رێگربوون له دروستکردنی ده‌وڵه‌تێک بۆ کورد. هۆکاره ناوخۆییه‌کان ره‌نگه زۆربن و باسێکی تایبه‌ت بێت، به‌ڵام هۆکاره ده‌ره‌کییه‌کان په‌یوه‌ندییان به هاوسه‌نگی هێزه‌وه بووه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا و پێگه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که کوردستانیان به‌سه‌ردا دابه‌شکراوه له‌م هاوکێشه‌یه‌دا. ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی پره‌نسیپی مافی دیاریکردنی چاره‌نووسه که (بۆئه‌وه‌ی ئاشتی له‌نێوان زلهێزه‌کاندا بپارێزین ره‌نگه پێویستبێت که هه‌ندێک ناوچه‌ی نفوز له‌نێوانیاندا دابه‌شبکرێت یان له‌نێوان خۆیاندا بگه‌نه رێکه‌وتنێک بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر زلهێزێک چه‌ند ناوچه‌یه‌کی کۆڵۆنیالکراویان ده‌ستبکه‌وێت)(10).
له چه‌ند مانگی رابردوودا دوو رووداوی گرنگ له ناوچه‌که‌دا سه‌ریانهه‌ڵدا که ره‌نگه ببنه تافی چواره‌م ئه‌ویش یه‌که‌م به‌رپابوونی راپه‌ڕین و شۆڕشی جه‌ماوه‌رییه له وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و دووه‌میش جیابوونه‌وه‌ی باشووری سودانه.. ئه‌مه‌ش وه‌ک پێشتر ئاماژهمانپێیدا ئومێد و هیوای به نه‌ته‌وه و پێکهاته‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه به‌خشی که ده‌وڵه‌ت دروستبکه‌ن، پرسیاره‌که‌ش ئه‌وه‌یه چانس و ده‌رفه‌تی کورد بۆ جیابوونه‌وه و دروستکردنی ده‌وڵه‌ت چه‌نده ئایا کورد ئه‌م ده‌رفه‌ته‌یان ده‌قۆزێته‌وه یا ئه‌میشی له کیس ده‌چێت؟؟!
30/4/2011
سه‌چاوه و په‌راوێزه‌کان:
1. ئه‌نتۆنی گیدنز، جامعه شناسی، ترجمه: منوچهر صبوری قومیت و نژاد ل279
2. شبكه النبأ المعلوماتیه
3. ئه‌نتۆنی گیدنز سه‌رچاوه‌ی پێش‌و
4. د.علی الوردی، وعاڤ السلاگین ، ص 158
الحمراو: مێینه‌ی وشه‌ی احمر عه‌ره‌به‌کان وه‌ک هێمایه‌ک بۆ وشکه‌ساڵی و گرانی به‌کاریانهێناوه که له‌وساڵانه‌دا ئاسۆ سوورهه‌ڵگه‌ڕاوه. مولی: تابع : که‌سانی له‌گه‌ڵ یا سه‌ربه..
5. د. حسین بشیریه جامعه شناسی سیاسی، نقش اقوام و اقلیتهای قومی در سیاست، ل 279
6. ئنته‌رنێت
7. ئیریک هۆبزباوم، عصر امپراتوری، مرگ در راه وگن ملت و ملت گرایی ل 205 – 206 ترجمه ناهید فروغان
8. بیت شموئیل، الاشوریون فی مۆتمر الصلح باریس 1919
9. شبكه النبأ المعلوماتیه
10. فرێد هاڵیدای، ناسیونالیزم له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا، وه‌رگێڕانی د. ئه‌نوه‌ر محه‌ممه‌د فه‌ره‌ج، گۆڤاری سه‌رده‌م ژماره57 ل 180
11. دیمانه له‌گه‌ڵ پرۆفیسۆر عه‌باس وه‌لی، ماڵپه‌ڕی ده‌نگه‌کان
12. ئنته‌رنێت.