ئه‌وه‌ی به رواڵه‌ت له رێگه‌ی شیعره‌كانیه‌وه وێنای شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی بكات، پتر هه‌ر له وێنه‌ی ده‌سه‌ڵاتێكی شیعریی بێوێنه، ده‌ستپێشخه‌ر، هێرشبه‌ر و پتر سه‌ركه‌وتوودا بهرجهستهیدهكات و، كه‌متر خوێنه‌ر به‌لای ئه‌وه‌دا ده‌روات كه ئه‌و كهڵهشاعیره پتر و، لهدڵگیرترین و هونه‌ریترین شیعره‌كانیدا، سه‌ركز(1)و بێپه‌نا و بێهێز خۆی نواندووه و له‌و رێگه‌یه‌شه‌وه دهستیكردووهته لێدانی خاڵه‌كانی لاوازیی به‌رانبه‌ره‌كه‌ی به‌وشێوه‌یه‌ی كه بواری داكۆكی لهخۆكردنیشی بۆ نه‌هێشتووه‌ته‌وه. به بۆچوونی نووسه‌ری ئه‌م چه‌ند دێڕه وردبوونه‌وه له‌م لایه‌نه ده‌توانێ ببێته ده‌روازه‌یه‌كی باشی لێكۆڵینه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی غافڵگیركردنی به‌رانبه‌ر – نه‌ك دوژمن – لای شێخ ره‌زا و، هه‌وڵدانی ئه‌وه‌ی به بنكهنكردنی ئه‌و زه‌مینه‌یه‌ی به‌سه‌ریه‌وه راوه‌ستاوه، ناچاریبكات خۆبهدهستهوهبدات. له‌مرووه‌وه ئه‌م هه‌وڵه ته‌رخانده‌كرێ بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسیارانه: ئایا به‌راستی شێخ ره‌زا شه‌ڕگه‌یه‌كی ئاوه‌های هه‌بووه یان نه‌و!؟و، ئایا رووبه‌ری ئه‌و شه‌ڕگه‌یه هێنده‌بووه كه شایانی ئه‌وه‌بێت حیسابی شه‌ڕگه‌ی بۆبكرێت!؟. گریمانه‌ی ئه‌م نووسینه‌ش ئه‌وه‌یه كه ئه‌وشێوازه، به‌كرده‌وه چه‌كێكی نهێنیی ئێجگار كارای شاعیر بووه و، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زۆریش به‌كاریهێناوه، نه‌یارانی له‌م شه‌ڕگه شیعرییه‌دا، نه‌یانتوانیوه ئه‌و چه‌كه‌ی بدۆزنه‌وه به‌و مه‌به‌سته‌ی كاریگه‌ریی كه‌مبكه‌نه‌وه، یان دژی خۆی به‌كاریبهێنن، ئه‌مه‌ش له ساكارترین شێوه‌یدا ئه‌و راستییه ده‌گه‌یه‌نێ كه شـێخ ره‌زا تاقه‌سواری ئه‌و شێوازه‌ی شه‌ڕ تایبه‌ت بووه كه خۆی دایهێناوه و، هێنده‌ی ده‌ق له بواری شیعری داشۆرین (هه‌جا) له‌به‌رده‌ستی خوێنه‌ری كورددا بێت، پێناچێ كه‌سیدیكه - واته غه‌یری شێخ ره‌زا له‌نێو شاعیران‌دا – په‌ی به‌و رازه گرنگه بردبێت.
"هێستره‌كه‌ی میر"ئامالژهیه بۆئه‌و شیعره‌ی"شێخ ره‌زا"كه، به‌پێی مه‌عنای راسته‌وخۆی شیعره‌كه هێسترێكه، له‌و سه‌رده‌مه‌دا، میری شه‌قڵاوه بۆ شێخ ره‌زای ناردووه و، ئه‌مه‌ی خواره‌وه یه‌كه‌مین"به‌یت"ی ئه‌و شیعره‌یه:
میــر به سـه‌د مننــهت ههنـاردی ئێسـترێكی رووتوقووت
دهسـتوپا سـست و سـهقهت ئه‌ندامی هه‌ر وه‌ك عهنكهبووت (2)
له نوسخه‌كه‌ی (كوردی – مه‌ریوانی)دا به‌مشێوه‌یه چیرۆكی ئه‌م شیعره گێڕدراوه‌ته‌وه:"محمد به‌گی قادر به‌گ، كه قایمقامی رانیه بوو، ئێسترێكی لاواز ده‌نێرێ بۆ تاڵه‌بانی، حه‌مه ئاغای ئاكۆ كه پێده‌زانێ ئێسترێكی چاكتری بۆ ده‌نێرێ، ئه‌مجا ئه‌وی – واته هێستره لاوازه‌كه – نارده‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڵبه‌سته‌دا:، ل 11". دوكتۆر (موكه‌ڕه‌م تاڵه‌بانی)"میر"ی ئه‌و به‌یته به (میری شه‌قڵاوه) ده‌زانێ و مه‌سه‌له‌كه‌ش به چیرۆكی ناردنی ئێسترێكی لاواز له‌لایه‌ن میره‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، به‌ڵام به‌رانبه‌ركێ پێكردنهكهی له ناردنی، به‌رواڵه‌ت، دوو هێستر – یه‌كێكی زیندوو و یه‌كێكی مردوو! – له‌لایه‌ن عادیله خانمی هاوسه‌ری وه‌سمان پاشای جافه‌وه بۆ شاعیر ده‌بینێ (ل 279)، وه‌كو شاعیر له‌م به‌یته و به‌ته‌كانی پاشهوهیدا باسیده‌كات:
ئێســــــتری زیندوو بڵێــــم، بۆم چاكـــه، یا مردووم ده‌وێ
ئیحتیاجـــــــــم زۆره خانــــــم، بابڵێــــم هــهردووم ده‌وێ
تاڵه‌بانی 134
پێده‌چێ، وه‌كو د. تاڵه‌بانی بۆیچووه، هه‌رگیز، وشه‌ی"هه‌ردوو"ی دووه‌مین به‌شی ئه‌م به‌یته په‌یوه‌ندیی به "ئێستری زیندوو و مردوو"ی یه‌كه‌مین به‌شیه‌وه نه‌بێ (ل 134)، چونكه هێستری مردووه "بار"ه نه‌ك "خه‌ڵات"، كه‌واته روونه مه‌به‌ستی شاعیر ئه‌مه‌یه: "خانمم زۆر پێویسته، بۆیه هه‌ردوكیانم ده‌وێ"، به‌ڵام بۆ شاردنه‌وه‌ی مه‌به‌سته‌كه و دروستكردنی"ته‌وریه" وشه‌ی "خانم"ی دواخستووه بۆئه‌وه‌ی وه‌كو قسه له‌گه‌ڵكراو – مخاگب – بێتهپێشچاو، له‌خودی ئه‌م شیعرهشهوه، كه مه‌به‌ستی ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه‌یه، ده‌رده‌كه‌وێ كه شێخ ره‌زا ته‌نانه‌ت هێستری لاوازیشی ناوێ، جا چ جای هێستری مردوو!؟ ئه‌گه‌رچی زانینی داشۆردراو – ههجوكراو – له‌م شیعره‌دا ره‌نگه بۆ زانینی راده‌ی جیددیبوون و نه‌بوونی شاعیر له‌م ههجوهدا و جۆری په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ بابه‌تی شیعره‌كه‌ی پێویستبێت، به‌ڵام مه‌سه‌له‌ی به‌رانبه‌ركێ پێكردنهكه، به‌وشێوه‌یه‌ی لای كوردی – مه‌ریوانی و د. تاڵه‌بانی/دا به‌دیده‌كرێت – ته‌نها بۆ سه‌لماندنی په‌یوه‌ستیی شاعیر به به‌خششی كه‌سانی داشۆردراو یان ستایشكراوهوه هه‌یه و، هه‌ردوو مه‌به‌ستیش له بیرۆكه‌ی بناغه‌یی ئه‌م خوێندنه‌وه‌یه دوورمانده‌خه‌نه‌وه، بۆیه له‌م هه‌ڵوه‌سته كورته به‌ولاوه بهحێیدههێڵین.
ده‌سپێك راسته‌وخۆ، راپۆرتئاسا، رووشكێن و ركوڕهوانه. "میر" پایه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی گرێ‌دراو به هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی ئابووری و، به پێوه‌ری ئه‌و سه‌رده‌مه، سیاسیشه. ئه‌گه‌ر وه‌كو نوسخه‌كه‌ی مه‌ریوانی بۆیچووه قایمقام بووبێت، ئه‌وا به‌رپرسیاریی ناوچه‌یی گهووهی حكوومه‌تیشی دێنه‌پاڵ و، له هه‌ردوو حاڵه‌تیشدا ده‌توانرێ پێشبینیی ئه‌وه بكرێت كه هێزێكی سه‌ركوتكه‌رانه‌ی له‌به‌رده‌ستدابووه. له یه‌كه‌مین به‌یتی ئه‌م شیعره‌دا، به‌م كورتی و پوختییه راپۆرته هه‌واڵی ئه‌م پیاوه خاوه‌نپایه تایبه‌ته راگه‌یه‌ندراوه: "میر به سه‌د مننه‌ت هه‌ناردی ئێسترێكی رووتوقووت". پێكهاته‌كانی ئه‌م هه‌واڵه ئه‌مانه‌ن: "كێ – میر"، "چی – هه‌ناردی ئێسترێك"، "كه‌ی – رابوردوو – هه‌ناردی"، "كوێ – لای میره‌وه بۆلای شاعیر"، "چۆن – به سه‌د مننه‌ت (بۆ چۆنێتیی ناردن)و رووتوقووت (بۆ چۆنێتیی هێستره‌كه)". پێكهاته‌كانی "كات"و "شوێن"، ئه‌گه‌رچی به‌پێی پێویست رووننین، به‌ڵام ئاڵۆزیشنین، چونكه پێده‌چێ هێنده به‌سه‌ر "ناردنی هێستر"هكه له‌لایه‌ن میره‌وه به‌سه‌رنه‌چووه كه پرۆسه‌ی "ناردنه‌وه‌ی هێستره‌كه"، به‌م شیعرهشهوه، بووه‌ته وه‌ڵامی راسته‌وخۆی هه‌ڵوێستێكی ناچاوهروانكراو له میره‌وه. واته "كات"هكه رابوردوویه‌كی نزیكه. شوێنه‌كه‌ش "له شه‌قڵاوه" یان "رانیه"ه‌وه بۆ "كۆیه" یان "كه‌ركووك"ه، كه پتر پێده‌چێ له "شه‌قڵاوه"ه‌وه بۆ "كۆیه" بێت، كه ماوه‌ی نێوانیان هێنده دوورنییه، به پێوه‌ره‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه، به‌ڵام هه‌موو هه‌واڵه‌كه لێره‌دا كۆتاییپێدێت و پاشماوه‌ی ئه‌م شیعره، به دووه‌مین به‌شی ئه‌و یه‌كه‌مین بهیتهشهوه، یان وه‌سفه یان هه‌ڵوێستنواندن، هه‌ڵبه‌ته به توانایه‌كی شیعریی به‌رزه‌وه. هه‌ردوو ئاراسته‌كه‌ش له خزمه‌تی تاقه مه‌به‌ستی بنكهند و مایهپووچكردنی "میر"و پایه كۆمه‌ڵایه‌تی – سیاسی – ئابوورییه‌كه‌ی "میر"دان.
"میر به سه‌د مننه‌ت هه‌ناردی.."، بێپه‌رده ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات میر خۆبه‌خشانه و به‌خواستی خۆی هێستره‌كه‌ی نه‌ناردووه، به‌ڵكو كاریگه‌رییه‌كی ده‌ره‌وه‌ی ناخی خۆی به‌سه‌ره‌وه‌بووه، ئه‌گه‌رچی به‌دڵنیاییه‌وه نازانرێ كاریگه‌رییه‌كه ترسی میره له زمانی شاعیر، حیسابكردنه بۆئه‌وه‌ی خهڵكیدیكه هه‌ن ره‌نگه شتی باشتر بۆ شێخ ره‌زا بنێرن و به‌وه‌ش ئه‌گه‌ر ئه‌م هیچ نه‌نێری ئیدی شاعیر به‌ته‌واوی "تیغی زوبان"ی بۆ له كێلانی ده‌می ده‌ربێنێت و كه‌س نه‌زانێ ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی چبێت بۆئه‌م، یان هه‌ر هۆیهكیدیكهیه. ته‌نها شتی به‌دڵنیاییه‌وه ههڵێنجراو له‌و به‌یته‌وه ئه‌و راستییه‌یه كه هێشتاش "میر" ئاراسته‌یه‌كی دژی خواستی خۆی گرتووه‌ته‌به‌ر، به‌ڵام به‌های "نێردراو" له روانگه‌ی ئه‌م شیعره‌ی "شێخ ره‌زا"وه چییه!؟
هه‌ر له‌و یه‌كه‌مین نیوه‌یه‌ی ئه‌و به‌یته‌دا به‌شێكی ئه‌و به‌هایه ده‌خاته‌ڕوو: "ئێسترێكی رووتوقووت". لێره‌وه خوێنه‌ر ئه‌و بۆچوونه‌ی لاگهلاِڵهدهبێت كه "میر" چاكه‌كه‌ی به "نیوه‌چڵی"هێشتووه‌ته‌وه، به‌ڵام به‌لای شاعیره‌وه ئه‌مه ته‌نها ده‌روازه‌ی ئه‌و وێنه گشتییه‌ی "میر"یش كه شاعیر ده‌یه‌وێ بیخاته‌ڕوو. به‌پێی ئه‌و ده‌روازه‌یه ئه‌و ئێستره ته‌نها "رووتوقووت" نییه به‌ڵكو: "دهستوپا سست و سه‌قه‌ت، ئه‌ندامی هه‌روه‌ك عهنكهبووت"یشه. ههرهێندهش گوترابێت، ده‌بێ به چ جۆرێك بیر له‌و "میر"ه بكرێته‌وه!؟ تائێره، ئه‌گه‌رچی "میر" له سه‌نگه‌ری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی راسته‌وخۆدا نییه، به‌ڵكو بواری شه‌ڕه‌كه‌ش هه‌ر بواری ئه‌و نییه، به‌ڵام شاعیر دووچاری هێرشێكی كوت‌وپڕ، ناچاوه‌ڕوانكراو و هه‌ناسه‌بڕی كردووه. پلانی هێرشه‌كه‌ی شاعیر ته‌نها غافڵگیركردن و كوتانهسهر به‌رانبه‌ر نییه، به‌ڵكو داماڵینیه‌تی له ئه‌گه‌ری به‌خۆداهاتنه‌وه، خۆكۆكردنه‌وه و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێرشه‌كه له روانگه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌رچه‌نده هێرشه‌كه كوت‌وپڕ و به‌ربڵاو و قورسبێت، هێشتاش چه‌ند خاڵێك ده‌مێننه‌وه كه له به‌رژه‌وه‌ندیی هێزی داكۆكیكاردایه، له‌وانه‌ش نهێنییه‌كانی ئه‌و شوێنه‌ی هێرشیكراوهتهسهر، به‌ڵام به‌وردبوونه‌وه له‌م شیعره‌ی شێخ ره‌زا ئه‌و راستییه روونده‌بێته‌وه كه "شه‌ڕگه"كهكهی ئه‌م نه‌ك هه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی جوگرافیایه، به‌ڵكو ره‌نگه له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو مه‌وداكانی وێناكردن و بیركردنه‌وه‌ی "میر"یشدا بێت. ته‌نها به وشه‌ی "هه‌ناردی – ناردی"، نێردراو "ئێستر"ه‌كه‌ش له‌و شوێنه‌دا نه‌ماوه كه میری لێیه و، گه‌یشتووه‌ته قه‌ڵه‌مڕه‌وی ده‌سه‌ڵاته‌كانی شاعیر و، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه ده‌سه‌ڵاته شیعرییه‌كه‌ی. جگه‌له‌مه‌ش، ئه‌م هه‌لومه‌رجه تازه‌یه هه‌لی وردبوونه‌وه‌ی ته‌واوی شاعیر له چه‌كه به‌كارهێنراوه‌كانی خۆی – عه‌یبه‌كانی هێستره‌كه –، به توانای گه‌وره‌تر و زهقتركردنی ئه‌و عهیبانهشهوه، به‌شێوه‌یه‌ك ره‌خساوه كه "میر" ناتوانێ چاودێریبكات. ئه‌وه‌ی له‌م رووبه‌ره‌ی شیعره‌دا رووده‌دات هه‌رگیز توانای"سیخوڕیكردن" یان "سیخوڕدانان" بۆ به‌رانبه‌ر به‌جێناهێڵێ، چونكه ئه‌و شتانه له مێشكدا رووده‌ده‌ن و مێشك/یش بواری دزهبۆكردنی نییه. ئه‌م خاڵی هێزه، هه‌ر له یه‌كه‌مین چركه‌ی غافڵگیری و ده‌سته‌پاچه‌یی به‌رانبه‌ردا به‌ئه‌وپه‌ڕی زیره‌كییه‌وه، له‌لایه‌ن شاعیره‌وه ده‌قۆزرێته‌وه و، شه‌ڕگه‌كه به‌سه‌ركه‌وتوویی ته‌واو و بهئیفلیجكردنی هه‌ر توانایه‌كی به‌خۆهاتنه‌وه و كاردانه‌وه‌ی، ده‌گوازێته‌وه بۆ شوێنی ئه‌و و، له رێگه‌ی خستنه‌ڕووی فلاشباكی مامه‌ڵه‌كردن و ره‌فتاری "میر" له‌گه‌ڵ ئه‌و هێستره و له رێگه‌ی پلانێكی چه‌ند قۆناغی به‌وردی دارێژراوهوه په‌ره به مه‌سه‌له‌ی پیاده‌كردن ده‌دات:
خـاوه‌نی ئالیـكی، ناڵێم، پێـینــهداوه موتڵــهقا
داویه‌تی، ئه‌مما وه‌كو بیسـتوومه، قـووتی (لایمـووت)
پووش له‌لای حه‌ڵوایه حه‌تتا گه‌ر پهڵۆشهی چنگكهوێ
بایده‌دا، لوولـیدهدا، قـووتیدهدا، مانه‌ندی حووت
گه‌رچی ناتوانێ ببـزوێ هێند له‌ڕ و كهمقووهته
دهنكهجۆیێكی نیشانده‌ی، تا قیامه‌ت دێ لـهدووت
تا ئێــــره قۆناغێكی ئه‌و پلانه به‌دیده‌كرێت و، شاعیر زۆر زیره‌كانه ده‌یه‌وێ ئه‌و راستییه بخاته‌ڕوو كه ره‌زیلی و ده‌ستگیرۆیی و قرچۆكیی "میر" زكماكییه و په‌یوه‌ندیی به‌وه‌وه نییه كه ناچاربووه ئه‌و هێستره بۆ شاعیر بنێرێ، به‌ڵكو له سه‌ره‌تاوه هه‌رهێنده "ئالیك"ی پێداوه كه نه‌مرێ و، بۆئه‌وه‌ی نه‌گوترێ شاعیر ئه‌م قسه‌یه‌ی بۆ هه‌ڵبه‌ستووه، به گوتنی "وه‌كو بیستوومه" شایه‌تێكی ناونه‌براو دێنێته نێوانه‌وه و، هه‌ر له‌و شوێنه‌شدا، پاش وه‌رگرتنی ئه‌و شایه‌تییه كورتوپوخته، له شانۆی رووداو دووریده‌خاته‌وه و دێته گۆڕه‌پانی پشكنینی گشتیی ئێستره‌كه یۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شایه‌تییه پشتراستبكاتهوه. به‌ڵام به‌چ شێوه‌یه‌ك ئه‌و ئه‌ركه ئه‌نجامده‌دات!؟ به‌شێوه‌یه‌كی ناراسته‌وخۆی ئێجگار دڵگیر له رێگه‌ی به‌رجه‌سته‌كردنی برسێتیی هێسترهكهوه: "پووش له‌لای حه‌ڵوایه حه‌تتا گه‌ر پهڵۆشهی چنگكهوێ بایده‌دا، لوولیدهدا، قووتیدهدا مانه‌ندی حووت". شاعیر به‌وه‌وه نه‌وه‌ستاوه برسێتیی ناسایی هێستره‌كه بخاته‌ڕوو، به‌ڵكو "پووش" لێبووه‌ته "حه‌ڵوا"و، ته‌نانه‌ت ئه‌و "په‌ڵۆشه"یه‌ی له حاڵه‌تی ئاسایی‌دا به‌هۆی ئه‌ستووری و به‌هۆی دركهكهشیهوه ئه‌وجۆره ئاژه‌ڵه خۆی لێده‌پارێزن، له‌م هه‌لومه‌رجه نائاساییه‌ی برسێتیدا "هێستر"ه‌كه‌ی "میر" به‌و "چێژ"ه نائاساییه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات و، به‌شێوه‌یه‌كی نزیك له ئاهه‌نگ بۆگێڕان ده‌یخوات. ئه‌مه‌ش، به‌وردی ده‌كرێ به (ئاوڕدانه‌وه له سایكۆلۆژیی "ئاژه‌ڵ"ی بێبه‌ش – محروم – له هه‌لومه‌رجه پێویسته‌كانی به‌رده‌وامیی ژیانی ئاسایی) له‌قه‌ڵه‌مبدرێت و، داهێنانێكی ده‌گمه‌نه له‌و بواره‌دا.
یه‌كه‌مین هه‌ڵكشانی وێنه داینهمیكییهكانی به‌رجه‌سته‌كردنی برسێتیی هێستره‌كه له چواره‌مین به‌یتدایه. یه‌كه‌مین به‌شی به‌یته‌كه راسته‌وخۆ و دوور له هه‌وڵی داڕشتنی هونه‌ری و راپۆرتئاسا راستییه‌كی باری هێستره‌كه ده‌خاته‌ڕوو: "گه‌رچی ناتوانێ ببزوێ هێند له‌ڕ و كهمقووهته"، به‌ڵام كرۆكی ئه‌و وێنه‌یه كه له دووه‌مین به‌شی به‌یته‌كه‌دا به‌دیده‌كرێ به‌ته‌واوی له‌سه‌ر بناغه‌ی ئه‌م داڕشتنه راپۆرتئاسایه بنیاتنراوه: "دهنكهجۆیێكی نیشانده‌ی تا قیامه‌ت دێ له‌دووت". شاعیر رۆڵێكی سیحریی به‌و "دهنكهجۆ"یه به‌خشیوه.. رۆڵی به‌خشینی وزه‌ی رۆیشتن (چ رۆیشتنێكیش!؟) به ئاژه‌ڵێك برسێتی بڕستی به‌ته‌واوی لێبڕیوه و له‌ڕ و بێهێزی كردووه تا ئه‌و راده‌یه‌ی ناتوانێ ببزوێ. ئه‌مه به‌رجه‌سته‌كردنی "هێنانه‌دیی مه‌حاڵ"ه له ئاستێكی دیاریكراودا.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له چه‌ند بهیتێكیدیكهی ئه‌م شیعره‌دا شێخ ره‌زا زوومهكه ده‌گوازێته‌وه بۆ لایهنێكیدیكهی هه‌لومه‌رجی گشتیی هێستره‌كه (شوێنه‌واری نه‌خۆشی و ئازاری جه‌سته‌یی)، به‌ڵام ده‌ره‌نجام به‌هێزترین هه‌ڵكشانی وێنه داینهمیكییهكانمان دهخاتهپێشچاو:
پشتی رێش و شـانی زامدار و جـدهو بـوو، ناعیـلاج
چه‌نـد قورووشێكم هه‌بوو، بۆمدا به نه‌وت و عهنزهرووت
مه‌سڵه‌حه‌ت وایـــــه، هه‌تا نهیخواردووم، بینێرمه‌وه
زۆر ده‌ترسـم دهفعـهیێ قووتمبدا، بمكـا بـــه قووت
ســهی فه‌تاحی مه‌یته‌رم رۆژێ به حینجهت(3) لێینـهوی
كـلكی ده‌رهێنا له‌بن، ئهمجـا به ئاسـتهم گوێی بــزووت
شاعیر زۆر به وریایی و، هه‌نگاوبه‌هه‌نگاو به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌ڕوات. له سه‌ره‌تای ئه‌م چه‌ند به‌یته‌وه له‌لایه‌كه‌وه بێباكی و بێبه‌زه‌یی بوونی "میر" به‌رانبه‌ر به‌و "هێستره خراوه‌ته‌ڕوو كه هه‌ر بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیشی بووبا ده‌بوو ئاوه‌ها نه‌با. لهلایهكیدیكهشهوه شاعیر ئه‌و دیارییه‌ی به "به‌ڵا" نه‌ك "خه‌ڵات" بۆخۆی لهقهمداوه. پشت و شانی ئێستره‌كه به‌وشێوه‌یه زامداربووبێت به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه "میر" به هه‌موو توانایه‌كی و بۆ هه‌موو كارێكی قورس به‌كاریهێناوه، به‌ڵام كه ئه‌وشێوه به‌كارهێنانه‌ش بووه‌ته مایه‌ی دروستبوونی ئه‌و برینانه‌ی سه‌ر پشت و شانی هێستره‌كه مه‌سه‌له‌كه‌ی پشتگوێخستووه بۆیه برینه‌كان بوونه‌ته مایه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی نه‌خۆشیی پێست.. كه شاعیریش پاشهكهونی خۆی – پاره‌ی ههڵگیردراو – له‌سه‌ر هێستره‌كه خه‌رجبكات: "چه‌ند قورووشێكم هه‌بوو بۆمدا به نه‌وت و عهنزهرووت"، ئه‌وا نه‌ك هه‌ر قازانجی بۆی نه‌بووه به‌ڵكو بووه‌ته مایه‌ی رووتاندنه‌وه و سه‌رێشه‌ش. هه‌رئه‌م به‌یته‌ی بۆ مه‌سه‌له‌ی ته‌ندروستیی ئاژهڵهكهیه و، له جه‌وهه‌ریشدا هه‌ر له خزمه‌تی به‌رجه‌سته‌كردنی قرچۆكیی میردایه. پاش ئه‌مه دیسانه‌وه هه‌ر ده‌گه‌رێته‌وه سه‌ر برسێتیی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری هێستره‌كه، به‌ڵام له رێگهیهكیدیكهوه:"مهسڵهحهتوایه هه‌تا نهیخواردووم بینێرمه‌وه زۆر ده‌ترسم ده‌فعه‌یێ قووتمبدا، بمكا به قووت". ئه‌م ئاوڕدانه‌وه‌یه له ئه‌گه‌ری په‌ره‌سه‌ندنی درامیی برسێتی بۆئه‌وه‌ی ببێته مایه‌ی كاره‌ساتێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو، به‌ڕواڵه‌ت، پێشوه‌خته و ده‌بوو هێندێك دوابكه‌وێت، پێ ده‌چێ خودی شاعیریش حیسابی بۆئه‌مه كردبێ بۆیه دوابه‌دوای ئه‌مه هه‌ڵكشانی وێنه ده‌گاته لوتكه‌یه‌كی سه‌یر: چ وێنه‌یه‌كی داینهمیكییه ئه‌وه‌ی ئاژه‌ڵێك بگاته ئه‌و راده‌یه‌ی كلكی له‌بن ده‌ربهێنرێ و هه‌موو كاردانه‌وه‌كه‌ی بریتیبێتلهوهی ته‌نها گوێی ببزوێ، ئه‌ویش "به‌ئاسته‌م"!؟ با ئه‌م وێنه‌یه، له مێشكی خۆماندا به بهیتێكیدیكهی ئه‌م شیعره كه پێشتر هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌ئاستدا كراوه، گرێبده‌ین: "گه‌رچی ناتوانێ ببزوێ هێند له‌ڕ و كهمقووهته دهنكهجۆیێكی نیشانده‌ی تا قیامه‌ت دێ له‌دووت"، له‌م پێكهوهگرێدانهوه چ ئه‌نجامگیرییه‌ك ده‌توانرێ بكرێ!؟
به‌ئاسانی، په‌یبردن به نموونه‌یه‌كی ئێجگار سه‌یر و تایبه‌تی ره‌زیلی و قرچۆكی. نموونه‌یه‌ك به‌ئاسانی ناتوانرێ هاوشێوه‌ی به‌دیبكرێت. له هه‌جوی زمانی عه‌ره‌بیدا ئه‌و به‌یته‌ی (اڵاخگل، أبو مالك غیاپ بن غوپ بن الصلت بن گارقه التغلبی 19 – 92 ك، 640 – 710 ز) كه ده‌ڵێ:
قَـومٌ إژا اسـتنبح اڵاچـیافُ كَلبَهُــمُ
قالوا لِأُمِّهِـمُ بُـولی عَلـی النَّـــاڕ
واته:"خه‌ڵكانێكن كه ئه‌گه‌ر هاتنی میوان سهگهكهیانی وهڕاند (بووه مایه‌ی وه‌ڕینی سه‌گه‌كه‌یان)، به دایكیان ده‌ڵێن میز به‌سه‌ر ئاگره‌دا بكه"، به‌لای به‌شێكی زۆری ره‌خنه‌گرانه‌وه به به‌هێزترین به‌یتی هه‌جوی عه‌ره‌بی له‌قه‌ڵه‌مدراوه. با هه‌ردوو به‌یته‌كه شیبكه‌ینه‌وه. خودی تیره‌كه‌ی (جریر، أبو حرزه جریر بن عگیه بن حژیفه الخگفی الكلبی الیربوعی التمیمی 33 – 133 ك، 653 – 750 ز)، كه به‌نی تهمیمن له‌باره‌ی ئه‌و به‌یته‌وه گوتوویانه: "به‌هیچ شتێك ههجونهكراوین كه له‌م به‌یته، بۆ ئێمه، سه‌ختتربێت"، "چه‌ند روویهكیش به‌خۆوه‌ده‌گرێت: له‌نێو گونده‌كاندا به ره‌زیل و قرچۆك ناویبردوون، دایكی خۆیشیان كردووه‌ته ئه‌و كارهكهرهی فه‌رمانی ده‌رخستن و پیشاندانی عه‌وره‌تی خۆیان پێكردووه، واش خستوونیهڕوو كه له‌خه‌رجكردنی ئاویشدا بۆ كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كه هه‌ر قرچۆكبوون بۆیه فهرمانیانپێكردووه به میز بیكوژێنێته‌وه، العسكری، بلا تأریخ، 1/423". هێندێك له مێژوونووس و ره‌خنه‌گرانی ئه‌ده‌ب ئه‌و به‌یته‌یان به‌توندترین هه‌جوی گوتراوی عه‌ره‌ب داناوه (النویری 1424 ك، 2004 ز، 3/257و، إبن منڤور، بدون تأریخ 1 / 416)، لای خودی "جه‌ریر"یش زایه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی هه‌بووه و لێیده‌گێڕنه‌وه كه: "ئه‌و به‌یته زۆری ئازارداوه و گوتوویه‌تی: چه‌ند جۆره هه‌جو و جنێوێكی به‌م به‌یته كۆكردووه‌ته‌وه له‌وانه ره‌زیلیی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر و، ناپه‌سه‌ندترین ئازاردان و پڕكێشی دژی دایك و، پیس و چه‌په‌ڵیی شوینی تێداژیان و، خراپه له‌وه‌ی له‌باره‌ی دایكه‌وه باسیكرد، المبرد 1417ك، 3/116". رهخنهگریدیكهش له‌و به‌یته‌دا ئاماژه بۆ سووكی و هیچوپووچیی خۆیان و دایكیان، له روانگه‌ی خۆیانه‌وه، ده‌كات (العسكری 1406ك، 1/423". شتیدیكهش له‌باره‌یه‌وه گوتراوه، به‌ڵام هه‌ر له سنووری ئه‌و مهعنایانهدا، به‌ڵام ئه‌و به‌یته‌ی شـــێخ ره‌زا چیی گوتووه!؟
رازی گه‌وره‌ی ئه‌و به‌یته له‌وه‌دایه كه كۆششی دابراندنی له بهیتهكانیدیكه زۆر سه‌رناگرێ، پێش هه‌موو شتێكیش له‌به‌رئه‌وه‌ی خودی به‌یته‌كه هێنده كراوه‌یه كه لێكدانه‌وه‌ی ئێجگار زۆر هه‌ڵده‌گرێت و ره‌نگه بۆ شوێنیدیكهی ناپێویست پهلكێشمانبكات، ته‌نها گرێدانی به بهیتهكانیدیكهی شیعره‌كه‌وه سنووره ورده‌كانی مه‌به‌ستی شاعیر ده‌توانرێ دیاریبكرێن. بۆنموونه، نه‌بزووتنی ئه‌و ئاژه‌ڵه، یان "به ئاسته‌م بزووتنی گوێی"، سه‌ره‌ڕای "لهبندهرهێنانی كلكی"، ئایا له نه‌مانی "هه‌ست بهئازاركردن"ه‌وه‌یه، یان له بێبایهخدانانی ئه‌و به‌شه‌ی جه‌سته‌ی، یان له‌ده‌ستدانی كاردانه‌وه‌ی ئاسایی ویست – الاراده – یان په‌ككه‌وتنی شانه تایبه‌ته به‌رپرسه‌كانی هه‌ست به ئازاركردن!؟ بێگومان، هه‌ر یه‌ك له‌م ئه‌گه‌رانه له ههلومهرجیدیكهدا بۆیان هه‌یه راستبن، به‌ڵام له‌م به‌یته‌دا نه‌خێر و، ئه‌مه‌ش ته‌نها له بهیتهكانیدیكهوه ئهنجامگیریدهكرێ. له چواره‌مین به‌یتی ئه‌م شیعره‌دا شاعیر باسی "له‌ڕی و بێهێزیی"ی له‌ڕاده‌به‌ده‌ری هێستره‌كه‌ی كردووه و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش گوتوویه‌تی: "دهنكهجۆیێكی نیشانده‌ی تا قیامه‌ت دێ له‌دووت". له‌و به‌یته‌دا هه‌مان ئه‌و برسێتییه‌ی هێنده له‌ڕ و لاوازیكردووه كه ناتوانێ ببزوێ بووه‌ته مایه‌ی ئه‌وه‌ش كه ته‌نانه‌ت "دهنكهجۆ"یه‌كیشی لابكاته ئه‌و شته هێنده به‌نرخه‌ی خۆی له‌بیربكات و تا ئه‌ودیو سنووری نه‌مان/یش له‌پێناوی وهدهستهێنانیدا هه‌نگاوبنێ. ئه‌مه لایه‌نێكی چاره‌نووسی ئاژه‌لێكی به‌سته‌زمانه، هه‌ڵبه‌ت له روانگه‌ی شاعیره‌وه، به‌ده‌ست خاوه‌نه‌كه‌یه‌وه، دووه‌مین لایه‌نی ئه‌و چاره‌نووسه له‌م بهیتهیدیكهدایه.
هه‌مان ئه‌و برسێتییه‌ی به‌و راده‌یه له‌ڕ و لاوازیكردووه گه‌یاندوویه‌تییه لێواری ئه‌وه‌ی چه‌مكی "جیاوازی"ی نێوان مه‌به‌ست یان شته هاودژه‌كان مه‌عنای خۆی له‌ده‌ستبدات. راسته ئه‌و به‌سته‌زمانه توانای لێكدانه‌وه‌ی نییه، به‌ڵام، به‌گشتی، شێوازێكی تایبه‌تی ته‌عبیركردنی هه‌یه به "كاردانه‌وه" ده‌ناسرێت."هێستر"یش، به‌تایبه‌ت، له‌نێو ئه‌وانه‌ی له ناوچه شاخاوییه‌كاندا زۆری به‌كاردێنن، به‌وه ناسراوه كه كاردانه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر بهپتر له‌ڕاده‌ی ئاسایی ماندووكردنی ده‌گاته ئه‌وه‌ی به"خۆ هه‌ڵدێران له به‌رزایی"یه‌وه خۆبكوژێت، كه‌چی له‌م به‌یته‌دا، نه‌ك به‌هۆی پتر له‌ڕاده‌ی ئاسایی ماندووكردن، به‌ڵكو بۆ كلك له‌بن ده‌رهێنانیش هیچ جۆره كاردانه‌وه‌یه‌كی ئه‌وتۆی لا به‌دیناكه‌ین. ئه‌مه له شیعرێكدا ئاماژه‌ی بۆكراوه كه باس له‌وه‌ده‌كات بۆ بینینی "دهنكهجۆ"یه‌ك لای هه‌ركه‌سێك، تا قیامه‌ت دوویدهكهوێ. ئایا ئه‌و ئاژه‌ڵه به‌سته‌زمانه، له‌م به‌یته‌دا مرۆڤێندراوه – خراوه‌ته پێستی مرۆڤه‌وه –و، ئیدی ئه‌وه‌ی بۆ روونبووه‌ته‌وه كه "مان"و "نه‌مان"ی جیاوازییه‌كی ئه‌وتۆیان نییه و "له‌ده‌ستدانی كلك"ی هه‌ر هێنده ده‌هێنێ ته‌نها "به‌ئاسته‌م" گوێی بۆ ببزوێنێ، وه‌كو ئه‌وه‌ی بڵێ: "ئه‌وه‌ش نه‌ما"، وه‌كو هه‌موو ئه‌و شتانهیدیكهی كه پێشتر نه‌مابوون: "قه‌ڵه‌وی – ته‌ندروستی"، "هێز و تین"، "شان و پشتَێكی ئاسایی و بێبرین"، "توانای بارهه‌ڵگرتن"و، ته‌نانه‌ت توانای رۆیشتن و غاردان و.. تاد.
هه‌ر له سنووری ئه‌م شیعره‌دا، ئه‌و كاردانه‌وه نائاساییه‌ی هێستره‌كه ده‌توانرێ به‌وشێوه‌یه‌ش لێكبدرێته‌وه ئه‌وه ئه‌وپه‌ڕی وزه‌ی ئه‌و ئاژه‌ڵه‌یه به‌رانبه‌ر به‌وه‌ی به‌سه‌ریدا هێنراوه. به‌مه‌ش شاعیر ده‌یه‌وێ ئه‌وه رابگه‌یه‌نێ كه "میر"، به ره‌فتاری ئاسایی به‌رانبه‌ر به‌ئه‌م ئاژه‌ڵه، سه‌ره‌ڕای هه‌وڵدانی شاعیر بۆ چاكردنه‌وه‌ی به "نه‌وت و عهنزهرووت"، هێستره‌كه‌ی به‌وڕاده‌یه گه‌یاندووه‌ته لێواری مه‌رگ كه به‌رانبه‌ر به كاره‌ساتێكی گه‌وره‌ی وه‌كو "كلك لهبندهرهێنان" ته‌نها توانای "به‌ئاسته‌م بزووتنی گوێ"ی ماوه، كه‌واته ئه‌مه چ تراژیدیایه‌كه بۆ ئاژه‌ڵێكی به‌سته‌زمان به‌ده‌ست كه‌سێكه‌وه هیچ حیسابێكی بۆ ئه‌وه‌ش نه‌كردووه كه چه‌ندی خزمهتكردووه و چه‌ند به كهڵكیهاتووه. هه‌ڵبه‌ته، به ره‌چاوكردنی ئه‌وه‌ی شێخ ره‌زا ته‌نها ئه‌م هێستره‌ی، له سه‌رجه‌می ئه‌و شتانه‌ی "میر" ره‌فتاری له‌گه‌ڵ كردوون، له‌به‌رده‌ستدایه ئه‌و به‌سته‌زمانه‌ش ئه‌مه حاڵیه‌تی، ده‌بێ ره‌فتاری هه‌مه‌لایه‌نه‌ی "میر" چۆنبێت!؟
ئێستا، پاش ئه‌م شیكردنه‌وه خێرایه‌ی ئه‌و به‌یته‌ی شیعره‌كه‌ی شێخ ره‌زا، ئه‌گه‌رچی ته‌نها له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌یتێكی پێشووتر ئه‌نجامدراوه و هێشتا به‌یتی پاش ئه‌مه‌ش ماوه، ده‌بێنین رهزیلییهكهی تیره‌كه‌ی جه‌ریر، كه به‌نی ته‌میم/ن له روانگه‌ی به‌یته شیعره‌كه‌ی (الاخگل)ه‌وه، ته‌نها بۆ میوان به‌وشێوه‌یه ره‌زیلن، كه‌چی "میر" له گرنگترین مه‌سه‌له‌ی چاره‌نووسسازی خۆی، كه راپه‌رێنه‌ری هه‌موو كاروباره گرنگه‌كانیه‌تی، هه‌ر ره‌زیل و قرچۆكه و، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی مرۆڤـ ده‌گاته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی، به‌پێی پێوه‌ره‌كانی ئه‌م شیعره‌ی شێخ ره‌زا، ته‌نانه‌ت گومان له هۆشمه‌ندی و دامه‌زراویی كه‌سایه‌تیی "میر"یش بكات، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و بتوانێ به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو و دروست به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی هه‌ڵبسه‌نگێنێت نابێ به‌وشێوه‌یه له‌گه‌ڵ یه‌كێك له گرنگترین پێویستییه‌كانی ئه‌و سه‌رده‌مه ره‌فتاربكات. ئه‌مه‌ی "میر"، به هه‌موو مه‌عنایه‌ك "له‌قه له به‌ختی خۆدان"هو، ناكرێ له عه‌قڵێكی دروست و بارێكی ده‌روونیی دامه‌زراو و ئاساییه‌وه هه‌ڵقوڵابێت. به‌و هه‌لومه‌رجه عه‌قڵی و ده‌روونییه نائاساییه‌ش ناتوانرێ باس له ره‌فتاری دامه‌زراوی "میر" له‌گه‌ڵ هیچكه‌س و شتێكی ده‌وروبه‌ری بكرێت و، عه‌ره‌ب گوته‌نی: "حَدِّپ ۆ لا حَرَج"ده‌بێته پێوه‌ری راسته‌قینه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ر ره‌فتارێكی "میر". لهلایهكیدیكهشهوه، ئه‌و به‌یته‌ی "اڵاخگل"دا كۆمه‌ڵ "تیره"یه‌ك ده‌بێته مایه‌ی نائومێدكردنی كه‌سێك و، له‌مه‌ی شێخ ره‌زادا تاكه‌كه‌س ده‌بێته مایه‌ی كاره‌ساتی تراژیدی بۆ هه‌موو ده‌وروبه‌ری ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی. له‌م به‌یته‌دا ناتوانرێ به راستی پێشبینیی ئه‌وه بكرێت تا چ راده‌یه‌ك ئه‌گه‌ری قووڵبوونه‌وی تراژیدیی تاك – با ئاژه‌ڵیش بێت –و كۆمه‌ڵیش هه‌یه، چونكه ره‌فتاری نائاسایی گرێ‌دراو به باری عه‌قڵی و ده‌روونیی نائاساییه‌وه هه‌میشه په‌یوه‌ندیی به هه‌ڵكشانی كاریگه‌ریی ده‌وروبه‌ر و هه‌لومه‌رجی ده‌روونیی ناوه‌وه هه‌یه. بۆیه هه‌میشه ئه‌گه‌ری ئه‌وه له ئارادایه ئه‌و كاریگه‌رییانه‌ی ناو و ده‌ره‌وه ره‌فتاره‌كه بگه‌یه‌ننه ئاستگهلێكی ناچاوه‌ڕوانكراو.
له‌دوا سێ به‌یتی ئه‌م شیعره‌دا رووبه‌ڕووی سێ ئاراسته‌ی جیاواز ده‌بینه‌وه: درێژه‌دان به گیانی گشتیی شیعره‌كه، واته ره‌فتاری ناله‌باری میر له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاژه‌ڵه، هێنانه‌ناوه‌وه‌ی كه‌سێك – حاجی ئه‌حمه‌د ناوێك – كه هیچ له‌باره‌ی خۆی و هۆی ئاماده‌كردنی له‌م گۆڕه‌پانه‌دا چییه و، نواندنی سه‌ركزی و "بێوه‌ی"بوونی خۆی – شاعیر – كه له سه‌رجه‌می ئه‌م شیعره‌دا، بێجگه‌له دوا دوو به‌یت، هه‌ر له حاڵه‌تی هێرشكردندا بووه. له‌درێژه‌دان به گیانه گشتییه‌كه‌ی ئه‌م شیعره‌دا شێخ ره‌زا رووبه‌ڕووی لایه‌نێكی شاراوه‌ی خه‌سڵه‌ته گرنگه‌كانی ئه‌و ئێسترهمان ده‌كاته‌وه كه هه‌ر ئه‌و ره‌فتاره نائاساییه‌ی "میر" بووه‌ته هۆی خه‌فه‌كردن و داپۆشینی، ئه‌مه‌ش ئه‌و به‌یته‌یه:
گـه‌ر قه‌ڵـه‌و بێ ئه‌م ئهجننـه نێـره تهسـخیرناكـــرێ
غه‌یـری چه‌ند ده‌روێشی رهففاعی به زه‌بری جه‌لجه‌لووت
لێره‌دا رووبه‌رووی ئه‌گه‌رێكمان ده‌كاته‌وه كه له بناغه‌دا به مه‌رجێكه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ره‌كه نه‌توانینی "تهسخیركردنه، واته كۆنترۆَڵناكرێت، ده‌سته‌مۆ و رامناكرێت و ناتوانرێ بهێنرێته ژێر باره‌وه"، مه‌رجه‌كه‌ش "قه‌ڵه‌وبوونه – گه‌ر قه‌ڵه‌وبێت". ئاسانه سه‌رنجی ئه‌وه بدرێت مه‌رج له‌م شیعره‌دا پێش "ئه‌گه‌ر" خراوه چونكه له‌باربراوه له لایه‌ن "میر"ه‌وه و، به‌له‌باربردنی ئه‌م مه‌رجه ئهگهرهكهش له‌باربراوه. به‌ڕواڵه‌ت ره‌نگه بتوانرێ له‌م به‌یته‌وه ئه‌و ئه‌نجامگیرییه بكرێت كه "میر" به‌مه‌به‌ستی ده‌سته‌مۆ و رامكردنی ئێستره‌كه برسی و لاوازكردووه، بۆیه كاره‌كه‌ی ره‌نگه بهجێبێت، به‌ڵام شێخ ره‌زا بواری سه‌ركه‌وتنی ئه‌نجامگیریی له‌م شێوه‌یه‌ی نه‌هێشتووه‌ته‌وه، چونكه ئه‌گه‌ر ئاوه‌هابێت، ئه‌دی برینی پشت و سه‌رشانی هێستره‌كه بۆچی بووه!؟ كه‌واته ئه‌مه‌شیان هه‌ر به‌مه‌به‌ستی قووڵكردنه‌وه‌ی ئه‌و سته‌مه ده‌گمه‌نه‌یه كه "میر" له‌م ئێسترهی كردووه.
شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌یته پێویسته له‌به‌رئه‌وه‌ی، به‌لای كه‌مه‌وه دوو زاراوه‌ی نائاسایی به‌خۆوه‌گرتووه "ده‌روێشی رهففاعی"و "جه‌لجه‌لووت". هێنده‌ی ئاگام لێبووبێ كه‌س ئاوڕی له لێكدانه‌وه‌ی ئه‌و دوو چه‌مكه نه‌داوه‌ته‌وه غه‌یری مامۆستا "شكور مسته‌فا"(3) . ده‌روێشی رهففاعی ئه‌و ده‌روێشه‌یه كه په‌یڕه‌وی له‌و ته‌ریقه‌ته ده‌كات كه ده‌درێته‌پاڵ (الرفاعی، السید احمد بن السید أبی الحسن الرفاعی/ی له‌دایكبووی گوندێكی سه‌ر به شاری (واسگ)ی عێراق، ساڵی 512ك و، كۆچكردووی گوندی "أُم عُبیده"ی نێوان "واسگ"و "بصره"ی ساڵی 578 كۆچییه)، یه‌كێكه له سۆفی و خاوه‌ن ته‌ریقه‌ته سه‌ره‌كییه ناسراوه‌كانی شه‌شه‌مین سه‌ده‌ی كۆچی. سۆفییه‌كی سلووكی – خاوه‌ن رێوڕه‌سمی عه‌مه‌لی – بوو و پاش وه‌فاتی خۆی پهیڕهویكارانی ته‌ریقه‌ته‌كه‌ی بنه‌ماكانی رێچكه‌كه‌ی ئه‌ویان له سێ كتێبی گرنگدا كۆكرده‌وه ناسراوترینیان به (جمع أپار الشریعه و الحقیقه و الگریقه)یه كه به "البرهان المۆید" ناسراوه و، ره‌فاعی له‌و كتێبه‌دا داكۆكی له پێویستیی پابه‌ندبوونی "ته‌ریقه‌ت"به "شه‌ریعه‌ت"ه‌وه ده‌كات. ناوبراو ئه‌وه‌ی ره‌تده‌كرده‌وه رێبه‌ری هیچ كه‌سێك بێت و، له ژیانی سۆفیگهرانهیدا هه‌میشه بڕوای به‌وه هه‌بوو گومانی خراپ له خۆی بكات و، له به‌رانبه‌ریشدا به‌رانبه‌ر به خودا گومانی هه‌میشه باشبوو و، سه‌باره‌ت به خه‌ڵقیش هه‌ر گومانی باشبوو ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به‌ڕواڵه‌ت خراپه‌شی لێدیتبان. تائێستا خه‌ڵكانێكی زۆر له عێراق و میسر و سوریا و مه‌غریب هه‌ن خۆیان به پهیڕهویكاری ته‌ریقه‌تی ره‌فاعی ده‌زانن، به‌ڵام به‌شێكیان زۆر دووركه‌وتوونه‌ته‌وه له رێچكه بناغه‌ییه‌كه. "جه‌لجه‌لووت"یش له بناغه‌دا "جهلجهلووتییه"یه و، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی ره‌نگه وێنابكرێت چهكامهیهكی شیعرییه و به‌مه‌به‌ستی نزا – دوعا –و پاڕانه‌وه ده‌خوێنرێته‌وه و، له‌نێو بڕوادارانی سۆفیگه‌ریدا، ئه‌گه‌رچی كه‌سانێك هه‌ن به جادووی له‌قه‌ڵه‌مده‌ده‌ن، به‌ڵام پتر به‌په‌سه‌ند ناوده‌برێت. شانبه‌شانی دوعای (حِفڤ البَحر) كه له نزا ناسراوه‌كانی (الشاژلی، أبو الحسن علی بن عبدالله بن عبدالجبار المغربی 571 – 656 كۆچی)یه، به یه‌كێك له‌و دوعایانه دادهدهنرێ كه به‌كاریگه‌ر ناسراون. نازانم بۆئه‌و دوعایه له‌و به‌یته‌دا به پهیڕهویكارانی ئه‌و ته‌ریقه‌ته‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه، چونكه هه‌مووان به‌كاریده‌هێنن و، ناشزانرێ كه‌ی ئه‌و چه‌كامه‌یه دانراوه و هی كێیه، به‌ڵام توێژه‌رانی ئه‌و بواره له‌و بڕوایه‌دان كه له پێنجه‌مین سه‌ده‌ی كۆچی‌دا دانرابێت و، پاشتریش بهیتیدیكهی خراوه‌ته‌سه‌ر و، له‌كۆتایی شه‌شه‌مین سه‌ده‌ی كۆچی‌دا له كتێبی (منبع اصول الحكمه، پاشكۆی كتێبی "شمس المعارف الكبری)ی (البیرونی، ابو العباس احمد بن علی بن یوسف، كۆچكردووی ساڵی 622ی كۆچی) ئاماژه به‌و چه‌كامه‌یه كراوه. پێده‌چێ شێخ ره‌زا هه‌وڵیدابێت ئه‌و گه‌رمی و تینی دهروێشانهیهی لای ده‌روێشانی ره‌فاعی هه‌یه و، ئه‌و كاریگه‌رییه‌ش كه دوعای "جهلجهلووتییه" هه‌یه‌تی ـ له یه‌ك بۆته‌دا كۆبكاته‌وه بۆئه‌وه‌ی هێزی ئه‌و هێستره بخاته‌ڕوو ئه‌گه‌ر ئاوه‌ها به‌ده‌ست "میر"ه‌وه لاواز و زه‌لیل و ریسوانهكرابا.. به‌مه‌ش رووبه‌ڕووی تیرێكی كوشنده‌ی شاعیر ده‌بینه‌وه كه ئاراسته‌ی "میر"ی كردووه.
له نۆیه‌مین به‌یتدا هێنانی نێوی "حاجی ئه‌حمه‌د" له هیچ روویه‌كه‌وه پاساوی نییه. ئه‌م به‌یته له نوسخه چاپییهكاندا به چه‌ندین شێوه‌ی جیاواز خراونه‌ته‌ڕوو (4)و ئه‌و جیاوازییه‌ش لێكدانه‌وه‌كه، تاڕاده‌یه‌ك، ده‌گۆرێت. به‌ڵام به‌و ئاقاره نا كه له هیچیاندا هێنانهنێوانی نێوی "حاجی ئه‌حمه‌د" بكاته مه‌سه‌له‌یه‌كی گونجاو. با به‌یته‌كه له‌سه‌ر بناغه‌ی كۆنترین نووسخه‌ی چاپی (كوردی – مه‌ریوانی/1935، 12) لێره‌دا بخهینهپێشچاو:
ئــه‌م مهتاعه چاكـه هــه‌ر لایق بـه حاجی ئهحمـهده
جووتی پێبكـا هه‌روه‌كو تۆ هـه‌ردوو لنگت كـرد به‌جووت
هه‌موو جیاوازییه‌كان ته‌نها له‌و دوو شوێنه‌دان كه هێڵیان به ژێردا راكێشراوه. ته‌نها له نووسخهكانی مامۆستایان "خاڵ 2003"و "شكور مسته‌فا 2000و 2010"دا ئۆباڵی "جووتكردنی هه‌ردوو لنگ"هكه خراوهتهئهستۆی "حاجی ئه‌حمه‌د"ه‌وه و، ئه‌و داڕشتنه‌ی له‌وێدا ده‌یبینین "زۆرله‌خۆكردن"ی پێوه‌دیاره نه‌ك "ره‌وانی" كه یه‌كێكه له تایبه‌تمه‌ندییه دیاره‌كانی شیعری شێخ ره‌زا. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش به داڕشتنه راسته‌كه بزانین ئه‌وا هیچ شتێك ناگۆرێت و، پێده‌چێ شاعیر پلارێكی نه‌شیاو و نابه‌جێی له كه‌سێك گرتبێ په‌یوه‌ندیی به‌م شیعره‌وه نییه، یاخود ئه‌و په‌یوه‌ندییه شاردراوه‌یه و ئه‌و شیعره هیچی له‌باره‌وه نه‌دركاندووه، جگه‌له‌مه‌ش پێده‌چێ تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه‌كی لابه‌لا بێت به‌و مه‌به‌سته‌ی وشه‌ی "جووت" له‌لایه‌كه‌وه سه‌روای ئه‌و شیعره‌ی پێدهوڵهمهندبكرێت و، لهلایهكیدیكهشهوه جیناسی ته‌واوی نێوان هه‌ردوو "جووت"هكه رازاندنه‌وه‌ی داهێنه‌رانه‌ی بواری ره‌وانبێژیی شیعره‌كه دهوڵهمهندتربكات.
به‌پێی هه‌موو نوسخهكانیدیكه، "میر" ده‌خرێته قه‌فه‌سی تاوانبارییه‌وه، به‌ڵام چۆن!؟ "هه‌ردوو لنگت كرد به‌جووت"ی دووه‌مین به‌شی به‌یته‌كه زۆر به‌ڕوونی باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌و هێستره‌ی ته‌نها "دوو لنگ"ی هه‌یه بۆیكراوهته جووتێك "دوو لنگ"، ئه‌وكه‌سه‌ش كه ئهمكارهیكردووه خودی "میر"ه كه به "تۆ" ئاماژهیبۆكراوه. مامۆستا "شكور مسته‌فا" به لێكدانه‌وه‌ی "لنگی پێ‌بكا به جووت: بیتۆپێنێ یا..، 2000/31، 2010/41" ناڕاسته‌وخۆ مه‌به‌سته‌كه‌ی روونكردووه‌ته‌وه، چونكه مانای "هه‌ردوو لنگ جووتكردن" تۆپاندن نییه. كه‌واته شێخ ره‌زا تۆمه‌تی ئه‌خلاقیشی داوه‌ته‌پاڵ "میر"و، به‌مه‌ش چی ماوه به قوڕبه‌سه‌ره‌ی نه‌كات!؟ كه‌چی لهدوادێڕدا خۆی "سه‌ركز" دهنوێنێنێت و ئۆباڵی ئه‌م سته‌مه‌ش ده‌خاته‌ئه‌ستۆی "میر"ه‌وه، سته‌مێك كه به "لایقی شانی من – شاعیر"و "شایانی شه‌ئنی تۆ – میر"ی نازانێت، به‌ڵام چبكات!؟ به نووكه قه‌ڵه‌مێك هه‌موو شتێك ده‌سڕێته‌وه:
لایقی شانی من و شایانی شـهئنی تــۆ نــهبـوو
چاوه‌كه‌م چیت پێبڵێـم، چارمنییه غه‌یری سـكووت
ئه‌مه"سكووت – بێده‌نگی"یه‌كه‌ی شاعیره سهركزهكهیه!
***
په‌راوێزه‌كان
(1) له‌م شیعره‌شدا هه‌ر شاعیر "سه‌ركز" خۆی ده‌نوێنێ، به‌ڵام وه‌كو ده‌ره‌نجامی ئه‌م كۆششه روونده‌بێته‌وه، ئه‌و لایه‌نه گرنگه "سه‌ركزی" ده‌كاته په‌رده‌پۆش بۆ ئه‌وه‌ی دزهبكاته نێو گرنگترین ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ی "میر" كه لهخستنهڕوویان خۆی ده‌پارێزیت: "مه‌سه‌له‌ی ره‌زیلی – ده‌ستگیرۆیی – ئاسایی و نائاساییبوون له‌ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه"و، به‌مه‌ش بناغه‌ی كه‌سایه‌تیی ئه‌و بنكهندهكات.
(2) له نوسخه‌كانی دیوانی شێخ ره‌زادا كه له‌به‌رده‌ستماندان هه‌ر به‌شێوه‌ی "ئێستر" (كوردی – مه‌ریوانی 1935/11 و12)، (عه‌لی تاڵه‌بانی 1946/10و 11) (تاقانه 1999/2 – 123)، (كاكه‌ڕه‌ش 1999/67)، (مسته‌فا2000/ 31)، (د. تاڵه‌بانی 2001/6 – 277)و (خاڵ 2002/42) هاتووه و، له‌ئه‌مڕۆی كوردستانیشدا هه‌ر وشه‌ی "هێستر" به‌كارده‌هێنرێ.
(3) له هه‌موو نوسخه چاپكراوهكاندا نووسراوه "حوججه‌ت"، "جیججهت"یان"حججهت"، به‌نده ئه‌وه به‌خه‌ڵه‌ت ده‌زانم چونكه هه‌ر یه‌كێك له‌و سێ وشه‌یه بۆئه‌و شوێنه ناگونجێت مه‌گه‌ر به شێوه‌یه لێكبدرێته‌وه كه مامۆستا شكور مسته‌فا به "ته‌وژم" لێكیداوه‌ته‌وه" دیوانی شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی/41"و، هێنده‌ی ئاگاداربم وشه‌ی "حوججه‌ت" له‌چ ناوچه‌یه‌كی كوردستاندا به‌و مه‌عنایه به‌كارناهێنرێ. له ناوچه‌ی گه‌رمیاندا ئه‌و رسته‌یه به‌ته‌واوی: "به حینجهت لێینهوی"، تا سی، چل ساڵێك پێش ئێستا به‌كارده‌هێنرا به مه‌عنای "به‌هه‌موو هێزی خۆی لێینهوی – واته به‌هه‌موو هێزی خۆی گرتی به‌مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی". شێخ ره‌زا له شوێنیدیكهشدا وشه‌ی ناوچه‌یه‌كی تایبه‌تی به‌كارهێناوه كه ئاوه‌ها خاوه‌ن ده‌لاله‌تی به‌هێز بووبێت و، له ناوچهكانیدیكهدا هیچ به‌دیلێكی هاوشێوه‌ی نه‌بووبێ، بۆنموونه:
گـه‌ردوون سـنكیكـردم و هێنامیــه كۆیێ
میوانی له‌كن مامـه غهفـوری لهجهرم كـرد
كه ئه‌و وشه‌ی "سنك"ه له زۆربه‌ی نوسخهكاندا به‌شێوه‌ی "سنگ" یان "سینگ" نووسراوه و،"سنك"یش دارێكی تاڕاده‌یه‌ك درێژه ته‌وقی ملی سه‌گی پێوه‌ده‌كرێت بۆئه‌وه‌ی سه‌گه‌كه‌ی پێناچاربكرێت به دووی ئه‌و كه‌سه‌دا بڕوات كه رایده‌كێشێت و، درێژیی داره‌كه‌ش بۆئه‌وه‌یه سه‌گه‌كه هێنده دووربێت كه راكێشهرهكهی گڵاونهكات. به‌گشتی "سنككردن" دركهیه به‌مه‌به‌ستی "په‌لكێشكردن بۆ سووكایه‌تی پێكردن".(3) بڕوانه (شكور مسته‌فا 2010، 41)، به‌داخه‌وه هه‌ردوو لێكدانه‌وه‌كه پشتی به زانیاریی سه‌رزاره‌كی و راگوزاری به‌ستووه و به‌مشێوه‌یه‌ن: "ره‌فاعی: ئۆلێكی ده‌روێشیی عه‌ره‌بانه، ده‌روێشیان سه‌ریان گه‌رمه و مار و دووپشك و ئاور ده‌خۆن. جه‌لجه‌لووت: جهلجهلووتییه: دوعای بهپرتهپرتی جادووگه‌ر و كوڵهنانی له دیوانهكاندا"، به‌ڵام راستیی لێكدانه‌وه‌ی هه‌ردوو چه‌مك گه‌لێك له‌مه‌ی ئێره دوورن. له‌سه‌ره‌وه لیكدراونهتهوه و ناكرێ دووباره‌بكرێنه‌وه.
(4) هه‌موو جیاوازییه‌كانی نووسخهكان په‌یوه‌ندییان ته‌نها به دوو وشه‌ی دووه‌مین به‌شی بهیتهكهوه هه‌یه، لای نوسخه چاپه‌كه‌ی چاپخانه‌ی مه‌ریوانی به‌م شێوه‌یه‌ن "تۆ"و "لنگت" ل12، لای شێخ عه‌لی "جوت"و "لنگت" نووسراوه، كه دیاره وشه‌ی "جوت" هه‌ڵه‌ی چاپه و "خۆت"ه، به‌ڵام مامۆستا ئومێدی كاكه‌ڕه‌ش ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ی به‌هه‌مانشێوه نووسیوه‌ته‌وه "1999/67), د. موكه‌ڕه‌م به "خۆت" راستیكردووهتهوه. لای خوالێخۆشبوو "خاڵ 2003/42"، "خۆی"و "لنگی"ن و، لای مامۆستا شكور مسته‌فاش"2000/31و 2010/41"، "تاوه‌كو چۆن"و "لنگی"ن.
سه‌رچاوه‌كان
1. إبن منڤور (محمد بن مكرم المصری اڵافریقی)، لسان العرب، دار صادر، بیروت، گ 1 بلا تأریخ.
2. تاقانه (ئه‌حمه‌د)، شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی.. كه‌ڵه شاعیری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر، چ 1، 1999.
3. تاڵه‌بانی (د. موكه‌ڕه‌م)، شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی.. ژیانی، په‌روه‌رده‌ی، بیروباوه‌ڕی و شیعری، ده‌زگای ئاراس، هه‌ولێر، چ 1، 2001.
4. خاڵ (شێخ محه‌ممه‌د)، دیوانی شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی (كۆكردنه‌وه و لێكدانه‌وه)، ئاماده‌كردنی بۆ چاپ: ئومێد ئاشنا، بهرێوهبهرێتیی چاپ و بڵاوكردنه‌وه، سلێمانی، چ 1، 2003.
5. الزبیدی (مرتچی)، تاج العروس من جوهر القاموس، دار الهدایه، تحقیق: مجموعه من المحققین، بلا تأریخ.
6. الگالبانی (علی)، دیوانی شیخ رچای تالـــهبانی (كۆكردنه‌وه و چاپكردن)، چاپخانه‌ی مه‌عاریف، به‌غدا 1946.
7. العسكری (أبو هلال الحسن بن عبدالله بن مهران)
8. دیوان المعانی، دار الجیل، بیروت، بلا تأریخ.
9. كتاب الصناعتین.. الكتابه والشعر، تحقیق: علی محمد البجاوی ومحمد أبو الفچل إبراهیم، دار المكتبه العصریه، بیروت، 1406هـ، 1986م.
10. كاكه‌ڕه‌ش (ئومێد)، دیوانی شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی (ئاماده‌كردن، په‌راوێز دانان و پێشه‌كی بۆ نووسین)، له بڵاوكراوه‌كانی پرۆژه‌ی هاوسه‌ر، چاپخانه‌ی سه‌ركه‌وتن، سلێمانی، 1999.
11. كوردی – مه‌ریوانی، دیوانی شێخ رچای تاڵه‌بانی، چاپخانه‌ی مه‌ریوانی، به‌غدا، 1935.
12. المبرد (أبو العباس محمد بن یزید)، الكامل فی اللغه و اڵادب، تحقیق: محمد أبو الفچل إبراهیم، دار الفكر العربی، دار الفكر العربی، القاهره، گ3، 1417هـ - 1997م.
13. مسته‌فا (شكور)
14. دیوانی شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی (ساغكردنه‌وه و شه‌رح)، ئاماده‌كردنی: كۆڕی زانیاریی كوردستان، بڵاوكراوه‌ی ئاراس، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، هه‌ولێر، چ 1، 2000.
15. دیوانی شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی (ساغكردنه‌وه و شه‌رح)، ده‌زگای ئاراس، چاپخانه‌ی ئاراس، هه‌ولێر، چ 1، 2010.
16. النویری (شهاب ا‌لدین أحمد بن عبدالوهاب)، نهایه الارب فی فنون اڵادب، دار الكتب العلمیه، بیروت، گ1، 2004م.