www.govarikoch.com
وشەی مامۆستا لە چییەوە هاتووە؟
دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز
وشەی (مامۆستا) لە (ماموەستا)وە هاتووە. واتە دوو وشەی لێکدراوە (مام + وەستا). مام بۆ ڕێزە و وەستاش بۆ یەکێ بەکاردێنرێ، لە کارەکەیدا دەسڕەنگینبێ و شوێنکارێ بەڕێوەبەرێ، شاگردێ یا چەن شاگردێکی لەبەردەسدابێ، وەک وەستای ئاسنگەر، وەستای دارتاش، وەستای فیتەر … یا کارێکی دیکە بکا، پێویستی بە شوێنکار نەبێ، وەک وەستای گەچکاری، وەستای خشتدانان، وەستای لبغ … ئەمەش لە بنەڕەتدا، لە پیشەکانەوە وەرگیراوە، لەبری ناوەکەی خۆی بۆ نموونە (مام عەلی تەنەکەچی، مام رەحیمی ئاسنگەر، مام نەریمانی دارتاش) ئەو (3) وشەیە کورتکراوەتەوە. پاشان (ماموەستا) لە قسەکردن و دواتریش لە نووسیندا، بۆ (مامۆستا) گۆڕاوە. چونکە لە زمانی کوردیدا، زۆربەی ئەو وشانەی (وە)ی تێدابووە، وردەوردە گۆڕاوە، پیتی (ۆ) جێی بە جووتە پیتی (و + ە) لەقکردووە و ئەم زاراوە نوێیەی لێ پەیدابووە، ئەمەش لە زۆربەی ئەو وشانەدا بەدیدەکرێ، کە بە ئەو شێوەیە گۆڕاون. بۆ نموونە: (بڵاوبۆتەوە: بڵاوبووەتەوە، کردۆتەوە: کردووەتەوە، ڕووناکبۆتەوە: ڕووناکبووەتەوە، ڕوونبۆتەوە: ڕوونبووەتەوە، تێهەڵچۆتەوە: تێهەڵچووەتەوە، گلیدابۆوە: گلیدابووەوە، گەڕابۆوە: گەڕابووەوە، لەکۆڵبۆتەوە: لەکۆڵبووەتەوە، مۆڕبۆتەوە: مۆڕبووەتەوە، بیرچووبۆوە: بیرچووبووەوە، دامەزرابۆوە: دامەزرابووەوە، جیابۆتەوە: جیابووەتەوە ..) (2) بە کێ دەڵێن مامۆستا؟!
(مامۆستا) زاراوەیەکە، بۆ نێر و مێ بەکاردێنرێ، هیچ هەڵەش نییە، هەرچەندە هێندێ کەس دەڵێن: (مام وەستا) بۆ نێر و (پور وەستا)ش بۆ مێ دەبێ! بەڵام ئەم بۆچوونە ڕاست نییە. لەبەرئەوەی زمانی نووسینی کوردی، وەک زمانی عەرەبی نییە، جیاوازی لە نێوان نێر و مێدا هەبێ، جگە لە هەردوو خواردیالێکتی هەورامانی و باینانی نەبێ، ئەوانیش زمانی نووسین نین. بە ئەو شێوەیەش بێ، هێندەی دیکە، زمانەکەمان تێکدەدا!
چۆن مامۆستاکان لە یەکدی جیادەکەینەوە؟
لە زمانی کوردیدا، هەر کەسێ لە هەر بوارێکی خوێندن و پەروەردە و زانستدا کاریکرد، هەر پێی دەڵێن: مامۆستا. چونکە زمانی کوردی، وەک زمانی عەرەبی نییە، هەم هێندە زاراوەی جیاوازی بۆ هەر قۆناغێکی خوێندن هەبێ، هەم جیاوازی نێوان نێر و مێی تێدابێ. بۆ نموونە: مامۆستای سەرەتایی بە عەرەبی (موعەلیم – موعەلیمە)، مامۆستای ناوەندیی و ئامادەیی (مودەڕیس – مودەڕیسە) و مامۆستای زانکۆش (ئوستاز – ئوستازە) وەردەگرن.
لەبەرئەوە، لە زمانی کوردیدا، مامۆستا بۆ هەموو قۆناغەکانی خوێندن بەکاردێ، بەڵام پێویستە، جۆر و پلەی خوێندن و خوێندنگەکە، لە دوای وشەی مامۆستاوە دیاریکرێ. بۆ نموونە: مامۆستای سەرەتایی، مامۆستای ناوەندیی، مامۆستای ئامادەیی، مامۆستای پەیمانگە، مامۆستای زانکۆ. مامۆستا دەبێ، ئەو قۆناغەی خوێندنی تەواوکردووە، بڕوانامەی هەبێ، لە یەکێ لە دەزگەکانی خوێندن و پەروەردەدا کاربکا، ئینجا پێی دەڵێن: مامۆستا. بەڵام بە داخەوە، ئێستە جگە لە ئەوەی، لەنێو بازاڕەکان و لەنێو کۆمەڵی کوردەواریدا، وشەی مامۆستا بە شێوەیەکی بەربڵاو بڵاوبووەتەوە، بە هەڵە بەکاردێنرێ و بە هەموو کەسێکیش دەڵێن: مامۆستا! ئەمەش چەن هۆیەکی هەیە:
1.بۆ ڕێزگرتن لە کەسێکی خاوەن کەسایەتی ناسراو یا نەناسراو.
2.بۆ کەسێکی بە تەمەن.
3.ڕامیارەکان ئەمەش لە عەرەبەکانەوە فیربوون.
4.پیاوانی ئایینی و سەرکردەی پارتەکانی ئیسلامی ڕامیاری.
5.دەسڕەنگینەکان وەک نووسەر، هۆنەر، هونەرمەند، زمانەوان …
6.هێندێ جاریش بۆ پلارهاویشتن و گاڵتەپێکردن بۆ یەکێ بەکاردێنرێ و پێی دەڵێن: ئاخر مامۆستا وا نابێ! بەڵام واتای ڕاستەقینەی مامۆستا، تەنیا هەر ئەو کەسانە دەگرێتەوە، کاری مامۆستایی دەکەن و لە دەزگەیەکی خوێندندا، وانە دەڵێنەوە. ئەگینا ئەوانی دیکە، ناوی تایبەتی خۆیان هەیە و مامۆستا نین. (3)
مامۆستا و پیاوانی ئایینی
جاران لە (کوردستان)، ئەو پیاوانەی لە مزگەوتەکاندا کاریاندەکرد، وەک بانگدەر، پێشنوێژ، قورعانخوێن و گوتاربێژەکان، یا ئەوانەی لە حوجرەکاندا، مناڵانی کوردیان فێری قورعان خوێندن دەکرد، بە هەموویان دەگوت: مەلا و خۆشیان شانازیان پێوە دەکرد، حوجرەکانیشیان هەر بە ناوی خاوەنەکانیانەوە بوو، وەک حوجرەکانی (مەلا عەبدوڵڵا، مەلا حەبیب، مەلا حەبیب …)، قوتابخانەی کەشتی نوحی مەلا نەجمەدین. کەچی ئێستە ناوی مەلا زۆر کزبووە و خەریکە وردەوردە، بەرەو نەمان دەروا، هەرچیش لە بواری ئاییندا کاربکا، بە مامۆستا بانگیدەکەن! ئەز پێم وایە، بانگدەر، پێشنوێژ، قورعانخوێن و گوتاربێژەکان، هیچیان مامۆستا نین، با بڕوانامەی تایبەتیشیان هەبێ، چونکە لە بواری پەروەردە و خوێندندا کارناکەن، بەڵکوو هەموویان هەر مەلان. بەڵام ئەوانەی پلەیەکی بەرزی تایبەتییان هەیە، پێشەوای ئایینین!
لەگەڵ ئەوەشدا، گەر کەسێ پەیمانگە، یا زانکۆی تەواوکردبێ، بابەتە ئایینییەکانی خوێندبێ، یا بڕوانامەیەکی بەرزی ماستەر و دوکتۆرای، لە بوارێکی دیاریکراوی ئاییندا هێنابێ، لە یەکێ لە دەزگەکانی خوێندندا کاربکا، ئەوا شایانی ئەوەیە، نازناوی مامۆستا وەرگرێ. بەڵام گەر لە ئەو بوارانەدا کارنەکا، مامۆستا نییە!
(4) لە ئەم دواییانەشدا، گرفتێکی دیکە سەریهەڵداوە، ئەویش ئەوەیە، وشەی (ئوستاز)ی عەرەبی زۆر بەکاردێنرێ. لەنێو بازاڕ و لەنێو کۆمەڵی کوردەواریشدا، بە هەموو کەسێ دەڵێن (ئوستاز)، بێ ئەوەی هێندێکیشیان بزانن، واتای چییە! گوایە، ڕێز لە ئەو کەسە دەگرن، بۆیە پێی دەڵێن: (ئوستاز). ئەی باشە، هەر بە ئەو وشە عەرەبییە، ڕیز لە ئەو کەسە دەگیرێ، ئەی ناکرێ، بە کوردی ڕێزی لێ بگرن و بە مامۆستا بانگیکەن؟!!
جارێ برادەرێ لە فەیسبووکدا، کورتیلە گوتارێکی نووسیبوو، باسی (ئوستاز) کردبوو، گوایە لەگەڵ (ئوستاد) جیاوازە، یەکەمین عەرەبی و دووەمیشیان کوردییە. بەڵام لە ڕاستیدا وا نییە، بەڵکوو (ئوستاد)یش هەر لە (ئوستاز)ی عەرەبییەوە وەرگیراوە و هۆنەرە کلاسیکییەکان بەکاریان هێناوە!
* ڕۆژێ لە سەرەی بەردەم فەرمانگەیەکدا، لە ڕیزدا وەستابووم، کوڕێکی لاوی ڕیشن هات، ڕووی دەمی لە پۆلیسەکە کرد و گوتی: (ئوستاز)، من تەنیا پرسیارێکم هەیە، با بچمە ژوورەوە. منیش لەبری پۆلیسەکە، یەکسەر وەڵاممدایەوە و گوتم: جارێ ئەم پیاوە (ئوستاز) نییە، بەڵکوو پۆلیسە. دوومیش ئەم سەرە درێژە دەبینی، تۆش هیچت لە ئێمە زیاتر نییە، فەرموو سەرە بگرە. گوتی: گرنگ نییە، ئەم پیاوە (ئوستازە) یا پۆلیسە، گرنگ ئەوەیە، ئیشەکەم بۆ ڕاییکا. منیش گوتم: لای من زمانەکە، لە ئیشەکەی تۆ گرنگترە! پۆلیسەکەش گوتی: ئەوا ئەم برادەرە، لەجیاتی من وەڵامیدایتەوە، بڕۆ سەرەکەوە. ئیدی بە ناچاری چووە دواوە.
Thursday, September 13, 2018
 Print