دروشمی بریقەدار و ئەستەم
هەڵكەوت عەبدوڵا

زۆری نەماوە بۆ تەواوبوونی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عیراق، بۆیە پێویستە هەڵوەستەیەک لەئاست ئەو دروشمانەدا بکەین، کە لەلایەن لیست و قەوارە جۆربەجۆرەکان و کاندیدەکانیانەوە بەرزکراونەتەوە، تا دەنگدەر وریابێت بەرامبەریان و چاک لە خراپ، واقعی لە خەیاڵ جیابکاتەوە.
دروشمی هەڵبژاردن بەردی بناغەی کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانە، لە ڕێگەیەوە لیست و قەوارەکان و کاندیدەکانیان پەیامێکی کورتی ڕاستەخۆ، بەشێوەی بیرۆکەیەک، ئاڕاستەی دەنگدەر دەکەن، بەمەبەستی سەرنجڕاکێشان و بەدەستهێنانی دەنگی. بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت دروشم واقعی بێت و ڕەنگدانەوەی بارودۆخی بابەتی بێت و هێنانەدیی ئەستەم نەبێت، ئەگینا دەبێتە قسەی بریقەدار و لافیتەی ڕازاوە و ئامڕازی لەخشتەبردنی دەنگدەر.
چاوخشاندنێک بە دروشمەکانی لیست و قەوارەکانی کوردستان و کاندیدەکانیاندا ڕوونی دەکاتەوە، ئەوانە ئەوەندە قەبەن کە دروشمەکانی هەردوو کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمریکا و فەڕەنسا تێدەپەڕێنن.
لەکاتێکدا دەبووایە دروشمەکان، لانی کەم هی ئەوانەی خۆیان بە نوێ و فریادڕەس دەزانن، بێفیز بووایە و دەربڕی ڕاستەقینەی توانای خۆییان بووایە و شایانی جێبەجێکردن بوونایە، چونکە زیادەڕەوی لە داڕشتنی دروشمەکاندا زیانێکی دووسەرەی هەیە، کاتێک دوای هەڵبژاردنەکان دەردەکەوێت نایەنەدی، لەلایەکەوە بێمتمانەیی لای دەنگدەران زیاتر دەکات و بەرامبەر بە دیموکراسی و گرنگیی هەڵبژاردنەکان ڕەشبینیان دەکات، لەلایەکی دیکەوە هەڵگرانی دروشمەکان ڕیسوا دەبن و چیتر خەڵکی باوەڕ بە گفت و بەڵێنەکانیان ناکەن.
مافی هەر لیست و قەوارەیەک و کاندیدێکە ئەو دروشمانە بەرزبکاتەوە کە پێی باشن بۆ بەدەستهێنانی دەنگی دەنگدەر، بەڵام مافی هیچ کامێک لەوانە نییە دروشمی وەها بەرزبکاتەوە کە پەیوەندییان بە هەڵبژاردنەکانی عیراقەوە نییە و واقعی نین و هێنانەدییان ئەستەمە، مافی هیچ کامێک لەوانە نییە درۆ لەگەڵ دەنگدەر بکات و کار بەو پرنسیپە قێزەونە بکات کە دەڵێت: "ئامانج پاساو بۆ ئامڕاز دێنێتەوە".
ئێستا، پێش چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، پێویستە دەنگدەر هوشیار بێت و چاوێک بە دروشمی لیست و قەوارەکان و کاندیدەکانیاندا بخشێنێتەوە، تا دەنگ بەوانە نەدات کە دروشمەکانیان تەنیا ڕیزکردنی وشە و بێ بناغەن و ئاسمان و ڕێسمان لە واقعەوە دوورن، دەنگ بەوانە بدەن کە ڕاستگۆ و واقعین.
دەبێتە جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە، کە دەنگدان بە کەس و لایەنێک بەرپرسیارێتییە و ئاکامەکەشی دەکەوێتە ئەستۆی دەنگدەر، بۆیە پێویستە بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
462 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌       |     Thursday, May 17, 2018
زیاتر
رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش..
خوێندنەوەییەكی سۆسیۆمێژوویی
ئیبراهیم حاجی زەڵمی
لە سەلەفییەتی دەقەوە بۆ سەلەفییەتی جیهادی
حەبیب محەممەد دەروێش
لە بارەی داعش و بونیادگەرایییەوە
ئایندەی سەلەفیگەری پەڕگیر
ن. سەید سادق حەقیقەت
و. هەڵكەوت هەورامی
رات چییه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م سایته‌؟



ژماره   بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
govari koch| All rights reserved © 2010