www.govarikoch.com
عیراق بەرەو كوێ؟
رێبین عومەر
چوارەم خولی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەی عێراق چارەنوسی سیاسی ئەم وڵاتە پڕ كێشمە كێشە سیاسیاسییە دیاری دەكات بە تایبەت لەدوای رووخانی سیستمی بەعس و نەمانی ئەو رژێمە لە 2003 ئەم هەڵبژاردنە جیاوازترینەو بەجۆرێك پانتای مل ملانێو كێشمە كێشە سیاسییەكان تێیدا زیاد بووە، سەرجەم پێكهاتە سیاسییەكانی پێش و لە (كورد و شیعە و سونە و توركمان پەرت پەرت و دابەش بوون) ئەویش بەهۆی قوڵبونەوەی ململانێ سیاسییەكانی نێوخۆیان و دابەش بونیان بەسەر جەمسەرە سیاسییەكانی دنیا دا بەتایبەت جەمسەری ئەمریكی و جەمسەری عەمامەی ئێرانی هیلالی شیعی كە گرەوی مانەوەی خۆیان لەسەر ئەم هڵبژاردنە پەرلەمانییەی عێراق كردووە…. هەر لەم خولەی هەڵبژاردندا (88) هاوپەیمانی و پارتی سیاسی بە (حەوت هەزار) كاندیدی سیاسی كێبڕكێ لەسەر 329 كورسی پەرلەمانی دەكەن كە زۆرینەی كورسیەكان لە بەغدادی پایتەخت كۆبۆتەوە كە 71 كورسییە، سونە و شیعە و كوردیش بگرەو بەردە لەسەر ئەم كورسیاسنە دەكەن.
سۆزی مەزهەبی
لیستە شیعەكانی عێراق كە سۆزی مەزهەبی بەكار دەهێنن بۆ بەدەستهێنانی كورسی چاویان لە 124 كورسیی پەرلەمانییە لە نۆ پارێزگای زۆرینە شیعەی عێراق كە دیارترینیان پارێزگای بەسرەییە، سونەكانیش كە وەك: پاشماوەی دوای جەنگی داعش خۆیان دەبیینەوە چاویان بڕیوەتە 75 كورسی پەرلەمانی لە موصل و دیالە و ئەنبار و صلاحەدین، كورد لە ئێستادا بەكۆڵیك كێشەی سیاسی و دارای قوڵەوە گیرۆدە بووە، بە كۆمەڵێك لیست و پارتی سیاسی جیاوە لە هەرسێ پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان (هەولێر و سلێمانی و دهۆك) ململانێ لەسەر 36 كورسی پەرلەمانی دەكەن، لە كەركوكیش كورد و توركمان و عەرەب و مەسیحیەكان شەڕ لە بۆ بەدەستهێنانی 13 كورسی پەرلەمانی دەكەن، پێشتر كوردەكان زۆرینەی كورسییەكانی ئەو پارێزگاییەیان بۆ خۆیان مسۆگەركردبوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنە بە تایبەت لە دوای كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لە 16 ئۆكتۆبەری 2017 پرۆسەی سیاسی لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم گۆڕانكاری بەسەر هاتووە و هەژمونی شیعەو توركمانە مەزهەبییەكان و عەرەبە توند رەوەكان لەو شارە باڵی كێشاوە، ئەوە سەرباری ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركوك بایكۆتی هەڵبژاردنی كردووە و لە نزیك سنورەكانی هەولێر و كەركوك لەو دیوو خەندەقەكانی شاری پردێ‌ چاودێری گەمەی سیاسی لە پارێزگای كەركوك دەكات، زۆرێك لە شارەزاییان دۆسییەی عێراق لە میدیاكانەوە باس لەوەدەكەن ، ئەم هەڵبژاردنە ئایندەی سیاسی عێراق بە بەهێزی و لاوازی دیاری دەكات، بە تایبەت ئەگەر رەوتە شیعە كانی نزیك لە ئێران دووبارە لەم گەڕەی هەڵبژاردن سەربكەون و حكومەت پێكبهێننەوە ئەوا دووبارە مۆدێلی مالكی شیعی ئێرانی تەوژمی سیاسی خۆی بەسەر عێراق دەسەپێنێ و رۆڵ و كاریگەری ئێران لە عێراق وەك رابردوو زیاد دەكات، ئەوە سەرباری ئەوەی عەبادی كە ئەمریكا پشتیوانی دەكات لەم خولەی هەڵبژاردن لە چوارچێوەی لیستی (نەصر) باس لە ئایندەی عێراقێكی بەهێز دەكات كە دەستی وڵاتانی هەرێمی تێدا بەهێز نەبێت، بەڵكو عێراق خاوەنی بڕیار بێ و رۆڵی میحوەری خۆی دووبارە لە ناوچەكە بگێڕێتەوە.
سیناریۆكانی هەڵبژاردن:
پێدەچێت تەوژمی ئەمریكای كە ئێستا عەبادی سەرۆكایەتی دەكات بەهەر شێوەیەك بێت بە بەستنی هاوپەیمانی نوێ و نزیك بوونەوەی زیاتر لەگەڵ كورد و سونە لە پەرلەمانی عێراقدا نیوە زیاتری دەنگەكان بۆ خۆی مسۆگەر بكاو ببێتە هێزی یەكەمی سیاسی بەوەش هاوڕێ كۆنەكانی ناو پارتی دەعوە پەراوێز بخاو دووركەوێتەوە لە خواستی تاران و خامەنی و حكومەتی یەك ریزی نیشتمانی (سەركەوتنی عێراق) رابگەیەنێت و مۆدێلێكی نوێی سیاسی نوێ لە عێراق پێشكەش بكاو خواستكانی ئەوروپا و ئەمریكا لە عێراق بەدیبهێنێت. دووەم سیناریۆ ئەوەیە كە مالكی و هاوپەیمانی شیعی كە خۆیان لە رەوتە شیعە توند رەوەكان و هێزە میلیشیاییەكانی نێو گردبوونەوەی میللی دەبینێتەوە، بە هاوكاری ئێران دووبارە مالكی بكەنەوە بەسەرۆك وەیزان و بە ئایدیای زۆرینەی حكومەتی یەك دوور لە رێككەوتنی پێكهاتەكان دروست بكەن و هاوشێوەی سیناریۆكانی دەسەڵات لە توركیا مالكی خواستییەتی لە قۆناغی یەكەم سەرۆك وەزیرێكی بەهێز بێ‌ و دواتر لە ئایندە دەست بۆ گۆڕینی دەستور بباو سیستمی پەرلەمانی بگۆڕ بۆ سەرۆكایەتی و خۆشی بكاتە سەرۆكێكی بەهێز لە سێبەری هیلالی شیعی و ویلایەتی فەقێی كۆماری ئیسلامی ئێرانی. ئێستا عێراق لە نێوان دوو رێگەی خواستی نێوخۆی دەنگ دەران و خواستی هەرێمی و جیهانیداییە، ئایندە و دوای 12/05 وەڵامی پرسیارەكان دەداتەوە و شرۆڤە راستەكە ئەو كات دەردەكەون كە عێراق لە دوای ئەم هەڵبژاردنە بەرەو كوێ‌ دەمان بات؟
Thursday, May 3, 2018
 Print