هه‌رێم له نێوان سیستمی كارگێڕیی مه‌ركه‌زیی و لامه‌ركه‌زیدا عه‌بدولقادر محه‌مه‌د ئیبراهیم *
سیستمی مه‌ركه‌زیی یان ناوه‌ندێتی یان سه‌نترالیزم له زانست و هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردندا سیستمێكه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی وڵات و رێكخستنی ئیشوكاری هاووڵاتیان به‌پێی ده‌ستوور یان یاسا رێكخراوه، كه ده‌سه‌ڵاتی بڕیاردان چڕكراوه‌ته‌وه بۆ یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ریی به شێوه‌یه‌كی ستوونی كه به‌پێی هه‌یكه‌لی كارگێڕی له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه شۆڕده‌بێته‌وه.
فه‌رمانه كارگێڕییه‌كان راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه گشتییه‌كان و فه‌رمانگه‌كان و یه‌كه بچووكه‌كانه‌وه جێبه‌جێ ده‌كرێن، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندیی خۆجێی ناوچه‌كه .
سیستمی كارگێڕیی لامه‌ركه‌زیش یان نا ناوه‌ندێتی یان نا سهنتڕاڵیستی، چه‌مكێكه ره‌هه‌ندی كارگێڕیی و دارایی و سیاسی له‌خۆ ده‌گرێت .
جێبه‌جێ كردنی سیستمی لامه‌ركه‌زیی ده‌كرێت له‌ده‌ستووری وڵات‌دا به‌پێی بڕگه و ماده‌ی تایبه‌ت ئاماژه‌ی پێ كرابێت یان ده‌ستووری بۆ هه‌موار بكرێته‌وه، یاخود له‌ئه‌نجومه‌نی یاسادانان به یاسا رێكبخرێت، به پێچه‌وانه‌ی سیسته‌می مهركهزییهوه یه‌كه كارگێڕییه بچووكه‌كانی فه‌رمانگه‌كان و ئه‌نجومه‌نی هه‌ڵبژێردراوی شاره‌وانییه‌كان و خۆجێی ناحیه و قه‌زا و پارێزگاكان ده‌سه‌ڵاتیان پێده‌درێت بڕیار له‌سه‌ر شێوازی به‌ڕێوه‌بردن و بودجه و خه‌رجی و داهات بده‌ن، به له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌ندیی ناوچه‌كه، به‌پێی هه‌لومه‌رجی سیاسی و ئابووریی و جوگرافی و كه‌لتوریی و فه‌رهه‌نگی و مێژوویی له‌پێناوی پێشكه‌شكردنی باشترین خزمه‌تگوزاریی له بواره جیاجیاكاندا.
لا مه‌ركه‌زیی سیستمێكی داتاشراو و رێكخراو نییه، له وڵاتێك بۆ وڵاتێكی تر یان هه‌رێمێك بۆ هه‌رێمێكی تر یان شارێك بۆ شارێكی تر ده‌كرێت جیاوازبێت و به‌پێی پێوستیی ناوچه‌كه ئه‌نجومه‌ن ده‌سه‌ڵاتی یاسایی پێدراوه گۆڕانكاریی له بڕیار و به‌ڕێوه‌بردندا بكات.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌شێك له چاودێرانی سیاسی هه‌رێم پێیانوایه كه وروژاندنی پرسی لامه‌ركه‌زیی زیاتر پرسێكی سیاسییه تا ده‌گات به پرسێكی نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌یی، بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێم، گرنگ دڵسۆزیی و خۆشه‌ویستییه بۆ نیشتیمان و نه‌ته‌وه، له‌كاتێكدا كه هه‌وڵدان بۆ په‌یڕه‌وكردنی سیستمی لامه‌ركه‌زیی بۆته هه‌وڵێكی جیهانی و له زۆربه‌ی وڵاتاندا هه‌وڵی جێبه‌جێكردن و چه‌سپاندنی ده‌درێت، چونكه له سیستمی لامه‌ركه‌زیدا ده‌توانرێت رێگه له قۆرغكردنی ده‌سه‌ڵات بگیرێت و به‌ئاسانیی چاكسازیی كارگێڕیی بكرێت و هه‌وڵ بدرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و نه‌هێشتنی رۆتینی رۆژانه و به‌رقه‌راركردنی دیموكراسی له‌بڕیاردان و به‌خشینی متمانه به فه‌رمانبه‌ر و یه‌كه كارگێڕییه بچووكه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاریی تاك، هه‌روه‌ها پارێزگاریكردنی زیاتر له شوناس و زمان و كه‌مینه نه‌ته‌وه یی و ئاینییه‌كان، گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه له‌نێوان هاووڵاتیان و ده‌سه‌ڵات، به‌رزكردنه‌وه‌ی هه‌ستی به‌رپرسیارێتی هاووڵاتیان بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان.
هه‌ر پرسێك و گرفتێك كه هه‌بێت له شار و شارۆچكه‌كان دا له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی شاره‌كه‌وه بڕیاری لێ ده‌درێت و به‌ئاسانترین شێوه باشترین خزمه‌تگوزاریی پێشكه‌ش ده‌كرێت، بۆیه ئێستا خواستی سیستمی لامه‌ركه‌زیی زۆرترین داوای هاووڵاتیانه و بێ دوو دڵی باشترین بژارده‌یه بۆ به‌ڕێوه‌بردنی شار و شارۆچكه‌كان كه شه‌فافییه‌ت و روونبینی له داهات و بودجه و خه‌رجیی روون و ئاشكرا ده‌بێت له‌به‌رچاوی هاووڵاتیان و دواجار ئاشته‌وایی و خۆشه‌ویستی هاووڵاتیان و ده‌سه‌ڵات گه‌شه ده‌كات و هه‌ستی پابه‌ندبوونی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی لای تاك و كۆمه‌ڵگه زیاتر ده‌كات.
به‌و هیوایه‌ی حزبه كوردستانییه‌كان و دانشتووان به‌هه‌موو بیروڕا جیاوازكان و پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كان له‌سه‌ر پرسه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان كۆك بین و به‌رژه‌وه‌ندیی ناوچه‌كه و كوردستان به‌گشتی بپارێزین و له‌به‌رامبه‌ر به‌رپرسیارێتی ئه‌خلاقی و مێژوویی و ئایینی دابین ده‌بێت و به‌ئه‌مانه‌ته‌وه ئه‌ركی خزمه‌تكردنی هاووڵاتیانمان بگرینه ئه‌ستۆ و هه‌مووان به‌یه‌ك ده‌نگ باشترین سیستمی حوكمڕانی هه‌ڵبژێرین له‌پێناوی ئاشتی و پێكه‌وه ژیان و ئاوه‌دانیی سه‌رجه‌م كوردستان.
* سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری چه‌پكه‌گوڵ
|
213
جار خوێندراوه‌ته‌وه |
Tuesday, July 28, 2020
|
|
|