ڕۆشنبیر، ماناکانی دیکەی سیاسەت و تاوانی ئایدۆلۆژیا
فەرهاد بهێشتی

"سوننەتی چەوساوان و ستەم لێکراوان فێرمان دەکات ئەو دۆخە ناوازە و نائاساییەی تیایدا دەژین، خۆی ڕێسایە." "واڵتێر بنیامین" بێگومان نووسینی بابەتێکی لەم شێوە لە دۆخی هەنووکە یان لە قۆناغێکی دیکەدا دەتوانێت مشتومڕی زۆری لێبکەوێتەوە. چەمکی ڕۆشنبیر و ڕوانینە جۆراوجۆرەکان لەم بارەوە بە درێژایی مێژووی ئەندێشەی مرۆیی هەڵگری کێشمەکێش و ململانێیەکی بەرفروان بووە. دەستپێکی ئەم ئاڵۆزییەش لە پلەی یەکەمدا خودی دەستەواژەی ڕۆشنبیرە... ئەوەی لەسەرەتادا پێویستە تاوتوێ بکرێت، پێناسەیەکی گونجاوە دەربارەی ئەم چەمکە واتە ئەوەی بەشێکی زۆری فەیلەسووفان و ڕۆشنبیران بۆ ساڵانێک پەرژاونەتە سەری و هەوڵییان داوە لە ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانەوە ڕاڤەی بکەن و ڕوونی بکەنەوە. لەپێوەندیدا بەم بابەتەوە دوو ڕوانینی سەرەکی لە ئارادایە کە بەشێوەی بنەڕەتی چەمکی ڕۆشنبیر تەفسیر دەکەن. ڕوانینی یەکەم بریتییە لە بۆچوونی لیبڕاڵیستی و کۆنزێرڤات، کە لەم بارەوە تیۆرییەکانی فرێدریش ڤۆن هایک وەک بەرجەستەترین فەیلەسووف و بیرمەندی لێبڕاڵ لە هەموویان گرینگتر دەنوێنێت. بۆچوونی بەرامبەر بێگومان ڕوانینی چەپ و مارکسیستییە دەربارەی چەمکی ڕۆشنبیر کە بەشێوەی چڕوپڕ پەژاوەتە سەر ئەم گوتەزایە و بەوردی تاوتوێی دەکات، لەم بەشەدا کەسانی وەک مارکس و گرامشی زیاد لەهەمووان ڕۆڵی کاریگەرییان هەبووە، ئەگەرچی کۆمەڵێک بۆچوونی دیکەش بوونیان هەیە کە جیاوازن لەم ڕوانینانە و زیاتر بەشێوەیەکی گشتی و لە ڕوانگەیەکی تایبەتەوە شیکاری ئەم بابەتە دەکەن و لەوانەش دەتوانین ئاماژە بدەین بە فرانسوا شاتلێ (François Châtelet) کە لە وتارێک لەژێر ناوی ڕۆشنبیر و کۆمەڵگا1 دا ئەم چەمکە بە سێ شێوە ڕاڤە دەکات و سێ نموونە وەک نموونە مێژووییەکانی ڕۆشنبیر بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم بابەتە دەستەبژێر دەکات. یەکەم سۆفەستاییەکانن کە لە سەدەی پێنجی زایینی لە یۆنان دا بە "دەنگێکی پتەو و کاریگەر" و چالاکانە ئامۆژگاریی خەڵک دەکەن و لەڕێگەی دامەزراندنی قوتابخانەوە منداڵانی چینە جۆراوجۆرەکان بۆ داهاتووی دیمۆکراسی یۆنانی پەروەردە دەکەن.
وەک نموونەی دووهەم باس لەو بیرمەندانە دەکات کە لە سەدەی هەژدەهەم لە فەڕەنسا و ئێنگلیزدا لەژێرناوی "فەیلەسووف" دا لەدژی نەریت و ئامۆژگارییەکانی کڵێسە و بەگشتی ئایین ڕاپەڕیتن. ڕەنگە لێرەدا تەنیا خاڵی هاوبەشی ئەم بیرمەندانە ڕق و تووڕەبوونیانە بەنیسبەت ئەو ڕابردووەی کە سەردەمی هاوچەرخی خنکاندووە. ئەگەرچی مێژووی ئەندێشە هەندێجار ئەمانە لەژێرناوی نووسەر و هەندێجاریش وەک فەیلەسووف ناو دەبات بەڵام بە باوەڕی شاتلێ ئەمانە بەگشتی شتێک نین جگە "ڕۆشنبیر". لە ئەنجامدا باس لە نموونەی هاوچەرخ و سێهەمی ئەم چەمکە دەکات و بڕگەیەکی مێژوویی تایبەت واتە ساڵانی 1934 و 1935 لە دێمۆکراسییە ڕۆژئاواییەکاندا و سەرهەڵدانی کەسانێک کە خۆیان بە "ڕۆشنبیر" یاخود (Intellectual) پێناسە دەکەن.
جگە ئەمجۆرە ڕوانینە گشتییانە ئەوەی لەم نووسینەدا باسی دەکەین یەکەم چەمکی ڕۆشنبیرە لە ڕوانگەی هایکەوە وەک ناسراوترین فەیلەسووفی لیبڕاڵ. بەباوەڕی هایک ڕۆشنبیران بەشێک لە چینی بورژوازی کۆمەڵگای سەرمایەدارین کە لە بەندی هەوڵ و تێکۆشانی ئابووری و داهێنانە پیشەییەکان ڕزگار کراون بۆ ئەوەی بەسەر "گەمژەیی" جەماوەردا سەربکەون و ئەڵترناتیڤێکی باشتر و گونجاوتر بۆ ژیانیان دەستنیشان بکەن. هایک لە کتێبی دەستووری ئازادی2 دا جەغد لەوە دەکاتەوە کە دەبێت ڕۆشنبیران بۆ جەماوەر بەگشتی و پرۆلێتاریا بەتایبەتی ڕوون بکەنەوە کە درێژەدان بە ژیانیان گرێدراوە بە پاراستنی سامان و دارایی چینی بوورژواوە و بەم پێیە دەبێت جەماوەر هەوڵ بۆ دەوڵەمەندترکردنی چینی باڵادەست و خاوەن کار بدات بۆ ئەوەی ژیانی خۆی لەژێر کاریگەریی دەسەڵات و ژیری و کارامەیی ئەواندا گەرەنتی بکات. هایک دەڵێت: "ڕۆشنبیران دەبێت چینی هەژار و ڕەشوڕووتی ڕابردوو کە ئەمئێستاکە لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا وەک مووچەخۆر و دەنگدەر دێنەهەژمار قەناعەتییان پێ بهێنن کە بەرژەوەندییان لە بەردەوامی ئەو دەستوورە باو و دەسەڵاتدارەدایە". ئەوەی زیاتر لە گوتاری هایکدا بۆمان دەردەکەوێت ئەوەیە کە لەڕاستیدا ڕۆشنبیر بە فەیلەسووفی سیاسی پێناسەدەکات و سنووری ڕۆشنبیری لەگەڵ نوخبەی سیاسیدا جیا ناکاتەوە. بەمجۆرە هایک ڕۆشنبیرانی بۆرژوا یاخود فەیلەسووفانی سیاسی لەژێرناوی "ئیدئۆلۆگە بۆرژوازییەکان" دا ناودەبات و بنیاتنانی "عەقڵی گونجاوی" نوێ وەک ئەرکی سەرەکییان فۆرمولە دەکات. واتە شتێکی جیاواز لەگەڵ ئەوەی بلوکی مێژوویی پاش جەنگ لەژێر کارتێکەریی هێژمۆنی سۆسیال دێمۆکراسیدا سەری هەڵدا. بەپێی ئەم تیۆرییە دەبێت ڕۆشنبیران گەڵالە و پڕۆژەیەکی هێژمۆنیک لە ئاستە ئەخلاقی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا مسۆگەر بکەن کە بە تەواوی زاڵ، سروشتی و قەبووڵکراو بێت. لێرەدا عەقڵی گونجاو بەمانای هاندانی ڕای گشتییە بەمەبەستی پشتگیری ئایدیا ڕۆشنبیرییەکان نەک [بەمانای] جەماوەری کردنەوەی سیاسەت. بەپێی تیۆرییەکانی هایک مرۆڤ لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا لەجیات ئەوەی ڕوانگەیەکی مادی و مێژوویی بەنیسبەت مێژووەوە هەبێت پێویستە بەشێوەی "سروشتی" لە مێژوو بڕوانێت. ئەوەی هایک لەژێرناوی کارکردی ڕۆشنبیردا فۆرمولەی دەکات و لەڕاستیدا ڕوانینی لیبراڵەکانە له هەمبەر پرسی ڕۆشنبیردا بەهیچ شێوەیەک باس لەوە ناکات کە چینی ڕۆشنبیر و لە سەرووی هەموویانەوە ئایدۆلۆگە لیبراڵەکان بپەرژێنە سەر پێوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و گۆڕینی بنەڕەتی پێکهاتی کۆمەڵایەتی بەشێوەی زانستی لە "ئەوەی هەیە" بۆ "ئەوەی دەبێ ببێت" ، بەڵکوو لێرەدا پرسی سەرەکی پڕۆژەیەکی هێژمۆنیکە بۆ مسۆگەرکردن و گەرەنتیکردنی دەسەڵاتی بێسنووری چینی باڵادەستی کۆمەڵگای سەرمایەداری. بەمجۆرە ئازادی بە مانای ئازادبوونی خاوەندارێتی تاکی سەرمایەدارە و لە ئەنجامدا واتە ئازادی چینێکی تایبەت کە هاوتای ئازادی ئابوورییە.
لە بەرامبەر ئەم بۆچوونەدا چەمکی ڕۆشنبیر بە شێوەیەکی جیاواز لە لایەن مارکسیستەکانەوە تاوتوێ کراوە و [ئەمان] بەشێوەیەکی چڕتر پەرژاونەتە سەر ئەم بابەتە و بۆ تێگەیشتن لە چەمکی ڕۆشنبیر ئەم ڕوانینە گرینگتر دەنوێنێت. بەڵگاندنی بنەڕەتی لەپێوەندیدا بە گوتاری ڕۆشنبیری لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە دەگەڕێتەوە بۆ تیۆری وشیارییمارکس. لەم بارەوە بۆچوونەکانی گرامشی زیاد لە هەمووان بەرچاو دەکەوێت. ئەگەرچی خودی بەڵگاندنەکان لەم پانتا فیکرییەشدا جیاوازە و ناتوانین بەگشتی بۆچوونێکی تەواو یەکسان ڕەچاو بکەین. بۆ نموونە ڕوانین و ئاراستەگیری کەسانی وەک لۆکاچ و کۆرش بەنیسبەت ئەم چەمکەوە لەگەڵ کەسانی دیکەدا جیاوازە و هەر بەم پێیەش لەو خولێکی مێژوویی دیاریکراودا شێوازی هەڵسوکەوتی کۆمینتێرن (Comintern) لەگەڵ ئەم ڕۆشنبیرە ڕەخنەگرانەدا بەتەواوی ئاوێتەی ڕەشبینی و گومان بوو و بە هەموو جۆرێک هەوڵ بۆ دوورخستن و گۆشەگیرییان دەدرا. ئێمە لێرەدا زیاتر دەپەرژێینە سەر بۆچوونەکانی گرامشی چونکوو لەو باوەڕەداین کە ئەم ڕوانگە دەربارەی پرسی ڕۆشنبیر زیاتر نوێنەرایەتی ئاراستەگیری مارکسیزم دەکات. هەروەها کە پێشتریش ئاماژەمان پێدا، بنەبان و سەرچاوەی شیکاریی گرامشی دەربارەی چەمکی ڕۆشنبیر گرێدراوە بە پرسی وشیاریی چینە بندەستەکانی کۆمەڵگا و لەوانەش کرێکارانەوە، بەوجۆرەی مارکس تاوتوێی دەکات وشیاریی ناتەواوی سوژە کۆمەڵایەتییەکان دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی بەرهەمهێنانی هەبوو و شێوازی ژیان لە کۆمەڵگایەکدا کە مرۆڤ دەبێتە کۆمەڵێک ئۆبژە لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا و چیتر توانای کۆنترۆڵکردنی پێوەندییەکانی بەرهەمهێنانی نییە و بەمجۆرە ژیانی کۆمەڵایەتی [مرۆڤ] لەڕێگەی ئەم دانووستانانەوە کۆنترۆڵ و ڕێبەرایەتی دەکرێت. گرامشی بە کەڵک وەرگرتن لەم تیۆرییە بۆچوونی خۆی دەربارەی ئەم پرسەوە بەم شێوە دەردەبڕێت؛ "جەماوەری کۆمەڵگا و لەوانەش کرێکاران خاوەن وشیاریی چینایەتین و ئەم وشیارییەش گوتەزایەکی دەرەکی نییە واتە لە دەرەوە بۆ کرێکار نەگواستراوەتەوە، بەڵکوو ئەمە ئەنجامی ڕاستەوخۆی سەرکوت و چەوساندنەوەی ئۆبژێکتیڤی ئەوانە لەلایەن چینی دەسەڵاتدار و دامودەزگا دەوڵەتییەکانەوە و یاخود ڕەنگدانەوەی پرۆسەی سەرکوتی هەمیشەییانە لە ئاستێکی بەریندا ". ئەمەش لە ڕەفتاری کۆمەڵایەتی، ڕەوتی ژیان و هەست و سۆزیاندا دەردەکەوێت، بۆ نموونە دژایەتیکردنی دامەزراوە بۆرژوایی و دەوڵەتییەکان لە باوەڕ و کردەی چەوساوان و ڕەشبینی ئەم چینە بەنیسبەت دەسەڵاتدارانەوە و هتد نموونەکانی کاریگەری ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخەیە. گرامشی پاش ئەمە باس لە پێویستی گوزەر و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە واتە دەربازبوون لە ئاستی چالاکی پراتیک و وشیاریی چینایەتی بەرەو "وشیاریی گەشەکەر" یان "ڕەهایی مەعریفی" و لەئەنجامدا دەستەبەرکردنی چالاکێکی بزۆز و ڕەخنەگر دەکات و جەغدی لێدەکاتەوە کە ئەم پرۆسەش دەتوانێت ماندووکەر و تاقەتپڕووکێن بێت و نابێت چاوەڕێی ئەوە بکەین کە بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە بچێت، ئەم ئاڵۆزییەش لەڕاستیدا لە پێوەندییە ناخەکییەکانی سەرمایەدارییەوە سەرچاوە دەگرێت. لێرەدا گرامشی بۆچوونی خۆی تیۆریزە دەکات و چەمکی ڕۆشنبیر لەژێرناوی "ڕۆشنبیری ئۆرگانیک" دا ڕاڤە دەکات و بەمجۆرە کارکردی ڕۆشنبیر یاخود بە گوتەی خۆی ڕۆشنبیری ئۆرگانیکی چینی کرێکار بریتییە لە هاندان و چالاککردنی وشیاریی زەینی کرێکاری کۆمەڵایەتی و جەماوەر بەگشتی و سڕینەوەی پارادۆکسەکانی. بەم پێیە ئەرکی سەرەکیی ڕۆشنبیر گەشەی وشیاریی ڕەخنەگرانە و باوەڕمەندی و متمانەیە بەخۆ بەشێوەی تاکگەرایانە و هەروەها کۆمەڵایەتییانە لە ئاسۆگەی هەژاران و چەوساوان و خەڵکی ستەملێکراوی کۆمەڵگادا. لە ئەنجامدا و بەپێی ئەم باوەڕەی گرامشی هەرجۆرە هەوڵ و تێکۆشانێکی کاریگەر لەم پێناوەدا پێویستی بە کۆمەڵێک ڕۆشنبیری جۆراوجۆر هەیە کە لە ڕێگەی دروستکردنی پێوەندیی چڕوپڕ لەگەڵ خەڵکدا گەشە بە ئاستی وشیاریی ڕەخنەگرانەی کۆمەڵگای خۆیان بدەن. ئەوەی لەم بارەوە دەتوانین بەکورتی وەک ڕوانینی مارکسیستی گرامشی دەربارەی چەمکی ڕۆشنبیرەوە لێی بدوێین ئەمەیە کە ئەو خوازیاری دروستبوونی پێوەندییەکی دیالێکتیکیی قووڵە لە نێوان ڕۆشنبیران و جەماوەردا و هەروەها هەبوونی ئەم پێوەندی و گرێدراوییە لەنێوان خودی ڕۆشنبیرانیشدا، و ئەمەش لە ئاستی حیزبی و چینایەتیدا فۆرمولە دەکات. بۆ نموونە لەپێوەندیدا بە ڕوانینی دیالێکتیکییەوە گرامشی جەغد لە "تێزەکانی فۆیرباخی" مارکس دەکاتەوە دەربارەی پێوەندیی دوو لایەنەی نێوان مامۆستایان و قوتابییان.
هەتا ئێرە بەڕادەیەکی بەرچاو جیاوازی نێوان ئەم دوو بۆچوونە فیکرییە دەربارەی چەمکی ڕۆشنبیر و ئەرک و کارکردە جیاوازەکانی تاوتوێ کرا، و بۆمان دەردەکەوێت کە لەڕوانینی لیبراڵەکاندا گەورەترین کارکردی ڕۆشنبیر یارمەتی و پشتیوانی دەسەڵاتە بە مەبەستی بەڕێوەبردنی پڕۆژە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی چینی بۆرژوای کۆمەڵگای سەرمایەداری واتە ڕوانگەیەک کە بەگشتی لە سەرەوە لە کاری فیکری و ڕۆشنبیری دەڕوانێت لە حاڵێکدا لە بۆچوونی چەپ و مارکسیزمدا ئەگەرچی ڕۆشنبیر بەشێکە لە ڕەوتی فیکر و سیاسەتی لایەنی دیاریکراو بەڵام ئەمە بەپێچەوانەی ئەو بەشدارییە سیاسیەیە کە هایک باسی دەکات، لێرەدا ڕۆشنبیر ئەگەرچی ئۆرگانیکە بەڵام تێکەڵاوی جەماوەر دەبێت بۆ بردنە سەرەوەی ئاستی فیکری و وشیارییچینی بن دەستی کۆمەڵگا و کرێکاران و ئافراندنی کەشی ڕەخنە و داهێنانی فیکری، واتە سڕینەوەی سنووری جیایی نێوان جەماوەر و ڕۆشنبیران.
دیسان دەبێت ڕوونی بکەینەوە کە ئەمانە کۆی بۆچوونەکان لەم بارەوە نین و کۆمەڵێک ڕوانین و ڕەخنەی دیکەش لە ئارادایە کە بەکورتی دەکرێت ئاماژە بدەین بە هەندێکییان و بیانخەینە بەرباس. سنووری کردەی ڕۆشنبیری دەتوانێت پارچە شێعرێک بێت یاخود تابلۆیەکی شێوەکاری، کۆمەڵێک چالاکی وەک شانۆگەری، مۆسیقا، پەیکەرسازی، نووسین، وەرگێڕان و هتد، بۆ نموونە سارتر لەهەمبەر تایبەتمەندییەکانی ڕۆشنبیر لە مانیفێستی بەناوبانگی خۆی دەربارەی ڕۆشنبیردا ئاماژە بەوە دەکات کە ڕۆشنبیر خاوەن ئەرکێکی دیاریکراو و ڕاسپێردراو نییە و هیچ کەس و لایەن و دەسەڵاتێک توانای دیاریکردنی هیچ ئەرکێکی بۆ ئەو نییە. ئەوەی ئەرکی ئەو بێت خودی ڕۆشنبیر دیاری دەکات و بڕیاری لەسەر دەدات؛ دیسان لێرەدا دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ مارکس کە بەشێوەیەکی دیکە ئەم بابەتە تاوتوێ دەکات و لەپێوەندیدا بە ئەرکی نووسەران و ڕۆشنبیرانەوە دەڵێت : "پێویستە نووسەر بەشێوەی سرووشتی پارەیەک بۆ بژێوی ژیانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بتوانێت درێژە بەو ژیانە بدات و بنووسێت، بەڵام نابێت بە هیچ شێوەیەک ژیان و نووسینی لەپێناوی بەرهەمهێنانی پارەدا بێت. کار و چالاکی ئەو لەخۆیدا ئامانجی ئەوە و بەم پێیە ئەگەر پێویست بێت بوونی خۆی لەو پێناوەدا بەخت دەکات. مەرجی یەکەمی ئازادی نووسین و ڕادەربڕین دژە بازرگانی بوونی ئەم کردەیە". ئەمەش بەجۆرێک سەربەخۆیی فیکری ڕۆشنبیر لە بەرامبەر بە هێزی دەسەڵاتداردا دەپارێزێت.
بابەتێکی دیکە کە لەپێوەندیدا بە گوتاری ڕۆشنبیرییەوە دێتە ئاراوە و بەجۆرێک گرینگترین و بەرچاوترین ئەرکی ئەم توێژەیە واتە؛ گەڕان بەدوای "حەقیقەت" دا . یان بە واتایەکی دیکە گەڕانە بۆ حەقیقەت لەڕێگەی هەوڵدان بۆ واقیعی کردنەوەی دۆخی دژە واقیعی هەبوو، [واتە] ململانێیەکی بەردەوام بۆ بە عەقڵانی کردنی کەشی زاڵبوو بەسەر پانتا جۆراوجۆرەکانی ئەندێشە، سیاسەت، هونەر، ئەدەب و هتد. نەفی و ئینکاری حەقیقەتی ڕووکەش و ناواقیع کە بەردەوام هەوڵییان بۆ داوە کە بەسەر مرۆڤدا زاڵ ببێت و وەک چارەنووسی هەمیشەیی قبووڵی بکات، دەرخستنی ماناکانی دیکەی ئەو حەقیقەتەی کە هەمیشە هۆکاری نیگەرانی دەسەڵات بووە و هەوڵی داوە ئینکاری بکات. ئەرکی هەرە گرینگ بۆ ئەو [ڕۆشنبیر] بە ئەنجام گەیاندنی پرۆسەی واقیعی کردنەوەی کۆمەلگایە لەڕێگەی سڕینەوەی کۆی فۆرمە دژە عەقڵانییەکانی دەسەڵاتدارەوە کە هەموو مانا واقعییەکانی سنووری ئەندێشە و پراکسیسی مرۆیی لە خۆیدا خنکاندووە. ئەرکی ئەو لە کۆتاییدا بەدەستهێنانی ئازادییە کە دەبێتە بەرهەمی هەتاهەتایی گوتاری ڕۆشنبیری. ئەگەرچی پانتا جۆراوجۆرەکان بۆ گەڕان و بەدواداچوونی "حەقیقەت" لەلایەن ڕۆشنبیرانەوە جیاوازن، بەڵام حەقیقەت لێرەدا دیاردەیەکەی تەواو ئۆبژێکتیڤە و ئەمەش ئەو ئاراستەیەیە کە لە ئەنجامدا یەکگرتنی سوژە و ئۆبژەی لێدەکەوێتەوە و بەخۆنامۆیی وشیاری کۆتایی پێدێت. ئەوەی واڵتێر بنیامین بەم شێوە دەری دەبڕێت : "دۆزینەوەی حەقیقەت و گرێدانی لەگەڵ مێژوودا". لەم ڕووەوە پانتای چالاکیی ڕۆشنبیرانە جگە خەباتی سیاسی و ململانێکردن لەگەڵ هێزە سیاسییەکان و بوارەکانی وەک ئەدەبیات و هونەر بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پانتای پراکسیسی ڕووتیش دەگرێتەوە. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمەش دەتوانین نموونەیەکی هەرە ناسراو ئاماژە پێبدەین؛ بەرەکانی جەنگ لە ئیسپانیا و جەزایەر لەو ئەرک و چالاکییە جیاوازانەن لە مێژووی مرۆییدا کە ڕۆشنبیران لەپێناو دۆزینەوەی حەقیقەتدا تەنانەت گیانیشییان بۆ بەخت کردووە. بۆ نموونە بەشداریکردنی بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیرانی جیهان لە جەنگی ناوخۆیی ئیسپانیا وەک یەکێک لە بەڵگە مێژووییەکانی خەباتی چینی ڕۆشنبیر لە جەنگ و ململانێیەکی گرینگی نێودەوڵەتییە. ئەگەرچی بەشێکی زۆرتری ڕۆشنبیران لە شوێنە جۆراورجۆرەکانی دونیادا بە دەیان و سەدان خۆپیشاندان و جمۆجۆڵی سیاسی ناڕازیبوونی خۆیان لەدژی ئەم پرسانە دەربڕیوە. کۆی ناڕەزایەتییە جیهانییەکان لەدژی جەنگی ڤیەتنام نموونەی زێڕینی ئەم خەباتەیە. هەروەها لەساڵانی پاش جەنگیشدا کەسانی وەک سارتر و ڕاسێل و ... لەدژی دامودەزگا فیکری و سیاسییەکانی وڵاتانی خۆیان ڕاوەستان و لە دیمۆکراتترین سیستەمە سیاسییەکانی جیهاندا ڕووبەڕووی سزا و بێڕێزی بوونەوە.
ئێمە لە درێژەدا دەتوانین باس لە هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی دیکەی ئەم چەمکە بکەین کە ڕەنگە بەرچاوتر بن، بۆ نموونە زۆرجار باس لە نەبوونی چینێکی تایبەت وەک شوێنگەی دیاریکراوی ڕۆشنبیران دەکرێت. واتە ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگای خۆیدا بە چینێکی تایبەتەوە گرێ نادرێت؛ بۆ نمونە کارل مانهایم لە بەرهەمی خۆیدا لەژێرناوی ئایدۆلۆژیا و یۆتۆپیا دا باس لەوە دەکات کە بۆ دەربازبوون لەم کێشەیە و پێناسەکردنی ڕۆشنبیر پێویستە ڕۆشنبیران وەک چینێکی بزۆز ڕەچاو بکرێن کە لە هەموو توێژێکی کۆمەڵگاوە سەرچاوە دەگرن و بەم پێیە دەتوانن بنەبان و سەرچاوەیان لە چینی بۆرژوا یان کرێکارانی گۆمەڵگاشەوە بێت و کاریگەرییان لەسەر سیاسەت، کولتوور، ئەدەبیات، هونەر و بەگشتی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا هەبێت. بەڵام لێرەدا کۆمەڵێک مەرجی دیاریکراو بۆ سەرهەڵدانی چەمکی ڕۆشنبیر لە ئارادایە بۆ نموونە منداڵانی چینی هەژار و بندەستی کۆمەڵگا سەرەڕای هەبوونی دەرفەتی خوێندن بەڵام بەپێی دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی لە درێژەدا ڕەنگە ئەو هەلەیان بۆ نەرەخسێت کە بەشداری زۆربەی کۆڕ و کۆمەڵە ئەدەبی و سیاسییەکانی کۆمەڵگا بکەن کە زۆرجار وەک گرینگترین شوێن بۆ چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان دێتەهەژمار. هەروەها کەسانی وەک بۆردیۆ بۆچۆنی جیاوازیان لەم بارەوە هەیە و لەو باوەڕەدان چینێکی تایبەت دەتوانێت سەرچاوەی سەرهەڵدانی کەسانی ڕۆشنبیر بێت! بۆ ڕاڤەکردنی ئەم پارادۆکسە دەتوانین نموونەیەک لە مارکس بهێنینەوە، لێرەدا بەپێی شیکاریی بنەڕەتیی مارکس بابەتێکی گرینگی دیکە بۆ لێکدانەوەی کارکردی چەمکی ڕۆشنبیر لە ڕەوتی بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیدا دێتەئاراوە. بەپێی ئەم بۆچوونە کۆمەڵێک چالاکی شۆڕشگێڕانەی وەکوو بزاڤی مەی 1968 ی فەڕەنسا ڕۆڵی گەنجانی ڕۆشنبیر بەرجەستە دەکاتەوە و کارکردی کۆمەلایەتی دیاریکراو لە پرۆسەی برهەمهێناندا لەلایەن چینێکی تایبەتەوە پێناسەدەکات. ئەوەی مارکس جەغدی لێدەکاتەوە بەڕاستی بەرهەمی بزاڤی ڕۆشنبیرییە وەک چینێکی دیاریکراو ئەم کارکردەش بۆ نموونە لە هەوڵ و چالاکییەکانی ئەندامانی بزاڤی ئەدەبی، هونەری و ڕۆشنبیری "سوڕیالیزم" دا لە هەمووان زیاتر بەرجەستە دەبێتەوە و ڕۆڵ و کاریگەری ئەم بزاڤە لەشۆڕشی 1968 دا ئەوەندە گرینگ و کاریگەر بووە کە وەک بەڵگەیەکی مێژوویی بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە.
پرسێکی هەرە گرینگ کە ئێمە لێرەدا دەپەرژێینە سەری و ڕەنگە ئاڵۆزترین بەشی چەمکی ڕۆشنبیریش بگرێتەوە شتێک نییە جگە "ئاراستەگیری" ڕۆشنبیر؛ ئەوەی کاکڵەی بۆچوونەکانی هایک و گرامشیش دەگرێتەوە. بێگومان ئەمە گرینگترین بەشی ژیانی ڕۆشنبیرییە و هەتا کۆتایی چارەنووسی شەخسی و کۆمەڵایەتی ئەو دیاری دەکات. واتە ئەوەی کە ڕۆشنبیری چالاک لە ڕوانگەی وشیارییەوە بەرجەستە دەکاتەوە؛ بێگومان مەبەست لێرەدا ئاراستەگیریی سیاسیی ڕۆشنبیرانە و ئەمەش چرکەساتی بەڵێندانی ڕۆشنبیرە و دەستپێکی بەدواهاتەکانی مەترسی ئەم بەڵێنەیە. دەربارەی جیاوازی خودی ئەم دوو چەمکەش واتە "دەربەستبوون" و "ئاراستەگیری" ئادۆرنۆ دەڵێت: " لە تیۆری جوانیناسیدا، پێویستە بەڵێندان و دەربەستبوون بەجۆرێک لە ئاراستەگیری جیا بکرێتەوە. مەبەست لە هونەری دەربەست [وەک بەرهەمی ڕۆشنبیر] بە مانای تایبەت کۆمەڵێک چالاکیی ڕێفۆڕمیستی، بڕیارە یاساییەکان و یان بنیاتنانی دامەزراوە کردەکییەکان نییە، بەڵکوو ئامانج لێرەدا کارکردنە لە ئاستی بۆچوونە بنەڕەتییەکاندا. لێرەشدا ژێرخانی فیکری ئێمە بۆ تاوتوێکردنی چەمکی ڕۆشنبیر و ژیانی ڕۆشنبیری هەمان سوژەی پرۆبلماتیکە، چونکوو لە بنەڕەتدا گرینگترین تایبەتمەندیی ڕۆشنبیری هەمان تایبەتمەندیی مرۆڤی پرۆبلماتیکە. لەڕوانینی ئێمەدا ئەمە حەقیقتێکی ڕووتە کە ڕۆشنبیری تەوەزەل و گوێنەدەر ناتوانێت بچێتە خانەی سوژەی پرۆبلماتیکەوە و بەم پێیە خودی پرسی ڕۆشنبیریش لێرەدا کاڵ دەبێتەوە و چیتر هەڵگری ئەم ناوەرۆکە نییە. بە پێی ئەم بۆچوونە خودی ڕۆشنبیرانی ڕاستەقینە (پرۆبلماتیک) لەباری سیاسیشەوە ناچار دەبن بڕیارێکی مێژوویی بدەن. بەمجۆرە ئەم ڕۆشنبیرانە لەباری ئاراستەگیری سیاسییەوە بەسەر دوو بەشەدا دابەش دەبن؛ یەکەم ئەوانەی کە ڕاستەوخۆ و بە شێوەی چڕوپڕ بەشداریی پرۆسەی خەباتی سیاسیی کۆمەڵگا دەبن و دەبنە ئەندامی دامودەزگایەکی حیزبی و لە ئەنجامدا ژیانی سیاسی ژیانی ڕۆشنبیری دەگرێتەوە و ئەم دووانە ئامێزان دەبن، بۆ نموونە کەسانی وەک لۆکاچ یان گرامشی لەم چەشنە ڕۆشنبیرانەن. بەڵام کەسانی دیکەش کە وەک گرووپی دووهەم دێنە هەژمار ئەگەرچی لە بەستێنی خەباتی سیاسیدان بەڵام نابن بە ئەندامی هیچ حیزبێکی سیاسی بەڵکوو تەنیا لایەنگری بۆچوونێکی سیاسی دیاریکراون و هەتا کۆتایی بەم شێوە دەمێننەوە، لێرەدا بەزمانی دەروونناسی دەتوانین بڵێین کە ئەمجۆرە ڕۆشنبیرانە بەردەوام لەنێوان شەیدایی و دوودڵیدا دەسووڕێنەوە. سارتر نموونەی ناسراوی ئەمجۆرە ڕۆشنبیرانەیە. ئێمە بە تایبەت لەم بەشەدا بەدوای هەڵسەنگاندن و بەراورد کردنی ئەم دوو جۆرە ڕۆشنبیرە لەگەڵ یەکتردا نین چونکوو تاڕادەیەک لە بەشی سەرەتاییدا ڕاڤەمان کرد، لێرەدا گرینگی بە لایەنێکی تایبەت نادەین. ئەوەی زیاتر مەبەست و ئامانجی ئێمەیە و وەک پێوەرێک دێتە هەژمار پێوەندی ڕۆشنبیر و جەماوەرە و هەتا کۆتایی لەگەڵ ڕۆشنبیردا دەمێنێتەوە. ئەنجامی هەڵبژاردنی ئاراستەی فیکری و سیاسی دیاریکراو بەمانای لەناوچوونی ڕۆڵ و کاریگەری ڕۆشنبیر نییە بەڵکوو بەپێچەوانەوە دەستپێکی گرینگترین قۆناغی ژیانییەتی. بڕیاری ڕۆشنبیر لەسەر ئەم ئاراستەگیری و بۆچوونە فیکرییە کە بە مانای دەستپێکی خەبات و چالاکی واقیعی ئەوە و تێپەڕاندنی سنوورە دەرهەستەکانییەتی، لێرە بەدواوە گرینگترین کارکردی ڕۆشنبیری دەربەست، دەبێتە ناوەندی ڕامان و شیکاریی ئێمە و کۆی ڕوانین و بڕیارە فیکرییەکان لەسەر ئەم بابەتە چڕ دەبێتەوە. ڕۆشنبیری دەربەست هەموو فۆرمەکانی سێحر و جادوو لە بەرهەمی خۆیدا دەسڕێتەوە و ڕێگە دەگرێت لە بەشتبوون و بەکالایی بوونی کار و بەرهەمی ڕۆشنبیرانەی خۆی. ئەمەش بە مانای ڕووبەڕووبوونەوەیە لەگەڵ گەورەترین مەترسی لە پانتای سیاسی و کۆمەڵایەتیدا واتە سڕینەوەی سیاسەت لە ئاستی بەرینی ژیانی جەماوەر و چینی ڕۆشنبیری کۆمەڵگادا. زاڵبوونی ئەم باوەڕە و سڕینەوە و لەناوچوونی سیاسەت لە ژیانی فیکری و ئاسایی ڕۆشنبیردا و بە گوتەی ئادۆرنۆ : "بە مانای لادان و دوورکەوتنەوەیە لە خەبات لەپێناو بەرژەوەندییە حەقیقییەکاندا" . ڕەخنەگرانی ئەم بۆچوونە کۆی هێرشەکانیان لە چوارچێوەی گوتاری ئایدیۆلۆژیکدا ئاراستەی ڕۆشنبیران دەکەن و هەموو چالاکییەکانی ڕۆشنبیران بەوە تاوانبار دەکەن کە لەژێر سێبەری دەسەڵاتی ئایدیۆلۆژیکدایە و ئەمانە خاوەن هیچ جۆرە سەربەخۆییەک نین. بە پێی ئەم ڕوانینە هەرجۆرە ئاراستەیەکی فیکری و فەلسەفی شتێک نییە جگە ڕوانینێکی دوگماتیک و داخراوی ئایدیۆلۆژیک. بەشداریکردنی ڕۆشنبیران و بەتایبەت ڕۆشنبیرانی ئاوانگارد لە بزاڤە سیاسی، ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکاندا گرێ دەدرێت بە هەڵوێستی ئایدیۆلۆژیکەوە و بەم شێوەیە سێبەری نگریسی ئایدۆلۆژیا هەتاهەتایە بەسەر ژیان و ئەندێشەیاندا دەمێنێتەوە. ئەم ڕەخنە بە دوو شێوە دەخرێتە سەر ڕۆشنبیران؛ یەکەم دەسەڵاتی تۆتالیتێرە کە وەک تاقانە هێزی زاڵبوو خۆی بە خاوەن دەسەڵاتی سیاسی ڕەوای کۆمەڵگا دەزانێت و لەم ڕووەوە هیچ کات ڕێگە بە ڕۆشنبیرانی ڕەخنەگر نادات کە بەشێوەی ئاسایی بتوانن لە پانتا جۆراوجۆرەکانی ئەندێشە و پراکسیسدا چالاکانە هەڵسووکەوت بکەن و لەم پێوەندەدا جگە ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوام لەگەڵیاندا دۆخێکی گرژ و ئاڵۆز دەخولقێنێت کە کەشی ڕۆشنبیری بەرتەسک بکاتەوە. لە یەکەمین هەنگاوەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئایدیای ڕۆشنبیری لە لایەن دەسەڵاتی تۆتالیتێرەوە هەوڵ بۆ بە دامودەزگاییکردنی بزاڤی ڕۆشنبیرییە و بۆ ئەم مەبەستەش هەموو تواناکانی دەخاتە گەڕ. هەموو دەرفەتەکان بۆ نواندنەوەی کردەی ڕۆشنبیرانە لەلایەن دەسەڵاتەوە قۆرغ دەکرێت و لە ئەنجامدا گوشاری بەردەوام بۆ سەر ڕۆشنبیران کە بچووکترین لایەنەکانی ژیانیشیان دەگرێتەوە. ئەگەر بە هەر شێوەیەک ئەم پڕۆژەیە تووشی شکست بێت ئەڵترناتیڤێکی نییە جگە سڕینەوە و لەناوبردنی ڕۆشنبیران. نموونەی ئەم شێوە ڕەفتارە زۆرە و مێژووی ئەو وڵاتانەی کە هێزە تۆتالیتێرەکان دەسەڵاتدار بوون لێوانلێوە لەم ستەم و بێڕەحمییانە. بۆ نموونە سەردەمی نازیسم و فاشیزم لە وڵاتانی وەک ئاڵمان و ئیتالیا هەزاران دیمەنی ناحەز و قیزەونی گرتن، کوشتن، سزا، تاوان و ئەشکنجەی جەستەیی، ڕۆحی و فیزیکی ئەم توێژە دەنوێنێتەوە. لایەنی دیکە و هەرە تراژیکی ئەم بابەتە شێوازی دیکەی هەڵسووکەوتە لەگەڵ توێژی ڕۆشنبیری و ئەوەش ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆشنبیرانە لەگەڵ توێژی کۆنزێرواتی پانتای ئەندێشەدا. ئەمە ڕاستە کە بەرهەمی فیکر و ئەندێشەی ڕۆشنبیری گۆڕان و هەڵتەکاندنی بنەماکانی ڕامانی ئایینی، سیاسی، کولتووری، هونەری و هتد بووە و بەم پێیە بەرەی کۆنزێروات بەردەوام نیگەرانی ئەمجۆرە ڕوانینە بووە و هەوڵی ئەوەی داوە بە شێوەی جۆراوجۆر ڕێگە بەم ڕەوتە نەدات بۆ ئەوەی ئامانجەکانی خۆی دەستەبەر بکات. دوورخستنەوە و پەراوێزخستنی ڕۆشنبیران لە پانتای ئەندێشە و پراکسیس و هەوڵ بۆ سڕینەوەیان لە کۆمەڵگا کە زۆرجار دەکەوێتە بەرەی چالاکییەکانی دەسەڵاتەوە نموونەیەکە لەو ململانێ و ناکۆکییەی کە بەردەوام لە نێوان ئەم دوو توێژەدا لە ئارادایە. ئەوەی لێرەدا وەک پارادۆکسێکی گەورە لەپێوەند لەگەڵ ڕەخنەی ئایدیۆلۆژیکی ڕوانینی کۆنزێرڤاتدا دەردەکەوێت ئەوەیە کە جەماوەر و لەوانەش گەوەرەترین چینی بەردەنگی ڕۆشنبیران واتە چینی هەژار و بندەستی کۆمەڵگا پێویستییان بە ئایدۆلۆژیا نییە بەڵکوو پێویستیی سەرەکی ئەوان تێگەیشتنە لە حەقیقەتی کردەکی دەربارەی کۆمەڵگادا. واتە وێنای ئوستوورەیی خۆیان بۆ ناسینی دوونیا. بەم پێیە گوتاری ئایدیۆلۆژیک جگە ئەوەی کێشە و گرفتێکی گەورەیە لەبەردەم ڕۆشنبیردا هیچ کارکردێکی دیکەی بۆ ئەم توێژە نییە. ناسراوترین شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی لایەنی کۆنزیروات لەگەڵ رۆشنبیراندا پەنابردنە بۆ گوتاری ئینکار و بەمجۆرە بە هەموو شێوازێک هەوڵ بۆ ئینکاریان دەدرێت. بەکارهێنانی چەمکی ئایدۆلۆژیا و گرێدانی بزاڤی ڕۆشنبیری بەم چەمکەوە شتێک نییە جگە هەوڵێکی ناحەز بۆ بنکەنکردنی گوتاری ڕەسەنی ڕۆشنبیری. تاوانەکانی وەک مرۆڤی ئایدیۆلۆژیک و بیرکردنەوەی ئایدیۆلۆژیک هەوڵ بۆ چەسپاندنی ئەم گوتارەیە و ئەمەش زیاتر تایبەتمەندی ئەو لایەنەیە کە دەیهەوێت کردەی ڕۆشنبیرانە بەرەو ئاراستەیەک ڕێنوێنی بکات کە لە ئەنجامدا لەگەڵ خودی کردەی ڕۆشنبیرانەدا نامۆیە. لوژێکی ئەمجۆرە ڕوانینە بە تەواوی دژە عەقڵانییە و ڕیگرە لەبەردەم هەرجۆرە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی عەقڵانی و دیالێکتیکیدا و لە ئەنجامدا ڕق و تووڕەییەکی هەمیشەیی بەسەر ئەم کەشەدا زاڵ دەبێت. خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە خودی ئەم بۆچوونەش بە تەواوی ئایدیۆلۆژیکە و بە وردی بانگەوازی ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو دەکات. یەکێک لە ناسراوترین پانتاکانی ئەم ململانێ سنوورەکانی سیاسەتە کە ڕەنگە ئاڵۆزترین دۆخی ئەم پرسە لەخۆبگریت. لەکۆتاییدا دەبێ بڵێین، ئەگەر لە دۆخی ڕووخان و هەبابوونی سیاسەت دا لەڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سیاسەتمەدارەکان و بەڕێوەبەرە سیاسییەکاندا، لەجیات ئەوەی سیاسەت وەک بەڕێوەبردن و کاری "کارناسانە" لەبەرچاو بگرین هەوڵ بۆ دۆزینەوەی ماناکانی دیکەی سیاسەت بدەین [بۆ نموونە]، هاندانی جەماوەر و ڕاکێشانیان بەرەو پانتای سیاسەت و لە ئەنجامدا ئافراندنی کەشێک بۆ دەربڕینی دەنگی ئەوانەی کە لە کۆی چین و توێژەکاندا لە کرێکارانەوە بگرە هەتا ڕۆشنبیرانی ئازاد، "بێدەنگ" کراون و "پەراوێز" خراون ، نەک تەنیا هەرجۆرە چارەسەرێکی کاتی بەڵکوو خودی چەمکی کردەی سیاسیش بەگشتی دەچێتە ژێر پرسیارەوە. یەکێک لە نیشانەکانی ئەم هەبابوونە لە پاڵ نموونەکانی دیکەدا و سەرەڕای کۆی کێشە و گرفتەکان، داخرانی ئاراستەی کردەی سیاسییە لەلایەن خودی ئەو کەسانەی کە بێبەشن لە دەسەڵات و لە ئەنجامدا قورغکردنی پانتای سیاسەتە لەلایەن تاقانە هێزی دەسەڵاتدارەوە. بۆ نموونە ئەمئێستاکە لەلایەن پۆست مۆدێرنەکانەوە بانگەشە بۆ ئەو ئایدیایە دەکرێت کە گۆڕین و هەڵتەکاندنی جیهان یاخود بیرۆکەی ئەم گۆڕینە ئەرک و بەرپرسایەتی ئەو بەرپرس و چالاک سیاسییە نەگۆڕانەیە کە پێویستە شوێنگەیەکی تایبەتییان لە مۆزەخانەی ئاواتە مۆدێڕنەکاندا پێببەخشرێت. بەڵام ڕووداوەکانی ئەم ساڵانەی دوایی و ڕۆڵی ڕۆشنبیران و گەنجانی ڕۆشنبیر و پێوەندی نەپساوی نێوان جەماوەر و ڕۆشنبیر لە دونیادا ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت کە بنەماکانی ئەندێشەی ڕۆشنبیری بزۆز و چالاکانە هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن سیاسەتێکی نوێ و فۆڕمێکی تازە بهێننە ئاراوە کە بە تەواوی لەگەڵ مۆدێلە سیاسییەکانی دەسەڵاتداردا جیاوازن و ملکەچی ئەو نۆڕمانە نابن و ئەوەی لە ئەنجامدا دەستەبەری دەکەن کۆتایی هێنانە بەو بەخۆنامۆییە و بانتر لە هەمووشیان سڕینەوەی گوتارێکە لەژێرناوی "بەخۆنامۆیی و سیاسەت" دا. ژێدەر:
1.Encyclopaedia Universal T. 12, p. 419, Paris, 1990
2.The Constitution of Liberty , 1960.
سەرچاوەکان:
زیبایی شناسی و سیاست، مجموعه مقالات (بلوخ، لوکاچ، برشت، بنیامین و آدورنو)، ترجمه حسن مرتضوی، نشر ژرف 1391.
سانسور و آزادی مطبوعات، کارل مارکس، ترجمه حسن مرتضوی، نشر اختران 1384.
روشنفکران و پروژه های ضد هژمونیک، مجموعه مقالات به قلم فروغ اسدپور، سامان نو، 1387.
نویسنده، نقد و فرهنگ، جورج لوکاچ، ترجمه اکبر معصوم بیگی، نشر دیگر 1386.
در دفاع از روشنفکران، ژان پل سارتر، ترجمه رضا سید حسینی، انتشارات نیلوفر 1391.
6393 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌       |     Wednesday, November 4, 2015
زیاتر
وەڵاتێک لە ژان ...
ئەمجەد شاکەلی
ئیستاتیكای (جوانی) سیاسەت
محمدامین گەناوی
عیشق له‌ كتێبی (بوون و نه‌بوون)ی ژان پۆڵ سارته‌ردا
رزگار عه‌لی
گلۆبالیزاسیۆن و "ده‌وڵه‌تی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌"
سەلاح بایەزیدى
چیبکرێ تاوا لە پارتی بکرێ ببێ بە پارتێکی سیاسی مرۆڤدۆست؟
ئازاد حمە
رامانێکی فەلسەفی دەربارەی "نەبوون"..
شامیر مولان
شكست هێنانی ئه‌مریكا
له‌(ئه‌فسانه‌ی جه‌نگی دژه‌ تیرۆردا)!
یاسین له‌تیف
ژمارە 31‌و فۆرمی 31ی ئاب وەك یەكەیەكی فەرهەنگی زمانی كوردی
د. تریفە عومەر
بێدەنگی هەولێر: تەنگژەی شوناسی هەولێریی
شێرکۆ کرمانج
نارەزاییەکان لە دەستێوەردانی حکومەت
جۆن ستیوارت میڵ
گێڕانەوەی ئەنفال وەکوو کارەساتێکی پارتیکولار
چەند سەرنجێک لەسەر کۆمەڵەچیرۆکی
"جەستەیەکی خۆڵاوی بەسەر قاڵیچەی سولەیمانەوە"
محەمەد محەمەدمرادی
ڤ
ئایدیای زمان/ ئایدیای شانۆ
چەند خاڵی سەرەتایی و مانیفێستۆیی
ئەمین کەرەمی و هاوڕێ یووسفی
سوسیالیزمی میدیایی لە دەستە واژەکان دا
سلیمان عبدی
مەعریفەی ئیگزیستانسیالیزم و کۆمەڵگەی باشوری کوردستان
ئه‌فشین غولامی
بیری فەلسەفی یۆنان پێش ئەفلاتون
د. حسین حرب
وەرگێڕانی: رەفیق غەفور
زمانی کوردی و پێوه‌ندی به‌ناسنامه‌ی کورده‌وه‌
محه‌مه‌د که‌ریمی
تورکیا لە دوو ڕێیانی شەڕو ئاشتیدا
نووسینی : بورھان شێخ رەئوف
ئه‌ده‌بی پۆست مۆدێڕن، زه‌رووره‌تێکی ناوه‌خت
حه مه ی که ریمی
تورکیا لە دوو ڕێیانی شەڕو ئاشتیدا
نووسینی : بورھان شێخ رەئوف
سواره‌ له‌ نێوان دوو ئه‌زموون و دوو شێوه‌ ژیانی جیاوازدا
ئه‌مجه‌د غوڵامی
كێشه‌ی خودا له‌ فه‌لسه‌فه‌ وفیزیا*
نووسەر: سەعیدکاکی
ئالن به‌دیۆ و فه‌لسه‌فه‌ی سه‌ده‌ی بیسته‌می فه‌رانسه‌
نووسین و کۆکردنه‌وه‌ی ده‌ق: جه‌واد گه‌نجی
وه‌رگێڕانی له‌ فارسییه‌وه‌: حه‌مه‌ی که‌ریمی
كۆمه‌ڵناسی كووئیر و ئایین
ئه­ حمه­ د غولامی
هەنگاوەكانی پێش ئاشتی لە توركیا
حەبیب محەمەد دەروێش
سیاسەتی خاوەن مەرجەعییەتی دینیی
بەبێ دەوڵەتی ئیسلامی ئایا پارتی دادوگەشەپێدانی توركی دەبێت بە مۆدێلێك بۆ ئیسلامیستەكانی عەرەب؟(1)
نووسینی: ئەحمەد ت. كۆرۆ(2)
وەرگێڕانی: بەرزانی مەلا تەها
نەبوونی بنەمای زانستی و بەرپرسیارێتیی یاسایی و نەریتی
لە توێژینەوەیەكی (د.عیزەت فەتاح حەمەساڵح)دا
بوار نوورەدین
سیاسەتی خاوەن مەرجەعییەتی دینیی
بەبێ دەوڵەتی ئیسلامی ئایا پارتی دادوگەشەپێدانی توركی دەبێت بە مۆدێلێك بۆ ئیسلامیستەكانی عەرەب؟(1)
نووسینی: ئەحمەد ت. كۆرۆ(2)
وەرگێڕانی: بەرزانی مەلا تەها
شوناسی پوپولیزم
هاوڕێ نەهرۆ
هەڵوێستی توركیا لە فیدراڵیزمی
هەرێمی كوردستانی عێراق
ی. سەرپەرشتیار: وەسمی محەممەد ئەلشمەری
ی. توێژەر: محەممەد حازم حامید
وەرگێڕانی: حەسەن حسێن
قانع و کێشەی نەتەوایەتی
ئیبراهیم ئیسماعیل پوور
كورد ...
گرنگترین پێكهاتەی گەشەی سەرمایەداری توركییە
دیدار لەگەڵ د. سەردار عەزیز
ئا: هەرێم عوسمان
داهاتویێک پاش کاپیتالیزمیش هەیە
لە سویدییەوە: رەسوڵ سەفەریانی
وردەكارییەكانی خەباتی چەكداریی
لە ئەجێندای (پەكەكە)دا
بەشێك لە كتێبی كچە رۆژنامەنووس (ئەلیزا ماركۆس)
وەرگێڕانی: ماجید خەلیل
نیچە روخساری دژ، بەڵام قوڵ
فەڕۆخ نێعمەتپوور
توركیا : چارەسەركردنی كێشەی كورد و
دینامیكە هەرێمییەكان
نووسینی: ئۆمیر تاشـبینار(*)
وەرگێڕانی: مەهاباد قادر
روانینی سلۆتەردایك بۆ بنەما فەلسەفییەكانی دێریدا
لەكتێبی (دێریدای مسری) وەرگێڕانی بەكرعەلی
رانانی: د. تریفە عمر
ئیشكالییەتی ئاشتی لە توركیا
هەڤپەیڤین لەگەڵ د. شێركۆ كرمانج
مامۆستای زانكۆ، لە زانكۆی ئۆتارا، مالیزیا
هەڤپەیڤین: هەرێم عوسمان
ترپەی دڵ‌و ئاوازی وشە
ئیسماعل فەرەج
ئیشكالییەتی ئاشتی لە توركیا
هەڤپەیڤین لەگەڵ د. شێركۆ كرمانج
مامۆستای زانكۆ، لە زانكۆی ئۆتارا، مالیزیا
هەڤپەیڤین: هەرێم عوسمان
دوای هێرشی داعش ، پێویسته‌ ، چی بكه‌ین؟نوسینی:
ئومێد قەرەداغی
لە پەراوێزی پڕۆسەی ئاشتی تورك و كورددا
توركیا و موعەممای پرسی كورد
دەرگیریی و كاریگەرییەكان لە پێوەندییە دەرەكییەكانی توركیادا
نووسینی: ئۆفرا بێنگیۆ(*)
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییە وە: ماجید خەلیل
ژاك دوریدا بۆ ژیل دولوز
ئەبوبەکر جاف
هەنگاوەكانی پێش ئاشتی لە توركیا
حەبیب محەمەد دەروێش
ئابوری میلیشیایی
دکتۆر محەمەد گەناویی
سیاسەتی توركیا بەرانبەر بە باكووری عێراق
گرفت و ئاسۆ ئایندەییەكان
نووسینی د. بیل پارك
وەرگێڕانی: سان بەرزان ئەحمەد
ئوستورەی ڕێفۆڕم و ژوورنالیزمی سۆفیستانە
نووسەر: پەیمان عەلیپوور
سیاسەتی حكومەتەكانی توركیا و
رەوشی گشتی كوردستانی باكوور
عەلی حاجی زەڵمی
ئیدۆلۆژی، فەلسەفەیە یان وەهم؟
رەسوڵ سێلەکە
سیاسەتی كەمالی لە توركیا بەرانبەر بە كورد لە 1918 - 1926
سامان مستەفا رەشید
رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش..
خوێندنەوەییەكی سۆسیۆمێژوویی
ئیبراهیم حاجی زەڵمی
لە سەلەفییەتی دەقەوە بۆ سەلەفییەتی جیهادی
حەبیب محەممەد دەروێش
لە بارەی داعش و بونیادگەرایییەوە
ئایندەی سەلەفیگەری پەڕگیر
ن. سەید سادق حەقیقەت
و. هەڵكەوت هەورامی
رات چییه‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م سایته‌؟



ژماره   بەرهەمەکانی ناوەندی کەلتووری کۆچ
govari koch| All rights reserved © 2010