www.govarikoch.com
تەنیایی یان جیایی؟
نووسینی: د. عەلی شـەریعەتی وەرگێڕانی: موسعەب ئەدهەم
بیرمەندانی گەورەی وەكو (مارتین هایدگەر، سارتەر، یاسپەرس)و تەنانەت (بیكت و ئەریك فرۆم) قسە لەبارەی تەنیایی مرۆڤەوە دەكەن و تەنیایی بووەتە رۆحی فەلسەفە و هونەر و ئەدەبی مرۆڤی ئەمڕۆ. منیش ئەم وشەیەم بە هەڵە هەڵبژارد، بەتایبەت لە ساڵەكانی دواییدا، بەردی بناغەی فیكریم و روانینی فەلسەفیم لە جیهانبینی فەلسەفی و مرۆڤناسی فەلسەفی و فەلسەفەی ژیانی تاكەكەسیم بوو، هەر بەوجۆرەی لە كتێبی "كویر"، بیاباندا نموونەی لەمجۆرە بیركردنەوە و بەرهەمی نووسینەكانی ئەم قۆناغەی قەیرانی فیكری رۆحی من دەتوانن ببینن كە ئێستاش قسەی لەبارەوەدەكەم، بەڵام بە ناونیشانی ئەو زاراوەیەی كە بۆ ئەم هەستە بنەڕەتییەم هەڵمبژاردبوو، واتە "تەنیایی" هەڵەمكردووە، واتە سەرنجی ئەوەمنەدابوو كە ئەوەی دەمەوێت بیڵێم لەگەڵ ئەوەی (سارتەر و هایدگەر)و نهیلیزم و پووچگەرایی نوێ‌ و تەنانەت بوونگەراكانی ئەمڕۆی رۆژئاوا دەیڵین، وەكو یەك نییە و جیاوازە. نابێت لەژێر كاریگەری ئەوانەدا منیش وشەی تەنیایی بەكاربهێنم، من بۆ روونكردنەوەی ئەم هەستە بنەڕەتییەم لە فەلسەفەی ژیان و مرۆڤناسیدا دەبوو "جیایی" هەڵبژاردایە. واقیعییەتگەرایی ئەمڕۆ دوو جۆر تەرزی فیكری لەدنیادا بوونیان هەیە: یەكێكیان تەرزی فیكری واقیعییەتگەرا، هەستگەرا، ریالیزمی نوێیە كە فەلسەفە، ئەدەبییات، هونەر، رۆح، چێژ، داهێنانی هونەری و ئامانجەكان و ئایدیاكان و مەبەستەكان و سیاسەت و كۆمەڵگە و رێوڕەسمی ژیانی تاكەكەسی و كۆمەڵایەتی و فەلسەفەی مرۆڤناسی و گشت ئەمانە و هەمووی دەبێت لە چوارچێوەی واقیعییەتدا سنوورداربێت. واقیعییەت چییە؟ واقیعییەت واتە ئەوەی بەرهەستە، دیار و هەبووە. ئەم روانین و رۆح و لایەنگرییە لەهەموو قوتابخانە جیاوازەكاندا و تەنانەت دژەكانی ئەمڕۆی فەرمانڕەوا بەسەر سەدەی بیستەمدا و بەبڵاو لە رۆژهەڵات و رۆژئاوادا هاوبەشە. لەوانە لە ماركسیزمە دەوڵەتی و سۆشیالیزمی رۆژئاوایی كە پڕە لە رۆح و روانینی بورجوازی رۆژئاوایی لە ژیان و لە دەربڕینی مرۆڤ و ئایدیاكانی مرۆڤ و فەلسەفەی ژیانە، چونكە جیاوازی كۆمۆنیزمی دەوڵەتی و لەگەڵ سەرمایەداری تایبەتی لە شێوەی ژیانی ماددی و توێژدانان و هەبوونی چینە ئابوورییەكان و مۆڵكایەتی سەرمایەیە و فۆرمی دابەشكردن و بەكارهێنانە و گەرنا هەردووكیان ژیانی مرۆڤ لەسەر بنەمای هەبوونی ماددی و رەسەنێتی ئابووری وەكو یەك باسدەكەن و دەریدەبڕن و هەردووكیان ریالیستی ماددی و ئابووری "دنیا"یین. روانینەكانی بەرژەوەندیخوازی، ماددیگەری، رەسەنێتی سوود، رەسەنێتی ئازادی تاكەكەسی (كە مەبەست لە ئازادی بازرگانی و لابردنی كۆتەكان و مەرجی یاسایی و گومرگی و رێوشوێنی یاسایی و دەوڵەتی لە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی بازاڕ بوو)و كەپیتالیزم و كۆمۆنیزم و كۆلیتیوئیزم "مۆڵكایەتی دەستەجەمعی"، رەسەنێـتتی ئابووری، رەسەنێتی ژینگە، رەسەنێـتی سروشت، رەسەنێتی تاك و تەنانەت مەسیحییەتی پرۆتستانت لە روانینی كرداری و هەروەها ئازادی ئەدەبییات و هونەر كە بە كردار بەرەو پشتبەستن و ددانپێدانان و رازیبوون بەوەی بوونی هەیە و هەرچی لە ژیان و كۆمەڵگە و غەریزە و رەفتارە ئەخلاقی و رەگەزی و حەزە رۆحییە لادانەكان برەوی هەیە، رۆیشتووە و بە فرۆیدیزمی بازاڕی و پیس و بڵاوكردنەوە و دەربڕینی هەموو پیسییە شاراوەكان لە گۆشە پەنهانەكانی كۆمەڵگە و پەیوەندییە شاراوەكانی تاكەكان و پشتی دیوارەكان و تاریكییەكان یان گۆشەكانی رۆحی بەئاگا و نائاگای مرۆڤ لە حەزە ناسروشتی و رێگەپێنەدراوەكان و دەرهێنانی هەموو و خستەسەر كاغەز و خستەڕووی و تەنانەت بەجەختكردنەوە و زیاتر قسەلەسەركردنی و پیشاندانی بەهەمووان و تەنانەت خستەبەردەم منداڵانیشەوە! هەموو ئەمانە واتە رایالیزمی نوێ‌ یان سوریالیزمی نوێ‌ و لەبەرئەوە رایالیزمی نوێ‌ تەنها قوتابخانەیەكی تایبەتی فەلسەفی نییە، روانینێك، رۆح و رەفتاری هاوبەشی مرۆڤی نوێ‌ و تایبەتمەندی فەرهەنگ و شارستانییەت و ژیان و بیركردنەوەی نوێیە كە لە رێنیسانسەوە، واتە سەرەتای دەرچوون لە سەدەكانی ناوەڕاستەوە – كە سەردەمی مەزهەب و رۆحانییەت و خوداگەرایی و ئاخیرەتگەرایی و نەفیكردنی واقیعییەت و پشتكردن لە سروشت و كوشتنی نەفس، واتە غەریزە واقیعییەكان و ئەو نیاز و پێداویستییانەی كە هەن لە مرۆڤی واقیعیدا لەبەرخاتری حەقیقەتی باڵا و بەرزبوونەوە بۆ ئاسمان و كۆششكردن بوو بۆ ئەودیو بوو- تاكو ئەمڕۆ تایبەتمەندی و خاڵی دیاری بیركردنەوەی رۆژئاواییە، لەهەموو و بوارەكانیدا (فەلسەفە، هونەر، ئەدەبیات، ژیان و كۆمەڵگە و سیاسەت..)و تەنانەت لە قوتابخانە دژەكانیدا (سۆشیالیزم و كەپیتالیزم)، چونكە لەهەموو ئەمانەدا رۆحێك بوونی هەبوو و ئەویش "رۆحی بۆرجوازی" بوو، چونكە "سەردەمی نوێ‌" لە سەدەی (15 و 16)ەوە تاكو ئێستا كە لەبەرامبەر "سەدەكانی ناوەڕاست"ە، لە سەدەی (5 تاك 15) لەبنەڕەتدا سەردەمی گەشە و سەركەوتن و فەرمانڕەوایی چینی بۆرجواز دژی چینی فیوداڵی (سەدەكانی ناوەڕاست)ەو سروشتییە كە تەنانەت كۆمۆنیزمیش كە لەڕووی چینایەتییەوە دژی ئەوەیە، لەڕووی رۆح و روانین و سەیركردنی مرۆڤ و ژیان و جیهانبینی لەگەڵیدا هاوشێوە و لێكچووبێت، چونكە لەم رۆحەوە تێربووە و جیاوازی سۆشیالیزمی رۆژهەڵاتی كە لە شارستانییەت و مێژوو و مەزهەبە رۆژهەڵاتییەكاندا پێشینەی هەیە، لەگەڵ سۆشیالیزمی رۆژئاواییدا لێرەدایە. راكردن لە واقیعییەت "ئایدیالیزم" لەبەرامبەر ئەوەدا بەشێوەیەكی رەها و بەشێوەكی گشتی، ئایدیالیزمی نوێ‌ یان داماڵراوی و تاكبوونەوە و رووتبوونەوە لەهەر شتێك، ئایدیالیزمی نوێی فەلسەفی، ئایدیالیزمی نوێی هونەری، ئەدەبی و تەنانەت فیكر و هەستی. لە ئایدیالیزمی نوێدا مرۆڤ باڵاترە لە جیهانی واقیعییەت و جیهانی واقیعییت لەژێرپێی میعراجیدایە و جیهانی واقیعییەت بەهای نییە و مرۆڤیش دەبێت داماڵراو لە كۆمەڵگە، داماڵراو لە سروشت، داماڵراو لەهەرچی واقیعییەت و دیار و لەدەرەوەی هەموو ئەوەبێت كە بەرهەستە كەوتوو لەبەردەم پێیەكاندا، خەریكی تەواوكاری رۆحی خۆی، دەروونگەرایی خۆی و پەروەردەی زەینی تاكی خۆی و كەشفكردنی ئامادەگییە زەینییەكانی خۆی بێت و بەوپێوەرەی كە بۆ جیهانی واقیعی و ژیانی رۆژانەی كۆمەڵایەتی و ئەوەی پێویت و دیارە و ماددییە و سروشت و تەقلیدی سروشت و تەسلیمبوونی واقیعییەت لایەنگری پەیدادەكات، دادەڕووخێت. زەینگەرایی، تاكگەرایی، خودگەرایی، دەروونگەرایی و لەوشەیەكدا ، راكردن لە واقیعییەت یان سەركەشی لە دیاری ئەمڕۆ، سیفەتی دیاری ئەدەبییاتی مۆدێرن و روانینی مۆدێرن و هەروەها شەپۆلی هونەری ئەمڕۆی ئەوروپاری رۆژئاوایی و ئەمریكایە كە داوێنی تاكو رۆشنگەری ئەو وڵاتانەی لە حاڵەتی دواكەوتندان و تەنانەت ئەو نەوەیەی خوێندنی تەواوكردووە و بەتایبەت نووسەر و هونەرمەندی كۆمەڵگەی روسیا رۆیشتووە و درێژبووەتەوە. ئەمە شەپۆلێكی "نوێ‌"یە كە لەبەرامبەر رۆحی ریالیزمی نوێ‌ كە لایەنگری واقیعییەتە، سەركەشیكردووە و و هەوڵدەدات تاكو لە واقیعییەت رابكات و رووتبوونەوە و داماڵران لە شتانی دیار، راكردن لە واقیعییەتی بەرهەست، زەینیگەرایی و نەفكردنی تەقلید و تەسلیمبوون لەبەرامبەر ریالیزمی سروشت و كۆمەڵگە و ژیان و شارستانییەت و هونەر و ئەدەبییات، تایبەتمەندی ئەم شەپۆلە مەزنەیە. ••• سەرچاوە: كتێبی "نیایش"، د. عەلی شەریعەتی، كۆبەرهەمی ژمارە (8)، چاپی سیانزەهەم، 1384.
Sunday, July 5, 2015
 Print