ئه‌و ڕۆژه هات، كه ترسمان لێی ھەبوو! د . زاهیر سوران پسپۆڕی نه‌خۆشییه درمییه‌كان و گشتییه‌كان، سلێمانی
ئه‌وه‌ی شایانی باسه، چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه ڤایرۆسی كۆرۆنا، له ژێر به‌ڕه‌وه هاتۆته سه‌ر به‌ڕه، له‌بیرتان دێت لێتان ده‌پاڕاینه‌وه بۆئه‌وه‌ی له ماڵه‌وه به ئاقلی دابنیشن! كه‌س گوێی نه‌ده‌گرت، وه‌لێ ئیمڕۆ ئه‌وی ترسی ههیهوگهرهكیهتی با به ویژدانه‌وه خۆی هاوێر(كارهنتینه) بكات وباشتره بێ ده‌مامك نه‌یه‌نه ده‌ره‌وه. به‌داخه‌وه زۆربه‌ی زۆرتان گوێتان نه‌گرت، لاتان فشهبوو! دانه‌نیشتن تا خۆتان وئێمهشتان گه‌یانده ئه‌م ڕۆژه نه‌خوازراوه، تكایه سهرلهخۆتان و نزیكه‌كانتان مه‌شێوێنن وهێمن بن، چونكه چی بچێنیت ئه‌وه ده‌دوریته‌وه . تكایه رقتان له‌و كه‌سانه نه‌بێت، كه هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ن وتووشتان ده‌كه‌ن، له‌وانه‌یه له نه‌زانینی خۆیانه‌وه بێت. هیچ چاره‌یه‌كی ترتان نییه، ده‌بێت هه‌میشه به‌رانبه‌ر كه‌سانی نه‌خۆش، دڵ پڕله قین ونه‌زان دڵتان فراوان بێت، ئەگینا سه‌ربه‌رز نابن. به‌ڕێزان، بۆ تێگه‌یشتنی زێده‌تر له كۆرۆنا، باشتره بزانین به‌رگری له‌ش چۆن ده‌مانپارێزێت له ڤایرۆسه‌كه. ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت كۆئه‌ندامی به‌رگری پێكهاتووه له‌چه‌ندین خانه، شانه، ئه‌ندام وپرۆتین...تاد كه دژی باكتریا، ڤایرۆس، كه‌ڕوو... تاد ده‌جه‌نگێت، ئه‌وه‌نده ههستیاروبه توانایه، ده‌زانێت كام خانه یان چ ته‌نێكی بێگانه له له‌شدایه. له‌سه‌ر رووپۆشی ده‌ره‌وه‌ی خانه‌كانی كۆئه‌ندامی به‌رگری، ئه‌نتیجێن هه‌س، كه رۆڵی ناسینه‌وه‌ی دۆست و دوژمنی هه‌یه، هاوكات بڕیار ده‌ده‌ن، شه‌ڕی له گه‌ڵ بكه‌ن یان وازی لێ بهێنن . خانه بكوژه‌كان (T-killer cell) باشترین چه‌كی كۆئه‌ندامی به‌رگری له‌شن بۆ له‌ناوبردنی ڤایرۆس. ده‌بێت به‌رگری له‌شی مرۆڤ هێنده به‌هێزبێت، تا بتوانێت شه‌ری ڤایرۆسه‌كه بكات. ئهگهربهرگری له‌ش مامناوه‌ندی بێت، ئه‌وا ڤایرۆسه‌كه واز ناهێنێت، ئه‌و كاته شه‌ڕێكی توند له نێوانیاندا ڕووده‌دات وده‌بێته هۆی هیلاكبوون ونه‌مانی هێلی به‌رگری كۆئهندامهكه، ئه‌وه‌ش به زیانی له‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه. جاری وا هه‌یه كۆئه‌ندامی به‌رگری به ئاسایی كاری خۆی ناكات! ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی ده‌ركه‌وتنی ژماره‌یه‌ك نه‌خۆشی کە نێونراون به (Autoimmun Diseases) زۆرجاران ده‌ستنیشانكردنیان ئاسان نییە.
ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ی كۆئه‌ندامی به‌رگری خراپ ده‌كه‌ن، بریتین له:-
١- حه‌ساسیه‌ت، په‌نمانی نێوپۆشهكان، ئاسانكاری ده‌كات بۆ تووشبوون به هه‌وكردنی بۆریه‌كانی هه‌وا.
٢- ئهستما (ڕه‌بۆ)، نیشانه‌ی سه‌ره‌كی ته‌نگه نه‌فه‌سییه.
٣- ته‌سكبوونه‌وه‌ی درێژخایه‌نی بۆریه‌كانی هه‌ناسه (COPD). Chronic obstructive pulmonary disease
ئه‌وه‌ی شایانی باسه، خواردنی سه‌وزه،وه‌رزشكردنی رۆژانه و ڤیتامین D یارمه‌تیده‌ری باشن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسی تووشبوون به‌هه‌وكردنی سییه‌كان، كه له كۆرۆنادارهكاندا هه‌یه.
هێرشی سایتۆكینه‌كان :- (Cytokine)
هه‌ندێك لهكۆرۆنادارهكان، له‌شیان مادده‌ی سایتۆكین (پرۆتین) ده‌رده‌كات! ئه‌وه‌ش نێونراوه: (هێرشی سایتۆكینی له‌ناوبه‌ر) ئه‌و مادده هه‌وكردنانه‌ی كه ده‌كرێنه ده‌ره‌وه گه‌ر له كات وساتی خۆیدا چاره‌سه‌رنه‌كرێت زیانبه‌خشن وده‌بێته هۆی روودانی ئاڵۆزی كارهساتباروبه مردنی نه‌خۆش كۆتایی دێت. كاتێك منداڵ تووشی هه‌ڵامه‌ت (په‌سیو) ده‌بێت، ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی باشه، چونكه پاشتر منداڵ به‌رگری پاش ڤایرۆسه‌كه په‌یدا ده‌كات. ئهودژه ته‌نانه‌ی له ته‌مه‌نی منداڵی‌دا، پاش تووشبوون به ڤایرۆسه‌كانی دی خێزانی كۆرۆنا دروست ده‌بێت، به‌شێك له به‌رگری ده‌ده‌ن به جه‌سته، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ئیمڕۆ منداڵ كه‌مێك به‌رگرییان دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا هه‌یه. به پله‌ی یه‌ك ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، به‌نده له‌سه‌ر به‌رگری له‌ش، ئه‌ویش به‌نده له‌سه‌ر ته‌مه‌ن، ڕه‌گه‌ز...تاد، له گه‌ڵ ته‌مه‌ندا به‌رگری جه‌سته‌ش بێهێز ده‌بێت . ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، فره چالاكبوونی كۆئه‌ندامی به‌رگری وله ڕاده بهدهردهركردنی سایتۆكین، ده‌بێته هۆی ناردنی هێما بۆخانهكان و ئاگاداركردنه وه‌یان بۆ هێرشكردنه سه‌ر ڤایرۆسه‌كه، گه‌ر ڤایرۆسه‌كه مه‌ترسیدار نه‌بێت، ئه‌وسا هێماكان ئاسایی وهێمن ده‌بنه‌وه.جاری وا هه‌یه كۆئه‌ندامی به‌رگری، به‌رته‌كی هه‌ڵه ده‌رده‌دات وده‌بێته هۆی به لێشاودهردانی سایتۆكین، كه زۆرجاران زیان به‌خشن، پێویسته خێرا چاره‌سه‌ربكرێن. نیشانه‌كانی كۆرۆنادارله یه‌كێكه‌وه بۆ یه‌كێكی دی جیاوازه، منداڵی تووشبووبه كۆرۆنا نیشانه‌كانیان زۆربههێزنین، به‌ڵام گه‌وره ساڵان وبهساڵاچووان، نیشانه‌كانیان تووندترەو مه‌ترسی ده‌خاته سه‌ر ژیانییان. گه‌نجی له‌شساخ هه‌بووه، كه باری ته‌ندروستی فره نا جێگیربووه و مردووه، به‌ساڵاچووش هه‌بووه بهسهرنهخۆشییهكهدا سه‌ركه‌وتووە وله مردن ڕزگاری بووه.
لاوان و هه‌رزه‌كاران :-
كاتێك لاوان تووشی ڤایرۆسه‌كه ده‌بن، هه‌ندێكیان به توندی نیشانه‌كانیان تێدا ده‌رده‌كه‌وێت، چونكه كۆئه‌ندامی به‌رگری لاوان زێده‌رۆیی ده‌كات، له به‌رگری دژی كۆرۆنادا، له‌به‌رئه‌وه له‌ش ده‌كه‌وێته به‌ر به لێشاو ده‌ردانی سایتۆكین. سایتۆكینه‌كان هێمادهنێرن بۆ خانه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی دژی ته‌نه بێگانەکان ڕاپه‌ڕن، ئه‌و ڕاپه‌ڕینه كاتێك ڕوو ده‌دات، كه ڤایرۆس زیان به له‌ش ده‌گه‌یه‌نێت. نزیكه‌ی ١٠-١٢ رۆژان پاش تووشبوون به ڤایرۆسێك، ئه‌وسا نیشانه‌كانی هه‌وكردنه‌كه ده‌رده‌كه‌ون. هه‌رچه‌نده هه‌ڵگری بێ نیشانه كه‌س (فره ده‌گمه‌ن) تووش ناكات، وه‌لێ ده‌بێت تووشبوو له ماڵه‌وه خۆی جودابكاتهوه تا ته‌نگه‌نه‌فه‌س نه‌بێت نابێت هانا بۆ نه‌خۆشخانه ببات چونكه ده‌ركه‌وتنی نیشانه‌كان هێمایه‌كه، كه جه‌سته تووشی گیروگرفت بووه. لێشاوی سایتۆكینه‌كان، زێده‌تر له لاوان وبهساڵاچوواندا بینراوه و هۆكه‌ی نه‌زانراوه، وه‌ك مه‌ته‌ڵ ماوه‌ته‌وه . له لایه‌كی تره‌وه سایتۆكینه‌كان كارده‌كه‌نه سه‌رسووڕی خوێن، ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی تای به‌رز، ته‌نگه‌نه‌فه‌سی توند، كه ناسراوه به (ARDS) تایبه‌ته به تووشبووانی كۆرۆنا.
بۆچی بەجیاوازی تووشی كۆرۆنا ده‌بین :-
ئیتالییه‌كان ده‌بێژن:- چه‌نده بهركهوتهت له‌گه‌ڵ به‌رزی رێژه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌دا هه‌بێت، ئهوهندەش به خه‌ستی ڤایرۆسه‌كە ده‌گریت. ئه‌وه هۆكاری مردنی ژماره‌یه‌كی زۆری پزیشكانی ئیتالیا بوو، كه زووربەیان بەساڵا چووبوون و به باشی خۆشییان نه‌پاراستبوو.
ئه‌مێریكاییه‌كان:- گهرماوهیهكی درێژ له ژینگه‌یه‌كدا مایته‌وه وڤایرۆسی نێو هه‌وات هه‌ڵمژی ئه‌وا ده‌بێته هۆی زێد‌بوونی ژماره‌ی ڤایرۆسهكهوزێدبوونی توانای تووشبوون به ڤایرۆسه‌كه.
سوێدییه‌كان:- ئه‌وه بارێكی گشتییه، هه‌ندێك كه‌س له‌هه‌ندێك كه‌سی دی به خراپی تووشی كۆرۆنا ده‌بێت.
هه‌ندێك لە پسپۆڕان ده‌ڵێن:- له‌وانه‌یه ژماره‌یه‌ك له ئێمه پێشووتر تووشی جۆرێك له ڤایرۆسه‌كانی كۆرۆنا بووبن، به‌بێ ئه‌وه‌ی بزانن، چونكه ٤ جۆر ڤایرۆسی كۆرۆنای دی له نێوماندا له جوڵاندا بوون. له‌وانه‌شه پاش تووشبوون كه‌سانێك به‌رگرییان وه‌رگرتبێت، چونكه له ٣٠ % هه‌موو په‌تاكانی منداڵ، به هۆی یه‌كێك له‌و ٤ جۆره كۆرۆنایهوهیه، كاتێك منداڵ گه‌وره ده‌بێت جۆرێك به‌رگرییان له كۆڤید ١٩ههیه.
ڕاسته ڕۆژانه ژماره‌ی تووشبون ومردووان له هه‌ڵكشاندایه، ناهه‌قتان ناگرم بترسن به‌ڵام مه‌تۆقن .هۆی ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌خۆشخانه‌كانمان چونكه له‌وه‌نده زیاتر توانای وه‌رگرتنی نه‌خۆشیان نییه و رۆژانه‌ش كه‌لوپه‌ل وپێداویستی نه‌خۆش وكارمه‌ندانی ته‌ندروستیش له كه‌مبوونه‌وه‌دایه. ئه‌مجاره‌ش تكاده‌كه‌م خۆتان هه‌ڵمه‌خه‌ڵه‌تێن چونكه بڵاوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنای ئیمڕۆ هێشتا سیفاتی شه‌پۆلی دووه‌می نییه . به سه‌وز و زه‌ردكردن و سۆزی خۆتان مامه‌ڵه له گه‌ڵ كۆرۆنادا مه‌كه‌ن، ده‌نا به‌ره‌و هه‌ڵدێرمان ده‌بات . ده‌بێت ئاقڵانه وزانستیانه له گه‌ڵی دا هه‌ڵ بكه‌ین، چونكه ئه‌مه ئه‌نفلۆنزای وه‌رزی جاران نییه وگه‌رمای هاوینیش نای وه‌ستێنێت. ده‌بێت هه‌موومان تووشی كۆرۆنا ببین، چونكه نه‌خۆشی كۆرۆنا بووه به نه‌خۆشییه‌كی ئاسایی وه‌ك گشت نه‌خۆشییه‌كانی دی. تكایه وازله قسوقسهڵۆك بێنهوخهمی به‌هێزكردن وباشكردنی به‌رگری له‌شت بێت، گه‌ر تووشیش ببیت و به‌رگریت به‌هێز بێت ئه‌وا سه‌رده‌كه‌ویت به‌سه‌ریدا .
*سایتۆكین له ٢ به‌ش پێكهاتووه ، سایتۆ = خانه، كین = جوڵاو یان خولاو.
|
142
جار خوێندراوه‌ته‌وه |
Friday, June 12, 2020
|
|
|