سامانی ئاو وەکو فشارێکی سیاسی د. مه‌دیحه سۆفی*
ئەوەی لە ئێستادا جیهانی بە گشتی سەرقاڵ کردووە، جگه له په‌تای کۆڕۆنا بەم دواییە، بریتیە لە دوو فاکتەری سەرەکی، یەکێکیان گەرمبوونەوەی ئەتمۆسفێری گۆی زەویە، کە کاردانەوەی نەرێنی لەسەر هەموو بوارەکانی ژیاندا هەیە، وەکو کشتوکاڵ، ئاسایشی خۆراك، ئاسایشی ئاو، پیشەسازی، ئاوارەبوون، بەرهەمهێنان، وەبەرهەمهێنان و ئابووری بەگشتی، فاکتەری دووەم ترس لە کەمبوونەوە و بەشنەکردن یا نەمانی داهاتە سەرەکیەکانی سروشته، بەتایبەتی بەهۆکاری زۆربوونی دانیشتوان، گۆڕانی کەشوهەوا و نالەباری بەکارهێنانی ئەو داهاتانە، وەکو وزە (بەتایبەتی نەوت و گاز)، ئاوی شیرین و جگە لە میتاڵ و کانزا دەگمەنەکان، کە بە بڕبڕەی پشتی بواری پیشەسازی دادەنرێن.
هەرچەندە دوای قەیرانی وزەی ساڵی 1973، دوای ئەوەی وڵاتە عەرەبیە بەرهەمهێنەرەکانی نەوت (اوابك) لەگەڵ مسڕ و سوریا، بۆ پاڵپشتی و پشتگیریکردنی سوریا و بۆ فشار خستنە سەر کشانەوەی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان و هەموو ناوچە عەرەبیەکان لە میسڕ و سوریا، کە لە نسکۆی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧دا، لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستی بەسەردا گیرابوو، لە هەناردەکردنی نەوت بەرەو وڵاتانی ڕۆژئاوا یاخی بوون و کاریگەری لەسەر پیشەسازی، بەرهەمهێنان و ئابووری بەگشتی کرد، تەنانەت لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵك و لەبەر کەمی سوتەمەنی بەکارهێنانی ئۆتۆمبیلیشی سنووردار کرد. لەو شەڕەی ساڵی 1967 دا کە تەنها شەش ڕۆژی خایاند، ئیسرائیل کۆمەڵێ قازانجی سیاسی و سەربازی و ئابووری کرد.
کەمبوونەوە و گرانبوونی نەوت بەهۆی یاخیبوونی وڵاتە عەرەبیە بەرهەمهێنەرەکانی نەوت، وڵاتانی ڕۆژئاوای ڕاچڵەکاند، گەیشتنە ئەو ویستگەیەی، کە بۆ بواری پیشەسازی، پێشکەوتن، داهێنان، بەرهەمهێنان و خۆشگوزەرانی خۆیان، دەستیان لەژێر باری وزەی وڵاتانی عەرەبیە، ئەمەش خاڵی وەرچەرخان بوو، بۆ بیرکردنەوە لە ئەڵتەرناتیڤ و ڕێگەچارەی نوێ بۆ دەستکەوتنی وزە، کە لە بەشێکیتردا باس دەکرێن.
ئەوەی لێرەدا سەنگی باسکردنە؛ ئەوەیە کە ئیسڕائیل بۆ دابینکردنی ئاسایشی ئاو و دواڕۆژی ئیسرائیل بەرزاییەکانی جۆلانی داگیرکرد، ئەو بەرزاییانە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندن بۆ ئاو، 2/3 ی ئاوی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلانەوە دابین دەکرێن، ئاویش مەرجی مانەوە و دابینکردنی ئاسایشی نیشتیمانیە. دوای تەواوبوونی شەڕ، ئیسرائیل توانی نیمچە دورگەی سینا، بەرزاییەکانی جۆلان، بەری غەززە و بەری ڕۆژئاوا داگیربکات، کە تائێستا هەر بە هەڵپەسێرراوی ماونەتەوە، وەلێ بەرزاییەکانی جۆلان بە پێی قسەی ترامپ، بە فەڕمی خرایە سەر جوگرافیای ئیسرائیل.
مێژوو زۆر دوور نیە، کوردیش یەکێکە لە قوربانیەکانی شەڕی ئاو، کاتێ بۆ ڕێکەوتنی نێوان عیڕاق و ئێران لە ساڵی 1975 دا و بۆ پشت تێکردنی ئێران لە شۆڕشی کورد و ئاشبەتاڵی شۆڕشەکەی، عیڕاق ڕەزامەندی خۆی بۆ وازهێنان لە نیوەی (شەتوالعرب) بۆ ئێران خستە ئارا، بە مەرجێ لمەودوا پشتگیری کورد و داوا ڕەواکەی نەکات، ئەوەبوو شۆڕشی کورد ئاشبەتاڵی پێکرا، لە ڕێکەوتنی جەزائیری ساڵی 1975 دا شەتوالعرب باجی پشت تێکردنی ئێران بوو بۆ کورد، لەلایەن عیڕاقەوە، وەلێ عیڕاق لە ساڵی 1980 ئەو ڕێکەوتنەی هەڵوەشاندەوە و شەڕی عیڕاق و ئێران تا ساڵی 1988 بەردەوام بوو.
ئەم دوو پێشهاتەی، کە لە نزیکەوە مێژوو، بیرەوەری، جوگرافیا، خەبات و ئێستای ئێمە دەشڵەقێنن، وەلێ لە مێژووی دوورەوەش، نیازە ناجۆرەکانی ناسیۆنالیستەکانی تورکیا، هەر زەمینە و ئارامی و ژیاری کوردی پێکاوە، ئەتاتورك لە سییەکاندا پلان داڕێژەری پەیڕەوکردنی سیاسەتی قۆڕخکردنی ئاو بووە، لەلایەکەوە وەکو فاکتەرێکی ئیکۆنۆمی بۆ بوژانەوەی ئابووری تورکیا، لەلایەکیترەوە بۆ فشار خستنە سەر دۆزی کورد و لەقکردنی ژیان و تێکدانی زێدی دێرینیان لە باکوری کوردستان،
دابینکردنی سامانی ئاو، واتە دابینکردنی ئاسایشی نەتەوەیی، چونکە ئاسایشی خۆراکیش هەر پەیوەستە بە دابینکردنی ئاسایشی ئاوەوە، بە هەردوو فاکتەرەکەش دەبنە چەترێك بۆ هەڵدانی ئاسایشی نیشتیمانی، ئیسرائیل هەر لەسەرەتاوە و تا ئێستا کار لەسەر داگیرکردنی ئەو جوگرافیایە دەکا، کە سەرچاوەی عەمبارکردنی ئاوە، داگیرکردنی بەرزاییەکانی جۆلان نمونەیەکی زیندووی ئەو هەوڵ و پلانانەی ئیسرائیلە.
دیاریکردن و بەڕێوەبردنی سیاسەتێکی دروست بۆ ئاو، لە مەرجە سەرەکیەکانی بەڕێوەبردنی سامانی ئاوە، هه‌ر سیاسەتێکی ناهەموار، نه‌گونجاو، هه‌ر بەڕێوەبردنێکی نازانستی کاریگەری زۆری لەسەر کەمبوونەوە و پیسبوونی ئاوی شیرین، پاشان سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی ئاو هەیە، وە لەبەر ئەوەی گۆڕانی که‌شوهه‌وا و گه‌رمبوونه‌وه‌ی به‌رگه‌ی گۆی زه‌وی له ئێستادا له هۆکاره‌کانی که‌مبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی بەفر و بارانن، وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاو بڕبرەی پشتی پێشکەوتنە، بۆیە بوارەکانی وەکو کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتوگوزار، ئاوەدانکردنەوە، پیشەسازی خۆراك و ئاسایشی نیشتیمانیش هه‌موو وابه‌سته‌ی به‌رده‌ستبوونی ئاون، که پێکه‌وه کاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ژیار و ته‌ندروستی و دڵنیا بوون له دابینکردنی گه‌شه‌ی به‌رده‌وام و دروڕۆژێکی باشتر بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی هه‌یه.
بنیتنانی چوارچێوه‌یه‌کی تۆکمه بۆ گه‌شه‌کردن و په‌ره‌سه‌ندن، به پابه‌ندبوون به پاراستنی سامانه سروشتیه‌کانه‌وه به‌نده، یه‌کێك له‌وانه ئاوه، که به‌بێ ئاو هه‌موو جومگه‌یه‌کی په‌ره‌پێدان و نوێخوازی و به‌رهه‌مهێنان ئیفلیج ده‌بێت، وه‌له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و سامانه‌ش هه‌ر به‌سروشتی زۆر نایه‌کسان له‌سه‌ر گۆی زه‌وی دابه‌ش بووه، زۆربه‌ی ناوچه‌کانی وه‌کو بیابانی ئه‌فریقا، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هه‌ندێ ناوچه‌ی چین و ئوسترالیا هه‌میشه له دۆخی که‌می ئاودان، له ئێستاشدا زانست له هه‌وڵێکی زۆردایه بۆ داهێنانی ڕێوشوێن و ته‌کنه‌لۆژیای له‌بار، که بتوانێ چۆنیه‌تی به‌کارهێنانی ئاو له پاشه‌که‌وتکردن نزیك بخاته‌وه و له به‌فیڕۆدان دوور بخاته‌وه، به‌تایبه‌ت بۆ بواری کشتوکاڵ، که له ئاستی جیهاندا 70% ی سه‌رجه‌م به‌کارهێنانی ئاو ده‌گرێته‌وه، له وڵاته دواکه‌وتووه‌کاندا هه‌ندێ جار نزیکه‌ی 90% ده‌بێ بۆ نمونه له پاکستان و ئه‌فغانستان.
یه‌کێك له‌و فاکته‌رانه‌ی ، تیایدا ئاو وه‌کو بنه‌مایه‌کی نامرۆڤایه‌تی و وه‌کو چه‌ك به‌کارده‌هێنرێ، فاکته‌ری سیاسیه، له‌م ڕووه‌وه تورکیا پێشه‌نگه، که بوونی ئاو وه‌کو چه‌ك و ئاڵنگاری بۆ به‌دیهێنانی مه‌به‌سته‌کانی خۆی به‌کارده‌هێنێت، جگه له‌وه‌ی، ده‌مێکه به دروستکردنی پرۆژه‌ی بەنداوەکانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ کە بە پرۆژەی (گاپ) ناودەبرێت، تورکیا سامانی ئاو بۆ به‌دیهێنانی مه‌رامه‌کانی خۆی و وەکو گەمەیەکی سیاسی له عیڕاق و سوریا ده‌گرێته‌وه، بۆ فشارخستنە سەر ڕۆژئاوای کوردستانیش لە ئیستادا و لەگەڵ بوونی پەتای کۆڕۆنا، سەرقاڵی ئەو گەمە نامرۆڤایەتیەیە.
واتە ئاو یەکێکە لەو سامانە سروشتیانەی، دەتوانێ ببێتە ئەو فاکتەرەی؛ شەڕ هەڵبگیرسێنێ، شەڕ بکوژێنێتەوە، یا ببێتە فشارێكی نایاسایی بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و قۆرخکردنی دژ بە مرۆڤایەتی بە گشتی.
لە باشوری کوردستانیش، کە خاوەن سامانێکی سروشتی هەمەجۆرە، خاوەن جوگرافیایەکی سەختی بێ دەروازەی دەریایە، بەڵام خاوەن سیاسەتێکی کورتبینی بێ ئاسۆشە، کە تیایدا هەموو بوارەکانی ڕۆچوونەتە نێو کێشە و گرفتی ئاڵۆز و تاریكەوە، یەکێك لەوانە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی نازانستی و نەگونجاوی ئاوە، کە هیچ بەرنامە و ئامادەییەکی بۆ هاتنەپێشەوەی قەیرانە هەنوکەییەکاندا نیە، لەکاتێکدا ئەگەری ڕووبەروبوونەوەی زۆری هەیە.
* هاوسەرۆکی ڕێکخراوی سەوزی ئەوروپی – کوردستانی
|
144
جار خوێندراوه‌ته‌وه |
Sunday, May 31, 2020
|
|
|