خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی مشتێک لە خەرمانی بیری نالی
بنالی زوبانەکەی تەڕوو پاراوی سەوسەنت
حەیرانی چاوی نێرگزە وەکو لاڵە نادوێ
بە هەمان پێودانگ هەرچییەک لەسەر نالی مەزن بکرێتو بوترێت هێشتا زمان لاڵو پێنووس توانای دەربڕینی نییەو کەمە وا جارێکیتر باسێکی نوێ بە دیدێکی نوێ لە ژێر ناونیشانی(مشتێک لە خەرمانی بیری نالی) بۆ ئەم مەزنەی کوردان لەبەر دەستی خوێنەراندایە. کتێبی مشتێک لە خەرمانی بیری نالی لە شەش بەشدا بە کورتی لە تێڕوانینێکی سۆسیۆلۆژیەوە، کە لە کەسایەتیو رۆشنبیریو داهێنانو زمانو دیدێکی سۆسیۆلۆژی نالی مەزن ئەدوێت. تێکڕای شەش بەشەکە مەفهومێکی کۆگیریان لە نێوان ئاستی عەقڵو بیرکردنەوەی نالیدا خستووەتە روو. نووسەر هەوڵیداوە تیشکۆ بخاتە سەر ئەو شێوەی بیرکردنەوەیەی، کە نالی لە کۆمەڵگەیەکی خاوەن پەیوەندی میکانیکیدا توانیویەتی ئەم شێوە بیرکردنەوەیە پێشکەشی خەڵک بکاتو وەک بنەمایەکی رۆشنبیری بۆ نەوەکانی دوای خۆیی بکات بە دیاری. باسەکە رەوتێکی نوێیە بۆ ئاشکرا کردنی ئەو رێگە بەرفراوانەی رۆژانە هەڵسوکەوتو باسی نالیو کۆمەڵگەی لێوە ئەکرێتو وابەستەو پێکەوە گرێدراوی بنەمای رۆشنبیریو شارستانی کۆمەڵگەکەمانن.
جگە لەوە خوێنەر خۆی ئەتوانێت لەو باسەوە ئەو هاوکێشە زمانەوانییە جوانانە ئاشکرا بکات، کە لە سۆنگەی بیرکردنەوەی پڕاوپڕی عەقڵی نالییەوە، کە ئەرستۆ ئاسا سەلماندنی کۆمەڵایەتی بوونی مرۆڤ ئەسەلمێنن. چوونکە لە کۆی بەرهەمەکانیدا رێزی کۆمەڵایەتی مرۆڤی بەلاوە نەناوە. ئەو بیرکردنەوانەشی لە کرۆکی ئەقڵەوە بەرجەستە کردووە، کە لە مرۆڤ ئەدوێنو ئەقڵی کردووە بە ئامڕازێک، تاوەکو ببێتە مایەی ئەو شێوە بیرکردنەوەیە. هەر ئەوەشە وای کردووە، تاوەکو ئەم رۆژگارە ئەم شێوە بیرکردنەوەیەی نالییە بەردەوام لە دیدو بۆچوونی خوێنەرەکانیدا بابەتی نوێو بیری نوێو داهێنانی نوێیان تیادا بدۆزرێنەوە.
|
8999
جار خوێندراوهتهوه |
Thursday, February 9, 2017
|
|
|